Skip to Content

سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق بپارێزن! … ڕێبوار ڕەشید

سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق بپارێزن! … ڕێبوار ڕەشید

Closed
by ئایار 3, 2020 General, Opinion, Slider


دەتوانرێت ڕەخنەی بەئەژمار لە دەستووری سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراق بگیرێت و لە کاتی خۆیشیدا لەلایەن کورد و عەرەبەوە ڕەخنە لەو بارەوە زۆر هەبوون. لاوازترین خاڵی سەرەکیی لە دەستووری فیدەڕاڵیی ئێراقدا ڕەنگە لایەنە ئیسلامیەکەی بێت کە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی واقیعیی بۆ سوننە و شیعە و کورد نییە، بەڵکو زیاتر ڕووانگەیەکی عەرەبیی ئیسلامییەکە لەلایەن کەمینەیەکی شیعە و سوننەوە بە سەر دەستووردا سەپێندرا.
بە هەر حاڵ، ئەو ڕیفۆرمانەی لە ئێراق هەم لە بواری ناناوەندگیریی (لامەرکەزیی) و هەم لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و سەندیکایی و کرێکاریی و زمان و هتد هەبوون و کراون لە بەراووردا لە هی هەموو ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان داگیر کردووە نەک هەر باشتر بووە، بەڵکو بەراووردیش ناکرێت. دیارە سیستەمی فیدەڕاڵیی گەورەترین لەو ریفۆرم و دەستکەوتانەن کە دەیتوانیی باشووری کوردستان بە سەربەخۆیی بگەیەنێت و هەروەها بشبێت بە هەوێنی چارەسەری دیموکراسیی لە تورکیا و ئێران و سووریا کە کوردستانیان داگیر کردووە.

لە ئێران و تورکیە کە لە یەکەمیاندا کورد هەر بە ناو هەیە و لە دووهەمیاندا هەر نییە، کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور تا رادەیەکی باڵا توانیوویانە سەرکەوتنی شایانباس وەدەستبهێنن. دیارە باسکرنی ئەم دەستکەوتانە جێگای ئێرە نیین، بەڵام هەر دەتواننرێت ئاماژەیان پێ بکردرێت، بۆ نموونە سەرەڕای هەموو دڕندەییەکی دیکتاتۆریی و ئیسلام فاشیزمی کۆماری ئسیلامیی ئەوا خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیوویانە زمانی کوردیی نەک هەر بپارێزرن بەڵکو پێشی بخەن. لە شاری خوێ (خویە) تا خوار ئیلام زاراوەکانی کوردیی لە گەشەدان، نەک پاشەکشێ. فۆنەتیک و ڕێزمان و دەستووری زمانی کوردیی پارێزراوە، فەرهەنگی کوردیی، جلوبەرگ و موزیک و خۆراک بەرەو پێشەوە چووە. خەڵکی کوردستان لە ناو یەکدا تەبان، هاوکاریی یەکتر دەکەن و ئەو ناوچەگەریی و شارگەراییە نەماوە کە کاتی خۆی سیستەمی شا مایەی لە سەر دادەنا و لە ژێرەوەی دنەی دەدا.
هاوکات هەستێکی نەتەوەیی پێشکەوتووخواز و نیشتیمانپەروەر بە ڕێزگرتن لە هەبوونی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە برەودایە.
لە باکوور سەرەڕای هەبوونی دڕندەترین و ناشارستانیرین سیستەمی داگیرکەریی لە جیهاندا، سەرەڕای نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد و سڕینەوەی ناو و ناونیشان و هەموو جۆرە بوونێکی کورد، لە ماوەی چل ساڵدا درز خرایە نێو سیستەمی داگیرکەرییەوە و خەباتێکی یاسایی و پارلەمانیی پێشخرا، زمانی کوردیی لە نزیکەی نەبوونەوە ژیایەوە و بووەوە بە مانی گوند و شارەکان و دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆنی پێ وەگەڕ خرا و بوو بە زمانێک کە لە رووی فۆنەتیک و ڕێزمان و دەربڕینەوە شایانی باسە. بەرپرسانی سیاسیی باکوور لە ڕێکخستنی خەڵک و لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا خەڵکیان هۆشیار کردەوە بە شێوەیەک کە سەدان هەزار لە مەراسیمە نەتەوەییەکانی وەکوو نەورۆزدا بەشدار دەبن هتد و هتد.

ئەدی ئەی باشوور؟

باشوورێک کە خاوەنی بەئەژمارترین قوربانییە، کە بە ئەزموونی شەڕی نێوخۆیی سەختدا لە سەرەتای شەستەکانەوە ژیانی بەڕێ کردووە، و کە لانی کەم خاوەنی مافی دەستووری پاشایەتییە کە بە ڕەسمیی و بە پێی یاسا و دەستووریی سەلماندوویەتیی کە “کورد و عەرەب” لە نیشتیمانی “ئێراق” دا هاوبەشن، پاشان خاوەنی یاسای ناناوەندگیریی ساڵانی شەستەکان و حەفتا و یاسای بە ئۆتۆنۆمی ناساندنی هەرێمی کوردستان (دیارە بێ شەنگار و کەرکووک و خانەقین) و هەموو ئەو مافانەی دیکە بووە کە دەیگرتەوە. لە هەموو ئەوانەیش گرینگتر سیستەنی فیدەراڵیی 2005 و هەموو ئەو باڵادەستییە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییانە بوو کە هەموو جیهان بۆیان فەراهەم کردبوو.
ئەسڵەن هەموو باشوور بە پاکەتێک کە دەستکەوتی دەوڵەتبوونیادبوونی تێدا بوو کرا بە سفرەیەکی حازر و لە سەر سینییەکی زێڕین خرایە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی باشوور.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 هەتا ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی دەست و باڵی سەددام حوسەین بەرامبەر بە باشوور بەسترابوو. باشوور دوورگەیەکی پارێزراو بوو کە بارانی ڕەحمەتی هەموو دونیای بە سەردا دەباری و هاوکات خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە دەم و بە کردەوە حەیرانی ئەم بەشە ئازاد کراوە بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوور نەیانتوانی گۆمێکی مراوی لە باشوور دروست بکەن. بە پێچەوانەوە باشوور کرا بە بێدەسەڵاترین حوکمڕانیی کە ئەوی بەرهەم و کار و خۆشەویستیی نیشتیمان بێت تیایدا لە ناو برا.
لە پاش سیستەمی فییدەڕاڵییەوە حکومەتی ناوەندیی بەغداد کە لە ڕاستییدا هەر حکومەتی فیدەڕاڵییە لە پراکتیکدا هەتا دوو ڕۆژ پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفەراندۆم، نەیتووانیوە قامکێک بۆ سەر هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی هەرێم ببات. لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ماڵیی، فەرماندە باڵاکانی سپای ئێراقیی، بازرگانیی و هتد لە بازنەی دەسەڵاتدارانی کورد بوون. کورد خاوەنی دەیان وەزیر و پارلەمێنتار و بەڕێوەبەریی گشتیی و فەرماندەی جیاوازی سپا لە سەر ئاستی ئێراق بوون. لە ناو هەرێمدا دەسەڵاتدارانی کورد سەرۆک هەرێم و سەرۆک حکومەت و وەزیران و پارلەمێنتاران و هتد بوون.
لەگەڵ هەموو ئەم دەسەڵاتە گەورەوگرانەیشدا لە دوای راپەڕینەکانی 1991 لە باشوور:

  • زمانی کوردیی لە باشوور بووە بە زمانێکی سەرجادەیی گشتیی کە مرۆڤ شەرم دەکات باس لە ئاستەکەی بکات.
  • ڕۆشنبیریی بیریی و هزریی لە باشوور تا دێت لاوازتر و توێژگیرتر دەبێت. جلوبەرگی کوردیی خەریکە دەچێتە موزەخانەوە، موزیک و گۆرانیی و کولتوریی نەریتیی گشتیی تورکێنراو و فارسێنکراوە.
  • کار و بەرهەم نامێنێت یان لە ئاستیی نەبوون دایە.
  • خۆشەویستیی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەریی، بەخۆباوەڕبوون و متمانەبەیەکتر و ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیەکان لاوازتر بووە و دەبێت.
  • نەبوونی ئاساییش و خۆشگوزەرانیی و سەرگەرمیی ڕۆژانە، بێئومێدیی لە ئاییندە و بێهیوایی لە پاشەڕۆژ، ئەگەر ڕێگایان هەبێت زۆرینەی خەڵک زێدی خۆیان چۆڵ دەکەن.
  • بێڕەووشتیی و بێئەدەبیی لە دزینی سامانی گشتیی بووە بە کولتوری باو.
    لە هەموو ئەم کێشانەدا حکومەتی ناوەندیی بێ تاوانە یاخود بێ لە هەندێک هەڕەشەی بێ ددان هیچ کاریگەریەکی دیکەی نەبووە کە بچێتە قاڵبی تاوانەوە.

    ڕۆڵی تورکیا و ئێران لە تێکشکاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا

    ئێران و تورکیە لە یەکەم ڕۆژەکانی پاش ڕاپەڕینەوە لە ڕێگای دەسەڵاتدارانی باشوورەوە دەستیان لە باشوور وەر دا. کاتێک کە بانگەوازی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق کرا ئێران و تورکیا، بە داخەوە تازە لە ناو دەسەڵاتدارانی باشووردا خاوەنی دەنگی خۆیان بوون. بەڵگەکان بە سەدانن کە تورکیا لەم بارەوە چەند جیددیی، بە دیسپلین، سیستەماتیک و سەرانسەریی لە هەوڵی تێکدانی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا بوو. باشوور بوو بوو بە سەمای مەرگی ئێران و تورکیا. تورکیا و ئێران دەیانزانی کە باشوورێکی سەرکەوتوو بە مانای ئەوە دێت کە هیچ دەرفەت و هەلێک بۆ شەڕی سپایی تاران و ئانکارا دژ بە خەڵکی کوردستان لە ناو خۆیاندا نامێنێتەوە. لەبەرئەوە هەموو گرەوێکیان لە سەر تێکشکاندنی ئەو سیستەمە فیدەڕاڵییەی ئێراق بوو.
    جێی سەرنجە کە دەسەڵاتدارانی باشوور بەینی شەخسیی و پێوەندیی شەخسیی و پێوەندیی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریان لەگەڵ تاران و ئانکارا خۆشتر لە پێوەندییان لەگەڵ بەغداد بێت کە پێتەختی ئێراقی فیدەڕاڵییە. هەروەها جێی سەرنجە پاش هەموو ئەو قوربانیدان و ڕەنج و زەرەرە کە لە باشوور کەوت، دەسەڵاتداران تا ئەو رادەیەی ئێشتا دەیبینین پڕڕوو و بێچاووڕوو لەگەڵ باشووردا بەرخورد بکەن.
    تورکیە و ئێران دەیانزانیی کە بە سیاسەتێکی هاوڕێیانە و خوشکوبرایەتیی عەرەب و شیعە و سوننە دەتوانرێت ئەو سیستەمی فیدەڕاڵییەی هەیە لە ماوەی 10 ساڵێکدا بکرێت بە سیستەمێکی کۆنفیدەراڵیی و هەر لە ڕێگای دیالۆگ و پتەوکردنی ئەو هاوپەیمانییە کۆنفیدەراڵییەوە باشوور دەیتوانی بەرەو سەربەخۆییش هەنگاو بنێت. نزیکەی هەموو دونیا، ئێران و تورکیە و سووریەی بە پلەی یەکەم لێ دەر بچێت، دۆستی باشوور بوون.
    هیچ زانستێکی ڕاکێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرسە گرینگە کە پتەوکردن و ڕاستکردنەوە و بەرەوپێشەوەبردنی سیستەمی فیدەڕاڵیی بوو، پێویست نەبوو. هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ڕێز لەو سفرە حازرە بگیردرێت کە جیهان خستبوویە بەردەمی دەسەڵاتدارانی باشوور، کە بەغداد بکرێت بە ماڵێکی سەقامگیریی کورد و کە دیارە زۆر بە ئاسانی دەکردرا .

    ڕیفەراندۆم پیلانی ئاشبەتاڵ بوو

    ئەردۆغان زۆر ئاسانتر لەوەی بە بیریدا دەهات توانی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە باشوور تێک بشکێنێت. لە رێگای بردنی پارەی باشوور بۆ “خەڵک بانک” کە ئەردۆغان و هاورێیانی خاوەنین، و لە ڕێگای بردنی نەوتی باشوورەوە ئەردۆغان باشووری لە بەغداد دا براند.
    جێی سەرنجە ئێراقێک بە دەیان ڕیفۆرمی ناناوەندگیریی و بە پێشنینەی ئۆتۆنۆمیی و فیدەڕاڵییەوە، بە سەرۆککۆماری کورد و وەزیری دەرەوەی کورد و هتد هتد بچێتە نێو سەنگەری ئانکاریەکی ڕەگەزپەرستی دڕندەی بێ شارستانییەوەکە جێی نەفرەتی هەموو نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە و بەشێکی دونیایە. ئەمە بەدبەختییەکی مێژووییە. ئەمە ئاشبەتاڵێکی سیاسیی ڕەووشتیی و ویژدانییە. ئەمە نانێشتیمانپەروەریی و خیانەتە بە خەڵکێکی ستەملێکراو.
    ئیتلاعات و میت لە بڵاوکردنەوەی گومان و باوەڕبەخۆنەبوون و بێمتمانەیی لە ناو باشووردا شەونەخونیان کێشا و مەخابن ئەنجامی هەبوو.
    ئەو قسە بێ مانا و ناسیاسیی و بێ ئەدەبیی و بێ ناوەرۆکەی کە دەسەڵاتدارانی کورد لە کاتی ڕیفەراندۆمدا بە بەغداد و بە عەرەبیان دەگوت و ئەوەیان بە ناوی “کوردایەتیی” ـەوە دەکرد، نەک هەر قسەوباسی سیاسیی ناو سیستەمێکی فیدەراڵیی یان تەنانەت دانوستاندنیش نەبوون، بەڵکو قسەی سەر جادەی شەڕلاتیان بوون. ئەو قسانە، ئەو پێ پێکەنین و گاڵتەجاڕیی و شکاندن و جووکدانانە دوا بزمار بوون کە لە تابووتی پێوەندییە گرینگ و بە بایەخە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییەکانی بەغداد و باشوور دەدرا.
    ئایا بە چ شێوەیەک دەتوانین “بای بای ئێراق” بۆ عەرەبگەلی دۆستانی کورد ڕوون بکەینەوە؟
    ئایا ئاماژە بە کامە دەستتێوەردانی کردارەیی بەغداد لە کاروباری باشوور و لە ڕێگرتن لە کاروباری باشووردا بکەین؟
    بەڵآم بینیمان، ئەوانەی دەم و زمان و ڕووخساری ئەو جوێندان و سووکایەتییە بوون چۆن لە ئاشبەتاڵێکی شەرمئاوەری تێکشکێندەردا بەرەو بەغداد گەڕانەوە. بەڵێ، چوونەوە بۆ بەغداد بێ ئەوەی یەکێکیان ئەو گولـلەیە بە سەری خۆیەوە بنێت کە بەڵێنیان دابوو، بێ ئەوەی ڕەخنەیەک لە خۆیان بگرن، بێ ئەوەی دەستبەرداری کورسیەکیان بن و تەنانەت بێ ئەوەی بە بچووکترین شێوە ئاماژە بە کەموکورتیەک بکەن.

    شەڕی بەغداد و باشوور

    کوردستانیانی دڵسۆز و هەزاران عەرەبی ئێراقیی و غەیرەئێراقیی و ملوێن لە هاووڵاتیانی سوننە و شیعەی عەرەب ئاگاداری مێژووی ئێراق و کێشەی کورد و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە لە سەر کورد و لە سەر خۆیان هەن. عەرەبی ئێراق بە شیعە و سوننەیەوە خاوەنی نە کەمتر لە 2 ملوین قوربانین. خانەوادە لە ناو عەرەبدا کەمن کە دووان و سیانیان لە شەڕە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران و کوێت و ئەمریکادا لێ نەکوژرا بێت. عەرەبی ئێراق نەتەوەیەکن لە نەزیفی خوێندان. ئێمەی کورد دەتوانین بە ئاماژە بە هەموو ئەو زەرەر و زیانانە و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەیان پێگەی کورد بەهێز بکەین.
    سیاسەتمەدارانی نیشتیمانیی لە کوردستان دەتوانن، ئێستایش هەل و دەرفەت هەیە و ماوە، کە دووبارە سیستەمی فیدەڕاڵیی بژیەتەوە و شینبێتەوە، کە برینەکان تیمار بکرێن،کە لە ڕێگای دیالۆگی دیموکراتیی و ئاخافتنی سەردەمیانە و فاکت و بەڵگەوە متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی ئێراق دروست بکرێتەوە. ئەوانەی باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن دەبێت بە پێی ئەو داوایە بە پرینسیپ و جیددیی و چالاک و بە شکۆ و دەست بە کار بن، دەبێت خەڵکێک بن کە لە نرخی هێلکەیەک، لە دڵی ناسکی هاووڵاتییەک، لە مافی مرۆڤ بۆ کەمئەندامێک و بۆ ژنان تێ بگەن و لە سەری بە شەڕ بێن. بەڵام پێش هەر شتێک ئەوانە دەبێت خەڵکێک بن کە هەموو قازانجێکی شەخسیی و خانەوادەیی و عەشیرەتییان لە بن پێی خۆیان نابێت و وەکوو نیشتیمانپەروەرێکی خۆبەخش بژین و بدوێن و لە کاردا بن. کەسێک دەتوانێت ئەو بەرپرسایەتیە هەڵبگرێت کە کەوشی پێی دڕابێت و هەمووان بزانن چی لە ماڵەکەیدا هەیە.

    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!

    ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدارانی کورددا لە یەکڕۆژەی پاش تەواوبوونی مۆڵەتی ڕیفەراندۆمەکەی ئەردۆغاندا فیلمی شەڕی “پردێ” ـیان ساز کرد و ڕاستیی ئیمزاکردنی ئاشبەتاڵیی 16ی ئۆکتبەریان لە خەڵک شاردەوە کاتێک کە ئەمریکاییەکان لە دوکان بە ئامادەیی هەموویان ئیمزای پێ کردن، و ئەوانەی ئێستا دێن و هەڕەشەی ئاوگرتنەوە و تۆڵەستاندنەوە لە عەرەب دەکەن و خۆدەهێنن و دەبەن، دەتوانن و لە ڕوویان دێت کە سەد جاری دیکەیش سفرەی حازری کورد، خوانی ئامادەی سەر سفرەی زێڕینی کورد، لە قوڕێ بهاون.
    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!
    ڕاستە، باشوور لە دۆزەخێکدا ژیان بە ڕێ دەکات، بەڵام خەڵکی باشوور، دڵسۆزانی کوردستانیی، نابێت نرخی خۆڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوە و داواکردنیان لە بیر بچێتەوە.
    لە هەموو دونیادا، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، خەڵکی دڵسۆز بە بەردەوامیی لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دان، و لەو بارەوە خۆڕێک دەخەن، بەخۆباوەڕیی و متمانە و خۆشەویستیی خەڵک و نیشتیمان بڵآو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بژین و بە بەردەوامیی وەڵام بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. باشوور ڕیزپەڕ نییە و دەتوانێت و دەرفەت و هەلی لەبەر دەستدایە ئەو کارە بکات.
    هەنگاوێکی دروست لەو ڕێگایەدا بەهێزکردنی پێوەندییە جۆراوجۆرەکانە لەگەڵ هەموو تاکەکەس و ڕێکخراوەیەکی سوننە و شیعەی عەرەبدا کە دۆستی کوردن و خوازیاریی بەهێزکردنی مافی هەردوولان، و هەروەها دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا کە دەزانین خراپ تێگەیشتوون یان دەیانەوێت مافمان پێشێل بکەن. باشوور بە دەیان هەزار لە ڕۆشنبیریی سیاسیی تێدایە کە دەتوانن بە شێوەی ئاشتیخوازانە و ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەم سەنگەرەدا جێ بگرن.
    لەبەرئەوە دەبێت بڵێین “بەڵێ” بۆ بەهێزکردنی مافەکانی کورد لە ئێراقدا، بۆ بەهێزکردنی هەموو جۆرە پێوەندییەکانی باشوور لەگەڵ بەغداد و قووڵکردنەوەی دیالۆگی دیموکراتیک و شارستانیانە.
    دەبێت “نەخێر” دووبارە بکەینەوە بۆ شەڕ و گرژیی و خۆدوورگرتن لەگەڵ بەغداد!
    بەڵێ دەبێت بڵێین “نەخێر” بۆ شەڕی بە وەکالەت بۆ ئێران و تورکیا.


    ڕێبوار ڕەشید
    3/5/2020
Previous
Next
Kurdish