Skip to Content

جەنگی مرۆڤ لە دژی ژیان … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

جەنگی مرۆڤ لە دژی ژیان … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 28, 2020 General, Opinion


نەوەکانی داهاتوو لێمان خۆش نابن

پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئێمە لەسەر وێرانکردنی ژیانی نەوەکانی ئایندە وەستاوە. ئەمە ئەو تراژیدیایە کەم لە ئێمە بیری لێ کردۆتەوە. مرۆڤی تازە خۆرکەی گەردوونە، لە پێناوی ئێستای خۆیدا، دوێنێ دەسڕێتەوە و سبەینێش تاڵ دەکات. مرۆڤی هەنووکە رۆبۆتێکی ئیستهلاکیی بێ هەست و سۆزە، عەقڵی رووت و خۆپەرستی و چاوچنۆکی بۆ بردنی بڕێکی زۆر لە چێژ، بڕستی لەبەر بڕیوە، هیچ کات لەبەر چێژگەرایی و سەرقاڵی بە خەونی گچکەی خۆیەوە، بوارێکی بۆ بیرکردنەوە لە پاشەڕۆژی منداڵەکانی خۆیشی نەهێشتۆتەوە. هیچ کات بیر لەوە ناکەینەوە، کوالێتی و کەشخەیی ژیانمان، فەخفەخە و مودێلبازیمان، عاشقبوون بە مارکە گرانبەهاکان و وێڵبوونمان لە ناو ئەو جیهانە ئاڵۆزەی ریکلامسازیی دروستی کردووە، یەک ئەنجامی هەیە: ئەویش لەناوبردنی ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین، بە کانی و رووبار و دەریا و دەشت و دارستان و کۆی گیاندارەکانییەوە. هاوکات هەڵکەندنی گۆڕێکیشە بۆ ژیانی نەوەکانی داهاتوومان.

کێ بیر لەوە دەکاتەوە ئەو تیشێرتەی لەبەری دایە خوری کام ئاژەڵە؟ پێڵاوەکانی پێستی چ ئاژەڵێکی تر؟ دەستکێش و گۆرەوی و قاپوت و بلوزە خورییەکانی تری بە هەمان شێوە. کێ بیر لەوە دەکاتەوە دەبەیەکی پلاستیکی ئاوی خواردنەوە، کاتێک فڕێی دەدەینە تەنەکە خۆڵێکەوە بۆ کوێ دەچێت؟ کاریگەرییە کیمیاییەکانی لەسەر ژینگە چییە؟ ئەی کێ بیر لە دووکەڵی فابریک و کارگە پیشەسازییەکان دەکاتەوە کاتێک ئەو خەردەلە ترسناکە دەڕژنە سییەکانی کەونەوە؟. هەموو هەڵپە دەکەین، تا ببینە خاوەنی لوکسترین جۆری ئۆتۆمبیل، بە کەشخەترین ئێکسسوارات ماڵەکەمان بڕازێنینەوە، کێ لە خۆی پرسی ئەمانە لەسەر حسابی چی مسۆگەر دەبن؟. ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن لە سەردەمی دیجیتاڵیزەی دنیادا نامۆن، تاراددەیەکیش گاڵتەجاڕ.

لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە خێرایەدا و شەپۆلی چوارەمدا، مرۆڤگەلێک هەن لەم سەرزەمینە هێشتا بەهرەمەندین لە ئاوی پاکی خواردنەوە، بەڵام زۆرینەی ئەمانە لانیکەم خاوەن مۆبایلن و ئەندامن لە زیاتر لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا، بە گوێرەی دوا راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حەوت ملیار مرۆڤ، شەش ملیاریان خاوەنی تەلەفۆنی دەستین، بەڵام هەمان ئامار ئەوە دەردەخات، لەو حەوت ملیار مرۆڤە، یەک ملیار و نیویان بەهرەمەند نین لە تەوالێتی شایستە. زیاتر لە دوو ملیار کەس لە یوتوب ڤیدیۆیان داونلۆد کردووە یان بڵاویان کردۆتەوە. چەند ملیار کەسیش لە رێگەی تۆڕەکانی وی چات و وەتس ئاپەوە رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن، کەچی نزیکەی دوو ملیار کەس لە تەواوی جیهاندا، داهاتی مانگانەیان لە خوار دووسەد دۆلارەوەیە. ئەمە سەلمێنەری راستییەکە چۆن تەکنۆلۆژیا هۆشمەندیی مرۆڤی داگیرکردووە، ئەو تەکنۆلۆژیایەی دەستی ناوەتە بینەقاقای جوانییەکانی ژیانەوە. من تەکنۆلۆژیا رەت ناکەمەوە، تەنیا دەمەوێت باڵانس لەنێوان هەستی مرۆڤانە و بەرهەمە تەکنۆلۆژییەکاندا رابگیرێت.

مرۆڤی هەنووکە بەهۆکاری ئەو پێشکەوتنە تیژڕەوی هەیە، تەوەزل بووە، رۆژانە چەند ملیۆن دایبی بەکاردەهێنرێت لە دنیادا؟؟ لە کاتێکدا ئەڵتەرناتیڤی تر هەیە، بەڵام تەمبەڵبوون و موستهەلیکبوون وای کردووە هیچ بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی نەکەینەوە. هەر لەو ئەوروپایەی من لێی دەژیم رۆژانە بە هەزاران تۆن کاغەز پۆست و نامە بەهۆی بیرۆکراتییەتی دامودەزگانانەوە بەفیڕۆ دەبرێت، کە دەکرێت بە زاڵبوون بەسەر ئەو بیرۆکراتییەتەدا ئەو قەبارە زۆرەی بەفیڕۆدانی کاغەز کەم بکرێتەوە، چوون دواجار ئەو کارە ریشەی دارستانەکان دەبڕێتەوە، وەک ژێدەرێکی گرنگی بەخشینی ئۆکسجین بە ژیانی مرۆڤ. زۆرجار هەندێک وردەکاریی هەیە کەمترین سەرنجی دەدەینێ، وەلێ لە بناغەوە نهێنی گەورەیان لە خۆیاندا شاردۆتەوە. بەڵام مرۆڤی هاوچەرخ هێندە خۆپەرست بووە، هەموو گەردوون وەک نۆکەری مەرام و ئارەزووەکانی دەبینێت، ئەمەش هەروا بێ باج تێناپەڕێت، زۆرترین باجیش نەوەکانی داهاتوو دەیدەن، ئەمە گەر گریمانەی ئەوەش رەت بکەینەوە رۆبۆت جێی مرۆڤ نەگرێتەوە.

تۆماس ماڵتۆس وەک یەکێک لە گرنگترین بیریارانی تیۆری زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، لە کۆتا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە، نەیتوانی لە رێی دوو کتێبە بایەخدارەکەیەوە پێشبینی ئەمڕۆکە بکات کە مرۆڤ دەستی ناوەتە بینەقاقای سروشت و هەموو ئەو هەلومەرجانە لەناودەبات پێویستیی پلەیەکن بۆ بەردەوامیدان بە ژیان، ئەگینا ئەم قەشە ئابووریناسە جەنگی تەقلیدیی وەک فاکتۆرێک بۆ هاوسەنگکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان نەدەخستە روو، ئەوەتا ئەگەر هەنووکە جەنگێک رووبدات بەهۆی چەکی ئەتۆمیی و ڤایرۆسییەوە دەبێت و هەموو پێکەوە تێدا دەچین. ئەو پێیوابوو هەڵئاوسانی رێژەی دانیشتوان وا دەکات خۆراک بەشی مرۆڤ نەکات، بەڵام نەیدەتوانی ئەو ئەنجامەی ژاک لاکان پێشبینی بکات، کاتێ جەخت لەوە دەکاتەوە مرۆڤ هێندە ڤایرۆسی کوشندەی لە تاقیگەکاندا پەروەردە کردووە، رۆژێک دێت لێی هەڵدەگەڕێتەوە و بەڵای گەورەی بەسەر دەهێنێت. ئەمەشی بە گەمژەیی ئینسان ناولێنا. ئەمە ئەو کارەساتەیە کەمترینمان بیرمان لێ کردووەتەوە.

لە هاوینی ساڵی رابردوو “2019” کاتێک دارستانەکانی “ئەمازۆن” دەسووتان، هەموو لەناو دنیا مەجازییەکەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخدا لە کۆمادا بووین، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە ژێدەری بیست و پێنج دەر سەدی ئۆکسجینی جیهان، لە سێرگی شەیتانەکانی سیاسەت و ئابووریدا لەناوچوو. هەروەک سەرچاوەکانی هەواڵ جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە حکومەتی بەرازیل بۆ رەخساندنی شوێنی گونجاو بۆ بەخێوکردنی مانگا ئەو دارستانەی سووتاند، ئەگەرنا مومکین نەبوو هەروا ئاسان دارستانێکی باراناویی وەک ئەمازۆن لە چەند رۆژێکدا ببێتە رەژوو. لەمەش ترسناکتر ئەو گریمانەیەیە “سلاڤۆی ژیژەک” دەیخاتە روو بەوەی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ سەرقاڵی ئامادەکردنی سروشتێکی ترە جیاواز لە سروشتی ئامادە و ئاسایی ئێستا. هەربۆیە ئەم فەیلەسووفە ئەوە رادەگەیەنێت تەنانەت خودی “سروشت چیدی سروشتی نییە”. ئەمە دیمەنێکە بەردەوام لە چاوی ئێمە دەشاردرێتەوە و هەموو نابیناکراوین و بە کوێریی بەرەو ئەو ژینگە ناسروشتییە پاڵمان پێوە دەنێن.

هەموو سەرقاڵکراوین بە گەمە بچووکەکانی سیاسەتەوە، پرسە هەرە گەورەکەمان لە بیر براوەتەوە، کە چارەنووسی ئەو هەسارەیەیە لەسەری دەژین. ترسی بە بیابانبوون و بە حاویەبوونی زەریاکان و مەترسی دڕانی پەردەی ئۆزۆن، ماندووبوون و گەرم داهاتنی لەشی زەوی، شتێکە لە کۆتایی لیستەکەدا بیری لێ دەکەینەوە. لەو بڕوایەدام زانست چاوی بە پەڕۆیەکی رەش بەستووین، مەستی دەستکەوتەکانی خۆی کردووین و بیر لە ئایندە ناکەینەوە. کارەساتەکە ئەوەیە مرۆڤی نوێ هەموو شتێکی خستۆتە پێناوی خۆشگوزەرانی خۆیەوە وەک ئەوەی کوێر بووبێت، سبەینێی تاڵ دەرک ناکات و نایبینێت. لەم کاتەدا رستەیەکی پەند ئامێزی رەوانشاد مامۆستا “عەلائەدین سجادی”م وەبیر دێتەوە لە سەرەتای کتێبی “گێتیی زیندەوەران”دا، وەک نووسیوویەتی “گەر ئادەمیزادێک کوێر بوو زۆر حەز لە پەڕین ئەکا و زۆر شەهوانی ئەبێ”. سجادی لە هەفتاکاندا باسی ئەم مرۆڤە دەکات شەهوەتی خۆشگوزەرانی بەرچاوی لێڵ کردووە، تەنانەت ئایندەی مناڵەکانی خۆشی چاو لێ ناکات. هەر بۆیە نەوەکانی داهاتوو مافیان هەیە لێمان خۆش نەبن.

ستۆکهۆڵم – سۆلنا

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Previous
Next
Kurdish