Skip to Content

بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی

بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی

Closed
by April 17, 2020 General, Kids Literature

منداڵە ژیرەکان ، توانا لە ڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا ، دیاری زۆر جوانی بۆ هاتبوو . مامیشی دیارییەکی سەیری بۆ هێنابوو ، کە بریتیی بوو لە قەفەزێکی پچکۆلە و داوێک بۆ گرتنی باڵندە . توانا بەو دیارییەی مامی زۆر دڵخۆشبوو ، لە هەموو دیارییەکانی تریشی لا بەنرختر بوو ، بۆیە لە خۆشیاندا بەڕاکردن بردی بۆ لای دایکی و وتێ : ( دایە گیان لە ناو هەموو دیارییەکاندا ئەم دیارییەی مامم لە هەموو دیارییەکان پیێ جوانتر و باشترە ، چونکە دەتوانم باڵندەی پیێ بگرم ) . جا چونکە دایکی حەزی لە گرتن و ئازاردان و بەندکردنی باڵندە نەبوو ، بەو دیارییە زۆر دڵتەنگبوو ، بۆیە بە توانای وت : ( ئەو دیارییە دیارییەکی باش نییە ، چونکە نابێ باڵندە بگرین و ئازاریان بدەین و لە ناو قەفەزدا بەندییان بکەین ) . بەڵام توانا بە پێچەوانەی دایکییەوە زۆر شادمانبوو ، هەر بۆیە گوێی لە دایکی نەگرت ، هەر زۆر بە خێرایی ڕایکردە ناو باخچەکەیان و داوەکەی بۆ باڵندەکان نایەوە و تۆزێکیش دانی بە دەوری داوەکەدا بۆ ڕۆکردن ، لە پەنایەکیشدا خۆی شاردەوە و خوا خوایبوو داوەکە دانەیەکیان بگرێت . ئەوەی سەیر بوو باڵندەکان کاتیک لە دانی دەوری داوەکە نزیکدەکەوتنەوە ، دەترسان و بە خێرایی دووردەکەوتنەوە . جا ئەگەرچی توانا ماوەیەکی زۆر چاودێریکردن ، بەڵام هیچ باڵندەیەکیان نە چوون بە لای داو و قەفەزەکەدا ، ئیتر توانا بە تەواوی تاقەتی نەما ، بە ناچاری باخچەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ خواردنی نانی ئێوارەی . پاش نانخواردن ، توانا زۆر بە پەلە گەڕایەوە بۆ ناو باخچەکە ، سەیریکرد داوەکە باڵندەیەکی پچکۆلانەی گرتووە ، هەر بۆیە لە خۆشیاندا نەیدەزانی چیی بکات ، باڵندەکەش لە ترساندا دڵی وەک بینی ئاو دەلەرزی ، بەڵام توانا گوێی نەدایە و گورج لە داوەکەی کردەوە و خستییە ناو قەفەزەکەوە و دەرگاکەشی خڕ لەسەر داخست و خێرا بە ڕاکردن و هاوار هاوار و خۆشییەوە چوو بۆ لای دایکی و وتی : ( دایە گیان ئەها داوەکەم چۆلەکەیەکی گرتووە ) . دایکی کە دیمەنی باڵندەکەی بینی وتی : ( ئەوە چۆلەکە نییە ، ئەوە بولبولە و دەنگیشی زۆر خۆشە ) … ئنجا بە توانای وت : ( تکایە ئەو بولبولە دەنگخۆشە بەرەڵڵابکە ، با تووشی ئازار نەبێت ) . توانا لە وەڵامدا وتی : ( نەخێر بەرەڵڵای ناکەم و زۆر حەزدەکەم لە لام بمێنێتەوە ، هیچ خەمێکیشت نەبێ ، ڕۆژانە هەر خۆم دان و ئاوی بۆ دادەنیم و ژێرەکەشی بە جوانی پاکدەکەمەوە و خزمەتی باشیشی دەکەم ) .
توانا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ زۆر بە پەرۆشەوە خزمەتی بولبولەکەیکرد . دان و ئاوی بۆ دادەنا و قەفەزەکەشی بۆ پاکدەکردەوە . بەڵام ڕۆژی سێیەم ، تۆزێک تاقەتی نەما و بولبولەکەی لەبیرکرد . کاتێ دایکی تەماشای بولبولوکەیکرد ، سەیریکرد نە دان و ئاوی بۆ دانراوە ، نە ژێریشی پاککراوەتەوە . هەر بۆیە بە توانای وت : ( تکایە واز لەو بولبولە بەسزمانە بهێنە و دەرگای قەفەزەکەی بۆ بکەرەوە با ئازاد بێت و بچێتەوە لای هاوڕێکانی . باشە ئەی تۆش حەزدەکەی ئاوا بتخەنە ناو قەفەزێکەوە و دەرگات لەسەر دابخەن ؟ ) . بەڵام توانا گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرت ، تەنها وتی : ( تۆ خەمت نەبێت ، ئیتر هیچکاتێک پشتگوێی ناخەم و لە مەولا هەموو ڕۆژێک دان و ئاوی بۆ دادەنێم و بە جوانیش قەفەزەکەی بۆ پاکدەکەمەوە ) . هەر بۆیە گورج چوو بۆ لای قەفەزەکە و دەرگاکەیکردەوە ، تا پاکی بکاتەوە ، پاشان جامی ئاوەکەی دەرهێنا ، تا ئاوی تازەی بۆ بهێنێت ، بەڵام لەبیری چوو لە دوای خۆیەوە دەرگای قەفەزەکە دابخات ، بە مەش بولبولەکە فرسەتی هانی و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە گڤەیکرد و باڵەکانی کردەوە و دەرپەڕییە دەرەوە و لە ناو ژوورەکەدا چەند جارێک بە خێرایی خولایەوە . پاشان لە ناکاو و زۆر بە قایم خۆیدا بە پەنجەرەیەکدا ، تا بڕواتە دەرەوە ، بەڵام نەیزانی ڕووی پەنجەرەکە شووشەیە ، هەر بۆیە یەکسەر بە تەوقی سەردا کەوتە خوارەوە و تەپەیەکی پچکۆلەی لیێ هەستا . کاتی توانا بولبولەکەی لەسەر زەوییەکە بینی ، گورج چوو هەڵیگرتەوە و خێرا نووسانی بە سنگییەوە ، بەڵام بە حاڵ دڵە پچکۆلەکەی لێی دەدا و بە گران هەناسەی دەدا .. توانا ڕوویکردە دایکی و وتی : ( دایە گیان : تکایە چیی بۆ بکەین باشە ؟ ) . لە وەڵامدا دایکی وتی : ( ئیستا ناتوانیین هیچی بۆ بکەین ) . ئەو ڕۆژە توانا بە خەمباری و زویری تا دەرنگانێکی شەو بە دیار بولبولەکەوە مایەوە . پاشان ئەوەندە ماندوو بوو چوو نووست ، بەڵام لەبەر خەفەتی بولبولە جوانەکەی نەیدەتوانی بنووێت ، ئەو شەوە چەند جارێک خەبەری بۆوە . بۆ بەیانی ، کە لەخەوە هەستا خێرا ڕایکرد بۆ لای قەفەزەکە ، تەماشایکرد بولبولەکە لەسەرپشت کەوتووە و قاچەکانی لێ بڵاوکردۆتەوە و گیانی دەرچووە . بەمەش توانا زۆر دڵتەنگ و پەست و بێزار بوو ، چاوەکانی پر بوون لە فرمێسک و زوو زووش دەیوت : ( من هۆکاری مردنی ئەم بولبولە جوانە بووم ، خۆزگە ئەو دیارییەم بۆ نەهاتایە و ئەم باڵندەیەم نەگرتایە ، خۆزگەش هەر زووش بە قسەی دایکە خۆشەویستەکەی خۆمم بکردایە و ئەم بولبولە جوانەم بەرەڵلابکردایە و ئاوا نەمردایە ) . ئنجا بە چاوی پڕ لە فرمێسکیشەوە وتی : ( مەرج بێت لەمەودوا نە هیچ باڵندەیەک بگرم ، نە هیچ باڵندەیەک ئازار بدەم و نە هیچ باڵندەیەکیش لە ناو قەفەزدا بەند بکەم . چونکە پێویستە ئەوانیش وەک من و دایکم و هەموو گیانلەبەرێکی تر ، بۆ خۆیان بە خۆشی و شادی و ئازادی بژین ) .


تێبینی : دەستکارییەکی زۆر کەمی ئەم چیرۆکەم کردووە .

Previous
Next