Skip to Content

چیڕۆکی چەند شعریکم … مەولود ئیبراهیم حەسەن

چیڕۆکی چەند شعریکم … مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by شوبات 20, 2020 General, Poems


ساڵی ١٩٨٢ لە زانکۆی بەغدا دەمخوێند ، سەرەتای ساڵی دووەمی خوێندن کچێکم ناسی بە ناوی (……) ناسێنی من بۆ ئەو کچە بەمەبەستی گەیشتن بوو بە ئەنجام ، هه ردوومان هه ر زوو لە سەر ئەوە ڕێککەوتین یەکتر ناسین و خۆشەویستیەکە مان زۆر بەرچاوو هه رزەکارانە نەبێ..بە هۆی ئەوی ئەوکات من چۆن چەند ساڵێک لە خوێندن دوا کەوتبووم ، تەمەنم لە هاوکلاسەکانی خۆم گەورەتر بوو، هه ر بۆیە پەیوەندیەکەمان زۆر پیرۆزو پڕ ڕێز بوو بۆ یەکتر ، هه ر زووش بڕیارمان دا دوای تەواوکردنی خوێندن ، پەیوەندیەکەمان بکەین بە فەرمی و ئاشکرای بکەین.زۆر بە هێمنی و تا ڕادەیەکی زۆر بە نهێنیش یەکترمان دەبینی ، ئەو پەیوەندیە لە سەرەتاوە بووە هۆی ئەوە چەند کۆپڵە شیعرێکی بۆ بنووسم و کە بە یەکیش دەگەیشتین بۆم دەخوێندەوە ، یەکەمین پارچە شێعر ئەمەی خوارەوە بوو.

سەرەتا..
دەریا شین بوو
ئاسمان شین بوو
دوو چاوی تۆ شێن.
سەری ساڵی ئەشق بوو
ئەو ڕۆژەی کە ..
ئەستێرەی گیانمان
بۆ یەک خشین .
١٩٨٢- بەغدا


هه ڵبژاردن..
سەری ساڵی ئەشق بوو
سێ جار بازی دڵی خۆم هه ڵدا
باز..
پاش زۆر فڕێن
پاش زۆر گەڕان
بەسەر سەری جوانە کچان
هه ر سێ جار
بەسەر شانی( شا پەریێ ) دەنیشتەوە
بازی دڵم بێ وچان .
من فریشتەم و
ئەشقی دڵیشم خوایی
دەبوو دڵبەریشم پەری بێ
دەستت دەمن
بۆ خوا خۆشە تەنیایی.
٢١/٢/١٩٨٢ – بەغدا


تۆ…
زۆر کچی جوان
لە تۆ جوانتر
وەک مەلی سەرمابردووی
ڕۆژانی بەفر
خۆ لە جامی دڵم دەسوون
ئاواتیانە بێنە ژوورێ
بەڵام، دڵم
چەشنی کۆشکێی ئەفسوناوی
دەرو پەنجەرەی داخراون خشت.
کەچی هه ر تەنیا ناوی تۆ دەبیسم
گیانم دێتە پێشوازی
دەرو پەنجەرەی دڵم دەکرێنەوە
دەکەونە سەر پشت.
زۆر کچ..
ڕامدەکێشی چاوی
زۆر کچ..
شێتم دەکا باڵای
کەچی ..دڵم وڵاتیکە
ژێردەستەی تۆ
پایتە ختێکە
بە تەنی تۆی تێدا پاشای .
زۆر کچ..
بە بەر چاوما ڕادەبن
زۆر جوان
گوێ لە گۆرانی و شیعرم دەگرن
زۆر کچ بۆم دەژین
زۆریش بۆم دەمرن.
کەچی دڵم
کەچی هه ستم
جۆتە ژنی دەس لە دنیا بەرداون
خۆ بۆ ڕۆژی تۆ هه ڵدەگرن.
زۆر کچ..
دوگمەی سینەم بۆ دەکاتەوە
زۆر کچ ..
لە سەر سینەم خەو دەیباتەوە
زۆر کچ ..
بە عەشقەوە هه ناسەم دەخواتەوە
کەچی دڵم
خونچەیەکە بە تەنیا
بە بۆنی هه ناسی تۆ
دەپشکوێ و دەم دەکاتەوە.
٢١/١٢/١٩٨٢- بەغدا


سەر خەو..
لە سەیری گوڵان دەهاتەوە،
پەری.
کە دیم خەو دەیباتەوە،
پەری.
سینەم بۆ ڕاخست
سەری پێکرد.
لەسەر دڵما
هه واری خەوێکی کورتی چیکرد.
ئەو ڕۆژە بوو کەمن دەمویست.
سینەم ببێتە سەرینی
یاری جوان و خۆشەویست.
فەرمانم دا ..
چێتر لێنەدا دڵم
نەوا بە خرپەی دڵ
لە خەو ڕابێ غونچە گوڵم.
سینەم چیتر پشو نە خواتەوە
نەوەک دەنگی هه ناسەم
پەری نووستووم خەبەر کاتەوە.
خوێن لە بەدەنما نە سوڕێ
تا کام دەماریش زۆر بچووکە
نەکا بە دەنگی خزینی خوێن
وە ئاگا بێ
ئەو پەریە خەو سووکە.
٣/١٩٨٣- بەغدا


عەشقی تۆ..
لە چاوی تۆ
چەندین شیعر دەخوێنمەوە
کە هێشتاکە نە نووسراون
لە گەرووی تۆ..
چەندین ئاواز دەبیسم
کە هێشتاکە نە بیسراون
لە لیوی تۆ..
چەندین خەندە دەبینم
کە هێشتاکە نە بینراون.
تۆ چ کیشوەرێکی نە دۆزراوەی؟
تۆ چ بووکێکی نە گوێزراوەی؟
گۆرانی تۆ
چ ئاوازێکی خواییە؟
بە هاری تۆ
چ دەشتێکی پڕ شاییە؟
ئەشقی تۆ
چ شێتیەکی دڵنیاییە؟
١٩٨٣- بەغدا


گوڵ..
ئەو گوڵەی پێتدام کچەکە
گوڵ نە بوو
گوللە بوو لێتدام کجەکە
گوڵ وەری
گوڵێکی زۆر ساکار بوو
گوڵی دوو ڕۆژەی بەهار بوو
بەڵام، ئەو مانای
لەوگوڵە هاتە دەست کچەکە
ئەو بوو مەبەست.
ئەو دەمە
چ دەمێکی نەمر بوو
ئەو شوێنە
چ شوێنێکی پیرۆز
ئەو خەندە
چ ناسک و دڵگر بوو
ئەو سەرنجە
چ گەرم و بە سۆز
ئەو گوڵەی پێتدام کچەکە
گوللە بوو لیتدام کجەکە
گوڵ وەری
دڵ تازە پشکووت
ئەی پەری
بە تیشکی ڕووت.
١٩٨٣- بە غدا


لە کۆڕسی دووەمی ساڵی سێیەم ئەو کچە سەفەرێکی ماڵەوەی کرد،کە گەڕایەوە بە بێ هیچ پێشەکیەک و زۆر کت و پڕ گوتێ : بەینی من و تۆ کۆتایی هات! ئەمەی گوت و ڕۆیشت ..ڕۆیشت وئەمە دوا دیدارو گفتوگۆمان بوو . وەک هه ر گەنجێک لەم کاتانە مرۆڤ جۆرێک لە شۆک دەیگرێ! شەو زر بە ئازارەو ڕۆژم کردەوە،بەڵام ، دوایی گەیشتمە ئەوی دەبێ منیش دوا بڕیار بدەم. هه ر بۆیە بەم شێعرە هه ست و دوا بڕیاری خۆم دەربڕێ .
بروسکە !
ئەو فەرهه نگەی وشەی ( گوڵ)ی تێدا بێ،(گوللە) شی تیدایە.
دوێنێ
هه واڵی مەرگی تۆم
لە زاری خۆت بیست.
بووی بە تەرم و
بەڕێم کردی.
سوێم نە بۆوە
هه رچەند ڕؤژانێ
تاجی سەرم بووی
کە چی ئە مڕۆ پێڵاویت و
لەپێم کردی.
دیارە سۆزو توڕەییەکی زۆری تێدایە،بەڵام ، لەم کاتانەدا سۆز جلەو ناکرێ!
دواجار کە دیوانەکەم(خۆت لە من بزر مەکە!) دەرچوو ساڵی ١٩٨٥بە هۆی کچیکەوەکە هه ردوکمانی دەناسی ، دیوانەکەی کەوتبووە دەست و ئەم شیعرەی خوێندبووەوە ، دەستی کردبوو بە گریان.

Previous
Next
Kurdish