Skip to Content

دیستانس لە دوژمنە نادیارەكە -4- …  ئازاد حەمە

دیستانس لە دوژمنە نادیارەكە -4- … ئازاد حەمە

Closed
by نیسان 20, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی چوارەم

  • لە دیستانسی ئەندازەییەوە بۆ دیستانسی كۆمەڵایەتی :

لەژێرسایەی پەتای كۆرۆناڤایرۆس زاراوەناسی (Terminology) بە خشكە ئیشی خۆیدەكات و رۆژانە بە زاراوە و وشەی نوێ دەمانناسێنێت و لەگەڵ مانا و بەكاربردنەكانیشی دەمانگونجێنێت. بەپێی ڤایرۆسناسەكان لە ئێستادا باشترین شتێك دەشێت بۆ خۆپارێزی شانبەشانی رێكارییە تەندروستییەكانی تر جێبەجێبكرێت دیستانسە (دووری، نێوان، بەین)( Distance)، ئەڵبەتە دیستانسی جەستەیی (فیزیكیی) (Physical Distancing). رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) بریاری لەسەر دروستكردنی بەینێك داوە لەنێوان كەسەكاندا كە 2 مەترێك بێت لە ئێستاشا لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەكان، زانایانی بواری ڤایرۆسناسی پێشنیاری زۆرتر لە 2 مەتر دەكەن، بەڵام سازاندنی ئەم نێوانە زەبری رۆحی و ناخی بۆ تاكەكانی كۆمەڵكە دروستكردووە و هەڵچنینی دیوارەكانی بەین و نێوان زۆرێك لە مرۆڤەكانی دووچاری نامۆی و خەمۆكی كردووە. بەریەككەوتن و دەست لەیەكتردان و باوەشبەیەكتركردن هەمیشە بۆ كەسی ناساغ مانای رۆحی و دەروونی خۆی هەیە، لێ پەتای كۆرۆناڤایرۆس ئێژێت ئەوە قەدەغەیە!
دیستانس لە تێگەیشتنێكی بیركارییەوە بۆ تێگەیشتێكی كۆمەڵایەتی ئەو گفتوگۆیەیە كە پاندێمی كۆڤید- 19 بەجۆرێكی تر هێنایەگۆرێ. پەتاكە ئەو وشەیەی خستەناو سێستەمێكی گشتگیری ئەنجامگرانەی زیرەكانەوە. بیریشمان نەچێت كە زۆربەی مایكرۆبایۆلۆژیست و ڤایرۆسناسەكان پێیانوایە ئەم پەتایە ڤایرۆسێكی ژیرە و جوڵەكانی سامناكە و لە دەرەوەی كۆنترۆڵیشە. ئەمە وایكرد كۆرۆناڤایرۆس دروستكەری دوورییەكی (دیستانسێكی) تایبەت بەخۆی بهێنێتەئاراوە،پێوانە بێتەكایەوە و ئەندازە كاری ژماردن بكات. هەر بۆیە دووریی لە لێكسیكۆنی كۆرۆناڤایرۆس مانای پزیشكی و تەندروستی هەیە، كە لە مانا ماتماتیكییەكەوە سەرچاوە دەگرێت و مرۆڤاكان جێگای ژمارەكان و ئەندازەكان دەگرنەوە. دووریی جەستەكان لەیەكتر ئامانجی پزیشكی تێدایە، كە ئەوەش بۆ ئەوەیە ناسنامەی تەندروستیمان تێكەڵبەیەك تر نەبن، هەرچی كۆرۆناڤایرۆسە ناسنامەی لە جەستەكان وەرگرتۆتەوە. جەستەكان لە چوونە نێو یەكتر Intertextuality دان. جەستەكان لێكدابراو نیین. بەیەك ئاشنان و بەیەكتر شت دەدەن. هەستیان بۆ یەك هەیە و یەكتر بانگ دەكەن، شتی هاوبەشیان هەیە. ئارەزووی یەكتر دەكەن و لەناو یەكتردا وێنابوون دروستدەكەن. مەخابن سیاسەتی تەندروستی تایبەت بەپەتای كۆرۆناڤایرۆس جەستەكان لێكدادەبرێت و دوورییش دەخاتە نێوانیانەوە. دووری بۆشایی (Space ) دروستدەكات. لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس كە باس لە بۆشایی كرا نەك هەر فەلسەفە، بەڵكو بیركاری و فیزیاش هاتەگۆ. چونكە وشەی بۆشایی ئاقاری تر بە گفتوگۆ دەدات كە بۆشایی لەوێدا تەنیا كۆمەڵایەتی یان جەستەیی نییە هەروەك تەندروستی مەبەستیەتی.
بەواتایەكی بەرینتر، مۆدێلی بیركاری شانبەشانی فیزیك لەم تەنگەژەی پەتای كۆرۆنایە هاتەناوەوە. لە فیزیكدا دوو جۆر چەندێتیی هەیە. “چەندێتیی پێوانەیی (كات، بارستایی، درێژایی) و چەندێتیی ئاراستەدار (هێز و تاودان)”. ئێمە ئێستا لەناو چەندێتیی پێوانەییداین. یەكەی پێوانە بۆ دورخستنەوەمان لەیەكتر دەكەوێتە كار. مەتر ئامرازی پێوانەكردنەكەیە. ئەمە مۆدێلی نەهێشتنی سۆز و هەستە بۆ یەكتر، نەمانی ماچ و باوەش و تەوقەیە، كۆتایهاتنی بەریەككەوتنی جەستەییە. وەكیتر، كۆرۆنا شێوازێكی تازەی لە چاودێری و قەدەغە و رێگری و بگرە رێكاری توندی ئاسایشیش دروستكرد كە دەمێكە حكومەتەكان خەونی پێوەدەبینن.
مەبەست، كۆرۆناڤایرۆس وشەی دووریی (دیستانس) لە كردارە ژمارییەكەی خۆی خست و لەبری ئەوەی لەنێوان شتەكاندا هەبن كەوتنە نێوان مرۆڤەكانەوە. دووریی لە دووری ئەندازەییەوە بەرەو دووری كۆمەڵایەتی ملینا. پێشتر بیركاری باسی لە “دووریی لە بۆشایی دوو رەهەند (Dimension)ی یان سێ رەهەندی” دەكرد كەچی ئێستا دووریی كەوتۆتە دۆزێكی رەهەندی كۆمەلایەتییانەوە. دووریی لە رەهەندی ماتماتیكییەوە بەرەو رەهەندی سۆسیۆلۆژییانە هەنگاو دەنێت. ماتماتیك دەیویست پێمانبڵێت “دووریی نێوان خاڵ و راستەهێل خۆی بریتییە لە كەمترین دووری نێوان خاڵەكە و هەر خاڵێكی سەر راستەهێڵەكە” كەچی ئێستا سۆسیۆلۆژیای دووریی لەژێر زەبری كۆمەڵایەتی پەتای كۆرۆنا پێمان دەڵێت دووریی خۆپارێزیی و ئەوی تر پارێزیشە. دووریی لێرە دروستكردنی مەودایە بۆ زەقكردنەوەی بۆشاییەك كە رەهەندەكەی سیاسەتی تەندروستی دیاریدەكات. پەتای كۆرۆناڤایرۆس سود لە نەمانی دووریی وەردەگرێت بۆ ئیشكردن، بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی خۆی، سیاسەتی تەندروستیش بەچاندنی دووریی، كە دیواری هەڵچنراوی نێوان جەستەكانە، كار لەسەر سنوردانان بۆ پەتاكە دادەنێت، بەڵام پەتای كۆرۆناڤایرۆس دوورییەكانی، نێوانەكانی، جارێ لەسەر زەوی هێشتوەتەوە و نەیگەیاندۆتە ئاسمان. لەسەر زەوی بەینەكان پێویستە لەنێوان مرۆڤەكان بپێورێن، كە پێشتر لەنێوان شتەكاندا دیاری دەكران. سیاسەتی تەندروستی و پزیشكی كە گوێ لە سەنتەرەكانی ڤایرۆسناسی و مایكرۆبایۆلۆجی دەگرێت بریار لەسەر دووریی نێوانەكان دەدات. هەنووكە نێوانی مرۆڤەكان ترسناكترە لەنێوانی مرۆڤ – ئاژەڵ یان مرۆڤ – شتەكان (ئۆتۆمبیل، تەنەكە).
كەوابێت لێرە دەپرسین:دیستانسی جەستەیی (فیزیكی) یان دیستانسی كۆمەڵایەتی(Social Distancing) بكەوێتە نێوان كەسەكانەوە؟بەشێك لە راوێژكارانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیان باشترە بوترێت دیستانسی جەستەیی تا دیستانسی كۆمەڵایەتیی،ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤەكان هەست بە بوونی خۆیان، بوونی كۆمەڵایەتیان، بكەن. دیستانسی كۆمەڵایەتی دابڕان و لێكجودابوون لە ئاگایی كەسەكان دروستدەكات و كاردانەوەی دەروونیشیان لەسەر دادەنێت. هەرچی لە دیستانسی جەستەییدایە جەستە لەوێ نابێت و لە “ئەوی تر”یش دوور دەبێت و دەكرێت بوونی كۆمەڵایەتی خۆشی بپارێزێت. وەك خوێندن و كاركردن لەماڵەوە،لە دوورەوە. واتە لە دیستانسی جەستەییدا لە پەیوەندیداین بە دابڕاوی. ئەمە داهێنانی پاندێمی كۆڤید -19 یە.ئەم پاندێمیە دەخوازێت دووربەدوور لەتەكیەكدا بین. نێوان یەكماندەخات نەك پێوەكەوەبوون.
حەیف ئەو دەمەی بۆشایی دەكەوێتە نێوانمانەوە ئیدی ئێمە لێك دادەبردێین. لێكدابران تەنیا كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو جەستەیشە. بۆشایی لێكماندەكاتەوە و نێوان دەخاتە بەینمانەوە. بەینمان تێدەكەوێت و پەیوەندی لێكدەترازێت. لە فیزیادا هەروەك بیركاریش هەموو دوورییەك ئاراستەی خۆی هەیە. كە باس لە بۆشایی دەكەین جێیەك ئامادەیە. شوێنێك كە خۆی لە بەرفرییدا دەبینێتەوە. واتە رەهەند (Dimension) بوونی هەیە و خودی رەهەندیش لە فرە رەهەندیدایە. كۆرۆناڤایرۆس دەخوازێت شوێن دیاری بكات، جێ دەستنیشان بكات و لە بێ سنورییەوە بیبات بەرەو سنورداریی. رەهەندی بۆشایی لەسەر دەستی فیزیاناسان لە “سێ رەهەندییەوە (بەرزی، درێژی، پانی) بەرەو چوار رەهەندی” دەچێت. “جێی (شوێن) كە سێ رەهەندییە لەگەڵ كات كە یەك رەهەندییە پێكەوە چوار رەهەندییەك پێكدێنن” كە ئەوەش جێكات Spacetime دروستدەكات.
ئەڵبەتە بۆچوونی فەیلەسوفان و بیركاران و فیزیاناسان بۆ بۆشایی لە زۆر لاوە یەكناگرنەوە بەتایبەت لەو شوێنەی كە فەلسەفە دەیەوێت بزانێت بۆشایی بوونە یان نەبوونە، لێ فەلسەفە لەوە حاڵییە كە بۆشایی دەكەوێتە نێوان شتەكانەوە. ئەو دەمەش ئەمە روودەدات بۆشایی تەنیا نییە و لە پەیوەندیدایە. ئێستا كۆرۆناڤایرۆس ئەو پەیوەندییە دەخوازێت بقرتێنێت. ئەم گفتوگۆیە كە دەچێتە خانەی فەلسەفەی كاتەوە دوو زانای سەدەی 17 ، نیوتن و لایبنتز Leibniz، رۆلیان لە بەرەو پێشەوەبردنی ئاقاری گفتوگۆكان، لەمەر كات و بۆشایی، دیووە. بۆ نیوتن جیاوازی لە نێوان ” جووڵەی سرەوت و جووڵەی نەسرەوت” دا نییە. ” لەو شوێنەی سرەوت نەسرەوتە بۆشایی هەر دەمێنێتەوە”. هەرچی بەپێی لایبنتزە “بۆشایی پەیوەندی نێوان تەنەكانە”. بەم شێوەیە ناجۆری و ناهاوشێوەییەك لە بینینی ئەم دوو زانایەدا هەیە. نیوتن “بۆشایی یەكساندەكات بەو پەیوەندییەی لەنێوان شتە مادییەكاندا “هەیە. ئەمە بۆ لایبنتز وەك خۆی هەرسنابێت، چونكە لایبنتز وایدەبینێت كە “بۆشایی ئەو كاتە هەیە كە تەنەكان جێگا داگیردەكەن و دەبێت لەتەنیشت یەكیشەوە بن ئەگەرنا بۆشایی بوونی نییە”. بۆشایی لای نیوتن “جێگایەكی رەهای هەیە و بوونی پێویست ناكات بە شتێك پربكرێتەوە”. بەم شێوەیە بێت ئێستا ئێمە زۆرتر لەناو بیردۆزەكانی لایبنتز دەژین تا نیوتن.
كەواتە، لەبەر رۆشنایی ناسنامەی بایۆلۆجی پاندێمی كۆڤید – 19ناسنامەی رەوشتی و ناسنامەی تەندروستی خۆمان دادەرێژینەوە و لە جەنگی پزیشكی و تەندروستییەوە بەرەو جەنگی فیزیایی و ئەندازەیی ملدەنێین. ئەم جەنگە بۆ خۆڕاهێنانی تاكیشە لەسەر لە ماڵەوەبوون بە پاساوی پاراستنی تەندروستی، تەندروستی جەستەكرا بە خەمی هەمووان. هەموان بووینە كۆیلەی جەستە و جەستەش نایەوێت ئەوە ببینیت كە نابینرێت یان جارێ نەبینراوە.

  • دوژمنی نادیار/ بینینی نەبینراو
    گۆی زەوی دوژمنێكی هاوبەشی بۆ دروستبوو كە هەموو پێكەوە لەسەر ناونانی بە پاندێمی كۆڤید – 19 رێككەوتین، هەر هەمووش كەوتینە جەنگەوە لەگەڵ ئەم دوژمنە نادیار‌ە. لە ماڵەوەبوونمان كردە سەنگەری بەرەكانی ئەو جەنگە زۆرە ملێیەی بەسەرمانا سەپێندرا دژ بە “”دوژمنی نادیار Invisible enemy “”. بێ ئەوەی بچەینە بەرەكانی جەنگ، بێ وەگەرخستنی تانك و تۆپ و رۆكێت كەوتینە بەزاندنی ئەم دوژمنە گەردوناوییە. سەرسامكەر نەبوو كە ترامپ وتی “من سەرۆكی كاتی جەنگم لە شەری كۆرۆناڤایرۆسدا” (wartime president in coronavirus battle). هەندێك ناویاننا “”دوژمنی نادیاری هاوبەش common invisible enemy “”، چونكە دوژمنی كۆیە، دوژمنی پێكەوەبوون و رابەری دابران و جوداكردنەوەكانە لەگەڵ ئەویتر و لەگەڵ خودی خۆشمانا. لەتەك ئەویتر دووچاری نەناسی كردین، لەتەك خۆمانا خستمانیە ململانێ و گومانكردن لە پاكوخاوێنی خۆمان. بەم شێوەیە، نادیاریی (نەبینراوی) Invisible كۆرۆنا چیمان لێ داوادەكات؟ كۆرۆنا داوای ئەوەمان لێدەكات ببەینە قۆناغی دیارەوە (بینراوەوە) ( Visible) یان دان بە بوونی ئەو دیوارە بهێنین كە لەنێوان دیار و نادیاردا هەیە؟ بە هاتنی ئەم میوانە نائازیزە نەبینراو بووە بینراو و بۆشایی نێوانیشان نەما و شوێنێكیش بۆ نەبینراو لە بوونمان لە ئامادەبوون كەوت. بۆئەوەی وتنەكانمان پتر فەلسەفی بكەین و دۆزی دیار(بینراو) لەناو نادیار(نەبینراو) و بەپێچەوانەشەوە راڤەبكەین، بۆ ئەو مەبەستە، دەگەرێینەوە لای بیرمەندی فێنۆمێنۆلۆژی فەرەنسی مێرلۆ – پونتی Merleau-Ponty كە لەم روەوە جێپێی تێرامانەكانی وننابن.
    لێرە، لەو توێژینەوەیەی ناوبراوەوە دەستپێدەكەین كە بەناوی “”چاو و رۆح”” نووسیویەتی و تیایدا هەندێك پرسیار دەكات كە پێشتر لە پەرتووكی “فێنۆمێنۆلۆژیای درك” دا كردونی: “پەیوەندی دژەگەرای نێوان بینین (روئیا) و بابەت؟ ئەو روئیایەی ناسنامەی گشت جەستە و جیهانێك دیاریدەكات”؟پرسیارەكان وادەكەن مێرلۆ – پونتی “پەیوەندیەك لە نێوان جەستە و جیهان دروستبكات كە جەستە نەتوانێت دەستبەرداری جیهان بێت ” بەجۆرێك ” گشت جیهان دەشێت لە جەستەدا خۆی بەرجەستە بكات”. ئەزموونی جەستە لێرە ئەزموونی دانەبڕانە لەنێوان شت و خود دا. بەمجۆرە جەستە لای مێرلۆ – پونتی دەتوانێت ببینرێت و بشبینێت”.
    مێرلۆ – پۆنتی لەم كارەیدا باوەریشی بەوەیە “دركی حیسی جیهان بە بینین دەستپێدەكات و سەرەتای ئەم بینینەش جەختكردن دەبێت لە رووی جیهان. واتە “دركی حیسی بەهۆی بینینەوە مسۆگەردەبێت”. ئەوەی تایبەت بەم لایەنەش مەرجە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە كە بەهۆی بینینەوە دركی جیهان دەكەین. لەم حاڵەتەدا “چاو دركی جیهان دەكات. كۆرۆنا دۆزێكی هێناوەتە پێشێ كە جیهانی دركپێكردن بكەوێتە ناو زۆنی نەبینراوەوە، ئەو جیهانەی كە تیایدەژین و خەریكە دەكەوێتە دۆخی لەبیرچوونەوەوە، كە ئەوەش وادەكات نەكارین ئەو جیهانە وەك بینراو پەیپێبەرین. لەم حاڵەتەدا “جیهانی دركپێكردن” پێچەوانەكەی بەرهەمدەهێنێت. “تێژیانی ژیان” یش دووچاری ئەستەمی بینین دەبێت. بۆیە سەرنجڕاكێشانە پاندێمی كۆڤید-19 بینینمانی لە بینین خست. یان كۆرۆناڤایرۆس مافی بینینی سنورداركرد. تەنیا ڤایرۆسناسەكان، شارەزایان لە ئێپێدیمی، درمناسی (Epidemiology )، ئەو مافەیان پێبەخشراوە ببینن.
    میرلۆ – پونتی لە بەشێك لە قسەكانی پشتگیری لە وتنێكی پۆل ڤالێری Paul Valéry دەكات كە “وێنەگر جەستەی خۆی ئامادە دەكات” و ئەوەش بە ئەستەم دەزانێت كە “چۆن مرۆڤ دەتوانێت رۆح وێنەبكات”. بەس ئەم پرۆسەیە جیهان دەكات بە وێنە و “ئەوەش كە وێنە دەدات بەدەستەوە چاو و دەستە”. كەواتە لێرە وێنەگر دەبێت بە مایكرۆبایۆلۆژیست كە دەكارێت نەبینراو بخاتە ناو پرۆسەی بینراوەوە. گەر لەسەر رەوتی هزرەڤانی میرلۆ –پونتی سەبارەت بە هەمان بابەت بەردەوامبین دەپرسین: “شتی بینراو چییە؟ ئەو شتە چییە كە شت دەكات بە بینراو؟ بینراویی شت چییە؟ لێرە مێرلۆ – پۆنتی جەختدەكات كە “مانا بینراو نییە” و بەهۆی ئەوەوە نەبینراویش دەستنیشاندەكات. بەس ئەوەش رووندەكاتەوە كە “بینراو دژە جەمسەری نەبینراو نییە”، چونكە “بینراو بەشێكی لە نەبینراویی تێدا ئاخنراوە”. واتە بینراو نەبینراو لەخۆیدا كۆدەكاتەوە. مێرلۆ – پۆنتی ئەمە بەوە لێكدەداتەوە كە” نەبینراو بۆچوونێكی دژە نهێنیانەیە بۆ بینراو”، بەڵام”مێرلۆ- پۆنتی بەراووردكارییەكان لەنێوان بینراو و نەبینراو پەسەند ناكات”، چونكە بەراووردكارییەكان بوونیان نییە. ئەمەش بۆ ئەم بیریارە فەرەنسییە ئەوە دەگەێنێت كە “بینراو بناغە بۆ نەبینراو دادەنێت”. كەواتە كۆرۆناڤایرۆس لێرە نەبینراوە، لێ مەحكومە بە بینین. خودی ناوەكەی بەڵگەیە لەسەر بینینی. ناونانی سەرچاوەی بینینەكەیەتی. بینراوە بۆ كێ؟ لە كوێ؟ بۆ ڤایرۆسناس و لە ئەزموونگەكانی درمناسی دا ئەوە كراوە.
    بەقسەی مێرلۆ – پۆنتی “بۆئەوەی لە بینراو تێبگەین پێویستە لەپەیوەندی بینراو بە نەبینراو تێبگەین”. “بینراویش بەوە لەقەڵەم دەدات كە شتێكە لێرە نییە، ئەو شتەیە كە دوورە”. گومانیش ناكات “بینراو یان بریتییە لەو ئیدیایەی گشت كەسێك هەیەتی بۆخۆی یانیش ئەوەی ئەویتر لەپێناو تۆدا هەیەتی”. ئەڵبەتە پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراویش واشیدەكاتەوە كە “نەبینراو تەنیا نەبینراو نییە”. “بینراویش دەشێت ئەو شتە بینراوە بێت كە بۆ من بینراوە، یان بۆ كەسێكی تر بینراوە، دەشكرێت ئەو شتە بۆ ئەو بینراو بێت و بۆ من نەبینراو بێت”. تەنانەت باوەڕی بەوەشە كە “نەبینراو چاڵێكە لە بینراو دا”. هاوكات هەموو بینراوێك وەك نەبینراوێك دەبینێت “ئەمەش بەو مانایە نایەت كە بینراو و نەبینراو ناكۆكن”. مێرلۆ- پۆنتی ئەمە بەسەر درك و نادرك، ئاگای و نائاگایشا پەیرەودەكات. هەروەها مێرلۆ – پۆنتی “نەبینراو وەك ئەو شتە دەبینێت كە ئێستا بینراو نییە”، لێ دەكرێت لە شوێنێكی تر خۆی دەرخات. ئەمەو پێیشوایە “نەبینراو وەك هیچ وایە، هیچیش نە لە نەبینراو زیاترە و نەش كەمتر”. ئەڵبەتە”پەیوەندی نێوان جیهان و بوونیش وەك پەیوەندی نێوان بینراو و نەبینراو دەبینێت”. پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە گفتوگۆی مێرلۆ – پۆنتی تایبەت بە بینراو و نەبینراو لەهەندێك شوێن لەگەڵ “ئۆنتۆلۆی دێكارت رووبەروودەبێتەوە”، كە لێرە بواری وەستانمان لەبارەیەوە نییە.
    سەرباری ئەوە، مێرلۆ- پۆنتی لەم بەرهەمەیدا “جەستە دەكات بە شتێك دەكەوێتە نێوان جیهانی دەرەوە و ناوەوەی “من” ەوە، جەستە ئیدی شتێكی بابەتی یان دەرەكی نییە، بەڵكو لەنێوان بابەتی و خودیدایە”، ئەمەش لەبەرئەوەی كە “جیهان بۆلەمەولا ، بەبۆچوونی مێرلۆ – پۆنتی، جیهانێكی بابەتی تاك نییە”. بۆ مێرلۆ – پۆنتی ئەوەش پرسیارە كە “ئایا جیهانی دەرەكی لەودیو ئاگایمیانەوە بوونی هەیە؟ باشە گەر هەشبێت دەتوانین جیهان لە دەرەوەی ئاگایمان بناسین؟” بەخۆی ئەوەی مێرلۆ – پۆنتی دەیەوێت بیكات پێشنیاركردنی لێكدانەوەیەكی ئۆنتۆلۆژیانەیە لەمەر بوون لە جیهانا. پرسیاری “بوونی جیهان مانای چییە؟” بۆ مێرلۆ – پۆنتی پرسیارێكی فرە بە ماهیەتە. ئەم پرسیارە لای ئەم هزرەڤانە بە ناواخنە، چونكە “پرسیارە لەسەر مانای بوون”. پرسیاركردنی ئەم هزرەڤانەش لەسەر مانای بوون لە جەختكردن لە بوونی خودی بوون گرینگترە. وەكیتریش “عەوداڵبوونی مێرلۆ – پۆنتی بەدوای مانای بوون دەیباتەوە شوێنێك قسە لە واتای خود (سوبژێكت) و بابەت (ئوبژێكت) یش بكات”.
    پووختە، بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆرۆناڤایرۆس بریار لەسەر دروستكردنی بەینی كۆمەڵایەتی لەنێوان كەسەكان لە كۆمەڵگە ، لە شوێنە گشتی و تەنانەت ناو ماڵەكانیش درا. تاكەكان لە ماڵەكان، ماڵ كە بووە ئۆفیس و كارگە و یاریگای بچووك، كە لە دۆخی كەرەنتیندان ویستی تەندروستیان بەسەر ویستەكانی تردا سەپاند و ئەو بەینەیان خستە نێوان خۆیانەوە كە سیاسەتی تەندروستی دایرشت. ئەمە دانپیاهێنانە بە بینینین. بەینی كۆمەڵایەتی بۆ كەمكردنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە شوێنە گشتییەكان و وەستاندنی جوڵە هەوڵێكە بۆ دوركەوتنەوە لە بینراو. بەینخستنە نێوان كەسەكانەوە دانپیاهێنانە بە بوونی فیزیای، جەستەیی، پەتای كۆرۆنا. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی دوركەوتنەوەی جەستەیشی تێدا بەرجەستەیە. دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی هاوشانە لەگەڵ خۆكەرەنتینكردن، هەردووش خۆپارێزی دروستدەكەن لە پەتای ناوبراو، لە دوژمنە نادیارەكە. ئەوەی یەكەم لە دەرەوە لەناو كۆمەڵگە پیادەدەكرێت و هەرچی دووەمە لەناو ماڵ لە رووبەرێكی بچووكتر. بەم جۆرە پەتای كۆرۆنا لە گشت شوێنێك بوونی خۆی سەپاندووە. مەترسیەكە بەڵگەیە لەسەر بوونی بە بینراو. پەتای ناوبراو ئێستا قۆناغی نادیاری تێپەراندووە. واتە كۆرۆنا جەستەیە.جەستەش ، بەپێی بینینی فێنۆمێنۆلۆژییانەی مێرلۆ – پونتی، “بابەتێكە لە جیهان دا خۆی تاقیدەكاتەوە”.
    كەوابێت پاندێمی كۆڤید – 19 كۆتایی بە فەلسەفە ناهێنێت. “فەلسەفە كە پرسیاركردنە لە جۆرێكی تر”، پرسیاركردنێك كە گشت “پرسیارەكانی زانین دەجووڵێنێت و لە بنەچەی مانای پرسیار و وەڵامەكانیش دەكۆڵێتەوە” ئەو رێگایانە هەڵدەوەشێنێتەوە كار لەسەر بەسیاسەتكردنی ڤایرۆس دەكات و ئەوەش شیدەكاتەو كە پەتای كۆرۆنا بووە هۆكاری بینینی نەبینراو.
    سەرنج: لەبەشەكانیتر دێینەوەسەر ئەم بابەتانە: دەرمانخانەی فەلسەفی و دەرمانخانەی كۆرۆنا، گەرانەوە بۆ خوێندنەوەی رۆمانی “تاعون”ی كامی لە دەمی كۆرۆنادا، كۆتایی جیهان و ترس لە كۆرۆنا، كۆتایی فەلسەفە یا خود كۆتایی زانست؟، چارەنووسی كۆمەڵگەی فرەكولتوور و جیهانگیری لەژێر زەبری پەتای كۆرۆنا، راڤەكاری بیرمەندان (بادیو، ئاگامبێن، ژیژێك و…) بۆ پەتای كۆرۆنا…..

ماویەتی…………

Previous
Next
Kurdish