زەلکاوی بیرکردنەوە و رۆشنبیرانی نەریتپارێز … ستیڤان شەمزینی


رۆشنبیری کوردیی لە گێژاوی سۆفیزم و نەریتدا گیری خواردووە و هەناسەی سوار بووە، ناتوانێت لە دەرەوەی کۆنسێپتە ئاینیی و چەقبەستووەکان میتۆدێکی تری بیرکردنەوە دابهێنێت. زمانێکی جیاواز لەو موفرەداتە سەلەفییە بدۆزێتەوە بۆ دەربڕین و هەرواش بۆ ئەوەی ببێتە رایەڵێک بۆ گەیاندنی هزرینی نوێ. ئێوە دیقەت بدەن ئەوەی لە وتار و شیعر و رۆمان هەڕمێنی هەیە هەموو ئەو تایپەن لە نالی و مەحوییەوە درێژبوونەتەوە تاکو بەختیار عەلی و مەریوان قانیع. ئەم رۆشنبیرییەش بارگاوییە بە رۆحی عیرفان و پاسیڤیزمی ئاینیی و هاوئاوازە لەگەڵ دەنگی زیقنی مێگەل نەک برینێک بکاتە خودئەڤینی تاک و کۆمەڵگەوە، ئێمە پێویستیمان بە رۆشنبیرێکە شەبەقێکی گەورە بخاتە نارسیزمی باوەڕە باوەکانەوە نەک بەرهەمێهنەری کۆن بێت لە پاکەتی تازە و مودێرندا.
تەرزێک لە رۆشنبیری کورد، یان نووسەر، گۆڕەپانی رۆشنبیرییان پاوان کردووە، زیاد لە هەر شتێک لە بواری وشە ریزکردن، یان بابڵێین وشەسازییدا “مۆرفۆلۆجیا” کارامەن، ئەگەرنا هەگبەیان خاڵییە لە پەیام و ئاسۆیان هێندە تاریکە رووناکی هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی لێوە نابینرێت. ئەگەر رۆشنبیر تەنێ دەسەڵاتی وشەریزکردنی هەبێت بێ ئەوەی ئەو وشانە شتێک لە دنیا و دەوروبەرمان بگۆڕن، تەنیا دەمەوەرییەکەیان بۆ دەمێنێتەوە. رۆشنبیر یان نووسەری راستەقینە بەوپەڕی ژیربێژییەوە کۆنسێپتەکانی دەگەیەنێت، نەک زۆرتر لە هەر کارێک سەرقاڵی گەمەی چەمکسازیی بێت، هەموو خولیای ببێتە وتنی وشەی گەورە و نووسینی رستەی جوان، دەشێ وشە جوانەکان هەڵگری دنیایەک ناشرینی بن، بەپێچەوانەشەوە هەروا، ئەوەی گرنگە وشەکان وەک فیشەکی موختارکوژیان لێ نەیەت تەنێ دەنگێکی گەورە بن بێ پێکانی ئامانج، مەسرەفگەرایی لە بواری زماندا، دواجار لە چەنەبازیی بەولاوە شتێکی تر نییە.

رۆشنبیری کورد وەک ختوکەدەر

بە سەردەمێکدا تێدەپەڕین ئارگۆمێنت و میتۆدی زانستیی لە گووتاری رۆشنبیریی کوردییدا، کەوتۆتە دوای ختوکەدانی هەستی مێگەلی خەڵک، رۆشنبیرانی ئێمە لە باشترین حاڵەتدا شاسواری TALK SHOWن، کار لەسەر وروژاندنی سۆزی جەماوەر دەکەن، نەک لەسەر عەقڵی تاکەکەس، ئەمە هەمان ئەو شتەیە رۆشنبیرانی عەرەبیشی گرتۆتەوە، لە سۆنگەی ئەوەی هیچ ئارگۆمێنتێکیان پێ نییە بۆ رەواییدان بە هزرینیان، ناچارماون لە رێگەی جوڵاندنی ناوچەکانی سۆزی زۆرینەوە ئەوەی دەیانەوێت بیگەیەنن، هەر لەبەرئەمەش لە دنیای عەرەبیدا رۆشنبیرانی عەوامگەر دەستیان گرتووە بەسەر کایەی رۆشنبیرییدا، لە دۆخی کوردییدا قوڕەکە خەستترە، بەو پێیەی چوارچێوەی بیرکردنەوەمان لە بن کاریگەریی رۆشنبیریی ئاینیی و کولتووری عەرەبیدایە.

ئەوەشی پێی دەوترێت نوێخوازیی لە کایەی رۆشنبیریی کوردییدا، هیچی تر نییە جگە لە چەمکسازیی و گەرمکردنی بازاڕی وشەسازیی بێ ناوەڕۆک، لە راستیدا فۆرم رەت ناکەمەوە، بەڵام نابێت ناوەڕۆک بکرێتە قوربانی فۆرم، نابێت ئێمە لە بۆشاییدا بیر بکەینەوە، ئەمە ئەو دیمەنە تۆقێنەرەیە بووەتە کابووسێکی بەردەوامی من. ئەوەی “گۆران” کردی لە بواری نوێکردنەوەی شیعری کوردییدا، لە تێکشکاندنی “عەروز”ی عەرەبییەوە بەرەو کێشی “پەنجە”، دوای نزیکەی سەدەیەک چەقی بەستووە، بەو پێیەی نەوەی دوای گۆران توانای نوێکردنەوە و تێکشکاندنی ریتمی باوی شیعری نییە، ئەوەی هەیە تەنیا گەمەیەکی فۆرمالیستانەی رووتە و هیچی تر. لە بواری فیکردا، دوای مەسعود محەمەد، رەهەندییەکان هاتوون کە درێژکراوەی “روانگە”ییەکانن، ئەمان رۆشنبیریی کوردییان کردە کەلاوە و بازاڕی ساغکردنەوەی تێز و چەمکە سواوەکانی فیکری رۆژئاوایی. ئەم گروپە هێندە غەوارەن بە کۆمەڵگەی خۆیان، هەروەک ئەو رۆشنبیرە عەرەبانەی “عەلی حەرب” بە رۆشنبیرانی تاراوگەنیشین ناویان دەبات ئەگەرچی لەناو کوچە و کۆڵانی شارەکانی خۆیشیاندا بژین.

تابلۆکە زۆر لەوە کارەساتبارترە، ئێمە بە چاو دەیبینین، هەموو کاری رۆشنبیری کورد، بووەتە ختوکەدانی دەروونی زۆرینە، ئەو دەتوانێت دەروونی جەماوەر بهەژێنێت، بەڵام دەست و پێ سپییە لە وروژاندنی عەقڵییان، ئەمە شتێک نییە رۆشنبیرانی ئێمە نەیخوازن، بەڵکو لە سترۆکتۆرەوە خۆیان لە لیتاوی ترادیسیۆن و دۆگماتیزمی ئیدۆلۆژییدا چەقیون، لەبەرئەوە ناتوانن کار لەسەر عەقڵ بکەن، وەک هەر مەلایەک یان پیاوێکی تری ئاینیی کاریان وروژاندنی هەستی دەستەجەمعییە، ئەمە ئەو ئایدزەیە دووبارە و دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. رۆشنبیری کورد پرسیاری نییە، یان هەموو ئەو پرسیارانە دەوروژێنێتەوە، تێکڕا دەیزانن و زۆر کۆنتر وەڵام دراونەتەوە. تا رۆشنبیری ئێمە نەتوانێت پرسیاری تازە بکات، هیچ ئاسۆیەکی تازە لە مێشکی نەوەکانی داهاتوودا دەرناکەوێت. تاکو رۆشنبیری ئێمە عەقڵ رەت بکاتەوە و ببێتە باهۆزی عاتیفەگەرایی، کۆمەڵگەی ئێمە مێشکی هەر رۆژەی لە ژێر پێی جەلادێکدا دەپلیشێتەوە و بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت دووچاری نەخۆشی “سەندرۆمی ستۆکهۆڵم”* دەبێت، وەک لە مێژە ئەم نەخۆشییە بڕستی لە کۆمەڵگەی ئێمە بڕیوە.

رۆشنبیر وەک رووخێنەری ئارامی

فاکتێک هەیە فەیلەسووفە پۆستمودێرنەکانیش جەختی لەسەر دەکەنەوە، رۆشنبیر هیچ شتێک لە دەرەوەی گەنجینەی رۆشنبیریی ئیزافە ناکات جگە لە دۆزینەوەی تازە لەو گەنجینەیەدا، بە دەربڕینێکی تر رۆشنبیر کار لەسەر دۆزینەوەی فۆرمی نوێ دەکات بۆ هەمان ئەو ناوەڕۆکە کۆنەی هەیە. روونتر وایە بڵێم نووسەر ناوەڕۆکی تازە داناهێنێت بەڵکو فۆرمی نوێ دەدۆزێتەوە، کارەکەی وەک ئەو سەرکێشییە کۆلۆمبۆسییە وایە کیشوەرێکی تری جوگرافیای تێڕامان و بیر دەدۆزێتەوە. زۆربەی جار ئەم دۆزینەوەیە دژ بە سایکۆلۆژیای مێگەلییە، بەڵکو وەک تاڤگەی ئاگر دەڕژێتە سەر خەیاڵدانی ئەو جەماوەرە پان و بەرینەی بیرکردنەوە و مێشکیان لەژێر بەفری ئایدۆلۆجیا و ئایندا بەستوویەتی.

رۆشنبیر بوونەوەرێکە هەمیشە بیر دەکاتەوە، پرۆسەی بیرکردنەوە یەکێکە لە ترسناکترین پرۆسەکان، لە سۆنگەی ئەوەی بیرکردنەوە هەمیشە شلۆقی و نادڵنیایی دوای خۆی جێدەهێڵێت، ساتەوەختی تیۆریزەکردنی بیرکردنەوە و ئاڕاستەکردنی بە ڕووی جەماوەردا، یەکێکە لە چرکەساتە هەرە تۆقێنەرەکان، بەو پێیەی مرۆڤ بەردەوام بە دوای سەقامگیرییدا وێڵە، رۆشنبیر لەم ساتانەدا وەک جەلادێک دەردەکەوێت لە تێڕوانینی زۆرینەدا، بەو پێیەی ماڵی ئارامیی و چەقبەستوویی ئیدۆلۆژیی “الجمود العقائدی” لێ تێکدەدات، هەروەک چۆن ماڵ شوێنێکە بۆ سەقامگیریی و ئارامی مرۆڤ، بەهەمان شێوە دۆگماتیزمی فیکریی رووبەرێکی ئارامە بۆ مێشکی مرۆڤ، ئەمە هەموو لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆگییەکان هاوڕان لەسەری، ئەوکاتەی رۆشنبیر بە چەکی بیر و رەخنەی نوێ دژ بەو دڵنیاییەوە دەوەستێتەوە و هەوڵی رووخاندنی ئەو ماڵە ئارامە دەدات، دەبێت کائینێکی نەفرەتلێکراو لە تێڕوانینی زۆرینە مێگەلەکەدا.

بیرم نییە، کام لە بیرمەندەکان بوو جارێک نوسیبووی: نووسین ژەهر و تریاکە. باوەڕم وایە ئەو بەپێزترین پێناسەی پرۆسەی نووسینە، لەبەرئەوەی نووسین ژەهرێکە دژی ئارامیی دەروونی و عەقڵیی، هەمیشە مرۆڤ لە باری جێگرییەوە دەباتە دۆخی رارایی و بەدگومانی. وەک ئەوەی “سلۆتەداریک”یش هەمیشە جەختی لێ دەکاتەوە “هیچ شتێک هێندەی ژەهر دژە ژەهر نییە”. لە کۆتایشدا داهێنان و پێشکەوتن بەرهەمی عەقڵە نادڵنیا و راڕاکانە، نەک مێشکە مەییووەکان. رۆشنبیریی دەبێت وەک شمشێری “دیموکلیس” مرۆڤ لەسەر نادڵنیایی رابهێنێت، راهاتن لەسەر دڵنیایی داخستن و قفڵدانی عەقڵە، رۆشنبیریش بوونەوەرێکی هەستەکی نییە، بەڵکو لە بەرزرترین راددەدا عەقڵانییە، رۆشنبیر هەمیشە لە خەباتدایە بۆ ئەوەی مێشکی قەوزە نەیگرێت و بەردێکی مەعریفیی هەڵبداتە گۆمی مەندی دڵنیاییەوە، نەیزەکێک بێت لە ئاسمانی بیرەوە بکەوێتە خوارەوە، شاری ئارام و جەقبەستوویی بروخێنێت، لەم کاتەدا رۆشنبیر رووخێنەرە لە پێناوی بیناکردنەوەدا، ئەمە هەمان تیۆری فەوزای خەلاقە کە لە ئەفلاتۆنەوە دەستی پێکردووە و ئێستاش لە بواری سیاسییدا ئەمەریکا پەیڕەوی لێ دەکات.

رۆشنبیر وەک نەفرەتلێکراو

ئەدۆنیس، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات “وتنی راستی لە زەمەنی سوکراتەوە ترسناک بووە”، بەو پێیەی باجەکەی مردنە، مەرجیش نییە هەموو کات ئەو مەرگە رەهەندی فیزیکی هەبێت، بەڵکو بە دەربڕینی ئەدۆنیس “لانیکەم مردن لە رووی کۆمەڵایەتییەوە”. ئەو کاتەی رۆشنبیر داکۆکی لەو راستییانە دەکات، پێچەوانەی مەیلی زۆرینە یان باوەڕە دۆگمە باوەکانە، بەر نەفرەت دەکەوێت. کاری رۆشنبیریی ئیشێکی ئیبلیسیانەیە، چوون لە بری یەقین گوومان لەسەر هەموو شتێک دروست دەکات، لە بری وەڵامی کۆنکرێتی سەدان پرسیاری تر بە ئاوەڵایی جێدەهێڵێت. لە راستیدا کاتێک ئێمە باسی چەمکی رۆشنبیر دەکەین، تەنیا ئەوانەمان مەبەست نییە سەریان بەسەر کتێبدا شۆڕ کردۆتەوە و پەیوەندییان بە واقیعەوە نییە، ئەمانە زیاتر عارفن وەک لەوەی رۆشنبیر بن، مەبەست لە هەر کەسێکە بۆچوونێکی تازە یان بیرۆکەیەکی ناباوی هەبێت کار لە ئەندێشەی مرۆڤ بکات.

رۆشنبیرێک زۆرینە بەدڵیان بێت، یان خۆشەویستی هەموو لایەک بێت، جێی گوومانە، لەو سۆنگەیەی ئەو خۆشەویستییەی لەسەر حیسابی راستیی و شاردنەوەی بڕێک لە هەقیقەت دروستکردووە. رۆشنبیر لە هەر کایەیەکدا کار بکات، مرۆڤێکی بە نەفرەتکراوە، کۆمەڵگە هەمیشە لە رۆشنبیرە جیددییەکان دڕدۆنگە، چوونکە کاری ئەو هەروەک هاواری منداڵە لاسارەکەی شانۆگەرییەکی “ئەپسن” وایە کاتێک هاواری کرد پاشا رووتە، ئەو تەنیا دەنگێک بوو لاساریی کرد و بە پێچەوانەی سەدای حەشاماتێکەوە راستییەکی ساکاری درکاند، لێرەدا ئەم منداڵە وەزیفەی رۆشنبیریی بەجێدەهێنێت. بە مانایەکی تر رۆشنبیر ئەو کەسەیە بە گوتنی راستیی درز دەخاتە خودئەڤینی زۆرینەوە، خوێ دەخاتە سەر برینەکان، گوومان لە پیرۆزییەکان دەکات، هەوڵ بۆ دروستکردنی دنیایەکی نوێ دەدات لەسەر جەستەی ئەو دنیا باوەی زۆرینە تێیدا چەقیون، لێرەوەیە رۆشنبیر بە تەنیا بەر نەفرەتی دەسەڵاتداران ناکەوێت، بەڵکو پێشوەخت بەر نەفرەتی زۆرینەی کۆمەڵگە دەکەوێت. لە نموونەی ژەهرخواردکردنی سوکراتدا ئەم فاکتە بە روونی خۆی دەردەخات.

نیچە لە “وەهای گوت زەردەشتدا” بە روونی دەڵێت “من ناگەرێمەوە بۆ لای ئێوە، تاکو هەمووتان نکۆڵیم لێ نەکەن”. ئەوەش لەبەرئەوەی “هەقتان پێ دەڵێم”. دروست ئەمە وێنای رۆشنبیرە لە هەموو ساتەوەختە مێژووییەکاندا، کە بەر نەفرەت دەکەوێت، وێنایەکی قێزەون و تا ئەندازەیەک گاڵتەجاڕانەی بۆ داتاشرێت لە مێشکی خەڵکدا، رەنگە خەڵک هەر خۆیان دروستکەری ئەو وێنەیەش بن. لە نەفرەتکردن لە رۆشنبیراندا هەموو هێزەکان کۆکن و بەشێوەیەک لە شێوەکان پێک دەگەنەوە، بەو پێیەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئاینیی هەموو تەبان لە نەفرەتکردن لە رۆشنبیراندا. دیقەت بدەن چۆن “کۆپەرنیکۆس” کاتێک برینێکی قووڵ دەکاتە نارسیسزمی مرۆڤەوە، بەوەی زەوی چەقی گەردوون نییە، چۆن بەر نەفرەت دەکەوێت، لە کاتێکدا ئەوەی ئەو وتی راستییەکی زانستی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام لەو چەرخەی ئەوی تێدا دەژیا ئەم راستییە نەک باوەڕی پێ نەدەکرا، بەڵکو بەر نەفرەتیش کەوت. ئەوەی تازە بێت، سەرەتا قورسە، وەک پەندە ئەڵمانییەکە دەڵێت “هەموو دەستپێکردنێک قورسە”. رۆشنبیر فیکری تازە دادەهێنێت و دەسپێکێکی نوێ دروست دەکات. ئاخر زۆرجار ئەوەی رۆشنبیر دەیکات بۆ خۆیشی لە بەهاکەی تێناگات، هەروەک چۆن کۆلۆمبۆس بەوەی نەزانی ئەمەریکای سەرزەمینی هێز و ئەفسانەکانی دۆزیوەتەوە.

لەم سۆنگەوە باوەڕم وایە ئەو رۆشنبیرەی لەئێستادا زۆر ستایش بکرێت بەرگەی مێژوو ناگرێت، بە پێچەوانەوە ئەو رۆشنبیرەی لە هەنووکەدا دژایەتی بکرێت شاسواری مێژووە و ئایندە دەبێتە موڵکی ئەو. نیتچە پێداگریی لەوە دەکرد هەموو شتە جوانەکان رۆژێک لە رۆژان ناشرین بوون. ئەو رۆشنبیرەی لە هەنووکەدا بەر نەفرەت بکەوێت، داهاتوو باوەشی میهرەبانانەی بۆ دەکاتەوە، پێچەوانەکەشی هەر راستە.

وەڵامێکی نوێ بۆ پرسیارێکی کۆن

هەمیشە ئەو پرسیارە بۆتە پرسیارێکی جیددی کە بۆچی رۆشنبیریی کوردیی زۆر لۆکاڵییە و تەنانەت ناتوانێت سنووری گشت کوردستان بگرێتەوە و ببێتە رۆشنبیرییەکی کوردستانی؟ بۆچی ئەو پرنسیپە هێشتا بەسەر بوارە ئەدەبییەکەشماندا پراکتیس نەبووە کە جەخت لەوە دەکاتەوە هەر دەقێکی یونیڤرسال پێش هەر شتێک تەواو لۆکاڵییە؟. هۆکارەکەی جیا لە نەبوونی زمانێکی ستاندەر و لە ئارادا نەبوونی دەوڵەتی کوردستان و تاڵانکردنی ژێرخانی رۆشنبیرییمان لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، دەمەوێت هێما بۆ دوو هۆکاری ناوەکی تریش بکەمە کەم تا زۆر بۆ بەرسڤی ئەو پرسیارەی لای سەرەوە دەست دەدەن.

یەکەمیان، هەمیشە نەتەوە سەردەستەکان هەوڵیاندا کەسێتی مەعنەویی تاکی کورد تێکبشکێنن تا سنووری ئەوەی هەست بە زەبوونی خۆی بکات، بەردەوامیش بە چاوێکی نزمتر لە خۆی بڕوانێت کە تەریب بێت لەگەڵ کولتووری سەردار و رەعیەتدا. ئادلەر پێیوایە زۆرینەی جار داهێنانی گرێی خۆ بەبچووک زانینە، بەڵام ئەم گرێی خۆ بەکەم زانینەی کورد تاکە شتێکی بەرهەمهێناوە ئەویش مرۆڤێکی پاسیڤی ئیستهلاکییە، تاک و تەراش نەبێت ئەو کائینەی لە دنیای ئێمەدا بە رۆشنبیر دەناسرێتەوە لەنێو هەمان زەلکاودا لە دنیا دەڕوانێت.

دووەمیان، کێشەکە زۆر ناوەکییە و پەیوەندیی بە بچووکی خەیاڵدان و بەرتەسکی ئەو تاکەوە هەیە ناوی رۆشنبیری کوردە. ئاخر رۆشنبیرانی ئێمە هێشتا بازنەی بیرکردنەوەیان هێندە تەسکە بە ئاستەم دەتوانێت بچێتە دەرەوەی شار یان ئەو ناوچانانەی تێیاندا دەژین لە رووی جوگرافییەوە.
رۆشنبیریی جیهانی کەسێکە لە ناو گوند یان شارەکەی خۆیەوە لە جیهان تێدەگات بەڵام باسی کۆمەڵگەکەی خۆی دەکات، هەر دیاردەیەکی رۆشنبیریی لۆکاڵی نەبێت قابیلی ئەوە نییە ببێتە جیهانی، ئەگەر وەک ئارگۆمێنتێک پەنا ببەینە بەر نموونەی هۆلیۆد رەنگە کۆمەکمان بکات بۆ روونکردنەوەی زۆرتری قسەکانمان. ئەدەبی کوردیی نموونەی دەقی وەهای تێدایە بکرێتە دەقێک سنووری کوردستان ببڕێت، بەڵام گرێی خۆ بەکەمزانین و بێ نرخ سەرنجدانی بەرهەمی خۆماڵی هێشتا نەیهێشتووە ئەو کارە بکەوێتە سەر پێ. ئەم نموونە دەکرێت گشتاندنی بۆ بکرێت بەسەر کایەی سیاسیی و ئابووریشدا.

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

*سەندرۆمی ستۆکهۆڵم، نەخۆشییەکی دەروونییە ئەو کەسانە دەگرێتەوە عاشقی جەلادەکەی خۆیان دەبن.