Skip to Content

ئازادیی وەک بەهای بوون لە ڕۆمانی ”١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵدا … ئاسۆس ساڵح

ئازادیی وەک بەهای بوون لە ڕۆمانی ”١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێڵدا … ئاسۆس ساڵح

Closed
by March 22, 2020 General, Literature, Slider

ڕۆمان وەک ژانەرێکی ئەدەبیی بەهۆی پانتایییە فراوانەکەی ئامرازێکی گونجاوە بۆ نووسەران، تاوەکوو لە ڕێگەیەوە هزر و پەیامەکانی خۆیان بەکۆمەڵگە بگەیێنن. ڕۆمانی ”١٩٨٤” یەکێکە لەو ڕۆمانانەی تا ئێستا گرینگی لە دەست نەداوە، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی ئازادیی مرۆڤ تێیدا زۆر کەمە. هەرەها، بەهۆی ئەو پەیام و ئاگادارکردنەوەی لە ناوەڕۆکیدا هەیەتی گرینگی خۆی پاراستووە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ”ئیرک بلەیر” (١٩٠٣ – ١٩٥٠) نووسراوە، ناوی خوازراوی ” جۆرج ئۆڕێڵ”ە. ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان وتار و ڕۆمانە، بەگشتی نووسینەکانی ڕەخنەی سیاسیین. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت وشیاریی سیاسیی بڵاوبکاتەوە. گرینگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن: دۆڕاو و دەرکراو (١٩٣٣)، ڕۆژانەی بۆرما (١٩٣٤)، ڕێزلێنان بۆ کەتەلۆنا (١٩٣٨)، مەزرای ئاژەڵان (١٩٤٤) و ١٩٨٤ (١٩٤٩) …تاد. ”مەزرای ئاژەڵان”یش یەکێکی ترە لە شاکارەکانی، لەوێدا ڕەخنە لەو سەرکردە دەسهەڵاتخوازانە دەگرێت کە دەیانەوێت لە ڕێگەی شۆڕشەوە بگەن بە دەسهەڵاتی ڕەها. ڕۆمانی ١٩٨٤، لە ڕێگەی ڕەخنەی سیاسییەوە دەیەوێت مرۆڤایەتیی لە دەسهەڵاتی تۆتالیتار ئاگادار بکاتەوە، کە چۆن مەترسین بۆسەر ژیان و ئازادیی مرۆڤ.

ڕۆمانی ١٩٨٤، لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر بەشی دابەشی سەر چەند بەندێکبووە. بەگشتی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باسی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەکات، کە ئازادییەکانیان لە پێناو دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورە نەهێشتووە و هەموو شتێک دەبێت لە پێناو حیزب و ڕێبەری گەورەدا بێت. ئەم ڕۆمانە چەند کارێکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، کە ئەمانەن: ”وینستۆن سمیت”، ئەم پیاوەیە کە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە بێزارە، بیری ئازادیی و هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە لە مێشکیدا چەکەرە دەکات، بۆ گەیشتن بەم کارەش چەندان کار و چاڵاکی دژە یاسا و بنەمانی حیزبیی ئەنجام دەدات. ”جولیا” کچێکە ئەندامی حیزبە، بەڕواڵەت خۆی وەک دڵسۆزی حیزب پیشان دەدات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا وانییە، بەڵکوو دژی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورەیە. جوڵیا ئەندامی ڕێخراوی لاوانی دژە سێکسە، کەچی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ چەندان ئەندامی حیز دەبەستێت و دواتریش لەگەڵ وینستۆن سمیت پەیوەندی خۆشەویستیی و سێکسیی دەبەستێت. ”ڕێبەری گەورە” سەرۆکی حیزبە، وێنە و پۆستەرەکانی لە هەموو شوێنێک هەیە، لە فەرمانگە، شەقام و هەموو ماڵێکدا هەڵواسراوە، جگە لەمە بە تەلەسکرین چاودێری هەموو جوڵەیەکی مرۆڤ دەکات، هەمیشە ئەم ئاگادارییە بڵاودەکرێتەوە کە ڕێبەری گەورە چاودێریت دەکات. یەکێکی تر لە کارێکتەرەکان ”ئۆبرین”ە کە لە ناوەندی حیزب بوو، هاوکات ڕۆڵی ئەوەی دەگێڕا کە لەگەڵ ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین”دایە وسەر بە ئەنجومەنی برایەتییە. بەڵام وانەبوو، بەڵکوو پۆلیسی خەیاڵ بوو لە کۆتاییدا هەر ئۆبراین، سمیت دەگرێت و لەسەر لادان و دژ وەستانەوەی بەرامبەر بەحیزب، لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی دەدات. ”ئیمانوێڵ گۆڵدستەین” لە ڕۆمانەکەدا ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە دژی دەسهەڵاتی ڕابەری گەورە و سۆسینگ وەستاوەتە و بڵاوکراوە و کتێب و ئەنجومەنی برایەتیی دژی ڕێبەری گەورە پێکهێناوە، پێشتر هاوشانی ڕێبەری گەورە بووە، بەڵام دوای ئەوەی جموجۆڵی دژی شۆڕش و ڕێبەری گەورەی لێ ئاشکرا بوو، ئیدی بڕیاری کوشتنی بەسەردا بڕا، بەم هۆیەوە ڕایکرد و خۆی شاردببووەوە. هەروەها لە ڕۆمانەکەدا چەند کارێکتەری دیکەی لاوەکیش هەن.

