Skip to Content

175 Views

توانستمەندی هزری میشێل فوكۆ لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ هاتەگۆڕێ-9-  ئازاد حەمە

توانستمەندی هزری میشێل فوكۆ لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس سەرلەنوێ هاتەگۆڕێ-9- ئازاد حەمە

Closed
by May 29, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی نۆیەم

سەرەتا: بۆ تێگەیشتن لە كارگێڕی گڵوباڵی سیاسییانەی پەتای كۆرۆنا پێویستمان بەوە دەبێت كە بۆ بەشێك لە گەنجینەی هزری میشێل فوكۆ (Foucault) بگەڕێینەوە كە بە بایۆپۆلیتیك (Biopolitics ) ەوە (سیاسەتی زیندەیی/ سیاسەتی ژیانكاری) تایبەتی كردوون. مێژووی هزر ،كە بواری پسپۆری میشێل فوكۆ بووە، لەژێرسایەیا دەرگای لە شیكاری گەلێك دیاردەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردوەتەوە. ئەم بیریارە بۆ ئەوەی دیاردە وەلانراو و پەراوێزەكانی كۆمەڵگەی نوێی ڕۆژئاوا (شێتی، ناساغیدەروونی، بەندیخانە، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، ئەرشیفكردن، بەبێگانەبوون ) بە چاكی ببینێت كاری بۆ ئەوە كرد كە لەسەر دەستی بیریارانی سەردەمی پێش و پاش خۆی، پردێك لەنێوان فەلسەفە، مێژووی پزیشكی و بایۆلۆجیدا دروستبكات. ئەوەش بەچاكی لە سێ بەرهەمە ناسراوەكانیدا گەرایان دانا: مێژووی شێتی، لەدایكبوونی كلینیك (عیادە)، مێژووی سێكسگەرایی (1). لەم بارەیەشەوە هەر زوو بیرمەندە گەورەكانی فەرەنسا (ژۆرژ كۆنگلێم، ئەلێكسەندەر كۆریێ، ژان كاڤایێس، گاستۆن باشلار، لوی ئاڵتیسێر، ژۆرژ دۆمیزیل ) كاریگەریان لەسەر هزری شیكاریی فوكۆ دانا. كەوابێت پرسیارە سەرەكییەكەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە كە، چۆن فوكۆ لەگەڵ كۆرۆنا بوەوە بابەت؟ لەڕێگای بایۆپۆلیتیك و گرێدانەوەی پزیشكی (و زیندەوەرناسی) بە سیاسەتەوە ئەمەكرا. بۆیە ئەوەی ئێمە لەم بەشە مەبەستمانە لەسەری بوەستین بابەتی بایۆپۆلیتیكە بەپێی تێگەیشتنی فوكۆ، كە لەگەڵ كۆرۆناڤایرۆس لەناو بیریارانی ڕۆژئاوا بووەوە بابەت و فوكۆش لە دوو بەرهەمیدا (یەكەم: چاودێری و سزا-لەدایكبوونی بەندیخانە 1975، دووەم: بەشی یەكەم(ویست بۆ زانین) ی پەرتووكی مێژووی سێكسگەرایی 1976) كاری لەسەر كردوون. كەوابێت، “لە فوكۆوە فێری ئەوە بووین جەستەی زیندوو ئامانجی هەموو سیاسەتەكانە”. لێرە مەبەستی فوكۆ گشت جۆرەكانی دەسەڵاتە. “هیچ سیاسەتێك نییە كە سیاسەتی جەستەی نەبێت”، بەڵام بەپێی فوكۆ جەستە بوونەوەرێكی بایۆلۆجی نییە كە هێز بتوانێت كاری لەسەر بكات. وەكیتر، فوكۆ لە هەوڵی ئەوەشدا بووە كە لێكدانەوەی مێژوویی بۆ ئەو تەكنیكە جیاوازانە بكات كە هێز تیایاندا كارگێڕی ژیان و مەرگی دانیشتوان دەكات” ( وانەی ڤایرۆس: پاولۆ پرێسیادۆ). ئەمە بە واتای ئەوەش دێت كە بەسیاسیكردنی بایۆلۆجی لەكاتی ئاسای و لەكاتی پەتاكانا شوێن بۆخۆی داگیردەكات و خودی كۆرۆناش كولتووری سیاسی ئەوروپایی جارێكیتر دەخاتەوە بەرباسی فەلسەفی.

فوكۆ بە ئایدز مرد

فوكۆ یەكێكە لە قووربانیەكانی “سیاسەتی جەستە” (2). شاردنەوەی دووچاربوونی جەستەی فوكۆ بە ئایدز بەشێكە لە تێۆری بایۆپۆلیتیك كە خودی فوكۆ بەرهەمهێنەریەتی. هەر بۆیشە پێكەوەلكانی پاندێمی كۆرۆناڤایرۆس و بایۆپۆلیتیك ناوی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە دەوروژێنێت. لە ناوەراستی ساڵی 1981 بەولاوە “ناوەندی كۆنترۆلی نەخۆشیەكان و خۆپارستنلێیان” (CDC ) لە ئەمەریكا چەند حاڵەتێكیان دەستنیشانكرد كە ناوی “ڤایرۆسی دابەزاندنی بەرگریی مرۆڤ، HIV”ی لێنرا. واتە، ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز. ئەم نەخۆشیە بە زۆری لەناو هاوڕەگەزبازەكانا بلآوبوەوە و میشێل فوكۆش یەكێك بوو لەو كەسانەی لە فەرەنسا لە ساڵی 1983 دووچاریبوو و پاش ساڵێكیش ، 25/06/1984 ، كوشتی. ئەو كات نەخۆشیەكە نە لەناو خەڵک ئاگایی پزیشکی لەسەربووە و نەش پزیشكانی فەرەنسی زۆر ئاشنابوونە پێی. بەپێی دانپیاهێنانەكانی دانیال دۆفێر (Daniel Defert) ی پارتنەری فوكۆ بێت ، فوكۆ ئەم نەخۆشیەی لە ئەمەریكاوە لەگەڵ خۆی هێناوە. فوكۆ پێش مردنی بە ماوەیەك لە سەفەرێكی زۆردا بوو بۆ ئەمەریكا و لەوێش سەردانی یانەی هاوڕەگەزبازەكانی كردووە. ئەو دەمەی فوكۆ بە ئایدز دەمرێت فەرەنسا لەبەر هەندێك ئیعتباراتی خێزانی و سیاسی بە ئاشكرا باسی لە نەخۆشیەكەی فوكۆ نەكردووە. هەمان ساڵی مردنی فوكۆ پارتنەرەكەی (لە 1963 تا كاتی مردنەكە لە 1984پێكەوەژیان) ڕێكخراوێكی بۆ داكۆكی لە مافی تووشبوانی ئایدز دامەزراند كە تائێستاش بەردەوامە. لەبەر ئەوەی فوكۆ و دۆفێر لەكاتی خۆیدا هاوسەرگیری فەرمیان نەكردبوو یان یاسای مەدەنی فەرەنسی ئەو كات ڕێگای بەم جۆرە هاوسەرگیریانە نەدەدا ئەمە وایكرد كێشەیەكی یاسای زۆر بۆ دۆفێر پاش مەرگی فوكۆ دروستبێت و بە ئاسانی نەبێتە خاوەنی ئەو میراتەی (شوقە، ئەرشیف و پەرتووكخانە) فوكۆ بۆی جێهێشتبوو. كەسوكاری فوكۆش ڕێگرنەبوون لەبەردەم وەسیەتنامەكەی فوكۆ، لێ تا ئەم ساڵانەش دۆفێر كێشەی فرۆشتنی شوقەكەی فوكۆ و ئەرشیف و پەرتووكخانەكەی هەبوو.

كۆرۆناڤایرۆس و دووبارەبیركردنەوە لە بایۆپۆلیتیك

بایۆپۆلیتیك زاراوەیەكە سەرەتا لەلایەن فوكۆوە بەكاربراوە و دواتر بواری بەكاربردنی لەسەر دەستی هەندێك بیرمەندی تر، بەتایبەت ئیتالی ( ئاگامبێن، ئەنتۆنی نیگری، رۆبێرتۆ ئێسپۆزیتۆ Esposito ) ، بەرینتر بوو. بایۆپۆلیتیك دوو زاراوەی گرنگمان بیردەخاتەوە كە ئەوەش ژیان (زیندەوەرناسی) و سیاسەتە. بەپێی ئەم تێۆرییە بێت دەسەڵات توانای خۆی بەسەر جەستەی تاكەكانی كۆمەڵگە پراكتیزەدەكات كە دواتر سەروەری، بابەتی مەرگ و بوونی جەستەش دەكەونە ناو پرۆسەكەوە. فوكۆ لە دوا بەشی یەكەم پەرتووكی (ویست بۆ زانین) “”مێژووی سێكسگەرای”” لەژێرناوی””مافی مەرگ و دەسەڵات بەسەر ژیانەوە”” ئەم لایەنە بە ووردی ڕاڤەدەكات، كە پاشان ئاگامبێن لە بەشی دووەمی پەرتووكی””هۆمۆساكەر: دەسەڵاتی سەروەری و مرۆڤی رووت””دێیتەسەر ئەو لایەنە تێۆریانەی فوكۆ بە كراوەیی جێیهێشتبوون، لەوانە “سەروەری و مرۆڤی رووت”، كە بەهۆیەوە ئەوەمان بۆ بەرچاویدەكات كە چۆن دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەستگرتن بەسەر ژیانی بوونەوەرەكان هێزی خۆی بەكاردەبات. فوكۆ لە توێژینەوەكانیا ئەم لایەنەی بۆ لێكدانەوەی كەسی ناجۆری كۆمەڵگەش (لادەر، پەناهەندە، شێت، نانۆرمال یان ناساغ و.. )بەكاربردووە.
فوكۆ لەڕێگای بایۆپۆلیتیكەوە هەوڵی شیكاركردنی پەیوەندی هێزی داوە بە جەستەی كۆمەڵایەتییەوە. شیكاركردنەكەی زۆرتر ئاراستەی كۆمەڵگەی مۆدێرن كردووە. هەر لەبەرئەوە بەهۆی بایۆپۆلیتیكەوە باس لە كۆمەڵگەی سەروەریش دەكات كە بەرەو كۆمەڵگەی دیسیپلین دڕوات و تیایا ژیانی خەڵك چاودێریدەكرێت و ، خودی ژیانەكەش وەك ئامرازێك بۆ بەرژەوەندی نیشتیمانی بەكاردەبرێت. بەپێی فوكۆ بڵاوبوونەوەی تەكنیكەكانی دەسەڵاتی بایۆپۆلیتیك ،وەك تۆڕێك لە هێز، بوارە یاساییەكان تێدەپەڕێنێت تا ببێتە هێزێكی ئاسۆیی و لەوسەریشەوە گشت ژیانی جەستەی تاكەكان بگرێتەوە (لای خۆمان جەستەی سەردەشت عوسمان نموونەیەكە لەسەر ئەمە). كەواتە، گەوهەری تێگەیشتنی فوكۆ بۆ بایۆپۆلیتیك لە شیكاری پەیوەندی هێز بە جەستەوە خۆی پووختدەكاتەوە. جەستەی تاك لە كۆمەڵگە لە ڕێگای دیسیپلینەوە قۆرخدەكرێت. دامەزراوەكانی كۆمەڵگە ،كە دامەزراوەی سیاسیشن (نەخۆشخانە، قووتابخانە)، شوێنی پیادەكردنی ئەم دیسیپلینەن. بایۆپۆلیتیك لە كۆمەڵگەی نوێ بەپێی تەكنیكەكانی هێزی نوێ بەڕێوەدەچێت كە ئەوەش دەستدەگرێت بەسەر ژیان و مەرگی خەڵك، لەدایكبوون و مەرگ، تەندروستی تاكەكانی كۆمەڵگە (كەوتنەدوای د. عەبدولستار تاهیر شەریف تا مەزرەعەكەی و كوشتنی لەنێو زێدی خۆی نموونەیە لەسەر ئەتكردنی جەستە بەپێی پێویستی سیاسی).
بایۆپۆلیتیك بواری كاركردنی خۆی هەیە. بۆنموونە كاتێك درم و پەتا بڵاودەبێتەوە بە یەكێك لە بوارەكانی دەژمێردرێت. واتە بایۆپۆلیتیك هەردوو لایەنی سیاسی و تەندروستی پێكەوەگرێدەدات و، پێشماندەڵێت تەندروستی شتێكی بێ لایەن نییە و شوێنێكیشە بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەت. هەر دەوڵەتیشە دواتر سەروەری دروستدەكات كە ئەوەش لەو سەرەوە دەبێتە بەشێك لە سیاسەتی بەكاربردنی جەستە. بەپێی زانینمەندی فوكۆ بێت بایۆپۆلیتیك بوارێكی شیكارییە بۆ كاركردن لەسەر ئاسایش، دیسیپلین و سەروەری. هەریەك لەوانەش پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە. سەروەری پێویستی بە پیادەكردنی دیسیپلینە. بۆ ئەوەی ئەم دیسیپلینە پیادەبكرێت دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە دامەزراوەیە: قوتابخانە، نەخۆشخانە، بەندیخانە، ئەمانەش لەڕێگای پۆلیسەوە ئیشی خۆیان دەكەن. ئیشەكەش بریتییە لە بەرهەمهێنانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەو جۆرەی میكانیزمی دەسەڵات پێویستیپێیەتی. بایۆپۆلیتیك لەگەڵ هاتنی مۆدێرنە وا لە سیاسەت دەكات دەستبخاتە ژیانی خەڵكەوە. بەڵام پێش مۆدێرنە مامەڵە لەگەڵ دەستەی بیمار و ناساغ ئاقاری تری وەرگرتووە. هەر بۆنموونە، گولی Leprosy كە بەهۆی بەكتریایێكەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆكاری دروستكردنی لییر، بەپێی فوكۆ بێت، کە لە یەكێك لە نووسینەكانی (مێژووی شێتی) دا هێمای بۆكردووە ، گولی لە سەدەكانی ناوەڕاست دا وەك نەخۆشیەك سەیركراوە كە سزایەكی یەزدانییە و كەسی گول بە دورخستنەوەی لە كۆمەڵگە لە گولیدەخرێت. ئەوەش بەهۆی مردنێكی مەدەنیەوە كە لە ئاهەنگێكی دیاریكراودا بۆیدەسازێنرێت. گول كەسێكی پیسە و پێویستە لە كۆمەڵگە دوورخرێتەوە و مردنەكەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی. لێرە جەستەی نەخۆش جەستەیەكی لایەندارە و شوێنی دروستكردنی مەترسی و لەخۆگرتنی درمی نادیارە. بەمجۆرە جەستەی گول جەستەیەکی گوماناوییە و خۆڕزگارکردن لێی پێویستە.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، ئەو جۆرە هێزەی لەناو بایۆپۆلیتیكدا كاردەكات هێزێكی نوێیە و جەستە و ژیانیش دەكاتە بواری كاركردنی خۆی. بۆیە فوكۆ لە تێۆری بایۆپۆلیتیكدا پێیوایە كە، كەرەنتین سەرەتای پیادەكردنی ئەو هێزە سیاسییەیە كە لە بایۆپۆلیتیكدا پەنهانە. واتە، كاركردن لەسەر قۆرخكردنی ژیانی دانیشتوان (جەستە و زیندەگییان). ئەمە وادەكات دۆزی شاریش لەژێرسایەی كەرەنتبن بگۆڕێت كە خۆی لە هەندێك لایەن پووختدەكاتەوە: دابڕان لەیەكتر، ڕاگرتنی پاكوخاوێنی شار، تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەرگ و لەدایكبوون و زۆر شتیتر. هەر ئەم جۆرە سیاسەتەش توانای ڕێكخستنی چاودێری تاكەكەنی كۆمەڵگە و هێزی كۆنترۆلكردن شیاودەكات (2). لەماوەی كەرەنتینە وردەكارییەكانی پاراستنی شار و خەڵكەكەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی تەندروستییەوە ڕێك ئەوەیە كە فوكۆ لە “”چاودێری و سزا “” لە بەشی سێهەم بەناوی “”(چاودێری هەموو، Le panoptisme “” باسی لێوەكردووە.

پزیشكی و بایۆلۆجی بوونە بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسی لە سەردەمی كۆرۆنا

بایۆهێز (زیندەگی هێز)(biopouvoir/ biopower) جۆرێكە لە جۆرەكانی هێزی سیاسی كە دەسەڵات بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە پیادەیدەكات. دەسەڵاتی سیاسی كۆمەڵگەی نوێ لەڕێگای هەندێك تەكنیكی خۆیەوە (تەكنیكی لەدایكبوون و مردن) جەستە و ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە كۆنترۆڵدەكات. بەم جۆرە، لەڕێگای تێۆری بایۆپۆلیتیكی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین ژیاندان بە كەسێك و ژیانوەرگرتنەوە لە كەسێك ئیشی سیاسەتە( كوشتنی كاوە گەرمیانی). پەیوەندی نێوان خودی دەسەڵات و كوشتنیش هەر دەچێتە ئەم خانەیەوە. مۆدێلە سیاسییەكان لە كۆن و لە ئێستادا ئەمەیان پیادەكردوە. جەستەی جوولەكە بەدەستە نازیەكانەوە، جەستەی كورد بەدەست ئەنفالچیەكانەوە، جەستەی فەلەستیینیەك بەدەست ئیسرائیلیەكانەوە، جەستەی جەزائیریەكان بەدەست كۆلۆنیالە فەرەنسیەكانەوە. لێرەوە تێكنەلۆژیای كۆنترۆل لەدایكدەبێت كە كۆنترۆلی جەستە و رۆحی تاكەكانی كۆمەڵگە دەكات، كە ئەمەش بەسیاسیبوونی ژیان یان مردن لەگەڵ خۆی دەهێنێت. فوكۆ لە پەرتووكی””پێویستە داكۆكی لە كۆمەلگە بكرێت””باس لەوە دەكات كە “كێ بژێت و كێ بمرێت”. ژیان لەمحالەتەدا دەبێتە سیاسەت و مردنیش هەر لەژێركۆنترۆلی سیاسەتدا دەبێت. كۆتای ژیان، كە مەرگە، سیاسەت دەستنیشانیدەكات (شێوەی مردنەكەی بۆنموونە مام جەلال و كاك نەوشیروان یان یاسر عەرەفات، ئەو داستانانەی لەسەر مەرگیان دروستكرا). واتە سیاسەت مەرگی جەستە دیاریدەكات. لەسەردەمی حكومەتی ساركۆزی ویسترا گۆڕی ئەلبێر كامۆ لە گۆڕستانێكی باشوری فەرەنساوە بۆ گۆڕستانی مەزنەكان، پانتێۆن (Panthéon )، لە پاریس بگوازرێتەوە، بەڵام كاترینی كچی كامۆ ئەو پێشنیارەی ساركۆزی ڕەتكردەوە. ئامانجی سیاسی لە پشت ئەم كردارەی ساركۆزییەوە بوو. پیرۆزكردنی جەستەی مردوو، مردووێك كە دەكارێت هاوكێشە سیاسییەكان بگۆڕێت (بۆنموونە هەوڵی گەڕانەوەی گۆڕی نازم حیكمەتی شاعیری تورك لە مۆسكۆ وە بۆ توركیا، یان شێوەی ناشتنەکەی بن لادن: تەرمەکەی هەڵدرایە ناو دەریاوە). بازرگانیكردنیش بە مردووەوە لە بەشێك لە پرسەكانا بەشێکە لەم لایەنە.
ژیانی خەڵك كە بریتییە لە ژیانێكی جەستەیی تەندروستی جەستەش بابەتی شیكارییە. لەم حاڵەتەشدا سیاسەت لەگەڵ زیندەوەرناسی مرۆڤ یەك دەگرێتەوە كە تەندروستی خەڵك (یان گشتی)یش لەخۆدەگرێت. ژیانی جەستەیی خەڵك كە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی شیكاری بۆ تەندروستی ئەمە وادەكات پزیشكی لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە بێتەناوەوە. واتە، جەستە بەهۆی زیندەوەرناسییەوە دەبێتە بابەتی سیاسەت. فوكۆ لەم ڕەوەوە سەرچاوەیەكی ئێپیستیمییە(مەعریفییە) بۆ بابەتی قۆرخكردنی جەستە لەلایەن دەسەڵاتەوە. خەڵك بەیارمەتی “تەندروستی گشتی” public health یەوە دەبێتە بابەتی دەسەڵاتی تەندروستی كە دەسەڵاتە سیاسییەكەش لەخۆدەگرێت. بەمجۆرە، پاش ئەوەی جەستە دەبێتە بابەتی تەندروستی، كە دامەزراوەیەكی پزیشكییە و بەشێكیشە لە دەسەڵاتی سیاسیی، دەبینین كە تەندروستی ئیشی كاركردنە لەسەر بوونی جەستە. جەستە لێرەوە دەبێت موڵكی ئەویتر، بەسیاسیدەكرێت و لە خاوەنداریەتی “خودی” ییە وە دەگوازرێتەوە بۆ خاوەنداریەتی “ئەویتر”. بۆنموونە جەستەی جوولەكەیەك كە دەبێتە بابەتی شیكاری و موڵكی نازیەكان یاخود جەستەی كوردێك كە بەدەست بەعسیەكانەوە دەبێتە شوێنێك بۆ یاریپێكردن و مامەڵەپێوەكردن (سوتاندن، لەسێدارەدان، شێواندن و تادەگاتە زیندەبەچاڵكردن). لەژێرسایەی ئەم جۆرە مامەڵەكردنە بە جەستە دەسەڵاتی سیاسی بوارێك بۆ دادوەریكردن بە جەستە دەدۆزێتەوە. واتە جەستەی”تۆ” تەنیا موڵكی”تۆ” نییە، موڵكی ئەویتری سیاسیشە (بۆنموونە ڕادەستنەکردنەوەی جەستە كۆرۆناویەكان بە خێزانەكانیان یان جەستەی هەندێک سەرکردەی مێژووی یان سیاسی بە کەسوکاریان ). لێرە دادوەریكردن بەمانای ئەوە دێت كە دەسەڵاتی سیاسی مافی ژیاندان بە جەستە، قۆرخكردن و لەناوبردنیشی هەیە. بەمە جەستە شتێكی شاراوە نابێت و شوێنێكیشە كە دەسەڵاتی تەندروستی، كە ڕەوایەتیەكەی لە دەسەڵاتی سیاسییەوە وەردەگرێت، دەكارێت بڕیار لەسەر چارەنووسی جەستە بدات. واتە، دامەزراوەی تەندروستی لەوە دەردەچێت تەنیا بریتی بێت لە شوێنێك بۆ دیاریكردنی بیماری یان ئێش ، بەڵكو شوێنێكیشە بۆ دەستنیشانكردنی ماهیەتی جەستە و چۆنیەتی قۆرخكردنی. بەمە دەرمان و چارەسەر بێ لایەن نابن (سیاسی لە چ نەخۆشخانەیەك دەخەوێنرێت و میوانەكانیشی كێ دەبن؟). نەخۆشی كەسایەتی دیاریدەكات و كار لەسەر ئیعلانكردنی ناسنامەی جەستە دەكات. نەخۆشیەكانی جەستە دەشاردرێنەوە. جەستە دەبێت بە بەشێك لە نهێنی (مردنی فوكۆ بە ئایدز). ئاشكراكردنی نهێنی جەستە تێرۆری بەدواوە دەبێت. كێ بە چی مرد؟ كێ چۆن مرد؟ زۆربەی رووداوەكانی تێرۆر و كوشتن، كوشتن بە ئازاردان و یان دەرمانخوردكردن و زۆر شتیتریش دەچنە خانەی ئەو گفوگۆیانەی دەشێت بكرێن لەسەر: نهێنی جەستە، نهێنی مەرگ، سیاسەتی مردن یان سیاسەتی جەستە. مەرگ كە واتای جەستە لەخۆدەگرێت بێ لایەن نابێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی مانا بۆ جەستە، بۆ مەرگ دەدۆزێتەوە. بەهای جەستە و بەهای مەرگەكان بەیەكتر تێكەڵدەبن. ساڵانێك دەوترا كە پێش دووەم كاندیكردنەوەی سەرۆكی فەرەنسا میتێران Mitterrand دەنگۆی ئەوە هەبووە كە شێرپەنجەی پرۆستاتی هەبووبێت و ئەمە لە عەوام شاردراوەتەوە. نهێنیەكانی جەستە و سیاسەتی بندەستكردن و داگیركردنی جەستە بەزمی زۆرە و كۆرۆناش سەرلەبەر ئەم بابەتەی گۆڕی و جەستە جارێكی تر بوەوە بە بابەتی تەندروستی سیاسی و دەسەڵاتی بایۆلۆژی.
كۆرۆنا مەرگی بە سیاسیكرد. بەسیاسیبوونی مەرگ سەرچاوەكەی بۆ بەسیاسیكردنی جەستە دەگەڕێتەوە. لە ترسی دووچارنەبوون بە كۆرۆنا و ڕێگاگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای كۆرۆنا داوایلێكردین جەستە بشارینەوە. بۆیە جەستەی كۆرۆناوی ونكرا و بێ ناسنامە كرا. خۆ نەناسكردن لە جەستە بوو بە بابەتی كۆرۆنا. كۆرۆنا و جەستە هۆكاربوون كە كۆرۆنا و مەرگ لەیەكتربئاڵێن. كۆرۆنا ئێژێت: جەستەی كۆرۆناوی ترسناكە. جەستە ونكردنی پێویستە، لێرە ونكردن لەڕێگای شاردنەوەی جەستە لە شوێنێكی نادیار لە خۆ دەگرێت. مەرگ نادیاركرا، چونكە جەستە نادیاركرا یان بێ ناسنامە كرا. ترس لە جەستەی كۆرۆناوی بوو بە ترس لە مەرگی كۆرۆناوی. كۆرۆنا كە مەرگ هێنەرە جەستەی بێ بەها كرد. كۆرۆنا هات تا جەستە قێزەوەنبكات، بەوەش مەرگ قێزەوەن بوو. قێزەوەنكردنی جەستە كە ناشرینكردنی مەرگی بەدەمەوەیە پێش كۆرۆنا نازیەكان لە ئاوشویتز Auschwitz ، لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی سوتان و ئەتكردنی جەستەی جوولەكەكان، ئەنجامیاندا. دواتریش جەستە لە چەندین شوێنیتر، لەژێرسایەی دەسەڵاتە دیكتاتۆر و ڕەگەزپەرستەكان گاڵتەیپێكرا و بووە هێمای نەتەوە و سیاسەت. چی بەسەر بۆسنییەكان نەهات لە شەڕی بەڵقانی 1991؟ لێرە دەشێت قسە لە کاریگەرییەکانی بایۆهێز (Biopower ) بكرێت. فوكۆ لە سیمینارەكانی كۆلێجی دۆ فرانس، نووسینی “”ویست بۆ هێز”” و “”چاودێری و سزا”” واتای بایۆهێزی بەكاربردووە و ئامانجیشی لە بەكاربردنەكەی ئەوە بووە كە ئەوەمان لاڕوونبێت کە دەسەڵاتی سیاسی دەستدەگرێت بەسەر ژیان bios ی خەڵكەوە. بایۆپۆلیتیك لە تێگەیشتنی فەلسەفی فوكۆ بریتییە لە دەسەڵاتی دەوڵەت كە قۆرخی ژیانی جەستەی مرۆڤ دەكات. نازییەكان باشترین نموونەن لەسەر ئەوە. ئەنفال كە جەستەی مرۆڤی كورد ئەتكدەكات، جێنۆسایدی ڕوەندا Rwanda یان ئەرمەنییەكان.
پەراوێز: (1). بەپێی ئەرشیفی نووسینەكانی فوكۆ بێت ناوبراو لە ماوەی ساڵانی 1965 بۆ 1976 پێنج جار سەردانی بەرازیلی كردوە و لەوێ چەند سمینارێكی سازكردوە كە تەوەرەكانی تایبەت بوونە بە: كۆچاودێری (Panopticism) ، هاتنەدونیای پزیشكی كۆمەڵایەتی، كۆمەڵگەی سزادان، پێكەوەلكانی نەخۆشخانە بە تێكنەلۆژیای نوێوە، ویست بۆ زانین یان ئۆدیپۆس و چەند باسێكیتر كە دەچنە خانەی شیكاری لەمەڕ قەیرانی پزیشكی، دامەزراوەكان، زانین و هێز لەوانەش گرنگتر بابەتە سەرەكیەكەی فوكۆ، بایۆپۆلیتیك، كە تێكڕای ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت ، كە دواتر لە كارە چاپكراوەكانی ساڵانی پاش 1976 ڕەنگدانەوەی خۆیان هەبووە. لێرە مەبەست پەرتووكە ناسراوەكانیەتی: “”چاودێری و سزا”” و بەشی یەكەمی “”مێژووی سێكسگەرایی””. جگەلەناو فەرەنسا لە بەرازیلیش بە زمانی پۆرتوگالی لەم ساڵانەی دوایدا قسەیەكی زۆر لەسەر سەردانەكانی فوكۆ بۆ بەرازیل ،و ئەو وانانەی لەو ماوەیەدا لەوێندەرێ وتونیەتەوە، كرا. تەنانەت هەڵوێستی بێدەنگانەی فوكۆ سەبارەت بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی بەرازیل و بەدواچوونەكانی پۆلیسی نهێنی بەرازیلی لە ئامانجی سەفەرەكانی فوكۆ بۆ ئەو وڵاتە قسەی لەسەرە.
(2). لەكاتی ناشتنی فوكۆ ژیل دولۆز (Deleuze ) پەڕەگرافێك لە پەرتووكی”” مێژووی سێكسگەرایی”” فوكۆ بەنموونە وەردەگرێت و دەیخوێنێتەوە. دولۆز، بەپێی نزیكی لە فوكۆوە، یەكەم كەس دەبێت پاش مەرگی فوكۆ پەرتووكێك لەسەر فوكۆ بەناوی”” فوكۆ””وە، لە 1986، دەنووسیت. لە كۆتای 1969 فوكۆ لە لێدوانێك لەگەڵ دوو خوێندكاری خۆی كە بەڕەچەڵەك ئەمەریكی دەبن ،وەك دانپیاهێنانێك بە تواناكانی دولۆز، بەم جۆرە دولۆز ناوزەددەكات :””ڕۆژێك دێت ئەم چاخە بە چاخی دولۆزی ناودەنرێت “”، كە دواتر دولۆز وەڵامی فوكۆ لەڕێگای هەمان ئەو خوێندكارانەوە بەم جۆرە دەداتەوە:”” فوكۆ لەبەر سادەی خۆی بەو جۆرە پێناسەی “من” دەكات ، ئەگەرنا ئەوە فوكۆیە چاخەكەی بەناوەوە دەنرێت نەك من””.

ئازاد حەمە

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ……

Previous
Next