Skip to Content

مەلا مەزهەر یان کۆتایی رەوشت؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

مەلا مەزهەر یان کۆتایی رەوشت؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2020 General, Opinion


ئەزموونم لەگەڵ مەلا مەزهەر لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا

چەمکی رەوشت یان ئاکار، چەمکێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی- فەلسەفییە، بەهۆی ئەوەشی ئەم زاراوەیە رەهەندێکی ئەتنۆلۆژیی هەیە، پێناسەکردنی بەپێی ئاستی هۆشیاریی و شارستانی هەر کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت. لەم سۆنگەوە مەفهومی رەوشت بووەتە جێگەی تێڕامان و پرسیاری فەلسەفە. لە رووی زاراوەسازیشەوە وشەی رەوشت یان ئاکار، هاوتایە لەگەڵ وشەی “الاخلاق” لە زمانی عەرەبیدا، یان هاو واتایە لەگەڵ “MORAL”ی زمانی ئینگلیزیی کە ئەویش سترۆکتۆرەکەی بریتییە لە وشەی “MORES”ی لاتینی، زۆرجاریش لەبەرامبەر وشەی ئاکاردا، زاراوەی “ئیتیک”ی ئینگلیزیی بەکاردەبرێت، ئەمیش لە بناغەوە ریشەیەکی گریکی هەیە ئەویش “ETHOS”ە. بەم پێیە لە رووی ئەتنۆگرافییەوە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا روانین بۆ رەوشت فۆرمێکی دیاریکراوی خۆی هەیە.

هەر زۆر زوو رەوشت بووە جێی بایەخی فەلسەفە، هەردوو فەیلەسووفی یۆنانی دێرین “ئەفلاتۆن و ئەرەستۆ” رەوشت بە سترۆکتۆری کاری رامیاریی لێکدەدەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی روانگەی “نیکۆڵۆ مەکیاڤیللی” بیریاری ئیتالی چاخی رێنسانسە کە بە درێژایی کتێبی “میر” لە کۆششدا بووە بۆ جیاکردنەوەی مۆراڵ و سیاسەت، ئەمەش بە دایکی سیاسەتی هاوچەرخی پراگماتیزم هەژمار دەکرێت، بەڵام جەدەلی پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت، تا ئێستاش تێمایەکی هەرە گرنگی جەدەلە لەناوەندەکانی سیاسەت و فەلسەفە، لەم نێوەندەشدا چەندان بیریار و فەیلەسووف فۆرمۆڵەندی نوێ بۆ ئەو بابەتە هەستیارە دەکەن.

ئەگەر بمانەوێ پێناسەی ئەخلاق بکەین، ناکرێت باز بدەین بەسەر “فەلسەفەی ئەخلاق”دا، خاڵی ناوکۆیی پێناسەکردنەکانی ئەخلاق لای فەیلەسووفان ئەوەیە هەموو ناچاکردنێک بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک با کارێکی چاکیش بێت، نائەخلاقییە، لەم سۆنگەوە دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە رەوشت دژی دیسپلین و ناچارکردنە، یان بە مانایەکی تر رەوشت بریتییە لە ئازادیی، هەندێ لە فەیلەسووفان لە ناساندنی مرۆڤی خاوەن رەوشتدا دوو خاڵ وەک مەرج دەبینین ئەوانیش ئازادیی و هەبوونی ئیرادەیە، لەگەڵ هەستکردن بە بەرپرسیاریی. فەیلەسووفی نێودار “ئیمانۆیڵ کانت” بایەخێکی زۆری بە پرسی ئەخلاق داوە لە چوارچێوەی هەڵهێنجانە فەلسەفییەکانی خۆیدا بە تایبەت لە توێی هەردوو کتێبە ناوازەکەی “فەلسەفەی ئەخلاق” و “بنەماکانی میتافیزیکی ئەخلاق”دا.

کانت سێ خەسڵەت دەستنیشان دەکات وەک مەرجی کەسی خاوەن رەوشت. یەکەم: ئەوەی بۆ خۆتت ئەوێ، بۆ کەسانی تریش بە رەوای ببینیت. دووەم: سەیرنەکردنی ژیانی مرۆڤ وەک مەرام. سێیەم: هاوسەنگی. جیا لەمەش کانت لە شافیتبێری فێرببوو ژیانی ئەخلاقی پشت دەبەستێت بە یەکگرتنەوەی نێوان حەزی تاکەکەسی و چاکەی گشتیی، لە ئەنجامدا فەزیلەت رەنج نییە، بگرە ئۆقرەیی و بەختەوەرییە. لای ئەرەستۆش خۆشەویستی “بەهەموو تانوپۆی خۆیەوە” بەشێکی بەرفرەی ئەخلاق پێکدەهێنێت، بۆیە لای ئەو سیستمی ئەخلاقی بەبێ فاکتۆری خۆشەویستی سیستمێکی لەنگ و ناتەواوە. لە هەموو پێناسەکردنەکانی تریشدا مۆبیلیزەی چەمکی ئەخلاق بەو نۆرمە کراوە لەلایەن فەیلەسووفانەوە، کۆمەڵە پرنسیپێکن بەها مرۆڤایەتییەکان رادەگرن. بۆ وێنە ئەوەی دزی یان درۆیەکی سیاسیی دەکات، کارێکی نائەخلاقی ئەنجام دەدات، بەڵام لە هیچ کاتێکدا مامەڵەی ئازادانەی تاکەکەس لەگەڵ جەستەی خۆی نابێتە کارێکی بەدڕەوشتانە، مادام زیان لە بەرژەوەندیی هیچ کەسی تر نادات. بە کورتییەکەی رەوشت پەیوەندیی نییە بە ناو هەردوو رانی مرۆڤەوە، بەڵکو وەک ئاماژەم بۆ کرد رەوشت پرنسیپگەلێکە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ رێکدەخات و ئازادیی و بەرژەوەندیی گشتیی دەپارێزێ.

لە کۆمەڵگەی کوردییدا رەوشت تەریبکراوە لەگەڵ پرۆسەی سێکسی نێوان مرۆڤەکان، کاری بەدڕەوشتانە بەو کارە لێکدەدەرێتەوە چوارچێوە رێ پێدراوەکانی ترادیسیۆن و ئاین ببەزێنی لە پەیوەندیی جەستەییدا، ئەگەرنا خیانەتکردن لە وڵات بەکارێکی بەدڕەوشتی دانانرێ، گەندەڵی و بەهەدەردان بە بەدڕەوشتی دانانرێ، بیرۆکراتی و خەمساردیی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان بە بەدرەوشتی دانانرێ، دزی و زیانگەیاندن بە ژیانی تاکەکەس و گشت بە بەدڕەوشتی دانانرێ، لە کاتێکدا بەدڕەوشتی راستەقینە ئەو کارانەن کە سیاسیی و بازرگان و حزبەکان و مەلا و شێخ و بانگخوازەکان پەیڕەوی دەکەن و کۆمەڵگەش ورتەی لەدەم دەرنایەت. کۆمەڵگەی کوردیی کۆمەڵگەیەکی ئابڕووبراوی دەستی چەند بەدڕەوشتێکە، بەڵام بەخۆی نازانێ و هێشتاش لەو پەنچەرە تەڵخەی کولتوورەوە بۆ سێکس دەڕوانێ کە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی بەدڕەوشترین کارە، لەمەشدا ژن وەک قەحبە و بەدڕەوشتی راستەقینە شوناس دەکرێت، بێ ئەوەی بیر بکەنەوە رەوشت زۆر دەمێکە لەناوگەڵی ژن و پیاو دەرهێنراوە و بووەتە ئەو بەهایانەی حورمەت بۆ تاکەکەس و کۆمەڵ دابین دەکەن.

لە دیدی مەلا مەزهەرەکانەوە، رەوشت لە ئیماژە نێوگەڵییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، بە دیقەتدانم لە کرۆکی باس و خواسە فیقهییەکانی مەلا مەزهەر، ئاین کورتکراوەتەوە بۆ سێکسوالێتی، بەو پێیەی هەمیشە لە وەعز و وتارە ئاست نزمەکانیدا “لە رووی زمانەوانی و شەرعیش”، کۆی پرسەکان گرێدەداتەوە بە پەیوەندیی سێکسیی نێوان هەردوو رەگەز، لەوێشدا ژن وەک کائینێکی زیندوو نابینرێت، هێندەی ئەوەی کاری تێرکردنی رەمەکی سێکسیی پیاوانە کە بوونەوەرێکی پیرۆز و ئافرێندراوێکی تایبەتی خودان. کارەساتەکە لەوەدایە مەلا مەزهەرەکان، تێگەیشتنیان لە خودی ئیسلام لە دۆخێکی خراپدایە کە پێموایە بریتییە لە بەدحاڵیبوون، لەو سۆنگەیەی جگە لە چەند کتێبێکی فیقهیی سەلەفی ئاگایان لە هیچی تر نییە، تەنانەت نەیانتوانیوە زانیاریی لەسەر روانینی قووڵی زانا ئیسلامییە خاوەن بۆچوونە جیاوازەکان وەربگرن.

دەتوانم بڵێم مەلا مەزهەرەکان گرێی دەروونیان هەیە و پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە نەخۆشخانە دەروونییەکاندا، چوونکە ئەوان ناتوانن ژن ببینن بێ ئەوەی خروو و ئاڵۆشی سێکسیان تێنەکەوێت، ناتوانن ژن قبوڵ بکەن تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسی نەبێت، ناتوانن وێنای ژن ببینن وەک سیاسیی یان ئەدیب یان تەکنۆکرات بێ ئەوەی جەستەی رووتی نەبینن. مەلا مەزهەر، بە خۆی و وەعزەکانییەوە، نیشانەی کۆتایی رەوشتە یان با بڵێین زەقتترین ئابڕوچوونی پیاوانی ئاینییە لە کوردستان، لە روانگەی ئەوەی تەنانەت باوەڕدارانی ئاینی ئیسلامیشی گەیاندۆتە راددەی بێزاریی، چوونکە زۆرینەی کوردە موسڵمانەکان، ئاینیان وەک پەیوەندییەکی رۆحی قبوڵ نەکردووە، نەک ئەوەی رۆبچێتە هەموو پنتەکانی ژیانەوە.

ئەزموونێکی تایبەتیم هەیە لەگەڵ عەقڵی نێرسالارانەی مەلا مەزهەر، لە سەرەتای ساڵی 2013 بە بۆنەی رۆژی “ڤاڵانتاین” لە تەلەفزیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی پێکەوە دیبەیتێکمان هەبوو، ئەوە یەکەم ئەزموونم بوو لەگەڵ مەلا مەزهەر رووبەڕوو بەرەنگاریی فیکریی یەکتر ببینەوە، هەرچەندە بڕوام بەوە نییە مەلا مەزهەر تەنانەت نوێنەرایەتی فیکریی ئیسلامیش بکات. لەو دیبەیتەدا شتێکی کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ئاستی نزمی تێگەیشتنی بوو لە بنەماکانی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی، زانیارییەکانی زیاتر نەقڵی بوون نەک لۆجیکی و ئەقڵیی، هەرچەند تەوەرەکە باسی خۆشەویستی بوو، بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بابەتەکەی بردەوە سەر فرەژنی، هەڵبەتە من لەو بابەتەشدا تووشی ئیحراجییەکی گەورەم کرد، چوونکە باسم لەو ئایەتە کرد کە باسی فرەژنی دەکات، داوام کرد جوان ورد بێتەوە لە تێکستەکە، قورئان دەڵێت مافتان هەیە دوو سێ چوار ژن بهێنن، بەڵام بە مەرجی دادپەروەریی، وتم هەرچەندە من دژی ئەو پرەنسیپەم، بەڵام ئێوە بۆ باسی مەرجەکە ناکەن؟؟ دواتر ئەوەی لەم ئایەتەدا هاتووە حوکم یان واجب نییە، بەو پێیەی ئایەتەکە فەرمانی تیا نییە، بەڵام لە مێژوودا نموونە هەیە “عومەری کوڕی خەتاب” فەرمان و واجبی جێبەجێ نەکردووە، بۆ نموونە لە قورئاندا سزای دز بڕینەوەی دەستە، ئەمە لە قورئاندا وەک حوکم بە روونی جێگیر کراوە، بەڵام لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خەلیفە عومەردا بەهۆی ئەوەی برسێتی و هەژارییەکی زۆر لە قەڵەمڕەوەکەیدا پەرەیسەندبوو، ئەو حکومەی وەلانا و سزاکەی سووکتر کرد. ئەم ئارگۆمێنتە نیشانی دەدات نەک مەجالی ئیجتیهاد لە بابەتە ماف پێدراوەکاندا هەیە، بەڵکو دەکرێت بپەڕێتەوە سەر ئەحکامەکانیش کە لە قورئاندا جێگیر کراون.

هەڵبەتە مەلا مەزهەر، وتی شتی وا نەبووە و ئەوە یەکەمجارە ئەم بابەتە ببیستم، بەڵام خانمی پێشکەشکار وتی بەرێز مامۆستا ئەم بابەتە لە “سیرەی ئیبن هیشام” و لە مێژووی “تەبەری”دا تۆمار کراوە. ئەمەش بووە هۆی خەجاڵەتبوونی، بۆیە هەوڵیدا تەوەرەکە بگۆڕێت بۆ شۆخیبازیی و گاڵتەجاڕیی، رێگەم لێ گرت و وتم کاتی نوکتە و فشقیات نییە، کاتی شەڕی ئارگۆمێنتە، تۆ ناتوانیت لە دیبەیتێکدا دوو قسەی لۆجیکی بکەیت بۆ دێیتە ناو شەڕی فیکریی، دواتر هێرشی کردە سەر کەسایەتیم و وتی جەنابت لە سەرسامیت بە ئەوروپا تەنیا بەرەڵاییەکەت هێناوەتەوە!!! منیش وتم تۆش دەتوانیت بچیت زانستەکەی بهێنیتەوە، کێ رێی ئەم کارەی لێ گرتوویت؟؟. دەتوانیت لە قۆناغی یەکەمدا رەوشتی قسەکردنیان لێوە فێر بیت، هەر ئەوەندە بەسە بۆ تۆ. هەڵبەتە بەم وشانە باڵانسی لە دەستدا و بە نەڕەنەڕەوە وتی: کاکی عەلمانی تۆ پێت خۆشە خوشک و مێینەکانی ناو خێزانت سبەی لە پارکی ئازادیی هەتیوێکی خوێڕی بەناوی ڤاڵانتاینەوە ماچیان بکات؟.

ئەمە ئەو پرسیارە زۆربەی نووسەرەکانی کورد لەوەڵامەکەی دەترسن، بەڵام من وتم: بەڕێزم یەکەم مافی ئەوەت نییە بە خۆشەویستی خوشک و کەسوکارم بڵێی هەتیوە خوێڕی. دووەم: بە چ ماف و بیانوویەکەوە رێ لەو کارە بگرم، لای من نەک ئاساییە بەڵکو کەس هەقی کوێخایی ژیانی مێینەکانی نزیکمی نەداومەتێ. نەیهێشت قسەکانم تەواو کرد، وتی خەڵکی موسڵمان ئەوەتا لەم کەناڵە سەتەلایتەوە بە چاوی خۆتان بینیتان چۆن عەلمانییەکان دەیانەوێت کۆمەڵگە بێ رەوشت و بەرەڵا بکەن، هەڵبەتە منیش بە بزەیەکەوە وتم جێی شانازییە ئەو رەوشتەمان نییە تۆ خۆتی پێوە با دەدەیت، بۆیە خانمی پێشکەشکار هەوڵیدا زوو بەرنامەکە تەواو بکات و کاتێکی زۆری بەخشی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان کە بەداخەوە هەموو پشتیوانیان لە بۆچوونە بەدرەوشتییەکانی مەلا مەزهەر دەکرد!!.

هەڵبەتە ئەو پێشەکیی و بەسەرهاتەم پێکەوە گرێدا، تەنیا بۆ ئەوەی نیشانی بدەم، مەلا مەزهەر و هاوشێوەکانی، لووی سەرەتانیی جەستەی کۆمەڵگەی کوردین، دەبێت ئەم لوولانە ببڕدرێن، کاتی ئەوەیە داواکاری گشتیی و یاسا رۆڵی خۆی ببینێت، ناکرێت چیتر سووکایەتی بە ژن و دواجاریش بە پیاو قبوڵ بکرێت، ئاخر لە روانگەی مەلا مەزهەرەکانەوە ژن نێچیرێکی سێکسییە و پیاویش گورگێکی برسی.

ستۆکهۆڵم – سۆلنا
نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish