Skip to Content

کۆتایی حکایەتە گەورەکە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

کۆتایی حکایەتە گەورەکە … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 11, 2020 General, Opinion

نیازم نەبوو هیچ بەشدارییەک بکەم لە خوێندنەوەی ئەم دۆخە تازەیەی کۆرۆنا ڤیرۆس هێناویەتییە ئارا، ئەویش لەبەر فاکتۆرێکی زۆر ساکار، لەبەرئەوەی نەخۆشییەکەم بە قۆناغێکی مەترسیدارتردا دەڕوات لە جاران، لەگەڵیدا بوونی ئەو تومۆرە شێرپەنجەییەی لای چەپی مێشکم بیرکردنەوەی پەرش و بڵاو کردوومەتەوە، زۆر بە زەحمەت دەتوانم باری سەرنج و تێڕوانینەکانم لەسەر یەک خاڵی دیاریکراو کۆبکەمەوە، بەڵام نەمتوانی بێدەنگی هەڵبژێرم لە راستای پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی کوردیی چەپڕەو بۆ ئەو دۆخە تازەیەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێدا تێدەپەڕێت، کە بینیمان “تۆماس فریدمان” یەکەم کەس بوو، دنیای دابەشکرد بەسەر هەردوو دنیای پێش و پاش کۆرۆنا، کەچی یەکەم کەس نەبوو باس لەوە بکات جیهان لە بەردەم گۆڕانکارییەکی خێرادایە و رەنگە پەردەی شانۆی نیو لیبرالیزم بۆ هەتاهەتایە دابداتەوە، ژبەرئەوەی فریدمان بە رەنگێکی تۆختر لە “یوڤال هەراری” پشتیوانی خۆی بۆ ئەمەریکا و خودی ترەمپ دەربڕیوە.
بیرمە کۆتایی مانگی دیسامبەری 2019، لەو کاتەی هاوڕێکانم خۆیان بۆ کەرنەڤاڵی ساڵی نوێ ئامادە دەکرد، کورتە نامەیەکم بۆ ئازیزێکم نارد و نووسیم “ساڵی 2000 کۆتایی رەمزیی دنیا بوو، بەوەی دنیای کۆن رۆیشت و دنیایەکی تازەتر جێی گرتەوە هیچی لە دنیای پێشوو نەدەچوو، هەرچی ساڵی 2020یشە کۆتایی فیزیکی ئەو دنیایە دەبێت”. ئەگەر ئەمە روون و وردتر بکەمەوە، لەگەڵ هاتنی سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێهەمدا کۆمەڵگەی جیهانی لەناو دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتووریی زۆر جیاوازتردا خۆی بینییەوە، بۆ منێک کە لە دوو دەیەی کۆتایی سەدە و هەزارەی پێشوودا ژیابووم هەرگیز جێی بڕوا نەبوو، فریای هەنگاونان نەدەکەوتم لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕە خێرایانەی جیهانگیریی بازاڕ و نیولیبرالیزم ئافراندبوونی. هاتنی 2020 ساڵێک بوو تێیدا پێشبینی زۆر ئەگەر و گۆڕانی رادیکاڵیم دەکرد، نەک ئەوەی هێزێک بە ئاڵایەکی سوورەوە رێبەرایەتی ئەو گۆڕانە بکات، هیچ کات ئەوەندە خۆشخەیاڵ نەبووم، کەچی چاوەڕوانی گۆڕانکاریی بووم، چون دەمزانی سیستمی سەرمایەداریی و دیموکراسی پیربوو و دڵڕەقیی نیو لیبرالیزم چیرۆکەکەی لە تەواوبووندایە، ئەمەش هەروا خەونێکی ئەرخەوانی نەبوو، بەڵکو بەرمەبنای سەرنجدان بوو لەو قەیرانە ئابوورییەی لە 2008ەوە لە وۆڵ ستریتەوە درێژ بووەتەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات.
نازانم چەندە زانست پشتگیریی لەو خەیاڵەم دەکات، زۆر جار وا بە مێشکمدا دێت و دەچێت، بەوەی لەوانەیە لە دێریندا شارستانێتی زۆر لەمە گەشەکردووتری وەک لەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئەم زەوییە هەبووبێت، بەڵام لە ئاکامی دڕندەیی و چاوچنۆکی مرۆڤەوە هەمووی لە نێو برابێت.! ئەم خەیاڵەشم لە منداڵدانی دیقەتدانەوە لە شوێنەوارە مێژووییەکاندا هاتۆتە دەر، سەرم لەو هێزە سوڕما بوو بینای هەڕەمەکانی میسری کردبوو، یان زۆر شوێنەوار و پاشماوەی فرە کۆنی مرۆڤ دەمخەنە حاڵی حەپەسان و بیرکردنەوەوە. لە ساڵی 2014دا لە بەشە سەرەتاییەکانی مۆزەی “لۆڤەر” ئەو هەستەم زۆر لەلا قووڵتر بووەوە: هەر دەبێت رۆژێک بووبێت مرۆڤایەتی گەیشتبێتە لوتکە و چەشنی یارییە سیزیفییەکە دیسان هاتبێتەوە سەرەتای رێگاکە. لەبەر خۆمەوە دەمووت رەنگە ئەو شارستانییە کۆنانە سروشت و زەوییان ماندوو کردبێت، ژینگە تۆڵەی لێکردبنەوە، وەک ئەو تۆفانە مەزنەی لە ئەفسانەی سۆمەرەوە درێژە بۆتەوە ناو ئاینە ئیبراهیمییەکان، کە تەواوی زەوی داپۆشیوە و دوای ئەوە مرۆڤ لە نۆماڵییەوە دەستی پێکردۆتەوە. یان لە ئەنجامی جەنگێکی وەها وێرانکاردا مرۆڤ گەڕابێتەوە سەردەمی ئەشکەوت. وەک ئەوەی جارێک ئەنیشتاین وتبووی نازانم سروشتی جەنگی جیهانی سێهەم چۆنە، بەڵام جەنگی جیهانی چوارەم لە رێی تێڵا و دارەوە دەکرێ. چون لەدیتنی ئەودا جەنگی سێهەمی جیهان مرۆڤایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردینی کەونار. خۆ ئەگەر شتی وا لە رابردووشدا رووینەدا بێت، لە ئێستای ئێمەوە نزیکترین ئەگەرە!. بەڵێ ئەگەرێک لەبەردەم دەرگای هەر رۆژێکماندایە.
کێ دەتوانێت لەوە دڵنیا بێت سەدەیەکی تر ئەمەی مرۆڤ لە رێی بەگەڕخستنی عەقڵەوە بەدەستی هێناوە وەک خۆی دەمێنێتەوە؟. ئەم قسەیەم راکێشانی هزری خوێنەر نییە بۆ کۆتایی دنیا وەک خورافەیەکی نوێ یان دووپاتکردنەوەی هەمان سیناریۆی ئاینەکان نییە بۆ ئەو کۆتاییەی لە بارەی دنیاوە دایانڕشتووە. بەڵام هەر ئەو مرۆڤەی تاکو کۆتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم “1892” ڤایرۆسی نەدەناسی یان نەیدەتوانی لە رێی چاوییەوە بیبینێت، نەخۆشی بە دیاردەیەکی ناوەکیی دەبینی نەک دوژمنێکی نەبینراویش لە دەرەوە هەبێت نەخۆشی بخات، هەنووکە هێندە ڤیرۆسی نازدار و گاز و ژەهری بەرهەم هێناوە، بەشی دەیان جار خاپورکردنی زەوی و لەباربردنی هەلومەرجە ژینگەییەکانی ژیان دەکات!. کێ هەیە بتوانێت گرەنتی ئەوە بکات رۆژێک ئەم ڤیرۆسانە لە مرۆڤ یاخی نابن و بەندیخانەی تاقیگەکان جێناهێڵن و مرۆڤایەتی کۆمەڵکوژ ناکەن؟ خۆ لە خۆڕا ئەم پرسە نەبووەتە بابەتێکی سەرەکی بیرکردنەوە و فەلسەفە و سینەما. هەروەک چۆن “سلاڤۆی ژیژەک” نموونەی فیلمەکەی “فرێد جیمسن”مان بەبیر دەهێنێتەوە کە “ڤایرۆسێک جیهان لە بن دەردەهێنێت”!. ئەو لەناوچوونە ئایدیالیستەی ئاینەکان بە فۆرمێکی تر باسیان لێ دەکرد، خەریکە ئەمڕۆ پێی دەگەین، بەڵام تاکە جیاوازییەکە ئەوەیە ئەم کارە لەلایەن هێزێکی باڵادەستی میتافیزیکییەوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە ئەنجامی گەمژەیی ئەو مرۆڤ بەخوابووەی دڵخوازی نیتچەوە وا روودەدات.
تا دەمێکی نزیکیش واماندەزانی عەقڵ هەمیشە ئامڕازی بەدیهێنانی خۆشبەختییە. لێ داخەکەم ئەو عەقڵەی جێی بە ئاین و خورافە و خوداکانیش لێژ کرد، مرۆڤی خستە سەر شاڕێیەکی تازە، نهۆ بەرهەمهێنی وێرانکاریی و کارەساتێکی هێندە گەورەیە هیچ کات لە دەسەڵاتی هیچ باوەڕێکی خورافیدا نەبووە و نابێت. رەنگبێ بپرسن، داخۆ پەیوەندیی کۆرۆنا ڤیرۆس و عەقڵ چییە؟. پرسیارێکی بەجێیە و کاری ئێمەیە وەڵامی پێ بدەینەوە، ئێمە لە ساتەوەختێکی مێژووییداین ناتوانین دەستبەرداری زانست وەک بەرئەنجامی بەگەڕخستنی عەقڵ بین. تازە ناتوانین چی ڤیرۆس و چەکی ئەتۆمیی و کۆکوژە لەناو ببەین؟، مەگەر هەسارەیەکی تر هەیە بیکەینە کەلاوە بۆ فڕێدانی ئەو پاشەڕۆکانە؟. دەبێت دووبارە رێگاچارەیەکی عەقڵانی بگرینەوە بەر، ئەمەش لە توانای ئەو سیستمەدا نییە خۆی بەرهەمهێنی ئەو ئەنجامە کارەساتبارانەیە. هەروەک لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەدا فەیلەسووفی فەڕەنسی “میشێل ئۆنفرێ” وتی “دنیای ئێمە تازە ئەو هۆشیارییەی ئەزموون کردووە کە ئێمە لە کۆتایی ئەم شارستانێتییەدا دەژین”. دواتریش ئەوروپا وەک “پڵینگێکی کاغەزیی” وەسف دەکات.
ئەگەر لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییدا تێکدەرە ژینگەییەکان لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا قەتیس بووبن و بەو ئاستە بەربڵاوە کاریگەرییان نەکردبێتە سەر تێکدانی رەوشی سروشت و بایی ئەوە بووبن لە ماوەیەکی خێرادا هەڵبوەشێنەوە و خاوێن ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆیان. ئەوا ئێستا تەکنۆلۆژیا زەوی کردۆتە حاویەیەکی گەورە و بە جۆرێک ژینگە وێران بووە و رەوشی کەشوهەوا تێکچووە ملیۆنەها ساڵ پێویستە تاکو زەوی بگەڕێتەوە بۆ باری چەند سەدەیەک بەر لە ئەمڕۆ، کەواتە هیچ رێگەیەک شک نابەین بۆ گەڕانەوە. ئەمەش خەفەتە سەرەکییەکەی ئێمەیە. لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنەشدا هێشتا ژمارەیەکی بێشووماری مرۆڤ لە ژینگە پیسەکان و لەدۆزەخی جەنگ و هەژاریی و برسێتیدا دەژین. ئەمەش وای لە “یوڤاڵ نوه هەراری” کرد پێداگریی بکات، بەڵا هەرە گەورەکەی مرۆڤایەتی بە تەنێ بوونی ڤیرۆسێک نییە، بەڵکو کارەساتی لەوە مەرگبارتر ئەوەیە بیر لە ریشەکێش و لەناوبردنی هەژاریی و سەرپێخستنی سیستمێکی تەندروستی بێ جیاوازیی بۆ هەمووان نەکرێتەوە. هەرچەند لە دیدی هەراریدا مومکینە سیستمی باڵادەستی ئێستا ئەو کارە بکات بە تایبەت ئەو چاوی بڕیوەتە هەنگاوەکانی ئەمەریکا لەم راستایەدا. بەڵام ئایا ئەو ئەمەریکای ترەمپ سەرکردایەتی دەکات ئەو کارە بۆ مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.؟ وەڵامەکە روونە: نەخێر.
کاتێک ترەمپ بە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا هەڵبژێردرا، بۆ هەندێک سیاسیی و خوێندەواری دنیای ئێمە، ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام بە لای ئێمەومانانەوە ئەگەرێکی نزیک بوو، هەردەبوو ئەکتەرێکی شێت و قۆشمەی وەک ترەمپ جڵەوگیری ئەمەریکا بکات “ئەمە بە دەربڕینی نوام چۆمسکی”. هەموو دەمانبینی چلۆن ئەمەریکا لە رۆڵی پۆلیسی جیهان پاشەکشە دەکات. ئەمەریکا و نیو لیبرالیزم پێویستیان بە پۆپۆلیستێکی وەک دۆناڵد ترەمپ هەبوو سەرکردایەتی ئەو بارە خوارەی هەنووکە بکات. هەر ئەودەم وتارێکم بۆ رۆژنامەیەک ئامادە کرد لەژێر ناوی “هەڵبژاردنی ترەمپ یان کۆتایی سەردەمی رۆمانسیزم لە سیاسەتی ئەمەریکادا”. ئەم وتارە لە رۆژی 10-11-2016 نوسرا و بڵاوکرایەوە. لەوێدا زۆر ئەگەر بۆ داهاتووی نزیک ورد کرابوونەوە، ناوکۆیی هەموو ئەگەرەکانیش لەوەدا چڕ کرابوونەوە بەهاتنی ترەمپ وەک دەمڕاستێکی پۆپۆلیستی سپی پێست، جیهان پێ دەنێتە قۆناغێکی خراپی وەهاوە لە ئێستادا لە توانادا نییە ئاکامە زیانبارەکانی بژمێرین.
هەر لەو وتارەدا نووسیبووم “هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمەریکا رووداێکی سادە و ساکار نییە تاکو ئێمە فۆرمالیستانە شرۆڤەی بکەین. بە پێچەوانەوە ئەمە گەڕانەوەیەکی دەستەجەمعی خودی ئەمەریکییەکانە بۆ ئاوێنەی تەڵخی نیو کۆلۆنیالیزم و خۆ رادەستکردنی تەواو بە ویستی نیو لیبرالیزم، گەڕانەوەی پلاندانەران و نەخشەداڕێژەرانی سیاسەتی ستراتیژیی ئەمەریکییە بۆ دیدگاکانی کۆنسەرڤاتیزم. ئەم سەردەمە تازەیە گەڕانەوەی رەوتی مێژووە بەرەو دواوە، بەرەو ئەو مێژووەی لە سەرەتای سەدەی بیست بەهۆی قەیرانە داراییەکانی کاپیتالیزمەوە دوو گیان بوو بە دوو روانگەی تۆتالیتێر و مەترسیداری وەک فاشیزم و نازیزم. ئەگەر فرانکۆ و مۆسۆلینی و هیتلەر دیوە تراژیدیکییەکەی ئەو مێژووە بن، ئەوا ترەمپ دیوە گاڵتەجاڕەکەێتی “ئەمە بەدەربڕینی کارل مارکس”. جیا لەمەش ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ هەیە لە وڵاتانی تری رۆژئاوایی و ئەوروپیی، بە تایبەت ئەم ئەگەرە بۆ ئەڵمانیا زۆر بەهێزە، ئەویش بە بەرزبوونەوەی کێرڤی رەوت و پارتە راسیست و راستڕەوەکانی لایەنگری نیو لیبرالیزم”.
دەمەوێت لە قسەکردن لەسەر ترەمپەوە بگەڕێمەوە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکەمان، ئەویش بە تەرحکردنی ئەو پرسیارەی ئاخۆ کۆرۆنا دەبێتە سەرەتای گۆڕانێکی ریشەیی لە دنیادا؟! یان چی دنیایەک لە دوای کۆرۆنا چاوەڕێمانە؟. دیارە تاکو سەر مرۆڤایەتی لە کابووسی ئەو ڤیرۆسەدا نامێنێتەوە، وەک ئەوەی ئێستا دەبینین بە پێی دوا ئامارەکان ئەوە دەردەخەن لە ئاستی جیهانیدا رۆمانی “تاعون”ی کامۆ پڕ خوێنەرترین کتێبی دۆخی کەرەنتینە و ئەم رەوشە ئاوارتەیە بووە، لەوە دەچێت مرۆڤی سەردەمی کۆرۆنا بیەوێ لە رێی ناسینی تاعونەوە نهێنییەکانی کۆرۆنا ڤیرۆس ئاشکرا بکات، یان بیەوێت رووخسارە لێکچوو و دژەکانیان بدۆزێتەوە. بەڵام ئایا ئەم دۆخە ئاوارتەیە “بەپێی ناولێنانی جۆرجیۆ ئاگامبێن” تاکو سەر دەمێنێتەوە؟. ئەگەرچی من نامەوێت، وەک ئاگامبێن کۆرۆنا بە سووکە هەڵامەت پێناسە بکەم، چوون قەبارەی زیانەکانی کۆرۆنا هەروا بە ئاسانی بۆ سیستمی سەرمایەداریی تێناپەڕێت. ماف بە خۆم دەدەم بڵێم ئەو دۆخە نائاساییەی لە وڵاتان گیراوەتە بەر لە خەمخۆریی نییە بۆ گیانی هاووڵاتیان، هێندەی خەمخواردنە لە وشکبوونی جوڵەی بازرگانی و ئابووری بازاڕ، چون بە روونی بینیمان سەرمایەداریی، ئابووری لەسەروو ژیانی خەڵکەوە دانا. لە کۆتایی داستانەکەدا دیارە سیستمی پزیشکی زاڵ دەبێت بەسەر ڤیرۆسەکەدا، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو دنیا تازەیە دەبێت لە دوای دیار نەمانی کۆرۆنا دێتە ئارا. هەموو دڵنیاین لەوەی رەنگی دنیا دەگۆڕێت کە رەنگە باڵانسی هێزیش لەگەڵیدا بگۆڕێت، ئەوەی لێمان دیار نییە، شێوازی ئەو گۆڕانەیە.
کۆرۆنا تەنێ رووداوێکی ساکاری ناو مێژووی ڤیرۆس نییە، بەو جۆرەی فەلسەفەکاری کورد “ئازاد حەمە” بیری لێ کردۆتەوە. کۆرۆنا هەر ئەو دۆخە ئاوارتەیە نییە حکومەتەکان بۆ کۆنترۆڵی زۆرتر کەڵکی لێوەربگرن، بەو شێوەیەی “ئاگامبێن” لە روانگەی بایۆ سیاسییەوە گەڵاڵەی کردووە،. ئەمیش درێژەپێدانی بیری “فۆکۆ”یە کە هەمیشە دەسەڵات لەسەر ترس و قەمع راوەستاوە. لە دیتنی مندا کۆرۆنا عەبا رەشەکەی سەر قەیران و برینە قووڵەکانی سیستمی سەرمایەداریی هەڵدایەوە، بە تایبەت لەو ساتەوەختەی پایتەختی وڵاتە رۆژئاواییەکان بە چڕی دەکەونە ژێر شاڵاوی ئەو دوژمنە پەنهانەوە. تەنانەت نوکتەیەکیشم لەسەر ئەمە دروستکردووە “کۆرۆنا پڕۆلیتاریایەکی نوێیە” و وەک تارمایی گورز لەو سیستمە دەوەشێنێت بانگەشە بۆ جیهانگیریی ئابووری و بازاڕ و تەندروستی و بچووکبوونەوەی دنیا دەکات بۆ ئاستی گوندێک، تەنانەت یەکێتی ئەوروپا و هاریکاریی گەلانی کردە سەفسەتەیەکی پووچ بە تایبەت لەو نیگارەدا ئەمە بە روونی دەرکەوت وڵاتان سنوورەکانیان بە رووی یەکتردا داخست. کەرەنتینە هەر ئەوە نەبوو هەر مرۆڤێک لە ماڵی خۆی بێت، بەڵکو بازنەکە فراوانتر بووە بۆ هەر وڵاتێک لە ماڵی خۆی و بە سیستمی تەندروستی خۆیەوە رووبەڕووی ئەم بەڵایە ببێتەوە. لانیکەم لە حاڵی حازردا ئەو وەهمەی پووچەڵ کردەوە، نیولیبرالیزم وەک ئەفسون و نموونەی ئیدیاڵ لەبارەی خۆیەوە لە رووی زیهنییەوە بەرهەمی هێنابوو.
شتێک زۆر لێی دڵنیا بم، قۆناغی پۆست کۆرۆنا، دنیا هەمان دنیاکەی پێشوو نابێت. هەمیشە جەنگ و پەتا یونیڤرساڵەکان، دەموچاوی جیهانیان گۆڕیوە. رەنگبێ باشترین فاکت لەم بارەوە پەتا گەورەکەی سەدەی چواردەهەم بێت لە ئەوروپا، گەرچی ئەو پەتایە نزیک بە نیوەی دانیشتوانی ئەودەمەی ئەوروپای قڕ کرد، بەڵام رەنگی ئەوروپا و ژیارەکەشی لە ریشەوە گۆڕی. هەروەک “ژاک ناتالی” باسی دەکات ئەم پەتایە بوو بە فاکتۆری گۆڕانێکی رادیکاڵی لە سیستمی ئاینیدا، ئیدی قەشەکان رۆڵی خۆیان لە دەست دا و جێگەیان بۆ پۆلیس چۆڵ کرد تا بە رۆڵی ئەوان هەڵستێت، ئەمەش بە بەرایی قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لەسەر مەبنای باوەڕ دادەنێت بۆ بینای دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای هێز. ژاک ناتالی لە بارەی ئەو رەوشەی هەنووکەوە بەهۆی کۆرۆنا ڤیرۆسەوە دەڵێت “ئەو سیستەمی دەسەڵاتەی لەسەر پاراستنی مافی تاک بەندە، رەنگە هەرەس بهێنێت، لەگەڵ خۆیشیدا ئەو دوو میکانیزمە بەرەو ئاوابوون دەبات کە پشتیان پێ دەبەستێت: مەبەست لە بازاڕ و دیموکراسییە”.
کەواتە گۆڕان حەتمییە!. پرسیارە تۆقێنەرەکە ئەوەیە، لەم بۆشاییەدا چی چاوەڕێی مرۆڤایەتییە؟. بەدەر لە هەڕەشە ئیکۆلۆژییەکان، کە چەندان ساڵ بوو هۆشداریی دەدرا بە سیاسیی و هەڵسوڕێنەرانی ئابووری جیهانی مرۆڤ لەبەردەم هەڕەشەی ئەو ژینگەیەدایە تاکە هەلومەرجە بۆ ژیان. ئیدی ئەو هۆشدارییانە سوودێکی ئەوتۆیان نەماوە!. هەرچی پەیوەندیی بە سیستمەوە هەیە، ژاک ناتالی لە گریمانەی هەرەسی سیستمە رۆژئاواییەکاندا، ئاسۆ تەڵخ دەبینێت، بەوەی سەردەمێکی تازە دێتە ئارا، رژێمە خۆسەپێنەکان لە رێی هۆشی دەستکردەوە بۆ کۆنترۆڵ و چاودێریی وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤ دێنە سەر شانۆ. هەرچی فەیلەسووفی فەڕەنسی “ئالان تۆرین”یشە لە دوا ئینتەرڤیۆی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات “وا دەزانم چووینەتە ناو فۆرمێکی نوێی کۆمەڵگەوە، بە گوێرەی دەربڕینی ئابووریزانەکان، دەشێت بە کۆمەڵگەی خزمەتگوزاریی ناوی بنێین، بەڵام کۆمەڵگەی خزمەتگوزارییە لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئەم قەیرانە ئەو توێژە بەرز دەکاتەوە کە چاودێریی و خزمەتگوزاریی دابین دەکەن”. ئەوەی دیارە ئایندە هیچ لە خۆش ناچێت، لەوانەشە تۆرین لەو ئایندەیە ترسابێت بۆیە پێداگریی لە باسی هەنووکە دەکات. گەرچی ئێمە نیولیبرالیزم رەت دەکەینەوە، بەڵام ترسمان هەیە بە ئاوابوونی حکایەتەکەی، چیرۆکی رژێمگەلێک دەست پێبکات دنیا بۆ زەلکاوی فاشیزم رابکێشنە دواوە.
نامەوێت رەشبینی ببەشمەوە، هەمیشە ویستوومە چرایەکی ئومێدەوار بم، ئازارەکەم ئەوەیە ناشێ چاوپۆشی لە روونکردنەوەی ئەوە بکەم لەناو شانۆی ژیانی مرۆڤدا دەگوزەرێت کە تا دێت ئاسۆکە تاریک دەکەن. ئەم رەوشە نائاساییە هەر دەبوو رووبدات، نەک لەبەرئەوەی مەحکوم بووین پێی، لەبەرئەوەی خۆمان مەحکوم کردبوو بە وێرانکردنی ژینگە، چاوچنۆکی ئابووری، بە بازاڕکردنی ژیان، بەرهەمهێنانی زیاد لە پێویست، مەسرەفگەرایی بێمانا، شەڕ و برسیکردنی یەکتر، بڵاوکردنەوەی هەژاریی، بەردەوامیدان بە رامیاریی پەرتکە و زاڵ بە، هەموو ئەمانە یەک ئەنجامی خراپیان دا بەدەستەوە: قەیرانی ئابووری و هێرشی ڤیرۆسەکان. لێ دڵنیام مرۆڤ ئەمڕۆ بێت یان سبەی سەردەکەوێت بەسەر کۆرۆنادا، بەڵام هیچ کات ناتوانێت بەم عەقڵی ئێستایەوە بەر بەو بەڵا گەورانەی داهاتووی نزیک بگرێت، کە رەنگە ئەوکات بیر لە کۆرۆنا بکەینەوە وەک بە بەزەیترین و بەزیوترین دوژمن. ئەوسا کۆمەڵکوژ دەبین و کەسێکیش نەماوە دڵۆپێک ئەسرینمان بۆ بڕژێت. پێش ئەوەی زەوی ببێتە گۆڕستانی تەواوی مرۆڤایەتی، پێویستە فریا بکەوین و بەخۆ بکەوین، بەڵام چۆن؟ من هیچ نازانم.


10-4-2020
خۆرئاوای زەمین

Previous
Next
Kurdish