Skip to Content

ژیان لە سەردەمی کۆرۆنادا  گەڕان بەدوای دیوە ئیستاتیکییەکەی ژیاندا …

ژیان لە سەردەمی کۆرۆنادا گەڕان بەدوای دیوە ئیستاتیکییەکەی ژیاندا …

Closed
by ئازار 26, 2020 General, Opinion

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

من لێرە باس لە پێکهاتەی جینەتیکی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی ناکەم، ئەمە کاری پزیشکەکان و دامودەزگا پەیوەندییدارەکانە. دەمەوێت لێرەدا سەرنجی خوێنەر بۆ خودی ژیان و بوون رابکێشم، لێ ژیانی ئێمە لە رووی تەندروستییەوە هیچ گرەنتییەکی نییە، ئەمەش مانای ئەوە نییە لە پرۆسەی ژیانکردن بەردەوام نەبین، هەموو بە تازیەباریی و پەژمووردانە چاوەڕێی هاتنی ئەو ڤایرۆسە بکەین، دەشێ ئێمە لە ماڵەکانی خۆمانەوە بە دوای دیوی ئیستاتیکیی ژیاندا بگەڕێین، هونەری ژیانکردن ئەوەیە لە دۆخی کەرانتینەدا رووبەڕێکی تر بۆ بەردەوامیدان بە بوون و ممارەسەی ژیان بدۆزینەوە. ترس لە مردن، یارمەتی ژیان نادات، بەڵکو رێگەی مەرگ نزیکتر دەکاتەوە، هەرچەندە ترس غەریزەیەکی ئینسانییە، بگرە پێویستیشە، بەڵام ناشێ ترس هەموو شتێکمان لە بیر بباتەوە، ناکرێت بە رەنگی پەڕیوەوە چاوەڕێی چارەنووسی خۆمان بکەین. دەبێت گەمە بکەین و بەردەوام بین لەسەر ژیان، ئەمە کارە راستەقینەکەیە دژی مەرگ، ئاخر هەرچەند مردن ئازاربەخش بێت، لەبەرئەوە نییە شتێک لە بارەی ئەو عەدەمییەتەوە دەزانین، نا، لەبەرئەوەیە مرۆڤ لەوە حاڵی بووە لە مەرگدا ئەوەی لە دەستی دەچێت ژیانە. یان ئەو سەرمایە رەمزیی و ماددییانەیە لە تەمەنی خۆیدا بەدەستی هێناون لە دەست دەدات.
مەرج نییە هەموو دەمێک دیوە ئیستاتیکییەکەی ژیان بریتی بێت لە خاوەندارێتیکردن لە شتی گەورە و هاتنەدی ئاواتە مەزنەکان، مرۆڤی ئێمە رانەهاتووە لە بچووکترین رووبەڕدا زۆرترین چێژ وەربگرێت. وەک دەوترێت گەشتی مرۆڤ سەفەری بەردەوامە بەدوای ژیاندا تاکوو بڕێکی زۆر لە شادومانی چنگیر بکات، “شادومانی رێژەییە و ناکرێت تەنیا رووخسارێکی هەبێت”. زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە مەرج نییە بۆ ئەوەی بەختەوەر بین دەبێت شتی زۆر گەورە و گرانبەهامان هەبێت!، جاری وایە بەختەوەریی ئێمە پابەندی شتی زۆر بچووکە. ئەمە چیرۆکێکی “ئۆسکار وایڵد”ی بیر خستمەوە کە بیست و دوو ساڵ زیاترە خوێندومەتەوە. کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکە خوێندکارێکە و لە یەکێک لە دێڕەکانی سەرەتاوە وا دەپەیڤێت “ئاخ بەختەوەریی چەند بەندە بە شتی زۆر بچووکەوە”. ئەو کارەکتەرێکە چی بەرهەمی فەلسەفی و زانستیی هەیە هەموویانی خوێندۆتەوە، بەڵام چون لە باخەکەیدا گوڵێکی سووری نییە تاکو مەرجی سەماکردنی لەگەڵ نازدارێ پێ بەدیبهێنێت، هەست بە خاپووربوونی رۆحیی دەکات. زۆرێکمان لە هەمان دۆخداین. رەنگە من زۆر شتی گەورەم لە ژیاندا هەبێت یان هەبووبێت، بەڵام بەختەوەرییم لە شتێکی زۆر وردیلەدایە، لەوانەیە لەوەدا بێت زمانی گۆی بکردبا و چاوم ببڕیبا ناو چاوانی یار و پێی بڵێم خۆشم دەوێی. هیچ کات نەمتوانیوە بێ چاوداخستن ئەم وشەیە بڵێم. ئەم شتە بچووک دێتە بەرچاو، بەڵام لای من گەورەترین دڵەڕاوکێیە.
ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە مرۆڤ سرووشتکردانە سترێسە، هەڵبەتە مەبەستم سترێسە بچووکەکانی ناو ژیان نییە، بەڵکو مرۆڤ بەشێوەیەکی وجوودیانە سترێسە، بەو پێیەی بوونی مرۆڤ بوونێکە بۆ مردن، ئەوەش سترێس دەکاتە پرۆسەیەکی ناچاریی، ئەمە روانینی قووڵی فەیلەسووفێکی وەک هایدگەرە لەبارەی بوونەوە، ئەو پێیوایە لە بری نائومێدبوون، پێویستە ژیان بە جیددی وەربگرین!. کۆی ئەم تێڕوانینەی لە کتێبە بەنامێکەیدا “بوون و کات Sein und Zeit” و کتێبەکانی تریدا چڕکردۆتەوە و پێداگریی لەوە دەکات رارایی مرۆڤ کۆتایی نایەت چون دەرکی ئەوە دەکات ئەو هاتۆتە بوون و بەرەو مردن رێکەوتووە، لێ تێگەیشتن لە هایدگەر و کتێبی “بوون و کات” کارێکی ئاسان نییە، تەنانەت کوڕەکەیشی تاکوو مرد لە کتێبە دەگمەنەکەی باوکی تێنەگەیشت، بەڵام ئەوەی من تێیگەیشتووم هایدگەر هیچ رێگەیەکی تر لە بەردەم مرۆڤدا ناهێڵێتەوە و مەحکومی دەکاتەوە بە ژیان.. ژیانیش هەروەک لەلای فەیلەسووفی دێرینی گریک “ئەبیکۆر” برتییە لە زنجیرەیەک چێژوەرگرتنی بەردەوام و چڕکردنەوەی هەبوونمان لە پێناوی گەیشتن بە زۆرترین ئەندازەی لەززەت.
نکۆڵی ناکرێت چێژ لە دیتنی کوردییدا، کورت دەکرێتەوە بۆ سێکس، لە کاتێکدا سێکس تەنیا روویەکی چێژە، هەرچەند من وەک “ئیڤا ئایزمان” ناڵێم “شتێکی داڕزیو و گەنیو لە سێکسکردندا هەیە” بەڵام ناتوانم خۆم لەو گۆشەنیگایەی “سلاڤۆی ژیژەک” ببووێرم، کاتێک دەڵێت “سێکسوالێتەی مرۆیی لە خودی خۆیدا لادەرانەیە، ئاوەڵاشە لەبەردەم هەڵگەڕانەوە سادۆمازۆخییەکاندا”. ژیژەک لە قسەکردن بەردەوام دەبێت تا ئەو شوێنەی دەڵێ “من گۆشت و جەستەی هاوبەشەکەم وەک پاڵشتێک بۆ رایکردن و بەدیهێنانی فەنتازییەکانم بەرکاردەهێنم”. ئەمە دەمانباتە بەردەم ئەو پرسیارە ئاڵۆزەی ئایا سێکس پرۆسەیەکە لە چوارچێوەی فەنتازیای پێشوەختەدا؟ ئایا هاوبەشیکردنی سێکسیی تەنیا بۆ رایکردنی ئەو فانتازیایە؟. هەرچۆنێک بێت، سێکس دیوێکی شادییهێنی چێژە، ئەگەرچی ژیان شتێکی جیددیترە لە سێکس، چێژەکانیش بەربڵاوترن لە سێکس، بەڵام خەونی هەموو مرۆڤێکی سەرکوتکراو لە رووی سێکسییەوە دەچێتەوە سەر سێکس.

دەرکی ئەوەش دەکەم دنیا تەواو تاریک داهاتووە، ئەو دۆخەش تەنێ بەهۆی کۆرۆناوە نەخوڵقاوە، دەشێ مرۆڤ لە کاتێکی نزیکدا زاڵ بێت بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا و سەرئەنجام گرەوەکە بباتەوە، بەڵام نائومێدییەکانی تری نێو ژیان، بەرهەمی سیستمێکی ئابووری و سیاسیین سایەی کردووە بەسەر جیهاندا. کاپیتالیزم ئەو ڤایرۆسە دیارەیە تەنانەت وەک هیپنۆسی خواوەندی خەون لە ئەفسانەی گریکییدا کە کچی دایکە شەو و باوکە تاریکییە دەستی گرتووە بەسەر روئیاکانیشماندا، بەم هۆکارە هەنووکە شانۆی دنیا بەو دۆخە نیهێلستییەدا تێدەپەڕێت لە فیلمی “جۆکەر”دا تەوزیف کراوە. مرۆڤ چیتر ناتوانێت خاوەنی هیچ خۆی بێت بە خودی تراژیدیاکانیشەوە، ناچار بووە ژیانی خۆی وەک کۆمیدیایەکی خوێن سارد رێک بخات، مەحکومە بووە بەوەی کاردانەوەی کوێرانەی هەبێت و بەرچەکرداری بیر لێنەکراوە و خەفەتبارانە بنووێنێت. شانۆی ژیان لە سایەی سەرمایەداریی و نەبوونی هێزێکی کۆمەڵایەتی لەبەرانبەریدا، لەو شێتخانەیە دەچێت ئارسەر “جۆکەر” سەمای تێدا دەکات. لەم نێوەندەدا سێمپتۆمی ئەدەبی و هونەریی وێنەدانەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەن کە ژیانیان کردۆتە جۆرێکی نوێی کابووس. تەنانەت زۆرێک لەو ئومێدانەی مرۆڤ خۆی پێ دەبەستێتەوە، خەنجەرن لە رۆحیدا، سمارتەی دەکەن، تەنانەت هەر هەنگاوێکی بچووک لە راستای دژایەتی سیستمی زاڵ، مشارێکی ئابووری لەبەردەمیدا قووت دەکرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت بەردەوام بین لەسەر ژیان، دەبێت هەریەکەمان لە ماڵەکەی خۆیەوە، رەنگی ژیان بکاتەوە، ئەم کەرانتینەکردنە دەرفەتێکە بۆ رامان و بیرکردنەوە. بۆ بەهێزبوونی مرۆڤ، بۆ بینینی جوانناسانەی ژیان.

ئەوەی لەم دەمەدا بیرم بێتەوە، چیرۆکێکی ئەڵمانییە بە ناوی “ماراسۆنی بۆقەکان”. چیرۆکەکە بەسەرهاتی چەند بۆقێک دەگێڕێتەوە ماراسۆن دەکەن لە گۆڕەپانێکدا لە پێش چاوی هەزاران ئامادەبوو. رێگەکەیان زۆر دوور و درێژە، هەموو بۆقەکان بە گڕوتینەوە دێنە مەیدان، بەڵام لە ژێر کاریگەریی قسەی هاندەران یەک یەک سارد دەبنەوە و دەست لە ماراسۆنەکەیان هەڵدەگرن، بەو پێیەی دەکەونە بن هەراوزەنای تەماشاچییان کە هاوار دەکەن زۆر زەحمەتە ئەو رێگا تولانییە بە بۆقێک ببڕدرێت، بەڵام یەک تاکە بۆق بەهیچ شێوەیەک ناکەوێتە ژێر رکێفی ئەو هاتوهاوارەوە! بۆیە دەگاتە کۆتا خاڵی گەمەکە و سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، هەموو سەریان لەوە دەسوڕمێت چۆن تەنیا ئەو بۆقە لەبەردەم ئەو هەموو هاتوهاوارەدا خۆی گرت و نەڕووخا!؟ کاتێک دەیانەوێت نهێنی ئەمەی لێ بپرسن، بۆیان دەردەکەوێت بۆقە سەرکەوتووەکە نابیست “کەڕ” بووە و بەهیچ کلۆجێک گوێی لە قسەی هاندەران نەبووە. ئەوەی لەم داستانەوە فێری دەبین سووربوونە لەسەر ئامانجەکانمان، گەورەترین ئامانجیش خودی ژیانە.
وەک ئەوەی تازە لە کۆما بێداربووبمەوە، شتەکانم دێنەوە یاد. هەربۆیە لەم دەمەدا شانۆگەریی “ئەحەی کڕنو”م بیر کەوتەوە.
ئەحەی کڕنو ئەو کارەکتەرە ریالییە ئایدیالییە بوو، من لە رێی شانۆگەرییەکی تەلەفزیۆنییەوە پێی ئاشنا بووم. هونەرمەندی کۆچکردوو “عوسمان چێوار” ئەو شانۆگەرییە چەند پەردەییەی بۆ تیڤی ئامادە کردبوو، نازانم چ ساڵێک بوو بە دەقیقی، بەڵام من لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا لەسەر شاشەی تیڤی گەلی کوردستان بینیوومە. لەم شانۆگەرییەدا ئەحەی کڕنو کەسایەتییەکی نیمچە زۆربایی هەیە، کوردێکی پاکژدڵ و دڵسۆزە و پەیوەندییەکی بەتینی بە ئایدینتێتی خۆیەوە هەیە، لێ کەسایەتییەکی ترسنۆکە، بەڵام خەونە هەرە گەورەکەی ئەوە بوو وەک شەهیدێک و خۆبەختکردوویەکی نیشتمانی ناوی بچێتە دیرۆکەوە، کەچی ئەم خەونە لەناو ترس و بیمی ئەو لە مەرگ بوو بە هەڵم، بەڵام چێوار خەونەکەی بۆ تەواو دەکات و لە رێی شانۆگەرییەکەوە بەو ئارەزووە مەزنەی دەگەیەنێت، بەوەی لە کۆتاییە تراژیدییەکەیدا پەتی سێدارە دەکاتە گەردنی. ئەمەش یەکەمین جار بوو هونەرمەندێکی دەرهێنەری کورد سەرنجم بۆ لای ئەوە پەلکێش بکات کارەکتەرێک بگەیەنێتە خەونەکەی و لە دنیای مەجاز و سیمبولیکدا وەک شەهیدێک ناوی تۆمار بکات.

ئێستاکە وێناکە بە تەواویی هەڵگەڕاوەتەوە و کۆمەڵگە پڕ بووە لەو جەلادە رۆشنبیرییانەی بە پێچەوانەی چێوارەوە ئاوێنەی ئارەزووەکانی تاک و گشت دەشکێنن. خەونە ئاڵەکانمان تەژی دەکەن لە دێو و درنج، سەری خەیاڵەکانمان بە پووچییەکانی خۆیان دەپەڕێنن. من وەک مرۆڤێک چەندان خەونم هەبوو، ناچاربووم هەمان ئەو کارەی چێوار بۆ ئەحەی کڕنوی کردبوو بۆ خۆمی ئەنجام بدەم، کەچی دەستەیەکی رۆشنبیری زار قەرەباڵغ کە مێشکیان لە ناو دەمیاندایە، دێنە نێو خەونەکانمەوە و نەعرەتی نەفرەتیان رۆژە رێیەک بڕ دەکات و بەدەنگێکی نازولاڵ دەقیژێنن درۆ دەکەیت. درۆ دەکەیت. یان چەند پیاوێکی گرگنی ماسکدار تیغ لە لەشی ناسکی خەونەکانم دەکەن و سەمای عاشقانەم بە وازیکردن بە کلکی شەیتان دەبینن، ئەمەش دەکەنە کەرەستەیەکی ژەهراویی و وەک هاوڕازێکی ئەهریمەن بەو گوڵە و گوڵزارەم دەناسێنن من تامەزۆییم هەیە بۆ بۆنکردنیان. کارەساتە گەورەکەی ئێمە ئەوە نییە تەکنۆلۆژیا سەرقاڵی داهێنانی ریکۆردەرێکە بۆ تۆمارکردنی ئەو خەونانەی دەیبینین، بەڵکو چیرۆکە تاڵەکە ئەوەیە ژمارەیەک قەڵەموەشێنی کلاسیکی سەرقاڵی ئەو خەونانەشن بەخۆمانەوە دەیانبینین، یان بەو دنیایەوە دەیبینین بەشێوەیەکی مەجازیی تێیدا هەناسە دەدەین. بۆچی باسی ئەمەم کرد؟ دەمەوێت بڵێم، ناکرێت زوڕنای نائومێدیی وەڕسمان بکات، نابێت بەو دەستە چەپەڵانەی دێنە خەونەکانمەوە ئیدی توانای خەونبینین لە دەستبدەین، ناشێ تەسلیمی ئەو رەشبینییە پووچە ببینن ژیان وەک تاڵاو نیشان دەدات. ئەرکی ئێمە داهێنانی خەونی نوێیە بۆ ژیانێکی جوانتر.
هەنووکە دەستم لەژێر چەناگەم داناوە، بیر لە داهێنانی چێژی نوێتر دەکەمەوە لەم زیندانەی ناو کارانتینەیە. پێموایە خۆشبەختی خورافەیەکی دێرینە، بەڵام لەم کپییەدا خەیاڵ بەوەوە دەکەم، چۆن دەکرێت ژیان زەنگین و جوانتر بکەین، ئەمە لەخودی ژیان خۆیدا نییە، ئەمە ئەرکی خۆمانە بیئافرێنین، من باسی سۆسیالیزم ناکەم وەک سیستمێکی جیهانی، بەڵکو باسی ئەرکێکی تاکەکەسی دەکەم، هیچ نەبێت بیر لە هەندێ لە ئەندێشەکانمان بکەینەوە چۆن و بە چ میکانیزمێک لە بەندیخانەی مێشک ئازادیان بکەین و بێنە سەر ئەرزی واقیع. هەر لەم چرکەساتەدا هەناسەیەکی دەستکرد هەڵدەمژم و بەدەم ئازاری لەشمەوە، زەردەخەنەیەک دێتە سەر لێوم! چونکە ئەو شیعرەی پێش دەساڵم بڵاونەکردەوە کە بەم شێوەیە دەستی پێدەکرد:
بە لای کەلاوەی ژیاندا تێپەڕیم
بۆنی نائومێدیی کاسی کردم
لە ناکاو کەوتمە زێرابی مەرگەوە
ئەگەر ئەمڕۆکە ئەو شیعرە بنووسمەوە، پڕی دەکەم لە هاندان بۆ بەردەوامییدان بە ژیان. تەنیا ئەو دێڕە وەک خۆی دەهێڵمەوە مردنم بە زێراب وەسف کردووە.

25-3-2020
نەخۆشخانەی گلیاد

Previous
Next
Kurdish