Skip to Content

شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی  بۆتۆکسکردنی شاری هەولێر … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

شاری شووشەیی و کولتووری خۆڵەمێشی بۆتۆکسکردنی شاری هەولێر … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 21, 2020 General, Opinion

لە دەروازەی پرسیارێکەوە دەچمە ناو باسەکەمەوە، ئایا ئێمە وەک کورد هیچ شارێکمان دروستکردووە؟!. ئایا شاری ئێمە بەرهەمی پێشکەوتنی پیشەسازیی و کەڵەکەی سەرمایە و مودێرنە بووە؟. ئەوەی روونە لە هەر پێنج پارێزگاکەی باشووردا تەنیا سلێمانیمان هەیە وەک شار و پایتەختێک بۆ میرایەتی بابان چێ کرابێت لەلایەن خودی کورد خۆیەوە. گەرچی سلێمانی لەو جوگرافیایەدا دروستبوو، پێی دەوترێت شارەزوور، ئەمیش بە پێی ژێدەرە مێژووییەکان شارێکی دێرین و مەڵبەندێکی سیاسیی و رووناکبیریی گەورە بووە لە هەزارەکانی پێش زایندا، بەڵام لە ساڵی 1784دا سلێمانی لە دۆڵێکدا دروستکرا، تەنیا یەک ئاوەدانی بچووکی لێ بووە “گوندی مەڵکەندی”. لێ ئەم شارە بە خێرایی رووی لە گەشەکردن کرد، ئەمەش لە یاداشتی گەڕیدە و میسوێنرەکاندا بە روونی خۆی دەنوێنێت، بە تایبەت لەو گەشتنامەیەی “کلۆد ریچ” لە بارەی ئەو شارەوە یادداشتی کردووە، لەگەڵ ئەمەشدا تاوەکو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، سلێمانی تەنیا گوندێکی پەرەسەندوو بووە بە پێی پێناسە کۆمەڵناسییەکان “هەنووکە گەڕاوەتەوە بۆ مێژووی بەر لە پەنجاکان”. هەرچی دهۆک و هەڵەبجەیە بە بڕیاری ئیداریی بوونەتە پارێزگا، کەچی هێشتاش لە زەوییەکی بە پیت دەچن بۆ لە ئامێزگرتنی کولتووری خێڵەکیی و دێهاتی. هەرچی کەرکوک و هەولێریشە، هەزاران ساڵ تەمەنیان هەیە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێت، کورد خۆی ئەو دوو شارەی دروست کردووە، ئەگەرچی هەزاران ساڵە کورد لەسەر ئەو زەوییانە نیشتەجێن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە قسەکردنە لەسەر هەولێری ئێستا، کە زۆرجار باس لەو گۆڕانە “ئەفسووناوی”یە دەکرێت لەو شارەدا هاتۆتە ئاراوە. ئەمەش ئەگەر وەک فۆرم سەیری بکەین جۆرێک لە پێشکەوتنی رواڵەتی لە ئارادایە، بەدەر لەوەی هەمیشە پێشکەوتن و نوێکاریی مەرج نین بۆ فەزیلەت، کۆنیش هەموو کات نیشانەی خراپبوون ناگەیەنێت. ئەوەی لە هەولێردا کراوە زۆرتر بۆ دروستکردن و خزمەتی چینێکی کۆمەڵایەتی بەرخۆر بووە، چینێک لە سیاسەتمەدار و بازرگان و خاوەن کۆمپانیا حزبییەکان پێکهاتووە، ئەمانەش لە ریزبەندە چینایەتییەکەدا لە سەرەوەن، یان چینی باڵادەستن، چوونکە ئەو دەستی خزمەت و بوژاندنەوە بیناسازییەی لەو شارەدا هەیە نەک دەرفەتی بەهرەمەندبوونی یەکسانی نەڕەخساندووە بۆ گشت توێژ و چینەکان، لە بناغەوە شاری کۆنی هەڵتەکاندووە و لە جێگەیدا دوو شار یان راستتر بڵێم دوو هەولێری لەسەر پاشماوەی هەولێری کۆن قووت کردۆتەوە. لێرەدا ئیدیۆمی “هەولێری کۆن” وەک چەمکێکی کۆمەڵناسی بەکاردەهێنم نەک مێژوویی، بەو پێیەی مەبەستمان لە دەستەواژەی “کۆن” رەهەندە مێژووییەکە نییەـ بە قەد ئەوەی ناوەڕۆکە کۆمەڵناسییەکەیمان بەلاوە گرنگە.
حاڵی حازر لە پەنا هەولێری کۆنەوە، هەولێرێکی تازە و لوکس دروستکراوە، زمان و فەرهەنگی دانیشتوانی ئەم هەولێرە پرۆ کەنداوییە “مەبەست لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبە” بە تەواوەتی جیاوازە لە زمانی هەولێری کۆن. ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی لەم گەڕەکە تازانە نیشتەجێن، نەک هیچ پەیوەندییەکی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییان بە دانیشتوانی هەولێری کۆنەوە نییە، بەڵکو هەر لە رووی ناونانی ئەو گەڕەکانەوە دابڕان و جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی خۆی دەردەخات، دیقەت بدەن لەناوەکانی “شاری خەونەکان” و “دەشتی بەهەشت” و “ناز سیتی” و “گوندی ئیتالی و ئینگلیزیی” و “ئێمپایەر” و هەموو ئەو ناوە عەنتیکانەی تری ماکینەی ریکلامسازیی کوردیی رۆژانە بەرهەمیان دەهێنێت، هەموو یەک فاکت دەخەنە بەرچاو، لەسەر سینگی دەشت و کەلاوەکانی هەولێر، شارێکی ئیدیاڵ دروستکراوە لەسەر نەریتی وڵاتانی کەنداو، یان بە لاسایکردنەوەی دۆحە و شاریقە و دوبەی. ئەم سەرسامییە بۆ خۆی بابەتێکی گرنگی سایکۆسیۆسیۆلۆژیی تەنانەت ئەنترۆپۆلۆژیشە. لەناو ئەم پارادیسە وەهمی و خەیاڵاوییەدا هیچ شتێکی نوێ جگە لە نوێکارییە رواڵەتییەکان هەبوونی نییە، تەنانەت مەترسی هەیە ئەو لاساییە تەنیا وەک لاساییکردنەوەیەکی تەلارسازیی نەمێنێتەوە، بەڵکو خەریکە هەمان رەوشت و نەریتی کۆمەڵایەتی ئەوێش دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر. وەک زۆرمان دەزانین نیگاری پشتی ئەو تەلار و باخچە قەشەنگ و ئاپارتمانە هەوربڕانەی وڵاتانی کەنداو، دۆزەخێکی زەمینییە، کە دەکرێ بڵێن دوو شار یان دوو جۆر شارنشینی لەوێدا هەن، شارێک لە ژێر ئەو خۆشگوزەرانییە زەق کراوەوە بوونی هەیە، شارێک دانیشتوانەکەی لە چینەکانی خوارەوە پێکهاتووە و بە مەمرە و مەژی لە خزمەتی ئەو پێشکەوتنە رواڵەتییەدا راگیراون.

دروستکردن و پەرەپێدانی شار تەنیا دیاردەیەکی بیناسازیی رووت نییە، ئەوە تەنیا ئەندازیارە کارزانەکان نین بینای شار دەکەن، بەڵکو رۆڵی راستەقینە نوخبە دەیگێڕێت. ئیلێتی رووناکبیریی دەستیان هەیە لە رەنگڕێژ و بیناکردنی شارەکاندا، ئەوان ژێرخانی فەرهەنگی دادەڕێژن، دیزاینەری کولتووریی و رۆشنبیریی شارەکانن. بە بێ ئەمە ئەو قەیرانە شارسازییە دێتە ئارا، ئەمڕۆکە بەرۆکی هەولێری پایتەختی هەرێمی گرتووە. ئەمەش لەلای فەیلەسووفی ئەڵمانی هاوچەرخ، یۆرگن هابرماس بە “بڵندبوونەوەی باڵای تاوەرەکان و نزمبوونەوەی لیڤڵی رەوشت” پێناسە کراوە. ئاخر هەولێر بە رووخسارە تەلارسازییەکەی، بەباڵای بەرزی ئاپارتمانەکان، ئەندەرپاس و شەقامە نوێیەکان، پێماندەڵێت کوردستان لەسەر رێی گەشەکردنێکی هەمەلایەندایە! هەموو شت لە پایتەختدا بە پێرفێکتی دەڕواتە پێش. لە کاتێکدا ئەمە تەنیا فریودانێکە، ماسکێکە، جۆرێک لە بۆتۆکسکردنی دەموچاوە چرچ و لۆچەکەی ئەو شارەیە. ئەمە قسەیەکی “پاوڵ ئاستێر”ی نووسەری ئەمەریکیم وەبیر دێنێتەوە کە لە دیمانەیەکیدا وتبووی “ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نیۆیۆرک باشییەکانی ئەمەریکامان نیشان دەدات!.”. مەبەستی ئاستێر ئەوەیە، جوانی رواڵەتی و رووکەشی دیاری نیویۆرک ناهێڵێت زۆر نادیاری دزیۆی چەشنی ژیانی کولە مەرگی نەداران و رەگەزپەرستی و رێژەی تاوان و دزی، رۆشناییان بکەوێتە سەر. بۆ هەولێریش هەمان شت راستە بەدەر لە رەگەزپەرستی. چونکە لە هەولێردا رەگەزپەرستی بوونی نییە، یان شیاوی باسکردن نییە، بەڵام هەژاریی و نەداریی و تاوانی رێکخراو و جیاکاریی چینایەتی و شتێک سەرووتر لە گەندەڵی کە تاڵان و بڕۆی حزبەکانە، بوونێکی زەقی هەیە.

بەدەر لەمە، ئایا هێشتا لە هەولێر و کۆی شارەکانی تری کوردستان ژیانی شارنشینی لە ئارادایە؟. پرسیارێکە تا ئێستا نەمانکردووە یان کەمتر ئەم پرسیارە وروژێنراوە، تەنانەت بواری کۆمەڵناسی گشتیی و کۆمەڵناسی شار، لە رۆشنبیریی کوردییدا هێندە هەژارە، دوو مانگ ئەم وتارەی منی دواخست، ئێستاشی لەسەر بێت نەمتوانی یەک لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بدۆزمەوە. تازە پرسیارەکەم وروژاندووە، خوێنەر راناگرم لە بێ وەڵامیدا. پێش ئەوەی بەرسڤ بدەمەوە، دەبێت ئاماژەش بۆ ئەوە بکەم هەر یەک لە چەمکەکانی “کولتوور” و “مەدەنیەت” و “شارستانی” لە زمانی کوردییدا بەشێوەیەک تێکچڕژاون، لێک جیاکردنەوەیان بووەتە کارێکی دژوار، ئێمە نامانەوێت بچینە ئەو کێشمەکێشە ئیتمۆلۆژییەوە و لە بری هەموویان “شارنشینی” پەسەند دەکەین. کرۆکی وەڵامەکەشم لەوەدا کورت دەکەمەوە، لە هەولێردا وەک کۆی شارەکانی تر، هێشتا فەرهەنگێکی شارنشینی لە ئارادا نییە. ئەوەی هەیە تەنیا سایەی کولتوورێکی گوندییە بەسەر شارەکانمانەوە، ئەمە لە ئەمڕۆی هەولێردا بە زەقی دیارە شتێکی تا ئەندازەیەک نامۆیە، شارێک لەو ئاستە جوانە رواڵەتییەدا، کە بە دیمەن وەک شارێکی پێشکەوتوو دێتە بەر چاوان، هێشتا کولتووری دانیشتوانەکەی گوندیی بێت!!.
بە هۆشیارییەوە ناڵێم کولتووری خێڵ. کە ئەمە کرۆکی تێزەکەی کۆمەڵناسی بەنامێی عێراقی “عەلی وەردی”یە، چوونکە وەردی کێشمەکێشی راستەقینە لە کۆمەڵگەی عێراقدا بە ململانێی نێوان هەردوو کولتووری خێڵەکی و شارنشینی دەبینێت، لە دیدی ئەودا کولتووری شارنشینی دیاردەیەکی تەواو خۆرئاوایی بوو. دێتەوە بیرم لە چاوپێکەوتنێکی سایتی “نیقاش”دا، کۆمەڵناسی شارەزا “د.فالح عەبدولجەبار” رەخنەی لەم روانگەیەی وەردی گرت بەوەی جووتەوانەی خێڵەکیبوون و شارنشینی بە دەرئەنجامی کولتووریی نێوان هۆز و شار نەدەزانی بەو فۆرمەی لای “ئیبن خەلدون” هەیە، بۆیە بە روونی وتی “دژایەتییەک لە سیستمی بەهاکان، تەرزەکانی ژیان، رێکخستنی کۆمەڵایەتی، شێوازەکانی ژیانی شارنشینی و ناشارنشینیدا هەیە، بەڵام ئەوەی دواییان ئیدی خێڵەکی نییە، بەڵکو بۆتە لادێی، ناوچەی گوندیی گەورە لە شارەکاندا هەن، ئەمەش بە ئاشکرا لە بەغدا، بەسرە، موسڵ و هەولێردا دەبینین”.
عەبدولجەبار، دیاردەیەکی نوێ، یان راستییەکی جیاواز دەخاتە ڕوو، بەوەی کولتووری گوندیی سایەی سەری شارە عێراقییەکانە بە شارە کوردییەکانیشەوە نەک کولتووریی خێڵ. ئەوە روونە هاتنی گوندییەکان چ وەک تاک یان گروپ بۆ ناو شارەکان، لە پرۆسەی راگواستن و کاولکردنی گوندەکاندا بووبێت لە سەردەمی رژێمی بەعس، یان لە کردەی بە فەرمانبەرکردنی گوندنشینان بووبێت لەلایەن حکومەتە حزبی هەرێمەوە “لێرەدا هەڵەی تایپ لە ئارادا نییە، زاراوەی حکومەتە حزب داهێنراوی خۆمە”. هاتنێک بوو بە کولتووریی گوندییانەی خۆیانەوە. ئەوان شارەکانیان قەرەباڵغتر کرد، بەڵام فەرهەنگی شارنشینیان لە ریشەوە دەرهێنا کە چینی بۆرژوازیی شاریی نوێنەرایەتی دەکرد، ئەم دیاردەیەش تایبەت نییە هەر بە شاری هەولێر، بەڵام ئێمە لەم وتارەدا ڤۆکۆسمان لەسەر هەولێرە. مەسەلەکەی ئێمە دوورە لەو پۆلینە دەمارگیرە شارییەی فەرهەنگی گوندیی بە پریمیتڤ و کێویی سەیر دەکات، نا، نیازێکی وامان نییە بیڵێین، بەڵکو قسەمان لەسەر نیشاندانی دوو کولتوورە کە هەر یەکێکیان خاسێت و شەقڵی خۆی هەیە.
هەرچۆنێک بێت سەرئەنجام هاتنی گوندییەکان تەنیا هاتنێکی فیزیکی ئەبستراکت نەبوو، هاتن و زاڵبوون و باڵادەستی کولتوورەکەشیان بوو، بە تایبەت لەو لێشاوەی ساڵی 1988دا و لە میانەی پرۆسەی راگواستنی گوندەکاندا لەسەر دەستی بەعس، ئەم دیاردەیە بە زەقی رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر شارەکان ئەویش بە پاشەکشەی ئەو کولتوورە شارنشینییەی چەند دەیەیەک بوو لە رسکان و گەشەکردندا بوو لەسەر دەستی چینی ناوەند. گوندییەکان بە دەستی بەتاڵ لە سامان و موڵک هاتن، بەڵام بە ئاسانی دەستیان گرت بەسەر نۆرمی شارنشینی و خودی شارەکاندا. ئەم پرۆسەیە لەناو هەولێردا گەورەترین رەنگدانەوەی هەبوو، کە شاری دابەشکرد بەسەر دوو تاقمی کولتوورییدا “هەولێریی و دەشتەکی”، لە سلێمانیشدا لە ژێر ناوی “خەڵکی شارەکە و لادێی” خۆی دەرخست.
هەڵبەتە مەبەستمان نییە، فەزڵی هیچکام لە کولتووری لادێ و شار بدەین بەسەر یەکتردا، نیازمان ئەوەیە لە دیاردەیەک بدوێین لە واقیعدا بوونی هەیە. تەنانەت بۆ “کارل مارکس” هەمیشە شار گرنگتر بوو. بەو پێیەی چینی بۆرژوازی بەرهەمی شار بوو، شارەکان چەقی گەشەکردنی سەرمایەداریی بوون، بە هەمان شێوە مارکس بێ ئەوەی باسی بکات پێی دەوتین کۆمۆنیزمەکەی ئەویش هەر سەر بە کولتووری شارە. مارکس و ئەنگلس بە جووت پێیان دادەگرت لەسەر ئەوەی مرۆڤی عەقڵانی بەرهەمی شارە، لەم راستایەدا لە هەوڵدا بوون بۆ خستنە رووی ئەوەی پڕۆلیتاریا دەبێت خۆی لە بیرکردنەوەی گوندیی رزگار بکات، چوونکە ئەو بیرکردنەوەیە خۆی داوەتە دەست گۆڕانکارییە سروشتییەکان. بە پێچەوانەی شارەوە کە مەکۆی ململانێیە و تێیدا چەندین دەستەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەن هانی تاکەکان دەدەن بۆ بە دەستهێنانی ئازادیی!. ئاخۆ دەکرێت بە مارکس بڵێین گوندییەکانی بە نزمتر سەیر کردووە؟ نا مەسەلەکە شتێکی ترە. دەکرێت بڵێین ئیدی شار بەو کولتوورە جیاوازە خۆیەوە کە کەمتر کشتوکاڵییە و زۆرتر پیشەسازییە دەبێتە ناوەند و چەقی گۆڕانکاریی و مەیدانی کێشمەکێشی چینەکان.

هەر لە باری واقیعییەوە، ئێمە قسە لەسەر شارگەلێک دەکەین بەرهەمی خۆرئاوایە، یان راستتر بڵێم بەرهەمی مودێرنێتەیە. گەر بەخێرایی ئاوڕ لە ژیاری خۆرئاوا بدەینەوە. ئەوەی بە “خۆرئاوا” دەناسرێتەوە وەک چەمک، ساتەوەختی گەڕانەوەیە بۆ شارستانی گریک و رۆمای دێرین و لەسەر ئاینی کریستیانیزم دامەزراوە، دروست لە ساڵی 1492 لەگەڵ دۆزینەوەی ئەمەریکا و دەرکردنی عەرەبە موسڵمانەکان لە ئەندەلوس فۆرمۆڵە بووە. هەر لەم دەمەدا فەلسەفە و فیکری خۆرئاوایی لەسەر پاساوهێنانەوە بۆ کۆمەڵکوژکردنی هیندە سوور و دانیشتوانە رەسەنەکانی قاڕە تازەکە و گەڕاندنەوەی چەرخی کۆیلەداریی شکڵی گرت. ئیدی شارەکان هێدی هێدی دروست دەبن و دۆمە گەورەکان سەرتاپای ئەوروپا دەگرنەوە، لەناو ئەم قۆناغە تازەیەدا ماشێنی ئیمپریالیزم خێراتر دەڕواتە پێش و شۆڕشی پیشەسازیی لە دایک دەبێت، شارەکانیش دەبنە ناوەندی گەشەی سەرمایە و رووبەرێک بۆ لە دایکبوونی چینێکی نوێی کۆمەڵایەتی “بۆرژوازی”. لەم چرکەساتەوە شار دەبێتە مەڵبەندێک بۆ ململانێی چینە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی رەوتە فیکرییە جیاوازەکان. لەم کاتانەدایە یەکەمین کتێب لەسەر بایەخی شار بڵاو دەبێتەوە لە ساڵی 1598دا، کە کتێبەکە لەلایەن “بۆتیرۆ”ەوە لە ژێر ناونیشانی “گەورەیی شار”دا نووسراوە.
ئاگام لەسەر باسەکەی خۆمە و ئەو چەند پەرەگرافەی پێشتر دەبەستمەوە بە ناوەڕۆکی بابەتەکەمەوە. بەوەی گومان نییە لەوەی شار بەرهەمی مودێرنێتەیە و هەڵگری توخمێکی کولتووریی تایبەت بە خۆیەتی. ئایا لە شارەکانی ئێمەدا بە تایبەت هەولێری پایتەخت ئەو رەگەزە فەرهەنگییانە هەن؟. وەڵامەکە گرێ و گۆڵی تێدا نییە و بۆ هەر کەسێک لام لە جیم جیا بکاتەوە نەخێرە. ئاخر هەولێر لەسەر ئاستی رووکەش وەک شارێک دەردەکەوێت، ئەگینا نهۆ گوندێکی پەرەسەندووش نییە. “ئەمە بۆ سلێمانیش زۆر راستە”. شار تەنیا یەک ستانداری نییە و بە زۆر و بۆریی ژمارەی دانیشتوان ناپێورێت، لەبەرزترین پلەدا شار فەرهەنگە و شارنشینیش مومارەسەی ئەو فەرهەنگە. گەر نموونەیەکی ساکار بهێنینەوە ئێمە جیاواز لەوەی سینەمایەکی کزۆڵەمان هەیە، لە کاتێکدا زەخیرە و ماتریاڵی سینەمایەکی تایبەتمەند و یونڤرساڵمان هەیە، دوو سێ هۆڵی سینەمایی شیاومان نییە لەو پایتەختە گەورە و گرانەدا!. چۆن شانۆیەکمان نییە تەواو خۆماڵی بێت، لە هەمان کاتدا دوو هۆڵی نمایشی شیاویشمان نییە. تەلارسازیی رووت هیچ نابەخشێت. ئەگەرچی ستایلێکی میعماریی کوردیشمان نییە، کارەساتەکە ئەوەیە لە دیمەنی تەلارسازیی هەولێر و کۆی شارەکانی تریشدا بەر خوار و خێچی زۆر دەکەوین، لێ شارەکان بەپێی مێژوو، دابونەریتی خۆیان تەلارسازییان بۆ دەستنیشان دەکرێت، لەمەشدا جگە لەو بەشە کەمەی نزیک قەڵا، رەشەبایەکی ڤەندالیستی توند چاو دەکەین، هەموو سیما رەسەنەکانی شاری بەرەو سڕینەوە بردووە و کردوویەتی بە چەند دوورگەیەکی دابڕاو لە یەکتر لە رووی کولتوورییەوە، نووکە ئەو دوورگە جیاوازە چینایەتییانە، بە هەولێرێکی پێشکەوتوو، پێمان دەفرۆشدرێتەوە. خولاسەی کەلام ئەمەیە تەلارسازییەکەش شپرزەیە چەشنی دەروونی ئەو مرۆڤە کوردەی لە دەروازەی جیهانی تازەدا راوەستاوە، نازانێت چۆن بچێتە ژوورە و لەکام دەرگاوە لێی دەربچێت.
بابەتێکی گرنگی تریش، کە ناشێ لەم پانتاییەدا قسەی لەسەر نەکەین، پێشکەوتنی رواڵەتی و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی بۆ هەولێر، بە بێ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و هزریی مانایەکی نییە. ئەو دوو پرۆسەیە شانبەشانی یەکتر و بەشێوەی ئاسۆیی دەڕۆن. ناشێ سیمای شار لە شارە مودێرنەکان نزیک بێتەوە، هێشتاش پەروەردە و تێرمی خوێندنی حوجرە زاڵتر بێت لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەک زانکۆدا. راستە ئاینداریی مافی هەر کەسە، بەڵام ناکرێت موفرەداتی پزیشک لە بری کۆنسێپتی پزیشکیی هەمان ئەو زاراوانە بێت بانگخوازە فێندەمینالیستەکان لە گەوجاندنی کۆمەڵگەدا بەکاری دەهێنن، ناشێ سنوورێک نەمێنێت لە نێوان پزیشک و بانگخوازدا. ناشێ و شیاوی شار نییە، عەقڵی کۆمەڵگە و دانیشتوانەکەی بدرێتە دەست مەلای رادیکاڵ و دوا قسە هەمیشە بۆ ئەوان بەجێ بهێڵدرێت. ناشێ شار بریقەی بێت، لەناو خەیاڵدانی دانیشتوانەکەشیدا ژنکوژیی ئامادەیی هەبێت، ناشێ شارێکی جوان بە عەقڵێکی ناشرینی بەسەرچووەوە بەڕێوە ببرێت. تا ئەو ئەندازەیەی لە ناکرێت لە بەرامبەر ئوسوڵیەتی ئیسلامی، لە باشترین حاڵەتدا کولتووری عیرفان زاڵ بکرێت، ئێمە پێویستمان بە بیرکردنەوەی فەلسەفییە، ئاخر لە دوا ئەنجامدا فەلسەفە رووی لە دنیایە، تەوژمێکە بەرەو دەرەوە، هەرچی عیرفانە رووی لەناوەوەی مرۆڤە. عیرفان مرۆڤ پاسیڤ دەکات، بەڵام فەلسەفە مرۆڤ ئەکتیڤ دەکات، وای لێ دەکات بیر لە بنیاتنانی دنیا بکاتەوە، مرۆڤی فەلسەفی هەمیشە خەیاڵی هەیە، خەیاڵی خورافی نا، بەڵکو خەیاڵێک زانستی لەسەر رۆ دەنرێت و لەسەر زانست بینا بووە.
قسەیەک پێویست بێت لە کۆتاییدا بیکەم ئەمەیە: ئەوەی لە هەولێر کراوە و لە بەرنامەدایە بۆ ئەنجامدانی، تەنیا ماکیاژ و بۆتۆکسکردنی ئەو شارەیە. ئاخر بە بێ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، بە بێ پڕکردنەوەی ئەو سپەیسە چینایەتییەی لە زەقبوونەوەدایە، بە بێ دابینکردنی ژیانێکی شیاو بۆ دانیشتوانەکەی، بە بێ رەخساندنی ژینگەیەکی ئازاد بۆ گوزارشت، بەبێ کاڵکردنەوەی دەسەڵاتی حزب و فەرهەنگی دێهاتیی، بە بێ داڕشتنەوە و رێکخستنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هاوچەرخ، بە بێ ئیدارەیەکی ناگەندەڵ، بەبێ کورتکردنەوەی زمانی مەلا و خێڵ، بە بێ کەمکردنەوەی بێکاریی و بەرزکردنەوەی ستانداری ژیان و بژێویی، بە بێ و بەبێ … هەر هەنگاوێک لە بواری تەلارسازیی و شەقامسازییدا کە وەک دوا مەکرەمەی حزبیی نیشانمان دەدرێت، هیچ لەو شارە ناگۆڕێت، ئەم بۆتۆکسە دەتوانێت رووخساری پیرە هەولێر گەنجتر بکاتەوە، لێ داخەکەم ئەو فەرهەنگە پیرە هەروەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەو گۆڕانکارییە رواڵەتییانەش کە وەک گرێی دەروونی مرۆڤی رۆژهەڵاتی رووکەش پەرست خۆی دەنوێنێت، دواجار دەبنە بڵقی تەقیو. ئەم تێزەش بەکەمێک جیاوازییەوە بەسەر هەر شارێکی تری کوردیدا لە باشووری کوردستاندا دەچەسپێت.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ئاپریڵی 2020
باکووری زەوی

Previous
Next
Kurdish