Skip to Content

کۆمۆنیزمی کرێکاری و کێشەی حزب-18- … ئاسۆ کمال

کۆمۆنیزمی کرێکاری و کێشەی حزب-18- … ئاسۆ کمال

Closed
by شوبات 16, 2020 General, Opinion, Slider


حزب وەک میتافۆری کارەکتەرێکی ئەفسانەیی
بەشی ١٨ لە کتێبی “کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم” لە نوسینی ئاسۆ کمال

باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم لێکۆڵینەوەدا پێویستە لەبەرئەوەی کە ؛
یەکەم؛ نمونەیەکمان دەداتێ لە تێگەیشتن و کارەکتەری کۆمۆنیزمی کۆتایی سەدەی بیست، کە ڕەخنەی لە کۆمۆنیزمی سۆڤیەت و چین هەیە و خۆی وەک کۆمۆنیزمی کرێکار پێناسە دەکا. حزب لەم کۆمۆنیزمەدا مەسەلەیەکی پرۆبلماتیک و گرێییە. ئێمە بە لێکۆڵینەوە لەم کێشەی حزبە دەتوانین پەیوەندی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم بە مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە بناسین. هاوکات لە کێشەکانی ئەم هەوڵانە تێبگەین کە کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکان لە سەدەی بیستدا داویانە بۆ دروستکردنی کۆمۆنیزمێکی نوێ. ئەم هەوڵانە چونکە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی مێژووی بەلشەفیزم و جۆرەکانی تری سۆشیالیزمی دەوڵەتیدا بوە هەمان تێگەیشتنیان لە خەباتی چینایەتی و حزب داوە بەدەستەوە و بەم پێیەش نەیانتوانیوە لەو چوارچێوە مێژوویی و فکریەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی تێپەڕن، کە لەبەشەکانی پێشودا باسمان کرد.
دووەمیش؛ باسکردن لە کۆمۆنیزمی کرێکاری باسکردنە لە مێژووی چوار دەیەی چالاکی سیاسی ئێمە لە کوردستانی عێراق . دەمانەوێ دەرس و تەجروبە و تێگەیشتنی خۆمان لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بخەینەڕوو تا بزانین کێشەکانی ئەم کۆمۆنیزمی سەردەمە لەچیدایە و سەرچاوەی بێ توانایی و لاوازی و کەم کاریگەری ئەم چالاکیە سیاسی و جەماوەریانەمان لە چیدابوە لە ململانێ لەگەڵ حزبە ناسیونالیستە سەرمایەدارەکانی کوردستاندا.
بەشێوەیەکی شەخسی من وەک بەشدارێکی ئەم بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە کاتێک باسی کێشەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەکەم، ئەمە ڕەخنەیەکە لە بۆچونەکان و پراتیکی شەخسی خۆشم. بەڵام لە لێکدانەوەکانم لەم کۆمۆنیزمەدا بێلایەنیەکی زانستیانەم ڕەچاوکردوە .بێگومان ڕەخنەگرتن لەکارێک کە سێ دەیە خەریکیم ئاسان نیە ، بەڵام فاکت و زانست دەموچاوێکی شەخسی نیە، و یۆنیڤێرساڵە.

کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ئێراندا

لە پەیوەند بە کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە لە ئێراندا ، ئێمە باسی مەسەلەیەک دەکەین کە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوەکانی ئێمەوە ، کە ئەویش باسی حزبە. لێردەدا باسی دەوڵەت ناکەین چونکە ئەم کۆمۆنیزمە لە ئێران و عێراقدا بەدەسەڵات نەگەیشتوە، یان نەبوە بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە مەسەلەی دەوڵەتی لە ئەجێندادابێت. هەربۆیە وەک لە باسی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیزم باسی دەوڵەت و سیاسەت و کارەکانی ئەوانمان لە ئاستی کۆمەلآیەتی و جۆری دەوڵەتدا کرد لێرەدا جێگای باسی دەوڵەت لەئارانیە. تەنیا باسی جۆری ئەم حزبە و جێگای ئەم حزبە لە تێگەیشتنی مەنسور حیکمەتدا، کەکۆمۆنیزمی کرێکاری کە وەک کۆمەڵێک بیروبۆچونی تایبەت بە ئەو خۆی ناساندوە ،وە هەروەها پەیوەندی ئەم حزبە لەگەڵ چەپێک کە لە ئێراندایە دەکەین. چەپ واتە ئەو ڕیکخراو و گروپانەی لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێراندا بوون و دەوری بەکردەوە و چالاک بوو لەڕوخانی شادا، لە ڕیگەی مانگرتنە کرێکاریەکانەوە پەیوەندیان بە کرێکاران و شوراکانەوە لەکاتی شۆڕشی ئێراندا.

بەپێی بۆچونەکانی مەنسور حیکمەتیش کێشەی سێ دەیەی سەدەی بیستی ئەم جۆرە لە کۆمۆنیزم بریتی بوە لە دوو کێشەی سەرەکی یەکەمیان دروستکردنی حزبی سیاسی و دووەمیان خۆجیاکردنەوە لەچەپ.
مەنسور حیکمەت دوای سێ دەیە لەکۆنگرەى سێهەمدا لە ساڵی ٢٠٠٠دا دەڵێ:” هاوڕێیان ! ئێمە دەمانەوێت “حزبی سیاسی “پیک بهێنین و باوەڕتان بێت کە تائێستا پیکمان نەهێناوە، خەریکە پێکی دەهێنین.. ئێمە دەبێت یەک ” حزبی سیاسی”دروست بکەین. حزبی سیاسی کلیلی مەسەلەکەیە.”.. ” بەبڕوای من لەم ڕێڕەودا زۆر چوینەتە پێشەوە ، دەوریەک کە ئێمە لەچەپى تائێستامان گرتوە زۆرە. بەداخەوە هێشتا زیاتر لەوان نزیکترین. هێشتا بەداخەوە زیاتر لەو چەپە نزیکترین تا لە ئەرکەکانمان.”*1

پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە بۆچی پاش سێ دەیە ئەم بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە ناتوانێ حزبی سیاسی دروست بکا؟ ئایا کێشەکە لە کوێدایە؟
کێشەی تێگەیشتنی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە حزب و بێ توانایی لە دروستکردنی حزبی سیاسیدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە لە ڕێگەی شیتەڵکردنی پرۆسەی ٤٠ ساڵەی دروستکردن و جیابونەوەی حزب و گروپەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و هەروەها پەیوەست کردنەوەی ئەم کێشەیە بە سەرچاوە مێژوویەکەی کێشەی کۆمۆنیزمی سەردەم، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بەشێکە لێی.
ئەم بزوتنەوەیە سەرەتا پرۆسەی گەڕانەوەی بۆ “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ”ی دیاری کرد بۆ خۆجیاکردنەوە لە چەپی پۆپۆلیست و ریڤیژینست،وە بەم هەنگاوە هەم بە بەرنامە و هەم بە حزبی کۆمۆنیستی ئێران گەیشت.
بەڵام پاش ماوەیەک ئەم خۆجیاکردنەوەیەی بە کافی نازانرێ و لە ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیستدا دیسانەوە خۆجیاکردنەوەی لە ناسیونالیست و چەپی هەڵبژارد تاکو بە کۆمۆنیزمی کرێکاری گەیشت.
بەڵام دوای ماوەیەک ئەم بەرنامە و حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەش نەیتوانی لە چەپ ڕزگاری بکا و دیسانەوە بانگەوازی گەیشتن بە حزبی سیاسی کرد.

لەکاتێکدا بڕیاربوو بە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕاگەیاندنی ئەو حزبە ، وە دواتر بە بەرنامەی دنیایەکی باشتر و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، وەڵامی کێشەی دابڕان لە چەپی پێبدرێتەوە.
بەڵام دەبینین دیسانەوە هەمان دیاردەی چەپ بەردەوامە، وە تا کۆنگرەی سێهەمیش هەروا نیشان دەدرێ کە چەپ لەناو کۆمۆنیزمی کرێکاریدا لە سونەت و پراتیکدا ماوەتەوە.
دوای مەنسور حیکمەتیش ئەم پرۆسەی جیابوەنەوە ناو خۆیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەمووی ناوی پرۆسەی سیاسی بونەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری و گەیشتن بە حزبی سیاسی و جیابونەوە لە چەپ وەردەگرێ. ئەمە پرۆسەیە تا ئێستاش بەردەوامە و بێ کۆتاییە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەم پرۆسەی ڕۆشنبونەوە و جیابونەوەی لەچەپ کە ٣٠ ساڵە دوبارە دەبێتەوە، بەرئەنجامی چ دەرک و تێگەیشتنێکە لە حزب؟
پێویستە بزانین ئەم سوڕانەوە لە بازنەی بەتاڵی حزب و چەپدا لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ و ئێستا بە کوێ گەیشتوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ سەیری ئەو مەسەلە سیاسی و کێشانە بکەین کە خەباتی چینایەتی لە ئێران لەگەڵی بەرەو ڕوبوە، وەک شۆڕشی ١٩٧٩ ئێران و مەسەلەی کۆمەڵە و خەبات دژی جمهوری ئیسلامی. ئێمە لەبەراورد بەم مەسەلە و دیاردە کۆمەڵایەتیانەی خەباتی چینایەتی دەتوانین لە ناوەرۆکی ئەم هەوڵانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری تێبگەین و هەڵیسەنگێنین. لێرەدا پابەندین بەو تێڕوانینە ماتریالیستە کە،بزوتنەوەکان دەبێ بەپێی ئەوەی لە واقیعدا چین هەڵیانسەنگێنین نەک بەپێی ئەوەی چی لەسەر خۆیان دەڵێن.

شۆڕشی ئێران

“شۆڕشی ١٩٧٩ کە ڕژێمی شای ئێرانی ڕوخان، تاڕادەیەکی زۆر مەزنترین شۆڕشی هەفتاکانە، وە بە ناونیشانی یەکێک لە ترسناکترین شۆڕشەکۆمەڵایتیەکانی سەدەی بیست دەچێتە مێژووەوە..پیاوانی دینی ئیسلام تیایدا بەشێوەیەکی ڕیکخراو لە باری سیاسیەوە چالاک بون،وە جێگایەکی کۆمەڵایەتی بێ وێنەیان هەبوو لەچاو هەرشوێنێکی تری دنیای ئیسلامی و تەنانەت لە چوارچیوەی مەزهەبی شیعەشدا..هاوکات توخمێکی نوێی ئەم شۆڕشەش مۆرکی ئایدیۆلۆژیەکەی بوو کە شکڵێکی “چەپ”ی سێکۆلار ،وە بەتایبەت سۆشیالیست و کۆمۆنیستی هەبوو، وە دەوری ئەم چەپە تەقلیدیە ئامادەبوو بەکردەوە و چالاک بوو لە ئێراندا، دەوری لەڕوخانی شادا، لە ڕیگەی مانگرتنە کرێکاریەکانەوە بۆ نمونە، بە هیچ شێوەیەک کەم نەبوو.”*2
سەرەڕای ئەم هێزە کۆمەڵایەتیەی چەپ و کرێکاران و ئامادەییان لەم شۆڕشەدا بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێ دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێ و چەپ و کرێکاران سەرکوت دەکرێن. شکستی چەپ و کرێکاران شکستی هەموو ئەم بزوتنەوەیەیە ، بەهەموو گروپ و حزبەکانیەوە.

کۆمۆنیزمێک لە ساڵی ١٩٧٩ ئێراندا دەیتوانی پێشڕەو بێ کە بەر بە دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی ئێران بگرێ، نەک خاڵی جیاکردنەوەی تیۆری خۆی لە چەپی ئەوکات دیاری بکا. بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەو دەورەیەدا شکستی هێنا، نەک لەبەرئەوەی کە تیۆری ماوی و سۆڤیەتی بەسەریدا زاڵ بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی خاوەنی ئەو خۆوشیاریە سۆشیالیستیە نەبوو، چ لە نێو گروپی ڕۆشنبیرانی و چ لە نێو جەماوەری کرێکاراندا، کە دەبێ هەموو توانای شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و گروپە ڕۆشنبیرە چەپەکان بخرێتەکار بۆ تێکشاندنی دژە شۆڕش کە جمهوری ئیسلامی و خومەینیە.

ئایا کۆکردنەوەی ئەو هێزەی چەپ و کرێکاران دژی جمهوری ئیسلامی نەیدەتوانی ببێتە حزبێکی گەورە کە بتوانێ ڕێگە لە شکستی شۆڕش بگرێ؟ ئایا وەک کۆمۆنارەکان سەرەڕای بیروڕای جیاوازیان نەیاندەتوانی دژی بورژوازی بۆ٧٠ ڕۆژ دەسەڵاتی شوراکان دامەزرێنن؟ ئایا ئەم تێگەیشتنە لە کۆمۆنیزم و خەباتی چیانیەتی و ئەم ئەرکی شکست پێهێنانی ئیسلامی سیاسی لە دەستوری کاری هیچ گروپێکدا هەبوو؟
بێگومان نا، سەرەرای ئەوەش هەرکام لە گروپەکان ئەم نایەکگرتوویی و جیابونەوەیان بەشێوەیەک لێک دەدایەوە و پاساویان بۆ دەهێنایەوە و دواتریش کاریان بۆ تەجسیدکردن و مانەوەی دەکرد.ئەمەش هۆکاری شکستی شۆڕش بوو لە ئێراندا و دواتریش ئەم شکستە کاریگەری لەسەر مانەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی کۆمۆنیستی لەپەرژوبڵاوی و ناکاریگەریدا دانا.

حیکمەتیزم، یان “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ”ی “یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست”، وەک یەکێک لەو گروپە چەپانەی ئێران، تێگەیشتنی لە شۆڕشی ئیران ئەوەبوو کە “چینی کرێکار ڕیزی سەربەخۆی خۆی ڕیک نەخست لەشۆڕشدا و لە گشتدا بە ملکەچی بۆ چینەکانی تر هاتە مەیدانی شۆڕشەوە” *3.
کاتێک باسی ئەم ڕیزە سەربەخۆیەی چینی کرێکاریشی دەکرد ، مەبەستی ڕیزی سەربەخۆی حزبێک بوو کە لەڕێگەی خەباتێکی ئایدیۆلۆژی گروپێکەوە بەدەست دێت “خەبات بۆ سەربەخۆیی ئایدیۆلۆژی-سیاسی چینی کرێکار، پێش هەرشتێک خەباتە بۆ حزبی سەربەخۆی چینی کرێکار واتە حزبی کۆمۆنیست.”* 4
لەبەرئەوەی حزب لەم تێگەیشتنەدا تەنیا “نوێنەری ڕیکخراوی کۆمۆنیزمە وەک ڕەوتێکی جیاواز و دیاریکراو لە بزوتنەوەی کرێکاریدا” * 5 .کەواتە سەربەخۆیی ئەم حزبە واتە سەربەخۆیی ڕەوتێکی جیاواز لە چینی کرێکاردا. تەنیا ئەم ڕەوتە دیاریکراوەش بە کۆمۆنیست ناسرا کە لەڕیگەی خەباتێکی ئایدیۆلۆژیەوە دەستی کرد بە “خۆجیاکردنەوەی تیۆریمان لەگەڵ پۆپۆلیزم هەبوو”6 .بەم شێوەیە ڕیزێک دروست بوو کە ، “ناسنامەیەکی سەربەخۆی هەبوو کە لە بزوتنەوەکەدا وەک ئاڵاهەڵگری خەبات دژی پۆپۆلیزم”7.

کەواتە ئەمە حزبێکە کە تەنیا لایەنگران و ئاڵاهەڵگرانی دژی پۆپۆلیستی لەخۆ دەگرێ! بەم “بەرنامە”یەش سەربەخۆیی بەدەستهێناوە و خۆی جیاکردۆتەوە لە باقی گروپە چەپەکانی تر کە “پۆپۆلیستن” و ” لەشۆڕشدا چینی کرێکار مل کەچ دەکەن بۆ چینەکانی تر” و نوێنەری وردەبورژوازین. بەم خۆجیاکردنەوەیەش سەربەخۆیی چینی کرێکار، کە خۆی لە سەربەخۆیی حزبی کۆمۆنیستدا دەبینێتەوە، بە ئەنجام گەیشت!
بەڵام ڕەخنە و ڕۆشن بونەوەی مەنسور حیکمەت و گروپی “یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست” لەباری تیۆریەوە، وە “خەباتی ئیدیۆلۆژی و سیاسی” ئەم ڕەوتەی “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ” نەیتوانی بەر بەو شکستە سیاسیەی کرێکاران و چەپ لە شۆڕشی ئێراندا بگرێ و هیچ دەورێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەبوو لە ڕوبەڕوبونەوەی جمهوری ئیسلامی ئێراندا.
پیکهێنانی حزبی کۆمۆنیست کاتێک ئەم گرنگیەی پەیدا دەکرد کە ئەم حزبە هەموو ئەم هێزە شۆڕشگێڕانە کۆبکاتەوە، نەک گروپێک لە دەوری بەرنامەیەک دروست بکا و ئەم بەرنامەیە بکاتە خاڵی جیاکردنەوەی لە گروپەکانی تر. بەرنامەی کۆمۆنیستی بریتیە لە کۆکردنەوەی هەموو هێزی چینەکە نەک کۆمۆنیستەکانی خاوەن یەک خەت و یەک بەرنامە. لە شکستی شۆڕشی ئێراندا دروستکردنی حزبێک لەو کەس و گروپانەی باوەڕیان بە “بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی ئێران” نەیتوانی هیچ لەو شکستەی شۆڕش بگۆڕێ و بەم پێیە لە خەباتی چینایەتی ئەو دەورەیەدا هیچ دەورێکی سەرەکی نەگێڕا. ئەم گروپەش وەکو باقی گروپە چەپەکانی تر سەرکوتکرا و خرایە کەنارەوە.

بەڵام لە کاتێکدا کۆمەڵگە و شۆڕش و کرێکاران پێویستیان بە بەرەیەکی کرێکاری و چەپی شۆڕشگێڕ بوو بەرامبەر بە ئیسلامی سیاسی و خومەینی، ئایا ئەم ئەنجامگیریەی خۆجیاکردنەوە لەچەپ دەورێکی سلبی نەگێڕا؟ ئایا باقی گروپە چەپەکانی تریش هەر بەهەمان شێوە بیرکردنەوە لە خۆجیاکردنەوە لە چەپەکانی تر، هەمویان پێکەوە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپیان بەرامبەر بە جمهور ئیسلامی چەک نەکرد؟
ئەمە ئەو شتەیە کە ئەنگلس دەڵێ” کردارەکان خاوەن ئامانجێکی تاڕادەیەک خوازراون، بەڵام بەرئەنجامێک کە لەو کارانە دەکەونەوە، بەتەواوی نەخوازراون.” * 8.

بێگومان ڕەخنە تیۆریەکانی مەنسور حیکمەت لە ئەفسانەی بورژوازی میللی و کارکردن بۆ ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران دژی بورژوازی دروستە، و باقی کۆمۆنیستەکانی پێش ئەو ، وەک ترۆتسکی لەڕەخنە لە کۆمێنتێرن ، وە ڕۆزا لۆکسبۆرگ و پانەکۆک لەسەر ڕیزی سەربەخۆ و شوراکانی کرێکاران ئەم بابەتە تیۆریانەیان نوسیوە. بەڵام یەکەم ؛ ئەمانە تیۆرێکن و پیویستە ئەنجامگیری سیاسی لێ بگیرێ و بەتایبەت لەکاتی شۆڕشی ئێراندا ئەم ئەنجامگیریە سازکردنی بەرەیەکی سیاسی لە هەموو چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاران بوو. دووەم ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران لە شۆڕشدا تەنیا بریتی نیە لە گروپێک کە بەرنامەیەکیان قبوڵ بێت، بەڵکو ڕێکخستنی خەباتی چینێکە بە هەموو بەش و گروپەکانیەوە دژی چینی بورژوازی بەهەموو لق و حزب و ناوەندە ئایدیۆلۆژیەکانیەوە. وەک مارکس وتەنی؛” هەر هەنگاوێکی عەمەلی کە بزوتنەوەی فیعلی دەینێ، گرنگترە لە دەرزەنێک بەرنامە. کەزانرا ناتوانین بەرنامەی ئیزیناخ( کە باوەڕم وایە بەهیچ شیوەیەک بەکەڵک نایە و ڕۆحیەتی حزب تێک دەدا) تێپەڕینین – هەلومەرجەکە ڕیگە بەمە نادات- پێویست بوو کە ڕیکەوتن بکەین، لانی کەم لەپێناو کارکردن دژی دوژمنی هاوبەش.”* 9
بەڵام ئەم سیاسەتە لای مەنسور حیکمەت و “یەکێتی تیکۆشەرانی کۆمۆنیست” و گروپە چەپەکانی تر نەبوو، بەڵکو ئەم تیۆریانەی حیکمەتیزم بۆ خۆجیاکردنەوە لە چەپ و کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی تر بوو کە هێشتا پەیوەست نەبوبون بەم “خەباتە ئیدیۆلۆژی و سەربەخۆییە تیۆری و “بەرنامە”ییەوە.
چۆن ڕاستی یان نادروستی ئەم تیۆریانەی خۆجیاکردنەوە لە چەپ یەکلایی دەکرێنەوە؟
“پرسیاری ئەوەی ئایا ڕاستیەکی ئۆبژەکتیڤ دەگەڕیندرێتەوە سەر بیرکردنەوەی مرۆڤ ، پرسیاری تیۆر نیە بەڵکو پرسیارێکی پراتیکیە”*10.
مەسەلەی سەربەخۆیی چینی کرێکار و شۆڕش دژی دەسەڵاتی بورژوازی وەک ڕاستیەک ، مەسەلەیەکی ئایدیۆلۆژی نیە و بەڵکو پراتیکە و پراتیکیش هی گروپیک نیە بەڵکو سەرجەم چینەکەیە. لە کاتێکدا ئەم ڕاستیە تیۆریانەی “سەربەخۆیی چینی کرێکار و خەبات دژی جمهوری ئیسلامی پێویستی بە خۆجیاکردنەوەی چەپەکانە لە یەکتر لەکاتی شۆڕشدا” بە عەمەلی بەرامبەر بە دژە شۆڕشی ئیسلامی شکست دێنێ ، ئەمە دەیسەلمێنێ کە ئەم تیۆریانە هەڵەن و خاوەنی ڕاستیەکی ئۆبژەکتیڤ نەبون.

