Skip to Content

ڕانانی کتێب … “سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا” و  شارەزەردەواڵەی پرسیار

ڕانانی کتێب … “سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا” و شارەزەردەواڵەی پرسیار

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 17, 2016 Books, General

ڕانانی : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو مێژووی ئایینی ئیسلام و پەنجەی دەخاتە سەر ئەو خەوشە کۆمەڵایەتییانەی کە لەو سەردەمەدا واتە هەزار و چوار سەد ساڵی بەر لە ئێستا لەنیمچە دوورگەی عەرەب باو بوونە و دواتر چۆن ئایینی ئیسلام شەرعییەت بەو خەوشانە دەدات و بازاڕیان گەرم دەکات. ئەو پرسیارانە دەکات کە نەکراون، یان ناوێرن بکرێن. کتێبەکە پڕۆژەیەکە پڕ لە پرسیار و سەرسوڕمان، پڕ لە هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تاوان و ئاماژەکردن بە نهێنی. دەرخستنی دیوی ناوەوەی ئەو ڕاستییانەیە کە لەلای مرۆڤی سادە و باوەڕدار بە ئایین کفر و هێڵی سوورە. ئەو شارەپرسیارانەی لەم کتێبەدا خۆیان نمایش کردووە، یان وردتر بڵێـم نووسەر نمایشی کردوون، تا ئاستێکی باش نیشاندانی ئارگیومێنتێکن کە دەرگای دیالۆگ و مشتومڕ دەخەنە سەرپشت. ئەمەش خاڵیکی گەشی لێکۆڵینەوەکەیە کە نووسەر لە سیاقی هەوڵەکانیدا بەرجەستەی کردۆتەوە.

مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەر و شانۆنامەنووس و وەرگێڕ و نووسەری ئەم کتێبە، دوای کۆششێکی زۆر توانی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ئامادە بکات و بڵاو بکاتەوە. هەر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان و حیزبە ئیسلامییەکان لەبەر نەبوونی وەڵامی گونجاو و موقنیعەکەر، لەجیاتی دیالۆگ و گفتوگۆی شارستانیانە کەوتنە دژایەتی کتێبەکە و تەبلیغ و پڕوپاگەندە لە دژی نووسەر تا کار بەوە گەیشت فەتوای کوشتنی نووسەر دەربکەن. هەر لەو کات و سەردەمە ئەم پەلامارە کۆنەپەرستییەی ئیسلامییەکان بە ڕووی بەربەستی ناڕەزایەتی و دژەکرداری ئازادیخوازان و نووسەرانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستەکان بوونەوە. ئەگەرچی مەریوان هەڵەبجەیی نووسەری کتێبەکە وادار بە جێهێشتنی کوردستان کرا و لە ئەوروپا گیرسایەوە، بەڵام مایەپووچی و دۆڕانێکی گەورە بوو بەنسیبی ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان. جێی ئاماژەیە کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا ٥٤٦ لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و چاپی دەیەمی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاو بۆتەوە و دوا چاپیشی وەک ئاگادارم بم چاپی یانزەهەم بڵاو کراوەتەوە و ئێستا لە کتێبخانەکانی باشووری کوردستان دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە لە پێشەکییەک و حەوت فەسڵ و پاشکۆیەک پێکهاتووە کە وەڵامێکی ورد و بە دیتەیڵی نووسەرە بۆ ئەو بوختانە بەناو ڕەخنانەی پڕۆژەی تیشک کە ئەوەندەی تر کتێبەکەی دەوڵەمەندتر کردووە بە زانیاری و فاکت لەسەر ئەرگیومێنتەکانی. نووسەر سوودی لە ١١٢ سەرچاوەی جیاجیا وەرگرتووە. جێی وتنە ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، ئومێدەوارم وەربگێردرێتە سەر زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و زمانە زیندووەکانی جیهان و مرۆڤایەتی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەبێت. هەروەها لە بەرگی ناوەوەی کتێبەکە مەریوان هەڵەبجەیی نووسیویەتی ” تێڕوانینێکی زانستیانە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئایینی ئیسلامدا”. ئەم خوێندنەوەیە ئەگەرچی یەکەم خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە نییە سەبارەت بە ئایین و پێگەی ژن لە ئایین کە بە زمانی کوردیی نووسرابێ، بەڵکو پێشتریش ڕەخنەگری تر بابەت و کتێبیان نووسیوە لەوانە : دڵشاد مەریوانی و عەبدولخالق مەعروف و ئارام ڕەشید، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی ئەم کتێبەی مەریوان هەڵەبجەیی بەرفراوان و سەراپاگیر و پڕ لە دیتێڵ و زانیاری نین.

وەک ئاشکرایە ژن لە عەقڵیەتی پیاوانی ڕەشۆکی ئەو سەردەمە(١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا) یەکێک بوو لەو کاڵا هەرزانانەی کە بۆ تێرکردنی غەریزەی سێکسی بەکاربراوە. کەسایەتیی نەبووە و بە کۆیلە و ئازادەوە لە بچووکترین ماف بێبەش بووە و کەرامەتی ڕوشاوە و شکۆی ئینسانیی شکێنراوە. کاتێکیش ئایینی ئیسلام هات لەبری قەدەغەکردنی ئەو بەکاڵاکردنە، شەرعیەتی بەو سووکایەتییەی ژنان داوە و پێشڕەوانی ئیسلامیش خۆیان بوون بە سەرمەشقی ئەو سووکایەتیی کردنە بە ژن. کۆیلەکردن و نیکاح و ئیغتساب و فرەژنی و زەواجی موتعە و ..تاد وەک بنەما جێگیرکران و دواتریش لەلایەن پەیڕەوکەرانەوە پەیڕەویان لێکراوە. مەریوان هەڵەبجەیی نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەیەوی بڵێت کە جوانترکردن و مکیاجکردنی ئەو دزێو و ناشرینانەی ئایین کە لەسەر دەستی مورید و مفتی و زانایانی ئایینی ئەنجام دەدرێ، خۆی جگە لە فریودانی خەڵک هیچیتر نییە. نووسەر ڕاشکاوانە پەنجە دەخاتە سەر دەرد و مەینەتییەکان و ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانیان دەکات.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا هەوڵێکی جیدییە بۆ خوێندنەوەی مێژوویەک کە لەسەر سەربڕین و کوشتن و بەکۆیلەکردنی ئینسانەکان بنیادنراوە، مێژوویەک پڕاوپڕ لە غەدرو زوڵم و لێوڕێژە لە تاوان. خوێندنەوەیەکی سەراپاگیری دۆخی ناهەمواری ژنە لەژێر سایەی شەرعگەلێک کە جگە لە بەرژەوەندی پیاوانی خێڵ هیچ بەرژەوەندییەکی تریان لەبەرچاو نەگرتووە. کتێبەکە خوێندنەوەیەکی زانستیانەی وردە لە دۆخی دواکەوتوویی کۆمەڵگەیەک کە خورافەیان بە باشترین چارەسەر زانیوە بۆ دەربازبوون لە دەرد و مەینەتییەکان.
ئەو پرسیارانەی لە دووتوێی ئەرگیومێنتەکاندا هەن، دەرخەری ڕاستییەکن کە دیاردەی ئایین لەبەردەم هێزی پرسیارە مەعریفییە جیدییەکاندا چۆک دادەدا. چونکە ئایین نە بڕوای بە دیالۆگ هەیە و نە بەگفتوگۆ، بەڵکو هەمیشە بە چەکی سواوی بوختان و درۆ و تیرۆری کەسایەتی نووسەر دەست پێدەکات، تا دەگات بە تیرۆرکردنی جەستەیی، کە کۆی ئەم میتۆدە خۆی لە دەقە ئایینییەکان بەرهەم دێنێتەوە. گەرچی هێزە تاریکپەرستەکانی ئایین زۆرجار توانییانە ڕەخنەگر بکوژن و لەنێوی بەرن، بەڵام ئەو ڕەخنەگر و نووسەرانە وەک براوەیەک لە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ناو و کار و چالاکیان تۆمارکراوە و تیرۆریزمی ئایینیش جگە لە شکست هیچیتری پێنەبڕاوە.

کتێبی سێکس و شەرع و ژن لە دیدێکی بابەتییانەوە کە بەهای ئینسان شایانی ڕێزلێگرتنە،کۆی دیاردەی ئایینی ئیسلام لەلایەک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پێگەی ژن لەو ئایینە لەلایەکیتر دەخاتە ژێر مایکرۆسکۆبی لێکۆڵینەوەوە. ئەمە ئەو سەکۆیەیە کە مەریوان هەڵەبجەیی لێوەی ململانێکان دەباتە پێشەوە. لە سەرجەم کتێبەکەش خوێنەر هەست دەکات نووسەر کێشەی لەگەڵ هیچ کەس و لایەن و گروپێکدا نییە، بەڵکو کێشەی مەریوان ئەو میتۆدە ئایینیەیە کە ئەرکی جەوهەریی توندترکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی کۆیلەتی ئینسان بەگشتی و ژنان بەتایبەتییە.

لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە :
یەک : نووسەر بابەتییانە کتێبەکەی نووسیوەتەوە و هەوڵیداوە بەڕێچکەیەکی زانستی ئەنجامگیری بکات.

دوو : نووسەر تێکۆشاوە پشت بە بنەڕەتترین سەرچاوەکان ببەستێت و ڕاستییەکان لە زاری سەرچاوەکانەوە بخاتە ڕوو.

سێ : نووسەر گرنگترین بابەتی وروژاندووە کە پێگەی ژنە لە ئایینی ئیسلام. کتێبەکەش دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر سەرجەم ئایین بە گشتی و پێگەی ژن بەتایبەتی.

چوار : نووسەر پەردەی لەسەر دزێوترین دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵداوەتەوە و ناوەڕۆکە کۆنەپەرستانەکەی خستۆتە ڕوو.

پێنج : نووسەر بە شارەزاییەکی باش و تێڕوانینێکی مۆدێرن و پێشکەوتووخوازانەوە بناغەی ڕەخنەکانی داڕشتووە.

شەش : نووسەر ئیش لەسەر ئارگیومێنت دەکات و ڕەخنەکانی بە فاکت دەخاتە ڕوو. لەهەمان کاتیشدا دەرگای دیالۆگی بە ڕووی خوێنەر و ڕەخنەلێگیراوان بە کراوەیی هێشتۆتەوە.

شەش : عەزم و سەلیقە و ئیرادەیەک کە لە پشت نووسینی کتێبەکەوەیە بووە بە هەوێنی سەرکەوتنی مەریوان هەڵەبجەیی لە ململانێی ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە.

ئەم کتێبە تا بڵێی ناوازە و پڕ لە زانیارییە و بەسوودە، خوێندنەوەی نەک هەر بەکەڵکە، بەڵکو پێویستییەکە لەپێناو بەجوانی ڕاگرتنی ئینسانییەتی خۆمان. کتێبەکە ئاوێنەیەکە دەتوانین لەمیانی تەماشاکردنییەوە ئەو وێنەیە ببینین کە زۆربەی هەرەزۆری تاکەکانی ئەم وڵاتە نایبینن، یان ناوێرن بیبینن. چونکە کتێبەکە دەتوانێ شۆڕشێک لەناو بیرکردنەوە هەڵبگیرسێنێ و تەواوی سیستەم و میتۆدی بیرکردنەوەی تاک سەبارەت بە ئایین بگۆڕێ. ئەمەش ئەو ترسەیە کە ئیسلامییەکان لێی تۆقیون و هەر لەبەر ئەمەش بوو فەتوای کوشتنی نووسەر دەرکرا. نووسەر لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە جوانترین مێژووی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی خۆی لەدژی کۆنەپەرستی و جەهالەتی ئایین خوڵقاند. مێژوویەک کە تا مرۆڤایەتی مابێ بەچاوی ڕێز و ستایشەوە لێی دەڕوانێ.

ئایاری ٢٠١٦

تێبینی : ئەم ڕانانە لە گۆڤاری هانا ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish