Skip to Content

دەورانی کۆرۆنا … سۆران محەمەد

دەورانی کۆرۆنا … سۆران محەمەد

Closed
by شوبات 10, 2020 General, Poems

کۆرۆنای ئاواییە تەریکەکە
لە مێژە سوڕی ژیانی تەواوکردبوو
هەر جارەو ناوی
پەتایەکی لێ دەنرا
چونکە لەوێ ڤایرۆسەکان
بە گچکەیی نەدەبینران
کە هەراش بوون
ناوی ڤایرۆسیان لێدەنرا
حەزیان لێبوو
لەبەزاییەکانەوە بدرەوشێنەوە
چونکە گۆشەی تێڕوانینان
بۆ جیهان
هەر سەربان و بەردەرگە بوو،
لەودیو دیوارەکانەوە
گوێبیستی جوڵەی
ژیان دەبوون
*
ئێمە هی خۆمان بووین
ئەو ساتانەی
هێزمان دەدایە قاچەکانمان و
بە ئاراستە جیاوازەکان
لە دەست تاعوون
راماندەکرد
ئەوان، ڤایرۆسەکان
زۆر خێرا گەشەیان دەکرد
ئێمەش بەرەو فەنابوون و قڕبوون:
ئەو زەمەنەی
ڕەوە کولـلە لە هەموو شوێنێکەوە دادەبارین
خێرا گوڵە گەنمەکان
کۆچیان کرد.
لە پاش ئەوان کانیاوەکان-
بە گۆپاڵەکانیانەوە هەڵهاتن،
بە سەر شەقامەکانی شەودا
لە ئەستێرەکان ورد دەبوونەوە
وەك ئەوەی شتێکیان بزر کردبێ.
ئەوانی دی لەگەڵ بەرمیلە خۆڵەکان
شوێنبزربوون،
ئێستا ڤایرۆسەکان
بە هەموو قەبارەیەك و
لە هەموو شوێنێ دەبینرێن
یەکێك
لەسەر سکرینەکە
هەڵنیشتووە
جارجاروەکو کرمێك سەما دەکا
دەبێتە مرۆڤێکی خەنجەر بەدەست و
لە شەودا
شاڵاو بۆ کیبۆرد، پێنووس
بۆ وجوود دێنێ،
لە سەر پێستەوە بۆ بن پێست
سەرمەوقولاتیانە
ناهێڵن کەس
ئارام چاوانی لێك بنێ
*
لەزەمەنی پەتاکانا
ڤایرۆسەکان دەیانەوێ
لەبەرزاییەکانەوە
لە جیاتی ئەستێرەکان
بدرەوشێنەوە
…………………..
ژانوێ ٢٠٢٠
تێبینی/ تکایە بۆ بینینی بەرهەمی زیاتری شاعیر تەماشای ئەم بەستەرە بکە:
www.poemhunter.com/soran-m-h/

Previous
Next
Kurdish