Skip to Content

بەی( بەگ)ەکانی کوردایەتیی و تەخوین و جوێنە ئایدیۆلۆژییەکانیان…نووسینی: هیمداد شاهین و کامیارسابیر

بەی( بەگ)ەکانی کوردایەتیی و تەخوین و جوێنە ئایدیۆلۆژییەکانیان…نووسینی: هیمداد شاهین و کامیارسابیر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 24, 2016 General, Opinion

ئەم وتارە، بەسەریەکەوە، چوار بەشە.

بەشی یەکەم

ئه‌م وتاره، گەر بە “مێنتاڵیتی”ی کوردایەتیی، بقەبڵێندرێت، ئەوە‌ به‌زمانێكى توند نووسراوه‌. ئێمە هاتووین، مێنتاڵیتیی کوردایەتیی و جوێنەکانی، تەفسیر بکەین. هاتووین، ئەو هەموو تەخوینەی کوردایەتیی دەیبەخشێتەوە، تەئویل بکەین و لە جوغزی فیکری سیاسییەوە، بەر رەخنەی بدەین. چەمکی “بەی Bey= بێ ” ی تورکیی لە سەردێڕی ئەم وتارەدا کە بەکارهاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەبری (رائید و ئاغا)ی عەرەبیی و فارسیی، یان بەگ، (بەی- یان بەییم Beyim =لۆرد)ی تورکیی بەکاربهێنین، چونکە ئەو تێکهەڵکێشییە سۆسیۆ(سیاسیی وئابووریی)ەی ئەمانە بە تورکیا و ئەردۆغانەوە دەبەستێتەوە، باشتر تەفسیر دەکات. به‌كارهێنانى زمانى توند پێشاندانى جۆرێك له‌ ئاكت و نمايش، نییە، تا به‌وانى ترى بڵێين ئه‌وه‌تا ئێمه‌ زبر و خه‌شن ده‌نووسين وسڵ ناكه‌ينه‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت بڵێين له‌به‌ر دوو هۆكارى سه‌ره‌كیی به‌م زمانه‌ نووسيومانه‌:-

1. به‌جياوازیى ديد و تێڕوانينى هه‌ردوو نووسه‌رى ئه‌م وتاره‌ له‌ هه‌ندێك بواردا، به‌ڵام هه‌ردووكمان كۆكين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دۆخی سیاسیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، تا دێت خراپتر دەبێت، خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى ئێمه‌ به‌ته‌واوى بڕستى لێبڕاوه‌ و چيتر تاقه‌تى گوێگرتنى نييه‌ له‌ چيرۆكه‌ سواوه‌كانى دەسەڵاتی کوردایەتیی، ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ غه‌درێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ين ته‌نانه‌ت ناوى (خێڵه‌كيى)يشى لێبنێين، چونكه‌ لای کەم له‌ ترادیسيۆندا، سه‌رۆك خێڵ، وه‌كو خزمه‌تكارى خێڵ چاوی لێده‌كرێت.

له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ وه‌ظیفەی ئه‌خلاقيى خۆمانى ده‌زانين كه‌ به‌ روون و راشكاویی، به‌خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگەى خۆمانى بڵێين، ئه‌گه‌ر وريا نه‌بين چیی دۆزه‌خێكى گه‌وره‌تر له‌وه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌يه‌، چاوه‌ڕێمان ده‌كات؟ دۆزه‌خێك كه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، بەیەکانی كوردايه‌تیی خوڵقاندوويانه‌، به‌درۆ، سيحر و ته‌ليسمى ناسيۆناليزمیش، ره‌نگيان كرووه‌. لە راستییشدا، له ‌ناوه‌وه‌ جگه‌ له‌ کۆمەڵێ بەییمی قومارچیی و قومارخانەیەکی گه‌وره‌، جگە لە کۆمەڵێ چەتەی سیاسیی، گەندەڵ، دز و تاڵانچیی، هيچىتر نييه‌.

2. ماوەیەکی زۆرە بەناوی ئەوەی کە هەلومەرجێکی باش هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقەوە ببێ بە دەوڵەت، ئازادیی و سەربەخۆیی یەکجاریی بەدەست بهێنێت، کەمپەین و لۆبیی بۆ ئەوە دەکرێ کە لە رێگەی ئابووریی تاڵانکراو بۆ ئەردۆغان! لە رێگەی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردییەوە، جیابوونەوەی یەکجاریی لە عێراق، مسۆگەر دەبێت. لە راستییدا ئەمانە گەورەترین کارخانەی درۆکانی کوردایەتیی و فەلسەفە ناوبۆش و بەتاڵەکەین. ذەخیرەی سەرەکیی درێژەدان بە بیزنسی نەوت و ئابوورییە چەتەگەرییەکەی کوردایەتیی، تەخوینکردنە بەبەکارهێنانی کۆمەڵێ چەمک، لەوانە عێراقچییەتیی و کانتۆنچیی…تاد. ئەمانە وەکو جوێنی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بەکار دەهێنرێن و نەیارەکانی خۆیانی پێ لە کون دەنێنەوە. بۆ تێكشکاندنی تەلیسمەکانی ئەو هەموو تەخوینەی بەناوی عێراقچییەتی، کانتۆنچییەتیی و لۆکاڵیزمی سیاسییەوە دەکرێ، دەبێ بە زمانێکی رەق و حەق، لە ستراکتۆری ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی بدرێت.

دونيای ئێمه‌ له‌به‌رده‌م مێديايه‌كى ترسناكى ئه‌م پڕۆژه‌ ئیستیحماریی و برسییکردنەدا، ده‌يگوزه‌رێنێت. پرۆژە مێدیاییەکانی رووداو، باس و K24 كه‌ مێدياكاره‌كانیان به‌ پاره‌ى كرێى نه‌وت ئيغراكردووه‌ و ئیرادەیان سه‌لب كراوە، هه‌رچۆنێكىان بوێت، رووداوه‌كان به‌و چه‌شنه‌ پێشانى راى گشتى ده‌دەن کە بەیەکان و مافیاکانی کوردایەتیی، دەیانەوێت. ئەم پرۆژانە، رۆڵێکی باش لە ئیستیحماری کۆمەڵگەی کوردییدا دەگێڕن. به‌شێكى زۆریان لە نوخبە ناودارەکان، به‌ پاره‌ ئيغراكردووه‌ تا بۆیان بنووسن، ته‌نانه‌ت نووسەرانی گەورەی گەلەکەمان( بە دەربڕینی چەمکەکانی کوردایەتیی)ی تێدايه‌ هه‌ر له‌م رۆژنامه‌ فاشيست و مورته‌زيقانەوە‌ ڕوو له‌ رای گشتیی ده‌كات و چەمکی “فاشیست” بەسەر هەموواندا، تەخشان دەکات.

به‌ديوێكى تردا، ئه‌م پڕۆژه زه‌به‌لاح و گه‌وره‌يه‌ی مێدیای دزەکانی کوردایەتیی، بۆخۆى له‌ هەناوەوە، هه‌ڵگرى زياد له ره‌هه‌ندێكه‌. به‌ديوێكدا پڕۆژه‌ ئيستيحمارييه‌كه‌يه‌تى و به‌شێكى گه‌وره‌ى كۆمه‌ڵگە و دونياى ئێمه‌ى، وەکو موسته‌عمەرەی( کۆڵۆنی) خۆى، قۆرغکردووە. لەناو ئەم موستەعمەرەیەشدا، جڤاکێکی بەرینی موستەحمەرەی( المستحمرة) لە نوخبە و لە عەوام، بە مۆتیڤی کوردایەتیی، بۆ ئابوورییە چەتەگەرییەکەی، مۆبەڵایز کردووە. ئه‌م كوردايه‌تييه‌ش، جا ناوی ئەصیڵەکەی لێدەنێیت یان موزەیەفەکەی، توانيوييه‌تى سه‌رنجى بڕێكى باشى كۆمه‌ڵگە و به‌تايبه‌ت زۆنی كوردايه‌تييه‌ موحەسەنەکە (زۆنى زه‌رد)‌ به‌ره‌و لاى خۆى ڕابكێشێت.
به‌ مانايه‌كى تر ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگەيه‌كداين چه‌ند بە‌ برسييه‌تى، چه‌ند بە گيرفانى خاڵييەوە‌، ‌ له‌به‌رده‌م شاشه‌ى مێدياكاندا به‌ تاك هه‌زاریی دڕاو و بەهەناسەساردییەوە ده‌يانبينين، هێنده‌ش كۆمه‌ڵگەيه‌كه‌ هێشتا باوه‌ڕى به‌م خورافاتانەی بەیەکانی( بەگەکانی) کوردایەتیی هه‌يه‌؟ لەو دونیا موستەحمەرەیەی ناو موستەعمەرە کوردایەتییەکەیشدا، هێشتا هەزاران سیاسیی ئەحمەق، نوخبەی موهەڕیج و رانتخۆری جۆراوجۆر هەن، باسی کوردایەتیی موزەیەف دەکەن، وەکو ئەوەی ڤێرژنە ئەصیڵە ئەفسووناوییەکە، مەعدەنێکی باشتر بێت!

هاوکات، ئه‌م پڕۆژه‌يه‌، چه‌ندين ساڵه‌ كار له‌سه‌ر سیستەمایزی تاڵانکردن، مافیاگەریی، دزیینی سه‌روه‌ت و سامانى نيشتيمانى ده‌كات. ئەوەی جێگەی ناسۆرییە، ئه‌م پڕۆژه‌ى كوردايه‌تييه‌، ئه‌م ئيستيحمارى فاشيزمى كوردايه‌تييه‌ هه‌ندێك چه‌پيشى سه‌رمه‌ست كردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ كێشه‌كه‌ سيسته‌مێكى ئینتەرناسیۆنالیی و گشتگيره‌، بەیەکانی کوردایەتیی، مافیاکانی ئابووریی سەربەخۆ و قائيدى ضه‌روره‌ى كوردايه‌تیى! بەشێکن لە سیستەمی جیهانیی( سەرمایەداریی) و پێویستە سیستەمی سەرمایەداریی، لەسەری سەرەوە بڕوخێنرێت! بە زمانێکی مەجازیی و میزاجیی پێمان دەڵێن، لە ئەمێریکا و ئەوروپاوە دەبێ سەرمایەداریی بڕوخێنرێت، ئەوسا دیکاتۆرییەتی پرۆلیتاریاش!، باڵی رەحمی بەسەر ئەم ناوچەیەشدا دەکێشێت! ئه‌م ته‌صه‌وره‌ يان ئه‌وه‌تا له‌ جه‌هلێكى ئایدیۆلۆژیی مودمینەوە دێت، يان هەندێکیان بەهۆی راتنخۆرییەوە، درێژە بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی دەدەن، بەڵام گومانی تێدا نییە، دەچێتە خزمەت پرۆژە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییەوە.

پرۆژەی ئیسلامییەکانیش، لە پرۆژەی ئەم جۆرە چەپە سەرلێشێواوە، وێرانتر و خراپترە. پرۆژەی ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان، لە زۆربەی رایەڵە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەم موستەعمەرەیەی کوردایەتییدا بەشدارن و موناصەرەی دەکەن. پڕۆژه‌ی فاشیزمی کوردایەتیی،‌ چه‌ند‌ ئاماده‌ و له‌سه‌رپێيه‌ بۆ كوشتن و تێرۆری هاووڵاتییەکانی خۆى؟ چه‌ند سنگى ده‌رده‌په‌ڕێنێت بۆ كوشتنى رۆژنامه‌نووس، پياوانى ئايينى و هەرکەسێک، نەیاری بێت؟ بەڵام هەموو ئەم جەبەروتەی خۆی لەپێوەندییەکانی دەرەوەیدا، ، جگه‌ له‌ مورته‌زيقه‌يه‌كى سەرلەقێن زياتر، مورته‌زيقه‌يى بۆ توركيا، سعوديه‌ و قه‌طەر، شتێکی تر نییە.
پرۆژەی تەخوینکردن( عێراقچییەتیی، کانتۆنچییەتیی…تاد) لەلایەن بەیەکانی کوردایەتییەوە، به‌ته‌نیا یەک حیزب نایکات، بەبێ حیزبەکانی تر، بەبێ ئیستیحمارییەکانی مێدیای ئەهلیی و ئەوانەی بەخۆیان دەگوت، ئۆپۆزیسیۆن، ئەم ئیستیحمارییە، بەو خەستوخۆڵییە سەری ناگرت. ،لێره‌وه‌یە تا زیاتر، رەخنە لە کەمپەینی ئیستیحماریی بۆ ویلایەتە وەهمییەکەی ئەردۆغان- بارزانیی بگیردرێ، بارۆمەتری تەخوینکردنەکان زياتر سەردەکەون.

عێراقچیی و کانتۆنچیی: جوێنەکانی کوردایەتیی
بەشی دووەم:

باڵە عەسکەریی و باڵە سیاسییەکەی کوردایەتیی لە کوردستانی عێراق، لە شەستەکان و حەفتاکانی چەرخی رابردووەوە بە مورتەزیقەیی بۆ ساواکی ئێران و موسادی ئیسرائیل، دەستیان پێکردووە. ئەوکات، کوردایەتیی، پانئێرانیزمی تەخشان دەکرد. بە زمانە قاچاغچییە بازاڕییەکەی کوردایەتیی، ئێرانچییەتیی دەکرد. سەرۆکی مافیاکانی کوردایەتیی باسی لە سەرزەمینی بوزورگی ( مەزنی) ئێران دەکرد و کوردی بە بەشێک لە ئێران، کولتووری ئێرانیی و سیاسەتی ئێرانیی ئەژمارد دەکرد. ئەو بۆچوونانە لە جوغزی ئێثنۆگرافییەوە Ethnography، لە دیدی زمانناسیی مێژوویی و ئەنثرۆپۆلۆجیای زمانییەوە، دروستن و پشتڕاست کراونەتەوە کە گەلی کورد و زمانەکەی ( دایەلێکتە جۆراوجۆرەکانی) بەشێکن لە کولتووری بەرینی ئێرانیی و نەژادی ئێرانییە کۆنەکان و میزۆپۆتامیا، هاوزەمان، زمانی فارسیی و دایەلێکتەکانیشی بەهەمانشێوە سەر بەم بلۆکە زمانیی و کولتوورییەن.

فارس و کوردیش، ئەوەندە تێکەڵییان بەسەریەکەوە هەیە، کە جیاکردنەوەیان، ئاسان نییە و هەمووی دوو هەزار ساڵێک لەمەوبەر، دەوارەکان و رەشماڵەکانمان جودا کردەوە. هەروەها بەپێی سێ پارادایمەکەی ئەنثرۆپۆڵۆجیست و زمانناسی ئیتاڵیی( دورانتی Duranti ) بێت، زمانە فارسیی و زمانە کوردییەکان( دایەلێکتەکانی)، یەک باکگراوندی نەژادیی، زمانیی و جیۆگرافیشیان هەیە. گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە، سکۆلارێک یان زمانناسێکی مێژوویی ئەم حەقیقەتە مێژووییانە ناڵێت، بەڵکو تاجیرێکی کوردایەتیی بۆ ئەجێندای مورتەزیقەییبوونی خۆی بۆ رژێمی شاهەنشاهیی ئێران و ئەجێندای پانئێرانیزم، وەکو پرۆکسییەک، ئەم قسانەی کردووە.

لە چەرخی رابردوودا، پتر لە سێ دەیە و نیو، ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، لەگەڵ کوردایەتییە موزەیەفەکەدا، هەموویان پێکەوە، مورتەزیقەی ئەرتەشی ئێران( شاهەنشاهیی) و سوپای پاسدارانی ئێرانی ئیسلامیی( شیعیی-خومەینیی) بوون. لە چەتەگەرییەکەی ئەیلول و دواتر لە چەتەگەریی ئەفەندییەکانی ( شۆڕشی نوێ و گوڵان) دا، پێشمەرگە، رۆڵی مورتەزیقەیەکی ئیقلیمیی، بۆ ئێران، بینیوە. پێشلەشکریی بۆ دەوڵەتی ئێران کردووە. داگیرکردنی جاجی ئۆمەران، سیدەکان، هەڵەبجە…تاد، لەلایەن ئێرانەوە و بەهاوکاریی پێشمەرگەی مورتەزیقە، ئەو جیۆگرافیای خیانەتەیە کە کوردایەتیی لە مورتەزیقەییدا، تەواو نغرۆ بووبوو.

سوپای عێراقیان دەردەکرد و سوپای ئێرانی ئیسلامییان دەهێنایە شوێنی، کاتیۆشاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تا قووڵایی گەرمیان دەبرد و چاڵە نەوتەکانی کەرکوکیان بە دەستی سوپای پاسداران، وێران دەکرد. ئارگیومێنتی ئەوکاتی کوردایەتیی و نوخبە قەومچەوییە( بە زمانی شەعبیی عەرەبیی) موهەڕیجەکانی ئەوە بوو کە سوپای عێراق، بە پارەی نەوتی کوردستان( کەرکوک)، چەکوتەقەمەنیی دەکڕێ و کوردستان وێران دەکات. لەکاتێکدا، سوپای دەوڵەتێکی تریان دەهێنا و بە سوپای ئازادییخواز و فریادڕەسیان دەزانی. ئەم حەماقەتە سیاسییانە، لە فەلسەفەی بەتاڵی هیچ تەمەڕودێکی سەر ئەم زەمینەدا بوونی نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە فەلسەفەی پڕ لە پۆغڵەواتی ئەم کوردایەتییە مورتەزیقەیە و بەیەکانی( بەگ، ئاغا و لۆردەکانی) کوردایەتییدا، بوونی هەبێت.

به‌درێژايى مێژووى سیی و ئەوەندە ساڵه‌ى به‌عثیزم( بەعسیزم)، به‌هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ریيه‌ت و تاوانانەی به‌رامبه‌ر به‌ گەلی کورد و ئەم نيشتيمانه‌، كردوونى، ناگات به‌ ڕێژه‌يه‌كى زۆركه‌مى ئه‌وه‌ى ئاغاكانى كوردايه‌تیى دوێنى و به‌يەکانی ئه‌مڕۆى كوردايه‌تیى به‌رامبه‌ر ئه‌م نيشتيمانه‌ و هاووڵاتییانی کوردستان، ده‌يكه‌ن. دۆخى سیاسیی و ئابووریی خه‌ڵکی کوردستان، رۆژ دواى رۆژ به‌ره‌و ئه‌وپه‌ڕى خراپىی و داڕووخان ده‌چێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، به‌يه‌كانى كوردايه‌تى، بێباكتر و غەمساردتر سه‌رقاڵى پڕۆژه‌كه‌ى خۆيانن، پڕۆژه‌ى ئيتسيحمارى نه‌ته‌وه‌يى و گواستنه‌وه‌ى فه‌نتازياى به‌ڵته‌جيانه‌ى پارادایمی توركیى-سعودیى- قه‌طه‌ریى بۆ کوردستان و دزیینی دەیان میلیارد دۆلاری تر.

لە ساڵانی شەستەکاندا، کوردایەتیی، (حشع)ی بەوە تەخوین دەکرد کە عێراقچییەتیی دەکەن و پێیانوایە کێشە سیاسییەکانی کوردستان بە عێراقەوە بەستراوە. لە کاتێکدا کوردایەتیی ، حیزبە قائیدەکەی و قائیدە ضەرورەکەی، مورتەزیقەی دەوڵەتی ئێران و موخابەراتی جیهانیی بوون. پاش دوو دەیە و نیو، باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتیی( یەکێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران)، لاسایی باڵە رەسەنەکەی کوردایەتیی( پارتیی) کردەوە و ئاڵای شۆڕش(ئاش) و چەپەکانیان بە عێراقچییەتیی تەخوین دەکرد.

بیانووی ئەم تەخوینانەش ئەوە بوو کە خۆیان کوردستانیی! بیردەکەنەوە و لەچوارچێوەی عێراقدا بیرناکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو، رابەری رۆحیی ئەم باڵە( تاڵەبانیی) لەهەموو کەس زیاتر، پێچەوانەی پرۆژەی ئەم تەخوینە، کاری سیاسیی دەکرد. سەرەنجامیش، لە هەمووکوردێک زیاتر، عێراقچییەتی کرد و هەموو قورسایی سیاسیی خۆی لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا، لە ئینتێگرەیشنی ( تەکامول) عێراقدا خەرجکرد. بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان، ئەم تەخوینکردنەی چەپەکان، تا ڕادەیەکی باش کێرڤی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و قەومچەویی کۆمەڵەی رەنجدەران و بەڵتەجیی یەکێتیی بەرزکردبووەوە و درێژەیان بە حەماقەتەکانی کوردایەتیی دا، بەڵام ئێستا، خۆیان بەهەمان چەکی کوردایەتیی، تەخوین دەکرێن.

تۆ لەوە بگەڕێ، بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی دوێنێی ئاش، ئێستا بوونە بە عەڕابی دەوڵەتە کوردییەکە و بەردەوام دەقیڕێنن و دەڵێن” دەوڵەتی کوردیی بەڕێوەیە”، تۆ لەوە بگەڕێ ئەو تاجیرانەی( ئاش و کۆمەڵە) گەنجی کوردیان بە کوشت دەدا، ئیرهابی سیاسیی و فیکرییان دەکردن، بە ئیعدامکردنیان دەدان و لە زیندانەکانی بەعثیان دەئاخنین، ئێستا بە کۆنە ئاشەکان و بە کۆنە کۆمەڵەکانەوە، زۆربەیان، بە تەخدیرەکانی دەوڵەتی کوردیی و بە فەضاحەتەکانی کوردایەتیی، مودمین بوونە. قەومچەوییەت و میللەتچیی( بە زمانی تورکیی) بووە بە مانیفێستی سیاسییان، تۆ وەرە سەیری مێژووی تەخوینەکانیان بکە کە بەرامبەر یەکتر کردوویانە.

٣٥-٣٦ ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی یەكێتیی و کۆمەڵەی رەنجدەران، خەڵکیان بە چەکی کوردایەتیی تەخوین دەکرد. بە جوێنی ئایدیۆلۆژییانە و جوێنی سیاسیی لە چەشنی عێراقچییەکان، نەیارە سیاسییەکانی خۆیان تەخوین دەکرد، تەنانەت لە زیندانەکانی رژێمەکەی صەدام حوسێنیشدا، زیندانییەکانی یەکێتیی لە ئەبوغرێب، هەر بە تەخوینکردنی ئەوانەوە نەوەستان کە لە شاخ، لە مەرجەعی کوردایەتیی جودابوونەوە و ناوی خۆیان نا( ئاڵای شۆڕش= ئاش)، بەڵکو بە ئیستیحماری کوردایەتیی، موستەحمەرەیەکیان لەناو زیندانەکانی بەعثدا دروست کردبوو. بایکۆتی هەموو ئەوانەیان دەکرد کە عێراقچیین! و بە جوێنی کوردایەتیی( عێراقچیی)، دەیانشۆردنەوە و تەنانەت عەذابی رۆحیی ئاشەکان و چەپەکانیان، دەدا. بەمەش دڵیان ئاوی نەخواردەوە، پەلاماری فیزیکیی و بەڵتەجییانەیان بۆ سەر عێراقچییە زیندانییکراوەکان، دەستپێکرد. جەلادەکانی رژێمیش، سوودیان لەو حیقد وکەراهییەتەی کوردایەتیی وەردەگرت و جاسووسیان لەسەر یەکتر پێدەکردن.

پاش ٣٦ ساڵ، بەسەر تەخوینکردنی عێراقچییەکاندا، لەلایەن باڵە موزەیەفەکەی کوردایەتییەوە( یەکێتیی و کۆمەڵە)، باڵی ئەصیڵی کوردایەتیی و موئەسەسەی کوردایەتیی( بارزانیی و پارتیی) بەهەمان چەکی شەستەکان، بەهەمان چەکی هەشتاکان، بەڵام بە ڤێرژنی پێشکەوتووتر لە مورتەزیقەییدا، لای کەم باڵێک لە یەکێتیی و تەواوی گۆڕان تەخوین دەکەن بەوەی عێراقچییەتی دەکەن! ناشیرینیان دەکەن بەوەی هێزی لۆکاڵیین و بیر لە کانتۆنی سلێمانیی و کانتۆنی کەرکوک دەکەنەوە. سەرەنجامیش، بەر بەرقی تەخوینیان دەدات.

بەم پێودانگانەش، جوێنی ئایدیۆلۆژیی (عێراقچیی، کانتۆنچیی و لۆکاڵیی) بەهەموو ئەوانە دەدەن و تەخوینیان دەکەن کە بیر لە بەهەرێمکردنی کەرکوک و سلێمانیی دەکەنەوە( جگە لە غوڵامەکان و شەریکە دزەکانی خۆیان لەناو یەکێتییدا ). ئەمە لە کاتێکدایە کە مانیفێستی کوردایەتیی نەک هەر لۆکاڵیی، نەژادیی و طائیفییە، بەڵکو لەو کاتەوەی کە وێڵاشی بڕدراوە، هەر بە مورتەزیقەیی، طەریقەتیی، ناوچەگەریی، عەشیرەتگەریی و خزمخزمێنە هێناویەتی.

ئەو باڵە موحەسەنەی کوردایەتیی کە ئێستا تەخوینی هەموو کەس دەکەن و بە عێراقچیی و بەکانتۆنچیی تۆمەتباریان دەکەن، ئەی خۆیان چیین؟ کێن و بۆچی ئەم کەمپەینانە بە گەرمیی رادەگەیەنن؟ وەڵامەکەی زۆر رۆشنە، بۆ ئەوەی بیزنسی نەوت، بۆ ئەوەی ئابوورییە قاچاغەکەی کوردایەتیی، بۆ ئەوەی مورتەزیقەیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانییە طائیفییەکان، بۆ نیۆکەمالیزمەکەی ئەردۆغان، بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئاکپارتی، لە راستەڕێی خۆی لانەدات، بۆ ئەوەی بیزنسە دەیان میلیارد دۆلارییەکان و کۆنتراکتە ٥٠ ساڵییەکە، بەردەوام بن، پێویستە بەردەوام کەمپەینی ئیستیحماریی و حەماقەتی کوردایەتیی درێژەی پێبدەن. پێویستە ئەم کەرکردنەی تاک و جڤاک، ئەم موستەحمەرەیە لە ناو موستەعمەرەی زۆنی کوردایەتییدا، لە ئاستی سیاسیی و کولتوورییدا، درێژەی پێبدەن.

لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە و نییە، مەگەر تەنیا لە لای (نوخبە و سیاسییە) ئەحمەقەکانی کوردایەتیی بوونی هەبێ، کاتێ لەگەڵ دەوڵەتەکەی خۆتدا( عێراق) مامەڵە بکەیت، بە خیانەت، تۆمەتبار بکرێی، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتێکی وەکو تورکیای ئێستا و ئێرانی رۆژە شکۆدارەکانی کوردایەتیی، سوخرەکێشیی بکەیت، بە خەباتی نەتەوەیی! و پیرۆزیی نیشتمانیی ئەژمارد بکرێ! ئەمە لە کاتێکدایە، عێراقی ئێستا، هەموو مافە نەتەوەیی، نەژادیی و کولتوورییەکانی گەلی کوردی بە دەستور سەلماندووە و تەنانەت مافە ئابوورییەکانیشی، وەکو هەموو تاکێکی عێراقیی، وەکو هەموو شیعەیەکیش، سەلماندووە. ئەوە راستە، دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێکی طائیفییە، بەغداد، بۆ خۆی دەردەدارە، بەڵام لەئاست مافە سیاسیی و ئابوورییەکانی گەلی کوردستاندا، عێراق تاوانبار نییە، بەڵکو بەیەکانی کوردایەتیی، دز و چەتەو تاوانبارن.

لەبەرامبەردا، دەوڵەتی تورکیا لەژێر حەماقەتەکانی خەلیفە ئەردۆغاندا، بەشێکی زۆری لە کوردستانی تورکیا وێران کردووە، سیاسییەکانی کورد لە زیندان دەئاخنێ، کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا، وەکو موستەعمەرەی خۆی سەیر دەکات و وێرانیان دەکات، گوایە کوردی تێرۆریستی لێیە، بەڵام کوردایەتیی و پێشمەرگەکانی ده‌يانه‌وێت ببن به‌ سواره‌ى ئه‌ردۆغان وئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌كاتێكدا ئه‌زموونى سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ زۆر له‌م ئه‌زموونه‌ پۆغڵه‌ دره‌خشانتر بوو، لای کەم سواره‌كانى حه‌ميدييه‌ له‌ سێكته‌ره‌ زۆر حه‌ساسه‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بوون، به‌ڵام ئه‌مانە، جگه‌ له‌ رانتخۆرێكی ئیقلیمیی و پرۆکسییەکی هەزیل زياتر، هیچیتر نيین.

ئه‌ردۆغانيش جگه‌ له‌ كه‌ماليستێك، جگه‌ له‌ فاشيستێكى ئيخوانى زياتر، شتێکیتر نييه‌، به‌ڵام بەیەکانی كوردايه‌تیی و فاشیزمی ئیخوانیی لە کوردستاندا، ده‌يانه‌وێت له‌ڕێگاى ڕاكێشانى عاطيفه‌ى ديينىی خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌ردۆغان، وه‌كو فيگه‌رێك له‌ فيگه‌ره‌كانى ده‌وڵه‌تى عوثمانیى پێشان بده‌ن. له‌كاتێكدا عوثمانييه‌كان به‌هه‌موو ناشيرينييه‌كانى خۆيانه‌وه‌، ده‌یان قات له‌سه‌روو ده‌وڵه‌ته‌ رۆح كه‌مالیى و فاشيیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانه‌وه‌ن، به‌هه‌موو مێژووى ده‌وڵه‌تى عوثمانيدا بچۆره‌وه،‌ نابينيت جڤاکە کوردییەکان، لە سکەیڵی گەورەدا، وەکو ئەم بەربەرییەت و وەحشییگەرییەی ئەردۆغانیان بەسەردا هێنرابێت.

هۆكاره‌كه‌ش به‌پله‌ى يه‌كه‌م بۆ پانوپۆڕیی خه‌ياڵى سياسیى عوثمانييه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌پله‌ى دووەميش بۆ ديد و روانينى كورده‌كانى ئه‌وسا، به‌ڵام ئێستا هه‌مووان شاهێدى ئه‌وه‌ين كه‌ كوردستانى توركيا چۆن بووەتە‌ دۆزه‌خێك بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ده‌ست ئه‌م وشكه‌ ئيخوانیی و كه‌ماليستانەوە‌ کە خۆی لە ئەردۆغانیزم و فاشیزمی ئەردۆغانییدا، بەرجەستە کردووەتەوە؟ کوردایەتییش، باشترین مورتەزیقەی ئەم فاشیزمە ئەردۆغانیی و ئیخوانییەیە. ئەو تورکیاچییەتییەی کوردایەتیی دەیکات، ئەو خیانەت و خۆفرۆشییەی کوردایەتیی بۆ ناسیۆنالیزمی تورکیی و بۆ ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغان دەیکات، لە مێژووی هەموو گەلی کورددا، قەبارە و چەندایەتیی هیچ جۆرە نۆکەرایەتییەکی پێناگات و ریکۆردی هەموو خیانەتەکانی شکاندووە.

تەکفیری عێراقچییەکان: درێژەدان بە دزییەکانی کوردایەتیی
بەشی سێیەم:-

لە بەشی یەکەم و دووەمدا، باسی ئەو جوێنە ئایدیۆلۆژیی و تەخوینکردنانەمان کرد کە بەیەکانی ( بەگەکانی) کوردایەتیی، نەیارەکانی خۆیانی پێ تەخوین دەکەن. عێراقچیی و کانتۆنچیی، یەکێکە لەهەرە جوێنە بازاڕییەکانی کوردایەتیی و تەعبیر لە ئاست نزمیی سیاسیی و هەزیلیی فیکریی ئەم خەراباتە سیاسییە فاشیلە دەکات. لەم بەشەدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین کە تەنیا میکانیزمی عەقڵانیی، واقیعییەتی سیاسیی و ئابووریی، ئەوەیە کە ئەم مەلەفی دزییە دەیان میلیارد دۆلارییە لەدەست ئەم مافیایانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت( لای کەم دەسەڵاتی رەهایان بەسەریدا نەبێت). پێش ئەوەی هەر هەنگاوێکی کرداریی بنرێت، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە دەبێ فەشەلی ناسیۆنالیزمی کوردیی، رابگەیەنین. دەبێ لە مەغزا سیاسییەکانی کوردایەتیی، لە فیکری سیاسیی ئەم ناسیۆنالیزمە تاڵانیی و چەتەگەرییە بدرێ و ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی، طائیفیی و ئابوورییەکانی بەیان بکرێت. بە ریسواکردنی کوردایەتیی و کارتەکانی، فشاری جەماوەریی و رای گشتیی، بۆ سەر مەلەفی نەوت، زیاتر و زیاتر دەبێت.

کۆمەڵێ بۆچوونی جیاواز، بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی کوردستان هەن. هەندێ لە ئیسلامییەکان ( بەتایبەتیی یەکگرتوو)، باڵی کڕدراوی ناوەند، هەندێ لە فیگەرەکانی کوردایەتیی لەناو یەكێتیی( مەلا بەختیار، نەجمەدین کەریم و قوباد تاڵەبانیی…تاد) هەروەها هەندێک لە نەتەوەییە نەژادییەکانی گۆڕان، کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان، ئەوانەی لوقاحی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و دەوڵەتی کوردیی، بەری نەداون، ئەمانە هەموویان ( لە هەموو حیزبەکان)، ئاو لە ئاشی دەوڵەتە کوردییە تاڵانییەکە دەکەن. بەهۆی رانتی نەوتەوە بێت، یان بەهۆی حەماقەتی سیاسیی و فیکرییەوە بێت، هێشتا ئومێدیان بەوە هەیە کە بە ریفۆڕمەکانی! بارزانیی، بە ریتۆریکەکانی ماڵی تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، بە غەزەلی قەومچەوییەکانی گۆڕان، بە درۆی تاجیرەکانی کوردایەتیی، کوردستان بەرەو دەوڵەتبوون سەر هەڵدەگرێ. لە دوا مەنزڵیشدا، بە کوردستانی سەربەخۆ( سەربەئەردۆغان) دەگەین.

لێرە و لەوێش، هەندێ دەنگی چەپ لە کۆمۆنیستە جۆراوجۆرەکان، ئەوانەی بە خەباتی چینایەتیی شاگه‌شكه‌ن و بە ریتۆریکی ئایدیۆلۆژیی پێیانوایە ‌ برينه‌كه‌ له‌ جێگايه‌كى تردايه‌،ئەم زامەی ویلایەتە رەیعییە مورتەزیقەکە، زامێکی بچووكه‌ و بەشێکە له‌ برينێكى گه‌وره‌ترى جيهانیی (سیستەمی سه‌رمايه‌داریى!) و دەبێ لەسەری سەرەوە چاک بکرێت. ئەمە ئەگەر یەک لەهەزاریشی راست بێت، بەڵام جەهلێکی عەقائیدیی زۆر بێوێنەیە کە لەسەر شیعارات و خورافییاتی ئایدیۆلۆژیی، خەڵک بە ئومێدی ئاڵوگۆڕی ریشەیی، بجەهلێنرێن. لەسەر ئەرضی واقیع، ئەم وڕێنە ئایدیۆلۆژییانە، قسەی هەرزانن و هیچ رێگە چارەیەکی عەقڵانیی و ئاڵتەرناتیڤێکی واقیعییان پێ نییە و بگرە سەرەنجامیش، جۆرێکە لە خۆشخزمەتیی بە مافیاکانی کوردایەتیی و دەوڵەتە کوردییەکە. بە کورتیی، هەردوو پرۆژەی { ئیسلامیی ( سەلەفیزم و ئیخوانیزم) و کۆمۆنیستیی}، لە سێ چوار دەیەی رابڕدوودا، جگە لە خورافاتی ئایدیۆلۆژیی، وەیلاتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خەساندنی گەنجی کورد، بێئومێدیی و بێئاسۆیی زیاتر، موناجاتی دینیی و لێنینی، شتێکی تریان بەرهەم نەهێناوە.

هاوکات، ئه‌و شه‌رم و ترسنۆكييه‌ى گۆڕان و بەشێکی بەرچاو لەسەرکردە کۆنەکانیان كه‌ تائێستا ته‌جاوزى حه‌قامه‌تى ناسيۆناليزم و كوردايه‌تييان نه‌كردووه‌، بەشێکی گەورەی ئەم دوومەڵە پڕ لە کێمەیە کە لەجەستەی ئابووریی سیاسیی کوردستان و مەلەفی نەوتدا، بەردەوام دەئاوسێ و هێشتا نەتەقیوە. قسەی بۆش و هه‌رزانى عێراقچیی و جوێنی کانتۆنچیی، بەوە خاڵیی دەکرێتەوە کە بە بەرنامەوە، بە پرۆژەوە، بە فیکری سیاسیی و بە روئیای شەفافەوە، دژایەتیی ئەم ئیستیحمارییانەی کوردایەتیی بکرێت. پێش هەموو شتێ دەبێ له‌ ته‌خوينه‌كانى سەرانی كوردايه‌تیی و مێديا ڕانتخۆره‌كه‌ى نەترسین. سەرومڕ، پرۆژەکانی کوردایەتیی، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە کوردستانی ئێستای عێراق، بکرێ بە کۆڵۆنیالیزەی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەوەیە کە ویلایەتی موصڵ لە خەونی چۆلەکەی ئەردۆغاندا، بە تورکیاوە بلکێندرێتەوە( to be annexed )، والییەکی مورتەزیقەی کورد نەژادی هەبێت و بە پارەی نەوت و غازی کوردستان، شەڕی پەکەکە و کوردەکانی سوریا بکات، لای کەم لەباری سیاسییەوە، دژایەتییان بکات.

ئەم شەڕە، شەڕی فیکرە. شەڕی فیکری سیاسییە، شه‌ڕى روئیە، روئيا و دونيابينیى سياسييه‌، شه‌ڕى ئه‌وانه‌يه‌ كه‌ جورئه‌تى فيكرييان هه‌يه‌ و سڵ له‌ هيچ ته‌خوين و ته‌حقيركردنێكی کوردایەتییە نەژادییەکە ناكه‌نه‌وه‌. بۆ ئەوەی ئەمە بکەی، دەبێ هەموو پۆغڵەواتێکی نەژادیی و طائیفییت لەخۆت تەکاندبێ. ئەوکات، تێدەگەیت کە حەنان فەتلاویی، وەفیق سامەڕائیی، عەبادیی و مالیکیی، دوژمنی گەلی کوردستان و دۆزە سیاسییەکەی نیین، ئەوەندەی مافیاکان و رائیدە دزەکانی کوردایەتیی، دوژمنی ئاییندەی سیاسیی گەلی کورد، دوژمنی ئابووریی کوردستان و دوژمنی پارچەکانی تری کوردستانن. ئەو عەرەبە عێراقییانە، ئەگەر خاوەنی گوتاری ناسیۆنالیزمی عێراقیی بن، یان طائیفییبوون، مۆتیڤی سیاسییان بێت، هێشتا بەهەزاران جار لە ناسیۆنالیزمە تورکیی ، فاشیزمە ئەردۆغانییەکە و مورتەزیقەکەیان( کوردایەتیی) باشتر، ئینسانییتر و عەقڵانییتر لە کێشەی سیاسیی کورد، دەڕوانن. لای کەم لە جوغزی ئابوورییەوە، ئابووریی کوردستان، تاڵان و هەڕاج ناکەن و پارەکەیشی بە دەوڵەتێکی فاشیستی ئیخوانیی- كه‌ماليستیى وەکو تورکیا، نادەن.

به‌عه‌قڵى کام گەلحۆی سیاسیی سەر ئەم زەمینەدا ده‌چێت كه‌ تۆ له‌ڕووى جيۆپۆله‌تيك، دەستور و قانونە نێوده‌وڵه‌تيیەکانیشه‌وه‌ به‌شێك لە عێراق بیت، كاتێك بته‌وێت بگه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ پايته‌خه‌ته‌كه‌ى و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی عه‌بادیی و ئەندام پارلمانەکانی وەکو فەتلاوییدا بكه‌يت، خيانه‌ت بێت، به‌ڵام کۆنتراکتی تاڵانیی ده‌يان ساڵه‌( پەنجا ساڵ) له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى فاشيستى وه‌كو توركيا ، منداڵکوژێکی وه‌كو ئه‌ردۆغاندا بكه‌يت و نه‌وتى خه‌ڵكی کوردستانيان ڕاده‌ست بكه‌يت، ئه‌مه‌ بە خەباتکردن بۆ دەوڵەتی کوردیی! و بە نيشتيمانپه‌روه‌ریی‌ لەبازاڕی پڕ لە حەماقەتی کوردایەتییدا، ویقاری هەبێت! لە واقیعدا، ئەم هەموو تەکفیرکردنەی نەیارەکانی کوردایەتیی، بە ناوی عێراقچیی و کانتۆنچییەوە، تەنیا مەبەست ئەوەیە کە دزییەکان و بیزنسە چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، درێژە بکێشێت.

نه‌فامیى سياسیى بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ پێتوابێت، ئه‌وه‌ى تورکیاچییەتیی و ئەردۆغانچییەتی بکات، ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردە و ئه‌وه‌ى خەڵکی تر ده‌يكه‌ن بريتيیه‌ له‌ خيانه‌تی عوظما و فرۆشتنى نيشتمان. راستییەکەی کوردایەتیی حەقیقیی( بە موزەیەف و بە ئۆریجناڵەوە، بە ماڵی بارزانیی و تاڵەبانییەوە، بە ناوەندی بڕیار و ناسیۆنالیستەکانی گۆڕانەوە)، رێک ئەوەیە کە رائیدەکان و رانتخۆرەکانی دەوڵەتی کوردیی، بانگەوازی ئابووریی سەربەخۆ دەکەن و صەدان میلیارد دۆلار لە داهاتی نیشتمانیی دەدزن. ئەمە بۆ ئەو کوردە نەژادپەرست و ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرایەش دروستە کە دژایەتیی هەموو حیزبەکان دەکەن، بەڵام یەک ستراتیژی ئەحمەقانەی نەژادیی بەوانیانەوە دەبەستێتەوە کە با کورد! خۆی خاوەنی نەوت و پارەکە بێت، نەک عەرەبی پێ پەتیی( بە بیرکردنەوەی نەژادپەرستە راسیست و فاشیستەکانی کورد، عەرەب پێ پەتییە و کوردیش، لەوەتەی دوو گوێچکەی روواوە، بەکڵاشی هەورامییەوە، بەربووەتەوە). بە مێنتاڵیتیی فاشیزمی کوردایەتیی، گرینگ ئەوەیە کورد بیدزێ، نەک عەرەبی شیعە، بیدزێ!

ئەوە مالیکیی و عەبادیی نیین کە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. ئەوە ناسیۆنالیزمی دەوڵەتە کوردییەکەیە کە بودجە و موچەی خەڵکی کوردستانی بڕی. راستییەکەی شەخصی ئێمەش لەجێگەی مالیکیی و عەبادیی بووینایە، هەر هەمان کارمان دەکرد، چونکە ئەوەی ئەوان کردوویانە، بە پێی دەستور جوڵاونەتەوە و دەستوریش رێگە نادات، کۆمەڵێ میلیشیای کوردایەتیی، دەست بەسەر سامانی نیشتمانیی بەشێک لە وڵاتدا بگرن و بیدزن. راستە بڕینی موچە، جەریمەیەکی زۆر گەورەیە، بەڵام جەریمەی گەورەتر، دزیینی صەدان ملیارد دۆلار نەوتی کوردستانە و پارەکەیشی دیار نییە و موچەکەیش نادەن. جەریمەی گەورە ئەوەیە کە تۆ جاشییەتیی و مورتەزیقەیی بۆ تورکیا بکەیت و دژی وڵاتەکەی خۆت( عێراق و کوردستانی عێراق)، خیانەت بکەیت.

قەذافیی، بەو شێتەڵۆکییەوە، پێیوابوو هەر وڵاتێ ناسیۆنالیزم، مەغزو بەرنامەی بێت، خەرابات چاوەڕێیەتی. عوظەماکانی کوردایەتیی و نوخبە رانتخۆرەکانی، پاش ئەم هەموو کاولکارییەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، هێشتا دەڵێن، بەرەو ئابووریی سەربەخۆ و بەرەو کوردستانی سەر بەر ئەردۆغان، هەنگاو دەنێین. راستییەکەی بەرەو مورتەزیقەیی زیاتر و بەرەو خەراباتی زۆرتر دەڕۆین. ئەگەر بە دیدەکەی “چۆمسکی”ش بێت، ناسیۆنالیزمی کوردیی، رێگەیەکە بۆ سەرکوتی سیاسیی و ئەم هەموو تێرۆرە سیاسیی و برسییکردنە بە ئەنقەستە، لە خودی دی ئێن ئەیDNA کوردایەتییدا هەیە. ئەگەریش بە دیدی ساتیرنووس، کارل کراوس، وەریبگرین، ئەوە ناسیۆنالیزم، ئەو حەنان و خۆشەویستییەیە کە کەروگاکان، ئەحمەقەکان، نەفامەکان( بە تەرجەمەی حەرفیی، مێشک قوفڵدراوەکان- blockhead )، مۆب و بەڵتەجییەکانی کوردایەتیی بە نیشتمانێکی دزراوەوە دەبەستنەوە.

لەم نیشتمانە دزراو و تاڵانکراوەدا، ماوەیەکی زۆر خەڵکیان تەکفیر دەکرد بەوەی هەرکەسێ نەڵی مالیکیی موچەی بڕیوە، ئەوە شەریکە لەو تاوانی موچەبڕینەدا. نزیکەی دوو ساڵ، ئیستیحماری کوردایەتیی بە خەستیی کاری کرد و دەیان ئەکادیمیست، نووسەر و نوخبەی سیاسیی و کولتووریی، میدیای بەتاڵی ئەهلیی و نوخبە دەرەجەدارەکانی کورد، وەکو قازوقوڵینگ، قیڕەقیڕەکانی کوردایەتییان، دووبارە دەکردەوە. ئەم بەڵتەجییانەی کوردایەتیی، دەیانەوێ، پتر لە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی کوردستان ( بە کەرکوکیشەوە) رۆژانە بفرۆشن، هێشتاش لە بەغدادەوە، لە نەوتی بەصرە و عەممارەوە، بودجەی کوردستان بنێردرێت. ئەمە لە حەماقەت و ئیستیحماری کوردایەتییدا نەبێت، لەهیچ جەهلستان و مۆبستانێکدا( وڵاتی مۆبەکان) جێگەی نابێتەوە.

مه‌سه‌له‌ى نه‌وتى كه‌ركوك كه‌ بەیەکانی كوردايه‌تیى بۆ خه‌ليفه‌ ئه‌ردۆغانی دەنێرن، یان بە تانکەر بە ئێرانی دەفرۆشن، سه‌رى هه‌موو كێشه‌ ئابورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراقه‌. عه‌بادیى و ماليكييش چه‌ندين جار و له‌ چه‌ندين شوێن و چاوپێكه‌وتندا، به‌ ئاشكرا و ڕاشكاوانه‌ وتوويانه‌ هه‌ركاتێك نه‌وتى کوردستان بە گشتیی و کەرکوک بەتایبەتیی، خرانەوە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییکردنی حكومه‌تى فیدراڵەوە، ئه‌وسا ئه‌وان ئاماده‌ن موچه‌ و بودجه‌ى خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌رانی کوردستان بنێرن. بێگومان دز و مافیاکانی كوردايه‌تىی، به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ئاماده‌نين ئه‌م نه‌وته‌ راده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سەرچاوەی هه‌موو غه‌زوبه‌زه‌كانى كوردايه‌تیى له‌ئێستادا، بريتييه‌ له‌م نه‌وته‌. كوردايه‌تیی، بنەماڵەکانیان و مافیاکانیان، به‌م نه‌وتفرۆشییە قاچاغە، دەیانەوێ دەسەڵات و پارەیان لەدەستدا بمێنێتەوە و درێژە بە فاشیزمی کوردایەتیی بدەن.

له‌سه‌روو هه‌مووشيانه‌وه‌ مه‌ندوبه‌كه‌ى كوردايه‌تیى (نه‌جمه‌دين كه‌ريم)، ئه‌م پياوه‌، بووە بە مافیایەکی گەورە، دەستی لەگەڵ موئەسەسەی کوردایەتیی و تورکیادا تێکەڵکردووە و نەوتی کەرکوک، تاڵان دەکات. به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك شه‌ڕى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ نه‌وتى كه‌ركوك نه‌چێته‌وه‌ ژێرده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عێراق، چونكه‌ ئه‌م موفتييەی دەوڵەتی کوردیی و ئەم موفتەیە‌ى فاشيزمى كوردايه‌تیى، ئه‌م رائيده قانيع و تابیعە‌، له‌ئێستادا، مانگانە ده‌يان مليۆن دۆلار له‌ به‌خشيشى تاڵانیی نه‌وتى پێده‌درێت، بەڵام ئەم چەتەگەرییەی پارتیی و نەجمەدین کەریم بە نەوتی کەرکوکەوە دەیکەن، بەبێ موبارەکە و شەریکایەتیی ماڵی( تاڵەبانیی+ ئیبراهیم ئەحمەد) بەعەقڵی ماسییشدا ناچێت. راستە، پارتیی و نەجمەدین کەریم، تەنفیذی نەوت دزیینەکە بە سکەیڵی گەورە دەکەن، بەڵام شەرعییەتەکەیشی لە ماڵی تاڵەبانیی و ئەحمەدەوە وەرگیراوە و ئەوانیش شەریکە دزن.


به‌هه‌رێمكردنى (كه‌ركوك و سلێمانیی): پرۆژەی نیشتمانسازیی نەک نەتەوەسازیی
بەشی چوارەم و کۆتایی

کورتەیەکی ثیۆری
بابەتی ناسیۆنالیزم و پاتریۆتیزم( نیشتمانییبوون)، کێڵگەیەکی فراوانە و رەهەندی جیاواز و ئاقاری فرە مەودای هەیە. زۆر لە سکۆلارەکان و توێژەرەوەکانی ئەم دوو رەهەندە، جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو پارادایمە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییە، ئەوەندە بەهەند وەرناگرن. دیارە بەشێکی بەرچاویش جیاوازییەکانیان بەر رووناکیی داوە. نە بە تێڕوانینی ئەو سکۆلار و موفەکیرانەی هەردووکیان رەت دەکەنەوە، نە بە تێڕوانینی ئەوانەی فەضیڵەتی ئەمیان بەسەر ئەویاندا دەدەن، ئێمە دەمانەوێ لەسەر ئەرضی واقیعی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، بزانین کامیان گونجاوتر، پراکتیکییتر و عەقڵانییترە؟

به‌رله‌وه‌ى بچينه‌ سه‌ر ڕاڤه‌كردنى لايه‌نى “ثيۆرى”ی ئه‌م چه‌مكه‌ (ناسيۆناليزم)، چاوێك له‌مێژووى سياسى كورد و ئه‌حفاده‌كانى بكه‌ن، به‌درێژايى مێژووى حه‌فتا ساڵ، سەکردە و قوطبە حیزبیی و بنەماڵەییەکاننى كورد، شه‌ڕ و ئاشوبيان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بەیەکتریان گوتووە، تۆ نەتەوەیی( ناسیۆنالیست) نیت و من لە تۆ ناسیۆنالیستترم. یەکێتیی، دروشمێکی هەبوو لە هەشتاکاندا، لێکدا لێکدا دەیگوتەوە( جارێکیتر ناهێڵێن کەس بازرگانیی بە مەسەلەی کوردەوە بکات)، قۆشمەچییەکانی ناو یەكێتییش کردبوویان بە نوکتە و دەیانگوت( جگە لە خۆمان). ئێستا ئەو یەكێتییە، خۆی بەدەستی سێ و چوار، لای پارتیی بووە بە دەڵاڵی ئەم بازرگانییکردنە بە مەسەلەی کوردەوە. جا ئەم بازرگانییکردنە لە رابردوودا، لە نێوان جەلالیی و مەلاییدا، لەنێوان یەكێتیی و پارتییدا، دروست، کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردییە.

مرۆڤ كه‌ ته‌ماشاى ئه‌م خه‌رابات، پۆغڵەوات و مه‌هزەله سياسييه‌ى كوردايه‌تىی ده‌كات، ته‌ماشاى ئه‌و مێژووە سیاسییە پڕ لە غه‌وغايه‌ ده‌كات كه‌ ناوى لێنراوه‌ (شۆڕشى كورد) تووشی ئێڵنجدان دەبێتەوە. به‌ديدى ئێمه‌ ئه‌وه‌ى ناوى لێنراوه‌ شۆڕشى كورد، جگه‌ له‌ دروستكردنى میلیشیای ئەم بنەماڵە و ئەو بنەماڵە، جگە لە تێرۆر و کوشتنی یەکتر، جگە لە چەتەگەرییەکی پارتیزانیی، شتێکی تر نه‌بووه‌. هۆكاری ئەم هەموو شەڕە ناوخۆیی و یەکترگەوزاندنانەش، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوطبە جۆراوجۆرەکانی کوردایەتیی، سەری یەکتریان بەناوی ئەصیڵ و موزەیەفەوە، پاندەکردەوە.

لێکدانەوە سەرەتاییەکانی ژەنەراڵی فڕانسیی، دی گۆل، بۆ ئەو نەژادییە کوردانەی لە ناسیۆنالیزمدا، خوساونەتەوە، بەکەڵک دێت. بەباوەڕی ئەو، ناسیۆنالیزم ئەوەیە پێش هەموو شتێ رقت لە نەتەوە، نەژاد و کولتووری گەلانی تر ببێتەوە و نەژادەکەی خۆت، نەتەوەکەی خۆیشت، زۆر بە قودسییەت وەربگریت. هەروەها پێیوایە پاتریۆتیزم ئەوەیە کە پێش هەموو شتێ، نیشتمانی خۆت خۆشبوێ، پێش ئەوەی نیشتمانی ترت خۆشبوێت. ئێستا ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی، رێک ئەو لێکدانەوەیە جێکەوت دەکەن کە رقیان لە زمان، کولتوور و نەژادەکانی ترە( عەرەب، تورک و فارس)، دیارە بە ئیستیثنای ئەم دۆخەی کوردایەتیی کە غەزەلی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و شەراکەتی بیزنس لەگەڵ ناسیۆنالیزمی دینیی- تورکیی-ئەردۆغانییدا دەکات.

هاوکات، لەباری فیکریی و سیاسییەوە، ناسیۆنالیزم وەدەرنەرە( exclusive ) و پاتریۆتیزم لەخۆگرە ( Inclusive). هەندێک سکۆلاری کورد کە مەغزیان نەژادییە و تێفیکرینیان راسیستانە و فاشییانەیە بەرامبەر نەژاد و نەتەوەکانی تر، پەنا بۆ غەزەلە فیکرییەکانی بێنەدیکت ئەندەرسن دەبەن، گوایە ناسیۆنالیزمی مەدەنیی( سیڤیک)، یان ئەوەی بە ناسیۆنالیزمی لیبڕال ناسراوە، ئاڵتەرناتیڤێکی ئایدیۆلۆژیی باشە بۆ ئەوەی پارادایم و کۆپییەکانی تری ناسیۆنالیزم لەخۆمان بتەکێنین و ناسیۆنالیزمی مەدەنیی، تەعمیم بکەین. راستییەکەی ناسیۆنالیزم، میلیتانتیی و چەتەگەریی بێت وەکو کوردایەتیی، مەدەنیی و لیبراڵیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی، فاشیست و شۆڤینیی بێت وەکو ناسیۆنالیزمی تورکیی و عەرەبیی، یان پانهەرێمیی و پاندەوڵەتیی بێت وەکو پانئێرانیی و پانئەمێریکایی، هەموویان لەیەک سەرچاوەی ئایدیۆلۆژییەوە، تەڕەشوع وەردەگرن و هەموویشیان کەم تا زۆر ( بە مەدەنییەکەیشەوە) بەرەو هەڵاواردنی راسیستانە دەچن و سەرێکیان لە دۆڵی فاشیزمەوە، دەردەهێنن.

سەرەڕای دەردەداریی پاتریۆتیزمیش، بەڵام لای کەم پۆزەتیڤیزمی ئەوەی تێدایە کە بەشوێن چێکردنی نیشتمانەوەیە لەسەر بناغەی هاووڵاتییبوون، نەک نەژادیی، طائیفیی و نەتەوەیی …تاد. کورد لە قۆناغی سیاسیی خۆی دواکەوتووە و ناتوانێ و عەقڵانییش نییە بیر لە نەتەوەی پوخت، پاک و بێگەردی کورد بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، پێویستە بیر لە دروستکردنی نەتەوەیەکی نیشتمانیی نەک نەژادیی بکاتەوە. تەنانەت مافی چارەی خۆنووسی نیشتمانییش ( نەک نەتەوەیی){ National Self-determination } پێش ئەوەی فەضیڵەتی ناسیۆنالیزم بێت، عەدالەتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و نیشتمانسازییە. ئەوەی بە مەیل و بەرژەوەندیی میللییش( affinity) ناوی دەرکردووە، جۆرێکە لە خورافاتی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و نموونەی ئەو تاڵانوبڕۆیەی بە ئابووریی کوردستانەوە دەکرێ و مافیاکانی کوردایەتیی، سەرپەرشتیی دەکەن، ئەم بەرژوەندەییە نا نیشتمانییە، پشتڕاست دەکاتەوە.

پاتریۆتیزم، هەر هیچ نەبێ پێکەوەگرێدانێکی کۆلیکتیڤ و ناسنامەیەکی هاوبەش بە مرۆڤەکانی ئەو نیشتمانە دەبەخشێ کە لای کەم وەلائی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و مرۆییان بۆی هەبێت و لەکاتی شەڕدا، داکۆکیی لە خاک و نیشتمان بکەن. ئەوەی زۆرینەی رەهای گەنجانی کوردستان، وەلائێکیان بۆ ئەو کوردستانە دزراوە نەماوە، بەهۆی فەشەلی سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژیی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی حکومەتی هەرێم و پارتیی و یەکێتییەوەیە. هەرێمی کوردستان و کەرکوک، پێویستی بەو عەدالەتە کۆمەڵایەتییەیە، بەتایبەت ئەو عەدالەتە ئابوورییەیەی کە پسپۆر لەناسیۆنالیزم و فەلسەفەی سیاسییدا (کۆکچۆر تان Kok- Chor Tan ) لە کۆزمۆپۆڵیتانیزم و پاتریۆتیزمدا Cosmopolitanism and Patriotism باسیدەکات و پێیوایە تاکی کۆمەڵگە لە سامانی نیشتمانییدا، پێویستە ئەو مافە ئابوورییانەی بە عەدالەتەوە هەبێت.

هەمان تێڕوانین، جۆن راوڵز John Rawls فەیلەسوفی سیاسیی و ئەخلاق، بەجۆرێکی تر باسیدەکات و پێیوایە ” عەدالەت، ستراکتۆری سەرەکیی کۆمەڵگەیە”. ئەو زیاتر دەڕوات و دەڵێ” ئەو رێگەیەیە کە ئینستیتیوتە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان، مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکان، لە سامانی نیشتمانیی، بەسەر تەواوی جڤاکدا، بە عەدالەتیی تەخشان دەکەن. لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هەموو کۆمەڵگە وەکو یەک موستەفید و زیانمەند دەبن لە گەشە یان کورتهێنانی سامانی نیشتمانییدا”** ئەم عەدالەتە کۆمەڵایەتییە، لەخەونیش خەونترە ئەگەر بتەوێ لەسایەی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە مورتەزیقەکەی کوردایەتییەوە، بەدیبێت. ئورویڵ لە مەزرای ئاژەڵاندا، پێیوایە کە ناسیۆنالیزم یەکێکە لە خراپترین دوژمنەکانی ئاشتیی، لە راستییدا بۆ هەلومەرجی کوردستان، ئەم کوردایەتییە وەکو ڤێرژنێکی ناسیۆنالیزم، خراپترین دوژمنی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە و تا ئەم مەلەفی نەوت و غازەیشیان لێ نەسەندرێتەوە، هەرگیز لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و ئاشتەوایی، بەخەونیش نابینرێت.

بە پاتریۆتیزم نەک بە ناسیۆنالیزم

ئه‌م دۆخه‌ تادێت وێرانتر ده‌بێت، ڕۆژگارێكى سه‌خت و دژوارتر چاوه‌ڕێى كۆمه‌ڵگەكه‌مان ده‌كات! خەڵک پڕبووە، گەنجانی کوردستان، بورکانێک تۆڵە و سڕینەوەی ئەم مافیایانە لە سەریاندایە. ئەو فاشیزمە ئابوورییەی کوردایەتیی دەبینن کە چۆن کوڕ و کوڕەزاکانی رائیدەکانی کوردایەتیی و مافیاکانی نەوت، چۆن دەیان میلیۆن دۆلار لە قومارخانەکان، تیاترۆخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی دونیادا خەرج دەکەن؟ کەچیی دەیان هەزار گەنجی کوردستان، توانای دەعوەتی قاوەخواردنەوەیەکی برادەرەکانی خۆیان نییە. پارتیی و ماڵی بارزانییش، ناتوانن دەستبەرداری ئەو پەنجا ساڵ کۆنتراکتەی نێوان خۆیان و میتی تورکیا ببن. ئەوەتا بەناوی کوردایەتییەوە، چەندین نووسەر و سیاسییان لە حیزبەکانی تر، بە پرۆسێسی ئیستیحماریی و رانتخۆرییدا بردووە و دەیانەوێ نەوتی کوردستان، هەر خۆیان تاڵانیی و چەتەگەریی پێوە بکەن. ئەم ئیستیحمارییانە درێژە بکێشێ، کوردستان تا دێت زیاتر تاڵان دەکرێ و نەوتەکەی زیاتر دەدزرێ. رۆژ بە رۆژیش، فاشیزمی کوردایەتیی و مافیاکانی کوردایەتیی، رووی رەشی خۆیان رەشتر و قەترانییتر دەکەن.

ئێمە، باشترین میکانیزم بۆ تەحەداکردنی پرۆژە دۆزەخییەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تێکەڵەی ناسیۆنالیزمە طائیفیی و دینییەکەی ئەردۆغان و بارزانیی، بۆ دژایەتیی ( فاشیزمی تورکیی + فاشیزمی کوردایەتیی)، ئەوەیە کە بەپێی توانا سیاسەتێکی عەقڵانیی بکرێ و ئەوەندەی دەکرێ و ئیمکان هەیە، مەلەفی نەوت و ئابووریی، لەدەست ئەم مورتەزیقانەی کوردایەتیی دەربهێنرێت. دەکرێ کەرکوک و سلێمانییان، لە رێگەی بە هەرێمکردنەوە، لە رێگەی مامەڵەکردنی راستەوخۆ بە بەغدادەوە، لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری کەلاوەکانی کوردایەتیی( پارلمان و حکومەتی هەرێم)، لە سەروو هەموویشیانەوە، کۆشکی والیی( سەرۆکایەتیی هەرێم)، بۆ ئەبەد هەڵبوەشێنرێنەوە و هەر شارە و بە جودا، مامەڵە بکات و فیدراڵیزمی پارێزگاکان، جێگەی فیدراڵیزمی کوردایەتییە مورتەزیقەکە بگرێتەوە.

گه‌ر جورئه‌تى ئه‌وه‌مان هه‌بێت، كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ئيستيحماره‌ داببڕين، بێگومان دابڕين له‌ڕووى سياسیى و ئابووريیه‌وه‌ به‌پله‌ى يه‌كه‌م، له‌ڕووى جيۆگرافيیشه‌وه‌ به‌پله‌ى دووه‌م، ئه‌وە هه‌موو ئه‌و بانگه‌شه‌ پووچانه‌ی کوردایەتیی كه‌ هه‌موويان كۆكن له‌سه‌ر به‌تاڵانبردنى داهاتى نيشتيمانیی، لەسەر ئەرضی واقیع و عەقڵانییەتی سیاسیی، یەک بەدوای یەکدا دەتەقن. ئێمه‌، ئه‌م بەهەرێمکردنە‌ به‌ گونجاوترين و باشترين ميكانيزم ده‌زانين. پێمانوايه‌، ئەگەر ئەمە نەکرێت، تەقینەوەی عەشوائیی روو دەدات و بەکەسیش کۆنترۆڵ ناکرێت. ئه‌گه‌ر كرده‌يه‌كى فيعلیى پێويست بێت له‌ئێستادا ئه‌وە بێ دوودڵیى بريتييه‌ له‌ دابڕاندنى كه‌ركوك و سلێمانیی له‌م ويلايه‌ته پرۆکسییەی سەر بە تورکیا‌، گه‌رنا هه‌موو نمایشە جێنتڵمانییەکانی کوردایەتیی، زیاتر بەرەو چارەنووسی نادیارمان دەبات. پێشئەوەی ئەم هەیەجانە توڕەییەی گەنجانی کوردستان بە عەشوائیی بتەقێتەوە، ماڵێ تاڵەبانیی و باڵەکانی یەکێتیی، دەبێ چارەنووسی دیکتاتۆر و میلیاردێرە سیاسییە ملهوڕەکانی دونیایان لەبەرچاو بێت و خۆیان نەخەنە بەر غەضەبی جەماوەرییەوە.

کە دەڵێین (كه‌ركوك و سلێمانیى) بكرێنه‌ هه‌رێم و له‌ ويلاته‌كه‌ى كوردايه‌تیی داببڕێندرێن، ئه‌وە بێگومان سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌م مافیا ئەفەندییەی ده‌وڵه‌تى كوردیی (نه‌جمه‌دين كه‌ريم) دوور بخرێته‌وه‌ و بنێردرێته‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌ليمى كوردايه‌تیى. ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ى نێو حيبزبه‌كه‌ى كه‌ دژ به‌م تاڵانیى و برده‌ و بڕۆيه‌ى داهاتى نيشتمانيين جورئه‌تى ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ روو بە رای گشتیی بخه‌نه‌ به‌رباس كه‌ بۆچى ئەم مافیایەی نەوت، هێنده‌ له‌ئاست ئه‌م هه‌موو تاڵانييه‌ى نه‌وتى كه‌ركوك بێده‌نگه‌ و هيچ ناڵێت؟ ئه‌گه‌ر شتێكيش بڵێت ته‌نیا و ته‌نیا به‌رگرییكردنه‌ له‌و هه‌موو دزیى و شه‌وكوتييه‌!

ده‌بێت خه‌ڵكی کوردستان بە گشتیی و به‌تايبه‌ت خه‌ڵكى كه‌ركوك سه‌رنج بده‌ن كه‌ گوتارى نه‌جمه‌دين كه‌ريم له‌سه‌ره‌تادا گوتارێك بوو، ته‌نانه‌ت دژى پارتیی و خودى بارزانيیش بوو، ئه‌مه‌ زۆر به‌ روونى له‌ ميدياكانه‌وه‌ ده‌رك پێده‌كرا، ئه‌م پياوه‌ بۆچى له‌پڕێكدا بێده‌نگ و خه‌سيو دانيشت و ئێستایشى پێوه‌بێت ورته‌ و ئه‌لفاظێكى لێوه‌نايه‌ت دژ به‌و هه‌موو تاڵانييه‌ى كه‌ به‌نه‌وتى ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌كرێت؟ بێگومان روونه‌ بۆ قسه‌ ناکات و هیچ ناڵێت، راستييه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ ئه‌م پياوه‌ بۆخۆى له‌ ئێستادا به‌شێكى گه‌وره‌يه‌ له‌و سيستەمه‌ عوصابیى و به‌ڵته‌جييه‌ی دزەکانی کوردایەتیی کە نەوتی کەرکوک و کوردستان، دەدزن.

تاڵەبانیی، وێڕای ئەوەی هۆکارێکی سەرەکییە لە قەدوباڵاپێکردنی ئەم عەنتەرییاتە سیاسیی و ئابوورییەی پارتیی بەسەر خەڵکی کوردستان و تەواوی حیزبەکاندا، بەڵام باشترین و عەقڵانییترین کارێکی کردبێ ئەوە بوو کە داوای فیدراڵیی پارێزگاکانی عێراقی کرد. سلێمانیی و کەرکوک، بۆ ئەوەی لە هەیمەنەی مافیاکانی کوردایەتیی، بێنە دەرەوە، پێویستە هەر شارە و لەئاستی خۆیەوە، بە فشاری جەماوەریی بۆ سەر یەكێتیی و گۆڕان، هەوڵبدرێت ئەم فۆبیایەی لە کوردایەتیی و لە حکومەتی وەهمیی هەرێم و سەرۆکایەتیی فاشیلی هەرێم…تاد، هەیە، بڕەوێنرێتەوە.

دەکرێ بناغەی نیشتمان لە سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکەوە دابنرێ و لە ئاییندەی نزیک یان دووریشدا، بە هەولێریش بگات. هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی حکومەتی دزەکانی هەرێم و پارلمانی ئەتککراو، مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و بەهەرێمکردن( بەکانتۆنکردن)ی سلێمانیی و کەرکوک، دوا کارتی عەقڵانیی و واقیعییە کە پەنای بۆ ببردرێت و پارتیی بۆ ئەبەد قەتیس بکرێت و بچووک بکرێتەوە. سەرەنجام، پاتریۆتیزمێک لە سلێمانیی و کەرکوکەوە، تەخشان بکەین، زۆر باشترە لەوەی دوای وەهمی ناسیۆنالیزمێکی مورتەزیقە و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و فاشیزمی ئەردۆغانیی بکەوین. نیشتمانێک بسازێنین لە گۆشەیەکی نیشتمانەوە، باشترە لە خورافاتی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە پێشوەخت موستەعمەرەیەکی تورکیا دەبێت و والییەکی مورتەزیقەش، “والی”ی ئەو ویلایەتە نەژادییە طائیفییە دەبێت.

———————————

** John Rawls, The Law of Peoples, Cambridge, Harvard University Press, 1999, 106

Previous
Next

One commentcomments

Kurdish