Skip to Content

179 Views

بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا …هەڵۆ بەرزنجەیی

بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا …هەڵۆ بەرزنجەیی

Closed
by April 1, 2020 General, Literature



گەشتیاری میللەتە پێشکەوتووەکان کاتێ دەچنە بینینی وڵاتان، سەرەتا دەکەونە شارەزابوون لە فەرھەنگ و کولتووری ئەو نەتەوە و وڵاتانە. بۆ ئەم حەز و خولیایە زیندووەیان، ھەمیشە سەردانی مۆزەخانە و شوێن و پاشماوە کۆن و مێژووییەکان، دەخەنە سەری ھەرە سەرەوەی لیستی گەشتەکەیان… ئینجا ھەوڵی بەدەستھێنانی بلیتی ئۆپێرا و شانۆ و کۆنسێرت و گەلەری و شوێنە ھونەرییەکانی دیکە دەدەن. ئیدی بەم جۆرە چێژی ڕۆحی و بژێوی زانین و زانیاری لە گەشتەکەیان وەردەگرن و شتی لێوە فێر دەبن. دەرئەنجام دەبنە خاوەنی جیھانبینییەکی فراوان لەسەر پێشکەوتن و کەلەپوور و شارستانێتی میللەتەکان.
لەم گەشتەمەدا بە نێو جیھانی فراوان و پڕ لە گوڵ و گوڵزار و وێنەی شیعری بەرز و تەکنیکی لێوەشاوانە و خەیاڵی فراوان و سەلیقەی شاعیرانە و گەلێ لایەنی دیکەی ئەم دیوانەدا، خۆم وەک ئەو گەشتیارانە دێتە بەرچاو. بەڵام گەشتەکەی من ھەر لە نیشتمانی خۆمدایە. لەبەر زۆر ھۆکار نیشتمانم جارێ بە داگیرکراوی و دابەشکراوی و بێ کیانی و بێ ئاڵایی ماوەتەوە و بێ پەساپۆرتم و دەرفەتێکی ئازادانەی گەشتی جیھانم بۆ نەڕەخساوە… جارێ ھێشتا دەرگای قەفەزێکی ئاسنینم لەسەر کڵۆم کراوە و توانام نییە بە حەز و خواستی خۆم لە شەقەی باڵ بدەم.. ـ لەمەدا ئێوەش هەر وەک منن ـ . جا لەتەک ئەو ڕاستیانەشدا، من ھێشتا پێویستم بە زانین و زانیاریی و شارەزایی لە وڵاتی خۆمدا ھەیە. پێویستە لە نێو بەرھەم و نووسین و کاری ھونەریی و چالاکییەکان دا، ئەو وێنە و دیاردانە دیاری بکەم و لێیان بدوێم، کە بەھا و نرخی گفتوگۆ و شرۆڤەکردنیان پێویستە…
ھەنووکە دیوانی شاعیرێکی داھێنەر و خاوەن ئەزموون و ڕێچکەشکێنی تایبەتمەند بەسەر دەکەمەوە. بێ ئەملاولا کردن یەکە و ڕاست بەدوای ئەو بیرۆکە و پرس و حەز و خولیا و ئەو تایبەتمەندییەدا دەگەڕێم، کە بە دیدی من پێویستە لە ھەر تاکێکی کوردی نووسەر و ھونەرمەند و بازرگان و ڕەنجدەر و کاربەدەست و بەرپرس دا ئامادەگی ھەبێت. ئاخر ڕاستییەکان لە حوکمی بەڵگەنەویستدان! ڕۆڵەی میللەتێکی بندەست، ھەر دەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بیر بکاتەوە و تێبکۆشێ و بنووسێ و داھێنان بکات… هتد.
(جەلال مەلەکشا) ناوێک نییە، دوور بێت لە ھیچ خوێنەرێکی کورد. ئەو بە کۆمەڵێ شیعری شێواز تایبەت و زیندووی بارگاوی بە ڕەگەزەکانی کوردبوون و بانگی ئازادی و بیر و ھزری مرۆڤ، جوانی نیشتمانی کورد و ڕۆحی بەربەرەکانی و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بێگانە. قارەمانی ژێر ئەشکەنجە و ژووری تاریکی زیندانەکان، ھەر زوو ناسنامەی تایبەتی و کەسی و شیعری خۆی بەدەستھێناوە و بە پێناسەی تایبەت بە خۆیەوە چۆتە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە.
مەلەکشا، لەکات و ڕۆژگارێکدا ئەم هونەر و جوانییە تۆمار دەکات، کە ژیان دەرەتانی زۆر شتی لێ بڕیوە. لە ڕووبەر و مەملەکەتێکدا ئەم ھەڵوێستە تۆمار دەکا، دەسەڵاتێکی خوێناوی و ستەمکار و دواکەوتووی داگیرکەر حاکمی زاڵە بەسەرییەوە. ئەم دیاردە و سیفەتەش بۆتە نھێنی و پەنھانی گەورەیی سەرکەوتنی ئەم شاعیرە، لە کاروانی شاعیرێتی خۆیدا، جوانی و پیرۆزیی و نرخی بەرزی بەخشیوە بە جیھانی شیعرەکانی.
ئەو شیعرانەی مەلەکشا پێشکەشی کردووین، گەر زادەی بارودۆخێک بونایە، کە شاعیر بەوە تۆمەتبار بوایە، لە کۆشک و تەلارێک سوڵتان ئاسا پاڵی لێداوەتەوە و وەعز دەدات و ئامۆژگاری دەفرۆشێتەوە. ئەوە بەرھەمەکانی چ سوودێکیان نەدەبوو و نەشدەبوونە کەرەسە و بابەتی ئەم نووسینە. خۆ گەر بهاتایە و لە دوورەوەی نیشتمانیشەوە پەیامی بۆ بناردباینایە، دیسان ھەقمان بوو بڵێین: تۆ دووری لێمان و باش ئاگات لە ئازارەکانی نیشتمان نییە و قسەی سەرمێزی ڕازاوە و سکی پڕ دەکەیت. ھەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێم، پەیامی جەنتڵمامانە و واقیعی و زیندوو، لە ھەر دەڤەرێک و پێگەیەکەوە بێت، ھەر پەیامە و زەبری خۆی ھەیە. نەخێر مەلەکشا ھێشتا بۆ خۆی بە خاکدا چەقیوە و زێدەکەی توند و گەرم لە ئامێز گرتووە و یەک تاقە سەنتیمەتر لە نەتەوە و خاکەکەی دوور نییە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم،ناسینیم بۆ شاعیر شیعرەکانی لە ڕێگای گۆڤاری سروەی خنجیلانەوەیە و لەمێژیشە بەتاسەوە بووم دیوانەکەی مەلەکشام دەستکەوێت و بیخوێنمەوە. ڕێکەوت وابوو، خوشکەزای خۆشەویستم ھێمن حسین دەبوو بۆ چارەسەر بچێتە ئێران. منیش داوام لێ کرد، سۆراخی ئەم دیوانەم بۆ بکات. ھێمن لە شاری سنەی خۆشەویست لە دۆستێکی ھەواڵی ئەم بەرھەمە دەپرسێ. مامۆستا شادمان ئەو برا ئازیزە کە ھاوکاریی زۆری ھێمن دەکات لە چارەسەری نەخۆشییەکەیدا،لە ڕۆژی 7.3.2018 دا ئەم دیوانەم لە ڕێی ھێمنەوە پێشکەش دەکات. سوپاس مامۆستا ئازیز بۆ دیارییە جوان و بەنرخەکەت.
ھەر کە بەدەستم گەشت دەستبەجێ وەک ھەنگوینم لە کلۆری داردا دۆزیبێتەوە، بە تاسەوە کەوتمە خوێندنەوەی. ئیدی لێگەڕام دەرفەتێکی ناچیزە ساز بێت، بەچەند وشەیەک لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە، سەرنج لە دیوانی ناوبراو بگرم و قسەی خۆمی لەسەر بکەم. من لێرەدا ھەروەک گەشتیاری ئاماژەپێکراو ، تەنھا وێڵی باوەڕ و جیھانبینی و تەواوی ئەو شتانەم کە دەکەونە بەر حوکمی چەمکی کوردبوون و بنەمای کوردایەتی لە خۆ دەگرن.
دەمەوێ لەم ڕوانگەیەوە چی لە عۆدەی ھزر و قەڵەمەکەمدا بێت، بیخەمە گەڕ و دوایی ھەگبەکەمی لێ پڕ بکەم و پێشکەشی خوێنەرانی بکەم. لەم کارەدا ھەرچی سوودبەخش بوو، ئەوە ماڵی ھونەرە بەرزەکەی مامۆستا مەلەکشا و ئەدەبی کوردییە و ھەرچیش قەڵب و نالەبار بوو، دەبێتە بە ماڵی من و بە سنگفراوانییەوە لێتان وەردەگرمەوە. دیوانەکە وەک گوڵجاڕێک تژییە لە گوڵی بۆنخۆشی ڕەنگاوڕەنگی جوان. لێ من ھەر بەدوای ئەو گوڵەی خۆمدا وێڵم، کە مەبەستمە و گەرەکمە چەپکێکی بۆ ئێوەش لێ ئامادە بکەم و پێشکەشتانی بکەم.