ناوچەی جوگرافیی ڕۆمانەکە لە سێ وڵات پێکهاتووە، کە هەمیشە دژی یەکتر لە شەڕدان. چیرۆکی ڕۆمانەکە لە ”ئۆقیانووسیا”یە (ئۆسیانیا)، سیستەمەکەی بەناوی ”سۆسینگ”ە واتا سۆسیالیزمی ئینگلیزیی، کە ناوچەکانی بەریتانیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئوستوڕاڵیا و ئەفریقا باشوور دەگرێتەوە. وڵاتی دووەم ”ئۆراسیا”یە، کە سیستەمەکەی بەلشەفیزمی نوێیە. ناوچەکانی ڕووسیا و ئەوڕوپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیاش دەگرێتەوە. وڵاتی سێیەم ناوی ”ڕۆژهەڵاتی ئاسیا”یە، سیستەمەکەیان عەشقی مەرگ یان خۆفەوتاندنە. ئەم بەشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیای دەگرتەوە، وەک وڵاتانی یابان و کۆریا و چین و ڤێتنام …تاد. جۆرج ئۆروێڵ جیهانی دابەشی سەر ئەم سێ بەشەکردووە، هەریەکەی بە وڵات و سیستەمێکی جیاواز داناوە. شایەنی باسە جۆرج ئۆروێڵ لە یەکێک لە چاو پێکەوتنەکانی دەڵێت: ”فەزای گشتیی چیرۆکەکەم لە بەریتانیا ڕوودەدات، ئەمە بۆ ئەوەی پیشانی بدەم ئەو وڵاتانەی ئینگلیززمانن، دوورنین لەوەی ئەم جۆرە شتانە تێیدا سەرهەڵبدات. دیکتاتۆرییەت، ئەگەر دژی نەجەنگی ئەوە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بێت، سەربکەویت.” ئەمە پەیامی نووسەرە بۆ مرۆڤایەتیی کە پێویستە هەمیشە لە هەوڵی بەدەست هێنان و پاراستنی ئازادیی دابن، ئەگینا دەسهەڵات لێیان زەوت دەکات.

حیزبی فەرمانڕەوای ئۆقیانوسیا، چەند درووشمێکی هەبوون، بە هەموو شوێنێک بڵاوکرابوونەوە، درووشمەکان ئەمانە بوون: ”شەڕ ئاشتییە. کۆیلایەتیی ئازادییە. نەزانی هێزە”، هەروەها درووشمێکی تری حیزب ئەوە بوو کە دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج (٢ + ٢ = ٥)، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو شوێنێک نووسرا بوو ئاگاداربە ”ڕێبەری گەورە” چاودێریت دەکات. ئەمانە بەناو هەموو قوژبنێکی کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوونەوە. کۆمەڵگەی وڵاتی ئۆقیانوسیا لە ژێر هەیمەنەی دەسهەڵاتی ڕێبەری گەورە و سیستەمی سۆسینگ، دابەشی سەر سێ پێکهاتە بووە. پلەدار و بەرێوبەرانی حیزب ٢% لایەنگر و ئەڵقەلەگوێکانی حیزب کە ڕێبەری گەورە و حیزبیان بەهەموو شتێک دەزانی و لە دەسهەڵاتی دەرنەدەچوون ١٣% کۆمەڵگەیان پێکهێنابوو. بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەش لە پرۆلیتار و ڕەنجدەران پێكهاتبوو ڕێژەکەی ٨٥% بوو. هەر ئەمەش وای دەکرد وینستۆن سمیت تاکە هیوای بۆ ئازادیی و ڕووخاندنی سیستەمەکە پرۆلیتاریا بێت و دەیگووت: ”گەر هیوایەک هەبێ، تەنها پرۆلیتارە”.

ئازادیی وەک بەهایەکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا جەختی لەسەرکراوەتە، کە چۆن بوون بەبێ ئازادی ماهیەتی نابێت و خاوەنی بژاردە و بوونی خۆی نابێت، هەمیشە لە ژێرکاریگەریی ئەویتردا دەژیت. لێرەدا بۆ لێکدانەوەی دەقەکانی ڕۆمانەکە، پشت بە تێروانینی بوونخوازانەی ژان پۆڵ سارتەر دەبەستین لەمەڕ ئازادیی، هەڵبژاردن و بڕیاردان، ئازادییی خۆشەویستیی.

ژان پۆڵ سارتەر، بەهۆی نووسین و هەڵوێستەکانییەوە ببووە فەیلەسوفێکی خۆشەویست لە سەردەمی خۆیدا، کارەکانی لەنێو ڕۆشنبیران و قوتابییان و شۆڕشگێران و خەڵکی ئاساییش ناسراو بوو، تەواوی دونیا ئاشنایەتییان لەگەڵ سارتەر پەیدا کرد. سارتەر لە کاتێک بووە زمانحاڵی بوونخوازیی، ئەوڕوپا لە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا بوو، بێئومێدیی و ڕەشبینیی و داگیرکاریی و شەڕ …هتد ئەوڕوپا و جیهانی تەنیبوو.

ئەو بابەتانەی سارتەر لە فەلسەفە بوونخوازیییەکەی گرینگی پێداوە ئەمانەن: ئازادی، هەڵبژاردن، بڕیاردان …تاد. بابەتی سەرەکی فەلسەفەکەی سارتەر ئازادییە، و دەبێ تاک ئازادی خۆی بەدەست بێنێت تا بتوانێ بە ئازادانە بریاربدات و هەڵبژاردن بکات. هەروەها، نابێت لەژێر کاریگەری ئەوانیتردا بێت. بوونخوازەکان باوەڕیان وایە بوون لە پێش جەوهەرە، واتە هەموو مرۆڤێک بەر لە هەرشتێک بوونی هەیە. سارتەریش وەک بوونخوازێک ”لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە بڕوای وایە (بوون) دەکەوێتە پێش (ماهییەت)ەوە. واتە لە پێشدا مرۆڤ دێتە جیهانەوە؛ پاشان لە ڕێی کارەکان و هەڵبژاردنەکانیەوە (ماهیەت)ی خۆی پێک دێنێت. واتە بەبڕوای سارتەر، پێشتر ماهیەتێک نییە بەسەر بوونی مرۆڤدا سەپێندرا بێت.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل١٣) هەرچەندە مرۆڤ بە هەڵبژاردن و ئازادانەی خۆی نەهاتۆتە بوونەوە، بەڵام لەم ژیانەدا مرۆڤ ناچارە بەوەی ئازاد بێت. دواجار هەر لە ڕێگەی ئازادی و هەڵبژاردن و بڕیاردان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانیتردا ناسنامە و ماهیەت بۆ بوونی خۆی دادەنێت. هەڵبژاردن و بڕیاردان، لە گرینگترین و سەرەکیترین بنەماکانی فەلسەفەی بوونخوازیی سارتەرن، ”هەڵبژاردن کڕۆکی فەلسەفەی سارتەرە، بەپێی بۆچوونی ئەو، هەڵبژاردنی ئازاد بەپێی هیچ ڕاستیەکی هەبوو (Existent) بڕیار نادرێت، چونکە کردەیەکە ئاراستەی بۆشایی کراوە، ئەویش ئەو داهاتووەیە کە بوونی نییە.” (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٦: ل٥٧) کاتێک مرۆڤ هەڵبژاردن دەکات، نا بێت بکەوەتە ژێرکاریگەری بڕیاری پێش وەختە و چەند بیر و باوڕێکی کە پێشوتر لە هزریدا جێگیر بوونە.

سارتەر، جەخت لەسەر ئازادی مرۆڤ دەکاتەوە، دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە هەڵبژاردن و بڕیار بدات، نەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەوانیتر. بەتێڕوانینی سارتەر، مرۆڤ بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکات. هەروەها لای سارتەر ئازادییی خۆشەویستیی گرینگییەکی زۆری پێدراوە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ”عەشق شتێکە کە هەرگیز نابێتە واقعیەت، بۆ من خۆشەویستی ئێوە شتێک نییە جگە لەوەی کە ئێوە ناچاربکەم خۆشمتان بووێ و پێچەوانەی ئەم مەسەلەیەش هەر ڕاستە.” (میهرداد میهرین، ٢٠٠٩: ل٤٠٧) سارتەر بیر و تێڕوانینی خۆی لەبارەی خۆشەویستی دەخاتە ڕوو و پێیوایە خۆشەویستی ئازادی لەمرۆڤ دەستێنێ و دەبێ لە خۆشەویستیشدا ئازادی هەبێت. ”بە وتەی سارتەر لەعەشقدا وەک تێکڕای پەیوەندییە مرۆییەکانی تر، ئامانجی ئێمە بەکۆیلەکردن یان بوونە کۆیلەی ئەویترە، لە پێگەی ماسۆشی و سادیدا” (ی. ز لاڤین، ٢٠١٧: ل٥٨٤) سارتەر تیشک دەخاتەسەر مەترسی خۆشەویستی کاتێک کە من ئازادی ئەوی تر لەناو ئەبەم، و ئەویتر ئازادی من لەناو دەبات، یەکەمیان سادیستم ‘چێژ لە ئازاردانی ئەویتر’ و دووەمیان ماسۆشیستم ‘چێژ لە خۆ ئازاردان’ وەردەگرم، بەمەش خۆشەویستی دەبێتە شتێکی ئازار بەخش، دەبێت لە خۆشەویستیدا ئازادی ڕەنگبداتەوە بۆ ئەوەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو بێت.

ڕووحی بەرەنگاریی و ئازادیی: جۆرج ئۆروێڵ لەم ڕۆمانەدا، باسی سەرەکی ئازادیییە، بەمانا سارتەرییەکەی دەیەوێت بڵێت ژیان و بوون بەبێ ئازادیی مانای نییە و لە جەوهەری خۆی دەکەوێت. ڕۆمانەکە باسی دەسهەڵاتێک دەکات کە هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکانی دسپلین و سنووردارکردوون. ئەمەش لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی وینستۆن سمیت بەیاندەکات. دەسهەڵات کارێکی وایکردووە کە مرۆڤەکان بەتەنهاش بن هەست بە ئازادیی نەکەن و لە ترس و دڵە ڕاوکێ دابن، ئەمەش لەڕێگەی چاودێریکردنی خەڵکە بە تەلەسکرن. سارتەر، ئازادیی بوون بەر لە جەوهەر دادەنیت، پیی وایە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت، ئەگەر ئازاد نەبێت ناتوانێ مانا بەبوون و جەوهەری خۆی بدات، دواتر هەر لەڕێگەی ئازاد بوونی خۆیەوە دەتوانێت جەوهەری خۆی بنیات بنێت، ئەگەر وانەبێت ناتوانێ مانا بەو بوونەی بدات و خۆی بوونیادنەری بوونی خۆی نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانیترەوە بۆی هەڵبژێردراوە. هەروەک سارتەر دەبێژێت: مرۆڤ بە ئازادیی خۆی لە دایک نەبووە بۆیە مەحکوومە بە ئازادیی. لەم ڕۆمانەدا، هیچ ئازادیییەک بوونی نییە تەنانەت بۆ لایەنگرانی حیزبیش، هەمیشە لە ژێر چاودێری وردی دەسهەڵات دان. وینستۆن سمیت کاتێک بێزار دەبێت و لە دەوامی فەرمانگە دەگەڕێتەوە، لە ماڵەوە دەست دەکات بە یاداشت نووسین، کە لەو کاتەدا نووسین قەدەغەبوو. لەسەر کاغەزەکەیدا پێنج جار بەدووای یەکتردا نووسی: ”مەرگ بۆ ڕێبەری گەورە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٩) نووسینی ئەمە خۆی مانادانە بەئازادیی لای وینستۆن سمیت، هەرچەندە ئەم نووسینە خۆی دەرچوون بوو لە یاسا و دژی دەسهەڵاتبوو. نووسینی ئەمە تا لێواری مەرگ نزیکی دەکردەوە، بەڵام وینستۆن ڕووحی ئازادیی لەناویدا چەکەیکردبوو. دەیویست لە ڕێگەی ئەم بەرەنگاریی و دەرچوونە مانایەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە. هەرچەندە نەی دەتوانی بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت بەڵام ئەم نووسینە خۆی مانادانە بە ئازادیی و بوون لای وینستۆن.

حیزب کۆمەڵێ دروشمی هەبوو، یەکێک لە درووشمەکانی ئەوە بوو: دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج. دەبوو باوڕ بەمە بکەن، باوڕ نەهێنان دووچاری تەنگەژە و سزادانی زۆری دەکردن. حیزب ئەمەی بۆ ئەوە دەکرد تاوەکوو بڵێت دەبێت باوڕ بە لۆژیکی حیزب بکەن، ئەوەی حیزب دەڵێت ئەو ڕاستە. سمیت کە بیری دەکردەوە لە بەرامبەر هێزێکی گەورە وەستاوەتەوە دڵی دادەخورپا، بەڵام هەر بڕوای بە ڕاسییەکان بوو، نەوەک لۆژیکی حیزب. لە یاداشتێکیتردا دەنووسێت: ”سەربەستیی کاتێ سەربەستیییە کە بتوانی بڵێی: دوو و دوو دەکاتە چوار. ئەگەر باوڕ بەمە بهێندرێ، ئیدی هەموو شتەکانی دی، خۆیان بەدوویدا دێن” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٠٨) سمیت لێرەدا بەرامبەر ئەو باوڕە دەوەستێتەوە کە بەسەریدا سەپێندراوە. ئاماژەش بەوە دەدات کاتێک توانیت باوڕ بەڕاستییەکان بهێنیت ئەوکات دەتوانی ئازادییش بەدەست بهێنیت، واتە دەرباز بوون لە دەست باوڕی ئەویدیکە، کە لێرەدا دەسهەڵاتە. وینستۆن هەوڵی ئازادبوون دەدات، بەڵام ناشتوانێ بە ئازادانە هەم ڕەفتار بکات هەمیش دەریببڕێت. واتە ئازادیی لە هزریدا هەیە بەڵام ناتوانێ بەرجەستەی بکات.

لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەدا، وینستۆن سمیت و جولیا، پەیوەندی بە ئۆبراینەوە دەکات، کە ئەندامی ناوندی حیزب بوو، هاوکات وا خۆی دەرخست کە لایەنگری گۆڵدستەینە و ئەندامی ئەنجومەنی برایەتییە دژی دەسهەڵات. لە بەشێک گفتووگۆی نێوانیاندا لە یەکەم دیداردا سمیت و جولیا خواستی خۆیان بۆ ئازادیی و نەجات بوون لە دەسهەڵات دەربڕی. ئۆبراین چەند پریسارێکی ئاراستە کردن بە بەڵێ وڵامیان دایەوە. ” – ئامادەن ژیانی خۆتان بەخت کەن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خۆتان بکوژن؟ + بەڵێ. – ئامادەن خراپەکاری وابکەن کە ببێتە هۆی مەرگی سەدان کەس؟ + بەڵێ. ….” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٢٢٦) ئەم گفتووگۆیە دەرخەری ئەوەیە کە ئازادیی لە پێش هەموو شتێکەوەیە لای سمیت و جولیا، چونکە سڵ لەوە ناکەنەوە ئەگەر تاوانیش ئەنجام بدەن تاوەکوو دەگەن بە ئازادیی. خواستی ئازادیی لای ئەوان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.

دوای ئەوەی وینستۆن ئاشکرا دەبێت و دەسگیر دەکڕێت لە زیندان لەگەڵ یەکێک لە گیراوەکاندا بەناوی پارسۆنز قسە دەکات، ئەویان بەهۆی ئەوە گرتووە چونکە لە خەویدا گوتبووی بمرێ ڕێبەر گەورە و لەسەر ئەمە کچەکەی خۆی شکایەتی لێکردبوو. پارسۆنز دەڵێت: ”بمرێ ڕێبەری گەورە! بەڵێ وام گوتووە. بیستم چەند جارێ ئەوەم دووپات کردۆتەوە. لە بەینی خۆماندا بێ، خۆشحاڵم بەوەی کە بەر لەوەی کارەکە گەندتر بێت دەسیگیر کرام. دەزانی بەتەمام لە دادگا بڵێم چی؟ دەمەوێ بڵێم سوپاستان دەکەم بۆ دەربازکردنم بەر لەوەی کار لەکار بترازێ” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٧) ئەو دەربڕینانەی پارسۆنز دەرخەی ئەوەن کە ئەم کارێکتەرە، ناتوانێت هزری ئازادیی لە خۆیدا چەکەرە پێبکات، بەڵکوو حەزی لە ژێردەستەییەکی مەحکوومکراوە. بۆ ئەمە هیچ قوربانییەک نادات. ئەم کارێکتەرە بوونێکی ئازاد نییە و ناتوانێت خۆی بڕیاری ئازادانە بدات بەڵکوو هەمیشە لەژێر نیگا و کاریگەریی ڕێبەری گەورەدایە. تەنانەت زەمینە بۆ ئەو ژێردەستییەی خۆشی خۆشدەکات. کاتێک سەبارەت بە پەروەردەی کچەکەی دەڵێت: ”هیچ قینم لێی نییە. بەڕاستی سەریشم پێیەوە بەرزە. ئەمە، ئەوە دەگەیەنێ کە لە پەروەردەکردنیدا درێغیم نەکردووە.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٠٨) ئەمە بەمانای ئەوە دێت نەک تەنها خۆی بوونێکی ئازادانەی نییە، بەڵکو کچەکەشی خستووەتە ژێرکاریگەریی ئەم تێگەیشنەی حیزب و دەسهەڵات.

دوای ئەوەی وینستۆن سمیت و جولیا لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێن، کە بەشی سێیەمی کتێبەکە بۆ ئەمە تەرخانکراوە. تێیدا بە جۆرەها شێواز سزا دەدرێن و ئەشکەنجە دەدرێن تا لێواری مەرگ. ئەمش بۆ ئەوەی مێشکیان بشۆردرێتەوە لە هەر هزر و خەیاڵێک دژی ڕیبەری گەورە. لە زیندان کە ئیتر ئازادیی فیزیکیی نەما کار لە هزری ئازادییش دەکات. لە سەرەتا، کە سمیت دەگیرێت، هەوڵدەدات بەردەوام بێت لەسەر هزری ئازادیی و بەرگەی هەموو شتێک بگرێت و ددان نەنێت بە هزری حیزب. لەم بەشەدا چەندان گفتووگۆی تێدایە کە جێگەی تێڕامانن. بەتایبەت گفتووگۆکانی نێوان سمیت و ئۆبراین، کە لە زینداندا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرد. وینستۆن لەوێشدا هزری ئازادیی هەر هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە نەیدەتوانی بەردەوام بێت، تەنانەت لە ژووری ١٠١ دا دەست لە جولیاش بەردەدات و داوا دەکات جولیا سزا بدرێت لە جیاتی ئەو. لە یەکێک لە گفتووگۆکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لەنێوان سمیت و ئۆبرایندا، سمیت لەوێش لەسەر یاداشتەکەی سووربوو، کاتێك ئۆبراین دەپرسێت: ”لە بیرتە لە دەفتەری یاداشتەکانتدا نووسیوتە: (ئازادی ئەوەیە کە بتوانی بڵێی دوو و دوو دەکاتە چوار؟)” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆنیش دەڵێت: بەڵێ لەبیرمە. لەوکاتەدا ئۆبراین دەستی هەڵدەبڕێت و دەڵیت: وینستۆن چەند پەنجەم نیشاندایت، ئەویش دەڵێ چوار. ئەوجارە ئۆبراین دەڵێت: ”ئەی ئەگەر حیزب بڵێت چوار نییە و پێنجە، ئەوکات چەندە؟” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٢٧) وینستۆن دەڵێت: چوار. ئەم بەر هەڵستییە لەسەر ڕاستیی دەرخەری قسەکەی خۆیەتی کە سەربەستی لە شتی بچوکەوە دێت. لەگەڵ ئەوەی لەژێر ئەشکەنجە بوو بەڵام ویستی ئازادیی وای نەکرد وینستۆن بەپێی لۆژیکی حیزب بڕیاربدا و بڵێ پێنج. ئەم گفتووگۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەشکەنجەدانی وینستۆن زیاتر دەکەن. هەر بەدەوام دەبێت و دەڵێ چوار. بەڵام دواتر ئۆقرەی دەبێت و دەڵێت پێج. بەڵام ئۆبراین پەی بەوە دەبات کە وینستۆن هزری هەر لای چوارەکەیە. ئازادانە نەیگوتووە پێنج. ئەم ئازاردانە بەردەوام دەبێت تاوەکوو وای لێ دێت وینستۆن دەڵێت: پێنج، حەزەم پێنج ببینم. وینستۆن ئازادانە بڕیاری نەداوە، تەنانەت حەزدەکات ئازادانە بیرنەکاتەوە تا لەم بارودۆخە دەربچێت.

دوابەدوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێنێتەوە، لە کۆتایدا وینستۆن هەوڵی ئەوە دەدات کە دژی هزری ئازادیی خۆی بووەستێتەوە. ماوەیەک لە جاران باشتر خواردنی پێدەدەن و ئاوی گەرم و جلی نوێشی پێدەدەن تاوەکوو کەمێك هێزی گەڕایەوە بەر و ئەو ددانانەی مابوونی ئەوانیشیان بۆی لابرد و بۆیان کرد بووە تاقمەی ددان. لە ژورەکەی کاغەز و قەڵەمێکی پێدەدە. وینستۆن دەستی کرد بە نووسین و ئەم سێ دروشمە دەنووسێت: ”کۆیلایەتی ئازادییە. دوو و دوو دەکاتە پێنج. خوا دەسهەڵاتە” (جۆرج ئۆڕوێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٦٣-٣٦٤) ئەم سێ درووشمە دەرخەری ئەوەیە حیزب توانیویەتیی لەڕێگەی ئەشکەنجەدانی جەستەیی وابکەن هزری وینستۆن بگۆڕن و هزری ئازادیی لە مێشکی دەربکەن. کۆیلایەتیی ئازادیییە خۆی درووشمێکە دژی ئازادیی و بوونێکی ئازاد، کاتێک مرۆڤ کۆیلە بێت ناتوانێ جەوهەر و هزرێکی ئازادانەی هەبێت. هەروەها، ڕازی بوون بەوەی دوو کۆ دوو دەکاتە پێنج ڕازی بوونە بە لۆژیکی حیزبیی و هەموو ویستەکانی حیزب ئەگەر نا ڕاستیش بن. درووشمی خوا دەسهەڵاتی مانای ئەوە دەدات، کە دەسهەڵات دەتوانێت خۆی وەک خودا نیشانبدات، لۆژیک ئاوەژوو بکاتەوە، وابکات بپەرسترێت و مرۆڤ بکاتە بەندەی خۆی.

لەم ڕۆمانەدا ئازاد بوون زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە بەڵام، ئەنجامەکەی هەر کۆیلە بوونە. واتە حیزب بەسەر هزری ئازادانەی تاکەکەسدا سەردەکەوێت. ئەم ڕەشبینیی و بێئومێدییە بۆ ئەوە نییە مرۆڤ تەسلیمی دەسهەڵاتی تۆتالیتار ببێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەوڵ بدات ئەم هزرە ئازادەی هەیەتی بیپارێرێت تاوەکوو دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار سەرهەڵنەدات و هەموو دەسهەڵاتەکەی بۆ زەوتکردنی ئازادیییەکان بێت.

