Skip to Content

روانگەیەکی تر لە هەمبەر دۆزی مێینە … ستیڤان شەمزینی

روانگەیەکی تر لە هەمبەر دۆزی مێینە … ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 5, 2020 General, Opinion, Women

-1-
ژنی ئێمە “کورد” زیاد لە هەر شت خۆی وەک جەستە دەبینێت. ژن هەیە بۆ شکانی نینۆکێکی دەستکرد کە چەند دۆلارێک خەرجی بووە، چەند رۆژێک ماتەمینی دەگرێت. بە حوکمی مانەوەی زۆرم لە نەخۆشخانە، چەندان ژنی رۆژهەڵاتی یان سەر بە کولتوورە پریمیتیڤەکانم بینیوە لە کاتی تووشبوونیان بە کەنسەر و ئامادەسازیی بۆ پرۆسەی شیمۆ تێراپی تێر بۆ هەڵوەرینی پرچەکانیان گریاون کە هێشتا بەسەریانەوە مابوون. ئەمە ئاوێنەیەکی بچووکە شتی گەورەتری تێدا دەبینین، بەوەی هێشتا زۆرینەی ژنی ئێمە و هی هەموو شوێنەکانی تریش بە رێژەیەکی فراوان خودی خۆیان و هۆشەمەندییان کورت دەکەنەوە تەنێ بۆ جەستە بایۆلۆژییەکە. تەنانەت ئەو جەستەیەش نا خۆیان دەیانەوێت، بەڵکو ئەو فۆرمە لەشولارەی پیاو لێی داوا دەکات، ئەم داواکاریی و بینینەی پیاوانیش بە بەردەوامیی لە رەهەندی سێکسوالێتی و دیدی پاتریارکییەوەیە، بەوەی پێویستە ژن بۆدیەکی سەرنجڕاکێشی هەبێت.
نەشتەرگەریی جوانکاریی ژنان و بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی فۆرمی کچانی فۆتۆ مۆدێل هەر لەناو هەمان بۆتەدا خۆی دەبینێتەوە. وەک لای هەمووانیش روونە زۆرینەی دیزاینەرانی مۆدیلاتی جلوبەرگ لە نێرینە پێکهاتوون و بۆ کارەکەیان سەلیقەی نێرسالاریی خۆیان و پیاوانی دیکە رەچاو دەکەن. هەروەک “تۆماس کاریلف” لە کتێبی “فەلسەفەی جلوبەرگ”دا ئاماژەی بۆ دەکات “ئێستا مرۆڤ جوانی سروشتییانەی جەستەی لە بیر کردووە، جەستەی بۆتە جێگەی هەڵواسینی پۆشاکی تەنک و نیان”. سیما هۆلیۆدییەکانی ژن مانای راددەی بەرزی ئازادیی نییە، بەڵکو مانای بە کاڵابوون و ئۆبژێکتەبوونی ژنی لە خۆگرتووە، ئاخر نموونە ئایدیاڵەکەی هۆلیۆد “مارلین مۆنرۆ”یە، ئەو ئەکتەرە تەنیا وەک بۆدیەکی قەشەنگ و سێکسی دڵخوازی سێکسیزمی پیاوسالارانە زەق کراوەتەوە، ئەگەر لەمەش بگەڕێین تاکو ئێستا فێمینستێکی کورد و ناوچەکەم نەبینی بۆ پرۆتستۆی دیاردەی بە کاڵابوونی جەستەی مێینە قژی خۆی بتاشێت و نیشانی بدات ژنبوون کورت ناکرێتەوە بۆ لەشولاری نەرم و شل، چاو و ئەبرۆی جوان، زوڵف و کوڵمی ئاڵی نێو جیهانی شیعری پیاوان.
-2-
ئەگەر بە دیدێکی مارکسییانە سەیری بابەتی چەوساندنەوەی ژن بکەین، یەکەمین ساتەوەختی جیاوازیی چینایەتی ئەو چرکەساتەیە قۆناغی دایکسالاریی “ماتریارکی” کە لە رووە ئابوورییەکەوە بە کۆمۆنەی سەرەتایی دەناسێنرێت، گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژیی، یەکەمین قوربانی ئەو جیاوازییە چینایەتییەش هەر خودی ژن بووە کە بوو بە کاڵایەک لەو هەموو کاڵایانەی تری سیستمی پیاوسالاریی “پاتریارکی” سەپاندوویەتی. ئەمە دیدی ماتریالیستییە بۆ بنەچە و ئەو کێشەیەی پێی دەوترێت کێشەی مێینە، تاکو مرۆڤ لە جەبریەتی ئابووری و کڵێشە داسەپاوەکانی نیولیبرالیزم و کاپیتالیزمی هاوچەرخ دەرباز نەکرێت، مومکین نییە ئەو تەوقەی لە ملی ژن کراوە بشکێندرێت. بە پێچەوانەوە رەوتی نیولیبرالیزم، لە هەوڵی سڕینەوەی هەموو ئەو دەستکەوتانەشدایە لە سەرەتای لیبرالیزم و گەشەکردنی سەرمایەدارییدا وەک پێویستییەک بۆ پڕۆلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە فەراهەم کران.
ئەگەرچی لە رووکەشدا ئەم ئارگۆمێنتە وەک دۆگماتیزمی بیروباوەڕ “جمود العقائدی” دەبینرێت، بەڵام لە باری کردارییەوە فاکتێکی حاشاهەڵنەگرە. دەستنیشانکردنی رۆژێک بۆ بەرەنگاریی توندوتیژیی دژی مێینە، یان دانانی رۆژێکی تر وەک رۆژی جیهانیی ژن “هەشتی مارس”، هیچ نییە جگە لەو گەمە بچووک و ئەفیونە ریفۆرمیستییە لابەلایانەی سیستمی سەرمایەداریی هەڕمێنی پێ دەدات. تۆ ئەگەر خوازیاری کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی و هەڵاواردنی جێندەریی بیت، ئەولەویترین کارت بەگژداچوونەوەی سیستمی پیربووی سەرمایەدارییە، هەروەک “نینا بیرۆک”ی فێمینستی سوێدیی ئاماژەی پێدەدات “لۆژیکی سەرمایەداریی بریتییە لە راوکردنی قازانج” و پایەکانی ئەم سیستمەش لەسەر باڵادەستی رەگەزیی و ئابووری راوەستاوە، بێ ئەم هەنگاوە ریشەیی و رادیکاڵە هەرچی تر بکرێت خولانەوەیە لە بازنەی کولتووری باوکسالارییدا، وەک وتیشم پیاوسالاریی کۆڵەکەیەکی هەرە گرنگی ریژێمی سەرمایەیە.
-3-
ژنان ناتوانن بێ پیاوان و پیاوانیش ناتوانن بێ ژنان هیچ هەنگاوێک بۆ ئازادیی بنێن، رەنگە ئەم تەرزە روانینە هەندێک فێمینستی رادیکاڵ هەراسان بکات، وەلێ من لە ریشەوە بەد گوومانم لە هەبوونی ریزێکی فراوانی ژنانی فێمینستی کورد. ئەوە راستە مێژووی جیهان مێژوویەکی نێرانەیە، هەر ئەوەی تێکڕای پێغەمبەرەکان پیاون، تەنانەت تێکڕای فەیلەسوفەکانیش هەر نێرن، ئەمە کارێکی کردووە ئاین و فەلسەفە یارمەتی نێرینەیی دنیا بدەن، دنیا ئێستا پێویستی بە مێینەییە، رزگارکردنی مرۆڤایەتی پێویستی بە مێینەیە. ئەم کارەش بە هاوبەشی لەگەڵ ئەو نێرانە دەکرێ بڕوایان بەوە هەیە جێندەریزەکردنی ژیان و دنیا بەلاڕێدا دەمانبات و لەوسەری ستەمکارییەوە سەردەردەهێنێت، ژیان دەبێت بەشێوەی مرۆڤسالارانە رەنگڕێژ بکرێتەوە. فێمینیزمی پەڕگیر کە کینەی بەرامبەر بە پیاوی بایۆلۆژیی هەیە، مەترسیدارترە لە پیاوسالاریی. بۆیە لە پێناوی چەسپاندنی یەکسانی رەگەزیی دەبێت بەرامبەر بە کولتووری پاتریارکی بوەستینەوە، نەک جۆشی قێزهاتنەوە لە پیاو بدەین وەک بەدەن و قەبارە بایۆلۆژییەکە.
ئێمە پێویستیمان بە بزووتنەوەیەکی فێمینستییە “بە ژن و پیاوەوە، بەو پێیەی لە بناغەوە فێمینیزم رێبازێکی فیکریی داکۆکیکار لە ژنە یان تیۆرییەکە بۆ دەرخستنی ناهاوسەنگیی رەگەزیی” ژن بهێنێتەوە سەنتەری ژیانی سیاسیی و بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئەگەرچی لە رووکەشدا هەنگاوەکان دەبینرێن بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە پێشنۆرەدا زیهینییە، ئەمەش کاری رۆشنگەرانەی زۆری پێویستە تاکو پیاوسالاریی وەک عەقڵییەت لە مێشکی مرۆڤدا ریشەکێش بکرێت. ئاوەزی نێرسالاریی درمێکی تایبەت نییە بە پیاوان، دەبێت بزانین بەشی هەرە زۆری ژنانیش هەڵگری هەمان ئەو ڤایرۆسەن. هەر لەم روانگەوە دەبێت پیاوسالاریی وەک سیستمێکی گشتگیر کە سایەی کردووە بەسەر هۆشمەندیی زۆرینەدا بە هەردوو رەگەزەوە حیسابی لەسەر بکرێت. نەک وەک ئارەزوویەکی سادیستانەی پیاو “پیاوی بایۆلۆجی”. هەر بۆیە لەیەکەم دێڕدا گرنگی ئەو خەباتە هاوبەشەم بە بیر هێنایەوە.
-4-
میلیتاریزەی ژن هیچ کاتێک مانای دەستەبەری بڕێکی زۆر لە مافی ژن ناگەیەنێت، بەڵکو بەشێوەیەک لە شێوەکان ژن دەکاتە سووتەمەنی بەرەو پێشچوونی سیاسەتێک لەسەر بنەمای نێرسالاریی خۆی فۆرمۆڵە کردووە. خەریکە دیاردەیەک لە کۆمەڵگەی ئێمە زەق دەبێتەوە کە وێنای ژنی ئایدیاڵ و ئازاد لە دیمەنی چەک بەدەستبوونی کچە گەریلا و شەڕڤاندا خۆی دەبینێتەوە. جیاواز لەوەی ئەم وێنایە وێنایەکی ساختەیە، لەوێشدا مەترسیدارە ئازادیی ژن تەنیا لە چەکدارکردنی ژندا کورت دەکاتەوە. لە کاتێکدا وەک وتم زۆرترین جار میلیتاریزەی ژنان سیاسەت و ئایدۆلۆژییەکی پیاوانە دەباتە پێشەوە، ئەمەش بۆ خۆی جۆرێکە لە زەوتکردنی ماف و ژیانی نۆرماڵی مێینە.
ئەم تەرزە روانینە بە ئیفێکتی ئاپۆچێتی خەریکە دەبێتە باوەڕێکی کۆنکرێتی، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە سیستمی تۆتاڵی ئاپۆچێتی، وەک رەوتێکی ئایدۆلۆژیی تاکڕەهەند و نێرسالار ژنی کردۆتە رۆبۆتێکی عەسکەریی، نەک ئەوەی سیستمێکی هێنابێتە ئارا لەسەر بناغەی یەکسانیی رەگەزیی. داتاشینی ئەو پەیکەرە ئایدیاڵە بۆ ژنانی گەریلا زادەی روانینی سێکسوالێتییە بۆ ژن، بەوەی ژن ئاستی خۆی لە ژنەوە تێپەڕاندووە بۆ بوونەوەرێکی تر، بۆ جەنگاوەر. ئەگەرنا بۆچی داهێنەرانی ژن لە بوارەکانی هونەر و ئەدەب و نووسیندا ئەو ئەفسوونەیان لە چواردەور دروست نەکراوە؟ بەڵکو هەمیشە وێنایەکی دزێویان لە ئەندێشەی زۆرینەدا هەیە، “هەڵبەتە لێرەدا باسی دۆخی کوردیی دەکەم” بۆچی هەمیشە ژنانی یاخی ناچەکدار لە “قەحپە” زیاتریان پێ ناوترێت؟.
وا دەهزرێم ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارییەکان پێویستیان بە داتاشینی قارەمان و سوپەر مرۆڤە، ژنە گەریلاش ئەو سوپەر مرۆڤانەن لە کارگەی ئایدۆلۆژیی ئاپۆچێتیدا بەرهەم هاتوون. خۆ ئەم چەکدارکردنەی ژن چ لە جیهان چ لە کوردستان دیاردەیەکی نوێباو نییە، جیا لە سوپای فەرمی دەوڵەتان، چەندان بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار ژنانیان چەکدار کردووە. ئەگەر پەنا بۆ نموونە ببەین ئەوە بزووتنەوەی سەربەخۆیخوازی میللی لە نیپاڵ وەک بزووتنەوەیەکی چەپی ماویستی چل دەر سەدی گەریلاکانیان ژنن. هەروەها زۆرێک لە نەواتی سەربازیی پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا لە ژنان پێکهاتوون، من هەر بە ئەنقەست نموونەی ئەو دوو هێزەم هێنایەوە، چون ئەو کۆمەڵگایانە لە باری فەرهەنگییەوە لە دواوەن.
لەم سۆنگەوە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە میلیتاریزەی ژن نەک ماف نییە بەڵکو فۆرمێکی ترە لە چەوساندنەوە. رەنگە ئەم قسانە بۆ ئەم چرکەساتە تووڕەیی زۆرمان بەسەردا بڕژێت، بەهۆی ئەوەی کەوتووینە ژێر سۆزی ئەو وێنا سوپەرانەی لە میدیاکانەوە دەیانبینین، بەڵام بە رەوینەوەی تەمی ئەم سۆزە و لەگەڵ یەکەم قسەی عەقڵدا، تەنانەت لەوە تێدەگەین “ژنۆلۆژیی” عەبدوڵا ئۆجەلان، کتێبێکی سەفسەتەئامێزە. ئاخر ئاپۆ لەو کتێبەدا رۆڵی پێغەمبەرێک دەگێڕێت تاکو تیۆریسیۆن، ئەو دووبارە پێگەی ژن بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی خواوەندێتی، ئەمەش خواستی پاکیزەیی ژنانی لە خۆگرتووە، هاوکات بۆ ئەوەی ژن بەرزبێتەوە بۆ ئەو ئاستە خواوەندییە دەبێت لە ژنەوە ببێتە شۆڕشگێڕێک، ئەمە دروست پرۆسەی بە پیاوبوونی ژنە، لە ئەرزی واقیعشدا کچە گەریلا دەبینین تەنیا سمێڵی لە پیاو کەمترە.

ستیڤان شەمزینی
یانیوەری 2020
ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish