Skip to Content

ئەبەدیەتی سەرۆکەکان؛ پۆرترێتێکی زەبەلاح بەسەر ئاودەستەکانی میللەتەوە … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

ئەبەدیەتی سەرۆکەکان؛ پۆرترێتێکی زەبەلاح بەسەر ئاودەستەکانی میللەتەوە … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 21, 2016 General, Opinion

یەکێک لەسیفەتەکانی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالستی پڕوپاگەندە و دروشمسازی بوو. بەمانای کۆی وڵات و میللەت لەژێر دروشم و هەڵوێست وەرگرتن وباری مارشکردندا بوو. تاوەکو هەرەسی ئەم بلۆکە وچەند ساڵیکیش دوای ئەوە ڕادوێی موبەقەکان هاواریان بوو بۆ سەرۆکە ئەبەدییەکان. هەرچەندە دەمێک بوو سەرۆکەکان مردبوون و بلۆکی سۆسیالستی ڕووخابوو، کەچی ڕادوێی موبەقەکان بەردەوام بوون لەستایشکردنی دونیای سەرۆک و حیکمەتی گەورەیان. ئەم ڕادوێی موبەقانە تەنها بڵنگۆیەکی بچوک بوون دەتکردن بەپلاکێکدا، ئیدی موبەق پڕ دەبوو لەمارش و ستایشی هاوڕێیان و شۆڕش و سەرکردە و حکومەتی بەسەرچووی سۆسیالستی، ئەم ڕادوێیە بەردەوام بو لەهاوار و دورشم و سروودگووتن بۆ سۆڤیەت و سۆسیالزم.

تەنانەت لەساڵانی دوای هەرەسی ئەم بلۆکە و لەساڵی ١٩٩٥ کەلەڕوسیای سپی (بێلاڕوسیا) بووم، پیرێژنی خاوەن ماڵەکەمان لەبەیانی زووەوە وەها ڕاهاتبوو ئەم بڵندگۆیە بادات و لای ئەو هێشتا هاوڕێ ستالین ئیلهامبەخشی دونیا بوو! تەنانەت لەئۆکرایناش تێبینیمکرد موبەقەکان ئەو ڕادوێیە پڕمارشەیان تێدامابوو و بەردەوام هاواریان دەکرد. ڕاستیتان دەوێت ئازیزان، لەو چرکە ساتەی ئەو ڕادوێیەم بینی زانیم بۆچی ئەم بلۆکە گەورەیەی سوسیالستی هەرەسی هێنا! بەسادەیی قسەبکەم؛ ئەوە ئەمریکا و سەرمایەداری نەبوون کەئەو بلۆکەی ڕووخاند، بەڵکو ئەو سوپا ستایشکار و مەسینەهەڵگر و دەربارانە بوون حزب و سەرکردەکانیان هێنایە پلەی خوایەتی، ئەوەندە فوویان تێکردن تاوەکو بۆئەبەد تەقین. ئەم سوپا ڕیاڕاکارانە لەئەندامی حزبەوە بیگرە تاوەکو نوسەرانی دەسەڵات و شاعیرانی بێئاست وپڕۆفیسۆرە بێمۆڕاڵەکان و ڕۆژنامەنوسە ڕاپۆڕتدەرەکان وگۆرانیبێژە بێ هونەرەکان و بێژەرانی پڕهات و هاوار، شەو وڕۆژ خەریکی جۆشددانی ئەم ماشێنە زەبەلاحە ستایشکارانە بوون. هەر پرۆژەیەک حکومەت ئەرکی بوو بیکات، ئەوان وەک (حیکمەتی گەورە)ی حزب نیشانیاندەدا وسەرۆکیشیان وەک (حەکیمێکی گەورە) و بێدارێک بەدیار خەونی میللەتەوە نمایشدەکرد.

دیارە هەموو حکومەتە دیسپۆتەکان و نیمچە دیموکراسیەکانیش هەموو ئەرکەکانی خۆیان ئاوەها لەو کڵێشەی مارشکردن و بانگخوازی و هات وهەرایەدا بۆ بابەتێک وئایدیایەک و سیاسەتێک و پرۆژەیەک پیادەئەکەن و بەخەڵکی دەفرۆشنەوە، بێگومان بەکوردستانی خۆمانیشەوە وبەتایبەت لەباشووری ئازیزمان کەپڕن لەسەرکردەو بنەماڵەی دەسەڵاتداری شۆڕشگێڕ. بەمانای ئەو کارانەی کەدەبێت بکرێت و ئەرکی ئاسایی وسروشتی حکومەتە بەخەڵکی وەک حیکمەتی سەرۆک و سەرکردە وحزب وموعارەزە دەفرۆشرێتەوە. گاڵتەجاڕی لەوەدابوو لەهەڵبژاردندا ئۆپۆزیسێۆنەکان قیرکردنی جادەکانیان بەحیکمەتی فشاری خۆیان بەخەڵک دەفرۆشتەوە، حزبی دەسەڵاتداریش بەحیکمەتی سەرۆک! زۆرجار ئەم کولتوری ستایشکردن و پڕوپاگەندەیە گەیشتۆتە ئاستی نوکتە وقەشمەریات، کەبێگومان وەک دەستکەوت بەئەقڵی جەماوەری پڕوپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵام ئەوەی کەستایشکاران نایزانن ئەوەیە، کەئەوان ئەم ستایشە تەنها بەئەقڵی سەرۆکەکانیانی دەفرۆشنەوە نەک بەخەڵکی، بەمانای هەر دەتوانن خۆیان و سەرکردەکانیان پێ هەڵبخەڵەتێنن، دەنا خەڵک بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی باش زانیونیانە چ مشتەیەک لەنیو هەنبانەی سەرۆک و سەرکردە فاشیلەکاندایە.

ڕۆماننوسی چینی (یووهوا You Hua) لەبارەی یەکێک لەسەرکردەکانی پارتی کۆمەنیستی چینی نوسیوویەتی، بەوەی ئەم سەرکردەیە پارێزگاری (پکین) بووە، کاتی خۆی پێشنیازیکردبوو بۆ (ماوتسی تۆنگ) وەک سکرتێری حزب، کەکۆشکی ئیمپراتۆری چینی کەبە(شاری قەدەغەکراو) دەناسرێت، هەمووی بکرێت بە (ئاودەستی گشتی) یان (ئاودەستی میللەت ) بۆ کۆی خەڵک! بێگومان وەک دیاری (ماو تسی تۆنگ ) بۆ میللەتی خۆی، هەروەها وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ حکومەتی کۆمەنیستی لەدژی ئیمپراتۆریەت و گەندەڵی و پاشایەتی ودەسەڵاتی دەرەبەگایەتی بەسەرچوو. فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سڵۆتێردایک) لەکتێبی (ڕۆژەکان و دێڕەکان) دا دەڵێت: (گەر ماوتسی تۆنگ بەم پێشنیازە ڕازیبوایە، ئێستا پۆرترێتی زەبەلاحی ئەو لەدەروازەی شاری گەورەی ئاودەستەکانی میللەتدا هەڵدەواسرا …) منیش دێرێک بۆ ڕستەکەی (سڵۆتێردایک) زیادەکەم و دەڵیم؛ گەر ڕازیبوایە، ئەوا پۆرترێتی سەرکردەی ئەبەدی ئیلهابەخشی هەموو گووخانەکانی نیشتمان دەبوو!

maw
ماوتسی تۆنگ؛ سەرۆکی ئەبەدی میللەت!

بەهەقەت ئەوەی ڕوویدا لەژیانی سیاسیماندا لەم ساڵانەی دوایدا دووڕووی مێژوویەکی دووبارەیە؛ یەکێکیان ڕووی مێژووی سوڵتان و خەلیفە و میرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کەلەدوای خۆیان و لەکاتی حوکمی خۆیاندا کوڕ وکچ خزم وقەیتولە ستایشکارەکانیان دەکردە حاکم، لەدواجاریشدا مەملەکەت لەخوێن و قەیراند نقووم دەبوو…ڕوویەکی دیکەیشی ئەو کولتورە ستایشکردنەیە کەلەمۆدێرنەدا ڕوودەدات، کاتێک سەرۆکی ڕژێمە دیکاتۆریەت و پۆست کۆلۆنیالەکان و فاشیەکان تێکەڵی ئەو حەزەدەبن بۆمانەوەی ناوی خۆیان و درێژەپێدانی بنەماڵەکانیان لەنێو دەسەڵاتدا، بێگومان وەک هەڵگری ناوی شۆڕش لەباوکەوە بۆ کوڕ و لەکوڕەوە بۆ کوڕەزا و کچەزاو تەواوی بنەماڵە. ئاوەها شەڕکردن لەسەر میراتی ڕەمزی باوکی گەورەی شۆڕش لەنێو حزبی مۆدێرندا لەڕێگەی بنەماڵەی سەرکردەی پیر ومردووەکانەوە لەدژی کۆی حزبەکەی خۆیان وخەڵکانی تێکۆشەری نێو پارتەکەی خۆیان دەستیپێدەکرد، کەسەرۆکیش دەمرد یان پیردەبوو، ئیدی وەک شێرێکی پیر دەبووە مەخسەرەی سەگە سیاسیەکان.

دوورنییە ئەو مێژووە لێمانەوە، کاتێک لەڕۆمانیای سۆسیالستی (نیکۆلای چاوچیسکۆ) کۆشکێکی وەها گەورەی دروستکردبوو کەکیلۆمەتر ونیوێک درێژ بوو، زیاتر لە چل هەزار شوقەی بۆ ڕووخێنرا و خەڵکەکەی بێ ماڵ و لانە کران. هەورەها سیناگۆگیەک و کڵێسایەکی مێژوویی و بەشێکی گەورەی شاری میژوویی بوخارست بۆ ئەم کۆشکە ڕووخێنران. ئەو کۆشکەی کە چاوچیسکۆ دەیویست ناوی خۆی بۆ ئەبەد پێ نەمربکات دروستکردنی زیاتر لەپێنچ ساڵی خایەند و بیست هەزار کرێکار کاریان تێداکردو حەوت سەد ئەندازیار سەرپەرشتیانکرد، بەکورتی هەرچی پارەی گشتی هەبوو بۆ شکۆی سەرۆک و کۆشکەکەی خەرجکرا. ئەم برادەرە وەک هەموو لەخۆباییەکی نێو دەسەڵات کەستایشکارانی فوویان تێکردبوو، وەهای دەزانی بۆئەبەد دەژی ولەسەر کورسی دەسەڵات دەمێنیتەوە، نەیدەزانی مرۆڤ مەحکومە بەپیری و مردن و نەخۆشی و ڕێکەوتی لەپڕی ژیان.
ژنەکەی ئەم سەرۆکە (ئێلینا چاوچیسکۆ) کرابووە نمونەی (دایکی شۆڕشی سۆسیالستی) و (ڕابەڕی ژنانی ڕۆمانیا) و لەلایەن سوپای ستایشکارانەوە بەمەزنی و حەکیمی گەورە پێناسەدەکرا. جگەلەوەی کرایە خاوەنی چەندەها تایتڵی دکتۆرا لەکیمیا و پزیشکی و ئەندازیاری و زانستە کۆمەڵایەتیەکان، دەبێت لێرەدا ئەو تێبینیە بدەم کە (ئیلینا چاوچیسکۆ) لەچواردە ساڵی تەمەنیەوە وازی لەقوتابخانە هێنابوو !

elina

فۆتۆ ؛ ئیلینا چاوچیسکۆ؛ لەچواردە ساڵیەوە وازی لەقوتابخانە هێنا کەچی بووە خاوەنی چەندەها دکتۆرا و کتێبی گرنگ !

ئاوەها (ئێلینا چاچیسکۆ ) سەرەڕای دەسەڵاتە فراوانەکانی لە سەرۆکایەتی کۆمیتە مەرکەزی پارتی کۆمەنیستی ڕۆمانیا ، خاوەنی چەندەها پۆستی دیکە، بووە، جگەلەوە خاوەنی چەندەها کتێبی گرنگ لەزانستەکانی سیاسەت و کیمیا و پزیشکایەتی، هەورەها دکتۆرای لەچەندەها بواری زانستی جیاوازدا وەرگرت. ئەمە جگەلەوەی سەرۆکی ئەکادیمایای زانستی بوو…لەگەڵ ڕووخانی ئەم ئیمپڕاتۆریەتە و کوژرانی چاوچیسکۆ و ئێلینای ژنی بەدەستی شۆڕشگێڕەکان، هیچ کەسێک ئێستا نەئەم سەرکردە گەورەیە دەناسێت و نەکتێبی ژنەکەی دەخوێنێتەوە نە کۆشکەکەش ناوی ئەوی هەڵگرتووە. نەوەی نوێی ڕۆمانی ناوی چاوچیسکۆ و ئێلینای بیرنەماوە، لەوانەیە گەر ناویان بهێنی وەها بزانن ناوی ئەکتەری فلیمی پڕۆنی هەرزانی سەر ماڵپەڕە خۆڕاییەکان بن! ئاوەها لەمێژوودا لەبەر زوڵم و زۆرداریان لەیادوەری میللەتەکەیاندا سڕاونەتەوە.

نمونەکانی دیکەی دونیای مۆدێرن زۆرن و هەندێکیشیان هێشتا زیندوون؛ لەکۆریای باکوور لەدوای باوک (کیم ئیل سونگ) سەرکردە (کیم یونگ ئیل) و لەدوای مردنی ئەویش کوڕەمنداڵکارەکەی کەلە ١٩٨٤ دا لەدایکبووە (کیم یول یونگ) حوکمدەکات، ئەویش کۆی میللەتی کردووە بەستایشکار و ماستاوچی، کەدەیبینین دەبێت هەموویان لەخۆشیاندا بگرین.
هەورەها لەکوبای ئەمڕۆدا (فیدیل کاسترۆ)ی پیر بەسەر کورسی دەسەڵاتەوە وشکبۆتەوە و وازناهێنێت لەدەسەڵات، نەک هەرئەوە بەڵکو وڵاتێکی برسی و دەسەڵاتی وەک ئەمانەت خستۆتە بەردەستی براپیرەکەی (ڕائۆڵ)، ئیدی شۆڕش و حزب نابێت لەدەستی بنەماڵە ڕابکات…ئاوەها پیرە دیکتاتۆرەکان نایەنەوێت بەئاسانی دونیا جێبهێڵن تاوەکو لەکتێبەکانی مێژوودا بەڕیسوایی تۆماردەکرێن، ئەمە تاکە دەرئەنجامی لۆجیکی هەموویان بووە!

kim
کیم یونگ یوو دیکتاتۆری ئیستای کۆریای باکووری سوسیالستی

ەم مۆدێلی (سەرۆکی ئەبەد) و گریان و پێکەنینە ڕیاکاریە لەبەردەم سەرۆکەکان و گەورەکردنی منداڵەکانیان وکردنی منداڵەکانی دوێنی بەسەرکردەی پارتەکانیان و کردنیان بەوەزیر وگزیر وسەرۆکی دەزگاکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، ئەو پوشکە سادەیەیە کەپشتی حوشتری گەورە دەشکێنێت! دیارە بۆ هەموو شوێنێک ئەم مۆدیلە دەستبدات بۆ کوردێکی هەژار کەهێشتا نەدەوڵەتی هەیە ونەخاوەن حکومەتی سەربەخۆیە و نەخاوەنی پاشایەتیە ونەخاوەنی ئیمپڕاتۆریەتە ونەخاوەنی لەتە حکومەتێکی ڕاستەقینەیە، دەستنادات! ئاخر حکومەتێک چاوی لەدەستی مووچەی دیوانی خەلافەتی بەغدا یان سەڵتەنەتی تورکی بێت، ئیدی ئەم هەموو بنەماڵە شکۆدارانە چین میللەتیان بەخۆیانەوە سەرقاڵکردووە؟!
سەیرن سەرکردەی کوردی، هەرگیز عیبرەت لەمێژوو وەرناگرن، بەدرێژایی مێژوو هەمان هەڵە دووبارەدەکەنەوە کەپێشە خۆیان کردوویانە وجگە لەشکست و ئاشبەتاڵ ونۆکەری بێگانە نەبێت هیچیتری لێ سەوزنەبووە، لەدواجارێشدا سەری خۆشیان کراوە بەپەتدا و لەمێژووشدا بەدۆڕاو خیانەتکاری براکان و نۆکەری بێگانە وەسفکراون. ئاوەها لەزەمەنی سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە بیگرە تاوەکو میرانی بابان و ئەردەڵان و سۆران و تادەگاتە ئەمڕۆ، سەرکردە کوردەکان و بنەماڵەکانیان یەک یەکتری دووبارە دەکەنەوە.

بۆ نمونە؛ ئیمارەتی بابان کەجگەلەوەی نیوەیان نۆکەری شای ئیران بوون لەسەرێک وهەندێکیشیان نۆکەری سوڵتانی تورک بوون لەسەرێکی دیکە، دەنا هیچیتر نەبوون! کەچی لەسلێمانیدا پەلاماری مەولانا خالیدی نەقشبەندیاندا، هەورەها نالی گەورە لەتاو ملشۆڕی نۆکەرایەتی برا دەسەڵاتدارەکانی بنەماڵەی بابانیەکان بۆ تورک و شاکانی ئێران هیجرەتی کرد و لەمەنفا سەری نایەوە.

(شێخ مەحمود) لەسەرێک لەگەڵ ڕووس بوو ولەسەرێکی دیکەشەوە هیوای بە پیاوە پیرەکەی دەوڵەتی عوسمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم مابوو. سوپایەکی هەبوو لەنۆکەری تورک و ڕووس و بەردەوام بەستایش فوویان دەکردە شێخ لەدژی منەوەران ودڵسۆزانی ئازادی، تاوەکو رۆشنبیرێکی گەورەی وەک (جەمال عیرفان) بەتیرۆرکردندا. ئاوەها شێخ مەحمود لەگەڵ نۆکەرانی تورک و ڕووس سەری لێشیوابوو و نەیدەزانی لەنێویاندا بۆتە مەخسەرەی سەگە ڕیوڵەکان. یەکەم چیرکنوسی کورد (جەمیل سائیب ) لەچیرۆکی (لەخەوما) بەجوانی باس لەم دیوەخانە پڕ نۆکەر و ستایشکارانە کردووە. سەیریش لەوەدایە شێخ لەکوێ پێیەکانی دەکەوتە سەر زەویەکی دێمەکار و بەدڵی بوایە دەیکرد بەناوی خۆیەوە، هەورەها لەدژی منەوەرانی وەک (جەمال عیرفان) و (جەمیل سائیب) و ڕۆشنفکرانی کورد هەمیشە لەسەر خەت بوو. کەچی ئێستا ئەم پیاوە پۆرترێتی گەورەی لەناوەڕاستی شاری سلیمانیدا بۆکراوە، لەکوێش؟ لەشوێنێک کەپێیدەڵین مەیدانی ئازادی! سەیرە لەمەیدانی ئازادی سەرکردەی زەمەنی تیرۆرکردنی نوسەرێکی ئازادی وەک جەمال عیرفان دەبێتە پۆرترێت!
نمونەیەکی دیکە تەنانەت (قازی موحەمەد)ە کەبەپێی دۆکۆمینتەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە١٩٤٥ دا ئەوەندەی لەبەردەم شای ئێراندا چەماوەتەوە وبەچەند مانگ لەسەر سفرەی وەزیرو گزیرەکانیدا بۆ حکومەتەکەی چاوی لەدەستی شاهەنشا بووە، ئەوەندە چاوی لەدەستی کوردان نەبووە ودۆکۆمێنیتە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن. لەدواجاریشدا هەر شای ئێران خۆی کردی بەپەتدا.

چەندە ئەم چیرۆکە کوردیە ناشرینە چەندە ئازارماندەدات، بەداخەوە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە، چەندە بەئازارە ئەوەندەش غەمباردەبم کەئەمڕۆ جارێکیتر کورد دەبینین بەهەمان شێواز لەسەرێکەوە بنەماڵەکانی نێو حزبەکان وشۆڕشی بەسەرچوو دەیانەوێت خۆیان بکەن بەسەرۆکی ئەبەدی و واریسی عەرشێک کەنیانە وناشیانبێت. لەسەرێکی تریشەوە لەنێوخۆدا سوپایەک لەبانگخوازی ئیسلامی وستایشکاری حزب وقەیتولی بەردەم لێپسراوان و بێژەری ستایشکار و زوڕنالێدەری بنەماڵەکانیان لەدژی خەڵکانی بەویژدان و ئازاد پێگەیاندووە، و بەئەقڵی خۆیان ئەمە سیاسەت و زیرەکییە. کۆی پەڕلەمان وحکومەت و ئەمسەری حزبی نێو دەسەڵات تائەوسەری ئۆپۆزیسیۆنیان پڕبووە لەمرۆڤی دووڕوو و دەبڵ مۆڕال و ڕیاکار و هاوارچی و هەرایەکی بێمانا. ئەوەی ئەم مێگەلە ستایشکارە سەرقاڵە پێوەی درێژکردنەوەی ولایەتەکانی سەرۆک و بنەماڵەکاندا چ لێرە و چ لەوێ، کەچی کۆی کۆمەڵگە لەژێر نەبونی و یی مووچەیی و هەڕەشەی ئیتلاعات و داعش و ئیسلامی و گەندەڵ و بازرگانی شۆڕش و کۆمپانیاکانی گەندەڵیدا دەناڵێنێت.

سەیر لەوەدایە لەهەموو شوینێکی ئەم نیشتمانە کوردیەماندا سەرۆکێک لەسەر گرد و شاخێک دانیشتووە و لەسەرەوە خۆی و نۆکەرانی سەیری ئازاری ئەم میللەتە دەکەن، لەنێو ئۆپۆزیسێۆنیشدا والیەکی دیکە دانیشتووە قسە هەر قسەی خۆیەتی و لەسەر شاخێک سەرۆکێک دەیەوێت ببێت بەسەرۆکی هەوو کوردان و لەسەر گردێکی دیکە سەرۆکێکی دیکەی پیر دانیشتووە و بنەماڵەکەی بەناوی ئەوەوە حکومدەکەن و پۆست دابەشدەکەن و سەرۆکێکیش کەهێشتا لەبەندیخانەیە حوکمی حزبێک دەکات و لەجیاتی ئازادەکانی دەرەوەی زیندان ئەو بڕیاڕدەکات و هاوار دەکات….سەیرە ئەم دونیا کوردیە یاران، هەریەکە لەم سەرکردە کوردانە لاسایی میرە سلجوقی و پاشاکان دەکەنەوە، هەر یەکەو لەسەر شاخێک و گردێک و دوورگەیەک کۆشکێکی دروستکردووە و لەوێوە گەمە بەچارەنوسی میللەتی کورد دەکات.
ئەم کولتورە بەڕێزانم نەسیاسەتە، نە نیشتمانپەروەری و نەناسیونالزمە و نەدیموکراسیە، نەبۆخۆتان و نەبۆ مێژووی میللەتی کوردیش. بەڵکو گەر وەئاگانەبن، لەدواجاردا لەمێژوودا دەبنە پۆرترێتێکی زەبەلاح، بێگومان بەسەر ئاودەستخانەکانی میللەتەوە …

ته‌واو

سه‌رچاوه‌؛

Peter Sloterdijk, Zeilen und Tage, Notizen 2008-2011, Suhrkamp 2012, S 25

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish