Skip to Content

نامه‌ی ئه‌ده‌بی- نامه‌ی: (ڕێبوار سیوه‌یلی) بۆ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

نامه‌ی ئه‌ده‌بی- نامه‌ی: (ڕێبوار سیوه‌یلی) بۆ (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)

Closed
by May 25, 2020 General, Literature

ڕەنجدەر گیان سڵاو:


كۆمەڵە نوێیەكەت: (سه‌ره‌تا وشه‌بوو)م خوێندەوە، ناڵیم زۆر بە وردی و دیققەتەوە، بەڵام تەواو چێژم لێ بینی. چێژی ئەو ڕوانگە بەرینەی، كە لە تەواوی دەقەكاندا هەیە. بەهەمان ئاست گوزارش لە خۆی دەكات. جار هەیە دەنگی ناو ئەم دەقانە لە دەنگی مرۆڤ دەچن، جارانێكیش ئەو دەنگە دەبێتە دەنگی ڕۆحێكی پەڕاگەندە بەناو هەموو ئەو شوێن و كاتانەدا، كە بوون تیایاندا لە شێوەی جۆربەجۆردا ئامادەیە. هیچ سنوورێك، یان پیرۆزییەك نییە ئەم دەنگە سڵی لێ بكاتەوە و نەیدوێنێ و بە زمانی نەهێنێت. زۆر جار ئەو دەنگە هەڵدەكشێ و خەبەر لە شوێنێكی دیكە دەدات، بەبێ ئەوەی ئەو شوێنە، یان بوون، یان میتافیزیكا بێت. زمانی ئەم دەنگە ناخەكییەی تێكستەكان زمانێكی ئەوەندە ڕۆحییە، تێكەڵ بەهەر شتێك دەبێت و ڕەوان گوزارشی لێ دەكات. وەك ئەوەی وشەكان شلەیەك و ئاوێك بن هەمیشە بەئاسانی فۆرمی ئەو دەفرە دەگرن، كە دەڕژێنە ناوی.
(داواشم لە خاڵبەندی كردووە واز لە ڕاوەدوونانی ڕستە بێنێت)
نەبوونی نیشانەكانی خاڵبەندی لە تەواوی ئەم دەقانەدا، دەلالەتی ئازادیدان بە زمان زۆر فراوانتر دەكات. وەك ئەوەی ئەم زمانە خۆی لە هەر قەیدوبەندێك ڕزگار كردبێت، كە زمان لە ئازادیی دابڕ دەكات بەبێ ئەوەی هەست بە غیابی مانا بكەین. بەم جۆرەش، نیشانەكانی خاڵبەندیی پووچ دەكرێنەوە و زمان ئەو ئارایشكردنەی ڕەت دەكات و بە ڕووتوقووتی دێتە دوان. هەڵبەت دەزانم، كە لە دیوانە دووبەرگییەكەشتدا تا ڕادەیەكی زۆر ئەم بنەمایەت پەیڕەو كردووە، وەك ئەوەی بتەوێ پێمان بڵێیت: نیشانەكانی خاڵبەندی هیچ مانایەك لە شیعر زیاد و كەم ناكەن، پێویستە شیعر هەر بەو تۆنە گەردوونیی و بێ ئارایشەی سەرەتای خۆی بمێنێتەوە. بێگومان ئەمە یارمەتیدانی خوێنەریشە بۆ ئەوەی مانای حازربەدەست لە میانەی ڕەچاوكردنی خاڵبەندییەوە، وەرنەگرێت و بۆخۆی مانا لە دەقدا بدۆزێتەوە. بەم جۆرەش شیعرێك، كە خۆی ئازادە لە وێناكردنی جیهاندا، ئازادییش بە خوێنەر دەدات، كە ئازاد بێت لە تێگەیشتنیدا.
سەرەتا وا دەزانیت بە ئاسانی خۆیان نایەن بەدەستەوە و كەشێكی زەینی و توێخێكی ئەستوور ڕێدەگرن لەوەی بە ئاسانی بچینە ناویانەوە، كەچی پاش خوێندنەوەی چەند دەقێك و بڕینی ئەو توێخە و ناسینی ئەو كەشە زەینییە، خوێنەریش ڕەنگی ئەو دەنگە شلە دەگرێت و شتەكان لە خەیاڵی خۆیدا وێنا دەكات و جیهانی ناو دەقەكانی بۆ ڕوون دەبێتەوە و ڕەوان. من دەزانم ئەو ڕێگرییە بەئەنقەست دروستنەكراوە، بەڵكو ئەوە فەرهەنگی تایبەت بە شاعیر و فۆرمگرتنی زمانەكەیەتی، كە منی خوێنەر ناچار دەكات لە فەرهەنگی تایبەت بە خۆم و ئەو زمانە شیعرییەی خووم پێوە گرتووە، بێمە دەرەوە بۆئەوەی بتوانم مامەڵە لەگەڵ ئەم زمان و فەرهەنگە شیعرییەی تۆدا بكەم. ئەمەش جێی دەستخۆشییە، كە شاعیر فەرهەنگی شیعری تایبەت بەخۆی هەبێت.
گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم دەقانە ئەو هەوڵدانەیە، كە ناچارمان دەكات ڕوانگەی خۆمان بۆ شتەكان و پەیوەندییەكان و خووپێوەگرتووەكان بگۆڕین و جیهان بەو جۆرە ببینین، كە لێرەدا و لەم دەقانەدا بوار بە بینینی خۆی دەدات. ئەزموونێكی زۆر شیعر نووسین، كە لە دیوانە دووبەرگییەكەتدا هەیە، لەم كۆمەڵەیەدا زۆر ڕوونبۆتەوە بەبێ ئەوەی لە قووڵایی كەم بكاتەوە و لە ئاستی زمانە شیعرییەكە بهێنێتە خوارەوە.
لایەنێكی دیكەی ئەم دەقانە ئەو ڕێچكە پەروەردەییەی كە لە دەقەكاندا گیراوەتە بەر، پەروەردەكردنی ناخ و هەوڵدان بۆ ئەوەی جیهان بەشێوەیەكی دیكە ببینرێت و ناخ و دەروون لە چەقبەستوویی ڕزگار بكات. ئەمە ئەركێكی زۆر گرنگی شیعرە، كە بتوانێت پەروەردەمان بكات و تەمی ئاڵۆزی و بەهەڵەتێگەیشتن و بڕیاری پێشینە و حەسوودی و دڵڕەقی لە مرۆڤدا بڕەوێنێتەوە. شاعیرە باش و بیركەرەوەكان دەتوانن ئەم شیاوەكییەی شیعر بدۆزنەوە و جیهانی پێ دابڕێژنەوە وەك ئەوەی پێویستە هەبێت، نەك وەك ئەوەی كە هەیە. ئەم ڕوانگە لە دەقەكاندا و بە هەمان ئاستی بیناكەرانە و دووركەوتنەوە لە كەف و كوڵ و ئاھ و ناڵەی پڕ لە زیادەڕۆیی و وشە ڕیزكردن، درەخشانییەكی ڕوونی بەم دەقانە بەخشیوە. لە ڕاستییدا توانیوتە (وشە بكەیتە سەرەتا) و سەرەتاییبوونی وشە و دەسەڵاتی وشە بەرجەستە بكەیت، هەر بە وشەش لەگەڵ ڕەگەزەكان و شێوەكانی بوون و ساتەكانی بەدیاركەوتن و بەرجەستبوونی دیار و نادیارەكانی ژیان بدوێنیت.
لەمەدا وێنەكان و خەیاڵلێكراوەكان و وێناكردنەكان تەواو سەركەوتووانەن لە پێكگەیاندنی خەیاڵ و بیركردنەوەی خوێنەر بە خەیاڵ و وێناكردنەكانی ساتەوەختی شیعریی شاعیر.
(باران لەدار بەریدامەوە ناو چاڵی گوللەیەك
چێڵێكی عۆل و حەپۆل دەمخوات)
یان:
(بوومەتە گۆی زەوی بە چواردەوری هەموواندا دەسووڕێمەوە)
هەرچەندە زمانەكەی بەرز و ڕەوانە و خوێنەر پەلكێشی مانای قووڵ دەكات و ناچاری دەكات گۆشەنیگاكانی بۆ شتەكان بگۆڕێت، بەڵام خۆدواندنێكی بەردەوامیی شاعیریشە لە جیهانێكدا، كە هەموو شت تیایدا ئاڵۆز بووە، كەچی ئەو دەیەوێت بە وشە جیهان ڕێكبخاتەوە.
لە چەند شوێن هەستم كرد هەڵەی بچووكی تایپیش هەر هەیە، ڕەنگە پێویست بێت جارێكی دیكە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
خۆشەویستییم.

ڕێبوار سیوەیلی
2020/5/23 هه‌ولێر

Previous
Next