Skip to Content

411 Views

تابلۆ …تێکست : د. جیا زەنگەنە … وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

تابلۆ …تێکست : د. جیا زەنگەنە … وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

Closed
by January 26, 2020 General, Poems


خانمەکەم..
چاوەڕێم زۆر کردیت
تا بتبینمەوە..
كە لە هەمان شەقاما
دەرکەویتەوە…
ڕۆژ
هەفتە
وەرز
بە ساڵانیشەوە
بەڵام نە بەهەمان شەقاما
نە بێرەیا تێپەڕیت
ناچار : بۆچوونەکانم
پەڕەکانم
ڕەنگەکانم
چاوێلکەکانم ، کۆکردەوە
هەمان شەقامم گرتە بەر
ئەم بەر…ئەو بەر
شۆستەکانم ئاڵ و گۆڕ کرد’
تا بێیتەوە بەر چاوم
هەنگاوەکانت
نیگاکانت
” بۆن” ە کەت
جادوی ڕۆشتنت
كە ئەم لا و لا ئەکەیت
بەو شۆخ و شەنگیەت
ڕەوتی نێو ڕێگە ڕۆشتنت
ژنێکی پڕا و پڕ ژن :
بە ناسکییەکەی
بە تایبەتمەندییەکەی
بە کراوەییەکەی
هەر خۆت خۆتیت..تەنها تۆ
وەک سەرکردەیەکی براوەی جەنگ
بە سوپاکەی خۆی نمایش ئەکا
منیش چاوەڕێتم
لەسەر هەمان شەقاما
تابلۆیەکی بچوکت بۆ بكێشمێش

گەر چی
هونەری فڵچەگرتن نازانم
لە بیر کردنەوەم لێت
لە چاوەڕوانیم بۆت
لەپەرۆشیم و داد لە پەرۆشیم بۆت
لە ئازاری چاوەڕوانیم
ڕەنگەکانم لێ تێکەڵ ئەبێ
چونکە خانمە وونەکەم
نە دەرکەوتیت
نە دەرئەکەویت
منیش بێ ئەوەی تابلۆ کێشان بزانم
وێنەیەکی تۆم کێشا
بەڵکو جارێکی تر…بەڵکو
بگەڕێیتەوە..!!
لە هەمان شەقاما
خۆم و تابلۆکەم هەڵسەنگێنیت
بەهای تابلۆکەم
لە جاوەکانتەوەیە: نایکڕیت..؟
کام بەها خۆی لەقەرەی چاو ئەیا ؟
ئەی نایکڕیت ئازیزەکەم..؟!
تۆ لە شارێکایت
جگە لە خۆت
و
تابلۆفرۆشێکی دڵشکاو
چیتر نابینیت..
جگە لە خۆت و تابلۆکەم
چیتر نابینیت
خانمەکەم : نایکڕیت..؟

Previous
Next