Skip to Content

تــوانەوە  …  شەماڵ ڕەشید

تــوانەوە … شەماڵ ڕەشید

Closed
by شوبات 16, 2020 General, Poems



دەتوێنەوە شـــاخە سەهۆڵینەکان
لە تـــاوی هەتاو نــا
بەدەنگــی بــۆمبــاکان
بە گــەرمی تەقینەوەی ناپاڵمەکان
بە گــڕی کارخانەکان
بە ئاهــی گەرمی هەژارەکان
دەتوێنەوە شــاخە سەهۆڵەکان

ورچێکی ســپی
بــاوەشێنی بێچوەکانی دەکات لەناو شاخەسەهۆڵەکاندا
بەتریقێک جلەکانی بەری داکەندوە
هێلکەی نەوڕەسەکان پیس بوون لە گەرمادا
فلامینگۆکان بەقرچەی دڵی سەهۆڵەکان سەماناکەن

زەوی گــەرمایەتی
سکی دەچێت توشی ڕشانەوە بووە
دەپژمێت کۆکە ڕەشەیەتی
زەوی سکی بەتاڵ بووە تەوە لە وزە
کچێکی نەخۆشه
لاواز لاواز سێبەرەکەیشی نایناسێتەوە
لەلایەک پرچی دەسوتێت
لەلایەک ئەستێرەکانی دەکەونەخوار
دڵی لەسەدلاوە کون بووە
مەمکێکی توشی شێرپەنجەبووە
مەمکێکی دەیان زوحاک لمۆزیان تێ چەقاندوە

کچێکی باریکەلەی نەخۆشە زەوی
دەیان پەرستاری درۆزن
جوانکاری بۆدەکەن چاوی ڕەنگ دەکەن
مانگ دەخەنە سەر ڕوخساری
پرچی دەستکردی بۆ دادەنێن
ئەو هەر زەرد و زەرد و زەرد هەڵدەگەڕێ
نوزە نوز لەژێر لێوەوە گۆرانی بۆ گۆڕە
زەبەلاحەکەی دەڵێ

زەوی ئاوسە
بەکارەسات لەمانگی حەوتەمیدایە
دەڕوات و دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە
خوێنی لەبەر دەڕواو بێزوو بە مەرگەوە دەکات
هێز دەداتە بەر خۆی و بەراویتە نابێت
ماویەتی و لەدوا ساتەکانی
دوو گیانیدایە

شاخەکان دەتوێنەوە بەفری ڕەش دەبارێت
دۆلفینەکان میهرەبانیان دەگۆڕنەوە بە ڕق
نەهەنگەکان نافیشکێنن
قرشەکان کەڵبەکانیان دەسوون
شێرەکانی دەریا
شوێنێکیان نەماوە بۆ خلیسکانێ
سەگەکانی دەریا دەگرین بۆ توانەوەی سەهۆڵەکان

ئێمە بێ باکانە سەیری توانەوەی ڕۆحمان دەکەین
سەیری توانەوەی دایکمان دەکەین
سەیری ناکەین
چاومان دەگرین
سەیری ناکەین
گوێمان دەگرین هەتا هاڕەی وردبوونی خۆمان نەبیستین
ئێمە شاخەسەهۆڵەکانمان تواندەوە
هێندە چاوچنۆک بووین
شاخە سەهۆڵەکان یەک جار دەمرن
شاخە سەهۆڵەکان کەتوانەوە هەمووشت غەرقی
توڕەی خۆیان دەکەن
یەک جار هەلی ترمان نادەنەوە
یەک
جار
و
بــەس
ــــــــــــــــــــــــ
شەماڵ ڕەشید

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish