Skip to Content

بانگەوازێک بۆ ئارامى …  سروشت نەوزاد

بانگەوازێک بۆ ئارامى … سروشت نەوزاد

Closed
by شوبات 20, 2020 General, Literature


سەبارەت بەشیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن )ى سەباح ڕەنجدەر

بێگومان ئەدەبیات نەخشى ئەو دونیایەیە کە مرۆڤ وەک ئاڵۆزترین بوونەوەرى بوون، بەهەموو هزرو تێڕوانین و پێکهاتەکانیەوە لێى نیشتەجێیە. ڕەنگە شیعر وەک ژانرێکى تایبەتى ئەدەب، زیاتر لە هەر ژانرێکى دیکە، هەڵگرى پانتاییەکى فراوانتر بێت بۆ ئازادى زمان و خەیاڵ لە تێڕوانینەکانیدا لە بارەى جیهان و مرۆڤ و شتەکان. بەم هۆیەش هەندێک جار دونیاگەلێکى ئاڵۆز و سەیرو سەمەرەتر لە جیهانى شیعردا بوونیان هەیە و ژینگەو جوڵەو دیمەنەکان نائاشنا و نامۆن و کەمتر ناسراون.

ئەوەى کە تیۆریزانى ڕووسى، (شکلۆڤسکى) پێى وایە شیعر بە پلەى یەکەم یارییە لەگەڵ زمان، واتە زمانى شیعر هەڵدەستێت بە خۆ قوتارکردن لەو زمانە باوەى هەموو شتەکان یەک ڕەنگ دەکات و ڕەهەندى نامۆیی و نائاشناییان پێ دەبەخشێت. کەواتە ئەگەر شیعر مامەڵەى یەکەمى لەگەڵ زماندا بێت، زمانیش وەک ئەوەى (هایدیگەر) بە ماڵى بوونى دەزانێت، واتە زمان ئەو جێگەیەیە کە مرۆڤ دەتوانێت زات و بوونى خۆى تێدا بدۆزێتەوەو بە هۆیەوە تەعبیر لە بوون و خۆشى و ئازار و مەینەتییەکانى بکات. واتە ئەوەى ماهیەت و بوون و شوناس بە مرۆڤ دەبەخشێت زمانە.
زمان هەڵگرى حەقیقەتى بوونە. کەواتە زمانى شیعر دەبێتە هەڵگرى وەزیفەیەکى قوڵ و ئاڵۆز لە هەمبەر لۆچى و درز و کەلێن و پەنهانییەکانى بوون و یارییەکى نا ڕاستەوخۆ و ئیستاتیکى لەگەڵ دەرکەوتە ناسراو و نەناسراوەکانى سەرزەمینى بووندا دەکات.

شیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن) هەڵگرى جیهانبینییەکى ڕوونە لە بارەى ژیان و مردنەوە. ژیان لەم شیعرەدا وێناى تراژیدیایەکە بۆ بوونى مرۆڤ. مردنیش دیاردەیەکى میتافیزییکیە بۆ ئازادى ڕۆح و بەدەستهێنانەوەى ئەو ژیانەى لە جیهانى فیزیکیدا، گیرۆدەى دەرد و ئازار و نا عەدالەتییە.

(من هیچ پرسیارێکم لە خودى شیعر نییە، بەڵام ئەو پرسیارى سەیر سەیرى لە من هەیە. وەک ئەوەى من خوداوەندێک بم و نهێنى ژیان و مردن و زیندوو بوونەوەم لابێت. هەردووکیشمان دەمانەویت ئەویندارانەو لە خۆ بووردوانە لەگەڵ یەکتردا بژین. هەمیشەش خۆم لە روداوى گەرماو گەرم بە دوور گرتووەو چاوەروانى خەمڵین بوویمە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوە گەرماو گەرمەکان بەر ئەنجامى جوڵانەوەى ڕاستەقینەى ژیان و دۆخن ).
ژیان هەمیشە لە دۆخگۆڕیندا جۆرە بەرزو نزمییەکى ناڕێکى تێدایە.
سەباح رەنجدەر لەم شیعرەدا، دەیەوێت لەم دۆخگۆڕین و بەرزو نزمیە ناڕێکەى ژیاندا ڕزگارى ببێت و مانایەک بە ژیان و دادپەروەرى بدات. لەم کاردانەوەیەشیدا ژیان و مردن دەهێنێتە ناو زمان و نووسینەوە.

بە گشتى شیعرى سەباح رەنجدەر شیعرى داخراوو دەستەمۆنەکراون. شیعرگەلێکن ئیمکانى ئەوەیان نییە بە بێ تێڕامان و تێهزرین و خۆ ماندووکردن، خوینەر بتوانێت ڕاگوزەرانە لەگەڵ ژینگەو جیهانبینى دەقەکان بە سانایی پەیوەندى دروست بکات. ئەوەش پەیوەندى بەو پێکهاتە زمانیەوە هەیە کە خەسڵەتیکى قورس و گران، لە هەمانکات فرە مانا و فرە دەلالەت بە پێکهاتەى شیعرى ئەو دەدەن. واتە ئەو پیکهاتە فۆڕمى و زمانیەى کە نزیکەى هەمیشە، لە شیعرى ئەودا لەسەر شێوازى تایبەت لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانى وشەو هەڵبژاردنى شێواز و جۆرى ڕستەو دەربڕینەکان و شیعریەت و فەزاسازیدا ڕادەوەستێ. زمان لە شیعرى سەباح ڕەنجدەردا لە واتاى فەرهەنگى خۆى دادەماڵرێت و لەوە دەکەوێت ئەرکى گەیاندنى ڕوت و کۆنکریتى بەرجەستە بکات.

لێرەشەوە کۆشش بۆ دۆزینەوەى واتاى چاوەڕوانکراو لە ڕێگەى تێڕوانین لە زمانى شیعرەکانیەوە، خوینەر بە لاڕێدا دەبات. هەر ئەم خەسڵەتەشە کەمتازۆر وێناسازییە شیعریەکانى ئەو دەکەنە وێناى خەیاڵى و زەینى. هەر بۆیە ئەو تایپەى شیعرسازى و زمان و گەمە زمانیە سرکەکانى شیعرى ئەوى لەسەرە، بە نیسبەت شیعرى کوردییەوە تایپیکى تایبەت و جیاوازە.
ئەو هێڵە زمانیەش کە کەمتازۆر بە نێو شیعرى ئەودا درێژ دەبێتەوە، شیعرەکان لە دەرەوەى سادەکارى و سەتحیەت پیشان دەدات. بۆیە نزیکەى هەمیشە، شیعرى ئەو لە ڕوکەشدا لە بارەى شتێک یان بابەتێکەوە دەدوێت، بەڵام لە قوڵایدا شتێکى فرە چین و فرە بابەتیانە تر دەدوێنێت.
دیارە بە حوکمى تایبەتکاریە زمانیەکانى، ئەم گەمەو یاریانە ئاسان بە چاو نابینرێت، بەڵکو دەرکى پێ دەکرێت و لە پشتەوەى لۆف و لارە ڕێیەکانى ڕستەو دەربڕینەکانیدا خۆى دەشارێتەوە.
دیارە ئەم خەسڵەتەش دەرئەنجامى تەم و مژو تێترنجاندنى زۆرە ملێ و بارکردنى بیرو هزرە فەلسەفیەکان نییە بۆ نێو دەق، وەک ئەوەى لە بەشێکى شیعرى نوێى کوردیدا باوە. بەڵکو دیاردەیەکى سروشتییەو هاوتەریبە لەگەڵ ئیستاتیکاى جوڵەدار و شێوازى ڕیتم و مۆسیقاى سروشتى بونیادى دەقەکان.

لە تێڕوانینیکى گشتییەوە شیعرى (بانگەواز بۆ گۆڕهەڵکەن) زادەى ئەو پەیوەندى و بەرکەوتنانەن کە شاعیر بە دەرەوە دەبەستنەوە. دیارە مرۆڤ بە گشتى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتیە و ژیانى کۆمەڵایەتیانەى مرۆڤیش سیخناخ بەو ڕوبەرو بوونەوەو ململانێ و بەرکەوتنانەن کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن و زادەى پەیوەندیمانن بە بوونى ئەوانى دیکەوە. هەموو پەیوەندى و بەرکەوتنێکیش، گۆڕەپانێکە لە ململانێ و زنجیرەیەکە لە پێکدادان و گیرو گرفتەکان.

شیعرەکەش بە هۆى هەندێک وێنەى ناباو و تەعبیرى تازەو گونجاندنیان لە شێوەى نا ئاشناو نەناسراودا، توانیویەتى لە نێو لۆچ و تەم و مژى پشتەوەى دێڕەکانیدا وێنایەکى ڕوون دەربارەى بوونى مرۆڤ و مردن و هاوکات ئەو ژیانە دەمارگیر و نەخۆشەى کە کۆڵان و شەقامەکانى بوونى تەنیوە بەدەستەوە بدات.
شیعرەکە لە دوو بەش پێک دێت: دوو جیهانبینى (ژیان و مردن)ى تێدا بەرجەستەیە. بەشى یەک کە دەکاتە سەرەتاى شیعرەکە و تا ناوەڕاست درێژ دەبیتەوە، جیهانبینى و تێڕامانێکە لە بارەى مردنەوە. بەشى دووەمیش لە کۆتایی بەشى یەکەمەوە دەست پیدەکات، تێڕامانە لە بارەى ژیانەوە.
لە دەستپێکى ئەم دەقەدا، زەوى دەبێتە پانتایى نیشتەجێبوونەکان و مەیدانى ڕوبەڕوبوونەوەکانى نێوان ئارامى و زەبرو زەنگەکانى واقیع:
دەستم لەسەر دوو باڵى فریشتە بوو
بە نان و ئاوو ئاگرى خۆمەوە دابەزیمە سەر زەوى
وەک ئاماژەمان پێدا، بەشى یەکەمى شیعرەکە دەربارەى مردنە و پەرچەکردارێکە لە بارەى ئەو ژیانە بۆش و لەرزۆکەى هەناوى بوونى تەنیوەو هەمیشەش لەگەڵ مەرگدا ڕوبەرووە. ژینگەى ئەم بەشە لە شیعرەکە، ژینگەیەکى غەمگین و ترسناکە. وە بارگاوى بەو دەردوو ئازارانەیە کە ئابڵوقەى بوونیان داوە. ژینگەیەک کە زۆرینەى کاراکتەرەکانى لە جەوهەردا، لە دەرەوەى خواست و ئارەزوەکانى خۆیاندان. لێرەدا ئەو خەسڵەتەى بوون کە وێناى کێشراوە، خەسڵەتیکى ئیفلیج و پەککەوتەیە. وە گرێدراوى تراژیدیاى مێژووى دێرینەى خۆیەتى. ئەم تێڕوانینەش لە سەرەتاى شیعرەکەدا دەبێتە هۆکارى پەرچەکردارو هەڵگەڕانەوەى شاعیر دژ بە ژیان. وە خواست و ئارەزووى خۆى بۆ مردن مانیفێست دەکات:
بە
جۆشى دەنگ و زایەڵەو زەنگ و
و
و
و
ە وە یاد
دروود
پەیام
ستایش

هەواڵى جێگۆڕکێى سەباح سابیر حەسەن
١٨/١١/١٩٦٥ _ ١٨/١١/٢٠٤٥
لە بستە خاکێکى مراد خوازو ماندوودا
شادیەکانى دەبیستێتەوە
هەشتا ساڵ دەزوو بە دەرزى وەکردنێکە
بە سەر ڕاوەشاندنى پڕ خەمەوە

ئارەزوو خواستى شاعیر وایە کە هەشتا ساڵ بژى و مردنەکەشى لە ڕۆژى لە دایک بوونى بێت.
(هەواڵى جێگۆڕکێ) هەواڵ و حەزو ئارەزویەکە بۆ مردن. وشەکانى (زەنگ و زایەڵە و دەنگ و جۆشى و یاد و دروود و پەیام و ستایش) وشە گەلى ڕۆشن و جۆشدارن، حەزوو ئارەزو داوایەکى پڕ جۆش و خرۆشن تا لە (بستە خاکێکى مراد خوازو ماندوودا) لە ئەزموونى ژیانکردنێکى هەشتا ساڵەییدا، بە شادى و ئارامى بگەن. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم خواست و داوایە حەزو داوایەکى غەمگین و ڕاڕایە چونکە:
هەشتا ساڵ دەزوو بە دەرزى وەکردنێکە
بەسەر ڕاوەشاندنى پڕ خەمەوە
ئەم شیعرە شیعرى گەڕان و لێوردبوونەوەیە، شیعرى تێهزرینى بوون و عەوداڵ بوونە بە دووى خود و ماهیەتى هەبوونى خوددا. لە دیوى ناوەوەى وشەکان و ڕستە و دیمەنە شیعریەکاندا، نهێنیەکى قوڵ هەیە کە حەزى پرسیارو گومان و لێوردبوونەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى بوونیان تێدا بەرجەستەیە. تەکنیکى شیعرەکە زۆرتر تەکنیکێکى سینەماییە. پاڵپشتى جووڵەو وێنە زەینى و دیمەنە پەرتە شیعریەکانن. پێکهاتەى جووڵەو ئاڕاستەى دەربڕینەکان لە وێنە و دیمەنیکەوە دەگوازرێنەوە بۆ وێنەو دیمەنێکى دیکەو پێکهاتەیەکى ڕێک و یەک ئاڕاستەیان نییە.
دیمەنى سەرەتاى شیعرەکە، دیمەنێکى کزو کاڵە و جوڵەو دەربڕینەکان ساردو کەم ڕەنگن. بە پێچەوانەى دیمەنەکانى کۆتاى شیعرەکە، ئەگەر چیش لەسەر هێڵى دوو دڵى و گومانن، بەڵام ڕەنگەکان دەگەڕێنەوەو سێبەر لەسەر ڕستەکان نامێنن.
لە دەرئەنجامى پرسیار و گومان و تێڕامانە بوونیەکانى شاعیردا، پەرچەکردارى لەبەرامبەر ژیان و ئەو ئەزموونەى کە تێیدا دەژی دروست دەبێت. شاعیر دەچێتە ناو دۆخگۆڕینەوە و ئەزموونێکى دیکە لە نێو مردندا تاقى دەکاتەوە. سەرجەم پرسیار و گومانەکانیشى لەگەڵ خۆى دەبات و ڕۆحى گەڕیدەى شاعیر لەوێدا، بەدووى خۆى و گەشتن بە شادى و ڕوناکیەکانى ژیانى خۆیدا دەگەڕێت.
(لە نیوان ئەم دوو مێژووەدا ١٨/١١/١٩٦٥ _ ١٨/١١/٢٠٤٥ کە دراو و داواکراون، مێژوویەکى تر نییە. یان هەوڵدان بۆ دروستکردن و قەوارەپێدانى مێژوویەکى لەم بارەیەوە نییە. بگرە وەهمێکى جوان و ناوەندێکى چالاک هەیە. بڕواى بە خۆشبەختى و خەڵاتى خوداى هەیە. دەشیەوێت ئاگر لە خوداوەند بدزیت، پاشان لە پەرجوویەکدا بمێنێتەوە. پەرجووى حەزى ژیان و داهێنان، ماناو بوونى کەسایەتى خۆى تێدا بپارێزێت ) :
ببورە مووچڕکێک چاوى لێڵ کردم و سۆزێکى تایبەت گرتمى
مەلێکى کۆچەرى لەسەر لکى درەختێک نیشتەوە
خوێنى پێى بەسەر لکەکەوە جێما
چووم تەواوى درەختەکە و خوێنەکەم ماچ کرد
لێرەدا شاعیر بەڕێگەى فەنتازى و خەیاڵى، گەشت بە نێو مردندا دەکات. (سۆزێکى تایبەت) ئاماژەیە بۆ خواست و ئارەزوویەکى پڕ جۆش و خرۆشى مردن. (درەختەکەش) سەرزەمینى مردنە و (مەلێکى کۆچەریش) ڕۆحى گەریدەى شاعیرە کە خوێنى لەبەر دەڕوات و ئاماژەى پێکران و شەیدایى گەڕان و نەسرەوتنە بە دواى خۆى و دۆزینەوەى ڕوناکى و ئارامیەکانى ژیانى.
وەرە خەونم باڕوو گەنمام
خوێنى پێى باڵندە بێ و لە ئاگر ڕابمێنم
لە ئاگر ڕامان ئاشق وەک میوە پێدەگەیەنێ
بستە خاکە ماندووەکەش یەکپارچە دەبێتە
مۆسیقاو گۆزەى پڕ
(بستە خاکە ماندووەکەش) ئاماژەدانە بە گۆڕ و (مۆسیقاو گۆزەى پڕ) دەلالەتى ئارامى و ئاسودەییە، کە لە ڕێگاى عاشق بوون بە هۆى لە ئاگر ڕامانەوە بەدەست دێت، کە دیارە ئاگریش ڕەمزى ڕووناکى و هێز و تینە و ڕەگەزێکە لە رەگەزەکانى بوون، لەسەر بنەماى فەلسەفەى یۆنانى، کە پێى وایە جیهان لە چوار توخمى: (ئاو و ئاگر و با و خۆڵ) پێک دێت.
لە ئاکامدا هەر دەگەم بە باڵى باڵندەى بریندار و دڵى خۆم
پێشبینى ڕامان و گەڕانەکانى ڕۆحى گەڕیدەى شاعیر، گەشتنە بە قوڵاییەکانى ناخى خۆى و دۆزینەوەى ڕووناکى و ڕۆشنکردنەوەى کەلێن و کەلەبەرەکانى دەرونى خۆى.
ئەرێ مێژوو لە کتێبى چەندەمى ئاسمانى
بەشێکم بۆ تەرخان دەکات
ئەوکاتەى مێژوو باسى خودایى دەهێنێتە سەر سەکۆ و ماڵەکانمان
من لە ناو حیکمەت و هێزى قسەکانى ئەودا
قوڵ و بێدەنگ و گوێڕایەڵ
هەناسەى ئاسودەیی هەڵدەمژم و بیر لە خۆم دەکەمەوە
ڕۆحى گەڕاڵى شاعیر کە بە نێو کەلێن و قوڵاییەکانى ناخى خۆیدا شۆڕبۆتەوە، هەر لە گەڕاندایە. هاوتەریب لەگەڵ پێشبینیەکانى بۆ دۆزینەوەى ئاسودەیى و روناکى، پرسیار و گومانەکانى نەرەویونەتەوە. (کتێبى ئاسمانى) لە تێڕوانینە دینیەکەیەوە هەڵگرى ئەو دەستور و ڕێبازە بێ کەم و کورتیانەن کە ژیانى نموونەى و ئارامى نەبڕاوە بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەکەن. شاعیریش لێرەدا بۆ دەستەبەر کردنى ئەو ئاسودەییە خوازراوەى خۆى، دەیەویت هانا بۆ ژیانى نەمرى نێو کتێبە ئاسمانییەکان بەرێت و هاوکات لە ڕێگەى پێگەشتن و نزیک بوونەوە لە خودا و خۆدانە دەست تواناو هێزى نادیار و بێسنوورى خودادا، هەناسەى ئاسودەیی لە نێو مردندا هەڵبمژێت و ئارامى بە دەستبهێنیت.
سەباح ڕەنجدەر لەم دەقەیدا، ڕێبازى وردبوونەوەى عیرفانیانەى هەڵبژاردووە. شیعر بە نێو حەقیقەتەکانى بووندا دەگێڕێت و دەیباتە نێو ژیان و دونیاى خوداى و حەقیقەتى ڕۆژگارەوە.
شیعر لاى ئەو کتێبێکى ئاسمانییە و هەڵگرى حەقیقەتەکانى ڕۆژگار و بوونە. هەر بۆیە خۆراکى ڕۆحى و زیندوو بوون و مانەوەى خۆى لە شبعرەوە وەر دەگریت و لەوێدا بەدووى زمان و شوناسى خۆیدا دەگەڕێت.
تەرمەکەم لەبەر هەیوانێک داندراوە
پورەى شیعر دەورى گرتووم و ناوى شیعرم لەسەر لێوە
لێرەدا تەرمەکەى شاعیر فۆکسى لەسەرە. وەسفى ئەو حاڵەت و دۆخە دەکات کە تەرمەکەى لەبەر هەیوانێک دانراوە و بە هۆى شیعر پەروەرى و هۆگرى شاعیر و بڕوابوونى بە هێزى بێسنوورى شیعرەوە، لە ڕوناکى بەخشین بە دەرون و ڕۆحى سرک و عەوداڵیەوە، دەیەوێت لە هەستیارترین چرکەساتەکانى ژیانیدا، دەستبەردارى شیعر نەبێت و لە نێو شیعر و ئەفسوونەکانیدا بژییەت و بمرێت و لە دایک ببێتەوە. شیعر بۆ ئەو حەوشە و ماڵى خودایە، گوناهى هەموومانى لێ پاک دەبیتەوە و تێیدا دەبین بە فریشتەو خوداوەند.
شیعر ئامانجى بەختەوەرى و جێگاى هەموو هیوا و خۆشادومانکردنێکە. لە ڕێگایەوە دەتوانرێت پەیوەندى بە جیهانى فریشتەو خوداوەندەوە ببەستیت. کەواتە لێرەدا، حیکمەتى وشە حیکمەتى شیعرە. واتە حیکمەتى وشە گەڕانەوەیە بۆ پاکى و دادپەروەرى.
خوداى سەد و یەک ناو
حیکمەتى وشەم تێدا بخرۆشێنەو لە شاعیرە
چاو هەڵاوگێڕ
دڵڕەش
بەدگۆ
دەرونکلۆر
و
و
و
ە کان بمپارێزە

لە ڕێگاى حیکمەتى شیعر و وشەوە کە پانتاییەکن بۆ (دڵپاکى و ڕاستگۆیی دەرونڕۆشنى و دادپەروەرى)، شاعیر دەیەوێت لە شەڕى ئەوانى دیکەى (دڵڕەش و بەدگۆ و دەرونکلۆرەوە) بە دووربێت. لەم دێڕە شیعریانەدا، ئاماژەى گەڕانەوە بۆ ژیانى واقیعى شاعیر بەرجەستەیە کە بە هۆى شیعر پەروەرى و دەرچوون لە بازنەى گروپ و خەریک بوون بە کارى تاکە کەسی و هەوڵى دروستکردنى ئەزموونى جیاکاریانەى شاعیردا، ئەوانى دیکەى سەغڵەت و داخ لە دڵ کردووە. ئەمانیش لە بەرامبەردا لە هەوڵى دامرکاندنەوە و کوژاندنەوەى ئەو ڕوناکیانەدا بوون کە لە شاعیر و جیاکارییەکانیەوە دەرچوون. بەڵام شیعر لاى شاعیر پەیامى ڕاچڵەکاندنە و ئەو ئاگرەیە هەرگیز خامۆش نابێت، ئەو سیستمەیە دادپەروەرى دەهێنێت.
دیمەنەکانى کۆتاى ئەم شیعرە، دیمەنى زیندوو بوونەوە و لە دایک بوونەوەن. دیمەنى هێور بوونەوەى ڕۆحى گەڕاڵ و دۆزینەوەى زمان و ناسنامەى شاعیرن. وەسف و وێناکان ڕەنگدار و گەشن. زمان لە ڕستەکانى کۆتایى دەقەکەدا ڕوون و بێ گرێن. وشەکان ساف و خرۆشاون و هەستى ژیانەوە پەخش دەکەن.
شاعیرى گەڕاوەى شەڕى گوگیش
دوودڵى خامۆش دەبێ و گۆێ بۆ گۆرانى هۆگرى ڕادەدێرێت
یادەوەرییە بەخشندەکانى و بەهرە و سروش و شیعر دێنە فریاى
ئەى خوداى سەدو یەک ناو ڕێبوارێکى ڕۆشنى
و

و
و بەهرە
سروش
شیعر
ماندوو ماندووم ماندووم

دەستم بگرە با بچمە ماڵى ڕۆشن
ماڵم لە سێبەرى باڵى باڵندەیەک دانا
گوتى لەبەر خاترى تۆ بۆ ماوەیەک فڕین دوا دەخەم
تا پشوو دەدەیت و تێرخەو دەبیت و خەونێک دەبینیت
خەونى
تەورات
ئینجیل
قورئان

ئەرێ شادیی بێهودە خەونەکانم چى لێ بکەم

ماڵى ڕۆشن ئاماژەى ماڵێکى گەورەیە لە تەورات و ئینجیل و قورئان، کە بە پێى دیدگای ئاینى چاوگى ئومێد و ئارامى نەبڕاوەن، ئەو ماڵەیە کە دواجار ڕۆحە سەرکەش و عیرفانیەکەى شاعیر، بە هەوڵى نزیک بوونەوە لە خودا، دەیەوێت دەستى خۆى و شیعر و وشەکانى بگرێت ولە دایک بوونەوەى ئاوێزان بە کتێبە ئومێدبەخش و ڕۆشنەکانى خودا ببێت تا بە بەختەوەرى و ڕۆشنایى ناخى خۆى بگات و لەوێشدا خەونەکانى ئاوێزانى هەمان خەونەکانى (تەورات و ئینجیل و قورئان) ببێت. بەڵام لە دێڕى کۆتایی ئەم دەقەدا (ئەرێ شادیی بێهودە خەونەکانم چى لێ بکەم) قورسایى خەم و نائومێدییەک لە گۆڕێدایە و سەرتاپای ئەو خەونە پوچەڵ دەکاتەوە کە بە دووى شادیى و ئارامیەکەیدا وێڵ بوو. ئەم پرسیارە گومان و نا دڵنیاییە. پرسیارێکە سەبارەت بە مانەوە و شکڵ و ئاڕاستەى نادیارى چۆنیەتى بونیادنانى ژیان و درێژەدان و بە ژیان.

سوبێکت لێرەدا گومانکارێکە و دواى گەڕان و لێوردبوونەوەکانى بە دووى خۆى و ماهیەتى هەبوون و شوناسى خۆیدا، سەرئەنجام گەشتووە بە ناخى خۆى. ئاوێزان بە زمانى خودا و کتێبەکانى بووە. بەڵام هۆشیارى زمان لەم دەقەدا، کە لە نێو جیهاندا دەجوڵێ و لە تەواوى بوون و پێکهاتەکانى ڕادەمێنیت، زمانێکى گومانکارە و لەو ڕاڕەوانەى بووندا جێ دەمێنێت کە دەیەوێت حەقیقەتیان تێدا کەشف بکات.

سروشت نەوزاد

سەرچاوەکان:

  • سەباح ڕەنجدەر، حەزدەکەم ئەوەندە بژیم، دیوانى شیعرى، بەڕێوەبەرایەتى چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر، چاپخانەى ڕۆشنبیرى،
    چاپى یەکەم، ٢٠١٤، هەولێر، لا١١
  • سەباح ڕەنجدەر، چوار کتێب لەبارەى شیعرەوە، بیروڕاى ئەدەبى، چاپخانەى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، ٢٠١٧،
    سلێمانى، لا ١٩٠
  • سەرچاوەى پێشوو، سەباح ڕەنجدەر، چوار کتێب لە بارەى شیعرەوە، لا ١٩٢

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish