Skip to Content

ئاوازی قەدەری مەرگ … ئازاد مارف

ئاوازی قەدەری مەرگ … ئازاد مارف

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2020 General, Poems

من و تۆ دوو چەپک فرمێسکی سوورین
نەرم نەرم شەرم ئەڕێژن
بەسەر گومانی دڕکاوی نەریتەوە
وا خەریکین تەرمی پیرێتی ئەنێژێن

من و تۆ بەڕەنگی یەک خەیاڵەوە
دوو نمەی ئاورنگی سپێدەی شیعرێکین
بە سەر شکۆفەی تەلیسمی مناڵییەوە
ئاوازی یەک مەرگی پڕ حوزنی قەدەرێکین

من و تۆ لەنێو تارمایی چاوەڕوانیدا
لە بڵێسەی عەشق ئەچین
بە ڕووناکی تەڕی سەر لێوی ئێوارەیەکەوە
نەخشەی هەوارێکی شیرین
بە سروەی بارینی بەفر ئەکێشین

وەرە با پێکەوە بمرین

من و تۆ لە مەزرای ووشکی دڵێکا
دوو ڕست پێکەنینی شین و هەناسەیەکی حەرامین
لە سوژدەی پڕ سۆزی گوڵێکا
دوو یادی ڕواوی نێو یەک باخچۆڵەی پڕ زامین

من و تۆ بۆنی ساتەکانی دوای نزای دایکمان گرتووە
بە سەر پۆشی عومرێکی ڕەش پۆشەوە
لە نیگای پڕ نووری یەکترا وون ئەبین
ئەو دەمەی کە دەمرین
بەدەم قسەی مێخۆشەوە

وەرە با پێکەوە بمرین

من بە مەستی لە نێو خەونێکی تۆدا مردم
مردم و تۆ هیچ فریشتەیەکت نەنارد
پەڕەیەک لە چارەنووسم هەڵباتەوە
مردم و هیچ پەریەکت نەهات
لە بێدەنگیم ڕابمێنێ و
کەمێ ڕۆحم ژیر کاتەوە

مردم و چیدی نەمتوانی بە ئاوازێکی شینی خودا تۆ بدوێنم
مردم و ئیتر ناتوانم چرکەیە لە خۆشبەختی تۆ
لە نێو دڵما ڕا بژێنم

مردم و چیدی کەس نازانێ
زمانی پەرێشانی من وەربگێڕێتە سەر
زەردە خەنەی ڕەنگینی تۆ
مردم و جارێتر بەکلوی بەفری چاوانم
دووری تۆم بۆ ڕەنگ ناکرێ
خەونی تۆم بۆ ناخورێتەوە
دێڕی شیرینی فرمێسکەکانت
لەسەر سینەی من ناڕژێ
توڕەبوونی تۆ نامکوژێ
چاوەڕوانیم لە بەر دەرکی تەنیایی تۆدا بۆ نانووسرێتەوە
ئیتر پیتێ لە پیتە ناعناییەکانی تۆ
لە نێو دەمی چارەنووسما نا توێتەوە

دەزانی بۆ
چونکە مەرگ بەیەکەوە
لە یەک ساتا
لە یەک گۆڕا
هەر دووکمان دەپێچێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish