Skip to Content

مرۆڤى یاخى لە ڕوانگەى (ئەلبێر کامۆ)ەوە … ناودار زیاد

مرۆڤى یاخى لە ڕوانگەى (ئەلبێر کامۆ)ەوە … ناودار زیاد

Closed
by نیسان 15, 2020 General, Opinion

لەم کورتە نووسینەدا باسى جۆر و شێوازەکانى یاخیبوون ناکەین، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایى کتێبى (مرۆڤى یاخى) (ئەلبێر کامۆ)دا تەنها قسە لەسەر ڕوانگەى (کامۆ) دەربارەى مرۆڤى یاخى دەکەین. ئەم کتێبە مێژووى بڵاوبوونەوەى دەکەوێتە دواى جەنگى دووەمى جیهانییەوە. کتێبێکى قەبارە گەورە و گرنگ و قووڵ و چڕوپڕە، ناتوانى گلەیی لە وەرگێڕانەکەى بکەیت، چونکە کاک (ئازاد بەرزنجى) پاچڤەى کردۆتە سەر زمانى کوردى. دوو جارى دى دەستم بە خوێندنەوەى ئەم کتێبە کردبوو، بەڵام پێش ئەوەى بیخوێنیتەوە پێویستە هەم (کامۆ) بناسیت هەم مەعریفە و پاشخانێکى فیکرى و ئەدەبى و مێژووییت هەبێت، هەردوو جارەکە لە لاپەڕەکانى سەرەتایدا دەستم لێ هەڵگرتبوو، دڵنیا بووم ئەگەر تەمەن باقى بێت دەگەڕێمەوە سەر خوێندنەوەى. لەم ڕۆژانەدا لە خوێندنەوەى بوومەوە. کتێبێکى تاقەتپڕوکێنە و ناچار بە هەڵوەستە و بیرکردنەوەت دەکات، ئەگەر پەراوێزە زۆرەکانى نەبێت کە یارمەتیدەر و بەرچاوڕوونین بۆ خوێنەر ئەوا تێگەیشتن لێى ئاسان نییە. (کامۆ) لە (مرۆڤى یاخى)دا دەربارەى یاخیبوون و شۆڕش و خۆکوشتن و نیهیلیزم قسەمان بۆ دەکات، لە میانەیەوە گوزەر بە نێو ڕووداوە گەورە پەیوەندیدارەکان و بیرمەند و نووسەرە یاخیى و شۆڕشگێڕەکان و نموونە و حاڵەتە ناودار و ناوازەکانى سیاسەت و ئەدەب دەکات، لەگەڵ سەرنج و تێبینى و هەڵسەنگاندنەکانیدا.
(کامۆ) بەو کۆجیتۆیە دەستپێدەکات “من یاخى دەبم، کەواتە ئێمە هەین”. واتاى یاخیبوون چییە؟ یاخیبووان کێن؟ یاخیبوون چۆنە؟ وەڵامى ئەم پرسیارانە لە شوێنێکى دیاریکراوى کتێبەکەدا نییە، بەڵکو بە درێژایى و لە دووتوێى لاپەڕەکانى کتێبەکەدان. لێرەدا هەوڵدەدەین بە کورتى و تیژتێپەڕ وەڵامى ئەم پرسیارانە لە ڕوانگەى (کامۆ)وە هەڵبگۆزین. لە کاتێکدا ئەوەى ئێمە ئاماژەى پێدەکەین بە بەراورد بە کتێبەکە بە نرخى نەبوونە و وەک ئەوەیە هیچمان نەگووتبێ.
لە قەڵەمەکەى (کامۆ)وە ئەوەمان بەرچاودەکەوێ مرۆڤى یاخى “ئەو مرۆڤەیە کە دەڵێت نەخێر، بەڵام ئەو ڕەتکردنەوەیەى بە ماناى ئەوە نییە کە حاشا لە هەموو شتێک دەکات”. دەزانێت کە بەڵێ و ئەرێ گووتن مەرجى ژیانى مرۆڤایەتییە، “ئەوە نیهیلیزمى ڕەهایە مرۆڤ ڕێز لە هیچ شتێک نەگرێت، کە سەرەنجام بەرەو توندوتیژى و شێتگیریى و ڕەتکردنەوەى ڕەها و ناعەقڵانییەت و فاشیزم و وێرانکاریى و پێشداوەریى کوێرانە مل دەنێت”. (مارکیز دۆ ساد) نکووڵى لە هەموو شتێک دەکات و، لە شێتخانەى زیندان گیان دەسپێرێت. (ڕۆبسبێر) و (سانت جۆست) و (مارا) لە سەرانى شۆڕشگێڕانى فەڕەنسین (١٧٨٩)، کەچى حکومەتى تیرۆر دادەمەزرێنن، ڕاست و چەپ بڕیارى ملـپەڕاندن و لە مەقصەڵەدان دەردەکەن ، دواجار (مارا) تیرۆر دەکرێت و (ڕۆبسبێر) و (سانت جۆست) لەژێر سێبەرى بەرگریکردن لە بەهاکانى شۆڕشدا کە خۆیان بانگەشەکەر و داکۆکیکارى بوون ملیان دەپەڕێندرێت و لە مەقصەڵە دەدرێن. شۆڕشى بەلشەفیى ڕوسیا (١٩١٧) سەر لە تاکڕەوێتییەوە دەردێنێت. (هیتلەر) پێى وایە سروشى لە یەزدانەوە وەرگرتووە و ڕزگارکەرى جیهانە، کەچى نازیزم بەرهەمدێنێت. پۆزەتیڤیزم عەقڵانییەتى ئەبستراکت و تەکنۆلۆژیا ئامێرگەرایى و سەرمایەداریى تەنها قازانجخوازیى و،،، تاد.
گۆڕانکارییە سەرسوڕهینەرەکە لێرەوە دەستپێدەکات کە “مرۆڤى یاخى پێى باشترە بە سەربەرزى بمرێت، نەک بە ملکەچى بژیت”، بۆیە ئاغا و سەروەر قبوڵ ناکات و خۆى دەبێتە ئاغا و سەروەرى خۆى. هەرچەندە ئەو یاخیبوونى میتافیزیکیى ڕەتدەکاتەوە، بەڵام نکووڵى لە ئامانجەکانى مرۆڤ و گێتیى – تەواوى ئافەریدەکراوەکان – ناکات “دژ بە خۆى و دژ بە گێتیى ڕاناوەستێتەوە، چونکە “مرۆڤى یاخى ڕێز لە خۆى دەگرێت، بە لاى ئەوەوە ڕێز لەخۆگرتن دەبێتە چاکەى باڵا”.
کەواتە مرۆڤى یاخى نکووڵى ناکات و دەسبەرداریش نابێت، بەڵکو قیت دەبێتەوە و ئاڵـنگارى دەکات. سەربارى تراژیدیا و کارەساتە یەک لە دواى یەکەکانى ژیان و، ئازارە وجودییەکان و نائومێدترین دۆخەکان و، خەمناکترین ساتەکان پەیڤە نەمرەکەى (ئۆدیپۆس) دووپات دەکاتەوە، ئاخر (ئۆدیپۆس) تەنانەت “کاتێک کوێر و بێنەواش دەبێت دەڵێت: هەموو شتێک باشە”.
ئەدى سەبارەت بە مردن کە هەمیشە و هەردەم هەڕەشەیە لەسەر مرۆڤ؟ مرۆڤى یاخى لە ئاست مەرگ چ دەکات؟ چۆن مامەڵەى لە تەکدا دەکات؟ (ئەلبێر کامۆ) سەبارەت بە مەرگ کە بە مەرجى ژیانى دادەنێت، بە “بایەخ پێنەدانیى” وەڵامى دەداتەوە، پێى وایە “مەسیح هاتووە تاکو دوو کێشەى بنەڕەتیى ژیان چارەسەر بکات، ئەوانیش: خراپە یاخود شەڕانگێزى لەگەڵ مەرگدا”. کەواتە ئەم دوو کێشەیە بە هەمان شێوە کێشەى کەسانى یاخیبووشن.
بەم پێیە بێت مرۆڤى یاخى کەسێکى ئیماندارە، بەڵام ئایا وایە؟ مرۆڤى یاخى ئیماندارە؟ لە ڕوانگەى (کامۆ)وە مرۆڤى یاخى مەرج نییە ئیماندار بێت، ئیمان بەو پێیەى “قبوڵکردنى غەیب و خراپە و قایلبوونە بە ناعەدالەتى” بۆیە ئاکارى مرۆڤى یاخى نییە، هەرچەندە مرۆڤى یاخى ئەگەر بڕوا بە هیچ شتێک نەکات، تەنانەت ژیان و گەردوونیش، بەڵام ڕێز لە خۆى و ژیان و گەردوون دەگرێت و بە تامەزرۆیى و جۆش و ئەوینەوە دەژیت. هەروەک چۆن ئەم هەستە لاى (ئیڤان کارامازۆڤ)ى کاراکتەرى ڕۆمانى (برایانى کارامازۆڤ)ى (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکى) دەبینین. هەروەک چۆن (نیتچە) ڕووى دەمى دەکاتە مرۆڤ و دەڵێت: ئەم جیهانە تاقە حەقیقەتێکە کە دەبێت بەوەفا بیت بۆى و تیایدا بژیت و بە سەرفرازى بگات. هەروەک چۆن (دیمۆکلیس) لەژێر تیغى شمشێرەکەشدا لە هەموو کاتێک باشتر سەماى کردووە. کەواتە ململانێ دژ بە مەرگ بە واتاى داواکردنى مانایە بۆ ژیان، بۆیە “مرۆڤى یاخى داواى ژیان ناکات، بەڵکو داواى هۆیەکانى ژیان دەکات”.
ئایا ئەمەى مرۆڤى یاخى دەیکات بەرەو شۆڕش ئاڕاستە وەرناگرێت؟ یاخیبوون لەوەدا لە شۆڕش جیادەبێتەوە کە شۆڕش دەیەوێت هەموو شتێک ڕابماڵێت. شۆڕش بە دروشمى “هەموو شتێک یان هیچ شتێک” دەستپێدەکات. ئەمەش وا دەکات شۆڕشەکان توندوتیژ و مرۆڤکوژ بن و هەندێکیشیان شاکوژ و خوداکوژ بن، وەکو شۆڕشى فەڕەنسى (١٧٨٩) و شۆڕشى بەلشەفیى ڕوسیا (١٩١٧). هەر بۆیە شۆڕش وەسیلەیەکى پێویستە، بەڵام ئامانجێکى پێویست نییە. کەواتە وێڕاى ڕەهەند و دەرئەنجامەکانى، بەڵام ئەم شۆڕشانە سەرەتاى قۆناغێکى مێژوویی تازەن چونکە هەوڵى داماڵینى پیرۆزییەکانیاندا لەبەر مێژووى هەزاران ساڵەى پێش خۆیان. کاتێکیش دەگات بە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەم (کامۆ) وا پێشبینى دەکات کە “تاکگەرایى جێى باوەڕ بگرێتەوە، عەقڵ جێى ئینجیل، سیاسەت جێى ئایین و کڵێسا، زەوى جێى ئاسمان، کار جێى نوێژ، بەدبەختى جێى دۆزەخ و، مرۆڤیش جێى مەسیح”. بەڵام ئەمە بە واتاى ڕەشبینى و نائومێدى نایەت، بەڵکو بەو واتایە دێت ئەم دونیایە دۆزەخە و مرۆڤ پێویستە دژى ئەم دۆزەخە بجەنگێت.
لێرەوە بایەخ و ئەفسوونى هونەر دەردەکەوێت وەک وەسیلە و کەرەستە و فۆڕمێکى باڵاى ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگان. بەو پێیەى داهێنان تڕۆپکى هونەرە، هونەر کە لە داهێناندا بەرجەستە دەبێت جیهان ڕەتدەکاتەوە لەبەر ئەو کەموکورتییانەى تێیدایەتى. لە کاتێکدا وێڕاى گووتە بەناوبانگەکەى (نیتچە) کە دەڵێت “هیچ هونەرێک ناتوانێت تەحەمولى واقیع بکات”، بەڵام هیچ هونەرمەندێکیش نییە بتوانێت داکەوت (واقیع) پشتگوێ بخات، ئەمە لە ڕۆمان و شیعر و شانۆ و پەیکەرتاشیى و هەموو لقەکانى دیکەى هونەردا بەدیدەکرێت. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕەندى (فەزیڵەت) لە واقیع جیانابێتەوە، وەک چۆن لەگەڵ داکەوتیش یەکانگیر نابێت. کەواتە ئەوە هونەرمەندە لە توانایدایە بەهاکانى ڕەندى (فەزیلەت) لە باڵاترین فۆڕمى خۆیدا نمایش بکات، چونکە “هونەرمەند بەگوێرەى هزرى خۆى جیهان دەخوڵقـێــنـێـتەوە”. کەواتە ئەوەى شۆڕشەکان نەیانتوانیوە بەرهەمیبێنن هونەر و جوانییە، بۆیە هەموو چالاکى و کردە و هەڵوێستێک، تەنانەت شۆڕشەکانیش پێویستیان بە هونەر و جوانى هەیە، چونکە مرۆڤى یاخى تەنها یەک ڕێساى هەیە، ئەویش “ڕێساى جوانییە”.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish