Skip to Content

سێ شیعری نەوزاد بەندی

سێ شیعری نەوزاد بەندی

Closed
by شوبات 12, 2020 General, Poems

دوو گڵۆپی زەرد

کەی
لە شەوێکی ساردا
لە شارێکی ساردا
دابەزین
بۆ خواردنەوەی قاوەیەک
لە کافیتریایەکی
گەڕیدەی
کەنار دەریادا ..؟!

لەیادمان بچێ
ڕوناکی ئوتومبیلەکە
خامۆش کەین ..
تیشکی زەرد
تێکەڵاو بێ لەگەڵ ھەڵمی
نیسکافە و چا دا ..

دەنگی: ( ئۆی
لایتەکان ..)
تێکەڵ بێ
لەگەڵ (با) دا ..!؟

کەی
خۆمان تێکەڵ کەین
لەگەڵ تابلۆیەکی
گرانبەھای
ئاوادا !؟
—————————————-

لە بیر چوون

دوای ئەوەی
زستانێکی زوو ..
زۆر زوو..
لە جانتاکەتا
خۆمم لە بیرچوو..
وەک چۆن لەسەر
مەغسەلەی ڕیستۆرانتێک
سەعاتی مەچەکت
لەیاد ئەچێ و
بە چرکەیەک
ئەبێتە موڵکی مەچەکێکی تر ..

ناوێرم
شەڕە تۆپەڵ بکەم
ئەترسم
ئەمجارە
لە جیاتی بەفر ،
دڵم بھاوم ..
بە چرکەیەک
ببێتە موڵکی سنگێکی تر ..
———————————————–

بەسەرچوونی مەوسیمێک

ئەمەوێ بڵێم
ئیدی تەواو ..
تەواو مەوسیمی پاسکیلی شین و
خانوو گەلێکی ڕەنگاو ڕەنگ .. تەواو..
تەواو مەوسیمی سەفەر و..
ئوتێل گەلێکی گەرم و گوڕ و
بێ دەنگ .. تەواو..

ئەمەوێ بڵێم
تەواو..
تەواو خەوبینین
بە ڕۆژێکی جیاوازەوە .. تەواو..
تەواو ، تێکەڵاو بوون
لەگەڵ کەمانچەیەکی
پڕ لە ئاوازەوە .. تەواو

نەوزاد بەندی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish