Skip to Content

225 Views

نۆزدە تێز سەبارەت بە خوێنەر و خوێندنەوە… نووسینی:عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

نۆزدە تێز سەبارەت بە خوێنەر و خوێندنەوە… نووسینی:عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by May 1, 2020 General, Literature

ئەم تێزانە وێناکردنی گشتی بۆچوونی منن سەبارەت بە خوێنەر و قەیرانی خوێنەر و خوێندنەوە لە کۆمەڵی بۆرژوازی کوردیدا کە دەتوانرێت هەندێکیان گشتی بکرێنەوە، بەوپێیەی کە تایبەتمەندی کۆمەڵی بۆرژوازی لەهەر کۆمەڵگەیەکدا تا ئاستێک نزیکن لەیەکەوە. بەڵام هەندێ تایبەتمەندیش هەیە کە خوێنەری کورد لە خوێنەرێکی تر جیا دەکاتەوە. ئەم تێزانە بڕیاری کۆتایی نین و دەکرێ پێبەپێی گەشە و بەرەوپێشچوونی هێزە مادییەکانی کۆمەڵگە گۆڕانیان بەسەردا بێت.

                                               یەک 

سەقەتترین خوێنەر ئەو خوێنەرەیە کەوا حاڵی کراوە هەر بەرهەمێک خوێنەر تووشی گێژی (نەک سەرسامی) نەکات، بەرهەمێکی لاوازە و ئاستی هونەری ئەو بەرهەمە لەخوارە. لێرەشەوە خوێنەری بەرهەم یان دەقە ئەدەبییە شۆڕشگێڕەکان بە فکر بەتاڵ ناوزەد دەکەن . ئەم خوێنەرانە پێبزانن یان نا، تووشی پەتای لیبراڵییەت بوونە و کۆششێکی زۆریان دەوێ تا بتوانن خۆیان لەو پەتایە ڕزگار بکەن.

                                                دوو 

ئەو خوێنەرەی کە گومان فریوی دەدات و وا تێگەێنراوە کە گومان لە هەموو شتێک بکات، لەڕاستیدا لە خوێنەرێکی چالاک و پرسیارکەرەوە دەبێت بە خوێنەرێکی بێبڕوا بە گەشەی مێژووی ئەدەب و هونەر، خوێنەرێکە لە دەریای ناحاڵیبوونی خۆیدا مەلە ئەکات. ئەم جۆرە لە خوێنەر گومان لە مێژوو و داهێنان و کردە شۆڕشگێڕییەکان و دەقە تەحریزییەکان دەکەن و تەنها لە گٶشەیەکی تەسکەوە دەق دەخوێننەوە بێئەوەی بتوانن جیهانی بەرینی دەق ببینن.

                                                 سێ 

خوێنەری پاسیف ئەو خوێنەرەیە کە پێی وایە دەقی ئەدەبی و هونەری بەرهەمی زاتی ئینسانە و دەکەوێتە ئەودیو یاسای گەشەی مێژوویی هێزەکانی بەرهەمهێنان. ئەوە راستە نووسین زادەی بیرکردنەوەی نووسەرە، بەڵام خۆ نووسەریش ناکەوێتە دەرەوەی بازنەی گەشەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری.

                                                   چوار 

لە دوو دەیەی رابردوودا و لەسەردەستی دەسەڵاتدارێتی حیزبە قەومی و دینییەکان،سیاسەتێکی ئێجگار ناشرین بەڕووی نووسەراندا پیادەکرا، ئەویش کڕینی قەڵەم و هەڵویست و بەخشینی پاداشت و خانوو و ئەرز و خەڵاتی ماددی و سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات تا دەگات بە سیاسەتی خانەنشینکردنی نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران. ئەم هەلومەرجە دۆخێکی هێنایە ئاراوە کە نووسین و ئاستی نووسین هێندە هاتە خوارەوە و ناشرین کرا، بووە هۆی دروستکردنی لەشکرێک لە خوێنەری نا ئاکتیڤ و بێدەربەست سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵگەو ژیانی ئینسانەکان.

                                               پێنج

سادەترین خوێنەر ئەو توێژەن کە کەوتوونەتە دوای کاریزما و لەدواشیکردنەوەدا لەئاست بینینی ڕووی واقعی ژیان تووشی نابینایی دەبن. ئەم جۆرە لە خوێنەر نە دەتوانن قووڵ بیربکەنەوە و نە دەشتوانن لەسەر هەر ئاریشەیەکی ڕۆشنبیریی بڕیار بدەن. ئەم خوێنەرانە وا ڕاهێنراون کە دەبێ کەسێک لەبری ئەوان بیر بکاتەوە. هەر بۆیە تا کاریزماکە لەمەیدان بێ ئەمانە چالاکن و هەر کە کاریزماکە لەمەیدا نەما، ئەمانیش تووشی شلبوونەوە و خاوبوونەوەی فیکری دەبن و لەشوێنی خۆیان هەر مراوەحە دەکەن.

                                              شەش 

خوێنەری چالاک ئەو خوێنەرەیە کە بە بەرنامەوە دەخوێنێتەوە و دەزانێ چی دەخوێنێتەوە و چۆن خۆی بە زانیاری دروست بارگاوی دەکات. ئەم خوێنەرە ئەکتیڤە لەخوێندنەوەی هەر دەقێکدا بەپلەی یەکەم پەیامی کۆمەڵایەتی دەقی بەلاوە گرنگە و ئینجا لە پانتایی دەقدا بەدوای تەکنیک و دواجاریش لەهەوڵی ناسینی نووسەر و دەقنووسدا دەبێ.

                                                حەوت

خراپترین جۆری خوێنەر ئەوانەن کە بەدوای شەپۆڵی خەڵک (عامە) دەکەون و خۆیان هیچ لێکدانەوەیەکیان نییە بۆ خوێندنەوە و نووسین و نووسەر و هەلومەرجی رۆشنبیری کۆمەڵگە. ئەمانە وەکو ئەو کڕیارانەن کە ناوبانگی چێشتخانەیەک پەلکێشیان دەکات بۆ خواردن نەک کواڵیتی خواردنەکە. ئەم خوێنەرانە هەر کە بیستیان فلانە نووسەر میدیای بۆرژوازی فووی پیا دەکەن، نابینایانە دەکەونە هەمان دۆخەوە و ساویلکانە دەکەونە فوو کردن بە هەمان زوڕنانی بۆرژوازی بێئەوەی هەستی پێبکەن. بۆیە ئەمجۆرە خوێنەرە زیاتر قوربانین و توانای خۆ دەربازکردنیشیان زەحمەتە لەو دۆخە ناهەموارە بە ئەنقەست چێکراوەی بۆرژوازی.

                                            هەشت 

نووسەر هەمیشە بۆشاییەک(بوارێک) بۆ خوێنەر دەهێڵێتەوە تا بتوانی بەشداری بەئاکام گەیاندنی پرۆسەی گەیاندنی پەیامی کۆمەڵایەتی نووسین بێت.ئەمەش بەو مانایە نییە کە خوێنەر(وەرگر)یەکسان بکەین بە نووسەر(نێرەر). نەخێر، نووسەر و خوێنەر دوو کاراکتەری ناو پرۆسەی نووسینن و هەریەکەیان ئیش و بەرپرسیاڕێتی خۆی هەیە.

                                             نۆ 

ئەو خوێنەرانەی لەسەر متمانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەق لەسەر بنچینەی هاوشاری و هاوڕێیەتی و هاو حیزبی و تاد، بنیاد دەنێن، هەمیشە غەدرێکی گەورە لە دەق و نووسین دەکەن و خۆشیان دەزانن چ بێماناییەک نمایش دەکەن و بێکەڵکترین پێوەریان بەدەستەوە گرتووە. ئەم شڕۆڤەکارانە دەبێ ئەوە بزانن کە بەو کارەیان نەک نابنە داهێنەر، بەڵکو دڕکەزییەکن بەجەستەی ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوە.

                                               دە 

نووسین نە پەرجووە و نە کاری لەکارنەهاتووشە. دیارە هێندە سانایە کە هەرکەس بیەوێ بنووسێ، دەتوانێ بنووسێ. ئیتر قەبەکردنی پرۆسەی نووسین و ‌هێنانە ئاراوەی کۆد و نهێنی کە لیبڕالیزمی بۆرژوازی پەرەی پێدەدا و سەپۆرتی دەکا، هیچ خزمەتێک بە خوێنەر ناگەێنێ جگە لەسەرلێشێواندن و بەلاڕێدابردن. خوێنەری زیرەک دەبێ لەدەقدا بەدوای پەیامی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێرانەدا بگەڕێ لەوێشەوە نووسەر و دۆخی نووسین هەڵسەنگێنرێ و قەزاوەت بکات.

                                              یانزە

بەدەستەوەگرتنی کتێب بەمانای خوێندنەوەی کتێبەکە نییە. وێنەگرتن لەگەڵ کتێب و پۆستکردنی لە سۆشیال میدیادا، ئەگەر ڕێژەیەکی دڵسۆزبوون و پەرۆشی بێت بۆ کتێب، ئەوا ڕێژەی زۆری پۆز و خۆدەرخستنە تا لەو ڕێگەیەوە پەیامی کەسێتی خۆیان بگەێنن و ئامانجی شەخسی خۆیان بپێکن. ئەم جۆرە مرۆڤانە نەخۆشن و هەرگیز ناتوانن ببنە خاوەن مەعریفە تا عەقڵیکی ئاوا ڕێبەرییان بکات.

                                           دوانزە

بوونی کتێبخانە لە ماڵەکان، جگە لە لایەنە مەعریفییەکەی، جوانییەکیش دەبەخشێ بەو ماڵە. بەڵام کتێبخانە چ سوودێکی هەیە لە ماڵ کە کتێبەکانی تۆزی لێ بنیشن و هەرگیز شوێن رەفەکانی خۆیان جێنەهێڵن. خۆدەرخستن لەبەردەم مێوان وکەسوکار لەڕێگەی کتێبخانەوە گوایە دەخوێنێتەوە، جگە لەوەی نەزانییە، جێی بەزەییشە. کۆمەڵگە زۆرێک لەو جۆرە کارەکتەرانە لەخۆ دەگرێ.

                                            سیانزە

وەکچۆن هەموو کتێبێک مەعریفەی ئینسانی تێا بەرجەستە نەبۆتەوە، ئاوا خوێنەریش هەیە کە نە نرخی کات دەزانێ و نە لە ئازاری نووسەری جیددی دەگات. خوێندنەوەی جیددی کتێب مرۆڤ لەبەردەم بەرپرسارێتیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنێ. خوێنەری جیددی ناتوانێ ئەو مەعریفە جوانە ئینسانییەی لە کتێبەوە فێری دەبێت تەرجەمەی ژیانی پراکتیکی خۆی نەکات و بێدەربەست بێت لە ئاستیدا.

                                         چواردە

هەموو خوێندنەوەیەک گەرچی جیددیش بێت دەبێت دواجار مەعریفەی ناو کتێبەکە بریار دەدات ئاخۆ خوێنەر بەرەو چ ڕەهەندێکی ئاراستە دەکا و لەدوا شیکردنەوەدا چ جۆرە گیانەوەرێکی لێدەردەچێ. کتێبە ناواخنە ڕەشەکان ئەوانەی ئیش لەسەر تێکدانی بەها مرۆییەکان دەکەن، بێ دوودڵی دەتوانم بڵـێـم مرۆڤ بەرەو تراژیدیا ئاراستە دەکەن و دواجار لەبری ئینساندۆستی توخمێکی زیانبەخشی لێدەردەچێت.

                                           پانزە

ئەوەی خوێنەری لە کتێب تۆراندووە و گاپێکی خستۆتە نێوانیانەوە، بریتییە لە دۆخی ماددی کۆمەڵگە. ئەمە پەیوەندی بە سەلیقەی خوێندنەوە و ئاستی بەرزی دەقەوە نییە. لاواندنەوەی لە چەشنی ئاشتکردنەوەی خوێنەر و کتێب و بە کلتوور کردنی خوێندنەوە جگە لە فێڵ لەخۆکردن هیچی تر نین. هەرکات دۆخی گەشەی ماددی کۆمەڵگە بەرەو سەر هەنگاو بنێ ، خوێندنەوە دێتەوە نێو کۆڕی خێزان و باوەشی خوێنەران کتێب بەخۆوە دەبینێ.

                                            شانزە

لەمڕۆدا کتێب و خوێندنەوە و خوێنەر بوونەتە کاڵا و بازارێکی نیمچە گەرمیان لێ پێکهێنراوە کە کۆمەڵێ بازرگان و چەرچی خەریکی ساتوسەودان پێیانەوە. کۆمەڵێ دەزگای چاپ و پەخش پەیدا بوون کە خەریکی ئەفزەڵییەت فرۆشتنن بەسەر خوێنەران و نووسەراندا.ئەم بازاڕە هێندە بێتامە کە دەرگا داخستن بەڕووی هەندێک و فووپیاکردنیش بەهەندێکی تردا بووەتە کلوورێکی ناشرین و کۆمەڵێ نووسەری چڵێسی هێناوەتە پێشەوە کە خوێنەر هەر بە ناوەکانیان تووشی ژانەسەر دەبێ، چ جای خوێندنەوەی کتێبەکانیان.

                                                حەڤدە

ئەمرۆ جیهانی زانست و تەکنەلۆژیا پێشڕەفتی کردووە و سۆشیال میدیا خۆی خزاندۆتە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە. ئەنتەرنێت بۆتە شوێنی گەڕان و سۆراخی کتێب و تا دێت خوێنەری ئۆن لاین زیاتر دەبێت. وەکچۆن بەهەزاران کتێبخانە لەسەر ئۆن لاین هەس، ئاواش بە ملیۆنان خوێنەر ڕۆژانە سەردانی ئەو کتێبخانانە دەکەن و کتێب دەخوێننەوە کە هەندێجار بە پارەیە و زۆربەی جاریش بە خۆڕاییە. ئەم واقیعە تازەیەی خوێندنەوە لە جیهان وای کردووە کە خەریکە تەنگ بە کاغەز هەڵدەچنێ و میزاجی خوێنەری لە دۆخی وەرگرێکی ئاساییەوە گۆڕیوە بۆ وەرگرێکی خێرا .

                                               هەژدە

خوێنەر هەمیشە لە خوێندنەوەی دەقی ئەدەبیدا بەتایبەتی ئومێدی ئەوە دەخوازی کە دەقەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانیدا بێت. خوێنەر کاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەوەی پەیامێک، مەعریفەیەکی تایبەت وەربگرێت. دەقی ئەدەبیش دەبێت هەم ناوەڕۆکێکی ئینسانی بەرز و هەمیش تەکنیکێکی بەرز لە خۆ بگرێت تا لەئاست چاوەڕوانییەکانی خوێنەر دا بێت.

                                                  نۆزدە

وەکچۆن بانکخواز و مەلا و موبەلیغە ئاینییەکان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و پاراستنی بەرەژەوەندی چینایەتی دەسەڵات، ئایین بەکار دێنن و سوود لە نەخوێندەواری و نەزانی خەڵکی ستەمدیدە وەردەگرن، ئاواش ناوە دیارەکانی نێو کایەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی کوردییش سوود لە هەژاری فیکری خوێنەری کورد وەردەگرن و لەڕێگای نووسین و بەرهەمەکانیانەوە خوێنەریان لە گرنگترین ئەرکی خۆی دوور خستۆتەوە، کە ئەویش تێگەیشتنە لە پەیامی کۆمەڵایەتی نووسین و بەکردەوە دەرهێنانی ئەو پەیامەیە لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە.

نیوەی دووەمی ٢٠١٩

Previous
Next