Skip to Content

ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ … ئەمجەد شاکەلی

ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ … ئەمجەد شاکەلی

Closed
by ئایار 1, 2020 General, Opinion


خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەی ڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ و چێژ و جوانی و هێز و ئومێد و بەخشندەیی و پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێ خۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان، مردوو.
یەکدی بەسەرکردنەوە و یەکتربینین و پێوەند و تێکەڵاوی و سەردانی یەکدی و پێکەوە دانیشتن و ژوان و دەستگوشین و لەئامێزگرتن و ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی و دڵڕەقی و بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا!
پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێدا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندی قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.
فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت.
ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.
ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێدام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.
ئەمڕۆ یەکەمی مەی(یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بەهۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست(SAC) و ئەنارکیست و ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەم بە خەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!
هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە!
ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن، هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە ، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێ ڕەنگوبۆیە!


01 – 05 – 2020


[1] (وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ)، القرآن الکریم، الأنبیاء/30.   

Previous
Next
Kurdish