Skip to Content

بۆنی مەرگ … شیعری: ستیڤان شەمزینی

بۆنی مەرگ … شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 6, 2020 General, Poems

لە وێستگەی شەمەندەفەرەکانەوە
لە بنمیچی کەنیسەکانەوە
لە ژێر منارەی مزگەوتەکانەوە
لە شارە کپبووەکانەوە
لە گەڕەکە کاسبووەکانەوە
لە بازاڕە مەلوولەکانەوە
لە شەقامە چۆڵبووەکانەوە
لە رووبارە گرینۆکەکانەوە
لە دەریا سەرشێتەکانەوە
لە ماڵە زراوچووەکانەوە
لە قاوشی نەخۆشخانەکانەوە
لە هەوای دڵتەنگی دنیاوە
لە هەناسەی مرۆڤەکانەوە
لە باڵەفڕێی باڵندەکانەوە
بۆنی مەرگ دێت
چ زەمەنێکی رەنگ پەڕیوە
یەکەمجارە
مەجنون لە ژوانی لەیلاکەی بترسێت
یەکەمجارە
مەم لە ئامێزی زین تۆقی بێت
یەکەمجارە
شمشاڵ، گوومان
لە هەناسەی شمشاڵژەن بکات
یەکەمجارە
تەنیایی بە یەکسانی
بەسەر هەموواندا ببەشرێتەوە
یەکەمجارە
دەست لە چاو و
سییەکان لە نەسیمی هەڵکردووی
ماچی یار دوور بخرێنەوە
ئەم هەموو سەرەتا غەمگینە
لە گیرفانی کام ئافاتەوە
هاتوونەتە دەر؟
ئەم هەموو دەسپێکە دڵتەنگە
ئاهونزولەی کام چەرخی زامدارن؟
ئەم هەموو تۆڕنادۆی کابووسە
لە پەنا ئازاری کام هەسارەوە دێ؟
هیچ تێناگەم
تێناگەم لە هیچ
ئینجانەی لەززەت دەبینم
پڕ بووە لە تەرمی بۆگەنکردوو
دەرگا کراوەکان دەبینم
مەرگ بە خێرایی خۆی پێیاندا دەکا
ژوانگەیەکی چۆڵ دەبینم
بە داری نائومێدییەوە خۆی هەڵواسیوە
لە دوا وەسێتیدا نووسیوویەتی
زەمەنی باوەشە گەرمەکان تونی بابا چوو
ئیدی سەدەی دابڕان و
کوێربوونەوەی دڵی پڕ ئارەزووی منە
شیعرەکان دەبینم
لە دووتوێی دیوانە کەنفتەکاندا
بەسەر یەکدا ترنجاون و
ناتوانن چیتر
رامووسان لە خۆیاندا جێ بکەنەوە
هێزیان نەماوە
تەوقی تەنهایی کەس بشکێنن
چاو بە ئەسرین بەکوڵ بۆ بەختی رەش و
بۆ ئەو هەموو ماچە چاوەڕوانانەی
ناو دەروونیان دەگرین
گۆڕستانە نوێیەکان دەبینم
تا دێت ئاوەدانتر دەبنەوە و
پڕ دەبن لە مردووی بێ ناونیشان
پڕ دەبن لە خۆزگەی هەڵوەریو
پڕ دەبن لە گوڵی خۆر نەدیو
پڕ دەبن لە حەزی تازە شکۆفەکردوو
پڕ دەبن لە خەونی نەبینراو
پڕ دەبن لە هەناری مێخۆش
پڕ دەبن لە نارنجی هیوا
پڕ دەبن لە سترانی ژیان
هیچ تێناگەم
تێناگەم لە هیچ
لە ژووری سەد و یانزەی
نەخۆشخانەیەکی هەمیشە بێدارەوە
تەرمە تازەکان دەژمێرم
هەروەک ئەوەی دڵڕەقی ژیان بژمێرم
گوێم لە هەناسەدانی بە زەحمەتە
وەک سەدای تەمبوورێکی خەمبار
دەڕژێتە ناو گوێیەکانم
گوێم راگرتووە لە بێدەنگی
گوێم راگرتووە لە خشەی پێی مردن
گوێم راگرتووە لە رژانی تەمەن
گوێم راگرتووە لە نرکەی نەخۆشێک
لە تەنیشتمەوە دەستی لەسەر دڵی راگرتووە
تا بزانێت هێشتا نەمردووە
گوێم لە دەنگی خەیاڵی خۆمە
بەسەرمدا دەشێڕێنێ
چەند لاپەڕەی ژوانت دڕاند
چەند خاوخلیچ بوو لە ئۆڵۆمپیادی ژیندا
چەند چاوەڕوانی توانەوەی جەستەی یار بوویت
لە پەرداخی حەزی فێ گرتووتدا
چەند کۆتری شیعرت
خستە قەفەزی کتێبەکانتەوە
چەند مەست بوویت
بە رۆژە نەهاتووەکانی ئایندە
لەناکاو دەنگی دکتۆرێک هات
بە بڵندی قسەی دەکرد
دەیووت هیچ نییە
حەرفێکی تر لە کتێبی ژیان سڕایەوە
گۆڕێکی بێ ناونیشانی تر زیاد بوو
ئیستێکم دەگرم
بە ترسەوە سەیری کاتژمێرەکەی دەستم دەکەم
ئاه خودایە
چارەگی دەوێت بۆ مەرگ
نۆبەتی هەڵفڕینی مەلی گیانمە
بەرەو ئاسمانە رەش داگەڕاوەکەی عەدەم

5-4-2020
رۆژی یەکشەمە

تێبینی: ئەم دەقە، دەقێکە بەدەم ئازاری نەخۆشییەوە، بە هەناسەسواری و لەژێر ئامێری هەناسەی دەستکرددا لە نەخۆشخانەیەکی دوورە وڵاتدا نوسراوە. سترانێکی غەمباری منە بۆ ئەو ئافاتەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە بە هۆی کۆرۆنا ڤیرۆسەوە. ئێستا کاتژمێر هەژدە و بیست خولەکە، بەپێی ئاماری دوو کاتژمێر پێش ئێستا ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا گەیشتۆتە یەک ملیۆن و دووسەد و چل و چوار هەزار کەس، ژمارەی گیان لە دەستدانیش گەیشتۆتە شەست و حەوت هەزار و هەشت سەد و حەفتا و حەوت کەس. هێشتا ڤیرۆسەکە بەخێرایی تیشک بڵاودەبێتەوە. تازە لە بەهاری تەمەنیدایە، تاکو دەگاتە پایزی خۆی، دیار نییە ژیانی چەندی تریش لەگەڵ خۆیدا دەبات.

Previous
Next
Kurdish