Skip to Content

219 Views

رۆشنبیرانی کورد و کێڵگەی پارتی سیاسیی… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیرانی کورد و کێڵگەی پارتی سیاسیی… نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed

زیاتر لە بیست ساڵە باس و خواسی پەیوەندیی رۆشنبیر و پارتی سیاسیی ئەگەر مشتومڕێکی ئەکتیڤ و قووڵیشی بە دوای خۆیدا نەهێنابێت، بەبێ دوو دڵی جێگەی لەسەر وەستان و دوان بووە و لەو بارەوە بە ئەندازەیەکی باش بیروڕا و بۆچوون ئاڵوگۆڕ پێکراون وەک دەسپێک بۆ خوڵقاندنی جەدەلێکی فراوان و مشتومڕی ئەکادیمی و زانستیی. زۆرێک لە بۆچوونەکان لایەنگریی لەو تێفکرینە دەکەن رۆشنبیر کائینێکە بە سەرمەدیی دژی پارت و ژیانی پارتایەتییە و لەهەمان کاتدا رۆڵی وی رۆڵی گۆڕینی دنیا و سەرلەنوێ بنیادنانەوەیەتی بە گوێرەی ویستی گشتیی و بەرژەوەندیی زۆرینە.
لایەنی دووەم پێیوایە ئەو تێزەی رۆشنبیر بە دژ و ئەنتی دەستەڵات و پارت لەقەڵەم دەدات نەیتوانیوە واقیعی پێشوو ئەو پێشووەی دەستەڵاتێکی داگیرکاری وەک عێراق و پارتێکی شۆڤێنی وەک بەعس فەرمانڕەوای کوردستان بوو تێپەرێنێت، چوونکە لەم ماوەیەدا بەرەنگاریی و یاخیبوون نەک کاری رۆشنبیر و باقی مرۆڤی کورد بوو بەڵکو هەڵوێست وەرگرتن سەنگی مەحەک بوو بۆ هەر نووسەر و رۆشنبیرێک، واقیع دوو بەرەی دژ بە یەکی هێنابووە ئاراوە. بەرەی یەکەم: بەرەی دەستەڵات بوو وەک بەرەی سەرکوت و ئازار و ترساندن و راوەدونان و تیرۆر و سوتماککردنی وڵاتێک، بەپێچەوانەوە بەرەی دووەم بە سەنگەری بەرگریی و ئازادیخوازیی و هەڵوێست و (نیشتمانپەروەریی) لێکدەدرایەوە.
بەبڕوای تایبەتی من رۆشنبیر نە کائینێکە سەد دەر سەد ئەنتی دەستەڵات نە ئەو بوونەوەرەیە لەیەک سەنگەردا دەست لەملانی پارت و دەستەڵات بێت، کاری رۆشنبیر نە پارتایەتییە نە ئەکشنی گۆڕینی دنیا، کارکردنی ئەو لە بواری مەعریفە و کەشفکردنی دیوە شاراوەکان و خستنەڕووی تێز و بیرۆکەی نوێی فیکریی و فەلسەفیدایە. کارڵ مانهایم لەکتێبی (ئایدۆلۆژیا و تۆباوییەت)دا دەڵێت (رۆشنبیر ئەرکێکی تایبەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە تەفسیرێکی تایبەتی و نوێ بۆ دنیا بکات، واتا بۆ کۆمەڵگە و بزافی مێژوو). ئەم پێناسەیە پێمان دەڵێت، ئەرکی رۆشنبیر بەر لەهەر شت تەفسیر و خوێندنەوەی دنیایە نەک گۆڕینی، بۆیەکا گۆڕینی دنیا نە کاری رۆشنبیرە و نە لە ئەستۆی رۆشنبیردا دانراوە، ئەوەی دنیا دەگۆڕێت ئەو کەس و لایانەن لەبواری ناڕەمزیدا کار دەکەن چوون رۆشنبیر کائینێکە لە بواری بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات.
د.عەلی حەرب لەمبارەوە دەڵێت (رۆشنبیر بەسیفەتی ئەوەی دەستەڵاتی قسەکردن یان نووسین بەکاردێنێ لە کایەی بەرهەمهێنانی رەمزیدا کار دەکات، واتا ئەو کەرەستە رەمزییانە بەرهەمدێنێ یان بەکاردێنێ کە لە بیروباوەڕ و ئەپستیم و دەق و گووتارەکان و بەرهەمە کولتوورییەکانی تردا دەردەکەون). ئەم جەوهەرە خاڵێکی ناکۆکیی نێوان رۆشنبیر و پارتە چوون ئەرکی رۆشنبیر گۆڕین و تێکوپێکدانی دنیا نییە کەچی پارتی سیاسیی لە بەرزترین ئاستدا و لە دوا ئامانجیدا هەوڵی گۆڕین و سەرلەنوێ وێنەکردنەوەی دنیای خۆی دەدات. رۆشنبیر کە (گۆڵدز) سیۆسیۆلۆگی ئەمەریکی بە چینێکی نوێ وەسفی دەکات لە کێڵگەیەکی جیا لە کێڵگەی پارتی سیاسیی کار دەکات و درێژە بە بوونی خۆی دەدات، ئەمە بەو مانایە نایەت رۆشنبیر ناتوانێ حزبیی بێت، بەڵام رۆشنبیری حزبیی ناتوانێت ئازاد بێت چوون لە بازنەی سیاسەت و روانگەکانی پارتدا قەتیسکراوە و ناتوانێت هەنگاوێک بنێت هێڵی سوور ببەزێنێت، هەر کات بەم کارە هەستا بێگومان لەودیو پەرژینەکانی پارتەوە خۆی دەبینێتەوە.
رەهەندێکی تری ناکۆکیی رۆشنبیر لەگەڵ پارت لەوەدا دەردەکەوێت رۆشنبیر بەردەوام لەنادڵنیایدا دەژی یان بە واتایەکی تر رۆشنبیر وێڵە بەدوای دۆزینەوەی زانستیی ء مەعریفیدا بۆیە سروشتێکی تایبەتی هەیە و بەهەموو جۆرێک لەسەر یەک قاڵب و یەک جۆرە روانین شێوە ناگرێت، بەڵام پارتی سیاسیی خاوەنی بەرنامەیەکی کۆنکرێت و دۆگم و راوەستاوە کە وەها لە رۆشنبیر دەکات هەست بە ئازادیی نەکات ء رێگریی لێدەکات لە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی بیرۆکەی نوێ، چوون رەنگبێ بیرۆکە نوێیەکە سەد دەر سەد دژی بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆژیای پارتە سیاسییەکەی بێت. (رامین جەهانبەگلو) لەو روانگەیەوە نوسیوویەتی (رۆشنبیر کەسێکە خۆی بە دوور دەگرێت لە بیروباوەڕە دۆگماکان). هەرچی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکانە بەرنامەیەکی دۆگما (راوەستاو)ن بە ئاستەم هەناسەیەکی تێدا دەبینرێتەوە بۆ رۆشنبیر.
ئێمە ناڵێین پارتی سیاسیی دەزگایەکی چەپێنەرە، بەڵام لەباشترین فۆرمیدا دڵخوازی رۆشنبیر نییە و فەزایەکی تێدا نییە تێیدا رۆشنبیر درێژە بە کارەکانی بدات بەو جۆرەی پێویستە و گرنگە سەبارەت بەهەر رۆشنبیرێک. کەوابوو مەسەلەی سەرەکی ئەوە نییە رۆشنبیر بە سەهوو چووە و هەردوو دەستەڵاتی بەعس و کورد بەیەک دەچووێنێت، کێشەکە ئەوەیە دەستەڵات هەر دەستەڵاتێک بێت یان پارت جا هەر پارتێک بێت لەمسەری راست بۆ ئەوسەری چەپ خاوەنی بەرنامە و پرۆگرامی چەسپیوو و کۆنکرێتی تایبەت بەخۆیەتی کە رۆشنبیر نەدەتوانێت هەزمیان بکات و لەگەڵیاندا هەڵبکات نە دەتوانێت لە سایەیاندا درێژە بە چالاکییە رۆشنبیرییەکانی بدات.
بەشێکی تری ئەو کێشەیە وابەستەیە بە سروشت و نۆرمی پارتی سیاسیی لە کوردستان کە هێشتا لە دەریای تۆتالیتاریزم و سکتاریزمدا مەلە دەکات و بێ توانایە لەخۆ دەربازکردن لەو گێژاوە خنکێنەرەی هەناسەی ژیانی پارتایەتی لەم مەملەکەتە سوار کردووە و رەنگێکی وەهای پێ بەخشیوە ناکۆک لەگەڵ سروشت و شەقڵی تاکە تاکی مرۆڤی کورد بەدەربکەوێت، تا پارتی کوردیی لەرێی پرۆسەی دۆنادۆنەوە نەچێتە جەستەی پارتێکی نوێ و هاوچەرخی وەک پارتەکانی ئەوروپاوە بێگومان ناتوانێت ئەو گرێ دەروونییە بڕەوەنێتەوە بەتایبەت کە لەلای گەنجەکان هەستی پیدەکرێت سەبارەت بە سیاسەت و ژیانی پارتایەتی. دواجار ئەوەی گرنگە لەبارەی بدوێین ئەوەیە: پارتی سیاسیی شەقڵ و ئەدگارێکی تایبەتی هەیە کە لەهەموو روویەکەوە ناکۆک لەگەڵ ئەدگار و تایبەتمەندییەکانی رۆشنبیر دەردەکەوێت، لە هەمان کاتدا کێڵگەى پارتی سیاسیی کێڵگەیەکی زڕە بۆ رۆشنبیر و هیچ ئومێدێک نییە تۆوی روانینی رۆشنبیر لەسەر ئەو زەوییە وشکەڵانە شتێکی لێوە شین بێت. ئەو رۆشنبیرانەشی لەپەنا پارتەکان بێگومان تەنیا دەتوانن ئاژیتاتۆرێک یان بانگەشەکارێکی بەرنامەکانی پارت بن نەک شتێکی لەمە زیاتر، چوونکە ئەزموونی مێژوویی ئەو راستییەی بۆ سەلماندووین.
حزبی سیاسیی و حزبی کوردیی
هەوڵنادەین پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ حزب بکەین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی حزبی سیاسیی بەم شێوەیەی ئێستا بەرهەمی مودێرنەیە، یان کوڕی هەڵبژاردنە. حزبی سیاسیی توخمێکی هەرە بەهێزی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و دەوڵەتە نوێیەکانە، لای بیرمەندی فەڕەنسی ناسراو جۆرج بیردۆ حزبی سیاسیی ئامڕازێکە کە لە پیادەکردنی هاووڵاتیبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر کاروباری گشتیی دەوڵەت و کۆمەڵگاکان مایەی فەرامۆشکردن نییە، بەو پێیەی رەوڕەوەی دەوڵەت بۆپێشەوە دەچەرخێنێت و دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە لەسەر فۆرمی حکومداریی کە دواجار لەوێشەوە کاریگەرییەکانی دەگاتە تەواوی کۆمەڵگە. “لاپالامبارا” و “وانێر” چوار خەسڵەتی سەرەکیی بۆ حزبە نوێیەکان لەبەرچاو دەگرن، کە هەموو لایەک پەسەندی دەکەن، ئەوانیش بریتین:
یەکەم: هەبوونی رێکخراوێکی هەمیشەیی کە مانەوەیان نەبەسترابێتەوە بە ژیانی رێبەرانی ئێستایانەوە “تاقم و دەستەی پاوانخواز نەبن”.
دووەم: رێکخراوێک کە لە وڵاتدا تێکۆشانی ببێت “گرووپێکی پەرلەمانی نەبێت”.
سێهەم: مەبەستی راشکاوانەی رێبەران لە ئاستی وڵات و هەرێمیدا دەبێ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بێ نەک ئەوەی خۆی بخزێنێتە نێو دەسەڵاتەوە “گروپێکی دەستڕۆیشتوو و بە نفوز بێت”.
چوارەم: بەشوێن راکێشانی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکدا بێت لە رێگای هەڵبژاردنەوە یان بە بەهەر شێوەیەکی دیکە بێت ” واتە یانەیەکی سیاسیی نەبێت political club”.
لەلایەکی ترەوە بە بۆچوونی “د.حسێن بەشیریە” حزبی سیاسیی گرنگترین سیما و رێکخراوی دیموکراسیی هاوچەرخە، بەڵکو زێدەتر لەوە دەڕوات و پێیوایە لە کۆتاییدا جەوهەری دیموکراسی لە کێبڕکێ و ململانێی سیاسیی حزبەکان شتێکی زیاتر نییە، بەو پێیەی هەڵبژاردن بێ بوونی ژمارەگەلێک لە حزبی سیاسیی رووداوێکی مایەپووچە و سروشتی حزبیش سرووشتێکی کێبەڕکێکار و ململانێخوازە. لە هەموو ئەو پێناسەکردنانەی ئێمە تێگەیشتووین دەتوانین شتێک هەڵهێنجین ئەویش ئەوەیە، حزبی مودێرن بریتییە لە رێکخراوێکی کێبەڕێکار بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و گۆڕینی ئەجیندای فەرمانڕەوایی، ئەمەش گەوهەری ئەو سیستمە دیموکراسییە لیبرالەیە هەنووکە سایەی کردووە بەسەر دەوڵەتە پێشکەوتوو و بەهرەمەندەکاندا لە رووی مافی مرۆڤ و دەستەبەری ئازادییەکانەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر حزبی کوردیی، گروپ یان کۆمەڵێک دەستە و تاقمی خێڵەکین کە لەسەر بنیادە خێڵەکی و ئاینییەکان دامەزراون و زۆرینەیان بەرهەمی قۆناغی چەوساندنەوەی نەتەوەیی کوردن لەلایەن نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستانەوە. ئەگەرنا هیچ حزبێکی سیاسیی کوردیی نییە، بە ئەجیندایەکی رۆشنەوە و وەک رێکخراوێک بۆ ململانێ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە رێی هەڵبژاردنەوە چاوی بەژین هەڵهێنابێت، خۆی هەر لە بناغەوە کردەی هەڵبژاردن لە کوردستان “باشوور” پڕیەتی لە سکەنداڵ و بە هیچ پێوەرێک ناتوانێ دەرخەری پرۆسەیەکی دیموکراسی بێت. بە پێچەوانەوە دەسەڵاتێکی مۆنۆپۆڵخوازی دوو بنەماڵەیی هەیە و هێزەکانی تریش لە نێو سەحرای سیاسیی ئەواندا بە هەمان ریتم و ئاوازی ئەوان سەوڵ لە وشکانیدا لێ دەدەن.
حزبی کوردیی، هیچ ئایدۆلۆگییەکی نییە تەنیا کۆمەڵەی رەنجدەران و پەکەکە نەبێ بە بیرێکی چەپڕەوانە لەسەر سترۆکتۆری مارکسیزم- لینینیزم دامەزرابوون، ئێستا پەکەکە هیچ ئایدۆلۆگییەکی نەماوە و نووسراوەکانی ئاپۆ بنەمای سەرەکیی سیاسەتی ئەو حزبە پێکدەهێنێت، کە ئەو نووسراوانە نەک ناتوانن ئایدۆلۆگیایەک بن، بەڵکو پڕن لە پارادۆکس، هەرچی کۆمەڵەشە میراتگرەکانی یەکێتی و گۆڕانن، ئەو دوو هێزەش لە قەیرانێکی بێ ناسنامەیی کوشندەدا دەژین. ئەوەی دەمێنێتەوە رێکخراوگەلی ترن کە هیچ بنەمایەکی فیکریی و ئایدۆلۆگییان نییە و زیاتر لەسەر کولتووری خێڵ و کاریگەرییەکانی ئاین دروستبوون. بۆ نموونە پارتی هیچ ئایدۆلۆگیایەک لە پشتییەوە نەوەستاوە، تەنانەت نەیتوانیوە ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆگیایەک بکاتە بنەمای ژیانی حزبیی خۆی، بەپێچەوانەوە لەسەر نەریتی تەریقەتی نەقشبەندی دروستبووە و تا ئێستاش وەک بەرگریکارێکی میللی خۆی نمایش دەکات.
پێکهاتە و ئۆرگانیزەی تەواوی حزبە کوردییەکان لەمسەری راست تا ئەو سەری چەپ، فۆرمێکی کلاسیکی و سواوی هەیە، کە زیاتر هەیکەلی حزبی و شێوەی دنیابینیان لەژێر کاریگەریی ستالینیزم نەهاتۆتە دەر. بەم هەیکەل و جیهانبییە تەسک و کۆنسەرڤاتیڤانەوە ناتوانن نەک گەمەی دیموکراسی بکەن بەڵکو هەر ناتوانن لە رۆحی دیموکراسی تێبگەن و لەگەڵیدا هەڵبکەن. حزبی کوردیی تاکو ئەم چرکەساتەش دابڕاوە لە جیهانی مودێرن و فینۆمینەکانی دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ، لە بازنەیەکی لۆکاڵیدا گیری خواردووە ناتوانێت پێ بنێتە ئەو جیهانە شارستانییەی ئەمڕۆ. ئەمەش تەنیا کێشەی حزبی کوردیی نییە بەتەنها، بەڵکو درمێک هەموو دنیای رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی پێوەی دەناڵێنێت، چوونکە کاریگەرییەکانی ئاین و ترادیسیۆنە کۆنەکان بە ئەندازەیەک هەژموونی لەسەر سیاسەت و رۆشنبیریی داناوە، بە ئاستەم و تاک و تەرا، خەڵکانێک دەبینین بتوانن خۆیان بخەنە دەرەوەی ئەو دیسپۆتیزم و کەلەپوورە سیاسیی و رۆشنبیرییە باڵادەستەی زاڵە بەسەر عەقڵی تاک بە تاکی مرۆڤی رۆژهەڵاتی یان جیهانی ئیسلامییەوە.
رۆشنبیرانی کورد و هەژموونی حزبە سیاسییەکان
کێشەکە ئەوەیە رۆشنبیرانی ئێمە لەهەموو ئاستەکاندا پەڕاوێز بۆ ئەو پێشهات و رووداوانە دەنووسن سیاسییەکان دەیخولقێنن، خۆیان نەک رووداو دروست ناکەن، بەڵکو لە هەژارییەکی مەعریفیی و فیکریی وەها دەژین بێ بوونی ئەو رووداوە گەرمانە خۆیان شتێکی تریان پێ نییە بۆ وتن، خویان هیچ ناخوڵقێنن و هیچ بەرهەم ناهێنن جگە لەوەی لە هامشی پێشهاتەکانەوە نیهلیزم و رەشبینی بەرهەم بهێنن، هەر لەم سۆنگەوە رۆشنبیری کورد چاوەڕوانی رووداوە سیاسییەکان دەکات تاکو بتوانن لە پەڕاوێزیدا بنووسن، یان بابەتێکیان دەستبکەوێ بۆ قسەکردن لەسەری، من ئەم جۆرە رۆشنبیرە ناو دەنێم رۆشنبیری پەڕاوێزنووس. خۆی بابەتەکە ئەمە نییە، رۆشنبیرانێک بوونەتە کادری حزبەکان، نەخێر، هەموو ئەوانەشی لە دەرەوەی پارتە سیاسییەکانن کەوتوونەتە ژێر ئەو رووداوانەی حزبەکان دروستی دەکەن و ئەمانیش بەشێوەی خۆیان شرۆڤەی بۆ دەکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە لە دەرەوەی ئەو رووداوانە رۆشنبیری کورد سەرقاڵی چییە؟؟.
رۆشنبیری ئێمە ناتوانێت دەسەڵاتێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکان بۆ خۆی پەیدا بکات “مەبەستم دەسەڵاتی نابەرجەستەیە” لە بناغەوە خۆیان دابەشبوون بەسەر ئەجیندای حزبەکاندا، مەسەلەکە ئەوە نییە تێکڕای رۆشنبیران بوونەتە کادری حزبی، ئەوە تەنیا بەشە ئاشکراکەی حزبیبوونی رۆشنبیرانە، بەڵام دیوە شاراوەکەی بریتییە لەو تەرەفداریی و سۆزدارییانە لە تێکست و نووسینی رۆشنبیرانی ئێمە بەروونی دەیبینین. بانگەواز بۆ ئەوە ناکەم رۆشنبیر ناتوانێت حزبی بێت، بەڵام رۆشنبیرە حزبییەکان یان ئەوانەی لەژێر هەژموونی حزبیدا فۆرمۆڵەی تێزەکانیان دەکەن، ناتوانن مەعریفەیەکی زانستی لە دەرەوەی بازنە تەسک و دۆگمەکانی حزب بەرهەم بهێنن، رۆشنبیر دەتوانێت بەرنامەڕێژیی بۆ حزبێکی دیاریکراو بکات، بەڵام ناکرێت ئەم بەرنامەڕێژییە بکرێتە بنەمایەکی کۆنکرێتی بۆ تەواوی هاووڵاتیان. یان وەک ئەنجامێکی زانستی بێلایەن وەربگیرێت.
لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر بابەتێکی پڕ ئیشکالیەتی مێژووکرد لە پەیوەندیی نێوان حزب و رۆشنبیرانی کورددا. ئەویش قۆناغی خەباتی رزگاریخوازی نیشتمانییە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە قۆناغی شاخ ناوزەد دەکرێت. لەم ماوە زەمەنییەدا رۆشنبیران بەشێوەیەکی گشتیی تێزەکانیان دەخستە خزمەتی شۆڕشی شاخەوە کە حزبەکان رابەرایەتی ئەو جوڵانەوەیان دەکرد، لێ لەو ماوەیەشدا دەنگی رەخنەگرانە هەبووە کە دکتۆر ئەحمەدی مەلا نموونەی “سەگوەڕ”ی محەمەد موکری وەک فاکتێک دەهێنێتەوە. هەر ئەو دابەشبوونەی رۆشنبیران بەسەر سەنگەری حزبەکاندا درێژ بووەتەوە تا هەنووکە کە قۆناغی حکومداریی کوردستانە. ئەو رۆشنبیرانەشی بەناوی سەربەخۆییەوە کار دەکەن، زۆرجار خۆپارێزیی دەکەن لە رەخنەگرتن لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەم تەرەفدارییە و هەم جۆرێکیش لە سەپۆرتە بۆ ئەو پارادایمە سیاسییە پڕ کەموکوڕییەی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەگەر سەمپڵێک وەربگرین بۆ پاڵپشتی و زیاتر روونکردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەمان، باشترین نموونەی مەلمووس، گروپی “رەهەند”ە کە ئەم گروپە تا هەنووکەش خۆیان بە جیددیترین قەڵەمەکانی ناو کایەی رۆشنبیریی کوردیی دەزانن. کێشەی گروپی رەهەند لەوێ نییە، رەخنە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەگرن، چوونکە ئەوە ئەرکی هەموو رۆشنبیرێکە و وەک چەند جارێکیش وتوومە کاری رۆشنبیر بە تەنها رەخنەیە، بەڵام بەدەر لە گرێ دەروونییەکان کە لە خۆیدا کفرێکە بابەتە زاتییەکان بکەوێتە ناو رەخنەی رۆشنبیرانەوە، لە هەمان کاتدا لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆنەوە تیربارانی دەسەڵات دەکرێت. بۆ وێنە مەریوان قانیع و ئاراس فەتاح دوو نموونەی بەرجەستەی ئەو دیاردەیەن، ئەوان هەروەک دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان رەخنە لە دەسەڵات دەگرن کە پارتی بە سیمبولی دەسەڵاتەکە دەبینن، لەم کاتەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان رۆشنبیرە حزبییەکانی پارتی و گروپی رەهەند نامێنێت کە بەهەمان موفرەدات و نەزعەی تۆتالیتاریی جەدەل لەگەڵ یەکتر دەکەن “ئەگەر بتوانین ئەو گولەبارانکردنە بە وشە ناو بنێین جەدەل”.
قسەی من لەسەر ئەو نوخبەیە نییە لەسەر حزبە سیاسییەکان ماڵن و خۆیان بۆ سەرخستنی ئەجیندای حزبەکانیان تەرخان و ساغ کردۆتەوە، چوونکە ئەوان هەمیشە بەدوای ئارگۆمێنتدا دەگەڕێن بۆ رەواییدان بەهەر هەنگاوێکی چاک و خراپی حزبەکانیان، کێشەی سەرەکیی من لەگەڵ ئەو تایپە رۆشنبیرە کە بە ئاگایی بێت یان نائاگایی کەوتوونەتە نێو سەنگەرەکانی حزبەوە، ئەمەش تایبەت نییە بەو رۆشنبیرانەی بەناوی بێلایەنییەوە بوون بە بەشێک لە حزبە بەرهەڵستکارەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەناوی سەربەخۆییەوە وەک دەستی دووەمی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان، ئاگربارانی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەن، یان دەبنە بازووی بەهێزی کەمپینی شەڕئەنگێزانەی راگەیاندنەکان. کارەساتەکەش لەو کاتەدا گەورەتر خۆی دەنوێنێت کە نۆرە بێتە سەر هەبوونی ئیمیتازات و بەرژەوەندیی خودیی و تاکەکەسی رۆشنبیران خۆیان.
دەبێت لەم رووبەرەدا بەخێرایش بێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، نامەوێ هەمان تێزی ژولین بیندا بهێنمەوە یاد و بڵێم رۆشنبیرانی ئێمە ناپاکیی گەورە دەکەن لە ئەرکەکانیان، بەڵام هێمای زۆر ترسناک دەبینم کە هیوایەک بۆ مرۆڤ ناهێڵنەوە، هەر ئەوەی مەیدانی توێژینەوە و رەخنەی زانستی چۆڵ بووە و نازناوی رۆشنبیر بە کەسێک دەدرێت کە زۆرترین مهاتەرات و شەڕەدەندوک بکات، یان ئەوانە ببنە سەرمەشقی کاروانی رۆشنبیریی کوردیی کە تەنیا دەتوانن لە سۆسیال میدیاوە چەند دێڕێکی بێ پێز بەدوای یەکتردا ریز بکەن، ئەو رۆشنبیرانەشی خۆیان بە دەنگی جیددی دەزانن بە زمانێکی پاراوتر دەدوێن، بەکەڵک وەرگرتن لەوەی لە ئەکادیمیاکان فێری بوون یان لە خوێندنەوەی فیکر و فەلسەفی خۆرئاوایی وەریانگرتووە بیخەنە هەمان بازنەی ململانێ، دیسان هیچ جیاوازییەک نامێنێ لەنێوان نیمچە خوێندەوار و ئینشانووس و رۆشنبیرانی “جیددی” چوونکە هەریەک بەگوێرەی خۆی ئاو دەخاتە یەک ئاشەوە.
قەیرانەکە بە تەنها تووشی سیاسەت و ژێدەرە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە نەبووە، بەڵکو تەنگژەکە لەوە فراوانتر بووە و لاشەی کایەی رووناکبیریشی تەنیوە، هەروەک چۆن مرۆڤی لەهەموو بەها و مۆراڵە بەنرخەکان داڕنیوە، ئەم دۆخە ناودەنێم دۆخی کوژانەوە و تیاچوونی چراکان، یان دۆخی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە، لەم نێوەندەدا رۆشنبیر نەک بەشێک نییە لە روئیایەکی نوێ بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ژیان و مانادانەوە بەو بەها هەرەس هاتووانە، بەڵکو بەهەموو هێزییەوە بەشدارە لەو پرۆسە وێرانکارییەی لە دەروونی تاکەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە لوتکەی هەموو شتەکان.
رۆشنبیری کورد دەبێت چی بکات؟
ئەو پرسیارەی لای سەرەوە، یەکێکە لە پرسیارە هەرە گرنگەکانی هەنووکە کە دەبوو زۆر زووتر بکرابایە، بەڵام رەنگە بەهۆی قورسیی وەڵامەکەیەوە کەس بوێریی ورووژاندنی ئەو پرسیارەی نەکردبێت. لانیکەم دەبوو ببووایە بە مشتومڕی نێو ناوەندی رووناکبیریی کوردیی، من لە ساڵی 2007 تەوەرێکم بۆ ئەم پرسیارە کردەوە و دیمانەم لەگەڵ چەندان رۆشنبیری ناسراو سازدا، بەڵام ئەوەش نەیتوانی ئەو پرسیارە بکاتە پرسیارێکی جیددی کە خودی رۆشنبیران لە بری سەرقاڵبوون بە کاری لاوەکی، ئاوڕ لەم پرسینە گرنگە بدەنەوە و مشتومڕی گەرمی لەسەر بکەن، ئەوەش وەک کۆی پرسەکانی تری کۆمەڵی کوردیی کەوتە ژێر غوباری بیرچوونەوە و فەرامۆشکردنەوە، لەگەڵ ئەوەدا ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو پرسیارە جەوهەرییەی رۆشنبیری کورد چی بکات؟ بەڵام جارێ چاوەڕێین “لینین”ێک پەیدا بێت پرسیاری “چی بکرێت” بکاتە رۆژەڤی پرسیاری کایەی رۆشنبیریی کوردیی.
بە بڕوای من دەبێت یەکەمین هەنگاوی رۆشنبیران، گەڕان و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ناسنامەیەکی سەربەخۆی رۆشنبیریی لە دەرەوەی ئایدۆلۆگی و روانگە تەسکەکانی حزبی کوردیی، ناسنامەیەک دیاری بکات بەرچاوی رۆشن بکات چ کارەیە و پێویستە چی بکات؟. ئەمە ئەولەویترین کارە سەبارەت بە رۆشنبیرانی هەنووکەی کورد، چوونکە شوناسی رۆشنبیری کورد لەنێو ناسنامە سیاسیی و حزبییەکاندا ون بووە. ناکرێت بڵێین شوناسێکی رۆشنبیریی دیاریکراومان لە دەرەوەی شوناسە ئایدۆلۆگی و حزبییەکە هەیە. هەوڵدان بۆ بەخشینی ناسنامەیەکی رۆشنی ناحزبی و نائایدۆلۆگی بە بزاوتی رۆشنبیریی کوردیی، خۆی لە خۆیدا رزگارکردنی رۆشنبیرانە لە تونێلە تاریکەکانەی حزبە سیاسییەکان، هەروەها هەنگاوێکی راستیشە بەرەو گەڕانەوە بۆ وەزیفەی راستەقینە کە لە دیدی ئێمەدا بریتییە لە تیۆریزە و خوێندنەوەی دنیا و ناساندنی ئەوەی هەیە لە کۆمەڵگەدا وەک خۆی.
د.عەلی حەرب، رووناکبیری ناسراوی عەرەب لە کتێبەکەیدا “الاوهام النخبە او النقد المپقف” باس لەوە دەکات رووناکبیر کاریگەریی خۆی لە دەستداوە بەو هۆیەی تایبەتمەندیی خۆی پیادە ناکات. دواتر تایبەتمەندییەکانی رووناکبیر روون دەکاتەوە و دەنووسێت “مەبەستم لە تایبەتمەندیی لێرەدا، رۆڵگێڕانی خوڵقێنەرانەی رووناکبیرە لە بەرهەمهێنانی هزر و مەعریفەدا، ئەمەش گرەوەکەیەتی، بەدیهێنانی واقعێکی هزریی نوێ، لە رێگەی بەرهەمهێنانی چەند بیرۆکەیەکی نوێوە، یان گۆڕینی بیرکردنەوە، یان داهێنانی پیادەکردنی بیری نوێ، یاخۆ سەرلەنوێ داهێنانەوەی نوێ لە زەمینەی پیادەکردن و بۆتەی ئەزمووندا”. د.حەرب پێیوایە رووناکبیر ئەم رۆڵە بایەخدارەی لە بیر کردووە و هەموو وزەی خۆی بەخشیوە بۆ بەزۆر سەپاندنی گووتەکانی بەسەر واقیعدا بەشێوەیەکی ساکارانە و پاشتر دەنووسێت “لێرەوە دەرکەوت رووناکبیر لەوە دەستەپاچەترە ئەوە بگۆڕێت کە مەبەستی بوو بگۆڕێت”.
لەم سۆنگەوە رووناکبیری کورد دەبێت بگەڕێتەوە مەیدانی راستەقینەی خۆی کە مەعریفەی ناسینی دنیا و بەرهەمهێنانی زانستی گۆڕینی واقیعەکانە، لێرەدا ئەمەوێ سەرنج رابکێشم بۆ ئەوەی لە خەیاڵدانی تێکڕای کورددا بە خودی رۆشنبیرانیشەوە گۆڕینی واقیع بە گۆڕینی واقیعی سیاسیی لێکدەدرێتەوە، بۆیە ڤوکۆسی هەموو لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانە، لە کاتێکدا گۆڕین پرۆسەیەکی هەمەلایەنە و لە پێشدا گۆڕینی زەینییە، پاشتر لەوێوە پرۆسێسەکە بەردەوام دەبێت تاکوو دەگاتە گۆڕینی سیاسیی. رۆشنبیرانی ئێمە کەرەستەکانی گۆڕینی زەینیان پێشکەش نەکردووە، پێشمەرجەکانی گۆڕینیان نەناساندووە، بەڵکو وەک کۆمەڵە سەربازێک سەرقاڵن بە خەونی گۆڕینی سیاسییەوە بەشێوەیەکی کودەتا ئامێز، خۆ ئەوە هاوکێشەیەکی ئاسانە بۆ تێگەیشتن کە بێ گۆڕانکاریی لەخەیاڵدان و سیستمی پەروەردە و کولتووری کۆمەڵایەتی، هەموو پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی سیاسیی تەنها دەبێتە گۆڕانکارییەکی فۆرمالیستانە و لاوەکی.
رۆشنبیر دەبێت پارێزگاریی لە تایبەتمەندیی خۆی بکات و خۆی نەخاتە نێو بازنەی تەسکی ململانێی حزبە سیاسییەکانەوە، کاری راستەقینەی رۆشنبیر داهێنان و زانستی ناسینی دنیایە، هەرچی کاری سیاسیشە گۆڕینی واقیع و دامەزراوەکانی دەوڵەتە، ئەوەی رۆشنبیر ببێتە بەشێک لە ئەجیندای حزبیی ناپاکییە، چوونکە کاری رۆشنبیرانە لە کاری سیاسییەکان گەورەتر و جیاوازتریشە، وەک لە سەرەتاشەوە وتم ئەگەر سیاسەت هونەری ئیدارەدان و گۆڕینی واقع بێت، ئەوە رۆشنبیریی زانستی ئەو گۆڕینەیە، لێرەدا پەیوەندییەک لە نێوان کاری رۆشنبیریی و سیاسیی هەیە یان رایەڵێک هەیە بۆ پێکگەیشتن، بەڵام دەکرێت هەر یەک بە جیا ببینین، ئەو پەیوەندییە ناکرێت ببێتە مایەی تێکەڵاوکردنی هەردوو ئیشەکە، یان رۆشنبیریی ببێتە پاشکۆی سیاسەت و تەسکتریش لەو بازنەیە ببێت بە بەشێک لە پلاتفۆرمی حزبایەتی. ئەرکی رۆشنبیرانە کاری تیۆریی خۆیان نەخەنە ناو گەمە حزبییەکانەوە هەروەک وتم ئەو کارانە دەکرێت کولتووری سیاسیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لەسەر رۆ بنرێت. هەر پاشکۆیەتییەکی سیاسیی رۆشنبیران بۆ حزبەکان لەسەر بێلایەنیان تەواو دەبێ و لەهەمان کاتدا بابەتیبوونی تێزەکانیان دەخاتە ژێر گوومانەوە.
بیریاری مەغریبی “عەبدولسەلام بنعەبدعالی” لە دیاریکردنی وەزیفەی رۆشنبیردا ئەوە دەخاتە روو: ئەرکی رۆشنبیر نییە خەڵک بهێنێتە سەر باوەڕهێنان بەچەند هەقیقەتێکی دیاریکراو، هەروەها بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لە نێوانیاندا، راستەڕێیان پێ نیشان بدات. بەڵکو ئەرکی ئەوەیە سیستمی بەرهەمهێنانی ئەو هەقیقەتەی تێیدا دەژین بگۆڕێ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەرکەکە پەیوەست نییە، بە رۆڵی لۆژیکانە کە پێوەرەکانی راستگۆیی و گونجاویی دیاری دەکەن، هەروەها نەک بەرۆڵێکی ئەپستمۆلۆژی “رێساکانی میتۆد” دیاری دەکەن. نەک بەرۆڵی ئایدۆلۆژیانەش “کە باوەڕی ئەویتر بەدرۆ دەخاتەوە” نەک بەرۆڵی رەوشتیانەش کە رێنمایی خەڵک دەکات، نەک بە رۆڵی وەعزدەریش کە رێ پیشانی خەڵک دەدات، بەڵکو رۆڵی رۆشنبیر لەوەدایە چاودێریی “سیاسەتی هەقیقەت” بکات و کار لەپێناو بڕیاردانی ئەو رێسایانە بکات کە لەنێو کۆمەڵدا کاروباری هەقیقەتیان پێ هەڵدەسووڕێ.
قسەی کۆتایی
لە دواماهیدا دەمانەوێ ئەوە بڵێین واقعی تاڵی کوردستان ئەوەیە رۆشنبیران دابەشبوون بەسەر مەیلی حزبی و سیاسییدا، لێ ئەمە شوورەیی نییە، بەڵام رێگرە لە لەدایکبوونی رەخنە و مەعریفەی زانستی بێلایەن، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە ئەو جۆرە مەعریفەیە زۆر پێویستە، تاکو بتوانین خۆمان جودا بکەینەوە لەو دنیا ئیسلامیی و نامۆیەی نەتەوە سەردەستەکان بۆیان دروستکردووین، بە گریانەوە ئەم دێڕانەی کۆتایی دەنووسم چوونکە ئەو کولتوورە سیاسیی و حزبییەی رۆشنبیران بیری پێ دەکەنەوە، باکی لەوە نییە کوردستان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی عەرەبی و فارسی و تورکی، رۆشنبیرانی ئێمە بەهۆی بوونی گەندەڵییەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە، تیۆریزەی عێراقچێتی دەکەن، هانی نەوەی نوێ دەدەن بۆ کونکردنی ئەو کەشتییەی چارەنووسی هەموومانی پێوە بەستراوە. ئاسۆکە تاریکە و من لە هەنووکەوە لە ئەنجامەکەی تۆقیووم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
ستۆکهۆڵم..

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری چوارەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.

Previous
Next