هەڵبژاردن و بڕیاردان: لە ڕوانگەی سارتەرەوە، بڕیاردان و هەڵبژاردن دەبێت بە شێوەیەکی ئازادانە و بەرپرسانە بێت. مرۆڤ کاتێک هەڵبژاردن یان بڕیارێک دەدات نابێت لەژێر بیروباوڕێکی پێشینەیی یان داپڵۆسێنەر بێت. بەڵکوو دەبێت بەپێی بەژەوەندی و چاکەی گشتی بڕیار بدات و بژارە باشەکە هەڵبژێرێت. دەبێت لەم کاتەشدا هەست بەئازادیی بکات و لە دۆخێکی ئازادانە دابێت. لەم ڕۆمانەدا، بەهۆی نەبوونی ئازادیی تاکەکان ناتوانن خاوەن بژاردە و بڕیاری خۆیان بن. بەڵکوو هەموو کات لای دەسهەڵاتی حیزب و ڕێبەری گەورەوە بۆیان دیاریکراوە، بەمەش دەگەین بەو خاڵەی ئازادیی لە بڕیار و هەڵبژاردنی کارێکتەرانی ناو ڕۆمانەکەدا نییە.

وینستۆن سمیت و جولیا، وەک دوو کارێکتەری سەرەکیی ناو چیرۆکی ڕۆمانەکە هەمیشە لەژێر چاودێری و هەژموونی دەسهەڵات بڕیارەکانیان دەدا. وینستۆن بۆ ئازاد بوون بڕیاری هەڵگەڕانەوە لە دەسهەڵاتی ئۆقیانووسیا دەدات. بەڵام دوایی زۆرێک لە بڕیارەکانی لە ئەنجامی نەبوونی ئازادییەوەن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەستبەردری هەموو شتێک ببێت بە جولیاشەوە. جولیاش کە ئەندامی بزوتنەوەی لاوانی دژە سێکس بوو، وای لێدێت دەست لە هەموو بڕیارەکانی هەڵبگرێت، و دەستبەرداری وینستۆنیش بێت لە پێناو ژیانی خۆیدا.

لەو ساتانەی جولیا و وینستۆن لە پەیوەندیی دان، لە ژوانێکیان جولیا جلەکانی ئەندامی حیزب دادەکەنێت و پشتێنی سوور کە هێمای ئەندامانی دژە سێکس بوو لە پشتی دەکاتەوە، حەزیەیەکی کورت و مکیاژێک دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕەسەنایەتیی ژنیەتیی خۆی. بە وینستۆن سمیت دەڵێت: ”دەزانی دەمەوێت جاری داهاتوو چی بکەم؟ دەستێ جلی ژنانەی ڕاستی وەگیر بهێنم و لەبری ئەم بەدلە دوابڕاوە بیپۆشم. بیر لەوە دەکەمەوە گۆرەوی ئاوریشم و پێڵاوی پاژنەبڵندیشم هەبن. دەمەوێ دەمەوێ لەم ژوورەدا ژن بم نەک هاوڕی حیزب” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٨٨) لە قسەکانی جولیا دیارە بە ویستی خۆی نییە بووەتە ئەندامی حیزب و دژە سێکس، بەڵکوو مەحکوومکراوە بەم شێوازە بێت و ڕەفتار بکات. هەر بۆیەشە ویستی گەڕانەوەی بۆ سەر ژنیەتیی خۆی هەیە. ئەو هەڵبژاردنانە هی حیزبن نەوەک هی خوودی جولیا. ئەمەش ڕوونە کە بەشێوەیەکی ئازادانە ئەم هەڵبژاردنانەیان نەکردووە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێندراوە.

وینستۆن سمیت، بەهۆی ویستی بۆ ئازادیی دوای ئەوەی لەلایەن دەسهەڵاتەوە دەگیرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زۆری لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی بیخەنەوە ژێرکاریگەریی و خۆیان. ئۆبراین بە وینستۆن دەڵێت: تۆ بۆ ئەوە لێرەی تا ئاقڵت بکەین. واتە ئەم جارەی هەڵبژاردن و بڕیارەکانت لەژێر هزری ئێمە دەبێت نەوەک ئازادانە بڕیار بدەیت. لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ژووری ١٠١ دا، ئەشکەنجەیەک بۆ وینستۆن ئامادەکرا بوو کە دوو جرجی گەورە و برسی لەناو قەفەزێکەوە ئەخرانە سەر ڕوخساری وینستۆن. تاوەکوو ئەوەی بڕیارەکانی پێبگۆڕن دوای ئەو هەموو مانەوەیە لە زیندان و ئەشکەنجەدانە گووتی ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بۆ گۆڕینی بڕیارەکەی ویستیان ئەم سزایەی بدەن، لە ئەنجامدا وینستۆن بڕیاری دەست بەردار بوون لە جولیا دا، لەژێر ئەم مەترسیانە بڕیاری خۆشویستنی ڕێبەری گەورەشیدا.
وینستۆن گووتی: ”ئەم بەڵایە بەسەر جولیادا بێنن! من نا! جولیا! هەرچی لێدەکەن باکم نییە. دەموچاوی ونجڕونجڕ بکەن، هەموو جەستەی هەڵدڕن. من نا! جولیا! جولیا! من نا!” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٧٦) ئەم بڕیارە و هەڵبژاردنەی وینستۆن بە ئەشکەنجەدانی جولیا ئازادیی تێدا نییە و لەژێر ئەشکەنجە بووە، هەروەها جولیاش هەمان شتی بەرامبەر وینستۆن کردبوو لەکاتی سزادانی. دوای ئازادکردنیان هەردووکیان یەکتریان بینییەوە بەڵام ویستی مانەوەیان نەبوو وەک جاران ئەمەش هەڵبژاردنی خۆیان نەبوو بەڵکوو، دەسهەڵات بەزۆی بەسەریدا سەپاندن.
وینستۆن سمیت، پێشتر ڕقی لە ڕێبەری گەورە بوو، دوای توانی وابکات خۆشی بوێت ئەمەش دوای ئەهەموو ئازارەی چەشتی لە زیندان. لە کۆتا دێری ڕۆمانەکەدا واهاتووە کە وینستۆن: ”بەسەرخۆیدا سەرکەوت. ڕێبەری گەورەی خۆشویست” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩٢) هەڵبەت بڕیاردانی خۆشویستنی ڕێبەری گەورە بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نەبوو، بەڵکوو مەحکوومکرابوو بەوەی دەبێت خۆشی بووێت، واتا هەڵبژاردنێکی تر نەبوو جگە لە خۆشویستنی ڕێبەی گەورە.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت لەسەر زاری کارێکتەرەکانەوە بڵێت: لە دەوڵەت و دەسهەڵاتی تۆتالیتاردا ئازایی لە بڕیاردان و هەڵبژارن نییە. لە دۆخێکی وادا مرۆڤەکان ناتوانن خاوەنی هەڵوێست و بڕیاری خۆیان بن، بەڵکوو بۆیان هەڵبژێردراوە و لای ئەوانەوە ئاراستە دەکرێن. هەر ئەمەشە وادەکات بڵێین بەگشتی لەم ڕۆمانەدا، ئازادیی هەڵبژاردن و بڕیاردان نییە. بەڵکوو مەحکووم و وابەستەکراون بە بڕیارەکانی دەسهەڵاتی حیزب و دەوڵەتەوە.
ئازادییی خۆشەویستیی: خۆشەویستیی بەبێ ئازادی سەر دەکێشێت بۆ ململانێ. هەر ئەمەیە وادەکات سارتەر ئازادیی بکاتە جنچینەی خۆشەویستێکی سەرکەوتوو. ئەو پێی وایە ئەگەر ئازادیی نەبێت خۆشەویستیییەکی ڕاستەقینە درووست نابێت. هەروەها، خۆشەویستی دابەش دەکاتە سەر دوو جۆر یەکەمیان خۆشەیستیی سادیستییانەیە، دووەمیش خۆشەویسێکی ماسۆشییانەیە. هەردووکیان لە ئەنجامی خستنە ژێرکاریگەریی و نیگای یەکتر درووست دەبن. بۆ ئەوەی خۆشەویستی نەکەوێتە ناو ئەم دژواریییەوە، سارتەر ئازادیی لە خۆشەویستیی بە چارەسەر دەزانێت. لەم ڕۆمانەدا، چەند جۆڕێکی خۆشەویستیی تێدایە، وەک: خۆشەویستییی بۆ حیزب، سەرۆک و وڵات. خۆشەویستییی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر …تاد. ئەم خۆشەویستیانە هیچیان لە فەزایەکی ئازادانەدا نییە هەربۆیە دەکەونە ململانێ و تەنگەژەوە.

خۆشەویستیی نێوان وینستۆن و جولیا خۆشەویستیییەکی ئازادانەیە. ئەم دووانە دوای یەکتر ناسین و پەیوەندی بەستن لە دۆخێکی تەواو داپڵۆسێنەردا، خۆشەویستێکی ئازادانە درووست دەکەن. هیچ کامیان ئەویتر ناخاتە ژێر نیگا و هەژموونی ئەویتر، تا کۆتاییش کە لەیەکتر دادەبڕێن بە شێوەیەکی وا قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن کە قین لە دڵبن بەرامبەر یەکتر. لە یەکەم ژوانیاندا، دوای تەواوکردنی سێکس، وینستۆن لە جولیا دەپرسێت و ئەویش وڵام دەداتەوە: ”پێشوتر ئەم کارەت کردووە؟
بێگومان سەدان جار – یا، بەهەرحاڵ بیست-سی جار.
لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا؟
بەڵێ هەموو جارێک لەگەڵ ئەندامانی حیزبدا” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤)
دوای درکاندنی ئەم ڕاستییە وینستۆن دڵی لە جولیا ناڕەنجێت، چونکە بەمە دەزانێ کە ئەندامانی حیزب لە ناوخۆیاندا لە پێشێلکردنی بنەما حیزبییەکانی خۆیانن. هەر ئەمەیە واکات وینستۆن دڵخۆش بێت و بە جولیا دەڵێت: ”گوێ بگرە، چەند پیاو سواری خۆت کردبێ، هێندە زیاترم خۆش دەوێی، تێدەگەی؟” (جۆرج ئورێڵ، ٢٠١٨؛ ل١٦٤) بەهۆی ئەوەی خۆشەویستییەکەیان لەسەر بنەمایەکی ئازادانە و ویستی خۆیان بوو، یەکتریان نەدەخستە ژێر بڕیارەکانی یەکتر و خۆیان بەسەر یەکتردا نەدەسەپاند. لە کردار و گوفتارتاندا ئازادیی هەبوو و ڕاستییەکەیان بەیەکتر دەگووت. هەروەها هۆکاری سەرەکیش کە وینستۆن وای گووت ئەوە بوو، تێگەیشتبوو حیزب دەبێت لە ناوەخۆی گەندەڵ بێت و هەرەس بهێنێت.
ئەم دووانە تەنها خۆشەویستییان لە نێوان بوو لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر دەکرد. نەک لەسەر بنەمای ژن و مێرد یان هەر پرەنسیپێکی یاسایی یان کۆمەڵایەتیی یاخود دینیی. ئەم ئازادییە لە هەڵبژاردنی خۆشەویسیی بۆ کەسێک وادەکات بەئاسانیی وازی لێنەهێنی. وینستۆن، لە ئازار و ئەشکەنجەشدا تا توانای هەبوو لە بیری جولیا بوو. خۆشەویستی ئەم دوو کارێکتەرەی ناو ڕۆمانەکە تەواو ئازادانە بوو لە باودۆخێکی تەواو نا ئازاد و پڕ دسپلیندا، ئەم جۆرە خۆشەوستیییە لە نێو ئەم دووکارێکتەوە بەرجەستە بووە.

دەسهەڵات دەیویست هەرچی خۆشەویستیییە بۆ ڕێبەری گەورە و حیزب بێت، بەدەر لەوە جێگەی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆشەویستییەی حیزب دەویست بۆ ڕێبەری گەورە، لە دیدی سارتەردا دەچێتە چوارچێوەی خۆشەویستیی سادیستییانە، چونکە ئازادیی لەم خۆشەویستییەدا بوونی نییە. بەڵکوو بەسەریدا سەپێندراوە. هەر ئەمەیە وادەکا وینستۆن ڕقی لە حیزب و ڕێبەری گەورە بێت. چونکە ئازادییان لێ زەوتکردووە. تەنانەت دوای چەندین مانگ لە زیندن و ژێر ئەشکەنجە پێش ئەوەی بیبەن بۆ ژووری ١٠١ لە وڵامی ئۆبرایندا دەڵێت ڕقم لە ڕێبەری گەورەیە. بەڵام دوای وای لێدەکەن بەزۆر ڕێبەری گەورەی خۆش بووێت. لە کۆتا پەرەگرافی ڕۆمانەکەدا جۆرج ئۆروێڵ ئاوا وێنای خۆشەویستیی وینستۆن سمیت دەکات بۆ ڕێبەری گەورە؛ ”چاوی بڕییە سیما دێوئاساکە. چل ساڵی خایاند تا تێگەیشت چ بزەیەک لە ژێر ئەو سمێڵە ڕەشەدا شاردراوتەوە. ئای لەو دڵپیسییە و ئای لەو ستەمکارییە نا پێویستە! هەی ملهوڕی لەدەست خۆشەویستی سەرهەڵگرتوو! دوو دڵۆپ ئەشک کە تێکەڵاوی بۆنی جن بوون بەگۆنایدا هاتنە خوارێ، بەڵام هەموو شتێ لە جێی خۆیدا بوو. ململانێ کۆتایی هات. بەسەر خۆیدا سەرکەوت ڕێبەری گەورەی خۆش ویست.” (جۆرج ئۆروێڵ، ٢٠١٨؛ ل٣٩١-٣٩٢) لە کۆتاییدا حیزب سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کە وینستۆن بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ڕێبەری گەورەشی خۆش بوێت. بەڵام ئەمە خۆشەویستێکی ئازادانە نییە، بەڵکوو بەسەردا سەپێندراوە.

دەرئەنجام: لەم ڕۆمانەدا، نووسەر وستوویەتی ئازادیی بکاتە بابەتی سەرەکی بەڵام، بە ئازاد بوونی کارێکتەرەکان کۆتایی نایەت. هەر ئەمە وادەکات هەستێکی ڕەش بینیی و نا ئومێدانە لە ڕۆمانەکەدا بەدەر بکەوێت لەبەرامبەر دەسهەڵاتە ستەمکارەکان. بە گوتەی خودی نووسەر ئەمە ئاگادارکرنەوەیە بۆ مرۆڤ تاوەکوو پارێزگاریی لە ئازادییەکەیان بکەن گەینا ڕەنگە لە هەرکاتێک بێت دەسهەڵات ببێتە دکتاتۆر بەسەر گەلەکەیدا. نووسەر لە ڕێگەی هەردوو کارێکتەرەکە وینستۆن سمیت و جولیا بەرجەستەی خواستی ئازادیی لە مرۆڤدا وێنا دەکات. هەرەها، لاینگرانی حیزب و ڕێبەری گەورە وەک لەناوبەری ئازادیی و دەسهەڵاتێکی تۆتالیتار وێنا دەکات، کە چۆن لە پێناو سەرۆک و حیزب ئازادیان نەهێشووە و ژیانێکی دەدەسەریان بۆ بۆ گەل دروستکردووە. لە ڕێگەی دامەزراوەکان و تەکنەلۆژیاوە هەموو خەڵکیان خستۆتە ژێر چاودێری خۆیان.
لەم ڕۆمانەدا، هەموو شتێک داگیرکراوە و ئازادیی لێ دابڕاوە. هەر ئەمەشە وادەکات کارێکتەرەکان هەست بە ئازادیی نەکەن و هەڵبژاردن و بڕیارەکانیشیان پەیوەستە بەو دۆخەی حیزب درووستیکردووە. ئەو ڕووحە ئازادەی بەدوای هەناسەی ئازادییدا دەگەڕێت، لە کۆتاییدا لەناو دەبرێت. ئەمەش هەڵگری ئەو پەیامەیە کە سیستەمە تۆتالیتارەکان لە دەستی کەسێکی دیکتاتۆردا بێت، هەموو ئازادییەکان لەناو دەبات لەپێناو دەسهەڵات و مانەوەی خۆیدا. هەربۆیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئازادی لێزەوت نەکرێت دەبێ بەرگریی لە ئازادیی بکات، چونکە بوون بەبێ ئازادیی ناتوانێ مانا بە جەوهەری بوونایەتیی خۆی بدات؛ مرۆڤ و ژیان بەبێ ئازادیی لە مانا دەکەون.

ئاسۆس ساڵح


لیستی سەرچاوەکان:
_ جۆرج ئۆروێڵ، ١٩٨٤، و: حەکیم کاکەوەیسی، چاپی سێیەم ٢٠١٨، چاپخانەی ئەندێشە.
_ ت. ز. لاڤین، لە سوقراتەوە تا سارتەر، و: ئارام مەحمود ئەحمەد، فەلسەفە بۆ هەمووان، چاپی یەکەم ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.
_ مهیرداد میهرین، قوتابخانە فەلسەفییەکان، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم ٢٠٠٩، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.
_ کۆمەڵێک نووسەر، بوونگەرایی ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی، و: کۆمەڵێک وەرگێر، ساڵی چاپی یەکەم ٢٠١٦، چاپخانەی سەردەم _ سلێمانی
_ مۆریس کرانستۆن، سارتەر لە نێوان فەلسەفە و ئەدەبدا، و: سامان عەلی حامید، چاپی یەکەم ٢٠٠٨، چاپەمەنی گەنج / سلێمانی.

Previous
Next