Skip to Content

ئالان بادیو: دۆزی درماوی-8- … ئازاد حەمە

ئالان بادیو: دۆزی درماوی-8- … ئازاد حەمە

Closed
by ئایار 24, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی هەشتەم

سەرەتا: ئەو دەمەی درم دەبێت بە دۆز
پەتای كۆرۆناڤایرۆس لە ئاستێكی گڵوباڵ دۆزێكی هێنایەپێشێ كە شایانی بەخیلیپێبردن نییە. ئەم دۆزە خورپەهێنەرە وتنی فەلسەفیشی گرتەخۆی و ئالان بادیو Alain Badiou ،كە لەم بەشەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە، یەكێکە لەو بیرمەندانەی لەمبارەیەوە وتنی خۆی، كە شایانی تێهزرینە، لەژێرناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی””بڵاوكردەوە. بۆ ئێمە هێندەی وشەی دۆز situation لە نووسینەكەی ئەم بیرمەندە گرنگە هێندەی ئەوە وشەی درم گرنگ نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی دۆز یەكێكە لە وشە سەرەكییەكانی فەلسەفەی بادیو هەرچی درمە شتێكە دێت و دەڕوات، ئەمڕۆ كۆرۆنا درمە، دوێنێ سارس و پێشتر ئێبۆلا و…هتد. وشەی دۆز دەچێتە خانەی فەرهەنگی بادیو، واتە دۆز هەروەك بوون، خراپە، رووداو، خود، هەل و مەرج بەشێكن لە زاراوەناسی فەلسەفەی بادیو و كاردانەوەی خۆشیان لەسەر تەلاری سیاسی و كۆمەڵایەتی وتارە فەلسەفییکەی داناوە. لەڕێگای نووسینەكەی بادیوەوە لەوەش حاڵێدەبین بۆ هەندێك پێیانوایە ئەم دۆزە داهێنراوێكی سیاسییە، بەڵام ئەمە چەند ڕاستە؟ ئایا ئەم دۆزە كۆرۆناویە دەتوانێت هەڵاوگۆڕانێكی كۆمەڵایەتی ڕیشەیی دروستبكات یان پێویستمان بە هێزە كۆمەڵایەتییەكانە ئەوە بكەن؟پەلاماردانی سەرمایەداری جیهانیش بەهۆی كۆرۆناوە چەند هیوابەخشە؟ چەند شیاوە بەدیهاتنی ئەو هیوابەخشیە؟ دۆزی جیهان لە چ دۆزێکدا بوو؟ ئەم پەتایە ئەم دۆزە بەرەو کوێ دەبات؟ بۆیە سەرەتا دەخوازین بزانین دۆز لە زاراوەناسی فەلسەفیی بادیو چی دەگەیێنێت، پاشان فەلسەفەی بادیو خۆی لەسەر چ بنەمایەكی شیكاریی فەلسەفی ڕاگرتووە، ئەوجار دێینەسەر خستنەڕووی كاكڵی بۆچوونەكانی بادیو لە وتاری ناوبراوەوە و پاشانیش بە كورتی گوزارە لە بۆچوونی بادیو سەبارەت بە “گریمانەی كۆمۆنیستی” دەكەین، کە بەشێكە لە هزری سیاسی ئەم بیریارە و ڕەنگدانەوەشی لە نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا هەبووە.

فەلسەفەی بادیو

پەرتووكە قەبە فەلسەفییەكەی ئالان بادیو ( بوون و رووداو، لە 1988) پاش ئەوەی هایدیگەر(بوون و كات، لە 1927 ) و سارتەر ( بوون و هیچی ،لە 1943 )بە سێهەمین پەرتووكی فەلسەفی لەقەڵەم دەدرێت كە لە نێوەندی فەلسەفیی رۆژئاوا لەسەر واتای بوون نووسرابێت. گومانیناوێت، هەر ئەم پەرتووكە بناغەی بۆ ناساندنی فەلسەفەی رووداوناسی بادیو لەناو فەرەنسا و ڕۆژئاواش داناوە. بادیو كە ئێستا ناوێكی دیارە لەناو فەلسەفەی كۆنتینێنتالی فەرەنسی و ئەوروپای گفتووگۆكەرێكی چالاكی فەلسەفەی شیكردنەوەی ئەنگلۆ- ئەمەریكیشە. ڕیشەی بیركردنەوە سیاسییەكانی سەرەتا ماوی (Maoist) بووە و دواتر پۆست ماوی (postmaoist) ، ئێستاش كار بۆ خوڵقاندنی”سیاسەتێكی بێ حیزب”، “سیاسەت بەبێ دەوڵەت و سیاسەتێكی ئەنتی پەرلەمانی” (anti parlementarisme) دەكات. بادیو لە دیدی زەمینەسازی بۆ داكۆكیكردن لە فەلسەفە هەر لەسەرەتای نووسینیەوە خۆی وەك دوژمنێكی سەرسەختی “فەیلەسوفە سۆفیستەكان (ڤێتگێنشتێن ، دێریدا، لیوتار و…) نیشانداوە. ئەڵبەتە تێگەیشتنگەلێكی كاریگەرئامێزیشی لە بواری گفتوگۆی سیاسی هاوچەرخ لەسەر تێمای جەنگ دژ بە تێرۆریزم، خیانەت و گەندەڵی، وەك دیاردەگەلێكی گرنگی بواری فەلسەفەی ڕەوشت، وروژاندوە و وەرچەرخاندنێكی چاكیشی لە فەلسەفەی كۆمەڵایەتی و سیاسی تازەی فەرەنسیش كردووە. لە توێژینەوە فەلسەفییەكانیا ڕەخنەگرێكی تووندە لە دێمۆكراسی هاوچەرخی ڕۆژئاوا و یەكێكیشە لە ئایارییەكانی 68 ی پاریس و داكۆكیكەریشە لە ئایدیای كۆمۆنیزم و پێشیوایە بیركاری فۆڕمێكە لە هزر. بەپێچەوانەی هاونەوەكانی لە 1960 كان ،كە گرنگیان بە فەلسەفەی شیكردنەوەیی نەداوە، لەو گفتوگۆ فەلسەفییانە بەئاگایە كە لە نێوەندی فەلسەفی ئەنگلۆ- ئەمەریكی تایبەت بە لۆژیك و زمانەوانی كراون. بەتێگەیشتنێكی تر، فەیلەسوفە فەرەنسییەكانی سەردەمی بادیو ،ئەڵبەتە ئێپیستێمۆلۆژەكانی لێدەرچێت، ئەوەندە بایەخیان بە فەلسەفەی ماتماتیك و لۆژیك نەداوە و زیاتر بە سیاسەت و ئەدەب و شیكردنەوەی دەروونی و مێژووییەوە سەرقاڵبوونە. هەر ئەو وەختەش كە شۆڕشی قوتابیان لە 1968 لە پاریس لە دەركەوتن دا بووە بادیو یەكێك بووە لە چالاكەوانە سیاسییەكانی گۆڕەپانەكانی پاریس و ووردە ووردەش لەبارەی خود و گەشتی ئەم خودە لە جیهانی سیاسی و ژیانی هزریدا هاتووەتەگۆ. دیدی شۆڕشگێڕی و بیركاری بادیو پەیوەندیەكی یەكانیگیری بە باوكییەوە، رایمۆند بادیو Raymond Badiou هەیە، كە لە ماوەی جەنگی جیهانی دوو، لە ناوچەی تولوز Toulouse ، لەگەڵ گرووپە بەرهەڵستكارەكان دژ بە هێزی فاشی چالاكەوانبووە و پێش ئەوەش سەرقاڵی بیركاری بووە.

دۆز لە فەلسەفەی بادیو دا

واتای دۆز لە لێكسیكۆنی فەلسەفی بادیو بەهای فەلسەفی خۆی هەیە. ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە یەكەم گەورە نووسینیەوە بەناوی “”بوون و رووداو””، گرنگی بەم واتایە داوە و لە ڕاڤەكردنەكانی بۆ رووداو و هەل و مەرج و خود كەڵكی لێوەرگرتووە. دۆز بەپێی فەلسەفەی بادیو”دۆزە بۆ فەلسەفە، دۆزە بۆ هزری فەلسەفیی”. “دۆز دەشێت لە بارودۆخ پێكهاتبێت” و خاڵی جیاكارەی نێوان ناوەوە و دەرەوەشە. لە هزری فەلسەفی بادیو دۆز لەگەڵ وشەیەكی تر دێتەبەكاربردن كە بۆشاییە. لێرە بۆشای هیچ دەگەیێنێت. هیچیش لەناو دۆز خۆی لە دۆزینەوەی بۆشای بریتیدەكات. بۆشای لەناو دۆز ئەو بەتاڵایەیە كە پێویستی بە پڕكردنەوەیە. واتە “دۆز لەسەر بۆشای پێكدێت”. بۆشایش لەم دۆخەدا شتی، هیچی، تیانییە بۆیە ناونەنراوە. كەوابێت ناونەنراو ئەو شتەیە كە بۆشە. دۆخی بۆشای بەم جۆرە دێتەسازان. بەم شێوەیە بێت كە باس لە دۆز بكەین پێویستمان بە باس لە دۆخیش دەبێت. لێرە پرسیارەكە ئەوەیە كە دۆخی دۆز چۆن دێتەسازان؟ گەر وەلامەكەمان لە جۆری نموونەیەكی زیندوو بێت لەسەر هەنووكە ئەوا دەبێژین: دۆزی ئێستای جیهان بەدەست پەتای كۆرۆناوە و دۆخی ئەو دۆزە چ تێگەیشتنێكمان لا دروستدەكات گەر ئێمە لە ئەستێرەیەكی ترەوە بێینەسەر زەوی. بەپێی پسپۆران لە هزری بادیو ئەوەش شایانی وتنە كە دۆز لە پەیوەندییدایە بە واتای ڕاستییەوە. لەبەرئەوەی فەلسەفە بەپێی بادیو كردەیەكە لە ڕاستی ئەوا ڕاستیش هەروەك دۆز فرەیە. واتە نە دۆز و نەش ڕاستی تاك ڕەهەند نیین. دۆز لای بادیو حاڵەتی شت پێكدێنێت، واتە دۆز دەكرێت سیاسی بێت، ماتماتیكی بێت، بۆنموونە دۆز لەم نووسینەی بادیو لەسەر کۆرۆنا درماوییە.

هەنووكەیەكی درماوی

ئالان بادیو لە سەرەتای نووسینەكەی تایبەت بە پەتای كۆرۆناڤایرۆس، كە بە ناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی”” بڵاویكردۆتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەیزانیووە ئەم دۆزە هەنووكەییە، كە لە ناوەڕۆكدا پەتایەكی ڤایرۆسانەیە شتێكی ئاوارتانە (exceptional ) ی تایبەت نەبووە. بۆیە دەڵێت: گەر لە پەتای ڤایرۆسی ئایدزەوە دەستپێبکەین بەرەو ئەنفلاوانزای باڵندە و ڤایرۆسی ئێبولا Ebola و ڤایرۆسی سارس1 (SARS 1 ) – و بەشێكی تر لەو ڤایرۆسانەی ئەنتیبایۆتیكە چارەسەری نەكردن و تادەگاتە خودی گەڕانەوەی سورێژەش- دەبینین لەم بارەیەوە بازاڕی جیهانی كاری خۆی بەو جۆرە دەكات کە دەیەوێت، نەک هەرئەوە بگرە ناوچەیەكی زۆریش لە جیهان بێ پزیشكی پێوەدیارە و پێویستیەكانی كوتانیشی تیابەدیناكرێت، ئەوەش لە دواتردا دەركەوتنی درمی ترسناكی بەدەمەوەیە، هەر بۆنموونە ئەو ملیۆنەهایەی بەهۆی ئایدزەوە دەمرن بەڵگەیە لەسەر ئەم لایەنە. سەرباری ئەوە ڕاستییەك هەیە ئەوەش ئەوەیە کە دۆزی پەتای هەنووكە كاردانەوەی سەختی لەسەر ڕۆژئاوا داناوە و لە سۆسیال میدیاش دەبەنگیەكی زۆری وروژاندووە. بادیو پێیوایە پێویستە ئاماژە بە ناوی ڕاستەقینەی درمەكە بكرێت كە بە هیچ جۆرێك لەوەی پێشوو، واتە لە سارس 1، تازەتر نییە. كەوابێت بەپێی تێگەیشتنی بادیو ناوە ڕاستەقینەكەی ئەم درمەی ئێستا سارس 2 (SARS 2 ) ە و تەواوكەری سارس 1ە، كە لە بەهاری 2003 پێیدەوترا یەكەم نەخۆشی نەناسراوی سەدەی بیست و یەك. بۆیە درمی هەنووكە هیچی لەگەڵ ئەوەی پێشوتر جیا نییە و بەمەش دووەم جۆری درم لەم سەدەیە پێکدێنێت. لەم حاڵەتەدا بادیو بەباشی دەزانێت كە ڕەخنە ئاڕاستەی دەسەڵات بكرێت، چونكە پاش سارس 1 توێژینەوەی پێویست لەوبارەیەوە ئەنجامنەدرا،گەر بدرایە ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی سارس 2 سوودیلێوەردەگیرا. وەکیتر، بادیو پابەندبوون بەو دیسپیلینە توندەی بەهۆی ئەم پەتایەوە دروستبوو بە پێویست دەبینێت و لە ماڵەوەبوونیش لە هەموو شتێكی تر بەباشتر دەزانێت و داواشی لە ئەوانیتر ئەوەیە كە هەمان شت بكەن، هیچ نەبێت بۆ پاراستنی خۆیان لە تووشبوون و پاراستنی ئەوانەش کە لە پێشی پێشەوەی مەترسیكەن، كە كارمەندانی پزیشكی دەگرێتەوە تا دەگاتە بەتەمەنەكان لە “ماڵی بەساڵاچووان” و ئەوانەش كە بەرەو كارەكانیان ڕۆژانە بەڕێدەكەون. كەواتە “لە ماڵەوە مانەوە” بەبۆچوونی بادیو ئەركە و بەشێكە لەو دیسپیلینەی لایسەرەوە باسكرا، ئەوانەش كە بێ ماڵن پێویستە خەمیان بخورێت و داڵدەیەكیان بۆ دابینبكرێت. ڕاستە ئەم ئەركانە بوونە بە ناچاریەكی زۆر مانادار، بەڵام پێویستی بە تەقەلای شیكاری زۆر یان دروستكردنی ڕێگایەكی نوێ بۆ بیركردنەوە نییە. بادیو دەڵێت: ڕۆژانە هەقایەتێكی زۆر دەبیستم، هەقایەتەكان بەرهەمی ئەو پەشێوییەن ئەو دۆزە دروستیكردوە كە لەكۆتایدا دۆزێكی سانەیە. بادیو بێگومانیشە لەوەی ئەم دۆزە درماویە بۆچوونی جیای دروستكردووە: هەندێك لە جیهانی خۆیاندان، هەندێكی تر خەریكی لۆمەكردنی ماكرۆنMacron ی داماون و ناشزانن ، كە ماكرۆن وەك سەرۆكی وڵات ،لە كاتی جەنگ یان درم، تەنیا خەریكی كاری خۆیەتی و، کە دۆزێكیش لە پشت ئەم درمەوە لەسەرهەڵدانە چەند جەمسەریە. هەندێك لافی شۆڕشگێڕی لێدەدەن لەكاتێكا هیچ شتێكیان بۆ لەناوبردنی درمەكە پێنییە. هەیە كەوتۆتە بارێكەوە نزیكە لە ڕەشبینی ئەپۆكالیپس(apocalyptic) (هەستی كۆتای جیهان)، هەشە تەنیا لە خەمی خۆیدایە، ئەمەش درێژەپێدانەوەی بەدییە تا كاتێكی نادیار.
بەبۆچوونی بادیو، پێدەچێت ڕووبەڕوبوونەوەیەكی زۆری ئەم درمە لە گشت شوێنێك زێدەڕۆییەكی لە چالاكی جەوهەری عەقڵی كەسەكان دروستكردبێت و ناچاریشیكردوبێتن بۆ هەندێك دەرەچەی خەماوی تر بگەڕێنەوە- تەسەوف، ئەفسانە، نوێژ و بەدبینی- كە لە سەدەكانی ناوەڕاست كاتێك پەتا تیایا بڵاوبوەتەوە ئەو شتانە ئاسای بوونە. لە دەرئەنجامی ئەوە، بادیو پێیوایە ناچارە هەندێك شت بڵێت كە بەخۆشحاڵیەوە ناویانبنێت: دێكارتانە (cartésiennes ) (فەیلەسوفی فەرەنسی دێكارت مەبەستە). سەرەتا ئاماژە بەو كێشەیە دەکات کە ئەم درمە لە هەندێك شوێن بە خراپ ناونرا و بە خراپیش چارەسەركرا. سەرەتاكانی ئەم درمە دەكرێت لە شوێنێكی وەك وەهان دەستیپێكردبێت كە ژینگەیەكی سەرەتایی لە پاكوخاوێنی و خۆپارێزی تیایە و بازاڕە كراوەكانیشی شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵی زیندووە. ئەو بۆچوونەش هەیە كە تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دێن. ڕوونیش نییە چۆن ئەمە روودەدات؟ كارە زانستییەكان دەبێت ئەوەمان بۆ شیبكەنەوە. بانگەشەیەكیش لە ئینتەرنێت دەكرێت كە چیینیەكان شەمشەمەكوێرە خۆرن و كەچی هیچیشیان لێنایەت. گوازتنەوەی تێكڕای ڤایرۆسەكان لە ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ، بۆ بادیو، ئەمە خاڵی سەرەكی كێشەكەیە. ئاشکرایە دەوڵەتی سەرمایەداری چینی ئامادەبوونێكی باشی لەناو بازاڕی جیهانی هەیە و پاش دەركەوتنی ڤایرۆسەكەش لە شاری وەهان توانرا شارەکە، کە 40 ملیۆنی یە، گۆشەگیربكرێت و ڤایرۆسەکەش بنەبڕبکرێت ، لێ موخابن ئەمە کاتێککرا کە ڤایرۆسەكە بەرەو جیهان ڕۆشت. بەپێی شیکردنەوەکەی بادیو ئێمە لەبەردەم كێشەیەكی دوانەیداین سەبارەت بە دۆزی درمەكە. چۆن؟ سارس 2 ، ئەوەی لە وەهان دەركەوت، هاوكات لە شەنگەهایش حاڵاتی تر دەركەوت، ئەوەش بەهۆی ئەو چینیانەوە بوو لە دەرەوەی چینەوە هاتبوونەوە. چین لەم حاڵەتە دەكرێت وەك ئەوە ببینرێت کە شوێنێكی كۆنی پڕ لە داب و نەرێتی دێرین و هاوكات بازاڕێكی جیهانیشە، خەڵکی كە لە هەموو لایەكەوە سەردانیدەکەن. كەوابێت لەم حاڵەتە دیاریكردنی ڤایرۆس سانا نییە. لەوە سەرنجڕاكێشتر، درمەكە لۆكاڵی نییە، لێ موخابن ڕووبەروبوونەوەكەی لۆكاڵی بوو یاخود دواتر بە لۆكاڵی مایەوە لەگەڵ بوونی هەندێك وڵاتی سەرووی نەتەوەیش. شتێكی ڕوونە كە دەوڵەتە بۆرجوازییە لۆكاڵییەكان كەوتنە بەرەی پێشەوەی ئەم ڕووبەروبوونەوەیە. واتە هەریەكە بۆخۆی كاری لەسەر وەستانی درمەكە كرد.
بادیو نە ئابووری جیهان وەك یەك ئابووری سەرمایەداری جیهانی دەبینێت و نەش بازاڕەکەی. ئەو ناكۆكیەش لەنێوان ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا هەبوو لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەم درمە پتر دەركەوت. وڵاتانی ئەوروپاش نەیانتوانی سیاسەتی خۆیان لە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە بگۆڕن. گومانیش ناكرێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم ناكۆكیە گەر پێویستبكات دەوڵەتی نەتەوەیی ئامادەیە شێوازی دەسەڵاتەكەی بگۆڕێت. چۆن؟ لەماوەی جەنگی نێوان وڵاتانا دەوڵەت واپێویستیدەكرد بارگرانی نەك هەر بخاتە سەر هاوڵاتیان، بەڵكو بۆرجوازیانیش، ئەمەش بۆ پاراستنی سەرمایەی لۆكاڵی بوو نەك شتێكی تر. لەو دەمانەدا بەشێك لە پیشەسازیش خۆماڵی دەكرا بەتایبەت ئەو جۆرەی بە بەرهەمهێنانی چەكەوە تایبەت بوو . هەندێك لە بۆرجوازیەكانیش دەكران بە ئەفسەر و دواتر لە بەرەی جەنگ دەمردن. زاناكانیش شەوڕۆژ لەپێناوی بەرهەمهێنانی چەكی نوێ كاریاندەكرد. زۆرێك لە روناكبیر و هونەرمەندانیش رۆڵی پروپاگەندەیان دەبینی. ئەوە بوو دۆزی کاتی جەنگ و دەوڵەتی نەتەوەیی. هەرچی دۆزی درمەکەیە، بادیو وتەنی، هەموو پەرچەكرداریەكی بەخۆوە بینی، لەمڕوەشەوە باسی دۆزی فەرەنسا دەكات كە چۆن ماكرۆن بانگەشەی یارمەتیدانی خاوەن كار و پیشە بچووكەكانیكرد و بەڕاشكاویش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد “ئێمە لە جەنگ داین”. گومانی ناوێت لە كاتی جەنگ یان درم دەوڵەت ناچارە سروشتی چینایەتی خۆی بگۆڕێت تا ستراتیژێكی ئەوتۆ داڕێژێت بەهۆیەوە بکارێت ڕووبەڕووی ئەوە ببێتەوە مەترسی دروستكەرە. ئەمە دەرئەنجامی لۆژیكی ئەم جۆرە دۆزانەیە كە لە كۆتایدا بۆ بردنەوەی ئەو جەنگەیە ماكرۆن ناوینا. لێرە دەكرێت باسی خراپی كەرتی تەندروستیشبكرێت کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی درمەکە لە ئاستی پێویستدا نەبێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش وڵات دەخاتە بەردەم دۆزێكی ناهەموارەوە.
بادیو جەخت لەوەش دەكات کە هەڵەنییە گەر بڵێین ئەم جۆرە پەتایەی کە لە فەرەنسا بڵاوبوەوە كەس پێشبینی نەدەكرد جگەلە چەند زانایەك. ئەمە دەكرا لە شوێنێكی وەك ئەفەریقای تاریك یان چینی تۆتالیتاری رووبدات نەك لە شوێنێكی وەك ئەوروپای دێمۆكراسی. چەپەكان، بە هێلەگ زەرد و سەندیكاكانیشەوە، پێشبینی ئەمەیان نەدەكرد كەچی بەردەوامیش لە گاڵتەكردندان بە ماكرۆن. بادیو لە ئێستایەکدا باس لەم هەل و مەرجە دەكات كە لە فەرەنسا دوژمنێكی گشتی بوونی هەیە. ئەم دوژمنە لە كاتی جەنگ دەشێت بە داگیركەرێكی دەرەكی ناوبنرێت، لێ لە حاڵەتی ئێستادا دەكرێت بە ڤایرۆسی سارس 2 ناوبنرێت. ئەم جۆرە دۆزانە (جەنگی جیهانی و پەتای جیهانی) لەسەر ئاستی سیاسی بێلایەنن. بادیو دەخوازێت بەو دەرئەنجامەمان بگەیێنێت كە ئەو وانەیەی لەم دۆزەوە فێریدەبین ئەوەیە كە وەها پەتایەك ناشێت هیچ جۆرە دەرهاویشتەیەكی سیاسی لێوەبەدیبكرێت. هیچ هیوایەكیش بە بۆرجوازییە سیاسییەكان ناكرێت كە بكارن پاڵ بە ماكرۆنەوە بنێن. ئەوانەی ئارەزووی گۆڕانێكی ڕاستەقینەی سیاسی لە فەرەنسا دەكەن پێویستیان بەوەیە كەڵك لەم كاتە درماویی و تەنانەت گۆشەگیرییەش وەربگرن تا فیگەری نوێی سیاسی دروستبكەن. ئەم دۆزە واشیكرد پێویستمان بەوە بێت پێداچوونەوە بە دۆزی نەخۆشخانە و تەندروستیدا بكەین. سۆسیال میدیاكانیش جارێكیتر سەلماندیان كە گیرفانی ملیاردێرەكان قەڵەوتردەكەن و زەمینەش بۆ بانگەشەیەكی لێڵی فاشیستانە خۆشدەكەن.
كەوابێت، ئەوەی لە تێكستەكەی بادیوەوە وەبەرهات سەرەتا ئەوە بوو كە بپرسین: فێربوون لەم پەتایە بە كوێمان دەگەیێنێت؟ دەشێت وەڵامەكە ئەوە بێت كە ئەم پەتایە مرۆڤایەتی خستەژێر تاقیكردنەوەوە. ڕژێمەكان هەموو شتێكیانكرد تا بەسەریا زاڵبن. بەشێك لەو ناچارییە تەندروستیەی هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا تێكەوتن پەیوەندی بە خراپی كەرتی تەندروستیانەوە بوو تا گەورەیی پەتاكە. دوركەوتنەوەش ،بادیو وتەنی، لە لێكدانەوەی سۆفیانە بۆ ئەم دۆزە گرنگی خۆی دەبینێت. هەروەها بێتوانایی دەوڵەتی ناسیۆنال لە رووبوڕووبونەوەی ئەم رووداوە جیهانیە وایكرد ئابووری و سیاسەت ناكۆكییان تێبكەوێت. ئابووری كەوتەژێر سایەی بازاڕی جیهانییەوە و ئەركی سیاسەتیش بووە ڕووبەڕووبونەوەی درمەكە، ئەڵبەتە، لەئاستی دەوڵەتی ناسیۆنالدا.

گریمانەی كۆمۆنیستی

لەو تێكستەی کە بادیو لایسەرەوە سەبارەت بە دۆزی جیهان پاش دەركەوتنی كۆرۆنا كاریلەسەر كردووە دەبینین سێبەری هزری چەپگەرای بادیو، تەنانەت چین، ماو و كۆمۆنیزمیش كەوتوونەتە ناو هزری سیاسی تێكستەكەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوە بكەین كە بادیو یانزە ساڵێك لەمەوبەر، لە 2009، نووسینێكی بەناوی گریمانەی كۆمۆنیستی Hypothèse communiste نووسیوە، كە بەشی پێنجەمی زنجیرە پەرتووكی “”بارودۆخ”” پێكدێنێت، بۆ ئەو مەبەستە لێرە چەند تێگەیشتنێكی ئەو نووسینە بەسەر دەكەینەوە. بادیو لەژێر سایەی ئەو گریمانەیە جارێكیتر واتاگەلێكی وەك دەوڵەت، دێمۆكراسی، ئۆپۆزیسیۆن، ململانێی كۆمەڵایەتی، سەرمایە و دادپەروەری دەخاتەوە بەرمشتومڕی فەلسەفیی بەرینەوە. هاوكات بەپێی ئەو گریمانەیە نە داهاتووی مرۆڤایەتی لە سەرمایەداری بریتیدەبێت و نە تاهەتایە مرۆڤایەتی لەناو بێدادیدا دەكارێت بژیت. بیرۆكەی بادیو لێرە ئەوەیە كە جیهانێكی تر جگەلە سەرمایەداری دەشێت هەبێت و دژ بەم جیهانە سەرمایەداریە وەحشەتناكەی ئێستا بێتەسازان. بۆ بادیو لەمحاڵەتەدا گەڕانەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئایدیای كۆمۆنیزم سیاسەتی شۆڕشگێڕی، ململانێی چینایەتی و یەكسانیمان بیردەخاتەوە. بەس پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە: شیاوە ئەم گەڕانەوەیە پاش ئەو ئەزموونە ڕەشەی مرۆڤ لەژێرسایەی كۆمۆنیزم تیایاژیا؟ واتە “بەپێی چ ڕەوایەتیەك چالاككردنەوەی ئایدیای كۆمۆنیزم” گونجاوە؟ شایانی وتنە، كۆمۆنیزم، بەقەولی بادیو، تاكە گریمانەی ڕاستەقینەیە و ئەوانەش كە دەستبەرداری ئەم گریمانەیە دەبن خۆیان دەخەنە باوەشی ئابووری بازاڕ و دێمۆكراسی پەرلەمەنتاریزمییەوە. جگەلەوە بادیو بەشێك لە ڕاڤەكردنەكانی تایبەت بە كۆمۆنیزم بۆ وەستان لەسەر دەستەواژەی “فەشەل” تەرخانكردووە. پرسیاری فەشەل چییە؟ چی لە سیاسەتدا بە فەشەل دەزانرێت؟ بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە ئەم دوو پرسیارە گەڕانە بەدوای هۆكاری مێژوویی فەشەلی كۆمۆنیزم. هەر ئەمە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە كە وشەی كۆمۆنیزم چی لەمناڵدانیدا كۆدەكاتەوە. بەپێی ئەم بیرمەندە فەشەلی كۆمۆنیزم بەڵگە نییە لەسەر دەستهەڵگرتن لە ئایدیای كۆمۆنیزم. ئەمە وادەكات بڵێین گریمانەی كۆمۆنیستی لە هزری سیاسی بادیو لە خودی خۆیا بریتییە لە گەیشتن بە ئایدیای ڕزگاریخوازی و یەكسانی. نەك هەرئەوە بەڵكو بەدوای چارەسەری نوێش بۆ فەشەلی سیاسی كۆمۆنیزم دەگەڕێت و بیركردنەوەی نوێی سیاسیش پێشنیاردەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە دەركەوتنی هێزی سیاسی نوێ ،بۆ بادیو، هیوایەكن بۆ سەرخستنی گریمانەكە. بۆیشە بادیو لە دیدی سیاسییەوە بەدوای هۆكارەكانی فەشەلی كۆمۆنیزم دا دەگەڕێت و لەو بارەیەوە سێ چركەی شۆڕشگێڕی لە مێژوو دیاریدەكات كە هەڵگری تووخمی پرۆژەی كۆمۆنیستی بوونە: كۆمۆنەی پاریس، شۆرشی كولتووری(چینی) و ئایاری 68 (رووداوەكانی ئایاری 68 ی پاریس). بادیو لەلایەكەوە كێشەكانی ئەزموونی كۆمۆنیستی دەخاتەبەرچاو و هێرشی تووند دەكاتە سەر پراكتیزەكردنە سیاسییەكەی و لەلایەكیترەوە دەستبەرداری گریمانەی كۆمۆنیستی نابێت و وەك دژەجەمسەرێكی سەرمایەداریش بەكاریدەبات. هەمیشەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە فەشەلی چەپی فەرەنسی، و ئەوروپای، كاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر تێگەیشتن بۆ كۆمۆنیزم داناوە. لە باسی گریمانەی ناوبراودا بادیو بەوەوە ناوەستێت كە تەنیا نامرۆی سەرمایەداری جیهانی پێشانبدات بەقەد ئەوەی کە ئەو ڕابردووە سیاسییە تەڵخەش بەرباسدەخات كە مرۆڤایەتی لەژێرسایەی ستالینیزم تیایاژیاوە، بەڵام چواندنی هیتلەر بە ستالین بە هەڵە دەزانێت. پاش چاپكردنی ئەم پەرتووكەش بە بەردەوام ئەو پرسیارەی ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە بەمجۆرەیە: پاش ئەو ئەزموونە تاڵەی كە كۆمۆنیزم بۆ مرۆڤایەتی هێنای (ستالیزیزم) كەس ئامادەیە گریمانەی كۆمۆنیستی لاپەسەندبێت؟ واتە ئەو بێدادیەی كۆمۆنیزم لە چینی ماو و سۆڤیەتی ستالین دروستیكردوە گەورەترین كێشەن لەبەردەم ئەو گریمانەیەی ئێستا بادیو دەخوازێت بۆیبگەڕێینەوە، بەڵام بادیو بەراووردكردنی تاوانسازییەكانی سەرمایەداری بە كۆمۆنیزم بە شتێكی نەشیاو دەزانێت. نەك هەرئەوە بگرە ئایدیای كۆمۆنیزم كە بەشێكە لە مێژووی ئایدیای سیاسی ڕابردوو و ڕۆژانێكیش ئینجیلی چەپەكان بووە لە ئێستادا گونجاندنی لەبەردەم زۆرێك ئەستەمیدایە. ئێستا كە سەرمایەداری گەیشتۆتە قۆناغی پاش سەرمایەداری ڕێگا بە هاتنەناوەی كۆمۆنیزم نادات و تاپێشیبکرێت ئایدیاكەی قێزەوەندەکات. ئەگەرچی ئاشكراكردنی ئەو نادادپەروەری و قەیرانە ئابوورییانەی سەرمایەداری لۆكاڵی، دەوڵەتی ناسیۆنالی سەرمایەداری، لە كۆمەڵگە بەرهەمیانهێناوە هۆكارن كە سەرمایەداری خۆشەویست نەبێت، بەڵام سەرمایەداری جیهانی لە گەڕانەوەی کۆمۆنیزم دەترسێت؟

————————————————————————————————

تێبینی: لەو ماوەیەی كە بەشێكی زۆر لە فەیلەسوف و ڕوناكبیرانی ئەوروپا دەستیانكرد بە نووسین لەسەر پەتای كۆڤید-19 ئالان بادیوش یەكێك بوو لەو بیرمەندانەی لەو بارەیەوە كەوتە نووسین. نووسینەكەی بەناوی””لەمەڕ دۆزی درماوی Sur la situation épidémique “” لە 21/03/2020 بڵاوكرایەوە كە نوسخەی ئینگلیزیەكەی لە ماڵپەری چاپخانەی ڤێرسۆ versobooks.com لە 23/03/2020 دانرا. تێكستەكە لەلایەن روناكبیری ئیتالی ئالبێرتۆ تۆسكانۆ Alberto Toscano وە، كە یەكێكە لە وەرگێڕی كارەكانی بادیو بۆسەر زمانی ئینگلیزی، وەرگێردرا. نوسخە فەرەنسیەكە لە زۆر شوێن https://qg.media/ بڵاوبۆتەوە. بادیو لە نووسینەكەی لە هەندێك شوێن درم Épidémie بەكاردەبات و لە هەندێك شوێنی تر پەتا Pandémie .

Previous
Next
Kurdish