Skip to Content

لە نێوان هەبوون و نەبووندا … نەوزاد بەندی

لە نێوان هەبوون و نەبووندا … نەوزاد بەندی

Closed
by ئایار 27, 2020 General


خەیام ئەڵێ / خۆزگەم بەوانەی لە دایک نەبوون /
ئەم دێڕە شیعرە کە فەیلەسوفێک نوسیوێتی ، ناکرێ بە سادەیی وەریبگرین ..لەدایک بوون واتا سەرەگرتن بۆ مردن ..کارەساتەکە لێرەدایە ..لەماوەی ئەو سەرەگرتنەیشدا ببی بە خاوەنی هەر کەس و شتێک ، ئەبێ لە جێیەکی ترەوە دیسان بچیتە سەرەوە بۆ لە دەستدانی ئەو کەس و شتانە .. کێشەیەکی گەورەیە ..
بۆیە خەیام لە شوێنێکی تردا وتوویەتی :
/ وەها بزانە چی هەیە نیە
چی نیە هەیە ،سەیرە ئەم حاڵە ..! /
بە واتایەکی ووردتر ، هەموو هەبوونێک بەواتای ڕوودانی نەبوونێکە ..لە هەمان کاتدا نەبوونەکان بەڵگەی هەبوونەکانن ..
کوڕێک دەبینی ، گەوره بووه ، ڕیش و سمێڵی داناوە ، ئەم کوڕە تەنیایە ، بەڵگەی هەبوونی ژن و چەند مناڵێکە کە هێشتا دیار نین .. پاش ماوەیەک ئەم کوڕە ژن دێنێ و دوو مناڵ لەگەڵیاندا دەڕۆن ، هەبوونی ئەم ژن و دوو مناڵە ، بەڵگەی نەبوونیانە ، چونکە ڕۆژێک دێت لێیان دادەبڕێت و نامێنن ..ئەمە لە دیدگای ژنەکەیشەوە ڕاستە ، کە خاوەنی هاوسەرێک و دوو مناڵە ، به واتای خاوەنیان نیە و سەرەی گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەمانیان ، لەکاتێکدا پێشتریش کە خۆی هاتە دنیاوە دیسان لەسەرەیەکی قورستر و درێژتردا ڕاوەستا بۆ وەرگرتنی بڕیاری دەرچوون لە دنیا ..مناڵەکانیش بە هەمان شێوە کە هەریەکێکیان خاوەنی برایەک و دایک و باوکێکن ، لە هەمان کاتدا لە سێ سەرەدا وەستاون بۆ لە دەستدان و تەسلیمکردنەوەی برایەک و دایکێک و باوکێک ..
هەر لەو لێکدانەوەیەوە ، عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب ئەڵێت : / خففوا تلحقوا / .. واتا کەم شت لە خۆتان کۆبکەنەوە ، پێڕادەگەن ..
ئاخر عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لەگەڵ خواناسیەکەیدا، فەیلەسوفیش بووە ..
ووتەکەی ئەوە ئەگەیەنێت لە دنیادا شت زۆر لەخۆت کۆمەکەرەوە ، چونکە هەر کەس و شتێک لە بەروارێکدا بە خۆتەوە ببەستیتەوە ، ئەبێ لە بەروارێکی تردا ئەو کەس و شتانەت لە دەست بێتەوە و نەمێنن ..ئەم پرۆسەی دەستکەوتن و لە دەستدانە ، لەگەڵ ئەوەی کە ناخۆشە و جێی خەم و گریانە ، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن بۆ ئەوەی لەیادی بکەیت کە خۆیشت لە سەرەدا وەستاویت بۆ تەسلیمکردنەوەی هەبوونی خۆت ،یان ڕاستتر بۆ گۆڕینەوەی هەبوونی خۆت بە نەبوون ..هەروەها ئەو شت و کەسی زۆر لەخۆکۆکردنەوەیەت ئەبێتە هۆکارێک بۆ سەرقاڵبوون بە بەڕێوەبردنیان و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنیان و دوورخستنەوەیان لە ئەگەرەکانی نەبوون و له دەستدان ، ئەوەیش وا دەکات هەموو تەمەنت کە بریتیە لە سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی بڕیاری نەبوونی خۆت ، لە بێئاگاییدا بەسەر ببەیت ..بەواتای ئەوەی کەیسە گەورەکانی بوون و بابەتە گەورەکانی دوای بوون لە یاد بکەی به هۆی کۆمەڵێک کەس و شت کە لە خۆت کۆکردوونەتەوە و ئەوانیش دیسان سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی نەبوون ..
هەر بۆیە عەلی ئەڵێ بۆ ئەوەی بگەنە جێ ، شت زۆر لە خۆتان کۆمەکەنەوە …چونکە ژیان دەریایەکە ، هەتا لاشە و پەیوەندییەکانت سوکتر بن ، مەلەت باشتر بۆ ئەکرێ و خێراتر دەریاکە ئەبڕیت ..
بەڵام ئەگەر کەسانێکی زۆر و شتێکی زۆر لە خۆت کۆبکەیتەوە ، نەک هەر بواری مەلە کردنت نامێنێ ، تەنانەت بواری هەناسەدان و تقوسە گرنگەکانیشت نامێنێ ..خەڵکێک هەن بە هۆی کۆکردنەوەی شتی زۆر و خەڵکی زۆر لە خۆیان ، بواریان نەماوەتەوە بۆ کتێب خوێندنەوە ، بۆ نوێژ ، بۆ گەشت ، بۆ ئازادی ، بۆ خەو ، بۆ خۆشی ، بۆ جوانی …
لە کاتێکیشدا کە سەرەی نەبوونەکەی نزیک دەبێتەوە ، کۆمەڵێ کارەساتی جەرگبڕ ڕوو دەدەن ، وەک خاوەندارێتی ئەو هەموو کەس و شتە ، کە خۆیان لە بنچینەدا چاوەڕێی نەبوون دەکەن ، ئاخۆ ئەو خاوەندارێتیە بدرێتە کێ و چۆن دابەش بکرێ ؟
سەرجەم کێشەکانی دنیا لەوەوە سەرچاوە دەگرێ خەڵکێک یان ووڵاتانێک ئەیانەوێ زۆرترین شت و کەس بۆ خۆیان بێ بە بێ ئەوەی ئاگایان لەوە بێ کە هەموو کەڵەکەبوونێک ، بەربەست لەبەردەم خۆیاندا دروست دەکات ..بەربەستی مادی و دەروونیی ..
کاتێ بیر لە ٣٥ ساڵ پێش ئێستا دەکەینەوە ، هەست ئەکەین ئەو کاتە زۆر بەختەوەر بووین ، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ئەمڕۆ کەس و شتێکی زۆرمان لەخۆمان کۆکردۆتەوە بە جۆرێک بواری هەناسە و جوڵەی لێبڕیوین و لە هەموو ئازادی وبیرکردنەوەکان دایانبڕیوین ..هەر لە خێزان هەتا کەرەستە و ئامێرەکان ..هەتا خانوو و بەرژەوەندییە ماڵییەکان ..کامتان خۆزگە بۆ ئەوە ناخوازن کە کوڕەکەی جاران بووایە ، بۆ ئەوەی بە ئازادی و بێخەم و بێ ئاوڕدانەوە سنوورەکان ببڕێ و دنیا بگەڕێ ؟؟ بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆی و بە پێی حەزەکانی خۆی بژی ؟
هەمووتان ئەو خۆزگەیە ئەخوازن ..ئەوانەیشی کە ئەو خۆزگەیە ناخوازن ، ئەوەندە بوون بە ژێر کەس و شت و دەستکەوتەکانیانەوە ، تەنانەت هەستی خۆزگە خواستنیشیان لە کار کەوتووە و ئیش ناکات .
هەر بۆیه عەلی بە چەند ووشەیەک ئاگادارمان ئەکاتەوە هەتا قەپاڵ کەمتر لە دنیا بگرن ، ئازادترن و زووتر ئەگەن بە خواستەکانتان ..باشتر ئەتوانن بیر بکەنەوە وبزانن ئێوە بۆچی هەن و بۆچی نامێنن و بۆ کوێ ئەڕۆن ..
لێرەدا ووتەیەکی بیریارێکی وەک سەعیدی نەورەسی دێنینەوە ، کاتێ لێیان پرسیوە : / بۆچی ژنت نەهێنا ؟ / لە وەڵامدا وتوویەتی: / ژنهێنان سونەتێکە ، ئەگەر جێبەجێم بکردایە ، سێ چوار فەرزم لە دەست دەچوو /
ئەوەیش بنچینەی کێشە و وێرانکارییەکانی سەر زەوین ، کە بەردەوام لەپێناوی سونەتدا ، فەرزمان لە کیس دەچێ ..یاخود فەرز ئەکەین بە قوربانی سونەت ..
ئەبینن مرۆڤ کە گەورەترین سەرمایەیە لە بووندا ، کراوەتە قوربانی سەرمایە و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان ..ئەبینین ئازادی کراوەتە قوربانی موچە و دوو هۆدە و هەیوانێک ..ئەبینین غیرەت وپیاوەتی کراوەتە قوربانی پاراستنی کۆمەڵێ کەس و شت کە لە خۆمان کۆکردۆتەوە و ..کە وا دەزانین گەورەترین و بەنرختریینن بۆ ئێمە لە کاتێکدا لە کۆمەڵێ چاڵ و زیندان شتێکی تر نین ، کە هەم ئەوان و هەم خۆیشمان دەستخەڕۆ کردووە به جۆرێک نازانین کاممان زیندانەکەین و کاممان پۆلیسەکەین ..
ئەوەیش وایکردووە سەعیدی نەورەسی بە کورت و کرمانجی دەسکەوتە دنیاییەکانی هاوسەر و ماڵ و مناڵ و کەرەستەکان ، بە سونەت دابنێ ..خواناسین و گەڕان وئازادی و مامۆستایەتی و نوسین بە فەرز دابنێ .. ئامادە نەبێ لە پێناوی ئەو سونەتەی کە جۆرێکە لە جۆرەکانی لەقاڵبدان وبچووککردنەوە و خۆ خافڵکردن ، ئەو هەموو ئازادی و ئەرکە پیرۆز و خۆشیە دەروونی و ئیمانیە لە دەست خۆی بدات ..خۆ ئەگەر زیاتر بچینە ناو بابەتەکە و بزانین ئەگەر سەعید خێزانی دروست کردایە ، ئەوسا ئەبوو لە پێناوی سەلامەتی خێزانی و مناڵەکانیدا ، وازی لە ئازایەتی و داهێنان و حەقبێژی بهێنایە ، کە ئەوانە بچووککردنەوەی بیریار سەعیدی نەورەسی ئەبوون تا ئاستی کەسێکی وەک سەعە تەنەکەچی یان سەعۆلی کوتاڵفرۆش ..پۆلیس ..یان هەر پیشەیەکی تر کە بچووککردنەوە و لەیادچوونەوەی بوون و نەبوونەکەی لێوە سەرچاوە دەگرێ ..
هەر بۆیە هەردوو بیریار ، عەلی وسەعید ، زۆر بە داناییەوە پێناسەی ژیانی ڕاستەقینەیان کردووە و ..ڕێگایەکیان دیاری کردووە لە نێوان هەبوون و نەبووندا کە مرۆڤ پێیدا بڕوات ..بۆ ئەوەی سەر لە خۆی ودەور و بەریشی نەشێوێنێت و..نەبێت بە ژێر کەس و شتەکانەوە .
هەر لەم گۆشەنیگایەوە زۆرێک لە بیریاران بە تەنیا ژیاون ، یاخود دوای چەند جار ماڵ دروستکردن ، تەنیاییان هەڵبژاردۆتەوە ..تەنانەت نووسەر و بیریارێکی وەک تۆڵستۆی کە لە نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بووە ، هەرچی هەبووە لە ماڵ و موڵک وزەوی دابەشیکردووە بەسەر جوتیاراندا و..خۆیشی وەک جوتیارێک دوا ڕۆژەکانی تەمەنی لە کێڵگەکاندا بەسەر بردووە ..یان لە خۆڕایی کەسێکی وەک عەلی کەمال لە سلێمانی و عێراقدا ئەو هەموو خانوو ماڵ و موڵکەی خۆی نەداوە بەخەڵک و پڕۆژە گشتیەکان ..ئەمانە و زۆر بیریاری تر گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە خۆیان بار نەکەن ..خۆیان نەکەن بە ژێر کەس و شتێکی زۆرەوە کە لە ڕاستیدا ژیان بە شتێکی زۆر کەم بە ڕێوە دەچێت ، واتا هەڵوێستەکانیان لە تێگەیشتنێکی ڕیشەییەوە سەرچاوەی گرتووە ، بە جۆرێک لە پێناسەیەکی کەسانی بیریاردا هاتووە : / کەسانێکن نە (خۆشی) هەڵیاندەپەڕێنێ و نە ناخۆشی ئەیانگرێنێ / چونکە ئەوان پێشتر ئەو هاوکێشەیەیان تاوتوو کردووە و ..ئەزانن خۆشیەکان و ناخۆشیەکانیش لە هەبووەکانن و نامێنن ، وەک شافیعی ئەڵێت : / نە خەفەت بەردەوام ئەبێ و نە شادی / بەڵام شتێک کە بەردەوامیی ئەبێت ، ئەو بڕواییەیە کە وات لێ دەکات دڵنیابیت لەوەی خۆشی و خەمیش نامێننەوە و لەلات ئەڕۆن ..هەر بۆیە با خۆشی هەڵتنەپەڕێنێ و ناخۆشیی چۆکت نەشکێنێ ..
عەرەب ووتەیەکیان هەیە ئەڵێ : ژیان دوو ڕۆژە ، ڕۆژێکیان لە بەرژەوەندی تۆیە و ئەوەی تریان لە دژی تۆیە ..ئەگەر لە بەرژەوەندی تۆ بێت، لە خۆت بایی مەبه و ..ئەگەر لە دژی تۆیش بێ ، خۆڕاگر بە ..چونکە هیچیان تا سەر نین و هەردووکیان ئەچن بە گەرووی نەبووندا .
یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورەکانی جیهانی ئەمڕۆ سەرهەڵدانی کەسانێکی ملیاردێرن ، کەسانێک کە شەست حەفتا ساڵ ئەژین و کەچی داهاتی دەهەزار ساڵیان لە خۆیان و بۆ خۆیان کۆکردۆتەوە ، کە بووەتە هۆی برسیکەوتن و هەژاری و قات و قڕی لە دنیادا ، چونکە لەم بوونەدا هەموو شتێک بە بڕی دیاریکراو دروستکراوە ، کاتێ من شتێک کە پێویستم نیە هەمبێ ، کەسێکی تر شتێک کە پێویستێتی ، نایبێ ..ئەوەیش وەک ووتم کارەساتە گەورەکەیە لە کاتێکدا گەلانێک هەن هەزار ئەوەندەی پێویستی خۆیان زیاتریان لە خۆیان کۆکردۆتەوە ، بۆ ئەوەی گەلانێکی تر زۆر کەمتر لە پێویستی خۆیشیان دەست نەکەوێت و بە کۆمەڵ بمرن ..لە کاتێکدا هەردوو گەلەکە کە هەبوویەکی ئەم دنیایەن ، سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی نەبوون و جێهێشتنی دنیا ..دیوێکی تری کێشەکەیش لەوەدایە ئەو کەس و کۆمەڵگایانەی کە هەژار کەوتوون ، دیسان ناچنە پێناسەکەی عەلیەوە و ..هەتا ئەمرن خەو بە شتەوە ئەبینن ، واتا لە جیاتی ببن بە ژێر کەس و شتەوە ، ئەبن بە ژێر خەونی کەس و شتەکانەوە ، ئەوەیش هەر هەمان بێئاگایی و دەستخەڕۆیی لێ دەکەوێتەوە ..
خەیام لە چوارینەیەکی تریدا ، دیسان خراپبەکارهێنانی بوونی خۆی باس دەکات کە دەڵێت :
/ نە کەنیسە چوون نە مزگەوت بینین
لە کام گڵ خوڵقام بۆ خوایە زانین
دین و بەهەشت و دنیام لەدەست چوو
وەک گاوری لات و قەحبەی ناشیرین /
بە واتای مەرج نیە فەیلەسوف و بیریار لەو دنیایەدا ڕێگای ڕاستیان دۆزیبێتەوە ..مەرج نیە ووڵاتی داهێنەر و بەرهەمهێنەر ، لەسەر ڕێی ڕاست بڕۆن .. مەرج نیە نووسین و کتێب و داهێنانە ئایدیۆلۆژییەکان نیشانەیان شکاندبێ..
ئەوەیش لێکدانەوەیەک زیاتر هەڵدەگرێ ، بە واتای ئەوەی مرۆڤ وەک تاک و وەک کۆمەڵگا قەت ناگاتە ئەوەی بڵێ من حەق وحەقیقەتم .. ڕۆماننووسێکی وەک ئێچ جی وێڵز دوای نوسینی نزیکەی ٩٨ ڕۆمانی گەورەی جیهانیی ، دەڵێ : / ئامادەم هەموو ڕۆمانەکانم بسووتێنم چونکە پێش ئەوان و دوای ئەوانیش زوڵم هەر ماوە و بگرە زیاتریشە /
کەواتە دنیا پێویستی بە دادگایە ..
ئەبێت دەسەڵاتی دادگا لەسەروو هەموو دەسەڵاتەکانەوە بێت ..چونکە تاکە شوێنێکە کە هەڵەکانی تێدا بە هەڵە دەناسرێن و لێپێچینەوەیان لێ دەکات ..
لەوەیش زیاتر پێویستمان بە دادگای ویژدانیشە ..هەریەکەمان ئەبێ دادگایەکی نهێنی خۆی هەبێت و ..بەردەوام دادگایی خۆی و هەڵس و کەوت و پرۆژەکانی خۆی بکات ..بۆ ئەوەی نە مافی خۆی بخوات و ببێ به ژێر کەس و شتەکانەوە ..نە مافی ئەوانی تر بخوات و بیانکات بە ژێر کەس و شتەکانی خۆیەوە …
دواجار مرۆڤ پێویستی بە دنیا بینیە بۆ ئەوەی بزانێ چی ئەکا و بۆ کوێ ئەچێ ..
دنیا بینییەکی وەک ئەوەی نالی کە لە دێڕێکیدا دەڵێ :
/ خاوەنی هەموو دنیایش بیت ،هێشتا زەلیل و داماوی /
ئەزانی بۆ ؟
چونکە تۆ هەبوویەکی بۆ نەبوون لەسەرەدا ڕاوەستاویت .


نەوزاد بەندی
٢٥/٥/٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish