Skip to Content

پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ …  ستار ئه‌حمه‌د

پارچه‌كانم كۆكه‌نه‌وه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2020 General, Poems


كاتێك بارزان
كێشی سووری لەزامی چیا دەبەست و
گەرمیان رێرەوی مێشوولەی هەڵدەپاچی
خۆرئاوا خۆری لەبەژنی سەحرا دەبەست
خۆرهەڵات دەبووە سایەی مێرگەكان و
سەگی هۆڕی پێ دەناسین
شا بۆ قوربانی جەژنەكان
لەڕێی چاوڕەشەكانی خواروو
بەقەد لقی دارخورماوە هەڵیواسین
نازانم گەر بیرتان مابێت
سنوور تەلبەندی كەناری و
كۆتری خۆزگەی كوێستان بوو
نانی دەمی كۆرپەكانمان
گلێنەی برژاوی شێخ سەعیدو
قازی نەمری لەبان بوو
لەتەنها وەرزێكی سوورا
ئەوەبوو كۆرپەی مەهاباد
چاوی ئازادی هەڵهێنا
ئبتر كێچ كەوتە كه‌وڵی فارس و
دەرپێی كوناوی ئابڕوویان
لەپێی ئافرەتی عەرەب كرد
ویستیان كوڵوانەی گردەمەند
پڕ لەژاری ستەم بكەن
سەری لوتكەیان داپاچی
ئامێزی چیایان هەڵكۆڵی
هەڵەبجەیان لەبۆنی سێوا غەرق كردو
باشوریان بردە باكوورو
گارەیان هێنا بۆ زۆنكاو
دوكان خوناوی دەنۆشی و
سیروان بۆ قومێك (با) خنكا
سەربەستیان لەبار بردو
بۆ جووتبوونێك كەوتنە گیان یەك
هێندە مەراقی پەڕینبوون
ردێنی چقڵیان دەرهێنا
دوو وڵاتی چڵ برژاویان
خنكان لەنێو دەریای خوێنا
بەمەش پارچەیەك لەجەستەم
كونی تێكەوت
خاكم پڕبوو لەخوێن و نەوت
عوجە بەئێسك سكی پڕبوو
نوگرە سەلمان
توتكە سەگی لێكەوتەوە
دورگەی عەرەب بەكڕینی كچ دڵشاد بوو
عەرعەر تەرمی هەڵدەلووشی
دەڵە رەشەكانی سەحراش
چەچەی مناڵیان دەژماردو
زمانی پیریان قووت ئەدا
بازاڕی كەنیزە گەرم و
مێرد مناڵیان لەپاڵتۆی سەراب دەهاویشت
چەندین یوسف چاوەڕوانی
دینارێكی زوڵەیخا بوون
زۆر كوڕە میر
دەرگەوانی كۆشكی رازاوەی تەهران و
تیاتورەكانی بەغدا بوون
كوێر یەعقوبیش _ لەكەرتێكی لەشی سڕما
بۆ چاوێكی ساغ دەگەڕا
زڕ براكانی یوسفیش بوونە دوژمن
لەچوار تەرمی تەنی سستما
هۆبەی بزاڤیان هەڵواسی
دڵم قورس و مێشكم تەپیو
دەستی راستم پەنجەی چەپمی نەدەناسی
لەم كەینوونەی كورد خنكانا
لەم شاگەشكەی نەوەی تورك و ئەردۆغانا
بەنەمانی پارچەكانی دیكەی لەشم
ئامەدیان خستە تەڵەوە
رێگەی ئاگریان پێكهێنا
قەندیلیان پڕ كرد لەبۆمب و
سلیمانی بەكیژی دهۆك نامۆ بوو
كەركوك بووە شانۆی گورگ و
شێخان بەر ورژمی گڕ كەوت
داعش هات و
لەسەر دڵی سنجار لێی خەوت


ستار ئه‌حمه‌د

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish