Skip to Content

273 Views

کێشەى پەرەوەردەى فێرکارى لە هەرێمى کوردستان ڕەخنە و ئەلتەرناتیڤ … کاوە جەلال

کێشەى پەرەوەردەى فێرکارى لە هەرێمى کوردستان ڕەخنە و ئەلتەرناتیڤ … کاوە جەلال

Closed
by April 21, 2020 General, Opinion, Slider

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە فۆرماتی پ د ف کلیکی ئێرەبکەن ……

پێشگۆتن

                                                                                  

 ئێمە سەرەتا لە پرسیارى پەروەردەى فێرکاریدا لە کوردستان دەکەوینە بەردەم پرسى "تێگەیى"، چونکە گەرچى ئێمە واژەکانى پەروەردە و فێرکارى وەک دوو تێگەى پەروەردەناسى (پێداگۆگیک) بەکاردەهێنین، لێ سەرەڕاى ئەوە بە وردبوونەوەى هزری لە کێشەى پەروەردە دەبینین، کە پەروەردە، وەک پێگەیاندنێکى مرۆڤخوازانەى تاکى فێرخواز، لە کوردستان نییە، بەڵکو ئەو شێوازە سەروەرە کە ئێمە ناوى دەنێین "خوێندنى ترادیسیۆنى".
 بۆ ڕوونکردنەوەى کێشەى فێربوون و فێرکارى هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکى ڕەخنەیى بچینە نێو کێشەى خوێندنى ترادیسیۆنییەوە، لێرەشدا بە تاکە شێوازى وەرگرتنى زانستەکان دەگەین کە بریتییە لە "دەرخکردن". لێ لەبەر ئەوەى لە پرۆسەى وانەبێژیدا هەمیشە دوو تەوەرى مامۆستا و خوێندکارمان هەن، ئەوا هاوکات پێویست دەبێت لەنێو خەریکبوونە ڕەخنەییەکەدا خودى "مامۆستا" بپشکنین، لێرەشدا پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن (بەکەسکردن)ى تاک لەنێو کۆمەڵدا چاکترین دەرچەیە بۆ ئەوەی لێوەی هەنگاو بۆ نێو ئەم کێشەیە بنێین. وەرگرتنى ئەم هەڵوێستە گونجاوە، چونکە سۆسیالیزاسیۆن، کە سەرەتا لەنێو خێزاندا بەگەڕدەخرێت و پاشان، لەپاڵ خێزاندا، لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانى وەک خوێندنگە و زانکۆ بەردەوامیى پێدەدرێت، تەنیا منداڵان و گەنجان ناگرێتەوە، بەڵکو، لە ڕووى سۆسیالپسیکۆلۆژییەوە کەسانى کامڵیش بەدرێژایى ژیانیان دەگرێتەوە. کەواتە مامۆستا خۆى بەنێو ئەم پرۆسەیەدا ڕەت بووە و هاوکات خۆى هێشتا لەنێویدا دەبینێتەوە. ئێمە لەم ڕێیەوە دەتوانین پەیوەندییە بەرەیى و ئاڵۆزێنراوەکەى، بەڵێ تەنانەت وشکهەڵهێنراوەکەى نێوان "مامۆستا" و "خوێندکار" بە چەشنێک هەڵبووەشێنینەوە، کە لە ڕەوتیدا مامۆستا بخەینەوە نێو ئەو دۆخە کە ئەو تێیدا جارێ خوێندکار بووە و لەسەر هەمان ڕێسای دەرخپێکردن "مت" کراوە.
 لێ بەبێ دانوستاندنى "زمانى کوردى" ناتوانین بە پوختى لە وەڵامى کێشەکانى خوێندن لە کوردستان نزیک بکەوینەوە. ئێمە لێرەدا دەکەوینە بەردەم بەدڕەوشێک: زمانى کوردى خۆى بووە بە بەربەست لە بەردەم فێربوون و ئاوەڵابوونى هۆشەکییانەى خوێندکاراندا، ئەمەش لە لایەک بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە، واتا بۆ ئەو هەقیقەتە کە زمانى کوردى دەرەقەتى زانستەکان نایەت، لێ لە لایەکى دى بۆ شێواندنی زمانەکە لە لایەن زمانناسانى قەدیمییەوە دەگەڕێتەوە، کە لە ڕەوتى هزرینیاندا بە ئارەبى و کارکردنیاندا بە کوردى کەوتوونەتە سەر لێژییەکى زمانەوانى لە نێوان زمانى کرداریانەى/ڤێربیانەی ئارەبى و زمانى ناتورالیستیى کوردیدا، لێرەشدا لەبەر ئەوەى بەکوردى نەهزریون، ئەوا نەیان توانیوە واژە و تێگە زانستییەکان هەڵبهێنجن، بەڵکو بە دۆشداماوى بۆ "شتێک" گەڕاون تاکو بە کوردى بەرانبەر واژە ئارەبییەکە دایبنێن.
 لێ ئەم توێژینەوەیە، وەک چۆن ناونیشانەکەى ئاماژەى بۆ داوە، تەنیا ڕەخنەیى نییە، بەڵکو هاوکات ئەلتەرناتیڤێک لە ڕوانگەیەکى دیالێکتیکییانەى فێرکارییەوە دەهێنینە پێشەوە و لەژێر ناونیشانى "پەروەردەى فێرکاریى نوێ"دا دیاریى دەکەین. کاتێک بەخێوکردنى ترادیسیۆنى تەنیا کەسێتیى منداڵ (1) و هۆشى خوێندکار سست دەکات، ئەوا پەروەردەى نوێ هەوڵێکە بۆ پێگەیاندنى منداڵ (و گەنج) وەک مرۆڤ و فێرخواز، کە ئیدی بتوانێت خۆى بناسێت و هۆشى خۆى بۆ شکۆفەپێدانى نوێخوازى (فزوولییەت) ببزوێنێت. لەم ڕوانگەیەوە پەروەردە، بە پێچەوانەى بەخێوکردن و دەرخپێکردن، بریتییە لە ڕاهێنانى لایەنە مرۆڤی و هۆشەکییەکانى کەسى تاک. ڕاهێنانى مرۆڤى لەوەدایە، کە هەوڵ دەدرێت فێرخواز بە توانستە مرۆڤییەکانى خۆی بناسێنرێت؛ ڕاهێنانى هۆشەکى لەوەدایە، کە دامەزراوە فەرمییەکانى وەک خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆ، بابەتەکانى وانە و شێوازى وانەبێژى بە ئامانجى فێرکارییەوە ڕێکدەخەن.
 لەم نووسینەدا، بەگوێرەی پرسیارە بەبابەتکراوەکان، واژەکانى مامۆستا و فێرکار، خوێندکار و فێرخواز، خوێندنگە و فێرگە، بەکارهێنراون. ئەم بەکارهێنانە لە شێواویى هزر یان حەزى گەمەى زمانەوانییەوە نەهاتووە، بەڵکو واژەکان لە  جێى بە خۆ تایبەتى نووسینەکەدا دەردەکەون و ئەمەش بە واتاى ئەوان توخمى خەریکبوونە ڕەخنەییەکە پێکدەهێنن.


      1- خوێندنى ترادیسیۆنى، یان: بەخێوکردن و دەرخپێکردن


 بۆ ئەوەى لە کێشەى خوێندنى ترادیسیۆنى نزیک بکەوینەوە، چاک دەکەین کە سەرەتا ڕوو بکەینە پرۆسەى سۆسیالیزاسیۆن (بەکەسکردن)، واتا پرۆسەى خۆشەکردنى منداڵ بەو مەبەستە کە لە سەرەنجامدا ببێت بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵایەتى، ئەوجا وەک ئەم کەسە چالاکە بتوانێت نۆرم (پێوارە) و بەها کۆمەڵایەتییەکان بە ویستى ئازادى خۆى بەرهەمبهێنێتەوە (2). لە بنەڕەتدا چەقی گۆڕانى کەسێتیى منداڵ هەمیشە لەنێو ئەو پرۆسەیەى سۆسیالیزاسیۆندایە، کە سەرەتا لەنێو خێزاندا دێتەگۆڕێ، لێرەشدا بەندین بە جیهانبینیى دایک و باوک و شێوازى بەخێوکردنیان، کە پێکەوە کاریگەریى دەروونی لەسەر منداڵ دەنوێنن. کاتێک دایک و باوک لە ڕوانگەى هزر و تێڕوانینى جیهانییانەوە هەوڵ دەدەن منداڵەکەیان بکەن بە ئەندامێکى چالاکى کۆمەڵ، ئیدی لەو ڕەوتەدا جیهانبینیی خۆیان بەو ڕێیەوە بە منداڵ دەگەیەنن. هەروەها لە جیهانبینیى تایبەتى دایک و باوکەوە شێوازەکانى سۆسیالیزاسیۆن دەکەونەوە: خێزانێکى کراوە یان هەیەپارێز (کۆنزەرڤاتیڤ)، جا دەوڵەمەند بێت یان هەژار، شاریى بێت یان گوندى، لە هەبوونى خۆیەوە رۆڵێک دەنوێنێت و شێوازى خۆشەکردنى منداڵ بەردەخات، لێرەشەوە کاریگەر دەبێت لەسەر جۆرى چێبوونى ئەو تاکەکەسە کە لە داهاتوودا وەک کردارنوێنێکى کۆمەڵایەتى دەردەکەوێت.
  لێ سۆسیالیزاسیۆنى منداڵ کە سەرەتا لەنێو خێزاندا بەردەخرێت، لە تەمەنێکى تایبەتیى منداڵەوە لە لایەن دامەزراوەى فەرمیى دەوڵەتیشەوە، واتا باخچەی منداڵان و خوێندنگەکانەوە، لە ئەستۆ دەگیرێت. لە نێو ئەم پرۆسەیەى سۆسیالیزاسیۆندا نەک تەنیا منداڵ، بەڵکو هاوکات کەسى سۆسیالیزەکار هەیە، واتا مامۆستا، کە ئەویش خۆی سەرەتا بەنێو پرۆسەیەکى سۆسیالیزاسیۆندا ڕەت بووە. لێ پرۆسەکە سەربارى جیاوازیى نەوەیى "نزیکەى" هاوشێوەیە، چونکە لە کۆمەڵى هەیەپارێزی کوردیدا دەرفەتى "گۆڕان"ى کەسى نییە، بەڵکو لەم کۆمەڵەدا کەسێتیى سۆسیۆکولتوورى هەتا ڕادەى شیان بەرهەم دەهێنرێتەوە(3). بۆیە بەردەوام ئەو کێشە کرۆکیانە لە بەردەمماندان، کە لە کاتى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە لە ئارادا بوون: خۆشەکردن بۆ بەرهەمهێنانەوە، یان دانانی قۆناغبڕینى خوێندنگەیى وەک پێشکەوتنى خوێندکار ئەوجا لە کۆتاییدا گەیشتن بە "بڕوانامەیەک"، کە دەشێت بڕوانامە بێت وەک "مۆڵەتى کارکردنى مامۆستایى".
 لەم ڕوانگەیەوە ئێمە تێکچڕینێکمان هەیە لە نێوان کەسێتیى ترادیسیۆنى لە لایەک، شێوازى وانەبێژى و ڕێکخستنى بابەتەکانى وانە لە لایەکى دى. لە سەرهەڵدانى کەسێتیى ترادیسیۆنیدا لە لایەک تێگە ئەزەلییەکانى ئایین خۆنوێنن، واتا تێگەکانى "گەورە" و "بچووکى"، "ئەجرى دایک و باوک"، "کەس وەک کەرتێکى گرووپ"، و هتد؛ لێ لە لایەکى دى وانەبێژى و دانانى بابەتەکانى وانە دەڕژێنە نێو تەوەرى کەسێتیى ترادیسیۆنییەوە، چونکە ئەوە کەسى خۆشەکراوە، کە وەک مامۆستا (یان پسپۆر) نەک تەنیا خەریکی وانەبێژییە، بەڵکو هەروەها بابەتەکانى وانە هەڵدەبژێرێت و دەیان نووسێت، ئەوجا دەوڵەت بەسەر خوێندکارانى خوێندنگەکانیدا دەبەشێتەوە. ئەم کەسێتییە، کە بەهۆى خۆشەکراوییە ترادیسیۆنییەکەیەوە ئاسۆیەکى سنووردارى هەیە، تەنیا ئەو شتەى پێ دیارى دەکرێت و هاوکات دەخوازێت تەنیا ئەو شتە بە نووسین دیارى بکات، کە لەنێو مەوداى ئاسۆی خۆیدایە. گرنگترین کێشەى ئەم کەسێتییە بریتییە لە نەبوونى ئاگاییەکى ڕەخنەیى لەبارەی ڕابوردووى کۆمەڵایەتی و ژینگە سەردەمییەکەى، بۆیە دانانى بابەتەکانى وانە یان یەکلایەنى و کەلێندارە (بەتایبەتى لە وانە هۆشەکییەکانى وەک مێژوو و کۆمەڵناسى و هتد)، یان لەو بابەتانەدا هزرینى ئیسلامى-خۆرهەڵاتی بەرجەستە دەبێت، واتا دانانی بابەتەکانی وانە بەزۆریى ڕێکخستنەوەى ئەو زانستانەیە کە لە وڵاتانى خۆرئاوادا سەریانهەڵداوە. پاشان ئەم بابەتانە کە لە کتێبدا ڕێکخراون، بۆ کوردى وەردەگێڕرێن. بێگومان ئەو کتێبە خوێندنگەییانەش کە "مامۆستایانى یان پسپۆرانى شارەزاى" کورد دەیاننووسن، لەنێو هەمان شێوازى هزریندان، هێندە نەبێت کە نووسراوە ئارەبییەکان داڕشتنێکى زمانەوانیانەى پوخت و ڕەوانیان هەیە، لێ لە نووسراوە کوردییەکاندا بەدەگمەن پوختیى داڕشتن و لۆگیک دەردەکەوێت، جگە لەوە نەک تەنیا پڕن لە هەڵەى ڕێزمانى، بەڵکو تەنانەت پڕن لە هەڵەى تایپ، ئەوجا بەو هەموو هەڵەیەوە دەدرێن بە خوێندکاران.
 لێ ئەوە هەروەها کەسێتیى ترادیسیۆنییە، کە وەک "هەڵگر"ى وانەبێژى چالاک دەبێت. لێ ئەم کەسێتییە بەزۆریی لە ڕێژەدا بە پیشەی دیکەوە، وەک ئەندازیاری و پزیشکی، یان فەڕاشی و دوکانداری و پینەچێتی و هتد، پیشەکەی دەنرخێنێت، واتا ئەو زۆر دەشێت خواستى پێگەیەکى باڵاترى وەک ئەندازیارى یان پزیشکیى هەبوو بێت، لێ بەهۆى ئاستی کۆنمرەوە نەیتوانی بێت پێى بگات و پاشان بەناچارى پێگەى مامۆستایەتیى هەڵبژاردبێت. بێگومان ئێمە ناتوانین نکۆڵى لە بەهای ئۆبژێکتیڤیانەی پێگە سۆسیالەکان بکەین کە هەردەم لە لایەنی خۆیانەوە ڕێزی کۆمەڵایەتی و ناساندن بۆ پێگەداران مسۆگەر دەکەن، لێ گەر ئاستگەرایانە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئەو پێگە سۆسیالانە بدرێت، ئەوسا زۆر دەشێت وانەبێژی وەک ئەرکێکی چێژبەخش و ئەخلاقی و گوزەران دابینکەر واتای لاوەکی وەربگرێت یان تەنانەت وەرینەگرێت. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هەردوو ڕەوش لەگۆڕێن: دەشێت لە ڕووی سوننەتییەوە هێشتا کارا بێت، لێ هەروەها زۆرتر دەشێت ئەنجامدانێکی ناچارەکی و یەکجار رواڵەتییانە بێت، بۆ نموونە لەو شێوەیەدا کە زۆر مامۆستای زانکۆ یەک وانەیان لە ساڵێکی خوێندندا بە یەک تاکە "مەلزەمە"ی پازدە تا بیستوپێنج لاپەڕەیی "بەڕێدەکەن". بە گشتی مۆرکی ئەم کارە ترادیسیۆنییەی مامۆستایەتی ئەوەیە، کە کەسێتییەکە  (لە زانکۆ یان پەیمانگەى مامۆستایان) هەمیشە وەک بەرهەمهێنەرەوەی بابەتەکانى "وانە" هەوڵى گەیشتن بە مەبەستەکەى دەدات، کە وەک گۆتمان سەندنى پێگەى مامۆستایەتى و ناساندنی کۆمەڵایەتییە. مامۆستا خۆى وەک "پیشەدار"ێک (خاوەنى میهنەیەک) دەبینێت، لێ بە جیاوازییەکەوە لە پیشەگەرى دەستی، کە ئەو بە کارى سەر و دەست بەرهەم ناخاتەوە، بەڵکو تەنیا بابەتە نووسراوەکان بە خوێندکاران دەگەیەنێت و دەوڵەتیش بۆ ئەم کارەى مووچەى بڕیوەتەوە (4).
 بەرهەمهێنانەوەى ئەم شێوازە خوێندنگەییە هاوکات بەوەدا ڕوون دەبێتەوە، کە خوێندکار نەک فێربوون، بەڵکو دەرچوون لە تاقیکردنەوەدا بە پێشکەوتن دادەنێت، بۆیە ئەو خۆی تەنیا یان بەزۆرى بۆ تاقیکردنەوەکان هیلاک دەکات، ئەوەش نەک لەسەر بناغەى تێگەیشتن لە بابەتەکان، بەڵکو لەسەر بناغەى ئەو تاکە شێوازە کە مامۆستا دەیناسێت و ئەوى پێناساندووە: دەرخکردن. مامۆستا ئەو کەسە دروست دەکات، کە گەرەکە لایەنى کەم لە کاتى خانەنشینبوونى خۆیدا جێى بگرێتەوە.

1-1 بەخێوکردن بۆ “خوێندن”

ئێمە لە کوردیدا واژەى بەخێوکردن چە بۆ مرۆڤى منداڵ و چە بۆ باڵندە، بۆ نموونە مریشک، بەکاردەهێنین. بەخێوکردن بەزۆریى هەوڵدانى کامڵەکانە بۆ تێرکردن و پاراستن لە سەرما یان گەرما، هەروەها، پەیوەست بە منداڵەوە، هەوڵى پاراستنە لە کارەساتەکانى ژیان. لێ بەخێوکردن لە هەردوو ڕەوشدا بە مەبەستى بەرهەمخستنەوە ئەنجام دەدرێت: بەخێوکردن لە حاڵەتى مریشکدا بۆ مەبەستى هێلکەکەى یان گۆشتەکەیەتى، لە حاڵەتى مرۆڤى منداڵدا، وەک خۆشەکردنێکى ترادیسیۆنى، بریتییە لە لاساییکردنەوە و بەرهەمهێنانەوەى ئەو پێوارە (نۆرم) و بەهایانە کە لاى خێزان و کۆمەڵگەى هەیەپارێز سەروەرن. بەخێوکاران هەوڵ دەدەن بەو ڕێیەوە پێوارە و بەهاکانیان، خوو و نەریتەکانیان، بپارێزن. لێ لەبەر ئەوەى پێوارە و بەهاکان، خوو و نەریتەکان، سوننەگەرایانە پێناسە کراون و وەک ڕێنومای نەشیاوی پرسیارلێکردن دانراون، ئەوا کەسى تاک ناچار دەکرێت خۆى بخاتە ژێر ڕکێفیانەوە، تاکو ئەوەى لێ دەربچێت کە بەخێوکەران دەیخوازن: کوڕێکى یان کچێکى پاشپاتکەرەوەى ئەو بەها و خو و نەریتانە کە کۆمەڵى هەیەپارێز لە پێناوى پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى کۆمەڵایەتیدا ڕایاندەگرێت (5). 
 لەم جیهانبینییەوە نەک تەنیا بابەتەکانى خوێندن دادەنرێن، بەڵکو هەروەها پێناسەى کارە زانستییەکان دەکرێن، ئەمەش بە چەشنێک، کە ئیدی هەروەک زانست بریتى بێت لە وشەى ڕیزکراوى نێو ڕستە، ڕستەکانیش بوونێکى ڕەهای ئۆبژێکتیڤییان هەبێت و ئەو زانستە نەشیاوى پرسیارلێکردن بێت، مرۆڤیش تەنیا بتوانێت بەهۆى ڕەهایەتییەکەى زانستەوە رواڵەتییانە وەرى بگرێت. لەم ڕوانگەیەوە بەخێوکردن لە بوارى دامەزراوەییدا (خوێندنگە) بە چەشنێکە، کە کوڕان و کچان وەک خوێندکار دادەنرێن و بەزۆر خۆشە دەکرێن بۆ ئەو شتانە کتومت بدەنەوە کە مامۆستایانى بەخێوکەر وەک وانەی نەشیاوى پرسیارلێکردن دەیانخزێننە هۆشیانەوە، پاشان لە تاقیکردنەوەکاندا بڕى وانە خزێنراوەکان بۆ نێو هۆش دەپشکنن. کەواتە تێگەى خوێندن بەڕێکەوت نییە و ئاماژە بۆ شێوازێکى تایبەتیى هزرین دەدات. خوێندن، کە بۆ مەل یان مەلاى قورئانخوێن و خوێندکار بەکاردەهێنرێت، دانەوەى کتومتى ئەو بابەتەیە کە وەک بنەمایەکى نەشیاوى پرسیارلێکردن دانراوە.
 ئێمە لەم شێوازە باوەى بەخێوکردندا تێگەى "دەرخ" یان "حیفز"مان هەیە و بناغەکەى بۆ ئایین دەگەڕێتەوە (6). لێ گەرەکە ئەم کێشەیە لە دوو ڕووەوە دیارى بکەین: یەکەمیان لە ڕووى ئایینییەوە، کە بابەتى ئەم نووسینەى ئێرە نییە، دووەم لە ڕووى مۆدێلى خوێندنەوە. شێوازى دەرخکردنى بابەتە نووسراوەکان تاکە مۆدێلى خوێندنە لە خوێندنگەکاندا. لێ بۆ ئەوەى لەم کێشە توخمییەى خوێندن نزیک بکەوینەوە، دەبێت بپرسین، کە چۆن و لەکوێوە بووە بە مۆدێلى خوێندن.
 ئێمە لە سەرەوە لەتەک کێشەى سۆسیالیزاسیۆنى نەوەییدا، واتا هینى مامۆستا و خوێندکاردا، خەریک بووین. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە بەرەو پاش بگەڕێینەوە بۆ کاتەکانى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە. ئێمە لێرەدا لە لایەک بڕینێکى قۆناغیمان لە شێوازى خوێندنى ئیسلامى بەگشتى و عوسمانى بەتایبەتى هەیە، لێ هاوکات درێژەپێدانى هەمان مۆدێلى خوێندنى خوێندنگەیى دەبینین. بۆ پتر نزیککەوتنەوە لەم کێشەیە دەبێت سەرەتا جەخت لەو هەقیقەتە بکەین، کە دەوڵەتى عێراق دامەزراوى دانیشتوانەکەى ئەمڕۆى نەبوو، بەڵکو زلهێزێکى مۆدێرنى دەرەکى دایمەزراند، کە نەک تەنیا سیستەمە سیاسییەکەى خۆی، بەڵکو سیستەمى فێرکارییەکەى خۆیشى بە زانستە مۆدێرنەکانەوە، وەک سەروێنە / نموونە بۆ دانا و ئەوجا سەپاندى. کەواتە پێویست بوو خوێندنگەى نوێ بۆ منداڵانى هاوڵاتیانى ئەم دەوڵەتە نوێیە بکرێنەوە. لە سەردەمى دەسەڵاتداریى عوسمانیدا ژمارەى خوێندنگەکان زۆر کەم بوو، هەروەها لەو خوێندنگانەدا تەنیا منداڵانى ئەفەندى و فەرمانبەرانى حکومەت دەیانخوێند (7). گەر بەگشتى بڕوانین، ئەوا دەبینین کە مامۆستابوون تایبەتمەندیى ئەو کەسانە بوو کە وەک شاگردى ئایینى لەسەر بنەماى دەرخکردن پێگەیشتبوون و پاشان پێگەى مامۆستاى ئایینییان سەندبوو. کەواتە لە کوردستان لەپاڵ خوێندنگەی ئوسمانیدا، "بەتایبەتى" ترادیسیۆنێکى خوێندنگەیى ئایینى لە حوجرە و خانەقاکاندا سەروەر بوو، کە پاشان، لە ڕووى وەرگرتنى شێوازى بابەتەکانى فێربوونەوە، سووک و ئاسان لەنێو خوێندنگەى فەرمیى نوێدا درێژەى پێدرایەوە. لە هەردوو ڕووەوە، چە لە وەرگرتنى تێکستە ئایینییەکان و چە لە وانە خوێندنگەییەکاندا، "دەرخکردن"، "دەرخپێکردن" و "حیفزکردن" (یان بە زمانى گشتیى خەڵک: "لەبەرکردن")، کە سێ وشەى جیاوازن بۆ یەک تێگە، بریتى بوون لە شێوازى "بڕینى" پلە دانراوەکانى خوێندن – "بڕین" نەک پێگەیشتن. ئەم شێوازە سەروەرە خوێندنگەییە هەتا ئەمڕۆ لە لایەن مامۆستایانەوە پارێزراوە و نەوە بەدووى نەوەدا بەرهەمى دەهێننەوە.
 ئێمە لە پرۆسەى دەرخکردندا دوو تەوەرمان هەیە: یەکەم، نووسراوى سەر کاغەز، کە ڕەهایەتیی پێدەدرێت، دووەم، خوێنەرەوەى چەندپاتکەرەوە. لێ کێشە کرۆکییەکەى ئەم ئەم دوو تەوەرە لەوەدایە کە ئەوە خوێنەرەوەیە ڕەهایەتى بە نووسراوى سەر کاغەز دەدات (لە ڕووى خوێندنەوە گەرەکە پێى بدات!)، واتا خوێنەرەوە بکەرێکى هەمەلایەنى و ساغکەرەوە نییە، بەڵکو بەندەیەکە و خۆى دەخاتە ژێر ڕکێفى نووسراوەکەوە: چۆن پیاوى ئایین لە ناخەوە لە بەردەم قورئاندا دەچەمێتەوە و هێدى هێدى ئەو بابەتە، کە ئەو نەشیاوە بتوانێت بیخاتە ژێر پرسیارەوە، دەخزێنێتە نێو هۆشى خۆیەوە و دەرخى دەکات، بە هەمان شێوە خوێندکارى خوێندنگە مامەڵە لەتەک نووسراوە دانراوەکانى بەردەمیدا دەکات. خوێندکار لێرەدا کەسێکە، کە هەر نووسراوێک وەک وشەى تۆمارکراو، واتا لە ڕووى فیزیکییەوە بەدەر لە ڕووە سایکۆلۆژییەکەى(8)، دادەنێت: دەیکات بە "شت"، ئەوجا ئەرکى خۆى لە دەرخکردنیدا دەبینێتەوە، پرۆسەکەش بە چەشنێکە، کە خوێندکار ڕستە بەدووى ڕستەدا، ئەوجا لە سەرەتاوە و لەتەک ڕستەیەکى پاش ئەواندا و هتد، ئەو شتە تۆمارکراوەى سەر کاغەز چەندپات دەکاتەوە و لەنێو هۆشى خۆیدا بەرجەستەى دەکات، لێرەشدا دەبێت هۆشى لە لاى بێت، تاکو ئەو بابەتە لە ئاگایی ئەو دەرنەچێت و لەبیرى بچێتەوە، لێ ئەمەى هەموو کات پێبەدینایەت، بۆیە، بەتایبەتى لە ساتەکانى پێش تاقیکردنەوەدا، نووسراوەکە بە پەشۆکاوى دەخوێنێتەوە، تاکو بەو ڕێیەوە هیچ نەبێت بتوانێت بڕێکى ڕستە بەرجەستێنراوەکانى نێو هۆشى هەتا کاتى تاقیکردنەوەکە لەنێو زاکیرەیدا ڕابگرێت، کە ڕەنگە (!) بۆى ببێت بە بەردەبازى پەڕینەوە بۆ قۆناغێکى باڵاترى خوێندن. 
 لەم ڕوانگەیەوە ئێمە فێرخوازمان نییە، واتا کەسێک کە خوازیارى فێربوونە، بەڵکو خوێندکارمان هەیە، کە لەبەر ئەوەى نووسراوى نێو کتێبەکان وەک وشەى تۆمارکراو دادەنێت و ئەرکى خۆى لە دەرخکردنیاندا دەبینێت، ئەوا ڕەخنەییانە ناکەوێتە پرسیار لەبارەى ناوەرۆکى بابەتە نووسراوەکان، یان لەبارەى ڕووە سایکۆلۆژییەکەى وشەى نووسراو. خوێندکار ناتوانێت هزرینێکى بەم چەشنە بەربخات، چونکە لە سەرەتاوە فێرنەکراوە. خوێندکار ئەوەى لەبیر براوەتەوە، کە وشەى تۆمارکراو لە پیت پێکدێت و پیت هێماى "دەنگ"ـە، واتا هێمای ئەو دەنگانەیە کە ئەو خۆى وەک منداڵ دەریبڕیون و سەرەتا بۆ ئەو واتایان هەبووە. هەر بۆیە ئەو نە ڕێزى بۆ دەربڕینى خۆى هەیە و نە دەتوانێت لە دەربڕینى کەسانى دی وردبێتەوە؛ بەڵێ ئەو تەنیا وەک کوڕێک یان کچێک سووک و ئاسان دەدوێت: بە هەولێرى، سلێمانى، دهۆکى، هەڵەبجەیى یان پشدەرى و هتد. ئەو گەر تەنانەت لە ئایندەدا، لە پلەیەکى باڵاى خوێندندا، هەڵوێستێکى توێژەریانە وەربگرێت، ئەوا لەسەر ڕێسای هەمان ترادیسیۆن، کە ڕێسای ڕەهایەتیدانە بە بابەتە نووسراوەکان، دەکەوێتە "نووسینى بەحسەکەى" (9)؛ لێ ئەم کارە هەمیشە کورتهێنە، چونکە ڕەهایەتى بە بابەتەکانى دەدات، کە بێگومان هەڵوێستێکی چەوتە، چونکە نەشیاوە ئەو بابەتانە ڕەها بن، بەڵکو هەمیشە پەیوەندیدارن و بناغەى ئاڵۆز و هەمەلایەنى و تا ڕادەیەک نادیاریان هەیە، کە خوێندکار دەبێت بییان دۆزێتەوە و ئەوجا لێیان بکۆڵێتەوە. لێ ئەو هەرگیز ناتوانێت خۆى وەک کەسێتییەکى لێتوێژەرەوە هێمن بکاتەوە و ببێت بە بکەرێکى هەمەلایەنى، لێرەشدا هەر وشەیەک لە ڕووى جیاوازەوە بگرێت، ئەوجا ڕستە بەدووى ڕستەدا بکەوێتە دانوستاندنى ناوەرۆکى ڕستەکانى، یان بڕگەئاسا بابەتەکان وەربگرێت و کرۆکەکانیان بە شێوەیەکى ڕەخنەیى بپشکنێت، لێرەشەوە پرسیار هەڵبهێنجێت و پرسیارەکان ئاڕاستەى بابەتە نووسراوەکە و خودى خۆى بکاتەوە، پاشان بییان کات بە بابەتى دانوستاندن لەتەک "مامۆستا"دا. لێ گەر لەم لایەنەدا ڕەوشی شاز هەبێت و فێرخواز لەبریى خوێندکار کاریگەر بێت یان بکەرێکى زانستى لە زانکۆ دەربکەوێت، ئەوا ئەو هێشتا هەر ناوێرێت ڕێگەى فێربوونى خۆیى ئاوەڵا بکات، چونکە دەترسێت کە مامۆستا بیشکێنێت یان کینى لێ هەڵبگرێت و "دەرى نەچێنێت". جەنابى مامۆستا خۆى لەسەر شێوازى دەرخپێکردن بەخێوکراوە و ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕێگەى ترادیسیۆنیى خوێندنگەیى لا بدات.
 لەنێو هەمان شێوازى خوێندنەوە مامۆستایانى نوێ "دێنە ئاراوە". ئەوان تەنیا دەتوانن ئەو بابەتانە بە خوێندکاران بگەیەنن، کە لە "پەیمانگەى مامۆستایان" یان لە "کۆلێژى پەروەردەى زانکۆکان"دا وەک بابەت وەریان گرتوون، بەبێ ئەوەى هەرگیز بتوانن کەرەسەی وانە وەک کێشەی فێربوون ئاوەڵا بکەن. هۆیەکى ئەمە لەوەدایە، کە مامۆستایان خۆشەویستییان بۆ "پەیڤ" و هۆشى ئاوەڵاکراوى نێو تێکست نییە، بەڵکو مامۆستایەتى وەک پیشەیەکى مووچەمسۆگەر دەبینن، کە بەڕێیەوە پێگەیەکى کۆمەڵایەتییان بردۆتەوە. بۆیە ئەوان تەنیا بەو بابەتانە کار دەکەن، کە وەک بابەتى وانە تەرخان کراون – ئەمە لە بنەڕەتدا پێناسەى تێگەى مامۆستایە. ئەو وەک پیشەگەرێک، کە مووچەیەکى مسۆگەرى هەیە، کارێک ئەنجام دەدات کە کۆمەڵایەتییانە دیارى کراوە و ئەویش خۆى وەک کەسێکى سۆسیۆکولتوورى پێى ڕەزامەندە، هەر بۆیە ئاسۆى زانینی سنووردارە و ناتوانێت لە خۆی وەک فێرکار تێبگات، ئەوجا ببینێت کە ئەو وەک ئەم فێرکارە کەوتۆتە بەردەم زەروورەى فێرخوازیى خودى خۆی. مامۆستا بابەتەکانى وانە لە ڕەهایەتییاندا، وەک شت، بە خوێندکاران دەگەیەنێت و هاوکات داواى بۆگەڕاندنەوەى ئەو بابەتە ڕەهایانەیان لێ دەکات.

1-2 خۆشەکردنى ترادیسیۆنى و زمان

 ئەرکى مامۆستا لە خۆشەکردنى ترادیسیۆنیدا گەیاندنى زانستە وەرگیراوەکانە، لەم ڕەوتەشدا خوێندکاران ناچار دەکات ئەو بابەتە گەیەنراوانە بخوێنن. ئێمە لێرەدا نەک تەنیا کەسێتییە سۆسیۆکولتوورییەکەى مامۆستا و درێژەپێدانى شێوازى دەرخپێکردنمان هەیە، بەڵکو هەروەها، لە ڕووى جوانناسییەوە، "بێسەلیقەیى" مامۆستا بەرانبەر خۆدەربڕین و ئەو بابەتانە دەبینین کە بە وشە لەسەر کاغەز داڕێژراون. مامۆستا تەنیا وەک کەسێکى ئاسایى نێو پەیوەندییە سەرجەمییە کۆمەڵایەتییەکان کردار دەنوێنێت، بەبێ ئەوەی لەم پەیوەندییەشدا هەرگیز مۆرک و دیالێکتە ناوچەییەکەى خۆی لەدەست بدات. ئێمە لێرەدا لەنێو توخمیترین کێشەى خوێندنى خوێندنگەییداین، لێرەشدا ئیدی بەتەواوى ئەو هەقیقەتەمان بۆ ساغ دەبێتەوە، کە کارى مامۆستایەتى، بەڵى، لە سەرووى ئەمەشەوە، نووسینەوەى زانستە جیاوازەکان لەسەر کاغەز، جا ئەوە وەرگێڕانى پلانە خوێندنگەییە ئەرەبییەکان یان دانانى کتێبەکان بێت بە کوردى، تەنیا ئەنجامدانى ڕاسپاردەیەک یان "پیشەیەک"ـە، نەک بەجێگەیاندنی پرۆژەیەکی فێرکاری کە کتێبدانەران بە وردی لێی هزریبێتن و بە ئەوپەڕی پەرۆشەوە بەجێیانگەیاندبێت. ئاخر لەم ڕەوشەدا بەڕوونى خویا دەبێت، کە پسپۆرانى کتێبدانەر یان کتێبئامادەکەر و مامۆستایان کەمترین چێژیان بۆ "پەیڤ" و هێماکانى پەیڤ، بۆ وشە و ڕستەى تۆمارکراو نییە، ئەمەش لە بنەڕەتدا "هۆیەکى" سەرەکییەکە بۆ ئەوە کە بۆچى کێشە توخمییەکانى زمانى کوردى تا ئەمڕۆ چارەسەر نەکراون. ئاخر گەر بەلاى مامۆستایانى زمانەوە، یان بەگشتى بەلای سەرجەم مامۆستایانى بەشە زانستییە جیاوازەکانەوە، ئەم کێشە توخمییە هیچ واتایەکى نەبێت، ئەویش چونکە نەکەوتوونەتە نەسازییەکەوە لە نێوان داواکارییە هۆشەکى-زمانەوانییەکانى خۆیان و "کوردیى تۆمارکراو"دا، ئەوا لای ئەوان هیچ ئاگاییەک بۆ ئەم کێشەیە و سەرەنجامەکانى سەرهەڵنادات.
 ئەم بەدڕەوشە زمانییە لە خوێندندا بە شێوەیەک کەوتۆتەوە، کە "زمانى کوردى" خۆى بووە بە کێشە بەربەستییەکەى خوێندن و ئاوەڵابوونى هۆشى زانستیانەى خوێندکاران. بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم کێشەیە پێویستە لە دوو ڕەوش بڕوانین: یەکەم، "کوردى" زمانێکى دواکەوتووە (10)، دووەم، "کوردى" زمانێکى شێواوە، یان ڕاستتر ببێژین، زمانێکى شێوێنراوە.
  یەکەم، دواکەوتوویى زمانى کوردى لەوەدایە کە ئەم زمانە "بەدەگمەن" دەسوێژى هزرینى مامۆستایان (ى قەدیمى و قەدیمیى ئەمڕۆ) بووە، بەڵکو ئەوان بە ئارەبى، کە زمانێکى دەوڵەمەند و بەگشتى بابەتهەنگێوەرە، هزریون، ئەوجا لە "هەستى نەتەوەییەوە" هەندێک کارى هۆشەکییان بە کوردى ئەنجام داوە، لێ لەبەر ئەوەى هزرینەکەیان کوردى نەبووە کە لە ڕەوتیدا واژە و تێگەکان هەڵبهێنجن و بەمەش بەرجەستەیان بکەن، ئەوا لە ڕەوتى داڕشتندا بە کوردى کەوتوونەتە سەر لێژییەکى زمانەوانى لە ئارەبییەوە بۆ کوردى، کە ئیدی سادەیی زمانی کوردی بۆ ئەوانی پاشپاتکەرەوە بووە بە ئاستەنگ و نەیهێشتووە تێگەیەکى بە ئارەبى چەسپێنراو لە هەمان مەغزاى قووڵدا بەکوردى بدەنەوە.
 بێگومان ڕاستە، کە ئەم لێژییە تەنیا هزرى نییە، واتا تەنیا کێشەیەکى مامۆستای قەدیمى نەبووە، بەڵکو هاوکات لەنێو خودى زمانەکانەوە دراوە. لە لایەک زمانى ئارەبى وەک زمانێکى "هۆشەکى" کە لە کرداری (ڤێربی) ڕابوردووەوە وشە دەسازێنێت، لە لایەکی دی زمانى کوردى وەک زمانێکى "ناتورالیستى" کە بەزۆریی لە دەرککردنەوە وشە دەسازێنێت، زۆر کەم شیاوی ئەوەن بخرێنە پەیوەندیی زمانەوانییەوە، کەواتە زمانی ئارەبی بەم مۆرکە دیاریکراوەیەوە ناتوانێت ببێت بە زمانی ستاندارت بۆ شکۆفەی زانستییانەی زمانی کوردی، بەڵکو لەو نەگونجاوییە زمانەوانییە ناوبراوەدا زمانی کوردی وەک لاساییکەرەوەی زمانی ئارەبی کارا دەکرێت. ئاخر ئاشکرایە ئەو هزرە کە دەتوانێت لە "فهم"ـەوە "مفهوم" بباتەوە، گەرەکە مرۆڤ زمانفەلسەفەیی لێی تێبگات، نەک وەک هۆزانڤان و مامۆستای کورد لە بەردەم "فهم"دا دۆش دابمێنێت، ئەوجا بە چاوی زەقەوە لە دەرەوە بڕوانێت و لە چمکى کراسى ژنانەوە "چەمک" وەربگرێت!! بەڵگەیەکى دیکە بۆ کارانەبوونى ئاوەز لە هەڵهێنجانى واژە زانستییەکاندا بریتییە لە واژەى "بیرکارى"، کە بۆ ماتماتیک دانراوە. گەر ئاوەز لەم ڕەوشەدا کارى بکردایە، ئەوا یەکسەر دەیزانى کە هەموو کارێکى هزرى، جا فیزیکى بێت یان پزیشکى، ماتماتیکى بێت یان فەلسەفەیى و هتد، بیرکارییە، لێرەشەوە ئیدی ئەو دەرەنجامە دەکەوتەوە، کە بیرکارى ماتماتیک نییە.
 بەڵگەکان زۆرن بۆ کارانەبوونی ئاوەز لە وشەسازی یان وشەداتاشیندا. بۆ نموونە قەدیمییەکان نەیاندەزانى "نوقتە" چییە؛ ئاخر گەر ئەوەیان بزانیایە، واتا متماتیکییانە بهزرینایە، ئەوسا هەرگیز پێیان نەدەکرا واتاکەى لە "خاڵ"ى سەر ڕوخساردا ببیننەوە کە "شت"ێکی دیارە بە ڕوخسارەوە و مرۆ بە چاو دەرکی دەکات. یان ئەقڵیەتی ئەوان هەر ئەوەندە بڕى دەکرد، کە "مناخ" (کلیما) بۆ "ئاو و هەوا"، "اخبار" بۆ "دەنگ و باس"، "شهرە" بۆ "ناو-بانگ"، "ئیمتحان" بۆ "ئەزموون"، و هتد وەربگێڕن. لێ ئەمە هەمان ئەو ئەقڵییەتەیە، کە بەلایەوە ئاساییە ببێژێت: دەم-و-چاو (نەک ڕوخسار)، زگ-پڕ، گۆڕە-پان، ئاو-دەست-خانە، کشت-و-کاڵ (لەبریى کشتیارى)، گەشت-و-گوزار (لەبریى گەشتیارى)، زانکۆ (نەک زانستگە)، "قاوەخانەی قۆری و پیاڵەکە" (کە ناوی "نالی"یە). پاشان ئەم ئەقڵییەتە لە سەرەتاى "هەشتاکان" بەدوواوە پتر دازنا، کە ئیدی مرۆڤ لە شارەکانیشدا ئەوهای لێهات کە وشەى "نێرەکەر" بۆ پیاوى ئازا بەکاربهێنێت، هەروەها چیدى جگەرە نەکێشێت و ئاو نەخواتەوە، بنێشت نەجوێت و حەب قووت نەدات، بەڵکو "هەمویان" بە هەمان شێوەى نان بخوات!
 هۆیەکى دیکە بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى لەوەدایە، کە ئەم زمانە زۆر کەم بۆ زمانەکانى "گریکیى کۆن" و "لاتینى" (11)، کە هەناوى سەرجەم زمانە زانستییە ئەوروپییەکانن و تەنانەت ڕاستەخۆ کاریگەرییان لەسەر زمانى ئارەبى هەیە (لە نێو خودی قورئاندا لەپاڵ وشەی کوردی و پەهلەویی و سریانیدا وشەی گریکیی کۆن هەن، وەک: کالیموس = قلم، نۆمۆس = ناموس، لۆگۆس = لغە و هتد). لەبەر ئەوەى ئەمڕۆ هەر خەریکبوونێکى زانستى ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم زانستى مۆدێرنى خۆرئاوایی، ئەوا بەناچاری دانەوەى بڕێکى فرەى ئەو واژانە سەرهەڵدەدات، کە نەشیاوى وەرگێڕانن بۆ کوردى؛ ئەمەش بۆیە ئەوهایە، چونکە ئەو واژانە لە ڕوویەکەوە واژەى تایبەتیى زانایەکن و خوێندکاریش گەرەکە بە هزرى یان زانستى ئەو زانایە ئاشنا بکرێت، لێ ئەم کێشەیە لە ڕوویەکى دیکەوە بۆ دواکەوتوویى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە، واتا بۆ ئەو نالەبارییە، کە ئەم زمانە تواناى گوزارشتکردنى لە زۆر ڕەوش و بابەت نییە.
 بەم شێوەیە لە بەدکارییە زمانەوانییەکانى مامۆستایانی قەدیمییەوە دەگەین بە شێوێنراویى زمانى کوردى. ئێمە لێرەدا لە لایەک دەکەوینە بەردەم کەمیى واژەى بابەتگر و نەبوونى واژەى زانستیى چەسپێنراو، کە "بۆ هەمووان چواندنیان هەبێت"، لێ لە لایەکى دی دەکەوینە بەردەم نەبوونى ڕێنووسی چەسپێنراو و کێشەی هێماکانی ڕستە (نوقتە، کۆما، نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان، هتد)، کە ئەمیش لە بێتوانایى زانستیانەى قەدیمییەکانەوە سەرى هەڵداوە – چونکە ئەوان، یان "هەر یەکەیان وەک بلیمەتێکی زمانەوانی"، بەردەوام لە ڕێزماندا کاریان دەکرد و لە خۆویستییانەوە نەیان دەتوانى لەسەر یەک ڕێساى زمان رێکبکەون. سەرەنجامى ئەم شێوێنراوییەى زمانى کوردى ئەوەیە، کە ئەمڕۆ نەشیاوە دوو کتێبى دوو نووسەرى جیا، تەنانەت لە زۆر ڕەوشدا دوو کتێبى یەک تاکە نووسەریش ببینین، کە بە هەمان تێگەى زانستى، بە هەمان ڕێنوس و ڕەچاوکردنى هەمان هێمای ڕستە نووسرابن (12).
 ئەم بەدڕەوشانە ڕاستەخۆ کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر هۆشى خوێندکاران هەیە، چونکە بۆ ئەوان زمانێکى ستاندارتی زانستى نییە کە یاریدەیان بدات هۆشى خۆیان لە ڕەوتى کارکردنى زانستیدا ڕێکبخەن و لۆگیکییانە لە گۆزارەوە گۆتە چێبکەن. ئەم کێشەیە بەتەواوى ڕوون دەبێتەوە، گەر بڕوانین، کە تەنانەت خوێندکارانى زانکۆکان (بێگومان زۆرینەی مامۆستایانیشیان) نازانن دوو ڕستەى ڕاست بە کوردى بنووسن، هاوکات هیچ گرنگییەک بە کۆما و نوقتە، نیشانەى سەرسووڕمان و پرسیار نادەن. لێ ئەمە هاوکات ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە ئەوان ناتوانن لە هیچ زانستێکدا بە پوختى قووڵ ببنەوە، چونکە قووڵبوونەوەى زانستى بەبێ زمان ناشێت. زمانێکى پوخت لە لایەک بابەت و ڕەوشەکان هەتا ڕادەى شیان لە چۆنێتیى خۆیاندا دیارى دەکات و بەمەش بۆ تێگەیشتن ئاسانیان دەکات، لێ لە لایەکى دى ئەم زمانە پوختە دەبێت بە فاکتەرى ئاوەڵاکەرى هۆشى خوێندکار، ئەویش بەوە، کە ئەو دەتوانێت لە بابەت و ڕەوشە لێتێگەییوەکانەوە دەرەنجامى لۆگیکى دەربکێشێت و لێرەشەوە پەیوەندیى هۆشەکییانەى نوێ بهێنێتە ئاراوە (13). 
 لێ ئەم بەدڕەوشە، کە خوێندکاران بەگشتى بەسەر زمانەکەى خۆیاندا سەروەر نین، تەنیا لە ڕوویەکەوە بۆ خودى زمانى کوردى دەگەڕێتەوە؛ ڕووەکەى دیکەى ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ شێوازى خوێندنى خوێندنگەیى، واتا بۆ شێوازى دانانى بابەتەکانى "خوێندنى کوردى" و ئەوجا شێوازى وانەبێژیى مامۆستا (14). شێوازى خوێندنى کوردى بەو چەشنەیە، کە، وەک لە سەرەوە لە ڕەوشى دەرخکردندا پێشانمان دا، خوێندکار تەنیا فێر دەکرێت ڕێساکانى ڕێزمان، یان یەکێک لە ڕێنووسەکان، ئەوجا بڕێک لە ئەدەبى کوردى زۆر بە یەکلایەنى، وەربگرێت و ئەو بابەتە وەرگیراوانە لە تاقیکردنەوەکاندا بداتەوە. بێگومان لێرەدا مامۆستا فاکتەرى سەرەکیى کێشەکەیە: ئەو، کە پەروەردەیەکى ترادیسیۆنیى هەیە، لەسەر ئەو دابە ترادیسیۆنییە وەک مامۆستا کارا دەبێت، واتا: ڕێزمان و ڕێنووسێک، کەمێک ئەدەبى کوردى و هتد، بە خوێندکاران دەگەیەنێت، ئەمەش بێگومان وەک کەسێکى ناوچەیەکى دیاریکراو نەک وەک مامۆستایەکى کوردى بە زمانێکى ستاندارتەوە، کە بە حەوسەڵەوە لەتەک خوێندکاراندا ڕاهێنانى هزرى و زمانەوانى ڕووەو "فێربوونى ئاخافتنى دروستى کوردى" ئەنجام بدات. مامۆستا، وەک کەسێکى ناوچەکەى خۆى، کە پێگەیەکى لە بوارى پەروەردەی سوننەتیدا گرتووە، بەبێ هیچ هەڵوێستێکى خۆبگۆڕ و خۆنوێکەرەوەى بکەریانە درێژە بە شێوازى خوێندنى خوێندنگەیى دەدات، ڕێساکانى زمان تەنیا وەک تۆمارکراوی نێو کتێب بە خوێندکاران دەگەیەنێت، واتا بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوى ئەو هۆشە یان هزرە ناکات کە "لە ڕستەکاندا" دەربڕراوە، چونکە ئەو خۆى پێداویستیى لە بوارى هزردا نییە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک لای ئەو پرسیاری ڕاهێنانى هزرى لەتەک خوێندکاراندا سەرهەڵنادات.

2- پەروەردەی فێرکاریى نوێ

 بۆ ئەوەى بتوانین کێشەى فێرکارى دیارى بکەین، دەبێت جیاوازییەکەى لە شێوازى دەرخکردن دیاربهێنین. لە شێوازى دەرخکردندا، وەک لەسەرەوە بینیمان، نووسراوى سەر کاغەز سەربەخۆ لە کەسی خوێنەرەوەی دادەنرێت و کەسیش ناچار دەکرێت خۆی بخاتە ژێر ڕکێفی نووسراوەکەوە، ئەوجا بۆ نموونە وەک خوێندکار هەوڵ بدات ئەو نووسراوە ڕستە بە ڕستە لەنێو هۆشى خۆیدا تۆمار بکات. لێ فێربوون بە پێچەوانەوە هەمیشە ڕاهێنانێکى هۆشەکییە کە تێیدا کەسى خوازیارى فێربوون هەڵوێستێکى چالاک بەرانبەر نووسراوى سەر کاغەز وەردەگرێت، چونکە نەک نووسراوە تۆمارکراوەکە، بەڵکو بابەتێک یان کێشەیەک کە لەو نووسینەدا داڕێژراوە، تەحەدای ئەوی خوێندکاری کردووە. لەم ڕوانگەیەوە کەسى فێرخواز ئەو نووسراوە چە لە ڕووى فیزیکى (واتا وەک وشەى تۆمارکراوى سەر کاغەز) و چە لە ڕووى سایکۆلۆژییەوە (واتا وەک ڕاگەیەنەرى ڕووداو یان ڕەوش) دەناسێتەوە، بەمەش نووسراو لەنێو سرەوتێنراوییە فیزیکییەکەیەوە دەخاتە بزووتن. بە شێوەیەکی دی ببێژین، هۆشى ئاگامەندی کەسی دەرککەر ئەو ناوەرۆکە ناسراوە دەبزوێنێت و لەتەک خۆیدا دەیخاتە پەیوەندییەوە.
  مەرجێکى بنەڕەتى لە پەروەردەى فێرکاریدا ئەوەیە، کە سەرەتا منداڵ وەک خودى منداڵ بناسێنرێت، ناساندنیش ئەو واتایە دەگەیەنێت، کە چیدی جیهانى منداڵ لە ئاگایی کامڵانەى مامۆستاوە دیارى ناکرێت و بڕیارى بەسەردا بدرێت، بە پێچەوانەوە فێرکار ڕەچاوى جیهانە تایبەتمەندەکەى منداڵ دەکات، لێرەشدا ئاگاییەکی ڕوونى سەبارەت بەو ڕاستییە هەیە کە جیهانى منداڵ تا ئەمڕۆ مەتەڵێکە و ڕەنگە هەرگیز هەڵنەهێنرێت. ئاخر لە هەموو هەوڵێکدا بۆ هەڵهێنانی ئەو جیهانە مەتەڵئاسایە هەمیشە بڕێک ئاگایی کامڵانەی پێ تێکەڵ دەکرێت، ئەوەس ئاگاییەکە کە لە ڕەوتنى تەمەندا گۆڕراوە و مرۆڤ تێیدا لە کاراییەکانی کات و فەزا بەئاگایە. لە بنەڕەتدا پەروەردکار ئەوپەڕى دەتوانێت لەو جیهانەى منداڵ نزیک بکەوێتەوە، ئەوەشی پێبەدیدەهێنرێت، گەر ئەو لە هەڵوێستێکى بێلایەنەوە ڕێگەیەک ڕووەو ئەو جیهانە تایبەتمەندەى منداڵ بگرێتە بەر کە ئەو لەنێو خۆیەوە دروستى دەکات (15): گەر منداڵ لە ژوورەوە کورسییەک هەڵبگێڕێتەوە و بیکات بە ئۆتۆمبێل، ئەوجا لەسەرى بئاژوێت، ئەوا ئەو بەڕاستى بەنێو جادە و کۆڵاناندا ئۆتۆمبێل دەئاژوێت! ئەو دروستکەرى جیهانەکەى خۆیەتى و لەنێویدا دەژى (16). لە ناساندنى بەم چەشنەدا ئیدی کۆتایی بەو هەوڵە سوننەتییە هێنراوە کە دەیەوێت بەزۆر منداڵ ئاوەزمەند بکات - کاتێک ئەو جارێ لە تەمەنى ئاوەز زۆر دوورە. ئاخر ئاوەز دراوێکی ئەزەلی نییە، بەڵکو لە پەیوەندیی نێویەکییانەی تاکەکەس و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سروشتیی ئەوەوە شکۆفە دەکات.
لە بنەڕەتدا لەم تەمەنەدا یەکەم بەردى بناغەى فێرکارى دادەنرێت، چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا نەک تەنیا دەتوانێت ئەندێشەکانى بژێنێت و بە وشە دەریان ببڕێت، بەڵکو تەنانەت دەتوانێت خۆى بە فەلسەفاندن دەرببڕێت (17): ڕامانى ئەو لە دیاردە هۆشەکى و کولتوورییەکان هەستێکى زیندووە، کە ئەو بە وشە سادە و پڕمەغزاکانى دەریان دەبڕێت. لە بنەڕەتدا ئەمە زەمینەی ئاوەڵابوونی ئەو فێرخوازەیە وەک بکەر کە سەروەرى خودى خۆیەتى و هەر کارێکى خوازراوى خۆى ئەنجام دەدات.
 پرسیارێکى کرۆکى، کە لە پەروەردەى فێرکاریدا سەرهەڵدەدات، بریتییە لە پرسیارى "بکەرێتیى فێرکار". ئێمە لەم ڕەوشەدا چیدى ئەو مامۆستایەمان نییە، کە لەنێو پۆلدا خوێندکارانى هەبێت و بەزۆر زانینى کۆکراوەیان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵکو کەسێتییەکمان هەیە، کە هەوڵ دەدات بە شێوازى فێرکارییەکەى فێرخوازان بۆ هزرین لەبارەى بابەتەکە ببزوێنێت، پاشان هەر ئەم بزوێنراوییەی ئەوان وا بکات کە پرۆسەى وانە بەرەو پێش بچێت. فێرکار لێرەدا خۆی بکەرێکى نێو بکەرانە کە بابەتى وانەکەى لەتەک فێرخوازاندا ئاوەڵا دەکات، ئەمەش کارێکی شیاوە، چونکە بابەتى وانە پەیوەست بە ئاستى گۆڕانى هۆشەکیى فێرخوازانەوە وردکردۆتەوە، بۆیە ئەوانیش دەتوانن بکەرییانە وەرى بگرن و پاشان لاى خۆیان هەوڵى تێگەیشتنى بدەن. بەم ڕێیەوە دەرفەت دەڕەخسێت کە فێرخوازان زانینەکانى نێو هۆشیان ڕێکبخەن، واتا ئەوان لە لایەنی خۆیانەوە چالاک دەبن و بۆ تێگەیشتن لە بابەتی وانەکەیان ڕەچاوی کەرەسەى دیکە دەکەن، لێرەشەوە دەتوانن بە لێهزرین ڕۆبچنە نێو ئەو پەیوەندییە کرۆکییانەوە کە لەنێو زانینەکاندا هەن. کەواتە ئەوان بە پشکنینى ڕەخنەیى لە خودى بابەتەکان هەوڵی تێگەیشتن لێیان دەدەن نەک کوێرانە وەریانبگرن و بییاندەنەوە.
 لێ ئەم تێڕوانینە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت، کە فێرکار "زانستى تەواوکراوى" نییە و هەرگیز ناتوانێت هەى بێت، بەڵکو ئەو لە لایەک کێشەکانى فێرکاری لە پەیوەندیی جووتلایەنیى نێوان تێکست و ئاگایی خۆیەوە گۆڕان پێدەدات و بۆ تێگەیشتن شیتەڵیان دەکاتەوە، لێ لە لایەکى دیکە ئەو خۆی ئەم گۆڕانەى ئێستا دەخاتە پەیوەندییەوە لەتەک فێرخوازانیدا، لەم پەیوەندییەشەوە سەرلەنوێ پاڵهێز بۆ قووڵبوونەوەى خۆیى لە بابەتەکانی فێرکاریدا وەردەگرێتەوە. کەواتە فێرکار خۆى لەنێو پرۆسەیەکى بەردەوامى فێربووندایە، بۆیە ئەو چیدى "مامۆستا" نییە، هەروەها فێرخواز چیدى خوێندکار نییە، بەڵکو هەردوو لا یەکدى لەنێو پەیوەندییەکى نێوبکەریدا (ئینتەرسەبژێکتیڤیدا) تەواو دەکەن: فێرکار (کە چیدى مام-وەستا نییە) فێرخواز پێش دەخات، فێرخواز (کە چیدى مام-وەستایەکى بەسەر سەرەوە زیت نەبۆتەوە)، بە بەشداریکردن و پرسیارە فزوولییەکانى فێرکار پێش دەخات. ئیدی بەم شێوەیە کۆتایى بەو هەستە سوننەگەراییەش دێت کە فێرکار وەک سەروەرێکى شاناز هەیەتی و بە رواڵەتە دەرەکییەکان پێناسەى خۆى دەکات، بەڵکو فێرکاری بۆ ئەو دەبێت "بە ڕێگەیەکى نەبڕاوە" تا ئەو کاتە کە ئەو خۆى لەنێویدا ببینێتەوە.

 2-1 فێرکارى و مێتۆد

 ئەمڕۆ لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر لووتبەرزانە باس لە "مەنهەج" دەکرێت، لێرەشدا مرۆ مەبەستی لە مێتۆدە. لێ کێشە کرۆکییەکە ئەوەیە کە مرۆ وەک سوننەگەرا لە خۆرئاواوە وەریگرتووە، بەبێ ئەوەی لەتەکیدا ڕەچاوی ئەو بنەمایە بکات کە هزرینی یان توێژینەوەی مێتۆدی هەمیشە پێشمەرجێکی هەیە و بریتییە لە بکەرێکی (سەبژێکتێکی) زانستی ی جیاواز لە کەسێتیی سوننەگەرا. ئەم پرسە ڕوونکردنەوەی وردی گەرەکە.
  ئێمە سەرەتا گەرەکە لەم پەیوەندییەدا جیاوازییەک بکەین لە نێوان ئاڕاستەوەرگرتنى بکەرییانەى زانستى لە لایەک، هەروەها دیاریکردنى دەرەکییانەى پێگەی زانستەکان لە لایەکى دى. لە هزرینى مێتۆدیدا شێوازى هزرینى خۆیى کە لە ترادیسیۆنەوە گەیەنراوە، دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش هەڵوەشانگەرییەکی خۆییە و بەڕێیەوە ئەو ئاگاییە زانستییە ڕێکدەخرێت کە خۆى بە کارکردنی ئاگامەندانە ڕیالیزە دەکات. گرنگ بۆ ئەم شێوەیەی هەڵوەشانگەری خۆیی ئەوەیە کە مێتۆد "ڕێگەیەکی هزرین"ە و بەڕێیەوە ڕێگەهزرینى خۆیی ڕێکدەخرێت، بۆ نموونە مێتۆدی ڕاسیۆنالیزم، ئەمپیریزم، فێنۆمێنۆلۆژی و هتد. لێ لەبەر ئەوەی ئێمە لەم پرسەدا ڕێگەهزرینمان هەیە، ئەوا پرسیارەکە لە مێتۆددا ڕوو ناکاتە ئەوە کە داخۆ مرۆڤ "چی" بزانێت (ئەمە لە بنەڕەتدا کێشەی شێوە هزرینی سوننەگەرایە)، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە "چۆن" مرۆڤ سەرەتا بە مەئریفە بگات و وەک کەسێتیی مەئریفەدار خۆی مێتۆدییانە بە هەر بابەتێکی زانستییەوە خەریک بکات، کەواتە زانای بوارێکی دیاریکراو بێت و کارەکانی بریتین نەبن لە کۆکراوەی سوننەگەرایانەی زانیاری (مەعلومات). لێ پرسیار لەبارەی "چۆن"ی گەیشتن بە زانستی بیناکراو لەسەر بناغەی مەئریفە ئەو مامۆستا زیرەکە ناگرێتەوە کە لە ئەزموونى چەند ساڵ مامۆستایەتییەوە نزیکەى سەرجەم کایە زانستییەکەى خۆى بە شێوەیەکى سنووردار و یەکلایەنى و تەواوکراو وەرگرتووە، ئەوجا وەک ئەم مامۆستا ئەزمووندارە بابەتەکانی هەموو ساڵێک سەرلەنوێ دەخاتەوە بەردەم خوێندکاران. ئەوە هەروەها ئەو خوێندکارە زیرەکە ناگرێتەوە کە هەموو ساڵێک بە یەکەم دەردەچێت و هەرگیز پرسیار لەبارەى پرۆسەى هزرینى خۆى ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە "شتەکان" سووک و ئاسان دەرخ دەکات. لەم ڕوانگەیەوە لە هزرینی مێتۆدیدا کوڕەی ئاقڵ / کچەی ئاقڵ هیچێنراوە (نەفیکراوە)، واتا ئەو جۆرە کەسێتییە سوننەگەرایە لەکارخراوە، کە لە سەرەوە بەرەو خوار دەڕوانێت، واتا زانیارییەکانی بە لوتکەى زانین دادەنێت (18).

ئێمە لێرەدا کێشەیەکى جیهانبینیی کوردەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە: لای ئەوان زانستەکان پلە بە پلە هەڵچنراون و بۆ خۆیان هەن، ئەوجا ئاقڵترین کەسانیش ئەوانەن کە پلە بەرزترینەکان تەواو دەکەن، بە تایبەتی پزیشکی، بێگومان هەروەها ئەندازیاریش بە هەموو بەشەکانییەوە! لێ ئەمە لە بنەڕەتدا کێشەیەکى کرۆکیانەی کۆمەڵگەى سوننەگەرایە کە “موهیمبوون” و “لوتکەکان”ى لە دەرەوە پێناسە کردووە. بەڵێ لە کۆمەڵى داخراوى کوردیدا تەنانەت بوونێکى رەها بە زانستەکان دەدرێت، ئەمەش لە بنەڕەتدا بەکاربردنی ڕاستەوخۆی ئایینی سوننەگەرایە کە ڕەهایەتی بە کتێبی پیرۆزی موسڵمانەکان دەدات، کەواتە وەک نەشیاوی پرسیارلێکردن وەریدەگرێت و دەیسەپێنێت.
لە بنەڕەتدا هۆیەکی سەرەکی بۆ ئەوە کە کەسان بەگشتی لە مێتۆد تێناگەن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان و کولتوورى ئیسلامى بە چەشنێک مرۆڤانی خۆیان خۆشە دەکەن، کە ئیدی لە سەرەنجامدا دەبن بە کەسێتیی رۆڵوەرگرتووی کۆمەڵایەتی وەک پیاو و ژن، کوڕ و کچ، نەنک و باپیر. خاڵ و مام و پوور، ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا، درواسێ و دۆست و دوژمن و هتد، ئەمەش شێوەیەکی نامۆبوونە لە خۆ کە وادەکات ئەوان ناتوانن گۆڕان بە تێگەى “مرۆڤ” بدەن. ئەوجا هەر ئەم جۆرەی کەسێتییە کە لە بوارە زانستییەکاندا، یان لە بوارە پیشەییەکانی وەک مامۆستایەتیدا، کار دەکات. بە ئاڕاستەی بەرەڤاژ ببێژین، تاکەکەس لە دەرککردنی مرۆڤێتیى خۆ و دۆخە هۆشەکییە ناخییەکانی خۆوە، ئەوجا لە هەڵوەشانگەریى ڕەخنەییەوە لەگەڵیاندا، دەبێت بەو بکەرە زانستییە کە مێتۆدییانە کار دەکات، کەواتە ئەوە پەڕینەوەی ڕەخنەییانەی کەسێتیی سۆسیۆکولتوورییە بە ئاڕاستەی کەسێتییەکی ڕەخنەیی کە هەر نووسراوێکی بەردەمی ڕەخنەییانە دەسەنگێنێت.

 2-2 خەریکبوونى هۆشەکى لەتەک بابەتەکانى وانەدا

 بابەتەکانى وانە لە خوێندنى باوى سوننەتیدا وەک "شت" دادەنرێن و وەک شت دەخزێنرێنە نێو هۆشەوە، لێ فێربوون بە پێچەوانەوە پرۆسەییە و هۆشى فێرخواز بەنێویدا پەیوەست بە بابەتە فێرکارییەکانەوە ڕەت دەبێت. ئێمە پێویستە لەم پرۆسەیەدا پلەى جیاوازى فێربوون دیارى بکەین، تاکو بتوانین لە کۆتاییدا لە ڕووى هۆشەکییەوە بەسەر ئەو کێشانەدا سەروەر بین کە لە ڕەوتى فێربووندا کردوومانن بە بابەتى پێوەخەریکبوون. بۆ ئەوەى چاکتر بچینە نێو ئەم کێشەیەوە، ڕەوشی فێربوونى هەر تاکە بابەتێک بەگشتى وەردەگرین کە لە وانەدا دەهێنرێتە پێشەوە (19).
 فێرخواز لە هەر وانەیەکدا هەمیشە و سەرەتا بە "بابەتى نوێ" دەگات. بۆیە لەم بەیەکگەیشتنەوە پەیوەندییەکى لێژ بە سەرەنجامێکى جووتەنییەوە یان بە دوو سەرەنجامەوە دێتە ئاراوە: فێرخواز دەشێت ڕابمێنێت یان بسڵەمێتەوە، یان دەشێت هەردوو ڕەوشی ناوبراو لەنێو هۆشیدا بێنە گۆڕێ.
 ئێمە دەتوانین گریمانە بکەین کە لە بەیەکگەیشتنی فێرخواز و بابەتی نوێی وانەوە گرنگیپێدان و نوێخوازى (فزوولیەت) لاى فێرخوازى ڕاماو دێنە گۆڕێ. هاوکات پەیوەندییە نێوبکەرییەکەى (ئینتەرسەبژێکتیڤەکەی) نێوان فێرکار و فێرخواز وا دەکات کە پرۆسەی وانە پێشڤەبچێت، چونکە وانە وەک پرۆسە مێژوویەکى هەیە، لێرەشدا ئەوە فێرکار و فێرخوازن کە پێکەوە، لە پەیوەندیی نێویەکییانەی خۆیانەوە، ڕێکخستى کاتەکییانەى بابەتەکە پەیوەست بە زانستى ئەو مێژووەى وانەوە ئەنجام دەدەن. تەنیا ئەم چالاکییە نێوبکەرییە کەشێکى زانستی لەنێو پۆلدا دەهێنێتە ئاراوە.
 لێ بە پێچەوانەوە "سڵەمینەوە"، کە ڕووداوێکە لە رەوتى فێربوونى نێو دامەزراوەدا سەرهەڵدەدات، چارەسەرى پێویستە. فێرکار و فێرخواز دەتوانن پێکەوە چارەسەرێک بدۆزنەوە. ئاخر فێرکار ناتوانێت ئەو فێرخوازانە وەلاوە بنێت کە بەهۆى سڵەمینەوەیان لە بابەتێکى ئاڵۆز و نوێ تووشى ڕەشبینی سەبارەت بە فێربوون هاتوون. لێ لەبەر ئەوەى سڵەمینەوەکە لە خوێندکاردا هاتۆتە گۆڕێ، ئەوا دەبێت ئەو خۆى سەرەتا هەوڵى چارەسەرکردنى بدات، یان خۆى بۆ چارەسەرە پێشنیارکراوەکان و خەریکبوونى ڕەخنەیى لەتەکیاندا ئاوەڵا بکات.
 گرنگترین چارەسەر لە لایەنى خوێندکارەوە ئەوەیە، کە ئەو "سەبارەت بەو بابەتە نوێیە لێبهزرێت"، بەبێ ئەوەى هیچ تۆمارێک، تەنانەت هیچ تێبینییەکى نووسراوى نێو پۆل، بەکاربهێنێت. دەشێت ڕستەیەکى گرنگى دەربڕراویش بۆ هزرینى خۆیی لە کێشە یان بابەتی وانە پڕواتا بێت، چونکە ئەو تاکە ڕستە لێهزرراوە دەبێت بە ئیدێیەک کە بەدووى خۆیدا، بە یادهێنانەوە، ڕستەى دیکە بێدار دەکاتەوە، ئەوجا ئەو لەتەک یەکدیدا دەیان خاتە پەیوەندییەوە. بەدووى ئەمەدا، وەک هەنگاوێکى نوێ، فێرخواز دەتوانێت کەرەسە (20) بەکاربهێنێت: بابەتەکان بخوێنێتەوە، تاکو ڕەوشە دیاریکراوەکانى نێو هۆشى خۆى پتەو بکات. ئەوەى فێرخواز لە پۆلدا دەینووسێتەوە یان لە لایەن فێرکارەوە پێى دەدرێت یان بە فەرمى وەک پرۆگرامى وانە دیارى کراوە، "شتێکى تەواوکراو نییە"، بەڵکو تەنیا کەرەسەیەکە. بەڵێ تەنانەت پەیوەند بە کتێبە فێرگەییەکانەوە دەتوانین ببێژین، کە ئەو کتێبانە پێشنارى بناغەیین (گەرەکە پێشنیاری بناغەیی بن) بۆ ئەوەى فێرخواز بەکاریانبهێنێت، بەکارهێنانیش خەریکبوونێکى هۆشەکییانەى ئاگامەندە لەتەک ئەو کەرەسەیەدا. فێرخواز بەم رێیەوە ئاگایی خۆى ڕێکدەخات و بەم ڕێیەشەوە بەسەر بابەتەکەیدا سەروەر دەبێت.
 فێرخواز بەدووى ئەمەدا دەچێتە قۆناغى ساغکردنەوەى بابەتەوە. ساغکردنەوەى بابەت سەرەتا بریتییە لە دەرهێنانى تێگەکانى ئەو بابەتە بە نووسین، پاشان گرتنى پوختەى کرۆکەکەى. فێرخواز بەبێ تێگەیشتن لە تێگەکانى بابەتێکى بە نووسین داڕێژراو لەو بابەتە تێناگات. لێرەوە هۆشى بزوێنراوى فێرخواز خودى ئەو ناچار دەکات، سەرچاوە بەکاربهێنێت، سەرچاوەش دەشێت لە لایەن مامۆستاوە پێشنیار کرابێت. لێ ئەوە پێش هەموو شتێک ئەرکى فێرخواز خۆیەتى بەدووى سەرچاوەدا بگەڕێت، فێرکاریش گەرەکە هەر شێوەیەکى بەکارهێنانى سەرچاوەى گونجاوى لێوەربگرێت. گەر فێرخواز بزانێت چ سەرچاوەیەک بۆ کێشەکەى ئەو گونجاوە، ئەوا ئەو لە پلەیەکى چوستى هۆشەکیدایە؛ ئەو خاوەنى ئاگاییەکی بزێوە، واتا چیدى لە ئاستى هزرینى سەرەتاییدا نییە، بەڵکو دەزانێت چە شتێک ئەو لەم ئاستەوە بەرەو پێش دەبات. بەم پێیە ساغکردنەوەى بابەت بە یاریدەى سەرچاوە بەردەوام دەبێت. فێرخواز بەدووى ئەمەدا هەنگاو بۆ داڕشتنەوەى ئازادانەى ئەو کێشانە دەنێت، کە لەنێو هۆشیدا گەڵاڵەبوون. فێرخواز بەم داڕشتنەوەیە، یان بەم نووسینەوەیەى ئیدێکانى، چۆتە دۆخى بەرجەستەکردنی، واتا نووسینەوەى کێشەکان یان پرسیارەکان لەسەر کاغەز. بێگومان پێدەچێت کە جارێ شێوازى داڕشتن، پوختیى ڕستەکان و ڕێکخراوییان، هێندە گرنگ نەبن، لێ ئەم لایەنە لە کۆتاییدا هەر پێویستە، چونکە فێرخواز لە سەرەنجامدا هەر دەبێت بکەوێتە نووسینى بابەتى زانستى، ئەمەش بەبێ داڕشتنى پوخت و لۆژیکى ناشێت. لێ فێرخواز تەنیا کاتێک ئەمەى پێ بەدیدەهێنرێت، گەر ئەو بەسەر زمانى زگماگى خۆیدا سەروەر بێت و هەمیشە ئاڕاستەیەکى ڕەخنەیى بەرانبەر وەرگرتبێت – ئەمەش بەتایبەتى لە حاڵەتى زمانێکى شێواوی وەک کوردیدا، کە زۆر جار کێشە ئۆبژێکتیڤییەکانى لە توانستى سەبژێکتیڤیى ئەو دەردەچن.

پەراوێزەکان

(1) نابێت ئەمە لەتەک پرسیارى ئەجوولى و بەدڕەفتاریدا تێکەڵ بکرێت.
(2) پەیوەست بە سۆسیالیزاسیۆنەوە دەبێت هاوکات سۆسیالیزاسیۆنى کەسى کامڵیش دیارى بکەین، چونکە ئەویش بە درێژایى ژیانى لەتەک ژینگەی کۆمەڵایەتییانەی خۆیدا لە خەریکبووندایە: “ڕەفتارى، هزرینى، پلاندانان و کردارى، هەمیشە ئاڕاستەى ئەوانى دى کراون، جا گەر ئەوان تەنانەت لەنێو ڕوودانگە دەرەکییەکەى ئەودا نەبن”.
(Brocher، T.: Das Ich und die Anderen in Familie und Gesellschaft، Oeffingen 1976، S. 7)
(3) ئێمە لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بەزۆریی کەسێتیی سوننەگەرا دەبینین، ئەوە سەربارى سەرهەڵدانى شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەگەرى و تەنینەوەى ڕێکخستنى هەموارکراوی (تەعدیلکراوی) ژیان. لەنێو ئەم کۆمەڵگانەدا مرۆڤ بەهەند وەرناگیرێت، بەڵکو کەس تەنیا وەک پیاو و ژن، کوڕ و کچ، باوک و دایک، نەنک و باپیر، پوور و خاڵ و مام و هتد، هەروەها وەک دۆست یان دوژمن و هتد وەردەگیرێت. خۆئاوەڵابوونى تاک بە چەشنێکە، کە ئەو نۆرم (پێوارە) و بەها کۆمەڵایەتییەکان لەتەک پەرەسەندنى تەمەنیدا وەردەگرێت و ئەوجا پراکتیزەیان دەکات. بێگومان ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت، کە ئەو “تا ڕادەی شیان” فەزایەکی بۆ لڤینی خۆیی نەبێت، لێ ئەم لڤینە سەرەنجامی ئازادیی تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) نییە، بەڵکو فەزای کردارە کە لە لایەن کۆمەڵگەوە دەرفەتى پێدراوە. پێدەچێت بتوانین ئەم کێشەیە بەو ڕێیەوە ڕوون بکەینەوە، کە مرۆڤ لە شێوازى هزرینى ئیسلامیدا لەنێو سەرجەمێتیى کۆمەڵدا پێناسە دەکرێت، وەک سەرەنجامى ئەم جیهانبینییەش “من” بەزۆریى لەنێو چێوەى نێوچالاکیى کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، کە بێگومان لە پشتى هەر کردارێکەوە دەمێنێتەوە. بۆیە ڕەنگە هەڵە نەبێت کە پێشڤەچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتانى ئیسلامیدا وەک “دۆخگۆڕى” (التغیر) نەک وەک گۆڕان (التطور) دیارى بکەین، چونکە پێشمەرجى گۆڕان بریتییە لە ئازادیى تاکەکەسى. ئێمە دەتوانین ئەم کێشەیە بە نموونەی کەسێتیی خەباتگێڕ ڕوونبکەینەوە: تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤ وەک تاک دەست نانێتە نێو نۆرم و بەها سەروەرەکانەوە کە لە ناخی خۆیدا کاراییان وەرگرتووە، بەڵکو تەنیا بەپێى بەڕێوەبردنى ژیانى دۆخگۆڕیو، لەنێو کاتى دۆخگۆڕیودا، رۆڵێک بۆ دۆخگۆڕیى کۆمەڵگە دەگێڕێت، ئەوا ئەو نۆرم و بەها پێشهەبووانە تەنیا دۆخگۆڕییان بەسەردا دەهێنرێت، بەبێ ئەوەى لێرەدا ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى بریندار بکرێت. بە پێچەوانەوە هەڵگەڕانەوە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان هەمیشە سەرەنجامى دەستتێوەردانى تاکەکەس بوون لە کۆمەڵگەى ترادیسیۆنى، چونکە مرۆڤ لێرەدا خۆى ئاگامەندانە لە ڕێکخراوى کۆمەڵایەتى پچڕاندووە و پاشان لەتەک ئەو ڕێکخراوەدا کەوتۆتە ناکۆکییەوە. نموونەکانى ئەم تێڕوانینە بریتین لە شۆڕشەکانى فەڕەنسى و ڕوسى، یاخیبوونى فێرخوازە زانستگەییەکانى 1968ى ئەوروپا.
(4) بێگومان مامۆستاى جیاواز لەم مۆرکە دیاریکراوەى مامۆستاى ترادیسیۆنى هەیە، لێ ئەمە بەگشتى پیشەى مامۆستایەتییە. مامۆستا لێرەدا ڕۆشنبیریى گشتیى نییە، بەڵکو تەنیا ئەوە دەزانێت، کە لە زانکۆ یان لە “پەیمانگەى مامۆستایان” وەرى گرتووە. لە بنەڕەتدا مامۆستا ڕۆشنبیرەکان کە دەگمەنن، بەردەوام لە لایەن مامۆستایانى ناڕۆشنبیرى زۆرینەوە بە هەر شێوەیەک بێت (موحارەبە) دەکرێن.
(5) نەشیاو نییە خوێنەرێک لێرەدا بپرسێت، کە ئەم هەموو بەرەڵاییەى ئەمڕۆ چۆن پێناسە دەکرێت. ئەم پرسیارە ڕەوایە، ئەمڕۆ بە تایبەتى لە شارەکانی هەرێمدا لەنێو بڕێکى فرەى گەنجاندا زۆر شێوەى رواڵەتخوازى و ملدانەبەر و هتد تەنیونەتەوە. لێ گەر بەدەر لە دیاردەکانى شمەکخوازى و رواڵەتخوازى بڕوانین، ئەوا “هەمان ئەقڵییەت”ى باب و باپیران لاى ئەو گەنجانەش دەبینینەوە. بێگومان دەشێت لە ڕووى رواڵەتەوە جیاوازییان هەبێت، بۆ نموونە باوکان و باپیران هەتا زۆرترین ڕادە سادە و ساویلکە بوون، لێ گەر کوڕانیان (هەروەها تا ڕادەیەک کچانیان) لەنێو ژیانى تا ڕادەیەک ئاڵۆزێنراوى شارەکاندا کەمێک بزێویشیان هەبێت، ئەوا هێشتا هەر “حەزخوازى سادەن”. جیاوازیى چۆنێتییانە (کڤالیتاتیڤ) لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکى دیکە لای کەمینەیەکی شاری چێبووە. ئەو هەقیقەتەی سوننەگەرایی سادە بەتایبەتى لەکاتى دروستکردنى خێزاندا بەڕوونى دەردەکەوێت: کوڕە و کچە لەسەر هەمان ڕێسای ترادیسیۆن (باب و باپیرانیان، دایک و نەنکانیان) پەیوەندیى هاوسەریى دادەمەزرێنن و “نزیکە”ى لەسەر هەمان ڕێسا درێژە بە تێڕوانین و شێوازى ژیانیان دەدەن.
(6) ڕاستە کە ئایینى ئیسلام ڕێگە بە تەفسیرى قورئان دەدات، لێ دانانى پەیوەندییەک لە نێوان تێکست و هۆشى ڕەخنەییدا وەک “کوفر” تۆمەتبار دەکات. هۆى ئەمە لەوەدایە، کە لە ئیسلامدا قورئان بە خودایی دادەنرێت، واتا وەک ئاخافتنی خودایی، کەواتە قورئان بە دیدی ئەوان هەبوونێکی ئەبسولوت (ڕەها)ى لە مرۆڤى بەندەى ئەزەلییەت هەیە و ئەو تەنیا گەرەکە بیخوێنێتەوە، دەرخی بکات.
(7) بڕوانە: عەلى وەردى، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر سروشتى کۆمەڵگەى ئێراق، وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: بەرزان ئەحمەد، 2005.
(8) ئەم واژانە لە “فێنۆمێنۆلۆژیى” هوسەرلدا بەکار دەهێنرێن. مەبەستى هوسەرل خودى کێشەى گۆزارەیە، کە ناسینەوەى لە ڕووە فیزیکى و سایکۆلۆژییەکەیەوە بۆ هزرڤانى سەر ڕێگەى فێنۆمێنۆلۆژى نەشیاوى دەستبەردارییە. بۆ نموونە ڕستەى “ئازاد بۆ بازاڕ دەڕوات” لە ڕووى فیزیکییەوە / دەربڕینی وشەییەوە لە چوار وشەى تۆمارکراو پێکدێت، لێ چە وشەکان ناوەرۆکێکیان هەیە و چ ڕستەکە ڕەوشێکی بزێوى (ڕۆیشتنى) کەسێک پێشان دەدات کە ئێمە دەرکمان کردووە و بۆ نموونە بە کەسێکى دیکەى ڕادەگەیەنین. بۆ کێشەى فێنۆمێنۆلۆژییانەى واژە لە ڕووى فیزیکى و سایکۆلۆژییەوە بڕوانە:
Edmund Husserl، Logische Untersuchungen، Band II، 1، Hrsg. v. Ursula Panzer. Den Haag 1984، S. 37
(9) زۆرینەى هەرە زۆری خوێندکاران لە چوارەم ساڵى خوێندنى زانکۆییدا نازانن لێکۆڵینەوەکەیان لە بارەى چە بابەتێک بنووسن! ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوە کە ئەوان نزیکەى هیچ فێر نەبوون.
(10) وەڵامى ئەم پرسیارە بە شێوەیەکى سۆزمەندانە نادرێتەوە. لە بنەڕەتدا هەستى نەتەوەیى لەم کێشەیەدا جێى نابێتەوە، چونکە ئەوە ئاوەزە، کە سەرەتا بۆ خاترى خۆدەربڕینەکانى لەتەکیدا دەکەوێتە نەسازییەوە و هەر لەم نەسازییەشەوە وەڵامەکان دەدۆزێتەوە.
(11) هەندێک جار ڕوو دەدات، کە ئەو نووسەرانەى لە وڵاتێکى خۆرئاواییدا ژیاون، واژەى گریکیى کۆن یان لاتینى بەکار دەهێنن، لێ بە ئینگلیزیکراوى، ئەڵمانیزەکراوى یان سویدیزەکراوى و هتد. ئەمە بەدڕەوشێکە، کە بۆ کاریگەریى هەر یەکەى ئەو زمانانە لەسەر کەسى بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە، کە لە وڵاتى ئەو زمانەدا دەژى. بۆ نموونە واژەى لاتینیى ترادیسیۆن بە ئەڵمانى بریتییە لە ترادیتسیۆن، بە ئینگلیزى ترادەیشن، بە سویدى ترادیشون و هتد.
(12) کێشەیەکى دیکەى کرۆکى، پەیوەست بە ڕێنووسەوە، بریتییە لە کێشەى تەکنیکى تایپکردن، واتا نەبوونى تایپیستى پێگەیەنراو. ئەم کێشەیە رواڵەتى نییە، چونکە خوێندنەوەى بێکێشەى نووسراو ئاڵۆز دەکات.
(13) بێگومان زمانى پوخت هاوکات فاکتەرێکى سەرەکییە لە بەمەدەنیکردنى رەفتارى کەسدا، چونکە دەربڕینە پوختەکانى ڕاستەخۆ لەنێو پەیوەندییە نێوکەسییەکاندا کاریگەرى دەنوێنن.
(14) هەمان ئەم کێشەیە زمانەکانى عەرەبى و ئینگلیزیش دەگرێتەوە. لە حاڵەتى زمانى ئینگلیزیدا چەند ساڵێکە کتێبى فێرکاریى نوێ ڕەچاو دەکرێن، لێ ئەمیش پەیوەست بە شێوازى کارکردنى مامۆستاوە شکست دەهێنێت؛ لێ کێشەکە لە ڕەوشی زمانى ئەرەبیدا هاوشێوەى زمانى کوردییە. لێرەدا دەبێت بپرسین: ئایا ئەوە شێوازى گەیاندنى زمانى عەرەبییە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر مامۆستا ئەرەبیستەکانى زمانى کوردى دەنوێنێت؟ ئەم پرسیارە دەشێت لەو ڕووەوە گونجاو بێت، کە مامۆستایان وەک کەسى سۆسیۆکولتووری تەنیا مامەڵەیەکى قەدیمى (نامۆدێرن) لەتەک زماندا دەکەن: ئەوان تەنیا ڕێساکانى ڕێزمان بە خوێندکاران دەرخ دەکەن، لێ بە کەمترین شێوە ڕەچاوى پەیڤینى ئەوان ناکەن. هۆى ئەمە لەوەدایە، کە ئەوان خۆیان ڕەچاوى پەیڤینى خۆیان ناکەن، تەنانەت شەرم دەکەن بە کوردیى نووسین بدوێن، کە هەمیشە بکەرییانە لەنێو شێواوییەکانى خودی زمانى کوردییەوە شیاوى گۆڕانپێدانە و هاوکات بۆ هەمووان شیاوى لێتێگەیشتنە. لێ ئەو پرسیارەى سەرەوە لە ڕوویەکى دیکەوە نەگونجاوە، چونکە ئەرەبەکان، تەنانەت بەدەوییەکانیان، لە ترادیسیۆنى خۆیانەوە گرنگییەکى لە ڕادەبەدەر بە زمان: بە شێوازى ئاخافتن و هەڵبژاردنى وشە بۆ ئاخافتن، دەدەن.
(15) بڕوانە:
Hans Mogel: Psychologie des Kinderspiels. Heidelberg 1991، S. IX-X.

(16) بڕوانە:
William Stern: Psychologie der frühen Kindheit. Leipzig 1914.
(17) بڕوانە:
G. B. Matthews: Denkproben. Philosophische Ideen jünger Kinder. Berlin 1991.
(هەمان نووسەر):
Philosophische Gespräche mit Kindern، Berlin 1989.
(18) لەم پەیوەندییەدا ئاساییە گەر کەسێک نەیەوێت ببێت بە فێرخوازى بەشى کوردى لە زانکۆ، لێ نەشیاوە وەک بەشێکى نزم لێى بڕوانێت، چونکە ئەو لە هەر بەشێکى زانستى دیراسە بکات، هێشتا هەر ناتوانێت دەستبەردارى زمانى کوردى ببێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەوە فێرخوازە کە بەشە زانستییەکەى خۆى دیارى دەکات، نەک پێگە زانستییەکان لە دەرەوە هەڵچنرابن و کەسى سوننەگەرا ناچار بکرێت یان ئەو خۆى بخوازێت پێگەیەک لە یەکێکی ئەو زانستانەدا بگرێت کە گۆیا “باڵاترین”ن (!)، بۆ نموونە بییەوێت ببێت بە پزیشک یان ئەندازیار تاکو بەو ڕێیەوە پرێستیژی (هەیمەنەی) سۆسیالی هەبێت. لێ گەر بە پێچەوانەوە خواستی خۆیی وەک دەرچەی خوێندنی زانستگەیی وەربگیرێت (کە بێگومان زۆر زۆر دەگمەنە)، ئەوا لەم ڕەوشەدا ئیدی کۆتایى بەوە هاتووە کە بۆ نموونە کەسێک باوەڕ بکات، دکتۆراکەى زانکۆى سلێمانى لە ئەوەى زانکۆى کۆیە، ئەوەى زانکۆى بەغداد لە ئەوەى زانکۆى سلێمانى، ئەوەى زانکۆیەکى بوخارست لە ئەوەى زانکۆى بەغدا و ئەوەى زانکۆى بەرلین لە ئەوەى زانکۆکەى بوخارست باشترە! ڕاستە کە ئاست و زمان و کەرەسەی زانستى لە ڕووى ئۆبژێکتیڤییەوە رۆڵی خۆیان دەگێڕن، لێ لە کۆتاییدا هەر لایەنى خۆیی پێوەرە: ئەوە هەر فێرخوازە کە لە ڕەوتى خەریکبوونە زانستییەکانیدا بەرهەمەکەى دەخاتەوە! ئایا کامیان لە ڕووى زانستییەوە گونجاوە، ئەو فێرخوازە کە مێتۆدییانە لە زانکۆى سلێمانى توێژینەوەیەک ئەنجام دەدات، یان ئەو فێرخوازە کە لە بەرلین / لەندەن / پاریس وەک کوڕە سوننەگەراکەى سلێمانى لەژێر چاودێریى پرۆفیسۆرێکدا بە ئاقڵانە دکتۆراکەى (بێگومان خۆى بە تەنیا نەک بە یارمەتیى دەرەکى!!) تەواو دەکات، بەبێ ئەوەى توانیبێتى بە ئەڵمانى / ئینگلیزی / فەڕەنسی بهزرێت؟
(19) ئەم شێوازەى خەریکبوونى ڕەخنەیی لەتەک بابەتەکانى وانەدا لە ڕەوتى کارى وانەبێژیمدا لە کۆلێژى پەروەردەى زانکۆى کۆیە گۆڕانم پێدا. لێ گەرەکە لێرەدا ببێژم کە وەرگرتنى خوێندکاران، وەک چۆن بە واژەى خوێندکاردا دەردەکەوێت، لەسەر ڕێساى قەدیمیانەى دەرخکردن بوو. “نزیکەى” هەموویان نەیان دەتوانى خۆیان سەبژێکتیڤییانە بە بابەتەکەوە خەری بکەن، جا گەرچى ئەم شێوە خەریکبوونە بەشێکى کرۆکیى وانەکە بوو. ئەم بەدڕەوشە بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە: یەکەم خوێندکارانى زانکۆیى لە ڕەوتى دوازدە ساڵى متکردنى کەسێتییاندا خزێنراونەتە نێو دۆخێکەوە، کە ئەوان لە نێویدا بە شێوازە سوننەگەراکەی دەرخکردن “ڕاهاتوون”، واتا “دەسەڵاتى ڕاهاتن” بەسەریاندا سەروەرە. هۆى دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان، بەگشتى، نەیان دەوێرا خۆیان بۆ کێشەکە ئاوەڵا بکەن، چونکە “نزیکەى” سەرجەم مامۆستایانى دیکە داواى دەرخکردنى بابەتەکانى وانەیان لێدەکردن، بۆیە ئەو خوێندکارانەش کە مەبەستى فێربوونى دیداکتیکى نوێیان هەبوو (ئاخر ئەوان لە کۆلێژى پەروەردە بۆ کارى مامۆستایەتى پێدەگەیەنران!)، بە ڕاشکاوى دەیان درکاند، کە ئەم شێوازە فێرکارییە لە دۆخى خوێندکاریى ئەمڕۆى ئەواندا گونجاو نییە، چونکە گەر ڕەچاوی بکەن، ئەوسا مامۆستاکانیان دەریان ناچێنن و بەوەش ئاییندەیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
(20) دەبێت لە نێوان “کەرەسە” و “مەلزەمە”دا جیاوازى بکەین. ڕاستە کە فێرخواز دەتوانێت لە لایەنی خۆیەوە “مەلزەمە”ی مامۆستا وەک کەرەسە ببینێت و خۆی ڕخنەییانە پێوە خەریک بکات، لێ ئەوە شێواز و داواکاریى مامۆستاى وانەبێژە کە بەهاى ئەو بابەتە چاپکراوە دیارى دەکات. گەر ئەو بە هەموو شێوەیەک داواى دەرخکردن لە خوێندکار بکات، ئیدی ئەو ناتوانێت مەلزەمەکە وەک کەرەسەیەک وەربگرێت تاکو بەڕێیەوە هەمەلایەنیانە فێرببێت. لە بنەڕەتدا کەرەسە، وەک بە واژەکەدا ڕوون دەبێتەوە، تەنیا دەسوێژێکە بۆ ئەوەى فێرخواز پێکەوە لەتەک کەرەسەى دیکەدا “شتێکى نوێیان لێ دروست بکات”.

تێبینی

ئەم نووسینە سەرەتا لە گۆڤاری کوردۆلۆجی، ژمارە ١، سلێمانی ٢٠٠٨، بڵاوکراوەتەوە. لەم شێوەیەی بەردەستدا سەرلەنوێ کاری تێداکراوەتەوە.
ک.ج.

Previous
Next