Skip to Content

145 Views

فێنۆمێنی چەکل …. کاوە جەلال

فێنۆمێنی چەکل …. کاوە جەلال

Closed
by April 3, 2020 General, Opinion


“چەکل” توانجێکی یان پێڕابواردنێکی سلێمانیانەیە، لێ گەرەکە بەدەر لەوە وەک فێنۆمێن وەریبگرین و ڕەخنەییانە پێوەی خەریک ببین، چونکە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کوردان (ی نێو ئێراق)دا تەنیوەتەوە، بەڵێ تەنانەت لە ماڕشی سەندنی سەروەریدایە.
ئاشکرایە وشە تەنیا دەربڕینی زارەکی نییە، بەڵکو هاوکات ناوەرۆکێک یان ڕەوشێکی دەروونی لە خۆدەگرێت، وەک “سازگار”، “هێمن”. هەروەها وشەی دیکە هەیە کە ئەویش واتاکەی ڕۆشنە، بۆ نموونە وشەی “چڵ”، لێ ئەمیان وەک دوو وشە ناوبراوەکەی دی لە ناوەڕۆکێکی هەستەکییەوە دەرنەکێشراوە، بەڵکو ئێمە لە دەرککردنەوە دەزانین کە “چڵ” بەشێکی باریکتر و نەرمتری درەختە لە لقەکەی، ئەمیش باریکتر و نەرمترە لە قەدەکەی. لێ وشەی چەکل بە پێچەوانەی ئەو نموونە هێنراوانەی سەرەوە، هیچ ناوەرۆکێک دەرنابڕێت. هەردوو دەنگی “چە…” و “…کل” زۆر سەیر پێکەوە گرێدراون، ئەوها دەنوێنێت هەروەک پێکەوەگوجاویی دەنگییان یەکی خستبن، هاوکات نەشیاو نییە لە چەقەڵ / چەکەڵ / شاکال-ەوە وەرنەگیرابێت. گەر ڕەفتاری چەکل وەربگرین، کلکەلەقێکانی، بێسەروبەرییەکەی، چاوەڕوانییەکەی بۆ خواردنی لاکی ڕاوکراو و هتد، ئەوا پێدەچێت ئەو گریمانەیە نالەبار نەبێت – ئەمە بێگومان تەنیا گریمانەیە.
ئێمە بە هەوڵێکی دیکەی بەراوردکاری باشتر دەتوانین لە فێنۆمێنی چەکل نزیک بکەوینەوە، واتا گەر بیخەینە بەراوردەوە لەتەک فێنۆمێنی “چڵیت”دا ( کەواتە، وەک فێنۆمێن، سەربەخۆکراو لە ڕەچەڵەکی مێژوویانەی سەرهەڵدانی لە سلێمانی، بێگومان هاوکات لەگەڵ ڕێزدا بۆ کەسی ئەوها ناونراو، چونکە بەگوێرەی وەسفکردنەکانی ئەو کەسە لەتەکیدا یەکناگرێتەوە، واتا چڵیت وەک فێنۆمێن لە ڕەوتی بەگشتیبوونیدا واتایەکی دیکەی وەرگرتووە).
“چڵیت” دەشێت ئاماژە بێت بۆ تلیسانەوە، یان بۆ سەغڵەتکەرێکی لکاو بە کەسانەوە، هاوشێوەی چڵ-م-ی چۆڕاوە بە لووتدا. بە هەر حاڵ لێرەش “چڵ” و “-یت”ی پێکەوەگرێدراو وەک وشە هیچ ناوەرۆکێکی لە خۆ نەگرتووە، هیچ ئاماژەیەک نادات، بەڵکو دەشێت گەمەیەک بێت کە بۆ خاتری ڕاگەیاندنی سانای زار بە خودی “چڵ” بکرێت و لە سپۆنتانێتیی (عەفەوییەتی) خۆڕاگەیاندنەوە بێتەگۆڕێ. وشەکە خۆی، وەک خودی ئەو وشەیە، ئەوها دەرفەتی گەمەی زمانیانە دەدات. ئێمە دەتوانین بۆ پتر تێگەیشتن لەم ڕەوشە دەنگی “ڵ” بە وێنە وەربگرین: زۆر دەشێت چەنەبازییەک کە کەس لێی تێناگات و مایەی سەغڵەتییە بۆ کەسانی دەوروبەر، وا لەو کەسانە بکات کە بەو چەنەبازە ڕاببوێرن، واتا سزای بدەن و بە پێڕابواردنەوە پێی ببێژن: “دە بەسە بڵتە بڵت!”. ئێمە ڕەوشێکی بەم چەشنە، لێ لە پەیوەندیی دیکەدا، لای گریکەکانی ئەنتیکە دەبینین: ئەوان کە خۆیان لە بێگانان بە مەزنتر دادەنا، لێ لەبەر ئەوەی لە دەربڕینەکانیان تێندەگەیشتن، ئەوا بێگانەکانیان لە شێوەی ئاخافتنیانەوە ناو دەنا “باڕ-باڕێس” (بەڕبەڕەکان) کە بە کوردی واتای “بڵتە-بڵت-کەران” دەگەیەنێت.
گەرچی دەربڕینی وشەی چەکل وەک دەربڕینی وشەی چڵیت لەسەر زار ناخۆش نییە، سەرەڕای ئەوە نیشانەی ئەوە نییە کە گۆیا لە خۆشەویستییەوە سازێنرابێت، وەک چۆن بۆ نموونە کوڕێک برادەرەکەی ناودەنێت خولە، عەبە، حەمە و هتد. چەکل هەرگیز لە داکەوتدا بە جیددی وەرناگیرێت و مرۆ حەز بە نزیکبوونەوەی ناکات. کاتێک چڵیت زۆرتر مۆرکی تەپۆ، دوورەپەرێز، بێتاقەت و هتد-ی هەیە، ئەوا چەکل سرکە، زۆر حەزی لە کلکەلەقێ و خوانواندنە لە نێوەندی گشتیدا، لێ بەبێ ئەوەی ئەو خۆی بێت، بەڵکو ئەو کەسانە وەک نمونەی لاساییکردنەوە وەردەگرێت کە وریا و ناسک و چالاکن، ئەمانەش بێگومان کەسانی ئەوتۆن کە بە هیچ شێوەیەک حەز بە نزیکی لە چەکلەکان ناکەن. ئاخر چەکل نە وریایە، نە ناسکە، نە چالاکە. بۆیە کاتێک چەکل لێیان نزیک دەکەوێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ پێی دەبێژن: “دە لاچۆ چەکل”! ئەی ئەو؟ ئاخ ئەو! ئەو چەکلە! دەمی پان دەکاتەوە، ئەوجا خیش دەکات و بە نابەدڵی لێیان دووردەکەوێتەوە. سەرباری ئەوە هێشتا هەر واز ناهێنێت! نەخێر، ئەو تەنیا بە جەستەی لە ئەوان دوور دەکەوێتەوە، پاشان لە دوورەوە بە تیلی چاو هێشتا هەر لە ئەوان دەڕوانێت.
کەواتە چەکل پڕمەترسییە!
ئاخر چەکل هەردەم “چاو-لێ-کردووە” و بە چەشنێک بووە بە دیلی “چاو-لێ-کردن”ەکانی خۆی، کە ئیدی بەبێ لاساییکردنەوە ناتوانێت پێناسەی خۆی بکات، ئەوجا لەبەر ئەوەی بوێریی نییە چەکلێتیی خۆی بسەنگێنێت، بەڵکو دیلی ڕێژەکانە، ئەوا شوناسی نییە! ئەو خەوشێکی کارەکتەرە.
چەکلی “چاو-لێ-کردوو” هەرگیز کۆڵ نادات، هەردەم لە مەیداندایە و هەرگیز لە مەیداندا نییە: ئەو لە گشت لا دەبینرێت و ئەوەش دەشێت زۆر سانا دەوروبەری لە خشتەبەرێت، چونکە بینینی زۆری وا دەکات نەبینرێت کە ئەو هەردەم چاوەڕێی هەلە. لێ ئایا پەیوەندییەکان هەروا ئاسانن؟ نەخێر. ئیگنۆرانس (خۆغەشیمکردن، پشتگوێخستن) بەگشتی، یان فیزداری و لەخۆباییبونی سوننەگەرایان کە خۆیشیان تا ڕادەیەکی زۆر قایلن بە هەلە هەڵکەوتووەکان بژین و هاوکات هەردەم بینیویانە کە چۆن چەکلەکان بەردەوام دەڕوانن داخۆ کێ ی دەرکەوتووی سیاسی لەکوێ دەرگە لە ئەوان بکاتەوە، بە کورتی، زۆر دەشێت ئەمان پتر کاریگەر بن لەوەدا کە چەکلەکان بە ڕیز ماڕشی سەرکەوتن نمایش بکەن. ئاخر وەک گۆتمان چەکل بەهاکانی پێناسەکردنی خۆی لە دەرەوە وەردەگرێت و دەیانکات بە ڕێنومای ژیانی. ئەوجا ئەوی کۆڵنەدەر هاوکات بەهۆی کەلاخستنییەوە بە بوغز تەنراوە، بۆیە هەر دەرفەتێکی بۆ بێتە پێشەوە، بۆی دەبێت بە هەلی تۆڵەسەندن لە سەرجەم جڤاک، لە کولتوور، بەڵێ لە خودی ئەخلاق. ئەم دیلەی ڕێژەکان تا بۆی بکرێت بە پەخشاندنی تۆڕی رواڵەت بنەڕەتەکان لەکاردەخات! ئاخر چەکل هاوشێوەی کێم ی دومەڵی تەقیو بەڕێی پەیوەندیی سیاسییەوە لەنێوەندی سیاسەت و کولتووردا فیچقەی کردووە، هەروەها بەهۆی بینینی خۆیەوە لە ڕێژەدا تەنیا وەک پاشکۆ و بندەست دەتوانێت بە چۆڕانەوە چالاک ببێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە کەسانی دی بە هەڵوێستمەند و سوننەگەرایانی ئیگنۆرانتەوە (خۆغەشیمکەرەوە، پشتگوێخەرەوە) بێزی لێ دەکەنەوە. ئەو وەک چاوە-ڕوان، ڕاستتر ببێژین وەک چالاکێکی کەلاکەوتووی چاو-لێ-کردوو، چاوەڕوانی هەلە بۆ وەرگرتنی رۆڵەکەی. ئەوجا دەبێت چە هەلێک لەوە لەبارتر بێت کە بەدووی خۆسەپاندنی کولتووری و سیاسیی کەسانی جاهیل و بەدجۆربوودا دەڕەخسێت؟ بەڵێ لەوە “هەلی مێژووییتر” بۆ چەکل ناڕەخسێت! بەم شێوەیە چەکلی بەردەوام پیشخواردۆوە هێدی هێدی، لێ بە خشکەیی، کودەتای خۆی بەسەر هەموواندا دەکات، بە تایبەتی بەسەر “ئەوان”دا کە هەردەم پێیان دەگۆت: “دە لاچۆ چەکل!” تازە ئەو سەردەمە بەسەر چوو! بەڵێ، ئێستا چەکل لە کەناری خۆمۆکییەوە “دێتە پاڵ”، تەنانەت “دێتە نێوانەوە”: ئەو دێتە “پاڵ” بەڕێوەبەر، مامۆستای زانکۆ، تەنانەت دەگات بە ئاستێک کە لە تەنیشت ئەم یان ئەو سەرۆکەوە دابنیشێت، لە بارەگای پارتی سیاسیدا ببێت بە خاوەنی مێزی خۆی! بە چەقەنەیەک، لەسەر نامەی دەمانچەییەک، بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆرا یان هەردووکیان بەدووی یەکدا وەربگرێت! لە وەزارەتدا پۆستی باڵای هەبێت! لە ئەنجومەنی پارێزگەدا کات بەسەربەرێت! لێ هاوکات و بەردەوام سەفتە دۆلار یان سەفتە بیستوپێنجی بخاتە گیرفانی کراسەکەیەوە، کە بە لاستیک پێکەوە ڕایاندەگرێت تا سەفتەکەیان تێکنەچێت.
بەم شێوەیە ئیدی لە گشت لا چەنەی چەکل دەبیسترێت. ئەو بێگومان تا بۆی بکرێت هەوڵ دەدات دەستەکەی بە شارراوەیی بهێڵێتەوە، لێ تەنیا ئەو خۆی باوەڕ دەکات کە دەستەکەی شارراوەیە، بە پێچەوانەوە کەسانی دی دەیبینن! جگە لەوە چەکل هەرگیز بە سەقامگیریی دەروونی ناگات. ئاخر ئەو کە هەردەم لە هەوڵی قۆزتنەوەی هەر هەلێکدایە، هاوکات لەوەش بەئاگایە کە دەشێت هەلە هەڵکەوتووەکان نەمێنن، بۆیە دەشێت بە شانازییەوە ڕانک و چۆغەی گرانبەهای هەورامی بپۆشێت، لێ هێشتا هەر لە جانتاکەیدا دیسداشە و عەگالێکی شاردبێتەوە. ئاخر کێ ناڵێ …؟ ئەرێ …! کاکە جیهان پڕە لە مەترسی!

Previous
Next