Skip to Content

سووتووگر* … نووسینی : اسحاق باشێڤیز سینگەر

سووتووگر* … نووسینی : اسحاق باشێڤیز سینگەر

Closed
by شوبات 2, 2020 General, Literature


لە کتێبی: حەکایەتەکانی دنیای کۆن و نوێ.
چاپخانەی: BRA BÖCKER
وەرگێڕانی: بەکر ئەحمەد

جیاوازی هەیە لە نێوان زەربەیەک و زەربەیەکی تردا. زەربەیەک کە بەرسەردەکەوێ هەروا ئاسان نییە. مێشک شتێکی ناسکە، ئەگینا بۆچی رۆح دەبێ لەوێدا نیشتەجی بێ؟
بۆچی لە جگەردا، یان بمبوورن، یان لە گەدەدا دانانیشێ؟
ئینسان دەتوانێ لە چاودا ڕۆح ببینێ. چاو وەک پەنجەرەیەکە کە رۆح دەتوانێ لێیەوە لە دەرەوەی بڕوانێ.
لە شاردا (سووتووگر)ێکمان هەبوو خەڵک بە “یاشە ڕەش” بانگیان دەکرد. هەموو سووتووگرەکانیش هەر رەشن، ئاخر مەگەر ئەوان دەیانتوانی چی تر بوونایە؟ بەلام یاش لەوە دەچوو کە هەر بە ڕەشی لە دایک بووبێ. قژێکی زبری ڕەش و چاوەکانیشی قەترانی و پیستیشی بە شتنیش لە سووتوو پاکنەدەکرایەوە. تەنها ددانەکانی سپی دەچوونەوە. باوکیشی سووتووگری شار بوو ئەو ئەم کارەی لە وەوە بۆ جێمابوو. یاش پیاوێکی زەلام بوو، هیشتاش ڕەبەن و لەگەڵ “ماچیچۆڤا” ی دایکە پیرەکەیدا دەژیا.

مانگی جارێک دەهاتە ماڵی ئێمە، بە پێی پەتی و هەر شوێنپێیەکی پەلەیەکی رەشی لە ئەردەکەدا جێدەهێشت. دایکم، ئەمشەوی لە هەموو شەوێک خۆشتر بێ، هەمیشە بەرەو پیری ڕایدەکرد و نەیدەهێشت زیاتر وەژوورکەوێ.
یاش کرێی کارەکەی لە دەوڵەت وەردەگرت و ژنانیش “گرۆشێن”ێک یان لەتێ نانیان پێدەدا کاتێ لە کارەکەی تەواو دەبوو. ئەمە عورفێکی کۆن بوو. منداڵان زەندەقیان لە یاش چوو بوو ئەگەر چی ئەو ئازاری کەسیشیانی نەدابوو. تا یاش سووتووگری شار بوو، ئاگر لە لوولەکێشی هیچ کوورەیەک بەرنەبوو بوو. وەک هەموو کریستیانەکانی دیکە لە یەکشەمماندا خۆی دەشوشت و لە گەڵ دایکیدا دەچوونە کلێسا. بەڵام ئەو بەشۆراویش هێندەی دی ڕەش دەهاتە پێش چاو ، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێ نەیتوانی بێ کەسێک بدۆزێتەوە تا بیکاتە هاوسەری خۆی.
مانگێکیان، من وام لەبیرە کە دوێنی بوو بێ، “فێتیل”ی ئاو هەڵگر هاتە لامان و گێرایەوە کە یاش لە سەربانەکەی ماڵی “تێڤیی بۆرشێز” بەربۆتەوە. تێڤیی ماڵێکی دوو تەبەقەی هەبوو لای مەیدانەکە. هەموو بەزەییان بە یاشدا دەهاتەوە. ئەو هەمیشە نەرم وەک پشیلە بە سەربانەکاندا هەڵدەزنا، بەڵام ئەگەر لەناوچەوانێ کەسێک نووسرابێ کە تووشی شتێک دەبێ، هەر دەبێ ڕووبدا.

فیتیل وتی کە یاش بە سەردا کەوتووە و هیچ شوێنێکی نەشکاوە. کەسێک گەیاندبوویەوە ماڵ . ئەو لە کۆخێکی ئامادە بۆ ڕووخاندا لە قەراغی شار و لە نزیک دارستانەکەدا دەژیا.
ماوەیەک کەس هیچ شتێکی دەربارەی یاش نەبیست. ئاخر سووتووگرێک چ جیگایەک داگیردەکات.؟
ئەگەر ئەو نەتوانێ چیدی ئیش بکات، شار پیویستی بوو کەسێکی دی دامەزرێنێ. رۆژێک فییتیل بە دوو سەتڵ ئاوەوە خۆیکرد بە مالدا و بە دایکمی وت: ” ئاخر خەبەرت بیستووە، یاش بووە بە میشکخوێنەرەوە.”
دایکم بە پێکەنیەوە وتی: بە گاڵتەتە؟
نە بە گاڵتەمە و نە نووکتەیشە. ئەو لەسەر تەختەخەوەکەی بە سەری بەستراوەوە ڕاکشاوە و خەریکی هەلهێنانی نهێنییەکانی خەڵکیە.
دایکم بە تووڕەییەوە پێیوت: مەگەر تۆ شێت بووی؟
زۆری نەبرد هەموو شار باسی ئەوەیان دەکرد.
ئەو زەربەیەی بەرسەری کەوتبوو برغوویەکی ناو مێشکی یاشی شلکردبوویەوە و ببوە کەسیكی ئایندە بین. مامۆستایەکمان لە شاردا هەبوو، نۆشین میخێلس، ئەو یاشی بە فاڵچی بانگدەکرد.
ئاخر کێ رۆژێک شتێکی لەو چەشنەی بیستبوو؟ گەر هەر زەربەیەک کە بەر سەردەکەوێ ئینسانی بکردایەتە ئایندەبین، ئەوا لە هەر شارێکدا سەدەها کەسی وەک یاش پەیدا دەبوون . بەڵام خەلکی دەچوونە لایی و بە چاوی خۆیان ئەوەیان دی بوو.
ئینسان دەیتوانی مشتێک پارەی وردە لە گیرفانی دەربێنێت و بپرسێ: چیم لە دەستایە؟
ئەویش دەیوت: ئەوەندە سێ، چوار و پێنج گرۆشی و ئەوەندەش کۆپێک. پارەکان دەژمێردرا و تا دوا گرۆشێش هەڵەی تیدا نەبوو.
یەکێ دی دەیوت: هەفتەی ڕابردوو ئەم کاتە من لە (لوبلین) چیمدەکرد؟
ئەویش دەیووت کە ئەو بە هاوەڵی دوانی دیکە لە باڕێکدا دانیشتووە. ئەو بە جۆرێک دەیگێراوە وەک ئەوەی بەرانبەریان دانیشتبێ.
کاتێک دوکتۆر و دەستگاکانی دەوڵەت خەبەری یاشییان بیست، بەهەلەداوان گەیشتنە لای.
کۆخەکەی ماچیچۆڤا هێندە بچووک و نزم بوو کە کلاوی ئەوانەی بۆ سەردان دەهاتن، لە بنمیچەکە گیردەبوو.
ئەوان پرسیارەکانی خۆیان دەکرد و ئەمیش وەلامی هەموانی دەدایەوە.
قەشە تۆقی بوو. جوتیارەکان دەیانوت یاش بووە بە کەسێکی پیرۆز. ئەوان هیچ شتێکی زیاتریان پێویست نەبوو تا وەک ئایکۆنێک لە سەفەری حەجدا بەدەوریدا بسوڕێنەوە. بەڵام دوکتۆر خێرا وتی کە کەس بۆی نییە لە شوێنی خۆی بیجوڵێنێ. ئاخر جگە لە رۆژانی یەکشەمووان ، کەسی دی یاشی لە کڵێسادا نەبینی بوو.

بەڵێ، ئەو لە ناو دۆشەکە پووشەکەی خۆیدا راکشابوو و وەک هەر کەسێکی سادە دەپەیڤی، دەیخوارد و دەیخواردەوە و لەگەڵ سەگەکەی دایکیدا یاریدەکرد. بەلام ئەو هەموو شتێکی دەزانی، دەیزانی چی لە گیرفانەکانی سەر سنگدایە، چی لە گیرفانی پانتۆلەکانیادایە، ئەوی دی پارەکانی لە کوێ شاردبوویەوە و ئەمی دیکە دوو ڕۆژ پێش ئێستا چەندی پارە لە کرینی عارەقدا سەرفکردووە. وەختێک دایکی بینی چ قەڵەباڵغییەک دروست بووە، بۆ هەر کەسێک بڕی کۆپێکێکی وەردەگرت.
خەلکیش پارەکەیان دەدا.
دوکتۆری شار نامەیەکی بۆ لوبلین نارد.
قایمقامی شار هینێکی نارد، ئەو شتە چی پێدەڵێن، راپۆرتێکی نارد و لە زامۆچچێ و لۆبلینەوە کەسانی مەقامدار هاتن.
دەڵێن شارەدار جێگرێکی خۆی ناردبوو، قایمقام تۆقی بوو و فەرمانی دابوو دەبێ هەموو جادەکان پاکبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێک پاککرابووەوە کە پووش یان چیلکەیەکی لینەدەبینرا.
بە خێرایی هەموو ئەندامانی قایمقامییەت بانگکران. ئەم هەموو لە پای چی؟ هەر هەمووی بە هۆی یاشی سووتووگرەوە.
(گیتێلس)ی خاوەن میوانخانەی شار گەشکە بوو بوو، کێ بە خەونیش دی بووی میوانی وا هێندە بەناوبانگ بێنە ئەوێ؟ هەموو سەرەگەورەکانی پاریزگا هاتبوون و سەردانی ماڵی یاشییان کرد لە کونجەکەی خۆیدا. ئەوان پرسیاری خۆیان دەکرد و وەلامەکانی ئەویش ترسی لە دڵی هەموو فەرمانبەراندا چاندبوو. کێ دەیزانی ئەم کەسانە خۆیان لە چ تاوانێکەوە گلاندووە؟ هەرهەموویان بەرتیلخۆر بوون. یاشیش ئەمەی پێڕادەگەیاندبوون.
ئاخر کابرایەکی سووتووگر چی دەزانێ؟ئەوەی کە لە هەمووان دەسەلاتی زیاتر بوو، نازنم ناوەکەی چی بوو، وتبووی یاش تێکچووە و دەبوایە بنێردرایە بۆ شێتخانە. بەلام دوکتۆر زۆر بڕیاردەرانە وتی کە یاش نابێ لە شوێنی خۆی بگوێزرێتەوە.
دەنگۆێەک بلاوبۆوە کە دوکتۆر و نوێنەری پارێزگا بووەتە دەمەقاڵەیان و لەیەکترییان داوە. بەڵام دوکتۆرەکەمان خۆی پیاوی دەوڵەت بوو و لە بەشی خزمەتی سەربازی کاریدەکرد. ئەو پیاوێکی رەق بوو، بەرتیلنەخۆر، هەر بۆیەش سامی لە هەڵهێنانەکانی یاش نەبوو. ئاخر هەر ئەویش بوو کە بردیەوە. بەڵام نوێنەری پاریزگار لە راپۆرتەکەیدا وتبووی یاش تێکچووە و گازندەیشی لە دژی دوکتۆر تۆمارکردبوو، بۆیەش زۆری نەبرد دوکتۆر گوێزرایەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

لەو ماوەیەدا یاش سەری چاک بووەوە و گەرایەوە سەر کاروباری خۆی، پاککردنەوەی لوولەکێشی کوورەی ماڵان. بەڵام توانا سەرسوڕهێنەرەکەی هەر مابوو. کاتێک دەچووە ماڵانەوە بۆ ئەو ئەوەی پارەکەی وەربگرێت، ژنان وەک عادەت لێیاندەپرسی: یاش، چی لە چەکمەجەکەی لای دەستی چەپەوەیە، یان چی لە دەستمدایە کاتێک دەستم دەخەمە پشتمەوە. یان دوێنێ ئێوارە چیم خواردووە؟
ئەویش دەیتوانی هەموو شتێکیان بۆ بگێرێتەوە. ئەوانیش پرسیاریان لێدەکرد: یاش، ئەم هەموو شتە چۆن دەزانی؟ ئەویش شانی هەڵدەتەکاند و دەیووت: لە خۆمەوە دەزانم. پەیوەندی بە زەبرەکەی سەرمەوەیە و دەستی بۆ تەوێڵی ڕادەکێشا.
یاش دەیتوانی بچێت بۆ شارە گەورەکان و خەلکیش بلیتیان بۆ دەبڕی بۆ ئەوەی بیبینن بەلام ئەو کەی تاقەتی لە خۆ مەشغوڵکردن بە شتێکی واوە هەبوو.

لە شاردا ژمارەیەکی زۆر دز هەبوون. جلکی شۆراوی کە لە هەورەبانەکاندا هەڵخرابوون دەدزی و دەستیان بە چی دیکە بگەیشتایە دەیانبرد. بەلام ئێستا دزییان بۆ نەدەکرا.
ئەوانەی دزیەکەیان لێکرابوو دەهاتنە لای یاش و دەیانووت دزەکە ناوی چییە و شمەکەکانیش لە کوێ شاراونەتەوە. جوتیاری گوندەکانی دی کاتێک دەربارەی یاشیان بیست، هەر کاتێک ئێسترێکیان بدزرایە، ئەوا خاوەنەکەی دەهاتە لای یاش و دەیپرسی ئێسترەکە لە کوییە؟ ژمارەیەکی زۆر لە دزان خرابوونە زیندانەوە. دزەکان چاویان لەسەری بوو و بە ئاشکرا دەیانووت کە ئاگایان لێیەتی، بەلام یاش هەموو نەخشە لە پێشەوە دارێژراوەکانیانی ئەوانی دەزانی. شەوێکیان هاتبوون تا بەراستی کەوڵی بکەن بەڵام ئەو لە کادانی ماڵە دراوسێیەکدا خۆی شاردبووەوە.

کاتێک بەردیان تێدەگرت، خۆی لادەدا و سەری خۆی نەویدەکرد. ئەمە بەرلەوەی بەردەکە بەرەو رویی بێت. خەلکی پارە و ئالتوونیان دەشاردەوە، یاشیش هەمیشە پییدەوتن لە کوێدایە. ئەو هەر بیریشی لێنەدەکردەوە، یەکسەر دەیزانی لە کوێدایە. گەر منداڵێک ونببوایە، دایکەکە بە هەلەداون رایدەکرد بۆ لای یاش و ئەویش دەستی دایکەی دەگرت و دەیبردە لای منداڵە ونبووەکە. دزەکان دەیانووت کە یاش خۆی مندالەکەی دزیوە بۆیە دەزانێ لە کوێیە، بەلام کەس بروای پێنەدەکردن.
ئاخر ئەو بۆ بەرامبەر ئامۆژگارییە بەنرخەکانیشی بۆ خەلک ماقڕێکی وەرنەدەگرت.
دایکی داوای پارەی دەکرد، بەلام یاش خۆی کەرێ بوو لەو گۆڕەی.
ئەو نەیدەزانی فلسێک چەندە. لە شارەکەماندا رابینێک هەبوو ناوی (رێب ئارێل) بوو کە لە شارێکی گەورەترەوە هاتبوو.
ئەو لە شاباتی پێش جەژنی پاکدا لە سیناگۆگدا وتاری خوێندبویەوە، بلێ چی باشە؟ دەربارەی یاشی سووتووگر قسەی کردبوو.
“گووماندارەکان”، ئەو وای دەووت. ئەوان نەهییان لەوە دەکرد کە مووسا پێغەمبەر بێت. ئەوان دەیانووت هەموو شتێک دەبێ روونکردنەوەیەکی عەقلانی لە پشتییەوە بێت. ئەگینا سووتووگرێکی وەکو یاش چووزانێ (ئیتێ چایێ)ی نانکەر ئەلقەکەی لێکەوتۆتە ناو بیرەوە؟ ئەگەر یاش بزانێ شتی شاراوە لە کوێدایە، چۆن دەکرێ کەسێک هەبێ گوومان لە دەسەلاتی پیاوە پیرۆزەکان بکات؟
لەم شارەدا کۆمەڵێک خەڵکی کافر بوونیان هەبوو بەڵام ئەوانیش هیچ وەلامێکیان پێنەبوو. هاوکاتیش ناووناوبانگی یاش گەیشتووە وارشۆ و هەندێ جێگەی تریش. لە رۆژنامەکاندا لەسەریان دەنووسی. لە وارشۆوە کۆمیتەیەکیان ناردبوو، قایمقامی شار دووبارە جارچی ناردبووەوە ناو شار و فەرمانی دابوو هەموو باخچەو خانووەکان دەبێ خاوێنبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێ گسکدرابوو بریسکەی دەهات.

دوای جەژنی “سوککوت” باران دایکرد. لە شاردا تەنها یەک شەقامی سەنگفەرشکراو هەبوو کە ناوی شەقامی کڵێسا بوو. تەختەی دارەرا و قەدی بڕاوەی درەخت لە هەموو شوێنێکی شاردا دانران تا جەنابعالییەکانی کە لە وارشۆوە هاتبون نەکەونە ناو قوڕولیتەکەی شارەوە. گیتێلی خاوەن تاکە هوتێلی شار، چی هەبوو هێنابوویەدەر. هەر هەموو شار لە جووڵەدا بوو. تاکە کەسێک کە ئارامی خۆی لەدەستنەدابوو، یاش بوو. ئەو گەرانە ئاساییەکەی خۆی دەکرد و خەریکی پاککردنەوەی لوولەکیشەکان بوو. تەنانەت عیلمی نەبوو بە هۆی سەردانی جەنابەکانی وارشۆوە کەمیک بترسێ.
بەڵام باش گوێ لەمە بگرە!
رۆژێ پێش گەیشتنی کۆمیتەکە لە وارشۆوە، بووە بەفر و سەرمایەکی سەخت. شەوی پێشوو تر، بریسکە و تەنانەت ئاگریشیان لە لوولەکیشی کورەی (چایم)ی نانەواوە بینی بوو. چایم لەوە تۆقی بوو ئاگرەکە تەشەنە بکات و ناردبووی بە دوای یاشدا. ئەویش بە خۆی وگسکەکەی دەستییەوە هاتبوو و خەریکی لوولەکیشەکە بوو. لە دابەزینیدا، هەلخلیسکا بوو و دووبارە بەربوو بۆوە.
جارێکی دی کەللەی زەربەیەکی دیکەی خواردبوو، بەڵام وەک ئەوی یەکەم بەهێز نا. تەناتەت خوێنیشی پێوە نەبوو، بە کۆمەکی هەرچوارپەلی، توانی بووی هەستیتەوە و چوو بووە ماڵ.

هاوڕی خۆشەویستەکانم! بۆ ڕۆژی دوایی کاتێک کۆمیتەکە گەیشتبوو و دەستیان کردبوو بە سین و جیمی خۆیان لە یاش، ئەو هیچ شتێکی لەبیر نەمابوو. زەربەی یەکەم شتێکی لەسەریدا کردبوویەوە و زەربەی دووەم دایخستبوو. ئەو پیاوە بەرێزانەی هاتبوون دەیانپرسی پارەیان چەند پێیە و دوینێ چییان کردووە و هەفتەی پێشوو لە کاتێکی وەک ئێستا چییان خواردووە، بەڵام یاش وەک گەمژەیەک دەتریقایەوە و دەیووت: جا من چووزانم.
پیاوانی دەولەت هەتا بڵیی توورەبوون. حەیای بەڕیوەبەری پۆلیس و دوکتۆریشیان برد. داوایان دەکرد بزانن بۆچی لە وارشۆوە ئەمانیان هێناوە بۆ ئێرە تا ئەم گەمژەیە یان ئەم دێوانەیە ببینن کە هیچ شتێک نەبووە جگە لە سووتووگرێکی ئاسایی کە لوولەکیشەکان پاکدەکاتەوە. بەڕیوەبەری پۆلیس و حەشاماتەکەی ئەوێ سوێنیان دەخوارد کە یاش هەموو شتێکی زانیوە و ئەوانەیشی بۆ سەردان هاتبوون نەیاندەویست گوێبگرن.
کەسێک وتی کە دوێنێ ئێوارە یاش لە سەربان بەربووەتەوە و سەری بە ئەرزەکەیدا کێشاوە، بەڵام ئێوە ئەو خەلکە دەناسن، ئەوان بروایان تەنها بەو شتەیە کە لەبەر چاویاندایە و دەیبینن.

بەڕیوەبەری پۆلیس لە یاش چووە پێشەوە و بە کەشک چەند دانەیەکی لەسەری دا، ئەو پییوابوو بەشکم برغووەکە بگەرێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام کاتێک ئەو دەرگایەی ناومیشک داخرا، هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کۆمیتەکە گەرایەوە بۆ وارشۆ و سەرلەبەری حەکایەتەکەی لە ئەوەلەوە تا ئەخیر بە روونەدراو لەقەلەمدا. بەلام یاش فریای ئەوە کەوت چەند ساڵێکی دی خەریکی کارەکەی خۆی بێ. تا پەتایەک لە شاردا بلاوبوویەوە وئەویش بەهۆیەوە مرد.
میشکی ئینسان پڕە لە ژوور و دەرگای جۆراوجۆر. یەک زرمە کافییە بۆ ئەوەی هەموو شتێک تێک بدات. بەڵام هەموو شتێک پەیوەندی بە رۆحەوەیە. بە بێ ڕۆح، مێشک بۆی ناکرێ لە پێیەکان زیرەکتر بێ.

—————————————————————–

*سووتووگر بە کەسێک دەوترێ کە خەریکی پاککردنەوی لوولەکیشی کوورەی ناو ماڵانە کە بەدار کاردەکات. هەموو ساڵێ جارێک دەبێ پاک بکرێتەوە ئەگینا مەترسی لەسەر ماڵ دروستدەکات کاتێک دووکەڵکێشەکە توانای راکێشانی دووکەڵی نییە. ئەگەر داری تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ داگیرساندنی کورەکە، ئەوا قەتران بە لێواری لوولەکیشەکەوە پەیدادەبێ و ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر زۆر دەبێ.

Previous
Next
Kurdish