Skip to Content

داعش یان ئیسلام بە ئۆرسۆدۆکسی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

داعش یان ئیسلام بە ئۆرسۆدۆکسی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by April 1, 2020 General, Opinion

رەنگە هیچ ناوێک هێندەی داعش “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییدا، نەبووبێتە مایەی تێڕامان و جێگەی باس و خواسی هەمەلایەنە چ لەسەر ئاستی میدیا و ناوەندەکانی سیاسەت، چ لەسەر ئاستی گەلێری و میللی. ئەگەرچی گۆشەنیگاکان لەمەڕ تێفکرین و خوێندنەوە بۆ خودی داعش و ئامانجەکانی ئەو تەوژمە تیرۆریستییە لێک جودان، بەڵام دەکرێت خاڵی ناوکۆیی و بەیەک گەیشتنی دیتن و شرۆڤەکان لەوەدا یەکبگرنەوە کە زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم گروپە تیرۆریستییە دژی هەموو بەها مرۆیی و مودێرنەکانی ژیانی هاوچەرخە و دەیەوێ گالیسکەی مێژوو بۆ سەدە تاریکەکان بگەڕێنێتەوە.
ئەم رێکخراوە ئەگەرچی نوێباوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی و واقیعی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەو دنیابینییەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، زۆر دێرینە و تەمەنێکی چەند سەدەیی تێپەڕ کردووە. لە باری واقیعییەوە رێکخراوێک بە ناوی “دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام” بۆ دوای رووخانی ریژێمی عێراق و سەدام لە نیسانی 2003 دەگەڕێتەوە، واتە هاوزەمان لەگەڵ گواستنەوەی شەڕی شانە و تۆڕە تیرۆریستییەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق و پارچە پارچەبوونی ئەلقاعیدە، ئەم گروپە لە ناو کەشێکی پڕ تیرۆر و خوێناوییدا سەرهەڵدەدات.
رەگوڕیشەی ئەم گروپە دەگەڕێتەوە بۆ رێکخراوی‌ (التوحید و الجهاد) بە سەرپەرشتی‌ (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌)، لە ئۆکتۆبەری‌ هەمان ساڵ پاش بەرفراوانبوونی‌ چالاکییەکانیان و بەیعەتدانیان بە(ئوسامە بن لادن) و وەرگرتنی‌ رەزامەندیی‌ لەلایەن قاعیدەوە، ناوی‌ خۆیان گۆڕی‌ بۆ رێکخراوی‌ (القیادە الجهاد فی‌ البلاد الرافیدین) و بوونە باڵی‌ قاعیدە لە عێراق. ساڵی‌ (2006)دا (ئەبو موسعەب زەرقاوی‌) لە ئەنجامی‌ بۆردوومانی‌ فڕۆکە جەنگییەکانی‌ ئەمەریکا لە باکووری‌ بەعقوبە کوژرا، هەر ئەوکات (ئەبو ئەیوب میسری‌) ناسراو بە (ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) شوێنی‌ گرتەوە. پاشان ‌ لە 15-10-2006 ئەم رێکخراوە بڕیاری‌ خۆ رێکخستنەوەیاندا لەچوارچێوەی‌ فۆرمێکی‌ نوێتردا خۆیان بەناوی‌ ( دولە العراق الاسلامیە) راگەیاند و (ئەبو عومەر بەغدادی‌) کرابە ئەمیری‌ رێکخراوەکە.
لە بەرواری‌ 19-4-2010دا لە رێی‌ ئەنجامدانی‌ ئۆپەراسیۆنێکی‌ هاوبەشی‌ هێزەکانی‌ ئەمەریکا و سوپای‌ عێراق (ئەبو عومەر بەغدادی‌ و ئەبو حەمزەی‌ مهاجر) پێکەوە لە بەغداد کوژران. دە رۆژ پاش کوژرانیان، ئەنجوومەنی‌ شورای‌ دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌ لە کۆبوونەوەیەکی‌ نائاساییدا بڕیاریدا (ئەبوبەکر بەغدادی) دەستنیشان بکات، وەک ئەمیری‌ نوێی‌ رێکخراوەکە.
هەر دوای تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆیی سوریا و بەرپابوونی شەڕی چەکدارانە بە مەبەستی رووخاندنی ریژێمی ئەسەد، (ئەبو بەکر بەغدادی) خۆی گەیاندە سوریا و هەر لەوێ چاوی‌ کەوت بە کەسایەتییە دیارەکان و باڵە جیاکانی‌ دیکەی‌ رێکخراوی‌ قاعیدە لە و وڵاتەدا، بەتایبەت (الجبهة النصرة). بەغدادی‌ پێشنیاری‌ یەکگرتنی‌ گروپە جیهادییەکانی‌ بۆ (ئەیمەن زەواهیری،‌ رابەری‌ رێکخراوی‌ قاعیدە) بەرزکردەوە لە سوریا و عێراق. دوای‌ دوو مانگ لەم پێشنیارە (زەواهیری‌) رەزامەندیی‌ نیشاندا، بەم چەشنە لە بەرواری‌ 9-4-2013 لە رێی‌ تۆمارێکی‌ دەنگییەوە (بەغدادی‌) رێکخراوی‌ (الدولە الاسلامیە فی‌ العراق و الشام- داعش)ی‌ راگەیەند.

پاشتر بەهۆی لاوازبوونی ریژێم لە سوریا، توانیان سەرەتا چەند ناوچەیەکی ستراتیجی لە سوریا داگیر بکەن و شاری “رەققە” بکەنە پایتەختی خەلافەتەکەیان، دواتریش بەهۆی لاوازیی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی “نوری مالیکی” توانیان چەند شارێکی گەورەی وەک موسڵ و تکریت و بەشێک لە پارێزگای ئەنبار و دیالە و کەرکووک بگرن، هاوکات بەرەو ناوچە کوردستانییەکانی وەک شەنگال و جەلەولا و مەخموور و گوێڕ پێشڕەویی بکەن. لە ئێستادا داعش قەڵەمڕەوی هەیە بەسەر ناوچەیەکی فراوان و ستراتیجی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریادا و لە شەڕێکی قورس و یەکلاکەرەوەشدایە لەگەڵ سوپای عێراق و پێشمەرگە لەلایەک و هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمەریکا، لەلاکەی ترەوە.
ئەوەی ئێمە گەرەکمانە لێرەدا قسەی لەسەر بکەین، هۆکار و شێوازەکانی دروستبوونی رێکخراوی داعش نییە، هەروەک چۆن نامانەوێ گریمانەی سەرەنجام و کۆتایی ئەو رێکخراوەش بکەین. جگە لەوەش نامانەوێ باسی ئەو گەمە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە بکەین کە لە شەڕی داعشدا هەیە، هەروەک چۆن ئەوەی جێگەی باسی ئێمە نییە ئەو سیناریۆیانەشە لە پشت هاتنە ئارای رێکخراوێکی تێرۆریستی وەک داعش هەیە. ئامانجی سترۆکتۆری ئێمە بریتییە لە بەراووردکاریی لە نێوان رەفتار و کردەوەکانی داعش لەگەڵ دەقە ئاینییەکانی ئیسلام و ئەزموونی چەند سەدەیی دەسەڵاتی ئیسلامی، چوونکە هەندێک دەیانەوێ ئەو مامەڵە دڵڕەقانەی داعش و تاوانکارییەکانیان بخەنە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام.
ئێمە لێرەدا بەڵگەی ئەوە دەخەینە روو، مامەڵەی داعش و تاوان و کاولکاریی و رەفتارە هۆڤانەکەیان شتێکی نامۆ نییە لەناو مێژووی ئیسلامیدا، تەنانەت شتێکی نامۆ نییە بە تێکستە قورئانییەکان. تەنانەت نامۆ نییە بە هەڵسوکەوتی ئیسلام لە پێغەمبەرەوە تا هەنووکە. بە پێچەوانەوە زۆربەیان لە میانەی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلامیدا پیادە کراون، رەنگە داعش رێکخراوێکی نوێ نەبێت لە بواری داهێنانی کوشتن و بڕیندا، بەقەدەر ئەوەی هێزێکی تازەیە کە نوێنەرایەتی عەقڵییەت و مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی زۆر دێرینتر دەکات. هەربۆیە من داعش بە دیاردەیەکی تازە نابینم لە مێژووی ئیسلامیدا، بەقەد ئەوەی زیندووبوونەوەی رۆحێکی وێرانکارە کە بارگاوییە بە رۆحی ئیسلامگەریی.
ئەگەر ئێمە سەیری قورئان بکەین، وشەی “کوشتن- قتل” بەهەموو مانا و رەهەندە جۆراوجۆرەکانییەوە 174 جار دووبارە بۆتەوە، بەڵام وشەی “نوێژ” کە یەکێکە لە سەرەکیترین کۆڵەکانی ئاینی ئیسلام تەنیا 99 جار دووبارە بۆتەوە. یەک ئایەت هەیە کە رۆژووی کردووە بە یەکێک لە روکنەکانی ئیسلام و ساڵانە ملێونان موسڵمان یەک مانگ بەڕۆژوو دەبن، بەڵام دەیان ئایەت هەیە کە هانی کوشتن و خوێنڕشتنی ناموسڵمانان دەدەن، چەندین ئایەت هەیە جیهاد و کوشتاری کردۆتە یەکێک لە بنەماکانی ئاینەکە. بۆیەکا لەم روانگەوە دەتوانین بڵێین خودی ئاینەکە ئەوەندەی بواری تێدایە بۆ توندوتیژیی و سڕینەوەی بەرانبەر، بە چارەگی ئەوە زەمینەی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و تولەرانسی تێدا نییە.
رەنگبێ خەڵکانێک هەبن، نموونەی کۆمەڵێک ئایەت بهێننە پێشەوە کە باس لە ئازادیی ئاین و هەڵبژاردنی بیروڕا دەکات، لە چەشنی “لا اکراە فی الدین” و کۆمەڵێک ئایەتی تری هاوشێوە، بەڵام بە سەرنجدان لە خودی ئەوەی پێی دەوترێ “علوم القران” بۆمان دەردەکەوێت زۆرینەی ئەو ئایەتانە “نەسخ” بوونەتەوە، ئایەتی نەسخبووەش حوکمی لێ وەرناگیرێت، بە پێچەوانەوە هەموو ئەو ئایەتانە بە ئایەتەکانی سورەتی “التوبە” نەسخ بوونەتەوە. چوونکە ئەو ئایەتانەی پێشوو زادەی قۆناغی مەککە بوون، چون لە قۆناغی سەرەتای بانگەوازی ئیسلامیدا ئاینەکە بانگەشەی ئازادیی ئاین و ئامانجی هاوبەشی ئاینەکانی تری دەکرد، بەڵام لە قۆناغی مەدینەدا کاتێک باڵانسی هێز بەلای موسڵماناندا دەشکێتەوە، ئایەتەکان زمانیان دەگۆڕێت بۆ زمانی هەڕەشە و کوشت وبڕ.
نووسەری نێوداری عەرەب “هادی عەلەوی” لە کتێبەکەیدا “مێژووی ئەشکەنجەدان لە ئیسلامدا” بە وردیی و هەمەلایەتە تیشکی خستۆتە سەر شێوازەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی نەیارانی ئیسلام بە درێژایی مێژووی ئیسلام، ئەگەر بە وردیی بەراوورد بکەین لە نێوان ئەو فۆرمانە لە توندوتیژیی کە داعش بەکاریدەهێنێت لەگەڵ ئەو شێوازانەی لە مێژووی ئیسلامیدا بەکارهاتووە، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکەین شیاوی باسکردن بێت.

عەلەوی لە کتێبی ناوبراودا، چەندین شێوازی توندوتیژیی و ئەشکەنجەدان و لەناوبردنی فیزیکی خستۆتە روو، لە نموونە “کەوڵکردن، سووتاندن، سەرپەڕاندن، لێدان و جەڵدە لێدان، پەل و پۆ بڕین، ئەشکەنجەدانی جنسی، ئەشکەنجەدان بە چەرخ، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی چەرخەوە، کوشتن بە قسڵ “الموت بالنورە”، تەزاندن و رەقکردنەوەی پاش قامچیکاریی، زگ هەڵئاوساندن لە رێگەی بەنجەوە، پچڕینی گۆشت لەلاشە، شکاندن بە دوو داری ئەستوور، تێڵا تێبڕین و کوت کوتکردن، کوشتن لە رێگەی برژاندن، گوێ و لوت بڕین و چاو هەڵکۆڵین، بۆری ئاگرین، نینۆک کێشان، ئەشکەنجەدان بە قامیش، زیندە بەچاڵکردن، لە خاچدان و هتد…..”.
ئەگەر سەیر بکەین داعش شتێکی نوێی لە بواری کوشتن و توندوتیژیدا دانەهێناوە، جگە لە دووپاتکردنەوەی ئەو شێوازانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئیسلامی پەیڕەوکراون. سەرپەڕاندن بە شمشێر و سووتاندن دوو شێوازن داعش زۆرترین جار پەیڕەویی لێ دەکات، ئەوەش لە مێژووی ئیسلامیدا زیاتر لە چەندین جار دووبارە بۆتەوە.
هادی عەلەوی دەنووسێت: ئەبوبەکری سدیق لە میانەی ئامۆژگارییەکانی بۆ ئەو سوپایەی بۆ لەناوبردنی هەڵگەڕاوەکان ناردوویەتی فەرمانی پێداون بیانسووتێنن. هەروەها “تەبەری” دوو کتێبی لەمبارەوە هەیە و رووداوی وەهای تێدایە کە بە فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ کراون. “بەلازەڕی” لە “فتوح البلدان”دا ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە “خالیدی کوڕی وەلید” هەندێک لە هەڵگەڕاوەکانی دوای بەدیل گرتنیان سووتاندووە.
بەشێکی بەرچاویش لە فوقەهای ئیسلامی رێگە دەدەن بە سووتاندنی مرۆڤ بەتایبەتی بە پشت بەستن بە نموونەی سووتاندنی هەڵگەڕاوەکان و پیاوێکی نێرباز لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیقدا. داعش پاساوی شەرعی و نموونەی پیادەکراوی کردۆتە پاڵشت بۆ سووتاندنی نەیارانی خۆی. لە نووسراوێکدا رێکخراوی‌ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) وەڵامی ئەو پرسیارە (حوکمی‌ سووتاندنی کافر تاوەکو دەمرێت چییە؟) دەداتەوە و چەند بەڵگە و فەرموودە و تەفسیرێک دەهێنێتەوە و شەرعیەت دەداتە سووتاندنی‌ مرۆڤ.
لەو نووسراوەدا داعش رایگەیاندووە لە هەر دوو مەزهەبی شافعی ‌و ئەحناف سووتاندن بە رەهایی رێگەپێدراوە و پشتیان بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر (محەمەد) بەستووە کە وتوویەتی (کەس بەئاگر سزا نادرێت تەنیا خودا ئەو کارە دەکات)، واتا خودا خۆی خەڵک دەسوتێنێت، مەهلەبیش وتوویەتی “ئەو رەتکردنەوەیەی خودا مەبەستی حەرامکردنی نییە بە رەهایی”، بەڵکو رێگەپێدراوە. لە بەشێکی تری‌ نووسینەکەدا داعش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیبن حەجەر “رێگەی بە سووتاندن داوە و هاوەڵانیش ئەوەیان کردووە، تەنانەت پێغەمبەریش ئاسنی سوورکراوەی‌ بە ئاگر کردووەتە چاوی عەرەنییندا و خالیدی کوڕی وەلیدیش چەندین کەسی لە خەڵکی (رەدە) سوتاندووە”.
خودی توندوتیژییەکە لەسەردەستی پێغەمبەر “محەمەد” دەستی پێکردووە، لە سەردەمی ئەودا توندوتیژیی و جیهاد وەک پارێزەری ئاینەکە ناسێندرا، لە رێگەی ئایەتەکانی جیهاد بەتایبەت سورەتی “تەوبە” فۆرمۆڵەی جیهادی ئیسلامی کرا، بۆ نموونە دەستکەوت و غەنیمەتی شەڕ بە پێی ئایەتێک دیاریکرا کە دەبوو پێنج یەکی هەر غەنیمەیەک بۆ خودی پێغەمبەر بێت، هاوکات خوێن و ماڵی نەیارانی ئیسلام حەڵاڵ کرا، ئەمە جگە لەوەی هاوسەرەکانیان دەکرانە کەنیزەک و وەک دەستکەوتی شەڕ بەسەر سوپای ئیسلامیدا دابەش دەکران.

لە سەردەمی پێغەمبەردا، تیرۆری نەیارانی ئاینەکە لەلایەن خودی پەیامبەرەوە رەوایی پێدرا و چەندین جار پیادەکرا لە نموونەی: کوشتنی “عەسمای کچی مەروان”. کە پێغەمبەر “عومەیری کوڕی عودەی” نارد بۆ کوشتنی، ناوبراو لە ناو مناڵەکانیدا کە بەدەوریدا نوستبوون ئەم ژنەی کوشت، بە پاساوی ئەوەی زەمی پەیامبەری کردبوو.
کوشتنی “ئەبی عەفەکی یەهودی” کە تەمەنی لە 100 ساڵ تێپەڕیبوو، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا. ئەبی عەفەک شیعری هەجوی لەسەر پەیامبەر دەوت، ئەوەبوو پێغەمبەر “سالمی کوڕی عومەیر”ی نارد بۆ کوشتنی، ئەویش لە کاتی خەودا شمشێرێکی کردە ناو جەرگی و کوشتی. پاشان کوشتنی “کەعبی کوڕی ئەشرەف” کە قوڕەیشی هاندەدا دژی موسڵمانان، نموونەیەکی ترە لە تیرۆر لە سەردەمی پێغەمبەردا، چوون خودی پێغەمبەر سەرپەرشتی راستەوخۆی کوشتنەکەی کرد و 5 پیاوی نارد بۆ لەناوبردنی و تاکو “بقیع الفرقد”یش چوو لە تەکیاندا، پاش ئەوەی “کەعب”یان کوشت و سەرە بڕاوەکەشیان هێنایەوە بۆ پێغەمبەر.

هاوزەمان کوشتنی “ئەبی رافع کوڕی عەبدوڵڵا، سەلامی کوڕی ئەبی حەقیق، دایکی قرفە، ئیبن شەیبنینە” کۆمەڵە کوشتنێک بوون لەسەر راسپاردەی خودی پێغەمبەر ئەنجامدران بەتۆمەتی هەجوکردن و دژایەتی پەیامبەری ئیسلام. ئەگەرچی لە گرتنی مەککەدا لێبوردنی گشتیی دەرکرا، بەڵام وەک “عەلی دەشتی” لە کتێبەکەیدا “بیست و سێ ساڵ پێغەمبەریی” ئاماژەی بۆ کردووە: پێغەمبەر چەند کەسێکی جیاکردەوە و فەرمانی دا لەهەر جێگەیەک دۆزرانەوە بیانکوژن تەنانەت ئەگەر پەنایان بردبێتە بەر کەعبەش. ئەمانە بریتی بوون لە: سەفوان کوڕی ئومەییە، عیکرمە کوڕی ئەبوجەهل، عەبدوڵڵای کوڕی خەتەل، مقبس کوڕی سەباب، حویرس کوڕی نەفیر. شەشەم کەس “عەبدوڵڵای کوڕی ئەبی سەرح” بوو کە ماوەیەک لە مەدینەدا دەستەی نووسەرانی وەحی بوو. هەروەها دوو کەسی تر بەناوەکانی “فرتنا و قریبە” لەبەرئەوەی چەندین بەیت و دێڕی گاڵتەجاڕانەیان لە بارەی پێغەمبەرەوە بڵاوکردبووەوە.
هەر لە سەردەمی پێغەمبەردا، قەلاچۆی هەر سێ هۆزە جولەکەکەی مەدینە کرا، تەنانەت بەپێی ژێدەرە مێژووییەکانی خودی موسڵمانان خۆیان، تەنیا لە هۆزی “قریزە” نزیکەی 8 هەزار کەس زیندەبەچاڵکران و سەروەت و سامانیان بە غەنیمەت گیرا و ژنەکانیان کرانە کەنیزەک و مناڵەکانیشان بە کۆیلە. دواتر لە ساڵی حەوتەمی کۆچی، پێغەمبەر فەرمانی گرتنی قەڵای خەیبەر دەدات کە شوێنی ئاوارە جووەکان بوو، پاش ئەوەی کوشتارێکی زۆریان لێدەکات، سامانەکانیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان دەکرێنە کەنیزەک، تەنانەت خودی پێغەمبەر “سەفیەی کچی حەی کوڕی ئەختەب” وەک دەستکەوتێکی شەڕ لە خۆی مارە دەکات کە دیلێکی جوو بوو.
ئیبن ئیسحاق، باسی گرتنی قەڵای خەیبەر دەکات و دەڵێت: پێغەمبەر “کینانەی کوڕی رەبیع” بانگ دەکات کە شوێنی گەنجینە شاراوەکەی بەنی نەزیری دەزانی، پرسیاری شوێنی گەنجینەکەی لێکرد، ئەویش ئینکاری کرد شوێنی گەنجینەکە بزانێت. بۆیە پیاوێکی یەهودی بانگ کرد و ئەو یەهودییە بە پێغەمبەری وت بەچاوی خۆم کینانەم دیوە هەموو رۆژێک دەهات بۆ ئەم کەلاوەیە. پێغەمبەریش بە کینانەی وت دەزانی ئەگەر گەنجینەکە لێرە بدۆزمەوە دەتکوژم؟. کینانەش وتی بەڵێ. پێغەمبەر فەرمانی کرد کەلاوەکە هەڵبکەنن و ئەوانیش هەڵیانکەند، شوێنی چەند گەنجینەیەک دەرکەوت، پێغەمبەر پرسیاری لە کینانە کرد شوێنی گەنجینەکە لە کوێدایە؟. کینانەش ئینکاری دەکرد، پێغەمبەر بە زوبێری کوڕی عەوامی وت بڕۆ کینانە ئەشکەنجە بدە تا پێی دەردەخەیت. دواجار پێغەمبەر کینانەی ناردە لای محەمەدی کوڕی مسلمە و ئەویش ملی پەڕاند.
دەبینین سوپای ئیسلام دەستی نەپاراستووە لە کوشتن و سەرپەڕاندن، تاڵانکردن و بە کەنیزەک گرتنی ژنان. تەنانەت بەشێک لە مێژوونووسان پێیانوایە فاکتۆری دەستکەوت و غەنیمەت رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە سەرکەوتنەکانی سوپای ئیسلام هەر لە سەردەمی پێغەمبەرەوە تا دوا چرکەساتی قۆناغی فتوحاتی ئیسلامی.
عەلی دەشتی، لە کتێبی “ئیسلامناسی”دا دەنووسێت: لە “فتوج البلدان”ەوە وا دەردەکەوێت کە ئەبوبەکری سدیق، لە ناردنی سوپا بۆ شام، لە هاندەری دەستکەوت و غەنیمەت کەڵکی وەرگرتووە و بەهیوای چنگکەوتنی دەستکەوت و غەنیمەت سوپاکە بەرەو شام هاندراوە. هەروەها لە رۆستەم “فەرماندەی سوپای ئێران” و “مغیرەی کوڕی شعبە”ش وا گەیەندراوە کە هاندەری شەڕی عەرەبەکان لە باوەڕێکی ئاینییەوە نەهاتووە بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و غەنیمەت بووە.
“بارتولد” و “گلدزیر” و “فیلیپ حتی” و توێژەرانی دیکەش لە لێکۆڵینەوەکانیان وای دەردەخەن کە جەنگاوەرانی عەرەب پتر بەمەبەستی چنگخستنی ماڵ و دەستکەوت و سامان وەک هاندەرێکی سەرەکی شەڕیان دەکرد. لەم روانگەوە عەرەبە بەدووەکان کە نانی خۆیان لە رێی غەزەوات و بە نووکی شمشێر پەیدا دەکرد، بوونە بزوێنەری سوپای عەرەبی ئیسلامی. بەم بۆنەوە بوو “ئیبن خەلدون” گەیشتە ئەو بڕوایەی عەرەبی موسڵمان دەستی بگاتە هەر شوێنێک وێرانی دەکات.
ئەگەر چاوێک بە “فتوحاتی ئیسلامی”دا بخشێنینەوە و بە چاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری مێژوو بکەین، رەنگە سوپای ئیسلام لە ریزی دڵڕەقترین و وێرانکەرترین سوپاکاندا بێت بە درێژایی مێژوو. مرۆڤ کاتێک مێژووی “تەبەری” و “تەواوی مێژوو”ی “ئیبن ئەسیر” و چەندان کتێبی تری مێژوویی دەخوێنێتەوە، تێدەگات ئەوەی ئیسلامی بەو خێراییە گەیاندە زۆر جێگەی دوور و ئاینەکە لەماوەیەکی پێوانەیدا گەیشتە رۆژهەڵاتی دوور و نزیک لێوارەکانی ئەوروپا، حیکمەت و بەخشندەیی ئاینەکە نەبوو، بەقەدەر ئەوەی ترس بوو لە سوپایەکی دڵڕەق کە تەنیا و تەنیا کوشتن و کاولکاریی دەزانی.
د.کامیل نەجاڕ، باسی فتوحاتی ئیسلامی دەکات و دەنووسێت: غەزای سیند و هیند لەسەردەمی “حەجاجی کوڕی یوسفی سەقفی”دا بە لوتکەی توندوتیژیی جیهاد لە ئیسلامدا پێناسە دەکرێت. سەرکردەی سوپای حەجاج لە سینددا ساڵی 712ی زاینی “محەمەدی کوڕی قاسم” بوو. حەجاج ئەو فەرمانەی بۆ دووپاتکردەوە کە هەڵستێت بە کوشتنی هەموو ئەو پیاوانەی شەڕیان کردووە و کەنیزەکەکانیش بەدیل بگرێت. لەسەر ئەم بڕیارە کاتێک موسڵمانەکان چوونە ناو شاری “برهامباد”ەوە “محەمەدی کوڕی قاسم” فەرمانی دەرکرد هەموو ئەو پیاوانەی سەرباز بوون سەریان بپەڕێنرێت. ژمارەی سەربڕوانەی ئەو کارەساتەش بە شەش هەزار کەس مەزندە کراوە و هەندێکیش دەڵێن شانزە هەزار بووە.
هیندیش کە لە ساڵی 1000ی زاینی لەلایەن “مەحموود قارنی”ەوە داگیرکرا، لەگەڵ خۆیدا گەردەلولێکی بردە ئەو وڵاتە، پەرستگاکانی رووخاند، ئاڵتوون و زێڕ و زیوویان هەڵلووشی، ئەوەندەی خوا حەز و ئارەزووی کرد کوشتاریان کرد، یەکەمجار بە دیلکردنی پاشا “بنجاب” دەستیپێکرد و دواتر دانیشتوانی “قور”یان ناچار کرد ببنە موسڵمان، کاتێکیش شاری “ماتورا”یان داگیرکرد کە شوێنگە و قیبلەگای خوا “کریشنا” بوو، گەورەترین پەرستگایان رووخاند و تێیدا دەستیان گرت بەسەر 500 پەیکەری ئاڵتوونی رەشادی کە درێژیی هەر پەیکەرێک پێنج یارد بوو. هەروەها لە شاری “سومنات”یش “مەحموود قارنی” زیاتر لە 50 هەزار کەسی کوشت و ئەوەی بۆی کرا تاڵانی کرد.
لە ساڵی 793دا ئەمیر هیشام، سوپایەکی بە سەرکردایەتی “عبدالملک بن عبدالواحد” ناردە ناوەڕاستی ئەندەلوس و ئەویش قەڵەمڕەوی کرد تا گەیشتە قەیرەوان. بە درێژایی چەند مانگێک لە تەواوی وڵاتەکەدا کاری هەر ئەوە بوو بکوژێت و هەڵلووشێ و ژنەکانیان بە کەنیزەک ببات. کاتێکیش بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەوەندە دیل و کەنیزەکی لەگەڵ خۆیدا هێنابووەوە مەگەر هەر خودا دەنا کەس ژمارەیانی نەدەزانی.

سوپای ئیسلام نەک هەر دەستی لە کوشتوبڕ نەباراستووە، بەڵکو گەیشتبێتە هەر شوێنێک پرۆسەیەکی کاولکاریی دەستپێکردووە، تەنانەت بە بڕوای “عەلی دەشتی” نووسەری کتێبی “ئیسلامناسی” کوشتنی “عومەری کوڕی خەتاب” لەسەر دەستی “فەیرۆز ئەبو لولوئە” کاردانەوەی ئەو دڕندەییەی سوپای ئیسلام بووە. بۆیە دەنووسێت: کاتێک دیلەکانی شەڕی “نەهاوەند”یان بۆ مەدینە دەبرد، فەیرۆز لەولاوە وەستابوو، سەیری دیلەکانی دەکرد و دڵی منداڵە وردەکانی دەداوە و دڵنەوایی دەکردن و دەستی بەسەردا دەهێنان و دەیگووت: “عومەر جەرگی خواردم”. ژن و کچە دیلەکانی ئەم شەڕانەیان لە بازاڕی مەدینە فرۆشت و ناوی “وسبانا” و “ئوسرا”یان لێنان.
ئەو پرۆسە وێرانکارییەی لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابدا دەستیپێکرد و تا دواڕۆژەکانی تەمەنی خەلافەتی عەبباسی بەردەوام بوو، لە ئاستێکدایە، جاری وا هەیە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات. تەنانەت ماتریاڵە بێ رۆحەکانیش لە دڕندەیی سوپای ئیسلامی دەرباز نەبوون. چەندان پەیکەری بەنرخیان شکاند، چەندان پەرستگا و کتێبخانەیان سووتاند، هەزارەها جێگەی پەرستنیان کاول کرد، هەزارەها ئاسەواری شارستانێتییە دێرینەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت کرد.
“ئیبن خەلدون” لە کتێبی “المقدمە”دا دەنووسێت: کاتێک سەعدی کوڕی وەقاس شاری “مەداین” داگیر دەکات، بە نامەیەک لە “عومەری کوڕی خەتاب”ی پرسی چی لەو هەموو کتێبانە بکات کە لە مەداین هەن؟. عومەر لە وەڵامدا نووسیبووی: هەموویان بە ئاودا بدە. ئەگەر ئەو شتانەی لەو کتێبانەدا هەن بۆ رێنماییکردن بن ئەوا خوا قورئانی بۆ ئێمە ناردووە کە لەمانە رێنیشاندەترە، خۆ ئەگەر ئەم کتێبانەش بێجگە لە مایەی گومڕایی شتێکی دیکە نەبن ئەوا خوا لە شەڕی ئەم کتێبانە بەدوورمان دەگرێت. لەبەرئەوە هەموو ئەم کتێبانە بە ئاودا بدە یان بیانسووتێنە.

وەنەبێت ئەمە شەپۆلی توندوتیژییە تەنیا لە سەردەمی خەلاقەتی عومەرەوە سەریهەڵدابێت، بەڵکو لە ساتەوەختی جەنگی “بەدر”ەوە دەستیپێکردووە و پێغەمبەر خۆی لە چوارچێوەیەکی پیرۆزدا فۆرمۆڵەی کردووە. دواتر لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق ئەو توندوتیژیی و وێرانکارییە پەرەیسەندووە و پاشان قۆناغ بە قۆناغ زیاتر تەشەنەی کردووە، بەڵام هەموو ئەمانە بە پاڵپشت بە دەقی قورئانی و فەرموودەی پێغەمبەر ئەنجام دراون.
ئەگەر نموونەیەک بهێنینەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی “ئەبوبەکر”دا، هێرشی سوپای ئیسلام بوو بۆ سەر ئەوانەی بە “هەڵگەڕاوە” ناوزەد کراون، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوان باوەڕداربوون بە ئیسلام بەڵام ئامادە زەکاتدان نەبوون. کەچی ئەبوبەکر بە سووتاندن و کوشتن و سەرپەڕاندن وەڵامی داونەتەوە. بۆ وێنا هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەودا، خالیدی کوڕی وەلید، پاش ئەوەی لەسەر نەدانی زەکات “مالیکی کوڕی نویرە” لەناوچەی “بەتاح” دەکوژێ و دەیسووتێنێت و بەزۆرەملێ ژنەکەی مارە دەکات لەخۆی، خودی خەلیفەی ئیسلام بێدەنگ بووە لەم تاوانە لەکاتێکدا کەسێکی وەک مالیک باوەڕی بە ئیسلام هەبووە.

رەفیق سابیر، لە کتێبەکەیدا “ئیمپراتۆریای لم” دەنووسێت: رەنگە سەرنجڕاکێشترین رووداوی دەوڵەتی ئومەوی ئەو پەلامارە بێت بە فەرمانی یەزیدی کوڕی مەعاویە کرایە سەر خەڵکی شاری مەدینە. کە بەحکومڕانی یەزید رازی نەبوون. دوای داگیرکردنی شارەکە سەرلەشکری ئومەوییەکان “مسلمی کوڕی عەقەبە” رێگەی بە سەربازەکانی دا تاکو سێ شەو و سێ رۆژ بە ئارەزووی خۆیان بکوژن و تاڵان بکەن و دەستدرێژیی بکەنە سەر ژنان. سەرچاوەکانی مێژووی ئیسلامی دەنووسن کە لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە جنسییەی کرایە سەر ژنانی مەدینە حەوت هەزار منداڵی بێژوو لە شارەکەدا لە دایکبوون.

بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەم نموونە مێژووییانە و دەیان نموونەی تری هاوشێوە هەر لە غەزای بەدرەوە تاکو دوا هەناسەی دەوڵەتی خەلافەت، بەو ئەنجامە دەگەین داعش ئیزافەیەکی پێ نەبووە بۆ سەر ئەو شێوازانەی لە میانەی 14 سەدەی تەمەنی ئاینی ئیسلامدا پەیڕەو کراون، رەنگە تەنیا ماتریاڵەکان و میکانیزمەکانی ئەو پرۆسە کاولکارییانە گۆڕابن، بەو واتایەی ئەگەر پێشان بە پاچ و گۆپاڵ پەیکەر و شوێنەوارەکان کاولکرابن، ئێستا داعش بە تی ئێن تی کاولیان دەکات، ئەگەر پێشوو بە شمشێر و تیر جەنگیان کردبێت، هەنووکە سەربازەکانی داعش بە تازەترین چەکی پێشکەوتوو شەڕ دەکەن. ئەگەر جاران ئەسپسوار بووبن، حاڵی حازر داعش خاوەنی هەزاران ئۆتۆمبیلی جۆری هەمەرە.
من پێموایە ئەو بۆچوونە زۆر سادە و کرچ و کاڵە کە پێیوایە داعش رێکخراوێکی نامۆیە بە ئیسلام. یان ئەوەتا خاوەنانی ئەو بۆچوونە وێنایەکی خەیاڵی لە ئیسلامیان وەرگرتووە و فاکتە مێژووییەکان نەدیوە، یان ئەوەتا بە ئەنقەست پاکانە بۆ خودی ئیسلام دەکەن. چوونکە بمانەوێ یان نەمانەوێ خودی ئاینەکە زەمینەیەکی شێداری هەیە بۆ پەروەردەکردن و رسکانی ئەو تەرزە لە تیرۆریزم. چوون ناکرێت موسڵمان بیت و باز بەسەر سورەتی “تەوبە”دا بدەیت یان چاو لە ئاست ئایەتەکانی توندوتیژیی و جیهاد بنووقێنیت.
ئەوەی داعش دەیکات، نموونەی پیادەکراوی هەیە هەر لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا ئەم ساتەوەختە. داعش هیچ دیاردەیەکی نوێی لە توندوتیژیی و فاناتیسم و وێرانکاریی دانەهێناوە. بە دەربڕینێکی تر داعش رێکخراوێکی نوێیە، بەڵام نوێنەرایەتی عەقڵییەتێکی کۆن و دێرینتر دەکات، کە تا ئەم چرکەساتەش ئامادەبوونێکی جیددی هەیە و هەڕەشەیەکی پلە یەکیشە بۆ سەر ژیار و ژیانی شارستانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. ئەوانەی دەڵێن نەخێر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات. هەرگیز ناتوانن وەڵامێکی پڕاوپڕ و لۆجیکی ئەم پرسیارە بدەنەوە. ئەگەر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناکات، ئەی نوێنەرایەتی کام ئایدولۆجیا و ئاین و دیدگا دەکات؟.
ئەوانەی پێیانوایە داعش و ئیسلام دوو کایە و دوو پێدراوی جیاواز لە یەکترن، چۆن وەڵامی مێژوو دەدەنەوە کە دیرۆکی ئیسلامی تژیەتی لە نموونەی ئەو کاولکاریی و کوشتارەی داعش ئەمڕۆ پیادەیان دەکات؟. ئاینەکە خۆی بەرپرسیاری یەکەمە نەک خودی کەسەکان. نەک خوێندنەوە و روئیاکان. چوونکە کەسانێک هەن دەیانەوێ بڵێن ئەوە تەنیا ئیجتهادێکە لە ئیسلامدا، بەڵام بە خوێندنەوەی دیرۆک و تەماشاکردنی شکستی رەوتە عەقڵانییەکانی ناو ئاینی ئیسلام لە نموونەی “موعتەزیلە” و هەرەسی خولیای ریفۆرمیستە ئیسلامییەکان، دەگەینە ئەو بڕوایەی خودی ئاینەکە چەقبەستوو و توندوتیژە نەک خوێندنەوە و روانگەکان.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین کاریگەریی چەند کەسایەتییەکی وەک “ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، ئیبن تەیمییە، محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب، سەید قوتب” نادیدە بگرین لە فۆرمۆڵەبەندیی ئیسلامی فێندەمینتالیست و ریشەییخواز. ئەو چوار کەسە زیاتر لە هەر کەسی تر بۆ بزووتنەوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکان، گرنگ و پڕ بایەخترن، چوونکە ئەوانە داوای گەڕانەوەیان دەکرد بۆ ساتەوەختی “سەلەفی ساڵح” و هەموو بۆچوونە عەقڵانی و ریفۆرمیستەکانیان رەت دەکردەوە.

رۆڵی سەید قوتب لەگەڵاڵەکردنی ئەو دیدگا جیهادیی و تەکفیرییەی ئێستا هەیە، رەنگە کاریگەرتر بێت، چوونکە قوتب پیاوێکی حەرەکی بووە و لە هەموویان هاوچەرختر بووە. ئەو لە رێگەی نووسینەکانییەوە فۆرمۆڵەی بزووتنەوەی جیهادییەکانی کرد. بەتایبەت لە رێگەی کتێبە بەناوبانگەکانی وەکوو “1-هذا الدین. 2-المستقبل لهذا االدین. 3- الاسلام و مشکلات الحضارە. 4- فی ضلال القران. 5- مقومات التصور الاسلامی. 6- خصائص التصور الاسلامی. 7-معالم فی الطریق. 7- لماذا اعدمونی”. قوتب لە کتێبی “مەشخەڵەکانی رێ” بەم دێڕە دەستپێدەکات “ئەمڕۆ تەواوی جیهان لە جاهیلییەتدا دەژی”.
بە بڕوای قوتب، جاهیلییەت ناولێنانێکی رووت نییە بۆ سەردەمێکی دیاریکراو کە پێش سەرهەڵدانی ئیسلام دەگرێتەوە، بەڵکو جاهیلییەت لە دەرەوەی زەمەنەکانە و هەموو ئەو کۆمەڵگایانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی ئیسلامن یان لە بەها و عەقیدەی ئیسلامی لایانداوە. سەید قوتب دنیاى وەک دوالیزمێک دەبینی لەنێوان ئیسلام و کوفردا، لەم سۆنگەوە جیهانی دابەشی دوو دنیا کردبوو “جاهیلییەت و ئیسلام” یان “دارولسەلام و دارولحەرب”. ئەو جیهادی بە تاکە میکانیزمی لەناوبردنی ئەو جاهیلییەتە دەزانی کە بە جاهیلییەتی نوێ ناوەزەدی دەکرد.

قوتب، خەونی بە خەلافەتی ئیسلامییەوە دەبینی، لەم روانگەوە جیهادی بە تاکە میکانیزمی هێنانەدی ئەو خەونە حساب دەکرد، بۆیە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی تەکفیر دەکرد و داوای هەڵتەکاندنی دامەزراوەکانی دەکرد. ئەو گەرەکی بوو نەوەیەک دروست بکات لەسەر رقبوونەوە لە شارستانی خۆرئاوا، بۆیە لە جێگەیەکدا دەنووسێت “پێویستە رۆڵەکانمان وا پەروەردە بکەین کە رقێکی زۆریان لە شارستانی ئەوروپی بێت. رقێک لە ئایندەدا وایان لێ بکات تۆڵە لە مرۆڤی سپی بکەنەوە، ئەو مرۆڤەی سەر زەوی پڕ کردووە لە گەندەڵی و خراپەکاریی”. تۆ بڵێی رووداوەکانی یانزەی سپتامبەری 2001 بۆ سەر ئەمەریکا هێنانەدی ئەو خەونەی قوتب نەبێت لەسەر دەستی تەکفیرییەکان کە لە رێگەی تێزەکانی قوتبەوە پەروەردە و گۆشکرابوون؟.

قوتب، لە هەناوی ئیخوانەوە هاتە دەرەوە، ئەگەرچی ئیخوان بە رووکەش وەک میانڕەو دەردەکەوێت، بەڵام زۆر زوو توندڕەویی قوتب ئیخوانی تێپەڕاند. ئێمە دەتوانین بڵێن سەید قوتب پردی پەیوەندییە لە نێوان ئیسلامییە تەکفیریی و جیهادییەکان بە داعشیشەوە لەگەڵ ئین تەیمییە و ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و تێزە توندڕەو و ئسوڵییەکانیان، ئەوانیش ئەڵقەیەکی وەسڵن لە نێوان سەید قوتب و ئەو “سەلەفی ساڵح”ەی لای قوتب بە “جیل قرانی فرید” ناوزەدکرابوون. واتە بەبێ ئامادەبوونی سەید قوتب لەم نێوەندەدا رەوتی ئیسلامی جیهادی یان بۆ زەمەنێکی تر دوادەکەوت یان قاچێکی ئیفلیج دەبوو.
خولاسەی قسەی ئێمە ئەوەیە ئەو ئیسلامەی داعش نوێنەرایەتی دەکات، ئەو ئیسلامە دڵخوازەی سەید قوتبە، هەمان ئەو ئیسلامەشە ئیبن تەیمییە و ئیبن حەنبەل و ئیبن عەبدولوەهاب تامەزرۆی بوون، ئیسلامەکەی ئەوانیش هەمان ئەو ئیسلامە ئۆرجیناڵەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەر و دەسەڵاتی خەلافەتی راشیدیندا بوونی هەبووە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیدرکێنم ئەوەیە لای من جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە نێوان کار و کردەوەی داعش و غەزەواتی سەردەمی سەرەتای ئیسلام، بە پێچەوانەوە هەوڵی گێڕانەوەی هەمان واقیعە لەم زەمەنەدا.
پەیوەندیی نێوان داعش و کرۆکی ئیسلام پەیوەندییەکی کۆنکرێتییە، داعش بێ رتووش داوای گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێشان و ساتەوەختی بانگەوازی ئیسلامیی لە مەککە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەند مامەڵە دزێوەکانی داعش بۆ مرۆڤایەتی سەردەم جێگەی شۆک و ئیست بن، بەڵام هیچ کات ناتوانین خۆمان لەو راستییە ببووێرین داعش هەمان نەریتی کوشت و بڕ و کاولکاریی دووبارە دەکاتەوە کە ئیسلامی پێشین ئەزموونی کردووە. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ تەکفیر و خستنە دەرەوەی داعش لە چوارچێوەی ئیسلام نەک شکستخواردووە بەڵکو هەوڵێکی ناکام و کۆمیدییە، چوونکە خەونی خەلافەت و جێگیرکردنی ئیسلام لە رێگەی جیهادەوە هەمان خەونی یەکەم ئەڵقەی موسڵمانان بوو لە ماڵی ئەرقەمی کوڕی ئەبی ئەرقەمەوە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ستۆکهۆڵم

تێبینی: ئەم وتارە بەشی یەکەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی”. کە لە سەرەتای ساڵی 2015 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next