لەکاتی شۆڕشدا مەسەلە لێسەندنی دەسەڵاتە لە بورژوازی. چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران ئەگەر پۆپۆلیستیش بونایە دیسانەوە هەر دەیانتوانی لەو شۆڕشەدا بە دەسەڵات بگەن. هەرچۆن لەسەدەی بیستدا نمونەی چەپی پۆپۆلیست زۆربون، لەچەشنی ماو و کاسترۆ و زۆرێک لە کەمپی سۆشیالیزمی دەوڵەتی سەر بەتێزی سێ جیهانیش کە توانیان بەدەسەڵات بگەن. کەواتە چەپی پۆپۆلیستی ئیرانیش دەیتوانی وەک ئەو چەپانە بەدەسەڵات بگات، ئەگەر چی هێشتا لە بیروباوەڕیشدا پۆپۆلیست بێت. یان کۆمەڵە توانی شەڕ لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێراندا بکات سەرەڕای ئەوەی پۆپۆلیستیش بوو. کەواتە مەسەلەکە بیروڕای بزوتنەوەی چەپ و کرێکاری نیە کە چۆن بیردەکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بەرامبەر بە دوژمنی چینایەتیان و دەوڵەتەکەی و هێزە سەرکوتگەرەکانی چی دەکەن؟ ئەمە کارێک بوو کە چەپ و کرێکارانی ئێران نەیانکرد و مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریش نەیانکرد. ئەمە هۆکاری شکستی شۆڕش و کرێکاران بوو لە ئێران و کێشە و قەیرانی کۆمۆنیزمی کرێکاریشە.
ئایا هیچ دەرسێک لەم شکستە و لە خۆجیاکردنەوە و پەرژوبڵاوی کۆمۆنیستەکان وەرگیرا؟

خۆجیاکردنەوە لەو گروپانەی پۆپۆلیستانەی وەک “چریکەکان ، ڕیکخراوی پەیکار، یەکێتی کۆمۆنیستەکان یا خود ڕێڤیژینستەکانی وەک ڕێگای کرێکار و زۆرێکی تر تەنیا لای ئەم گروپە “سەربەخۆیی چینی کرێکار”ی دروستکردوە و هیچ هێزێکی سیاسی چەپ و کرێکاری لە شۆڕشی ئێراندا بەرامبەر بە هێرشی جمهوری ئیسلامی ڕێک نەخست. لە جێگای ئەمە هەموو گروپەکان سەرقاڵی “خەباتی ئایدیۆلۆژی” و بەرنامە بوون. حیکمەتیزمیش بە ئامانجی خۆی گەیشت کە “ناسنامەیەکی سەربەخۆی هەبوو کە لە بزوتنەوەکەدا وەک ئاڵاهەڵگری خەبات دژی پۆپۆلیزم”.
بەداخەوە ئەمە میژووی هێزێکی کۆمۆنیستی نیە کە لەمەیدانی ململانێی سیاسی ئێراندا بێ و ئێمە بتوانین فاکت لە سیاسەت و تاکتیکەکانی بهێنیەوە بۆ کۆکردنەوەی هێز بۆ گەیشتن بە دەسەڵات،وەک چۆن لە سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفیەکانمان هێنایەوە. بەڵکو ئەمە مێژووی گروپێکی تیۆریە کە دەیەوێ خۆی ڕۆشن بکاتەوە و بەرنامە و پلاتفۆرمی هەبێ بۆ گەیشتن بە جۆرێکی تایبەت و دیاریکراو لە حزب .

ئەم جۆری حزبە لە دوای شکستی شۆڕشدا زیاتر دەردەکەوێ و وەک گروپێک خودی خۆی دەبێتە میحوەر و مادەی کارکردن، و چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی کرێکاران دەبنە مەقولە و ئامڕازێکی تیۆری کە ئەم حزبە بۆ “گەیشتن بەدەسەڵات” پێویستیەتی. دروستکردن و گەشەی ئەم حزبە و گەیشتن بەدەسەڵاتی، هەمووی لە چواردیواری ڕۆشنبونەوەی تیۆری و بەرنامە و پراتیکی حزب خۆیەوە بەئەنجام دەگا . هەربۆیە خەباتی کرێکاران و ڕیکخراوبونیان و پەیوەندی ڕەوتە فکری و سیاسیەکانی ناو ئەم چینە، ئەمانە هیچ کامیان لە بەرنامە و ستراتیژی عەمەلی ئەم حزبەدا جێگایان نیە و لە دوای ٣٠ ساڵ لە تەمەنی ئەم حزبە هێشتا ئەم حزبە نابێتە “حزبی سیاسی” و دەرسێکی گرنگ لە شکستی شۆڕشی ئێران وەرناگیرێ، کە جیابونەوەی ڕیزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەناوخۆدا لە یەکتر بەمانای شکستی شۆڕش دژی سەرمایەداریە.

لەبەشی داهاتودا لەسەر حزبی کۆمۆنیستی ئێران و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری فاکت و ڕوداوە مێژوویەکانی ئەم ڕەوتە حزبیە و کێشەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیانەی سەرەوە دەخەینە ڕوو.
——————————————————–

سەرچاوەکان:

*1 مەنسور حیکمەت،(وتاری کردنەوەی کۆنگرەی سێهەمی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئێران) دیسەمبەری ٢٠٠٠، هەڵبژاردەیەک لە نوسراوەکانی مەنسور حیکمەت، بەرگی دووەم، ل٥٠٩-٥٢٣ بەکوری ؛سالار ڕەشید.
*2 ئیریک هۆبسباوم، ل ٧٨٩بۆ٧٩٢،سەردەمی توندڕەوەکان،کورتەی سەدەی بیست ، ١٩١٤-١٩٩١. بەزمانی عەرەبی.
*3مەنسور حیکمەت، ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست بە کۆنگرەی یەکەم،(ل ٣٥٢)، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.
*4مەنسور حیکمەت، هەنگاو لەڕیگەی پێکهێنانی حزب کۆمۆنیستی ئێران ، ل ٣٢٢، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.
*5مەنسور حیکمەت، حزبی کۆمۆنیستی ئێران لە گرەوی چیدایە؟ل٣٤٩، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.
*6 ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی یەکێتی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست بە کۆنگرەی یەکەم, ل٣٥٤، هەلبژاردەی بەرهەمەکان، فارسی.
*7هەمان سەرچاوە
*8 ئەنگلس، لودفیگ فیورباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی، ل ٧٢، وەرگێڕانی سالار ڕەشید.
*9مارکس ، ل ٢١٤،نامە بۆ براکە لە پێشەکی ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا، بەرگی ٢ لە هەڵبژاردەی مارکس و ئەنگلس لە ٤ بەرگدا، چاپی دارالتقدم، بە عەرەبی.
*10مارکس ،تێزەکانی فیورباخ، تێزی ٢. https://www.marxists.org/archive/marx/works/1845/theses/theses.htm

——————————————————–

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کلیکی ئێرەبکەن ……

Previous
Next
Kurdish