ئەو گوڵانەی چیرۆکی خاک دەگێڕنەوە، بۆنی نیشتمانیان لێ دێت. ئەو گوڵانە خوێن لە زام و برینیان دێ و چوونەتە سەنگەری بەربەرەکانی داگیرکەرەوە. ئەو گوڵانەی بە خوێنی گیانبەختکردووانی کورد ئاو دراون، ئەو گوڵانەی بوونەتە سیمبۆلی ئازادی و بەھا جوانەکانی تری کوردبوون و مرۆڤ بوونەوە. بەڵێ ئەم تەوەرانە لەم نووسینەدا جێیان دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندی و ڕاستییەش وام لێ دەکات، لە پێشڕا لە خودی شاعیر و خوێنەری بەڕێزیش داوای لێ بووردن بکەم، کەوا من جارێ بە وشیارییەوە دەڵێم، تەنیا کڕیاری ئەم جۆرە گوڵانەم.. با پسپۆڕان و کڕیارانی دیکە خۆیان سەرگەمی گوڵەکانی دیکە بن. ئەوەش دەبێ بگوترێ، مافی ڕەوای ھەر لایەکمانە چ گوڵێک دەکڕین.
دیوانی ج. مەلەکشا، لەبەر بارودۆخی ناسروشتی و پڕ لە گێرمەوکێشەی سیاسی پڕە لە شیعرگەلێکی سیمبۆلی . شاعیر لە شیعری (بێ وڵات) دا ھەر زوور دەرک بەوە دەکات لە جوگرافیای جیھان دا و لە سەر ئەتڵەس، بە ھۆی ئەو زوڵم و زۆرداری و چەوساندنەوە و تاڵانییەی دوژمنەکانییەوە بەسەردیدا سەپاندووە، نەخشە وڵاتی خۆی نادۆزێتەوە. ھەر بۆیە کاتێ دەمرێ و ژیان بەجێ دێڵێ، بستە خاکێ نابینێ لاشەکەی تێدا بنێژرێت.
بێ وڵات
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەتگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
ڕێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەست ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم! ل ٣١
شاعیر لەم بابەتە زۆر دوور ناکەوێتەوە ڕەپوڕاست پەیامی خۆی بەڕووی داگیرکەراندا دەتەقێنێتەوە و لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ :
وشەی پیرۆز
مێژوو دەڵێ
سەدان کەڕەت
گۆڕەپانی منیان کردە جەھەندەم و
وڵاتێکیان تیا ھەڵقرچان!
بەڵام ھەرگیز نەیانتوانی
دوو دیاردە
لەسەر سینگم بسڕنەوە:
یەکیان کورد و
ئەوی تریان
وشەی پیرۆزی کوردستان ل٣٢
کەواتە دوژمن بەو ھەموو توانا و ھێزەیەوە ناتوانێ ناسنامەی نەتەوەیی بسڕێتەوە. ئەوە زیاتر لە 25 سەدە بەڵگەی مێژوو. دواتر لە ئاکامی بێ دادیی و نەبوونی ئازادی، ناتوانێ سەردانی دەزگیرانی بکات :

تۆڵەی چاوپێکەتن
ئەی گیانەکەم!
بڵا پۆلیسەکان بنوون
زیندان بنوێ
بێدەنگی گشت بەند و قاوشەکان بگرێ
دەلاقەی ژوورەکە داناخەم
چاوەڕوانم بەڵێنت پێدام شەوێ
بخزێیتە ناو خەونەکانم
کاتێ ھاتی دەخیلت بم
کەس نەتبینێ
چونکە پۆلیس بەتاوانی نافەرمانی
تۆڵەی چاوپێکەوتنی تۆم لێ دەستێنێ! ل ٣٣
شاعیر لە زیندانە و بە زۆر تاوانی هەڵبەستراوی بەسەردا ساخ کراوەتەوە. خەون بە دیداری گراوییەکەیەوە دەبینێ، کەچی زۆر بە چرپە پێی دەڵێ: گەر ھاتی با کەس نەتبینێ، دەنا تۆڵەم لێ دەکەنەوە. لێرەدا ئاماژە بۆ دڕندەییەکی تری داگیرکەر دەکات.. چۆن و لەبەر چی زیندانییەک سزای قورستر دەبێت.. چۆن تۆڵەی لێ دەکەنەوە! بۆ لێی دەکەنەوە و لەسەر چ شتێکی سزایەکی نوێی قورستری دەدەن!.؟؟ شاعیر ناتوانێ باز بەسەر ئەو ھەستەدا بدات، کە دەوری کەسایەتی و نیشتمانی تەنیووە. ئەوەتا بێ ئەوەی داوای لێ بکەین، خۆی پێمان دەڵێ خەڵکی کوێیە و چ چارەنووسێکی هەیە و ئەندێشەکانی چین….
بەخشش
خەڵکی وڵاتی گریانم
کێڵگەی کامتان وشک و برینگە
ھەر دوو چاوم پێشکەش ئەکەم
وەک شەم لەناو شەوەزەنگا
دەسووتێم و دەتوێمەوە
شەوگاری کامتان زۆر ڕەشە
دڵی ڕوونم دابەش ئەکەم ل٣٦
ئەم شاعیرە وەک مرۆڤێکی ماف زەوتکراو و بێ سەربەستی، لە پەیامێکدا کە بریتییە لە داوای ئاوات و حەزێکی سروشتی ژیان ، خواستێکی ھێجگار سادە و ساکار دەردەبڕێت، کە لە ھەموو مێژووی مرۆڤایەتی و خەباتی گەلاندا نموونەی نییە و بەرچاو ناکەوێ.
کاتالانییەک گەرچی بێ دەوڵەتە! بەڵام دەتوانێ لە بەرشلۆنەوە بۆ ھەر شارێکی تری وڵاتەکەی و جیھان گەشت بکات. ئیرلەندییەک چەند لەژێر ستەمی ناسیۆنالیستی ئینگلیزدا دەناڵێنێ، لێ لە دەبلنەوە بۆ ھەر کوێی بوێت بێ گرفت دەتوانێ بڕوا و بێت.
کەچی چ جارێ کاوەی کوڕی شاعیر لە گەراجی سنە، گوێی لە دەڵاڵەکان نابێت، ھاوار بکەن… سلێمانی سلێمانی، ئوتومبێل بۆ سلێمانی یاخود ئامەد و قامیشلۆ!.. ئاخر سنوورەکان لەنێو دڵی کوردستاندا بە زۆرەملێی کێشراون تۆخن و بە تەلی دڕکاوی و جەندرمەی دڵڕەق تەنراون، دەرباز بوونیان سەختە…
کاوە، دەبێ بۆ گەیشتن بەودیو سنووری دەستکرد!، دیوار بڕوخێنێ و سنوور ھەڵتەکێنێ، یان وەک کۆڵبەرەکان! لەسەر سنوور سەرکێشی بکات و بە قاچاخی! بڕوا ، تا تەقەی لێ بکرێ و بکوژرێ. یاخود ھاوشێوەی کەسێکی نافەرمی سنووری دەستکرد ببەزێنێ ئەوجا بە ترس و دزییەوە خۆی بگەیەنێتە سلێمانی . ئەمەش دیسان بێ پاسپۆرتی داگیرکەر نابێت .
ئاواتێک
ئاخۆ دەبێ،
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی؟
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
ھاوار بکەن:
سلێمانی، سلێمانی! ل٤٥
لە تابلۆی شیعری شەھید دا ھەموو پەیامەکانی میللەتێکی بندەست و دەسەڵاتێکی دڕندە و خوێناوی و ڕەگەزەکانی سیاسەتی نامرۆڤایەتی داگیرکەر بەرچاو دەکەون. گەر کوردستان سەربەخۆ بێت، نە سنوور بەناو دڵیدا دەکێشرێ و نە بێگانە داوای پەساپۆرت لێدەکات و نە کەسیش بە قاچاخچی ناو دەردەکات.
شەھید
کۆترێ سپی
نامەی ئاشتی
وڵاتێکی زامداری بۆ مێژوو ئەبرد
ڕاوچی ھاتن
دێوجامەیان بۆ ڕاگرت و
دەسڕێژیان کرد لە پڕ زەوی زریکاندی
ئاسمان
لەخەو ڕاچڵەکا
خوێنی کۆتر
دڵۆپ دڵۆپ بەسەر ھەموو تکا! ل ٤٨
مەلەکشا ھێندە سەرسەختانە و بە باوەڕەوە بەرەنگاری دوژمن بۆتە، باجەکەی بەسەر بردنی تەمەنێکی زۆری ژیانێتی لە زیندان. زیندان هێمای مەدالیای شانازی سەر سنگی مەلەکشایە. ئێستا شاعیر بۆتە سیمبۆلێکی دیار و خۆشەویستی بەرخۆدانی زیندان.. زیندان ھێندە بەسەر ژیانی شاعیرەوە شوێن پێی ھەیە، لە شیعرە دیارەکەیدا دەڵێ:
زیندانی
لەنێو ژوورە تاکە کەسییە تەنگەکەمدا
ھەڵکوڕماوم
کارەساتێ بەڕێوەیە
لەو دێو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوەسراوە
دەلاقەتەکی بچکۆلە
لەسەر سینگی دەرکەکەیەو داخراوە
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە ھەڵفڕێت تا،
ئاسمانی کاکی بە کاکی !
وەردەیانەکەم…
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێ و من ڕووناکی ! ل ٤٩

ئەم ھاوکێشەی تاریکی بۆ دوژمن و ڕووناکی بۆ من، دەچێتەوە سەر بنچینەی میتۆلۆژیای کۆنی کوردی. شاعیر لەوێوە وێنە شیعرییەکەمان بۆ ڕادەگوازێ.. ئاخر خۆر ھێشتا ھەر توخمێکی گرنگی ژیانە و لای کورد بەرز و پڕ بەها و پیرۆز دەماشا دەکرێ.
لەو شیعرەدا کە بۆ کچێکی قەرەجی وتووە و مەلەکشا ھێندە عەوداڵی نیشتمانە، قەرەجی لێ دەبێتە نیشتمان و نیشتمانی خۆی لێ دەکاتە قەرەج… ئەم مەدالیا دوو دیوە شاعیر تێیدا بێ نیشتمان و بێ ئازادی و بێ مافە ، بەڵگەی ھەموو ئەو ستەم و چەوسانەوە و ناھەقییەیە کە باری گرانی سەر شانی شاعیر پێک دێنن. گەر بێ دەوڵەتی تا سەر ئێسک ئازاری شاعیری نەدابێ، گەر بێ ناونیشانی خەمی گەورەی شاعیر نەبێ، گەر بێ ناسنامەیی دەردی گرانی مەلەکشا نەبێ،ئەدی شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەجێکی بێ نیشتمان و ناونیشان قەرەج. ئاخر شاعیر چۆن خۆی دەکاتە قەرەج ،لە کاتێکدا قەرەج خۆیان گەرۆکن و بێ نیشتمانن و ناسنامەیان لەم گۆی زەوییەدا بزرە !؟… لە کاتێکدا نیشتمان بۆخۆی پارچە زەوییەکی جێگیر و دیاریکراو و ناسراوە و خاوەنی پێناسەیە.
لەشیعری گەڕانەوەدا مەلەکشا دەڵێ: کاتێ لە غەریبی مردم، ڕەنگە مەبەستی تاران بێت، یان ھەر شوێنێکی تری دوور لە کوردستان، نابێت لەوێ بمنێژن.. کەواتە دوای ماڵئاوایش لە ژیان شاعیر نایەوێ دوور لەخاک و نەتەوەکەی خۆی، شوێنێکی تری بۆ تەرخان بکەن و لێی بنێژرێت. بۆیەکا دەڵێ:
گەڕانەوە
گەلێ یاران!
کاتێ مردم، دەخیلتان بم!
لەم غەریبستانە مەمنێژن
جەستە ماندووە خەمڕێژەکەم بسووتێنن
خۆڵەمێشە خەمبارەکەم
بە ئاوی دیجلە بسپێرن!
دیجلە دەمبا بۆ ئۆقیانووس
دەبمە ھەڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
بای زریانیش ھەڵدەکات و
جەستەی سپیی چەشنی ھەورم
دەباتەوە بۆ کوردستان!
دڵتەنگ ، دڵتەنگ
لەسەرچاوەکەی ژیانمەوە
چەشنی ھەورێکی خەماژۆ، دادەبارێم
لە کوێستان و لە پێدەشت و دارستانا
دادەبارێم، تۆزقاڵ تۆزقاڵ
ژیلەمۆی دڵ، دابەش دەکەم
بەسەر ھەموو کوردستانا! ل ٦١

لەتیف ھەڵمەتیش وێنەیەکی شیعری نزیک بەمەی ھەیە. کەواتە شاعیر ببرێ بۆ هەر کونجێکی گۆی زەوی و بەرزایی ئاسمان و قوڵایی زەوی و دوورایی نەخشەی جیھان ھەر دێتەوە بۆ نیشتمان و زێدی خۆیی و لەوێدا ڕۆحی ئارام دەگرێ و دەتوانی خەوی قوڵی یەکجارەکی بکات. ڕۆح و جەستەی ئاوێزانی بۆنوبەرامەی خاکی خۆی بکاتەوە. ئەم ھەستە قوڵە و وابەستە توندەی شاعیر بە نیشتمانەوە، سەرچاوەی ئەو گیانە بەرزەی خۆڕاگریی نەبەزییەتی، بەرامبەر بە ھەموو ناڕەحەتییەکانی ژیان.
چەند پەڕەیەکی تر لە دیوانەکەی ھەڵنادەینەوە، دەکەوین بەسەر پارچە شیعری زێڕینی دڵخۆش دا . لەوێدا شاعیر لە چەند بەیتێکی کورتدا ھەموو شت دەڵێ و پەیامەکەی تەواو زیندوو و ئاگرینە و چ شاراوەیەکی لە خۆ نەگرتووە.
دڵخۆشی
کڵاوم لارە!
قەڵەمەکەم
لە بەرامبەر چی سوڵتان و
فەرمانڕەوا و … داگیرکەرە
کڕنووش نابات!
ھیچیش وەک ئەو
تفەنگە دەم بە ھاوارە
وا لە پەنا قەڵەمێکدا
لەسەر پێیە…
منی ئەوینداری وڵات
دڵخۆش ناکات! ل ٦٢

مەلەکشا زۆر دڵخۆشە قەڵەمەکەی نەبەزە و شانازی بە تفەنگی شانی پێشمەرگە و ڕاپەرینەکانی کورد دەکات. ئاخر ئەم لە خۆ ڕاپەرموونە کە جێی شانازی شاعیر و شیعرەکانێتی بۆ خەڵک لە سەرچاوەیەکی دڵسۆزانەی کوردبوونەوە ھەڵقوڵاون. ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و باوەڕ بەرزییە، بە ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان وا دەکات شاعیر بڵێ:
تاوان
چونکە ئەموت:
مرۆڤ دەبێ،
ئازاد و شاد و سەربەست بێ
شادی، دڵداری، ئازادی
بنەڕەتی ژیان بێت
بچووکترین وشەی ئەوین
ماچ و ئاواز و ھەڵبەست بێ
دڵیان کۆڵیم
داخی ھەزار خەمیان چزان بە جەرگمەوە
مۆری سووری قاچاخ بوونیان
کوتا بە وشە و شیعر و دەفتەرمەوە ل ٩٥
دە سا بنۆڕن ئەم دەنگە شیعرییە، لە دووتوێی خۆیدا، سادەترین داوای لە – ئازادی، شادی ، دڵداری، شیعر و ئاواز گۆرانی – بۆ مرۆڤ و ژیان ھەڵگرتووە، جەرگی زامدار کراوە، ھەستی ڕووشێندراوە، زیندانی کراوە، لێپێچینەوە لە وشە و شیعر و بەرھەمەکانی کراوە…دوژمنەکانی بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافی بوون و ژیانی، وەڵامییان داوەتەوە.
کوردستانم بۆ بێنەوە
… کە خۆم ناسی،
وتم: دایە! من کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار
کام مەڵبەندی ڕووی سەر زەویم؟
وتی: ڕۆڵە…
تۆ کوردی دیل و ھەژار
نیشتمانت کوردستانە
بەڵام ناوی نیشتمانت،
لەسەر نەخشەی جیھان نییە
بێ نیشانە!!
وتم : دایە!
باوکم کوانی؟
بۆچی ھەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم
بە کام تاوان
من ھەتیوم؟!
وتی : ڕۆڵە!
ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران
شاریان سووتان
تفەنگی مافی کردە شان
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بەسەر لێوی خاکا پژان
وتم دایە! ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم
ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک!
وتی ڕۆڵە!
لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
خەونەکانی ئازادی ئەم کوردستانەی
بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای
سەربەستی ئەو نیشتمانە!
وتم دایە!
ئەی من چبکەم؟
ھەستا سەر پێی
تفەنگێکی بڕنەو کورتی بزمارڕێژی دایە دەستم
وتی ڕۆڵە
ئەی ھۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە
کوردستان وەک پاڵەوانێ
لە قەڵای دێوی داگیرکەر
دەست و پێی زنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرە و بڕۆ
دوعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
سیمای ونبووی خۆت لە نێو مێژووی کۆنا بدۆزەرەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسوڕێمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە – لەتە
وڵاتەکەم بدروومەوە! ل ١٩٠
لێتان ناشارمەوە سەرەتا ویستم لە گوڵجاری ئەم دیوانەدا ئەم تاقە گوڵە بچنم و پێشکەشتان بکەم.. ئاخر مەلەکشا لێرەدا پەلی بۆ زۆر بواری گرێدراو بەو ئاوات و خاڵەوە ڕاکێشاوە، کە بەندە مەبەستێتی. ئەم شیعرە بۆ ئەم باسە و بۆ گێڕانەوەی داستانی دوور و درێژی مێژووی کورد، پانۆڕامایەکی پڕاوپڕە.. ئاماژەی بە ھەموو دیمەنەکانی خەباتی کورد کردووە. تێکڕای چیرۆکەکانی پەیوەست بە کوردبوونەوەی گێڕاوەتەوە.. ئەڵقە بە ئەڵقەی باسەکانی تایبەت بە شۆڕشی ئاماژە پێداوە. زۆر کۆد و ھێمای پرسگەلی جیاوازی داوەتە دەستمان ، وانەی ھەڵبژاردنی شێوازی خەباتی خستۆتە بەرچاومان و وێنەیەکی گەورەی دوژمنیشی بۆ کێشاوین. ئەو داگیرکەرەی نەخشەی نیشتمانەی مەلەکشای دزیوە، سامانەکەی تاڵان کردووە و دەکا، ئازادییەکانی لێ قەدەغە کردووە، مافی پێشێل کردووە و دەیچەوسێنێتەوە و ھەوڵی قڕ کردنی دەدات،ئەویشمان وەک خۆی پێ دەناسێنێ.
ئەم شیعرە دەتوانێ بۆ خۆی بێتە دیوانێک، ئاخر ھێندەی دیوانێکی شیعر، مانای لە خۆگرتووە و بارگاوییە بە پرسی کورد و دۆزە ڕەواکەی .لە درێژەی باسی نیشتمانی دزراودا، مەلەکشا دەیەوێ پێمان بڵێ بۆ ئەو ھێندە عەوداڵ و شەیدای کوردستانی دایکە. نیشتمان چییە و چی دەگەیەنێ؟ نیشتمان بۆ مەلەکشا لە یەک کات دا ، دایک، زێد و نیشتمان و ھاوکات بە مانا مەجازییەکی دەوڵەتیشە. بڕوانە چ دەڵێ:
تووڕەیی
لەم جیھانە،
پەلەوریش
نیشتمانی بۆ خۆی ھەیە
دارستانێ، تاقە داشێ
ئاوارەش بێ
نیو ئەشکەوتێ، بن پاساری!
چۆن شێت نەبم، نەچم بە گژ کوێستانێکا و
چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم
ھێشتا بستێ خاک شک نابەم
تیا بژیم، تیا بمرم!
چۆن شێت نەبم
ھەموو ڕێگام لێ بەسراوە
بەھەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم
تەپۆڵکەیەک
کڵاوێکی سەربازابەی کەسەر ناوە
دڵ و گیرفان دەپشکنێ
بەڵفەی خوایشم لەگەڵدا بێ
ڕێگام دەگرێ
نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و
ڕەمزی نھێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!
چۆن شێت نەبم
تووڕەم، توڕە….
وەک ئاگرم
شمشێرێکی ھەڵکیشراوم
لەناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم
ھەتا کالان نەدۆزمەوە
ئۆقرە ناگرم!
خوا ئەزانێ
من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا
سەرگەردان بم لەم کوێستانە
ڕێگام بدەن بێمە خوارێ
ھیچم ناوێ لەم جیھانە
جگە نەختێ سەربەستی و
بستێ خاک و
ئاڵایەک و
ڕەشماڵێکی قەرەجانە! ل ١٩٧
شاعیر حەسرەتی بێ وڵاتی داخی زۆری بە جەرگیدا ناوە. ئەو نە دەیەوێ وڵاتێکی تر داگیر بکات و نە بەسەر کەسەوە خۆی بکاتە بێگانە و نە گەرەکێتی ستەم لە خەڵکی تر بکات و بێ نیشتمانیان کات. مەلەکشا تەنھا و تەنھا وێڵی دوای دایکی خۆیەتی، ئەو بەس ئەو ھەوار و زێدەی دەوێ، ئەو خاک و ئاوەی مەبەستە، کە لێی زادە بووە و پێی پەروەردە بووە. دەیەوێ بە ئارامی و دڵنەوایی و ئاشتی دوور لە کوشتن و بڕین و زیندانی و ئەشکەنجەدان و ڕاوەدوونان- کە سیمای ھەرە زەقی ژیانی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانە – بژی بە سەربەستی لە سەر خاکی باووباپیرانی و ئاڵای نەتەوەکەی بەسەر کۆشک و باڵەخانەکانییەوە بشەکێتەوە. جا گەر خۆشی لە سایە و لەژێر ڕەشماڵێکی قەرەجئاساکانیش دا ژیان بگوزەرێنێ، ھەر بەختەوەر و ڕەزامەندە، چونکە خاوەنی سێبەری دەوڵەت و شیلەی ئازادییە…
کوردستان
کاتێ پێنووسی چارەنووس
کەوتە گەڕان،
لەدوای ئەوەی
نەخشەی عەرد و دنیای نەخشان.
کە گەیشتە لای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست
لەسەر خاڵێک،
ساتێ ڕاما
نازانم بۆ.. کەوتە لەرزین
دڵی شکا، چاوی تۆقی،
دڵۆپێ خوێن
بەسەر ئەو خاڵەدا تکا!
خێرا ھاتن، دەوریان تەنی
شەقڵیان کرد
بە پەرژین و موورد و تێمان!
گەڕان، ناوێک بدۆزنەوە
فرمێسکی چاوی گەردوونی تیا بگونجێ
ئێنجا ھاتن
ناوی ئەو خاڵە سوورەیان
نا، کوردستان! ل١٩٩
خوێنەری ھێژا، برای نووسەر…
بە گرنگی دەزانم ئاوڕی زیاتر لەم شاعیرە و دیوانەکەی بدرێتەوە، چونکە ئەمە دەنگێکە لەسەردەمێکی سەخت و دژواردا گوێمان لێی دەبێت. ھاوارێکە سەرەداوەکانی بە سێبەری شیعری پەشێوی گەورە دەگاتەوە. ناڵەیەکە درێژەی دەنگی مامۆستا ھەژار و ھێمنی پێوە دیارە و ھاوکات مەلەکشا بە تایبەتمەندی خۆیەوە ھاتۆتە سەر شانۆی ئەدەبی کوردی. بەڕاستی شیعری “زڕەی زنجیری وشە دیلەکانە”.
ھاوارێکی سەردەمێکی تەواو سامناک و پڕ لە ستەمکارییە.. دەنگێکە لە قەیرانی بیروبۆچوونەکان و قاتووقڕی کوردبوون دا ، نەعرەتەی خۆی ھەڵبڕیووە. شێواز و ڕێچکەیەکە بە جیاواز لەوانی دیکە ئامادەیی خۆی سەلماندووە . ئاخر ھەموو کەس توانای ئەوەی نییە لە دوای ئەو کەڵە شاعیرانە جێی خۆی باسانایی لە پانتایی شیعر و ئەدەبی کوردیدا بکاتەوە، مەگەر مەلەکشای پادشای وشە و وێنەی شیعریی کورت و مانا پڕ و باڵا بەرز و سەلیقەی زرنگانەی شاعیرانە و ئەو تایبەتمەندییەی شاعیری پێ ناسراوە .
مەلەکشا دەنگێکە زادە و ھەڵقوڵاوی ناو ناخی مێژووی ڕاپەرین و شکست، تێکۆشان و قوربانی، ستەمکاری و نامرۆڤایەتی داگیرکەر و ژیانە چڤاکییەکەی کورد. بانگەوازیی شیعریی مەلەکشا، دەرئەنجامی چەشتنی راستەوخۆی زوڵم و زۆرداریی زیندانە تاریکەکانی سەردەمی شای گۆڕبەگۆڕ و کۆماری پەت و سێدارەیە و بە ڕوون و ئاشکرایی، سیما و مۆرکی بێ نیشتمانی و بێ ئازادی و بێ دەوڵەتی کوردیان پێوە دیارە..

هەڵۆ بەرزنجەیی٣٠/٣/٢٠٢٠


کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا کوردی و فارسی چاپی یەکەم ١٣٩٣/٢٠١٥ ٤٦٢لاپەڕە
بەشی کوردی : زڕەی زنجیری وشە دیلەکان

Previous
Next