Skip to Content

رۆشنبیری کورد لە نێوان گۆڕینی دنیا و خەونی دەسەڵاتدارێتیدا … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیری کورد لە نێوان گۆڕینی دنیا و خەونی دەسەڵاتدارێتیدا … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 15, 2020 General, Opinion

رۆڵی رۆشنبیر گۆڕینی دنیا نییە بەڵکو بەوەفا مانەوەیەتی بۆ ئامانجێک کە پاراستنی بۆ ئەخلاقیاتی مرۆڤ پێویستە ..
ئارۆت

———————–

قسەکردن لەسەر خودی رۆشنبیریی و رۆڵی رۆشنبیر تا دوا ئەندازە پڕ گرێ و گۆڵ و ئیشکالییەتە، چوون یەک بۆچوون و دیتنی کۆنکرێتی نییە بۆ پێناسەکردنی رۆشنبیر و رۆڵی رۆشنبیر لە کۆمەڵدا. پرسیاری رۆشنبیر کێیە و رۆڵی چییە؟ پرسیارێکی نوێ نییە، وەک نوێش نییە، بۆ ئەم پرسیارە سەدان وەڵامی جیاجیا لەروانگەی جۆراوجۆرەوە هەن، لەوانەشە هەروا بە ئاسانیی نەگەینە بڕوایەکی کۆنکرێت، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنێ روانگەی جۆربەجۆری نووسەران و بیرمەندان خۆیانە کە لەکام سووچ و گۆشەوە دەڕواننە خودی رۆشنبیر و رۆڵی ئەو لە هەناوی واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا.
لەدۆخی کوردییدا لەبەرئەوەی هێشتا تازە بەتازە پەنجەرەکانی بیری نوێ بە رووماندا دەکرێتەوە و تازەکی تەوژمە فەلسەفییەکانی دنیامان پێدەگات، تا ئەندازەیەک پرسیارکردن لەمەڕ رۆشنبیر و ئەرکەکانی پرسیارێکی کۆن نییە، رەنگبێ پرسیارێکی تازە و گرنگ بێت کە نووکە رۆشنبیرانی کورد لەخۆیانی بکەن، ئایا ئێمە رزگارکەر و رێنوێنیکاری جەماوەرین یان بەپێچەوانەوە ئێمەش تاکێکی ئاسایی وەک هەموو ئەوانی ترین؟، تازە رۆشنبیری کورد عەوداڵە بەدوای ئەوەی رۆڵی ئەو رۆڵی پێغەمبەرێکە یاخۆ تەنیا رۆڵێکی ئاسایی هەیە و وەک هەموو پیشەوەرێکی تر بەنۆرەی خۆی رۆڵێک دەگێڕێت؟.
بەرسڤی ئەم پرسیارانە ئەگەرچی نەبووەتە بابەتی مشتومڕی جیددی و گەرم لەنێو ناوەندی رۆشنبیریی کوردییدا، بەڵام ئەمڕۆ یان سبەی بێت، پێویست دەکات رۆشنبیری کورد لەژێر کڵاورۆژنەی تەرز و بیر و فەلسەفەی نوێی جیهانی خۆی پێناسە بکات و سنووری کار و چالاکییەکانی بە کۆنکرێتی دیاریی بکات، چوون هەتا ئێستا رۆشنبیری کورد رۆڵێکی پێغەمبەرانە و پێشڕەوانە ئەدا دەکات نەک بەئەرکی راستەقینەی هەستابێت کە بەبڕوای من دۆزینەوەی تێز و بیرۆکەی نوێیە لە بواری کاری خۆیدا. رۆشنبیری کورد هێندەی رەوایی لە “هەق گوتن” و بەرامبەر وەستانەوەی دەسەڵاتەوە وەرگرتووە، بەچارەگی ئەوە خاوەنی رەوایی زانستیی و گووتاری زانستیی و داهێنانی نوێ و خستنەرووی تێزی نوێ نییە.
کەوابوو ئەم تەرزە رۆشنبیرە جیا لەوەی رۆشنبیرێکی تەقلیدییە، دەبێت پێشکات بەخۆیدا بچێتەوە، ئەویش لە رێی پرسیاری من وەک رۆشنبیر کێم؟ کار و ئەرکم لە کۆمەڵگەدا چییە؟ من دەتوانم نوێنەرایەتی بکەم یان نا؟، کە بەداخەوە تا بە ئێستا دەگات رۆشنبیری کورد خاوەنی ئەم پرسیارانە نییە، بەڵکو ئەفسوس بەردەوامە لەسەر نەریتی سواو و قەوانەکەی خۆی کە بریتییە لەدوان بە ناوی گشت و سەرجەم مرۆڤەکانی کۆمەڵگاوە، بەبێ ئەوەی پرسیاری لەخۆی کردبێت ئاخۆ ئەوانەی بە ناویانەوە دەدوێت قایلن بەوەی کەسێک بەقەڵەمێکەوە ببێتە دەمڕاست و نوێنەریان؟ ئاخۆ جەماوەر رەوایی بەو دەدەن بە ناویانەوە خواست و داواکاریی بخاتە روو؟.

رۆشنبیر کێیە؟

ئاسان نییە بڵێین رۆشنبیر ئەو کەسەیە فڵان کار دەکات یان فیسار وەزیفەی هەیە، چوون بمانەوێت یان نا روانگەی دژ بەیەک وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەیان داوەتەوە، لە دیدی مۆدیلی مارکسیزمی رووسییەوە رۆشنبیر رێنوێنیکاری چینی پڕۆلیتاریا و ئاڵا هەڵگری شۆڕشی سووری سۆسیالیستییە و بە دوایدا چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵ لە پشتییەوە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە دەنێن. بەبڕوای “ئەنتۆنیۆ گرامشی” فەیلەسووف و مارکسیستی ئیتاڵی رۆشنبیر دەستەیەکی بچووک نین لەکۆمەڵگەدا، بەڵکو هەموو مرۆڤەکان رۆشنبیرن، بەڵام هەموویان وەزیفەی رۆشنبیر نابینن. “ئیدوارد سەعید” لەبارەی ئەم هزرینەی “گرامشی”یەوە دەڵێت “گرامشی تێدەکۆشێت، تا ئەوە بسەلمێنێت کە دەتوانین ئەوانەی وا لەناو کۆمەڵگادا رۆڵی رۆشنبیر دەگێڕن، بکەین بەدوو بەشەوە: گروپی یەکەم رۆشنبیرانی نەریتپارێزی وەک مامۆستا و مەلا و کاربەدەستانی دەوڵەتی، ئەمانە ئەرکێک بەجێدێنن نەوە لەدوای نەوە لەسەر شانیان بووە. گروپی دووەم وەک ناویان لێدەنێت، رۆشنبیرانی رێکخراو. ئەم گروپە لەروانگەی گرامشییەوە بەتەواوی وابەستەی ئەو چین یان دەزگایانەن کە لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندیی و بەدەستهێنانی هێز و دەسەڵاتی زیاتر کەڵک لە رۆشنبیران وەردەگرن”.
بڕوای پێچەوانەی گرامشی و بیرۆکە سۆسیالیستیەکەشی لە ئارادایە، کە ئیدوارد سەعید نموونەی “ژولین بیندا”ی بیرمەندی فەڕەنسی دەهێنێتەوە، چوونکە بیندا بەپێچەوانەی “گرامشی” بیر دەکاتەوە و پێیوانییە رۆشنبیران گروپێکی بەربڵاوی خەڵک پێکبهێنن و هەموو کەس رۆشنبیر بن، بیندا وا بیر دەکاتەوە رۆشنبیران ئەڵقەیەکی بچووکی خەڵک پێکدەهێنن و وەزیفە و پلە و جێگایەکی باڵاتریان هەیە لەمرۆڤە ئاساییەکان. بیندا ئەم روانگەیەی لە کتێبی “ناپاکیی رۆشنبیران” کە ساڵی 1927 بڵاوبۆتەوە زۆرتر رووندەکاتەوە و دەنووسێت “رۆشنبیرانی راستەقینە ئەو کەسانەن ئامانجی چالاکییەکانیان بۆ جێبەجێکردنی مەبەستێکی زانستیی نییە، ئەمانە پتر بەختەوەریی لە پرۆسەکردنی هونەر یان تێڕوانینێکی میتافیزیکیدا دەبینن، بە کورتی چەند خەسڵەتێکی ناماددییان هەیە، لێرەوە ئەوان بەشێوەیەکی تر دەڵێن مەملەکەتی ئێمە لەم جیهانەدا نییە”. دیتنی بیندا، دیتنێکە بازنەی رۆشنبیر تەسک دەکاتەوە بۆ دەستە و گروپێکی کەم لەکۆمەڵدا، هەم دابڕاو و گۆشەگیرن، هەم وا دەهزرێن جێگەی ئەوان لەم دنیایەدا نییە، بەڵام وەزیفەیان لە روانگەی ئەوەوە داکۆکیکردنە لە راستی و مافی هەموو ئەوانیتری ستەملێکراو و بێدەنگکراو.
تەنیا ئەم دوو پێناسەیەمان نییە بۆ رۆشنبیر، نەخێر سەدان پێناسەی تر لەسەروەختی جیاجیادا بۆ ئەم کائینە کراون. “ماکس ڤیبەر” بڕوای وایە “رۆشنبیر ئەو کەسانەن توانا و حەزی تایبەتیان هەیە و دەتوانن بەرهەمی رۆشنبیریی بەهادار پێشکەش بە مرۆڤ بکەن”، لای شەمسی تەبرێزی “ئەهلی ئەندێشە ئەو دانایانەن بۆ بەرژەوەندیی خەڵک بیر دەکەنەوە”، ئەم پێناسەیە هەمان پێناسەی “محەمەد حەسەنین هەیکەل”ی رۆژنامەوانی ناوداری میسریمان بۆ رۆشنبیر بیر دەخاتەوە، ئەو ئاوها پێناسەی رۆشنبیر دەکات “ئەو کەسەیە خەمی لە کەسانی ئاسایی زیاترە، ئەو شتانەشی بەلایەوە گرنگن سنووری بەرژەوەندییە خودییەکان دەبەزێنن، بەمەش هەست بە خەمی کەسانی تر دەکات و لەو ماف و حەقانەیان ئاگاداریان دەکاتەوە کە خۆیان کوێربوون لە ئاستیدا”.
سەرەڕای بوونی چەندان پێناسەی جیا بۆ رۆشنبیر، دەتوانین کۆی پێناسەکان دابەشبکەین بۆ سەر دوو ئاڕاستەی سەرەکیی. ئاڕاستەی یەکەم: رۆشنبیر بە مرۆڤێک دەداتە قەڵەم سەرباری کارکردنی لە بواری فیکر و مەعریفە، لایەنگریی لە ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان دەکات و هۆشیاریان دەکاتەوە سەبارەت بەمافەکانیان. ئاڕاستەکەی تر پێیوایە رۆشنبیر بەتەنێ مرۆڤێکە زانست و مەعریفە بەرهەمدەهێنێت نەک رۆڵی پێشەوا و پێغەمبەر ئەدا بکات.

رۆڵی رۆشنبیر

میشێل فۆکۆ، گەورە هزرمەندی هاوچەرخی فەڕەنسیی، دەڵێت “رۆشنبیر و چەپ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، ئەم مافەیان بۆ خۆیان بە رەوا دەبینی وەک هەڵگری راستیی و دادپەروەریی قسە بکەن، رۆشنبیر هەست یان ویژدانی هەمووان بوو”. ماوەیەکی دوور و درێژ رۆشنبیر مافی بەخۆی دابوو بەناوی جەماوەرەوە قسە بکات و بە ناوی داکۆکیکردن لە خواستەکانی جەماوەری بەشخوراوەوە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان و فەرمانڕەوایان بکات، کاتێکی زۆری خایاند تا رۆڵی راستەقینە گەڕێنرایەوە بۆ رۆشنبیر، چوونکە پێشان جیا لەبەرهەمهێنانی مەعریفە، سەرکردایەتیکردن و هەڵوێست وەرگرتن و داکۆکیکردن لە هەقی هەموو ئەوانیتر لەئەستۆی دانرابوو. پێشتر وا بیریان لە رۆشنبیر دەکردەوە دەبێت بە زانستەکەی یان بەو چەکە مەعریفییەی دەستی دنیا بگۆڕێت، هەر خۆیشی ئەو ئەکتەرە بێت بەو ئەرکە هەڵسێت.
بەبڕوای من رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت و رۆڵی راستەقینەی ئەو گۆڕینی دنیا نییە، رۆشنبیر زانست و مەعریفەیەک بەرهەمدەهێنێت پێماندەڵی چۆن دنیا بگۆڕین و بۆچی دەبێت دنیا بگۆڕین؟. ئەگەرنا خۆی هەمان ئەو کارەکتەرە نییە بە ئەرکی گۆڕینەکەش هەستێت، بە دەربڕینێکی تر رۆشنبیر دنیابینی ئێمە بۆ ئەو ژیانەی تێیداین دەگۆڕێت نەک خودی ژیانەکە بگۆڕێت، پێماندەڵێت چۆن بیگۆڕین نەک خۆی ببێتە شۆڕشگێڕ و جەماوەر لە دەوری خۆی بۆ گۆڕینی واقیع کۆ بکاتەوە، هەرکات ئەم کارەی کرد لەرۆشنبیرەوە بووە بە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕ. رۆشنبیر تیۆری ناسینی ژیان و سیستمەکان بە هەموو داد و بێدادییەکانییەوە گەڵاڵە دەکات.
“فەیسەڵ دەڕاج”ی نووسەری ناوداری عەرەب جەخت لەسەر هەمان ئەم روانگەیە دەکاتەوە و دەربارەی ئەدەب دەڵێت “ئەدەب واقیع ناگۆڕێت، لەو باوەڕەدام خراپترین تێزی ریالیزمی سۆسیالیست ئەم وتەیەتی: ئەدەب واقیع دەگۆڕێت. واقیع تێکۆشانی سیاسیی دەیگۆڕێت، بەڵام ئەوەی ئەدەب دەیکات گۆڕینی دید و بۆچوونە بۆ واقیع، بەڵام واقیع ناگۆڕێت”. ئەگەر رۆڵی رۆشنبیر کورت بکەینەوە لەدێڕێکدا بریتییە: لەکارکردن لە کێڵگەی زانستیی و مەعریفییدا، بە ئامانجی بەرهەمهێنان و هێنانە ئارای دید و بۆچوونی نوێ سەبارەت بە ژیان و چەمکەکانی، لەوە بەولاوە لەسەر رۆشنبیر نەکراوە بەمەرج هەر دەبێت رۆڵی هەبێت لەجووڵەی سیاسیی یان لە کاراکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، چوون وەک پێشتریش لەکورتە نووسینێکی تردا هێمام بۆ کردووە، رۆشنبیر تەنێ مومارەسەی تاکە ئیشێک دەکات هەروەک چۆن ئاسنگەر یان شۆفێرێک مومارەسەی پیشەکەی خۆی دەکات، چۆن لەسەر شۆفێرێکی تاکسی پێویست نەکراوە لەپەنا کارەکەیدا دنیا بگۆڕێت و رۆڵی پێشەنگ ببینێت لە داکۆکیکردن لەوانی تر، هەمان شت بۆ رۆشنبیر هەر راستە. کەوابوو ئەگەر بڵێین رۆڵی رۆشنبیر چییە؟ وەڵامێک زیاد لەهەموویان لەپیشەی رۆشنبیرەوە نزیک بێت و لەگەڵی بگونجێت ئەوەیە: رۆشنبیر مەعریفە و رۆشنبیرییەک دروستدەکات کە مەعریفەی ناسینی دنیا و سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە.

رۆشنبیری کورد و خەونی دەسەڵاتدارێتی

گۆشەنووسی رۆژنامەی “شەرق ئەلئەوسەت، “خالد ئەلقشتینی” لەیەکێک لەگۆشەکانیدا نووسیبووی “ئەوەی پیتێکت فێر بکات دەتکاتە کۆیلەی خۆی”. ئەم وتەزایە پێش هەموو کەس بەسەر رۆشنبیری کورددا دەچەسپێ، چوون ئێمە خاوەنی کۆمەڵە رۆشنبیرێکین دەخوازن ژمارەیەکی بێ ئەندازە مرۆڤی کورد بکەنە کۆیلەی وشە و چەمکەکانیان. ئەم رۆشنبیرە بەزمانی باو و بە عەقڵی خەڵکی عەوام و بەشێوەی کلاسیک و بە رووحی کولتووری میللیانە دەپەیڤێت و بیر دەکاتەوە، ئەو ناتوانێت وا لە خوێنەر بکات بیر بکاتەوە، بەڵکو جەماوەر وەهای لەو کردووە بەوشێوەیە بنووسێت و بپەیڤێت کە ئەو دەیەوێت، لەبری ئەوەی ئەو بەزانستەکەی جەماوەر ئاڕاستە بکات و رێوشێوێنیان بۆ دیاری بکات، هاوکێشەکە پێچەوانە بۆتەوە، چوونکە ئەو رۆشنبیرە نایەوێت مرۆڤی کورد وا لێبکات بیر بکاتەوە، ئەو دەیەوێت ئەو جەماوەرە دوای بکەون، بۆیە هەوڵی خۆ گونجاندن دەدات لەگەڵ گووتار و روحی سادە و میللیانەی خەڵک.
ئەم رۆشنبیرە کوردە بەناوی جەماوەرەوە قسە دەکات و بەناوی ئەوانەوە رەوایی دەدات بە خەونی کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بێ ئەندازە لە دەروێش لە دەوری چەمکەکانی، لە کاتێکدا ژمارەیەکیان باش دەزانن ئەم رەواییدانە کلاسیکییە سەردەمی زێڕینی بەسەرچووە و دەمێکە دەور و دوکانی پێچراوەتەوە. رۆشنبیری کورد خوازیاری کۆکردنەوەی زۆرترین رێژەی شوێنکەوتوو و لایەنگر و هەوادارە، بۆیە هەمیشە دەیەوێت لەپێشی پێشەوەی زۆرینەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا بێت، تەنانەت داکۆکیی لە هەندێ جووڵە دەکات هیچ شەرعیەتێکی نییە، بەڵام چوونکە هەم دژی دەسەڵاتە و هەم خولیای کۆکردنەوەی جەماوەرە لە دەوری خۆی، رێ بەخۆی دەدات نەک بەشدار بێت بەڵکو رۆڵی پێشەنگ ببینێت.
رۆشنبیری کورد لەبری ئەوەی زانست و مەعریفە بەرهەمبهێنێت، سەرقاڵی پرۆسەی بەکاریزماکردنی خۆیەتی، هەمان ئەو کارانە دەکات سیاسییەکان دەیکەن، کارەساتەکە لەوێشدا گەورەتر دەبێتەوە رۆشنبیری ئێمە بۆ هەمان مەبەست، هەمان رێگا و میکانیزمە سواوەکانی سیاسییەکان بەکار دەباتەوە. رۆشنبیری ئێمە نایەوێت واقیع بە زانستیی شیبکاتەوە و کەموکوڕییەکانی بخاتە روو، رۆشنبیری ئێمە نایەوێت جیهانبینی تاک بۆ واقیع بگۆڕێت، بەڵکو خوازیارە واقیع بگۆڕێت و تاک بخاتە پشتی خۆی، چوونکە دەیەوێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت لە رێی جەماوەرەوە نەک بۆ جەماوەری بسەلمێنێت دەبێت دەسەڵات چۆن بێت؟ دەسەڵاتی گەندەڵ کامەیە؟ دەسەڵاتی دیکتاتۆر کامەیە و چۆن دەبێتە دیکتاتۆر؟. چۆنیش دەتوانین دیموکراسی چێ بکەین؟.
بە گشتیی ئێمە شاهیدی جۆرێک لە رۆشنبیری کوردین، خۆی بەئەڵتەرناتیڤی سیاسییەکان دەزانێت و کێڵگەی رۆشنبیریی بۆ مەرامی سیاسیی بەکاردەهێنێت، ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی وایکردووە کێڵگەی زانستیی و مەعریفیمان نەبێت، کە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵگە، وەک چۆن ئێستا لەحاڵەتی کوردستانی ئەمڕۆدا بە روونیی هەستی پێدەکەین. بە بڕوای من رۆشنبیری کورد کار لەسەر فیکر ناکات، هێندەی ئالودەی سیاسەت بووە، ئەگەرچی مافی رۆشنبیرە سیاسیی تەنانەت حزبیش بێت، بەڵام وەرگەڕاندنی ئەرکی رۆشنبیر لە کێڵگەی فیکر و رۆشنبیرییەوە بۆ کێڵگەی سیاسیی خیانەتێکە لە خودی رۆشنبیر و ئەرک و مەهامەکانی. رۆشنبیری کورد لەبری بنیاتنانی کۆمەڵگە لەرێی تیۆر و بیردۆزەوە، خەریکی داڕووخاندن و داگیرکردنی قەڵاکانی سیاسەتە.

رۆشنبیر و ئەرکی گۆڕینی دنیا

دەشێ لەو پرسیارە زۆر گوتراوەوە دەستپێبکەین، ئایا رۆڵی رۆشنبیر گۆڕینی دنیایە لەرێگەی جووڵەی سیاسییەوە یان بەپێچەوانە یاخۆ چی؟ بێگومان دنیابینییە جیاوازەکان هەر یەکەیان لە روانگەی خۆیانەوە وەڵامێکیان پێیە، بەربڵاوترین و تەقلیدیترین بۆچوون خۆی لەم روانگەیەدا دەبینێتەوە: رۆشنبیر مرۆیەکی پێشڕەو و پێشەنگە، رابەرایەتی داخوازییەکانی جەماوەری بێ زمان دەکات لەبەرامبەر بە فەرمانڕەوایان و هێزە باڵادەست و سەردارەکان. ئەمیل زۆلا لەساڵی 1900 لە وتاری (من تاوانبار دەکەم)دا بەروونی جەخت لەسەر ئەم بۆچوونە دەکاتەوە و وەهای دەبینێت رۆشنبیر ئەرکێکی ئیتیکی لەسەرشانە لە داکۆکیکردن لەمافی مافخوراوان، زۆلا ئەم روانگەیەی لەژێر کاریگەریی دۆسیەیەکی دیاریکراو (دۆسیەی ئەفسەری جوو، درایفۆس) گەڵاڵە و فۆرمۆڵە کرد و تێبینی ئەوەیکرد ئەرکی مۆراڵیی رۆشنبیرە دژی هەر بێدادییەک دەنگ هەڵبڕێت.
بە واتایەکی تر ئەوەی زۆلای هاندا لە فۆرمۆڵەی ئەو بیرۆکەیەدا، لە کەوتنە ژێر کاریگەریی سۆزەوە بوو نەک لە روانگەیەکی عەقڵانییەوە. بەڵام بە یارمەتی رێبازی سۆسیالیستی و لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی شورەوی ئەم روانگەیە زیاتر تەشەنەی کرد، چوون لە دیدگای سەرکردە سیاسییەکانی بەڵشەفیکەوە رۆڵی رۆشنبیر هەمان رۆڵی سەربازێکە یان هەمان رۆڵی کرێکارێکی چەپڕەوە لە داکۆکیکردن لە سیستمی سیاسیی سۆڤێتی و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی سۆسیالیستیدا، ستالینییەت وا بیری دەکردەوە، چۆن سەربازێک بەهۆی تفەنگەکەیەوە سیستمی سۆسیالیستی دەپارێزێت و داکۆکی لە خەونەکانی چینی کرێکار دەکات، ئاوەهاش رۆشنبیر بەهۆی قەڵەمەکەیەوە هەمان کار رادەپەڕێنێت. ئەمەش پرۆسەی بە رۆبۆتکردنی رۆشنبیر بوو، بەو پێیەی وەزیفەی رۆشنبیریی و سەربازیی خرانە یەک ئاستەوە، کە هەموو فەرمان جێبەجێ دەکەن نەک بیربکەنەوە لە خودی فەرمانەکە و پرسیاری ئەوە بکەن بۆچی دەبێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن؟!.
ئەم مۆدیلە سۆڤێتییە نە تەنیا لەسنووری قەڵەمڕەوی بەڵشەفیکدا برەوی هەبوو، بەڵکو بەهەر چوار قوڕنەی دنیادا بڵاوبووەوە و کاریگەریی دانا، بەڵام لەم ناوچانە کە کەمتر کەوتبوونە ژێر کارتێکردنی قوتابخانە خۆرئاواییەکانەوە ئەم روانگەیە زیاتر برەوی هەبوو، بە بەراورد لەکۆمەڵگەکانی تری جیهان. (ماوتسی تۆنگ) لەو باوەڕەدا بوو نووسەر لە جەنگی ئازادیخوازییدا بەهۆی قەڵەمەکەیەوە دەجەنگێت، ئیدی قەڵەم رۆڵی تفەنگ دەبینێت، هێزێکە بۆ لەناوبردن یان بۆ بنیاتنانەوە، فاکتۆرێکە بۆ وێرانکردن یان بۆ گەشەکردن، لەوە بەولاوە قەڵەم هیچ کارێکی دیکەی لەدەست نایەت یان ناشێت لە دەستی بێت. هەروەک نووسەری گواتیمالایی (ئانخل ئاستۆریاس) دەیووت (داوا لە من دەکەن تاکوو لە سەنگەری ئەدەبییەوە، دەست بدەمە رەشاش و بەوشە گولەباران بکەم).
ئەو دیدگایەی ئەرکی گۆڕینی دنیا دەخاتە ئەستۆی رۆشنبیر یان بە کاری رۆشنبیرییەوە دەیبەستێتەوە هیچی تری ناوێت جگە لەوەی ئاستۆریاس باسی دەکات، هیچ مەهامێک بۆ کاری رۆشنبیر و زانستەکەی ناهێڵێتەوە جگە لەوەی دەبێت ببێتە ئەکتەرێکی سیاسیی و رۆڵی هەبێت لەو ئاڵوگۆڕانکاریانەی لەچوار دەوری روودەدەن. ئەمە لەلایەک داماڵینی خودی رۆشنبیرە لە ئەرکی راستەقینەی، لەلاکەی تریش بەتاڵکردنەوەی ئەو مەعریفە بێلایەن و سەربەخۆیەیە کە رۆشنبیر لەئەنجامی خوێندنەوەی بۆ دیاردەکان پێی گەیشتووە و ئاشکرای کردووە. سیاسییەکان دەیانەوێت رۆشنبیر تێوەبگلێت و بابداتەوە بە لای سیاسەتێکی رووتدا، چوونکە بەم کارە هەم رۆشنبیر دەخەنە ریز و سەنگەری نەیارە سیاسییەکانەوە، هەمیش زانستە سەربەخۆکەی دەخەنە قاڵبی ئینحیاز و لایەنگریی بۆ دید و مەیلێکی سیاسیی دیاریکراوەوە بەمەش هیچ بەهایەک بۆ زانستەکەی نامێنێتەوە.
رۆشنبیر مرۆڤێکی ئاساییە وەک هەر مرۆڤێکی تر، دەتوانێت وەک مرۆڤ، سیاسیی بێت، بازرگان بێت، یان هەڵگری هەر سیفەتێکی تری کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێت، هەروەک دەتوانێت سیاسیی نەبێت یان بەشداریی هیچ جووڵەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی نەکات و زیاتر خۆی تەرخان بکات بۆ شرۆڤەکردن و خوێندنەوەی چەمکەکان، رەنگبێ رۆشنبیرێک کە لە بواری سۆسیۆلۆژیادا کار دەکات، هیچ گرنگیییەک نەدات بە کاروباری سیاسەت، ئەمەش بەمانای ئەوە نییە ئەو رۆشنبیرە ناتەواوییەک لە کارەکەیدا هەیە. وەک لەسەرەتاوە وتم ئەو دیدە نەریتییەی بەشداریی سیاسیی و هەڵوێست وەرگرتنی رووت دەبەستێتەوە بە کاری رۆشنبیرەوە دیدێکی هەرەسهێناو و بەسەرچووە، چوونکە چیدی کاتی ئەوە نەماوە (ڤیتاڵی کۆرۆتیچ)ی سۆسیالیست بێت لەبری دادگا بڵێت (ئەو نووسەرە فەڕەنسییەی نوسیوویەتی: فلوبێر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسە لە سەرپانکردنەوەی شۆڕشگێڕەکانی کۆمۆنەی 1871ی پاریس، چوونکە تاقە دێڕێکی لە دژی ئەم سەرپانکردنەوەیە نەنووسی، ئەو نووسەرە مەبەستی ئەوەبوو فلوبێر بەو بێدەنگییەی یارمەتی کۆنەپەرستەکانی دوژمنی کۆمۆنەی داوە).
کۆرۆتیچ بەبیانووی ئەوەی بێدەنگ بووە (فلۆبێر) وەک هەموو ئەو جەلادانە سەیر دەکات، دوای شکستی کۆمۆنەی پاریس قەسابخانەیان بۆ کۆمۆنیستەکان و رابەرانی ئەو بزووتنەوەیە لە دارخستبوو، ئەو داواکارییە لە رۆشنبیر کە پێویستە هەمیشە هەڵوێستی هەبێت و گیانفیدا بێت و خۆبەخت بکات لەپێناوی داکۆکیکردن لە مرۆڤەکانی دی، ئەو داوایە لەرۆشنبیر، تاکو بمرێت لە پێناوی ژیانی ئەوانی دیکەدا، داوایەکە زیاتر وێنای رۆشنبیر لە سوپەرمان و رۆبن هود نزیک دەخاتەوە نەک وێنایەکی مرۆیی و ئاسایی وەک هەموو ئەو مرۆڤانەی دیکە بخاتەڕوو. ئەو گۆشەنیگایە دەخوازێت رۆشنبیر سپارتاکۆس بێت، دەخوازێت رۆشنبیر گیڤارا بێت، دەخوازێت رۆشنبیر رێنوێنیکاری خەباتی چەوساوە و بەشخوراوان بێت لەهەر کۆمەڵێکدا.
ئیشکالییەتی ئەم جیهانبینییە بەدەر لەهەر شتێک ئەو سیفەتە لە رۆشنبیر دەسەنێتەوە مرۆڤ بێت، چوونکە وا تێدەگات رۆشنبیر ئەو گیان پۆڵایەیە پێویستە بەشداریی هەموو نەبەرد و داستانەکانی داکۆکی لەوانی تری بێدەسەڵات بکات، کۆرۆتیچ تێناگات (فلوبێر) وەک هەموو ئەو ملیۆن فەڕەنسییەی تر تاکە مرۆڤێکە، ئیدی چ حیکمەتێک لەمەدایە فلوبێر تاوانبار و هاوشانی جەلادان بێت و ئەو هەموو هاووڵاتییە فەڕەنسییەی تر بێتاوان؟ ئایا سیفەتی رۆشنبیربوون هاوتابوونە لەگەڵ سەربازبوون؟ ئەگەر وانییە بۆچی کۆرۆتیچ و ئەو نووسەرەی فەڕەنسییەی ئەو ناوینەهێناوە لەناو ملیۆنان هاووڵاتی فەڕەنسی فلوبێر جیا دەکەنەوە و دەڵێن بەو بێدەنگییەی تاوانبار بووە؟ ئایا فلوبێر وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی بۆی نییە بێدەنگ بێت و ژیانی خۆی لەمەترسیی رزگار بکات؟ بێگومان وەڵامەکە (بەڵێ)یە.
کەواتە با پرسیارە زەحمەتەکە بکەین و بڵێین ئەگەر رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت کەواتە کاری وی چییە؟ بێگومان رۆشنبیر دنیا ناگۆڕێت (هەرچەندە دەتوانێت هەڵوێستی هەبێت و هەنگاو بنێت بۆ گۆڕانکاریی)، رۆشنبیر ئەو میکانیزم و رێگایانە ئاشکرا دەکات سەرەنجام دەبنە کەرەستەی گۆڕینی دنیا و هەلومەرجە لێک جیاوازەکان، وەزیفەی ئەو بوونەوەرە ئەوەیە دنیا و ئەو بوارانەی هەڵیبژاردووە بۆ کارکردن وەک ئەوەی هەیە بخوێنێتەوە و شرۆڤە بکات و رێگاکانی گۆڕانیش نیشان بدات بۆ هەنگاونان بۆ ئەو دنیایەی دەکرێت ببێت وەک ئەوەی دەمانەوێت. ئیدی لەوە بەولاوە ئەرکی سەرەکیی رۆشنبیر هیچی تر نییە، چوونکە دەبێت هەموو باوەڕ بەوە بهێنین رۆشنبیر تەنیا هەر تاکەکەسێکی زۆر ئاسایی و هاووڵاتییەکی زۆر ئاسایی کۆمەڵگەیە، وەک هەموو مرۆڤەکانی تر پێدەکەنێت، دەگریێ، نەخۆش دەکەوێت، بێزار و شاد دەبێت، هێزێکی سروشتی و ئاسایی وەک هەموو مرۆیەکی تری هەیە، عەسایەکی جادوویی لەوەی موسای بەدەستەوە نییە پەرچوو بخوڵقێنێت، ئازایەتی ئەو وەک ئازایەتی هەر مرۆڤێکی ترە.
(ئەلبێر کامۆ) وەک رۆشنبیر و بیرمەندێکی گەورەی خۆرئاوا جوانتر لە هەموومان وەسفی ئەو حاڵەتەی کردووە، وەختێک سەبارەت بەخودی خۆی دەڵێت (رۆڵی من ئەوە نییە جیهان یان مرۆڤایەتی بگۆڕم چوونکە نە هێندە چاکم و نە ئەو داناییەشم هەیە شیاوی ئەو کارەم بکات). راستە وەک وتمان ئەرکی رۆشنبیر گۆڕینی دنیا نییە، بەڵام ئەم رستەیە بەو واتایە نایەت رۆشنبیر ناتوانێت سیاسیی بێت، یانژی رۆشنبیر ناتوانێت بەشداریی جووڵەی گۆڕینی دنیا بکات، رۆشنبیر دەتوانێت سیاسەت بکات، دەتوانێت ئەندامی پارتێکی راست یان چەپ بێت، دەتوانێت پەرلەمانتار بێت، دەتوانێت لە دەرەوەی بواری زانستیی و ئەکادیمی خۆی بەشداریی زۆر کاری دیکەی جیاواز لە کایە رۆشنبیرییەکە بکات، وەک مرۆڤێک مافی پێدراوە مومارەسەی هەر حەز و هۆبی و ئارەزوویەک بکات کە خۆی دەیەوێت ممارەسەیان بکات، بەڵام لە ئاوەها حاڵەتێکدا رۆشنبیر وێنایەکی دیکە و شوناسێکی تری هەیە.
وەختێک رۆشنبیر لەریزی یەکەم و پێشەوەی خۆپیشاندانێکدا هوتاف دەکێشێت و داخوازییەکی سیاسیی بەرز دەکاتەوە، لەو کاتەوەی رۆشنبیر لەگەڵ گەنجان، ژنان، کرێکاران، چین و توێژە جیاوازەکان بەشدارە لە مانگرتن و هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا، هێندەی وەک چالاکوانێکی سیاسیی و کارایەکی کۆمەڵگەی مەدەنی یان کارەکتەرێکی سیاسیی و سەندیکالیست دەردەکەوێت و خۆی دەنوێنێت، نیو هێندە وەک کەسێتی رۆشنبیر خۆی بەرجەستە ناکاتەوە، چوونکە بواری ئەو وەک رۆشنبیر داتا و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە و زانستە، ئیدی ئەو زانست و مەعریفەیە دەخرێتە بوار پراکتیکەوە یان نا، ئەوەیان کێشەی رۆشنبیر نییە، وەختێک رۆشنبیر دەیەوێت خۆی بە کرداریی هەڵبستێت بە پراکتیکی بیردۆز و ئاکامە زانستییەکانی، وەک رۆشنبیر خۆی نمایش ناکات، ئەو دەگۆڕێت بە سیاسیی، تا ئەو جێگەیەی سیاسەت بکات سیاسییە و بە پێچەوانەشەوە هەر راستە.
لەوانەیە پرسیار بکرێت، ئەدی جیاوازیی چییە لەنێوان سیاسیی و رۆشنبیر کە یەکەمیان دەیەوێت دنیا بگۆڕێت و دووەمیان مەعریفەی گۆڕینی دنیا دەخاتە بەردەست؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، لەوانەیە پەنابردنە بەر روانینێکی رۆشنبیر و رۆماننووسی سودانی (تەیب ساڵح) کارێکی خراپ نەبێت، چوونکە ئەو رۆشنبیرە لەو بڕوایەدایە (رۆشنبیر بوونەوەرێکە سیاسییەکان وەڕس دەکات، چوونکە سیاسییەکان بەپێی روئیای خۆیان دنیا رێکدەخەن، هەر بۆیە پێیان ناخۆشە رۆشنبیر بێت پێیانبڵێت: بەمشێوەیە دنیا رێکناخرێت). رۆشنبیر پێشنیار دەکات و روئیایەکی جیاواز پێشکەش دەکات و بەرهەمدەهێنێت، بەڵام سیاسییەکان دەیانەوێت ئەو روئیایەی هەیانە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەم پێناوەشدا دەستدەبەن بۆ کاری کۆمەڵایەتی و جووڵەی دەستەجەمعی و سیاسیی.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دوور لەهەر لوغزێک و بەچڕ و کورتکراوەتر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە لەسەرەتاوە لە بارەی ئەرکی رۆشنبیرەوە کردبوومان. بەبڕوای تایبەتی ئەز ئەو رۆشنبیرەی دەیەوێت رێبەرایەتی کۆمەڵگە بکات و سەرکردایەتی جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ئامانجێکی سیاسیی بکات، سیفەتی خۆی لەرۆشنبیرەوە دەگۆڕێت بە خاوەنکارێکی تر، چوون لەوە بەدواوە ئەرکی ئەو لە خوێندنەوەی دنیاوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕینی. ئەمە ئەو کارەیە مارکس لەسەدەی نۆزدەدا تێبینی کردبوو، چوونکە ئەو لەو باوەڕەدا بوو دوای ئەو خوێندنەوە قووڵەی دنیا ئیدی سەرەی گۆڕینی هاتۆتە پێشەوە و بووە بەپێویستی. “بەڵام مارکس باسی گۆڕینی ئەو دنیا رۆژئاواییە دەکاتە زیاتر لە بیست سەدە بوو لە خۆ خوێندنەوەی بەردەوامدا بوو، هەر لە فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانییەوە تاکوو فەلسەفی ئەڵمانی هاوچەرخی زەمەنی کارڵ مارکس”.
زۆر بەکورتی رۆشنبیر دەتوانێت بەشداریی پرۆسەی گۆڕینی دنیا بکات بەبێ ئەوەی ئەم کارە بکاتە مەرجێکی بنەڕەتی کەسێتی رۆشنبیر، بەهەمان شێوە دەتوانێت بەشداریی هیچ پرۆسەیەکی گۆڕان نەکات بەڵکو ئەو کارە بۆ خەڵکانی تر بەجێبێڵێت، لەهەردوو بارەکەدا رۆشنبیر ماف پێدراوە و رێگریی لێناکرێت کام رێگا دەگرێتە بەر. ئەم روانینەش کۆمەکمان دەکات لەراستکردنەوەی ئەو خەیاڵدانەی رۆشنبیر بە بوونەوەرێکی یۆتۆپی و سەرسوڕهێنەر چاو لێدەکات، تا ئەو راددەیەی خەیاڵدانمان دەگات بەوەی هیچ جیاوازییەک لەنێوان پیشەی رۆشنبیر و دارتاش و مامۆستا و ئاسنگەر نەبینێت، چوون هەر یەکەیان بەنۆرەی خۆیان رۆڵێکی جیاواز دەبینین لە ژیاندا، بەبێ ئەوەی کاری ئەمیان لەئەوی تریان بەبایەختر و ئەفزەڵتر بێت، بەڵکو هەموو هەر هاووڵاتییەکی سادەی کۆمەڵگەن و وەک یەک بەشداریی دەکەن لە بەردەوامیدان و پێشخستنی پرۆسەی ژیان.

وتەی کۆتایی

کارل پۆپەر دەڵێت (هەموو جارێک ئێمەی رۆشنبیر بووین بەهۆی ترسنۆکی و پێش داوەریی یان خۆبەزلزانینەوە، ترسناکترین کارەساتەکانمان بەرهەمهێناوە، ئێمە کە بەرپرسیارێتییەکی تایبەتمان سەبارەت بە نەخوێندەواران هەیە، هەروەک چۆن گەورە هزرمەندی فەڕەنسیی ژولین بیندا وتوویەتی: خیانەت لە ئەندێشەکان دەکەین). ئەم وتەزایەی پۆپەر لەهەموو کەس پتر بۆ رۆشنبیری کورد راستە، چوونکە رۆشنبیری ئێمە ناپاکییان لە پیشەکەیان و فیکر کردووە و سەرقاڵی کۆمەڵێک کار و کردارن کەمترین پەیوەندییان بە کێڵگەی رۆشنبیرییەوە هەیە، رۆشنبیری ئێمە لەباتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە رۆشنبیریی ئێمەدا هەیە، لەبەرامبەر سیاسییەکان وەستاون، وەک ئەوەی بە تەمابن حکوومەتێک لە فەیلەسووف و رۆشنبیر و شاعیر پێکبهێنن “کۆمارە ئەفڵاتۆنییەکە”، ئەم خەیاڵە نەزۆک و پووچەی رۆشنبیری کورد تاکە ئەنجامێک کە هەیبووە ئەو بارودۆخە شڵەژاو و نەخوازراوەیە لە ناوەندی کولتووریی و رۆشنبیریی کوردییدا سەریهەڵداوە.
رۆشنبیر دەتوانێت ململانێ لەگەڵ سیاسەتمەدار و حکوومەت بکات بەڵام بەچۆڵکردنی سەنگەرەکەی نا، چوون سەنگەری ئەو باشترین سەنگەرە بۆئەوەی زانستێکی تێدا بەرهەمبهێنرێت تاوەکو خەڵکانی تر لەبواری سیاسەتدا تاقی بکەنەوە و هەلومەرجی سیاسیی و کۆمەڵایەتی پێ بگۆڕن بۆ هەلومەرجێکی نوێ. هەروەک چۆن شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 بەرئەنجامی تێزە فەلسەفییەکانی چەند فەیلەسووفێکی وەک جان جاک رۆسۆ و ڤۆڵتێر بوو، یان شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر سترۆکتۆری ئایدۆلۆگی مارکسیزم و رۆشنبیرە چەپە رووسەکان بوو. کورتییەکەی تێکەڵاوییەکی سەیر لە ژیانی رۆشنبیری کورددا دەبینین بەهۆی تێکەڵکردنی ژیانی سیاسیی و رۆشنبیریی لەگەڵ یەکتر، یان راستتر بڵێین بەهۆی وەرچەرخانی رۆشنبیر بۆ سیاسەتمەدار، یان هەندێکجار بۆ خێرخواز و هەندێکجاری دیکە بۆ شۆڕشگێڕ.

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری سێهەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.

Previous
Next
Kurdish