Skip to Content

چەند شیعرێکی نوێی سەلام محەمەد

چەند شیعرێکی نوێی سەلام محەمەد

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2020 General, Literature

پیاسەیەك بە گەردوونی ناخدا

ئەم نووسینە بابەتێکە زۆر تایبەتە بە خۆمەوە . گەمەیەکی هێجگار سەرنجڕاکێشی هونەری و شیعری و لە هەمان کاتدا فەلسەفیشە . سەرەتا چەند دێڕێك بووکاتێ پیادا چوومەوە بوو بەم بەرهەمە کە هێشتا ئەگەر بکەوێتە پێش چاوم ئارەزووی گۆڕانکاری دامدەگرێت . جۆرێکە هەر جارێك کە دەیخوێنمەوە بە دەستی خۆم نییە بەردەبمە قرتاندن و خستنە سەر بە پێچەوانەی زۆربەی نووسینەکانم کە دەسبەجێ بڵاویان دەکەمەوە . رەنگە هونەری شیعر و زمانم فەرامۆش کردبێت وەلێ ئەم بیرۆکەیە هەمیشە تازەیە و هەرگیز کۆن نابێت . وەرگێڕانێکی راستەوخۆی هەستە گەرمەکانی ژیان و ئینسانە. دەگونجێ بتوانم لە پاشەڕۆژدا بە وردی کاری تیادا بکەم دەقێکی نایابی لێ دەربچێت وەلێ لەم بارودۆخەی ژیانمدا ئەوەم بۆ ناگونجێت . وا جارێ لە فەوتان رزگاری دەکەم دەرفەتیش بڕەخسێت بە زەوقێکی شیعریەوە جارێکی تریش دەینووسمەوە . دەق هەیە بە ئاستەم دەستکاری یەك وشەی بکەیت دەشێوێت دەقیش هەیە چەندەی زۆرتر دەستکاری بکەیت جوانتر و درەوشاوەتر دەبێ وەك ئەم کورتە پیاسەیە . بە ئاشکرا خۆی پێت دەڵێ هێشتا گەمەکە تەواو نەبووە و زۆری بە بەرەوە ماوە .

من دەمێکە ، زۆر دەمێکە
ئاوی بادەی مەحاڵم نۆش کردووە بۆیە
چی لە ناو مێشك و دڵدایە بووە بە پرسیارێك
لە هیچ کتێب و تابلۆ و ئاواز و فەلسەفەیەکدا
وەڵامی نییە
گشت وەڵامەکان رێژەیین !
کۆڵ نادەم تا دوا چرکەی تەمەنم
چاوشارکێ لە گەڵ ( کات ) دا دەکەم
بە خۆشی بێت
یا بە ناخۆشی ناچارم
هەموومان بە ناچاری هاتووین
با وەك هێلکەیەکی دوو زەردێنە
لە سەر هێڵی ئیستیوای نێوان هەردووکیان
بە رۆنی چارەنووس لە ناو تاوەی ئەجەلدا
هەڵقرچێم و بسووتێم
یا وەك سۆفیەکی گۆشەگیر
لە سووچە دوور دوورەکانی
خەڵوەتخانەی ناخمدا
سەمای پایزانە بکەم
سەمایەك لە زیکری ئەو دەروێشە دەچێت
بەر هێزی موگناتیسی جەزبە کەوتووە و
سەر بادەدات و حاڵ گرتوویەتی و
نازانێ چی دەڵێ
نازانێ باسی چی دەکات
منیش نازانم چی دەڵێم و
باسی چی دەکەم
دەربڕینێکە ….
ئا ، تەنیا دەربڕینێك و هیچی تر
هەر دەڕۆم و دەڕۆم
ژیرانە بێ یا شێتانە
بە دەم گۆرانیەوە بێ یا گریان
کاتێ دەکەومە شوێن سۆراغی
دۆزینەوەی رەگەکان
رەگی شتەکان و هیچەکان
رەگی درەختەکان و
ئینسانەکان و ئەستێرەکان و
هەسارەکان و
دەنکە ئەتۆمە وردیلە و مەزنەکەی بیگ بانگ
دەبینم رێکەوت لە چەند هۆیەك پێکهاتووە و
هەرگیز ئەنجام بێ هۆ نییە
با فەلسەفە بخەینە ئەولاوە
با بە سادەیی وەك کوڕە سادەکەی
جارانی رەحیماوە مەست مەست بڕۆم
دووبارە نا هەزار بارە
ئەم خاچی ئازارە بە کۆڵمدا بدەمەوە
ئێ باشە لەم دوو رێیانەدا
کە هەر یەکەیان دەیان رێچکە و توولەڕێی تازەی
لێ دەبێتەوە
لەوانیش دەیان و هەزاران رێگای پان و پۆڕی تر
من بۆ کوێ بڕۆم ؟
دەگریم بە کوڵ دەگریم
قا قا پێدەکەنم
بۆ سەری خۆم بیەشێنم ؟
مەتەڵێکە نایزانم و تەواو
( نازانم رەحەتی گیانم )
ئا ، بۆچی نا ؟؟
دەکرێ خۆم بخەڵەتێنم
چی لە خۆخەڵەتاندن ئاسانترە ؟
دەکرێ بڵێم :
من بۆیە لەدایك بووم چاوەڕوانی گۆدۆ بکەم
دەکرێ واز لە نووسین بهێنم
لە جێی بیری تازە
بۆ شێوەی تازە بگەڕێم
بۆ نموونە : حەوت کراسی رەنگاوڕەنگ
هەر جارێك و هەر شیعرێك
کراسێك دەکەمە بەر وشەکان
ئەوسا لە ژێر هەر رەنگێکدا
مانایەك دەدرەوشێتەوە
بەڵام من بۆ خوێنەر نانووسم
چاوەڕێی ناو و نازناوی گەورە گەورە نیم
ئەگەر لە ناو هەزار رەنگدا
تاقە بیرێك بشارمەوە
بێجگە لە رەنگێکی گونجاو
چاوم هیچی دی نابینێت
بۆ نا ؟
دەکرێ خۆم بخەڵەتێنم
ئەگەر گۆدۆش نەیەت
لە دڵەوە چاوەڕێی یار دەکەم
دەکرێ بە هیوای هاتنی
فریشتەیەکی ژن
یا ژنێکی فریشتە کە نازانم
بوونی هەیە یا نا
دەیدۆزمەوە یا نا
دەکرێ هەر بڕۆم و بڕۆم
دەی ، گریمان دۆزیمەوە و یار هات
خەنی لە خۆم یار هات
ئایا کێشەکە لێرەدا کۆتایی دێت ؟
یا لە سەرەتای کۆتاییەوە
خاچی ئازارێکی گەورەتر هەڵدەگرم ؟
وەك هەمیشە بە دڵێکی
نیوە تاریك و نیوە رۆشن
دەبێ گورج گورج بکەومەوە رێگا
تا قەترەیەك خوێن لە دەمارەکانمدا بمێنێت
دەبێ تەماشای دوور دوور دوور
بکەم و هەر بڕۆم
خودایە چ ورووژان و تووانەوەیەکە
جار جار بە ئینسانبوونی خۆم پێدەکەنم
جار جاریش بۆ بەئینسابوونی خۆم دەگریم

رەنگی مردن

جار جار بە جۆرێك گڕ دەگرم
خەریکە لە نوکی پێوە تا تەوقی سەرم
وەك ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕ
بسووتێم و ئیتر هەرگیز نەکوژێمەوە
رۆژی دوایی
تەماشا دەکەم نەك تەنیا
سارد و خامۆش بوومەتەوە
بەڵکو بوومەتە گۆمی بەستەڵەك
روومەتم شووشەی شەختەیە
وا هەست دەکەم
تا سەر ئێسقان سەرما هوروژمی هێناوە
تا ماوم گەرم نابمەوە
باوەڕم بە داگیرسان و
بە کوژانەوە نەماوە
ئەم ژیانە ژانەسەرە بێ خواستی خۆم
سەر بەرەو خوار و بەرەو ژوور
روو لە رۆژئاوا و رۆژهەڵات
هەر دەمبات و دەمهێنێت و وازناهێنێت
ئەوەی دەمەوێ نامداتێ
کەی بیەوێ گڕی دۆزەخ بەردەداتە
خەرمانی هیوا و خەیاڵ و خەونەکانم
یان رێك بە پێچەوانەوە
بە دیوەکەی تردا ، خوێنی
یەك یەك هەموو ئۆرگانەکانی ناو لەشم
دەکات بە شاخێکی بەستوو
پاشان بە رەنگێکی غەریب
کە لە رەنگی مردن دەچێت
لە سەر جەستەی
سپی و مەییوم دەنووسێت :
زەمهەریر و سەهۆڵبەندان

رەنگی هیچ

کەس نازانێت و ناتوانێت
بە وشە و رەنگ و ئاواز
وێنەی خەم ( وەك چۆن خۆی هەیە )
بکێشێت
تەنیا هەست بەوە دەکەین
باس باسی کزەبایەکی ساردە
کەس نازانێت و ناتوانێت
ئەو لافاوەی لە دڵیدا پەنگی خواردۆتەوە
بەرداتەوە
ئەگینا خۆی یەکەمین کەس دەبێت
کە تیایدا بخنکێت
نووسەر و شاعیر تا ماون هەمیشە خەون دەبینن و دەڵێن :
بشێ رۆژێك بێ رۆمانێك یا شیعرێك بنووسم و بڵێم :
ئۆخەی ئەوەی ویستم نووسیم
ئیتر بشمرم قەیناکا
هونەرمەند تا ماوە هەمیشە
لە گەڵ خۆیدا منجە منجیەتی :
تابلۆیەك لە مێشکمدایە
بە رەنگی ئاسایی نانەخشێنرێت
بشێ رەنگی دەیکە هەبێت ؟
بۆنموونە رەنگی هیچ
چونکە هیچ یەك هیچ نییە
رەنگەکانیان جیاوازە
گۆرانی و سیمفۆنیەکانیش
لە باشترین حاڵدا
وەك دەنگدانەوەی دوور دوور وان
دەبیسترێن و نابیسترێن
نا جوانێ هەرگیز رەشبین نیم
قەناعەت گەنجینەیەکی بێ بنە
شەڕ لە گەڵ چارەنووس و
بەختی بێ بەختی بەئینسانبوون ناکرێت

نەفرەت و گوناهە رەشەکان

واملێهاتووە وێنەی تۆ
بکەم بە دەستپێکی شاشەی کۆمپیوتەر و
لە ئاسمانی چاوەکانتا بەرز هەڵفڕم
نەتوانم بگەڕێمەوە
بۆسەر ئەم زەویە نەگبەتە پڕاوپڕەی
لە نەفرەت و گوناهو هەزاران هەزار
شەیتانی هار
من بەرگەی هەواڵەکانی تی ڤی و
کۆمپیوتەر ناگرم
دەترسم لە ناکاوێکدا
پیلم بگرن
بۆ ناوجەرگەی خۆپیشاندانێکی گەورە
خۆیشیان نازانن بۆ کێیە و دژی کێیە
من تازە ئێکسپایەر بووم
لە جیهانی نەوت و خوێندا
بێجگە لە چاوەکانی تۆ
هیچ رۆشناییەك نابینم

کوودەتا

بێجگە لە خۆت
چەند خەونێکی پچڕ پچڕ و کورت نەبێ
هیچت تیادا نەهێشتمەوە
تەماشام کە چۆن بووم بە ئاوەدانترین
تەنیای دونیا !

چۆلەکەکانی سیمفۆنیای
کاتژمێری بیست و پێنج

رۆژانە
شتگەلێك دەکەم ، دەنووسم ، دەخوێنمەوە
یا دەبیستم و دەبینم
هەستێك دامدەگرێت
بێجگە لە دووبارەبوونەوە و کوشتنی کات
دونیا شتێکی تازەی پێ نییە
رەنگە لەم سەردەمەدا مێشکی ئینسان
زیاتر بڕ نەکات
ئەگینا
ژمارەی خانە بەتاڵەکانی ناو مێشك
هێجگار زۆرن
تا ئەم چرکەیە
رەنگە تەنیا چەند دانەیەکی زۆر کەمیان
لێ بەکارهاتبێت
ئەگەر تۆزێ زیاتر بن
ئەوسا بەزمە گەورەکە دەست پێدەکات و
دەبێتە پێشبڕکێی فتبۆڵێنی نەوەوی
لە نێوان هەسارەکاندا
ئەو کاتانەی بە خۆڕایی رۆیشتوون
بێ سود یا زیان
بێ قازانج یا زەرەر
لە تەواوی تەمەنم دەربهێنم
رەنگە تەنیا ئەو ساڵانە بمێننەوە
کە هێشتا منداڵ بووم ونەمدەزانی کات چییە
چ جیاوازییەك نابینم
لە نێوان ژیانی خۆم و حوکمدراوێك
بە سزای زیندانی هەتاهەتایی
لە گەڵ ئیشکردنی قورسدا
بێجگە لەوەی ئازار و ئەشکەنجەی زیندانییەکە
جەستەییە
تەنانەت ئەگەر خوێنیشی لەبەر بڕوات
یا بە بەردەوامی زاامەکانی بکولێنەوە
هێشتا هینەکەی من نوێنەری راستەقینەی
هەناسەی ساردی ئینسانە
بۆن و دەنگ و رەنگی نییە
هەمیشە بیر دەکاتەوە
کاتێ خەویش دەمباتەوە
ئەو هێشتا بیر دەکاتەوە
بە خەون و خەیاڵیش دەرەقەتی نایەم
چەندەی بە لاڕێدا دەیبەم
هەمیشە دێتەوە سەر شەقامی گشتی
تاقەتێکی دەوێ لێی بپرسم
بیر لە چی دەکاتەوە ؟
جار جار لە هیچ و
جار جاریش لە هەموو شتێك
ئەو پێی وایە ( هیچ ) و ( هەموو )
زۆر لە یەکەوە نزیکن
هیچ لە دەرەوەی سێ مەوداکەی گەردووندا
هەبووە و دەمێنێت
نە سەرەتای دیارە نە کۆتایی
با زیاتر سەری خۆم و تۆیش نەیەشێنم
وەك راهاتووم لەم ساتە قورسانەدا
فێڵ لە خۆم دەکەم
رۆمانێك دەخوێنمەوە
تەماشای فیلمێك دەکەم
یا لە سەر پشت رادەکشێم و
چاوەکانم دەنووقێنم
دوور دوور دوور
چەند هەزار ساڵێکی هەتاویی
دوور دەکەومەوە و
گوێ دەگرم لە جریوە جریوی
چۆلەکەکانی سیمفۆنیای
کاتژمێری بیست و پێنج

شیوەن

کەس وەك خۆم شیوەنم بۆ ناگێڕێت
کەس وەك خۆم بە مردنم دڵگران نابێت
کەس وەك خۆم
هەست بە ئازاری ئەو گوێزانە تیژە ناکات
چۆن دڵم شەقار شەقار دەکا کە دەمرم
دەڵێم گوناحە بەم هەموو تامەزرۆییەوە
ببم بە هیچێکی بێ گیان و بێ زمان
وەك بەرد
وەلێ کە دەڕوانمە عاجباتیە مۆمیاکراوەکانی
مۆزەخانەی ژیان
خێرا دەست بە لووتمەوە دەگرم
تا بە بۆن نەکەوم
بزەیەکی گاڵتەئامێز دەکەوێتە سەر لێوم
بە خۆم دەڵێم بیری لێ نەکەیتەوە چاکترە
هیچستان هەر هیچستانە
جارێ چەند پەرداخێکت ماوە نۆشیان بکەیت
چەند ماچێکت ماوە
مردنی تیادا بتوێنیتەوە
چەند کتێبێک ماون بیانخوێنیتەوە
رەنگە چەند شیعرێکیشت پێ مابێت
بیاننووسیتەوە
پەلە مەکە
رەنگە پاش چەند ساڵێکی تر
گلگامێش پەیدا بێتەوە و
لە دوڕگەکانی واق واقەوە
دەرمانی ( نەمریی ) بۆ ئینسان بدۆزێتەوە
ئەوسا هەر بە کاڵی گۆشتی یەکتری دەخۆن
تا لەشکری بێ کۆتایی
لە سەر ئەم زەویە بچووکە
جێگای ببێتەوە
رەنگە ئەوسایش
بیری یادەوەرییە خۆش و
ترووسکە ترووسکی رۆشنایی
رەنگە ناسك و نایابەکانی ئەم رۆژگارە بکەین
ئێمە هیچ نازانین
هەندێکمان دەزانین کە هیچ نازانین
بەشێکی ترمان نازانین
بزە گاڵتە ئامێزەکە دێتەوە سەر لێوەکانم
رەنگە من هەر بەو بزەیەوە بمرم
تا خودا زووتر و باشتر بمناسێتەوە
چۆن بە رووتی و بێ گوناح لەدایکبووم
ئاوایش بۆ باوەشی
نیشتیمانی راستەقینە و هەمیشەیی خۆم
گەڕامەوە و نەمزانی
حیکمەت لەم کورتە سەفەرەدا چی بوو ؟

یول ( کریسمس ) لە ڤێستەرۆس

کش و ماتە قەراغەکانی شار
ساردە ، بەفرە ، وژە وژی بایە
چۆلەکەکان ئەم ماڵ ، ئەو ماڵ لە برساندا
جوکە جوك و باڵەفڕەیانە
تەنانەت درەختەکانیش
بە تووڕەییەوە هەناسەی تەڵخ و بۆر دەدەن
بە پێچەوانەی سەنتەری شارەوە
کە لە ناو گڵۆپی رەنگاوڕەنگدا جمەی دێت
نازانیت ئەمە شاری بنیادەمە
یا مێروولەی ورووژاو
ئۆتۆمبێلەکانیش لەم رۆژانەدا مەستن
لە جیاتی بەنزین بادە دەخۆنەوە و
بە ئەلکەهول کاردەکەن
سویدیەکان لە خۆشی هاتنی یول
پۆل پۆل و فڕکان فڕکان
رادەکەن و فریا ناکەون
لە ماڵێکی ئەوسەری شاردا
ئەگەر تەماشای پەنجەرەیەکی تریفەیی بکەیت
پیاوێك ناوی سەلام محەمەدە
بە تەنیا دانیشتووە و
قاوەی بەیانی دەخواتەوە
نە را دەکات نە فڕکان فڕکانی پێکەوتووە
نە دڵخۆشە نە دڵتەنگ
نە هەست بەوە دەکات زەمەن
هێواش هێواش بۆ پێشەوە دەچێت
یا پەلەیەتی و بازی گەورە گەورە دەدات
دانیشتووە و لەسەرخۆ قاوەکەی دەخواتەوە
ئەو بەیانیان بە بۆنی قاوە مەست دەبێت
بیر لە تاڵەموویەکی زۆر باریك دەکاتەوە
لە نێوان شێتبوون و ژیری
یا دابڕان و بەیەك گەیشتن
بیر لە ماڵئاوایی دەکاتەوە و
گوێی بۆ گۆرانی ( ئان کاترین ) ی ( کۆرنێلیس )
هەڵخستووە
خەریکی مەشقکردنە لە سەر یاری
جیابوونەوە لە دڵی خۆی
ئەو دڵەی هەزار و یەك موسیبەتی بەسەرهاتووە
دڵێك سپی سپی وەك ئەڵماسی شووشە بڕ
لە دوورەوە دەبریسکێتەوە
دڵێك لە بەردەم نوکە پەنجەکانی یاردا
هەمیشە لە لۆکە نەرمتر
وا خەریکە سەرما بیتەزێنێ و بیبەستێت و
بیکاتە بەردە بەفرینە
دڵێك دەیان بزماری ئاگرینی پیا چزاوە و
هەزاران جار داخ بووە
دەڵێی نە بای دیوە نە باران
ئەم بەیانیە دڵم منداڵ بۆتەوە
وڕکی گرتووە
لێوی خستۆتە سەر لێو و
هەنسکە هەنسك بەری نادات
خەریکە بگری و بڵێ :
داد خودا
کە ئینسان ئازاد نەبوو
چ حیکمەتێکە خوڵقاندنی ؟
قەلەڕەشێکی برسی هاتە ناو حەوشەکەوە
هەناسەی تووڕەیی دارستان
تێکەڵەیەکە لە باران و بەفر
سویدیەکان هەر رادەکەن و
فریای دیاری کڕین ناکەون
منیش لەمدیو پەنجەرە تریفەییەکەوە
قاوە دەخۆمەوە و بیردەکەمەوە
چۆن دڵی خۆم فەرامۆش بکەم و
ئەو پێچی مێزەرەی لە تەمەنم ماوە
بیدەمە دەستە دڕکاوی و
زبر و رەقەکانی ئەقڵەوە
نا هەزار نا
من تەنیا بە ئەقڵ ناژیم !

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish