Skip to Content

ئێتیکی ستایل … تۆماس ڤاشێک …  کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئێتیکی ستایل … تۆماس ڤاشێک … کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

Closed
by نیسان 20, 2020 General, Opinion




ستایلێکی چاک زۆرترە لە شێوەی خۆپۆشین یان بەخشینی دیاری بە کەسێک. ستایلی چاک پرسیاری هەڵویستە. مەسەلەکە لێرەدا بریتییە لە ڕەوشت و ڕێز و کەرامەت. ئاخر ستایل تەنیا پەیوەندیی بە چێژەوە نییە، بەڵکو هەروەها بە ڕەوشتەوە.

گریمان فیرمایەک کۆتایی بە گرێبەستی کارمەندێکی خۆی دەهێنێت کە دەمێکە لەوێ دامەزراوە و خزمەتی زۆری کردووە، جگە لەوە کەسی کارمەند هیچ بەدڕەفتارییەکی نەنواندووە کە ببێت بەهۆی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی. ئێمە دەتوانین بۆ ئەم ڕەوشە پێشبینیی دوو سیناریۆ بکەین: لە سیناریۆی یەکەمدا گفتوگۆیەکی بەرفراوان لەتەک ئەو کارمەندەدا ئەنجامدەدرێت، و لەو میانەیەدا سوپاسی دەکرێت بۆ ئەو هەموو کارەی لەوێ ئەنجامی داون، پاشان هیوای بەختەوەریی لە ئایندەدا بۆ دەخوازرێت. لێ لە سیناریۆی دووەمدا بە دەنگێکی فەرماندەرانە داوا لە کەسی کارمەند دەکرێت کە لە ماوەی یەک سەئاتدا بیرۆکەی بپێچێتەوە، هاوکات فیرماکە یەکسەر چیپکارت و مۆبایلەکەی دادەخات. نە سوپاسکردن، نە هیچی دی. لە ڕەوشی یەکەمدا پێدەچێت ببێژین، کە ڕەفتاری فیرماکە تا ڕادەیەک دروست بووە، هەروەها گەرچی ئەو فیرمایە خۆی کۆتایی بە گربەستەکە هێناوە، سەرەڕای ئەوە بەرپرسان لەوێ هەر چۆنێک بێت هەستیان بە فۆرمێکی تایبەتی کردووە. ڕەوشی دووەم بە پێچەوانەوە زۆرینەی ئێمە تووڕە دەکات. پێدەچیت ئێمە لەم ڕەوشەیاندا ببێژین: ئەوە ستایلێکی بەدە.

ستایل پێش هەموو شتێک شێوەیەکی دەرەکییە، ڕووپۆشێکە کە ئێمە دەیدەین بە ژیانمان. ئێمە بۆ نموونە لە ستایلی پۆشاک و کار و ژیان دەدوێین، یان ستایلی جیاواز لە هونەر و تەلارسازیدا. واتای تێگەکە لە ڕووی ئێتیمۆلۆژییەوە بریتییە لە تایبەتمەندیی دەربڕینی زمانییانە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ستیلوس”ی (پێنووسی) لاتینی، لێ ئێمە زمانییانە بە دوو شێوازی جیا بەکاریدەهێنین: شێوازێکی دێسکریپتیڤ (وەسفی)، بۆ نموونە کاتێک دەبێژین، کە کەسێک ستایلێکی تایبەتیی هەیە، واتا خاوەنی جۆرێکی تایبەتیی خۆپۆشینە، لێرەشدا زۆر جار ڕوودەدات کە تێگەکە هەروەها تەوەرەیەکی پێوارەیی (نۆرماتیڤ)، واتا نرخێنەر لەخۆدەگرێت. ئاخر گەر ئێمە ببێژین، کە فڵان کەس “ستایل”ی هەیە، ئەوا دەربڕینەکەمان هاوکات واتایەکی ناسێنەری ڕێزمەندی لەخۆگرتووە. ئێمە بەم دەربڕینە تایبەتمەندییەکانی وەک ئێلێگانس (ڕێکوپێکی)، چێژ، ڕەوشت و کەرامەت پێکەوەدەلکێنین. بە پێچەوانەشەوە زۆر جار ڕوودەدات کە ئێمە پرسەکانی ستایل تەنیا بەند دەکەین بە ڕووکەشەوە، کەواتە بە مەسەلەی دەرەکییان دادەنێین، ئیدی هەر وەک پرسی ستایل ئەوە بێت کە داخۆ ئێمە “چی” بکەین نەک داخۆ “چۆن” ئەو شتە بکەین. لەم ڕوانگەیەوە “ستایلی چاک” فەزیلەیەکی لاوەکییە و هیچ بایەخێکی ڕاستەوخۆی ئێتیکیی (ئەخلاقیی) نییە. لێ ئەم شێوە تێڕوانینە هەڵەیە. ئاخر پرسیاری ئەوە کە داخۆ چۆن ئێمە شتێک بکەین، هەروەها لایەنێکی ئەخلاقی و مۆرالی (ڕەوشتیانە) لەخۆدەگرێت. کەواتە تێگەی ستایل لەپاڵ تەوەرەی وەسفیدا کە لەنێو ژینجیهانی کۆمەڵایەتیماندا ڕیشەی داکوتیوە، هەروەها ڕەهەندێکی ئێستێتیکی و ئەخلاقی-ڕەوشتیشی هەیە. هەر سێ ڕەهەندەکە لێکجیانەبۆوە پێکەوەگرێدراون. (…) بە شێوەیەکی دی ببێژین، ستایل گرێدەری ژینجیهانمانە بە جوانە و چاکەوە، کەواتە بە شێوەی دەرەکی و هەروەها بەو پرسیارەشەوە، کە داخۆ چۆن گەرەکە ئێمە بژین و کردار بنوێنین. پێدەچێت بتوانین لەم تێڕوانینەوە بگەین بە دەستپێکەکان بۆ “ئێتیکێکی (ئەخلاقناسییەکی) ستایل”.

ستایلی بەد دەشێت چۆنێتیی ڕەوشتیانەی کردار تێکبدات. بۆ نموونە کەسێک فیزدارانە و بە بەرچاوی کەسانی دیکەوە سەفتەیەک پارە بۆ سواڵکەرێک فڕێ دەدات. ئەوە ستایلێکی بەدە. بە سەرنجێکی بەرایی لە کردارەکە خویا دەبێت کە ئەو کردارە لە ڕووی ڕەوشتەوە چاک بوو، چونکە هەر چۆنێک بێت بڕێکی باش پارە بە سواڵکەرەکە درا، لێ ئاشکرایە کە لێرەدا جۆر و شێوازەکە، واتا ستایلەکە، گرنگە، چونکە کەسی بەخشندە بەو شێوە ڕەفتارە نەک تەنیا کەرامەتی سواڵکەرەکە دەشکێنێت، بەڵکو هەروەها کەرامەتی خۆیشی. مەسەلەکە هەروەها لە بەخشینی شتێکدا بە کەسێکی دی هاوشێوەیە، گەر هاتوو کەسی دیاریبەخش هیچ هەوڵێک نەدات بۆ ئەوەی دیارییەکە بپێچێتەوە. گەرچی شتێک وەک دیاری بەخشراوە، لێ شێوەی بەخشینەکەی بێڕێزییەک دەردەبڕێت. هیچ دوور نییە کەسی بەخشندە شتێکی گرانبەهای بۆ دیاری کڕی بێت، لێ هیچ بەهایەکی بۆ ئەوە دانەناوە کە دیارییەکە ستایلمەندانە بخاتە بەردەم کەسی دیاری پێبەخشراو. لێرەدا کێماسی شێوەکییانەی کردارەکە تا ڕادەیەک کرۆکی ڕەوشتیانەی خودی ئەو کردارە تێکدەدات. ستایلی بەد دەشێت کەرامەتی مرۆڤان بشکێنێت. ئەوە نەک تەنیا بێستایلییە کە بۆ نموونە داوا لە کارمەندێکی چەندساڵەی فیرمایەک بکرێت لە ماوەی یەک سەئاتدا بیرۆکەی چۆڵ بکات، یان بە یەک تاکە ئێس ئێم ئێس (مەسیج) کۆتایی بە پەیوەندییەک بهێنرێت، بەڵکو هەروەها “ستایلی بەد” کێماسی ڕێز لەخۆدەگرێت، چونکە هێرش دەکاتە سەر کەرامەت و شکۆی کەسێکی دی. ئێمە پەیوەند بە مرۆڤێکی ستایلمەندەوە وایدادەنێین کە ئەو ڕێزی ڕێسا سۆسیالەکان و نەریتەکان دەگرێت، هاوکات دەزانێت کە چۆن لە دۆخی دیاریکراودا بەگونجاوی ڕەفتار دەنوێنێت. لەم ڕوانگەیەوە ستایل پەیوەندییەکی تایبەتیی بە شێوەی ڕەفتارمانەوە هەیە.

بەڕەوشتی سەرەتا تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە مرۆ ڕەچاوی نەریتە باوەکانی ڕەفتارنوێنیی چاک دەکات. هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە ستایلی چاک ڕەوشتمەندیی پێویستە. بۆ نموونە دەشێت کەسێک کە بەردەوام بێئابڕوانە ڕەفتار دەنوێنێت و کەسانی دی بریندار دەکات یان تەریقدەکاتەوە، کەسێکی خاوەن کاریزما یان زەوقلی بێت، سەرەڕای ئەوە بێستایلە. بێگومان دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە بەڕەوشتی و ڕەفتارنوێنیی چاک بەس نین بۆ ستایلی چاک. ئاخر تەنانەت بەدترین تاوانبارانی نازییەکان دەیانتوانی بەڕەوشت بن. ئێمە لە ستایلی چاک چاوەڕوانیی بڕێک هەڵوێستی ئاگامەند و ڕێز بەرانبەر کەسانی دی دەکەین. ئێمە ناتوانین پەیوەند بە تاوانە قورسەکانەوە تێگەی ستایل واتامەندانە بەکاربەرین، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت واتامەندانە کەسانی دی بکوژێت. بۆ نموونە هانیبال لێکتەر لە تریلەرە (Thriller) ئەمەریکییەکەی “بێدەنگیی بەرخەکاندا” بەروانکەی نەبەستراوی بە سنگییەوە هەڵواسیوە و لەتەک موزیکەکەی باخ-دا بە ناونیشانی “ڤاریاسیۆنەکانی گۆڵدبێرگ” قوربانییەکانی خۆی دەخوات، ئەوە بە چەشنێک کە تەواو گونجاوە بە نەریتی باڵای نانخواردنی سەر مێز، لێ ئەوە هێشتا هەر ستایلێکی چاک نییە. جگە لەوە مەرج نییە کەسێکی “بێستایل” بەد بێت، لێ ئێمە سەرەڕای ئەوە تا ڕادەیەک کێماسی ئەخلاقی-ڕەوشتییانەی دەدەینە پاڵ. کەسەکە بۆ ئێمە شایانی لۆمەکردنە. لێ گەر کەسێک بە پێچەوانەوە ستایلی هەبێت، ئەوا چاوپۆشیی هەندێک شتی لێ دەکەین، چونکە وایدادەنیین کە ئەو کەسە “هیچ نەبێت ستایل”ی هەیە، بۆ نموونە خشڵ-دزێکی کەشخە کە خشڵە دزراوەکان لەتەک هەندێک هەژاردا بەش دەکات. بەڵێ ئێمە تەنانەت دەشێت لەم پەیوەندییەدا ڕەچاوی ئەوەش نەکەین کە کردارەکەی ئەو تاوان بووە.

مەرج نییە کەسی خاوەن ستایل هەمیشە فەزیلەمەندانە کردار بنوێنێت، لێ ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکەین کە ئەو تا ڕادەیەک لە ڕەفتاردا بەڕەوشت بێت، ئەوجا گەر ئەو ڕەفتارێکی ڕەوشتمەندانەی نەنواند، ئەوا هیچ نەبێت بەو هۆیەوە هەڵوێستێک پێشان بدات، یان هیچ نەبێت بەڕاشکاوی بیدرکێنێت کە ڕەفتارێکی بێڕەوشتانەی نواندووە. بەڵێ، گەر تەنانەت ئولریش هوێنێس مرۆڤێکی بێڕەوشت بێت، هیشتا هەر لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو سزای زیندانیکردنەکەی بەبێ ئیستیئنافکردنەوە – و بەبێ کڕووزانەوە – قبووڵ کرد، ئەم هەڵوێستەی هیچ نەبێت ستایلێکی تایبەتیی هەیە. بە پێچەوانەشەوە گەر کەسێک لایەنی کەم تروسکەیەکی ستایلی لێوە نەدرەوشێتەوە، بەزەحمەت دەشێت کەسێکی فەزیلەمەند بێت. ئەوجا ستایلی چاک نەک تەنیا پێویستی بە ڕێزگرتنە لە کەسانی دی، بەڵکو هەروەها ڕێزگرتنیش لە کەرامەتی خودی خۆ. کاتێک ئێمە مەدەنێتی بە ستایلی خۆمان دەدەین، ئیدی ئێمە بەو ڕێیەوە خودی خۆمان دروست دەکەین. ئێمە بە زەحمەت دەتوانین ژیانێکی بەدیهاتوو بەڕێوەبەرین گەر هاتوو ڕووی دەرەکیی ئەو ژیانەمان ڕەچاو نەکەین. ئەوجا کاتێک ئێمە فۆرم بەهەند وەردەگرین، ئیدی لێرەدا پێشانی دەدەین کە ئێمە هەروەها گرنگی بە ناوەرۆکیش دەدەین. لەمەدایە ڕەهەندە قووڵترە ئەخلاقییەکەی پرسیاری چێژ، بۆ نموونە پرسیاری ئەساسی نێو ماڵ و پۆشاک، کە بە رواڵەت ئەوها دەنوێنێت هەروەک بەدەر بن لە لایەنی ئەخلاقی. لە بنەڕەتدا کێ بێموبالاتانە خۆی بپۆشێت یان گوزەرانگەی خۆی دابووەشێنێت، ئەو کەسە نەک تەنیا بە لایەوە گرنگ نییە چۆن کاریگەری لەسەر کەسانی دی دەنوێنێت، بەڵکو هەروەها هیچ ڕێزێک بۆ خودی خۆیشی دانانێت. ئادۆلف فڕایهێڕ فۆن کنیگە لەوەدا ڕاست بوو کە گۆتی، مرۆ گەرەکە “بە شارراوەیش هیچ شتێک نەکات کە شەرمی پێی بێت کەسێکی دی بیبینێت”.

ئێمە دەتوانین لە ژینگەی سۆسیالمادا بزانین کە داخۆ چی ستایلی چاک یان بەد بێت. ئاخر ئێمە لە پرسیارەکانی ستایلدا ڕەچاوی پێوارە و نەریتەکان دەکەین، بۆ نموونە ڕێساکانی ڕەوشتمەندی. ئێمە بۆ نموونە دەزانین کە بریندارکردن و تەریقکردنەوەی کەسانی دی، یان بەبێ هۆ ڕەتکردنەوەی هاتنی کەسێک بۆ لامان کە خۆمان داوەتمان کردووە، ستایلێکی بەدە. ئێمە لەو ڕووەوە بەمە نازانین کە چۆن ستایلی چاک لە واتایەکی مێتافیزیکیدا دیاریدەکرێت، بەڵکو لەو ڕووەوە دەیزانین کە ئێمە تێگەی ستایل لە کۆمەڵگەی خۆماندا بە دروستی بەکاردەبەین.

ئێتیکی ستایل نە لە ئەرکی بێمەرجەوە (حەتمییەوە) دەردەچێت، نە کردار تەنیا بەگوێرەی سەرەنجامەکانی دەنرخێنێت، بەڵکو وای دادەنێت کە ئێمە توانامان هەیە بۆ ئەوەی لە ژینگەی سۆسیالمادا ستایلی “چاک” لە هینی “بەد” جیابکەینەوە و ئەوجا بەگوێرەی ئەو جیاوازییە کردار بنوێنین. با نموونەیەک لە ژیانی ڕۆژانەوە بهێنینەوە. گەر ئێمە بە خانەخوێیەک ببێژین کە خواردنەکەی بەڕاستی بێتام بووە، ئەوا گومانی تێدا نییە کە پێبێژتنەکەمان زۆر ڕاستگۆیانەیە، لێ ئەم ڕاستگۆییە بێڕەوشت و “بێستایلە”. درۆیەکی بچووک یان نیمچە ڕاستییەک بەجێتر دەبوو لەو بێڕەوشتییە. جگە لەوە گەر کەسێک “ستایلیست”ێکی چاک بێت، ئەوسا دەتوانێت تێڕوانینەکەی هێندە زرنگ دەرببڕێت کە ئیدی بەو ڕێیەوە خانەخوێ ناڕەحەت نەبێت و سەرەڕای ئەوە هەست بکات کە خواردنەکەی وەستایانە نەبووە. بێگومان ئەوە ڕاستە کە کەسی کارامە خۆدەربڕ درۆیەکی کردووە یان هەرچۆنێک بێت دەربڕینێکی فریودەری هەبووە، سەرەڕای ئەوە لەم پەیوەندییەدا “فەیلەسوفی ئێتیکی ستایل” دەتوانێت ئەرگومێنت بهێنێتەوە کە ئەو کەسە پەیوەند بە دۆخێکی دیاریکراوەوە پەرچەکرداری گونجاوی نواندووە و لەو دۆخەشدا نابەجێ دەبوو گەر ئەو ڕەخنەیەکی ڕاستگۆیانەی بگرتایە، واتا گەر ئەو کەسە ڕاستگۆیانە ناخی خانەخوێی بڕەنجانایە. بەڵێ، ئێمە ناچارین گفتێک کە داومانە، بیبەینە سەر، لێ ناچار نین ستایلمەندانە ڕەفتار بنوێنین. سەرەڕای ئەوە کەسانی دی چاوەڕوانیی ئەوەمان لێدەکەن کە لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا ستایلمەند بین. کەواتە ستایلی چاک هەروا سانا پەیوەند نییە بە پێکهاتەی ناخەکیی تاکەکەسەوە، کە ئیدی وای لێبکات بەگوێرەی ڕێسای دیاریکراو ڕەفتار بنوێنێت، بەڵکو مەسەلەکە زۆرترە لەوە، واتا هەروەها ئەوەشە کە داخۆ چۆن مرۆ بزانێت لە دۆخێکی دیاریکراودا بەگونجاوی پەرچەکردار بنوێنێت.

ستایلی چاک پێویستی بە هەستناسکییە، بە نەرمییەکی تایبەتی ڕەفتار. ستایلیسێکی چاک ڕەفتاری خۆی بەنەرمی دەگونجێنێت. ئەمە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە ئەو کەسە بەدەرە لە پرنسیپی ئەخلاقی. سەرەڕای ئەوە ستایلیستی چاک ناچار نییە پەیڕەوی ڕێساگەلی وشک بکات، بەڵکو ئەو تەنیا ڕەچاوی کەسانی دی و خودی خۆی دەکات. ئاخر گەر مرۆڤ لەسەر ڕێسا توندەکانی ڕەفتارنوێنی بڕوات، ئەوسا بەو ڕێیەوە دەبێت بە کەسێکی بێکەماڵ و کۆنفۆڕمیست (هاوتاگەرا)، بە پێچەوانەشەوە ستایلیستی چاک ئاگامەندانە فێری ئەو پێوارە و نەریتانە دەبێت کە لەتەک هەستکردنی ئێستێتیکی و ئەخلاقییانەی خۆیدا یەکدەگرنەوە و هاوکات بە “خود”ی خۆی دەیانسازێنێت، واتا بە ستایلی کەسیی خۆی دەیانگونجێنێت. ئاخر ئێمە بە پێویستی دەزانین کە ستایلی چاک تایبەتمەندیی کەسی و ڕەسەنێتی لەخۆبگرێت، هەروەها سەرڕاستی لەو واتایەدا کە چۆن کەسێک ڕاشکاوانە ستایلی خۆی پێشاندەدات. ستایلیستی چاک لەم شێوە تێگەیشتنەدا هەمیشە لەوە بەئاگاییە کە چە پێوارە کۆمەڵایەتییەکان و چە بیروڕاکانی خۆی لەمەڕ ستایلی چاک هەردەم شیاوی گۆڕانن. ستایلیستی چاک هەردەم کراوەیە بۆ شیمانەی هەبوونی جیای هەر ڕەوشێک. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە گۆیا ستایلیستی چاک ئاڵاکەی بەگوێرەی هەر با-یەکی هەڵکردوو هەڵبواسێت، نەخێر ئەو تەواو بە پێچەوانەوە بڕوایەکی پتەوی بەوە هەیە کە ئێمە مافمان نییە کەرامەتی خۆمان و مرۆڤانی دی بشکێنین. (…) ستایلیست مامەڵەکردنی بەد لەتەک کەسانی دیکەدا بە کرداری دزێو دادەنێت، کە بێگومان هەرگیز ناتوانێت بەتەواوی ڕوونی بکاتەوە بۆچی ڕەفتاری ئەوها بە دزێو دادەنێت. ئاخر ئەو ناتوانێت هانا بۆ هیچ مێتافیزیکێک بەرێت تاکو بۆی ڕوونبکاتەوە، کە داخۆ ستایلی چاک، واتا ستایلی سەربەخۆ لە پێوارە و نەریتە باڵادەستەکان لەو ڕوانگە مێتافیزیکییەوە “بەڕاستی” چۆن بێت، بە پێچەوانەوە ستایلیست پەیوەند بە باوەڕە پێوارەییەکانی (نۆرماتیڤەکانی) خۆیەوە تەواو لەسەر زەمینەی هەر جیهانێکی سۆسیال دەمێنێتەوە و ڕەچاوی ڕێساکانی ڕەفتاری ئەو جیهانە دەکات. بێگومان زۆر دەشێت ئێستا ستایلیست سەرزەنشت بکرێت، کە گۆیا ئەو لە پرسیارانی ڕەوشتی و ئەخلاقیدا زۆر خۆگەرایە، چونکە گۆیا ڕەچاوی هیچ فرمانێکی بێمەرج (حەتمی) ناکات، بەڵکو لە ئەنجامدا تەنیا ئەوە دەکات کە خۆی لە دۆخێکی دیاریکراودا بە “ستایلی چاک”ی دادەنێت. لێ ستایلیست دەتوانێت خۆی لەم سەرزەنشتە لابدات، گەر ئەو ڕاستی و سەرڕاستی بەجددی وەربگرێت، هاوکات بۆ ستایلی خۆی دڵسۆز بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کەسێک پێشانی دەدات یان خۆی هەست دەکات کە ئەو بەو ستایلە زیان بە کەسانی دی و خودی خۆی دەگەیەنێت. بێگومان هیچ پێویست نییە کە مرۆڤ بەردەوام بیروڕاکانی خۆی بگۆڕێت، هەروەک چۆن کنیگە-ی ستایلیستی مەزن جارێک پێشنیاری کرد: “لە گۆتندا دژبێژیی خۆت مەکە، کە ئیدی تۆ ڕستەیەک دەرببڕیت کە پێشتر داکۆکیت لە پێچەوانەکەی کردووە”.

کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

سەرچاوە:
Ethik des Stils – studylibde.com
studylibde.com › doc › ethik-des-stils

تێبینیی وەرگێڕ
تۆماس ڤاشێک ساڵی 1968 لە ڤیین هاتۆتە ژیانەوە، لە زانستگە ئابوریی نەتەوەیی و ماتماتیکی خوێندووە و وەک ڕۆژنامەوان چەند کاراییەکی جیاوازی وەرگرتووە. ئەو نووسەری چەندین کتێبی بابەتییانەی فەلسەفەییە، ساڵێ 2018 کتێبێکی بە ناونیشانی “ژیاندنی کات”، هەروەها ساڵی 2019 کتێبێکی دیکەی بە ناونیشانی “وڵاتی ئاژووەران” بڵاوبوونەوە. لە ساڵێ 2011 بەدوواوە سەرنووسەری گۆڤاری فەلسەفەیی “Hohe Luft”ە (هۆوە لوفت کە وەک ناو لە گەڕەکێکی هامبورگەوە وەرگیراوە).

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish