Skip to Content

ئامانجی خەڵک ڕزگاربوونە لەم ڕژێمە، نەک دانانی سەرۆک وەزیرانێکی تر

ئامانجی خەڵک ڕزگاربوونە لەم ڕژێمە، نەک دانانی سەرۆک وەزیرانێکی تر

Closed
by نیسان 11, 2020 General



قەیرانی حکومەتی و فەشەلی حزب و قەوارە پەرلەمانیەکان دوای چەند مانگێک بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانێکی تر، قەیرانی ڕژێمەکە و مایەپوچی و پێکهاتە ناکۆک و لە چارنەهاتووە نێوخۆییەکانی، بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەخات.
ڕاپەڕین کە عادل عەبدول مەهەدی ناچار کرد دەست لە سەرۆک وەزیری بکێشێتەوە، دەرگای بەڕووی کێشەیەکی وەها گەورەتر و فراوانتردا کردەوە کە ئەو هێز و حزبە ئیسلامی و قەومیە داسەپاوانە بەسەر ملی جەماوەردا، لە توانایاندا نەبێت هەروا بە ئاسانی چارەسەری بکەن.
ڕاپەڕین، ناکۆکیەکانی نێوان باڵە جیاجیاکان و هێزەکانی ئەم ڕژێمەی قوڵترکردەوە و گۆڕی بۆ جەمسەرگیریەکی توندوتیژتر، بە جۆرێک کە هەر لایەک هەرچی زیاتر و زیاتر پشت ببەستێ بە لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، وە بە دیاریکراویش پشت بە ئەمریکا و ئێران ببەستێ و خۆی پێ بەهێز بکات.
دەسنیشانکردنی سەرۆک وەزیران و پێکهینانی حکومەت کە بۆتە چەقی ئەم کێشمەکێشە گەرماوگەرمەیە، ئاڵۆزکاویەکی کوشندە لە قەیرانی ئەم ڕژێمە و قوڵی کێشمەکێشی نێوان هێزە جیاجیاکانی نیشان دەدات و توندی پێکدادانی بەرژەوەندیە جیۆ سیاسی و ئابوورییەکانی هەر یەک لە ئەمریکا و ئێرانیش دەردەخات لە ناوخۆی عێڕاقدا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە، میلیشیاکان بەهێزی چەک و سەرکوتی ئاشکرا، مافی کارکردنی ئازادانەی سیاسیان لە جەماوەر زەوتکرد، دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، هەموو کاروبارێکیان گرتەدەست، دەسەڵاتی سیاسیان بۆ خۆیان پاوان کرد و پاشانیش هەڵبژاردنیان هێنا بۆ وەرگرتنی “شەرعیەت” لە جەماوەر، ئەمە ئەو کارەیە کە حزبە قەومیە فەرمانڕەواکانی کوردستان پێشوتر ئەمەیان کردبوو. هەموو ئەمانەش لە پەیوەندیەکی توندوتۆڵ بە ستراتیژی ئەمریکا و ئێران و کێشمەکێشەکانیانەوە ئەنجامدراون بۆ جڵەوکردنی ڕێڕەوەکان لە عێڕاقدا.
جەماوەری ڕاپەڕیو؛ کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و لاوان و قوتابیان، بە هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆیان بۆ گۆڕەپانی سیاسی و هەڵسان بە ڕاپەرینێکی جەماوەریی شۆڕشگێرانە لە ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوودا، گورزێکی کوشندەیان سرەواندە ئەم هاوکێشەیە، بەمەش کورسی و مێزی دەسەڵاتیان بەسەر سەروپۆتەڵاکی هێزە میلیشیاکان و حزب و ڕژێمەکەیاندا قڵپاندەوە. ڕاپەڕین دروشمی ڕوخانی تەواوەتی ئەم ڕژێمە و کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی ئێران و ئەمریکای بەرزکردەوە. خۆشباوەڕیەکانی پێشووشی تێپەڕاند، ئیدی ئێستا گیرۆدەی ئاواتی هێنانەدی چاکسازییەکان نیە لە لایەن ئەم ڕژێمە داڕوخاوەی ئێستاوە، کە تاوانی قێزەوەنیش ئەنجامدەدات بەرامبەر خۆپیشاندەران.
ئەمرۆژانە عێڕاق لە جەرگەی بڵاوبونەوەی پەتای کوڕۆنادا، بە بارودۆخێکی کارەساتباری توندوتیژتر و بەرفراوانتر لە جاران تێدەپەڕێ، ملیۆنان خەڵک بە هۆی بارودۆخی داتەپیوی ئابوری و کەرێنتێنەکردنی خۆپاراستنەوە لە کوڕۆنا، بە هەژاری و برسیەتی و بێکاری و بەبێ داهاتی ڕۆژانە دەژین. دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا، نەک هەر ناتوانن پێداویستیە خۆپارێزییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵکو هەوڵیش دەدن خۆیان بدزنەوە لە بەرپرسیارەتی دابینکردنی گوزەرانی ئەوانەی کار و سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە بە هۆی ئەم هەلومەرجەوە.
ئەمە و ئەم هەلومەرجە پڕئازارەی جەماوەر تیایدا دەژی، ڕێگر نەبووە لەوەی هێز و حزبە دەسەڵاتدارەکان، کێشمەکێشی نیوانیان توندوتیژ بکەنەوە لەسەر دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و ملکەچپێکردنی خواستەکانی جەماوەر بۆ پێداویستیە ستراتیژیەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێڕاقدا. هەروەها ئەم هەلومەرجە ڕێگریشی نەکردوە لە ئەمریکا و ئێران بۆ تاوسەندنی کێشمەکێشی نێوانیان لە پێناو دەسبەسەراگرتنی چارەنوسی عێڕاق، نەک هەر بە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، بەڵکو بەوەش وڵاتەکە بکەنە گۆڕەپانی پێکدادانی سەربازی نێوانیان. لایەک میلیشیاکانی سەربە ئێران هەڵدەستن بە موشەکبارانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێڕاق و هەڕەشەی تاوپێسەندنی هێرشی سەربازی دەکەن، وە لەلایەکی ترەوە، ئەمریکاش ئەم هەلومەرجە دەقۆزێتەوە تا بوونی خۆی و شوێنە سەربازییەکانی قایمتر بکا لە عێڕاق و موشەکی پاتریۆت دامەزرێنێت لە چەند شوێنێکی وڵاتەکە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات لە ئێران.
بێ ئابڕویی هێز و حزبەکانی ئەم ڕژێمە و مایەپوچیان بۆ هەموان ئاشکرایە، هیچ ڕێگایەکی پێشڕەویش لە ئارادانیە جگە لە ڕزگاربوون لەدەست ئەم ڕژێمە. ڕەتکردنەوەی هەر کاندیدێک کە هیزەکانی ئەم ڕژێمە دەستنیشانی دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و قوتابیانەوە، بەشیکە لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و لاری تیا نیە.
ئەو ئاڵوگۆرە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە پێشدێن بە هۆی ئاکامەکانی ئەو بارودۆخەی ئێستاوە کە لە پەتای کوڕۆناوە سەرچاوەی گرتووە، بە ناچاری ڕزگار بوون لەم ڕژێمە کە ئامانجی ڕاپەڕینەکەیە، لە پێشەوەی ئەجەندای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دادەنێت. هەروەها چینی کریکاریش سۆشیالیزم دەکاتە ئامانجێکی بنەڕيتی و هەر ئێستای خەباتەکەی، چونکە هێنانەدی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بەبێ ئەم ئامانجە بەدی نایەت لە ژیانی دەیان ملیۆن لە کرێکار و ڕەنجدەر و زەحمەتکێش لە عێراقدا.
ڕوخانی ئەم ڕژێمەی ئێستا و گۆڕینی بە ڕژێمێکی سیاسی کە دامەزرابێت لەسەر ئیرادەی سەربەخۆی جەماوەری ڕاپەڕیو لە کرێکاران و زەحەمەتکێشان و لاوان و قوتابیان و سەرجەم بێبەشان و پیاوان و ژنانی چەوساوە، هەنگاوێکی بنچینەیی پێکدەهێنێت بۆ کۆتایهێنان بەم بنبەستەی ئێستای عێڕاق و هێنانەدی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان.
٥ نیسانی ٢٠٢٠

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish