Skip to Content

450 Views

رۆشنبیری شاشە و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

رۆشنبیری شاشە و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed

نامەوێت بچمە ناو ئیشکالیەتی رۆشنبیر کێیە و کاریگەریی تەلەفزیۆن چییە، بەڵکو پێم خۆشە هەندێک هەڵەی زۆر تێپەڕیوو راست بکەمەوە لە پێشدا و ئەوسا بڕۆمە ناو کرۆکی باسەکەوە. رۆشنبیر کەسێکە بیر دەکاتەوە و ئەنجامی بیرکردنەوەش دەخاتە چوارچێوەی تیۆر و تێزەوە. مەرج نییە خاوەن بڕوانامەکان رۆشنبیر بن چوونکە مەرجی رۆشنبیریی بڕوانامە نییە، بەڵکو داهێنان و وتنی شتی نەوتراوە لە بۆتەی فۆرمۆڵەبەندیی فیکرییدا. لێ لە دنیای کوردییدا رۆشنبیر چوارچێوەیەکە بۆ کۆی ئەوانەی دەنووسن، شەرت نییە هەموو نووسەرەکان رۆشنبیر بن، دیقەت بدەن “ماریۆ ڤارگاس یوسا” لە پێناسەکردنی “گابریل گارسیا مارکیز”دا دەڵێ “مارکیز رۆشنبیر نییە”. ئەمە لە کاتێکدایە گارسیا مارکیز بە جۆرنالیستیی دەستیپێکرد و پاشان وەک رۆماننووسێک ناوبانگێکی جیهانیی بۆ خۆی پەیدا کرد، بەتایبەت بەهۆی رۆمانە بەناوبانگەکانی وەکوو “سەد ساڵ تەنهایی” و “کەس نییە نامە بۆ کۆلۆنێل بنێرێت” و “خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا” و “چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا” و زۆرێکی تر، ئەگەر مارکیز رۆشنبیر نەبێت، کاتی ئەوەیە پێداچوونەوەیەک بە خۆماندا بکەین و دیقەت بدەین ئێمە چەند تووشی هەڵە بووین لە پێناسەکردنی هەندێک قەڵەم بەدەست بە رۆشنبیر!!.
دنیای کوردیی هەروەک بواری سیاسیی، کە ژینگەی پێگەیاندنی سیاسیی تەمبەڵ و دەبەنگە، کەلاوەیەکە زۆر ئینشانووس و موهاتەراچی کردۆتە فس فس پاڵەوانی گۆڕەپانەکە و نازناوی “رۆشنبیر”یان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووە، ئەوەی لە دەرەوەی تێفکرینی کرچ و کاڵی ئەوان بیر بکاتەوە، یان لە دەرەوەی نووسینە حەماسییە ناوەڕۆک بۆشەکانی ئەوان بدوێت نەک هەر رۆشنبیر نییە بەڵکو کۆیلەشە. ئێمە دەبێت لە پێشدەستیدا ناسنامەکان جودا بکەینەوە، بەو پێیەی تاکوو ئێستا رۆژنامەوان و شاعیر و ستوونووس و ئەدیب هەموو خراونەتە ژێر ناونیشانی رۆشنبیرەوە، ئەمە بەدەر لەو نەخوێندەوارانەی تەنیا غەڵبەغەڵب دەنووسن ئەوانیش وەک رۆشنبیر ناویان لێدەنرێت، کاتی ئەوەیە ناولێنانەکان لە سەرەتادا راست بکەینەوە، چوون کێشەی تەسمیە ئیشکالیەتێکی گەورەیە، لەو سۆنگەیەی ئێمە رۆشنبیر بەو فراوانییە نابینین وەک لە دنیای ئێمەدا هەیە، بەڵکو وەک چەندان جاری تریش هێمام بۆ کردووە رۆشنبیر کەسێکی چالاکە لە بواری بیرکردنەوە و تیۆریزەی بیرکردنەوەدا.
رۆشنبیری سەر شاشە
فریدریش هایاک، لە ساڵی 1945 لە وتارێکدا بەناوی “رۆشنبیران و سۆسیالیزم” دەنووسێت “لەهەموو وڵاتە دیموکراتییەکاندا و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە هەر جێگەیەکی تر، بڕوایەکی پتەو هەیە بەوەی کاریگەریی رۆشنبیران لەسەر سیاسەت حاشاهەڵنەگرە، گوومانی تێدا نییە کە ئەمە راستە سەبارەت بە دەسەڵاتی رۆشنبیران لە کاریگەریی دانان لەسەر شێوەی بڕیاردان لە رێگەی بۆچوونە سەیرەکانیانەوە، یان سەبارەت بەراددەی توانایان بۆ گۆڕینی رای گشتیی لەسەر ئەو پرسانەی لای خەڵک بۆچوونی جیا جیایان لەسەرە، بەڵام لە مەودایەکی تا راددەیەک دووردا پێدەچێت هەرگیز ئەوەندە کاریگەرییان نەبووبێت وەک ئەوەی ئێستا هەیانە، ئەم دەسەڵاتەشیان لە رێگەی پێکهێنانی رای گشتییەوە بەدەستهێناوە”.
رۆشنبیر بۆ خۆی خاوەنی دەسەڵاتێکی رەمزییە، کە هایاک بە کاریگەریی لەسەر رای گشتیی و گۆڕینی بۆچوونی گشتیی ناوزەدی دەکات. بەڵام کێشەی رۆشنبیرانی کورد ئەوە نییە کاریگەرییان لەسەر رای گشتیی و خەیاڵدانی نەوەیەکی تازە پێگەیشتوو نییە، بە پێچەوانەوە تێزەکانیان پڕە لە کورتبینی و نهێلیزم، پڕە لە ئەنتی تۆلێرانس، پڕە لە ئەندێشەی ئاینی و خێڵەکیانە، بۆ ئەم مەبەستەش بەدکەڵکی زۆریان لە شاشەی تیڤی وەرگرتووە، چوونکە تەلەفزیۆن بەدەر لە دیوە پۆزەتیڤەکەی، رەهەندی نێگەتیڤیشی هەیە بەوەی رووبەرێکە بۆ دەم هەراشەکان یان ئامێری بەرهەمهێنانی پاڵەوانە ساختەکانە، هەرچەند کاریگەریی زۆرە لەسەر گۆڕینی واقیع وەک ئەوەی لە کودەتاکەی تورکیا دژی ئەردۆگان بینیمان لە ساڵی 2016، چۆن یەک گرتەی ڤیدیۆیی لە رێی سکایپەوە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بڵاوکرایەوە توانی کودەتاکە پووچەڵ بکاتەوە، هاوزەمان تیڤی دەتوانێت واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و زیهنیش بگۆڕێ، بەڵام رەنگە ئەمەیان پرۆسەیەکی درێژخایەنتر بێت.
ئێمە لە حاڵی حازردا خاوەنی گروپێک رۆشنبیری موهەڕیجین لە رێی شاشەکانەوە بەقەدەر ئەوەی رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی دەگرن، دەسەڵاتەکانی تر بەهێز دەکەن، کاتێک رۆشنبیرانی ئێمە رەخنە لە دەسەڵات دەگرن، ناکرێت بڵێین ئەمە کارێکی خراپە، بەڵام کورتکردنەوەی دەسەڵات لە دەسەڵاتی سیاسییدا نیشانەی هەژاریی مەعریفییانە، بەو پێیەی دەسەڵاتی سیاسیی تەنیا یەک دیوی دەسەڵاتە، یان یەک تاکە دەسەڵاتە لەنێو کۆی دەسەڵاتەکانی تردا. کەمترین رۆشنبیرمان هەیە خۆیان بدەن لە قەرەی رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئاینیی و دەسەڵاتی کولتووری خێلەکیانە و کۆی دەسەڵاتە نارەمزییەکانی تر. بەزمانێکی تر ئەم گوزارەیە تەرح دەکەین و دەڵێین چوونکە رۆشنبیرانی ئێمە پاشخانی بیرکردنەوەیان حزبیی و سیاسییە تەنها دەتوانن رەخنەی سیاسیی و حزبیی بگرن، ئەم دیاردەیەش بەیەک ئاست دەبینرێت لای رۆشنبیرانی سەر بەدەسەڵات و ئەنتی دەسەڵاتەوە.
رۆشنبیرانی ئێمە زۆرینەیان سروشتێکی قەحپەییان هەیە، دەمەوێ پێش ئەوەی بەسەرمدا تێپەڕێت ئەوە روون بکەمەوە زاراوەی “قەحپە” لە هزرینی مندا رەهەندێکی سێکسوالێتی نییە، ئەو ژنە قوربانیانە ناگرێتەوە ناچارن بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە لەشی خۆیان لە بازاڕی بێویژدانی سەرمایەدارییدا بۆ چەند دۆلارێک بفرۆشن. ئینجا دێمە سەر کرۆکی مەبەست و بەکورتی ئەوە دەڵێم زۆرینەی رۆشنبیرانی ئێمە سرووشتێکی قەحپانەیان هەیە و بە فۆرمێکی نمایشکارانە روانگەکانیان دەخەنە روو، چوون دوو جۆر ئیلێتی رۆشنبیریی دروستبووە یەکێکیان بەو جۆرە نمایش دەکات سەرنجی دەسەڵاتی سیاسیی بەلای خۆیدا راکێشێت لە پێناوی بەخششێکی چەوردا، لە بەرانبەر ئەمەدا نوخبەیەکی تری پۆپۆلیست و سۆزانی هەیە دڵداریی لەگەڵ سۆز و هەستی جەماوەر دەکات “ئەو جەماوەرەی گۆستاف لۆبۆن بەروونی پێناسەی دەکات و پێیوایە سرووشتێکی سۆزانیانەی هەیە”، ئەم ئیلێتییە بەشێوەی قەحپانە کار لەسەر راکێشانی سەرنجی جەماوەری گەل دەکات بەلای خۆیدا، بەمەش دەسەڵاتێکی بەرفرە بۆ خۆی پەیدا دەکات “بێگوومان دەسەڵاتی مەعنەویی و هەژموونگەرایی”، رۆشنبیرانی راستەقینە ئەوانەن کەوتوونەتە نێوان ئەو دوو فۆرمە لە رۆشنبیر و سەرقاڵی کاری خۆیانن لە کێڵگە هزریی و مەعریفییەکەدا.
ئەو تەرزە رۆشنبیرە سۆزانییە زیاد لەهەر شتێک پێویستی بە شاشە و مارکێتینە، تاکوو بتوانێت خۆی وەک فریادڕەس نیشان بدات، لە کاتێکدا چەمکی فریادڕەس لە سترۆکتۆرەوە بارگاوییە بەرۆحی ئاینیی. جیا لەمەش خوازیارە خۆی وەک قارەمانێکی ئەفسووناویی لە ئەندێشەی زۆرینەدا سکێچ دەکات. “محەمەد تەها حوسێن” زۆر بە باشی ئەم نەخۆشییە روون دەکاتەوە، کاتێک دەنووسێت: رۆشنبیر ئەو خودە نییە دوای ئەوەی لە کردەی بیرکردنەوەدا توانی کاریگەر بێ لە کۆمەڵگەدا فۆرمی ژیانی دیکەی هەم بۆ خۆی هەم بۆ تاکەکانی دیکە فەراهەم کرد، ئیدی ببێ بە میتامرۆڤ و بەسەر ئەوانی دیکەدا ببێ بە کەڵەگا.. لەو ساتەوەختانەی رۆشنبیر یان وردتر بڵێین خودی بیرکەرەوە ئەو حەقی بیرکرددنەوەیە تەنها بۆ خۆی قۆرخ دەکات و بوار بۆ ئەم ئامادەگییە ئیلاهییە ناڕەخسێنێ، ئەوا هەمان ئەو کۆمپرادۆر و دەرەبەگ و سەرمایەدارەیە کە هەرچی سامان هەیە بەهۆی خۆی دەزانێ و نایەڵێ کەسی تر لێی سوودمەند بێت. بەمانا هەمان ئەو وێنە سەرەتایی و ئارچیتایپە یۆنگیەیە کە لە سەرەتای مێژووەوە چووەتە ناخی یەک بە یەکمان و هەمیشە ئاگا یان نائاگا لێمان وەدیار دەکەوێتەوە. ئەو ئارچیتایپە یۆنگیە رێک باوکەکەی فرۆیدە کە لە هۆزی یەکەمی مرۆڤایەتیدا یەکەم پیاو بووە و هەرچی حەز و شەهوەت و سامان هەبووە بە رەوای خۆی زانیوە و نەیهێشتووە کەس لێی بخوات خۆی نەبێ.
ئەو مودیلە رۆشنبیرە “بۆتۆمۆر”ییەی لەکوردستان باڵا بووە و خۆی بە توخمێکی بنەڕەتی بینای کۆمەڵایەتی و گەرووی زوڵاڵی هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان هەژمار دەکات، هەموو وزەی رۆشنبیریی و جەستەیی خودی خۆی تەرخانکردووە بۆ داتاشینی وێنایەکی تەوتەمی و کەڵەگایانە بۆ خۆی، هەمیشە چاوی لەوەیە ئۆتۆریتە و پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی بەسەر سیاسییەکاندا بسەپێنێت، بۆ هێنانەدی ئەم نەرگسییەتە نامەشرووعەش بەردەوام پێویستی بە شاشەی تیڤی هەیە، تاکو بتوانێت لە یەک کاتدا وێنا ساختەکەی وەک پاڵەوانێکی وەهمی بگەیەنێتە هەموو ئەو چین و توێژانەی ئەو خۆی بە ویژدانیان دەزانێت. پێویستە ئەوەش بڵێم مەبەستم لەوە نییە نابێت رۆشنبیر سوود لە تەلەفزیۆن وەربگرێت، بە پێچەوانەوە مەبەستم لەوەیە خودی رۆشنبیری کورد ئەوەندەی تەلەفزیۆن و شاشەکان بۆ بە کاریزماکردنی خۆی بەکاردەبات، نیو هێندە بگرە هیچ نایەوێ بەرئەنجامە فیکرییەکانی خۆی بگەیەنێت، چوونکە لە بنەڕەتەوە ئێمە کۆمەڵێک رۆشنبیرمان هەیە بیر ناکەنەوە، ئیدی چۆن بتوانن پەیامێک بگەیەنن؟. ئێمە رۆشنبیرمان نییە لە دەرەوەی ئەو تێزانەی وەک مەحفوزات دەرخیان کردووە، قسەیەکی تری پێ بێت!!. رۆشنبیرمان نییە، خۆی بێت و روئیای روونی خۆی هەبێت.
رۆشنبیرانی ئێمە خاوەنی هیچ بەرهەمێکی نوێ و زانستی نین، زیاتر قسەکەری سەر شاشەکانن، زۆرجار لەگەڵ بێژەرەکانی تیڤی جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا بەدی ناکرێت، چ لەرووی ئامادەگی لەسەر شاشەکان، چ لەرووی بیر و تەنانەت تۆنی دەنگیشەوە. بەرگریکردن لە مافی ئەوانیتر مانای ئەو گووتارە پۆپۆلیستی و دۆگمایە نییە رۆشنبیرانی ئێمە چ لەبەرەی دەسەڵات چ لەبەرەی بەرهەڵستکاران لە رێگەی شاشەی تیڤییەکانەوە سەرقاڵی موبیلیزەکردنین. ئەو رۆشنبیرە ئیعلامییانە زۆر جار ئاستی بیرکردنەوە و ورووژاندنیان زۆر لە خوار وتار و پرسیارە رۆژنامەوانەکانیشەوەیە. ئەم دیاردە نێگەتیڤە وەنەبێ تەنها لەدنیای ئێمەی کورددا بوونی هەبێ، بەڵکو ئەوە نەریتێکی باوی تێکڕای کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی رۆژهەڵاتی نێوین و جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە کە رۆشنبیرەکانی لە بری هەڵهێنجانی فیکریی دەبنە شایەری سیاسیی، لە بری کارکردن لەبواری زانستیدا، دەبنە پاسەوانی ئایدۆلۆگییە سیاسییەکان، لە بری هەنگاونان بۆ ئایندە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانەوەی ئەو کەلەپوورە رۆشنبیرییەن کە لە مۆزەخانەکانی مێژوو هەڵگیراون.
یەکێک لە ترسناکترین سیما ترسناکەکانی ئەم تایپە لە رۆشنبیر دوانە بەناوی هەقیقەتەوە، ئەوە نەریتی نازی و فاشیستەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و هەموو ئایدۆلۆگییە تۆتالیتارەکانی دنیایە. ئەوە ستالینیزمە و هەمان ئەو تێزەیە کە لەسەر سترۆکتۆری “ئەوەی لەگەڵم نەبێت ناراستە” بیناکراوە. مەولانای رۆمی بەر لە چەند سەدە وتی “هەقیقەت ئاوێنەیەک بوو شکا”! هەر کەسەو پارچەیەک لەو ئاوێنەی هەڵگرتۆتەوە، هەر کەسێ تەنیا لە پارچەیەکی شکاوی ئەو ئاوێنەدا هەقیقەتەکانی خۆی دەبینێت، ئەم هەمان ئەو بیردۆزەیە تیۆری نسبیی ئەنشتاین لە سەدەی بیستەمدا پێی دەگات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەرچی هەبووە لە کەوندا بوونێکی رێژەیی هەیە نەک رەها، هەروەک یاسا فیزیکییەکەش پێداگریی لەسەر دەکات “هەموو ماددەیەک لە دۆخی ئاساییدا هاوبەرگەیە و پێکهاتووە لە بارگەی موجەب و سالب”. پێموایە فەیلەسووفە پۆست مودێرنەکان تازە ئەم گەوهەرە دەدۆزنەوە و بۆمان باس دەکەن. دەمەوێ بڵێم ئەوانەی بەناوی هەقیقەتەوە دەدوێن، کوشندەترین زیان لە رێژەییبوونی هەقیقەت دەدەن، چوونکە هەقیقەت شتێک نییە بە رەهایی لای کەسێک یان بیروباوەڕێک چڕ بووبێتەوە، لە سۆنگەی ئەوەی هەقیقەت وەک ئاردی نێو دڕک وایە و هەر کەسێک دەتوانێت چنگێکی لێ هەڵگرێتەوە بە خۆڵ و خاشاکیشەوە. لێ بەداخەوە ئەو رۆشنبیرە کوردانەی لە شاشەکانەوە دەیانبینین بەناوی هەقیقەتەوە لاقەی جوانی هەموو شتێک دەکەن چوونکە وا دەبینن مادام راستن، بۆیان هەیە هەموو شتێکی دەرەوەی خۆیان ناشرین بکەن.
خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد
رۆشنبیرانی کورد هەروەک مێگەلەکە سەیری رووداوەکان دەکەن، بە زمانی ئاسایی عەوام دەپەیڤن، بە مێشکی زۆرینە بیر دەکەنەوە، لەناو نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا نغرۆ بوون، قسەیان لەسەر زۆر شت هەیە، بەڵام بیریان لە هیچ نەکردۆتەوە، خەون بە گۆڕینەوە دەبینن ئامڕاز و کەرەستەکانی گۆڕین شک نابەن و ناتوانن بیدۆزنەوە، رۆشنبیری ئێمە قسەنووس و یاریکەرن لەگەڵ عاتیفەی گشتیی، هەموو پڕۆژە رۆشنبیرییەکانیان ناچێتە دەرەوەی جیهانبینی سیاسیی و فیکریی باو، هەر بۆیە رۆشنبیری کورد خەونی بچووکە لەو دنیا گەورەیەدا. بەهۆی ئەوەی رووبەر و مەدای بیرکردنەوەی سنووردارە، با ئەو رۆشنبیرە لە دنیای شارستانی رۆژئاواشدا بژیت و لە نزیکەوە بەر فینۆمینەکانی دیموکراسی پلورالی کەوتبێت، بەڵام هێشتا لە کوێرە دێیەکی کوردستاندا دەژی و هزرینی لە چوارچێوەی ناوچەگەرییدایە و ناتوانێت سنووری ئەقڵی حزبییانە تێپەڕێنێت، نەک ناتوانێت گەردوونیانە بیر بکاتەوە، بەڵکو دەست و پێ سپیترە لەوەی کوردستانیانەش بیر بکاتەوە. دیقەت بدەن زمانی ئەو رۆشنبیرەی دەم لە پۆست مودێرنە وەردەدات، لەگەڵ زمانی کادرە حزبییە نەخوێندەوارەکان هەریەک زمان و ناوەڕۆکە، بەڵام بە سینتاکس و گوزارەی لە یەک جوداوە، ناوەڕۆک هەر یەک ناوەڕۆکی کۆنە، بەڵام هەر رۆژەی لە فۆرمێکی تازەدا تیۆریزە دەکرێت و زاراوەکانی دەگۆڕێن و پۆشاکی تازەیان بە بەردا دەکرێت.
رۆشنبیری کورد پاشکۆی سیاسەتە، یان وردتر بڵێن پاشکۆی حزبە، مەرج نییە لە رووی ئۆرگانییەوە تاکی رۆشنبیر لە حزبێکی سیاسییدا سازمان درابێت، بەڵام ئەو زیهنییەتی بیری پێدەکاتەوە هەمان ئەو زیهنییەتەیە حزبەکان وەک گووتاری سیاسیی خۆیان قبوڵیان کردووە و تەرویجی بۆ دەکەن. ئەگەر بچینەوە سەر نموونە بۆ روونکردنەوەی بابەتەکەمان رەنگە کۆمەکی باشمان بکات. لێرەدا دەخوازم جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە باڵی سەرەکی پارتی “جیابوونەوەی جەلالی لە مەلایی” لە ساڵی 1964دا بکەمە سەمپڵێک، وەک دەبینین گووتاری ئەو باڵە گووتارێکی چەپی ماویی بووە، هەموو کایەی رۆشنبیریی کوردیی لە ئاستی تاک و تەرا نەبێت، با دەدەنەوە بەلای باڵی مەکتەبی سیاسییدا، دەیانەوێ پاساوی فیکریی بۆ ئەو دوو کەرتبوونە بدۆزنەوە لە ریزەکانی شۆڕشدا، لێ باڵی مەکتەبی سیاسیی بایدایەوە بەلای دەوڵەتی داگیرکەری عێراقدا، ئەمە بۆ رۆشنبیرانی ئەودەم و ئێستاش نەبووە شۆک، بەڵکو هەر ئەو ستراتیژەی ئەوسایە هەرجارەی لە بەرگێکدا خۆی مانیفێست دەکات و رۆشنبیرانیش وەک ئەسپ عەرەبانەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە رادەکێشن.
ئەو نموونەی لای سەرەوە پێماندەڵێت، خەونی رۆشنبیرانی کورد لانیکەم لە باشوور، چەند بچووکە، چوونکە بەشێکی لاوەکییە لە ململانێی سیاسیی، ئەگەرنا ئەنتجلنیسیای کورد نەیتوانیوە گووتارێکی رۆشنبیریی سەربەخۆ لە دەرەوەی هەژموونی کونزەرڤاتیڤانەی حزبەکان بە خەونی گەورە و ئاگایی فیکرییەوە فۆرمۆڵە بکات، بەو هۆیەی کارەکتەری رۆشنبیر لە هەمان کاتدا کارەکتەرێکی سیاسیی و چالاکوانی ململانێ حزبییەکانە و ناتوانێت لەودیو تەلبەندەکانی حزب و گووتارە حزبییەکانەوە خۆی ببینێتەوە. کێشەم لەگەڵ ئەوانە نییە بە ئاشکرا بوونەتە ئاژیتاتۆری حزبەکان، ئەمانە دەتوانین بە رۆشنبیری حزبی ناودێریان بکەین، بەڵام کێشەکە لێرەدایە ئەو گروپ و تاکە رۆشنبیرانەی بەناوی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە هاتوونەتە نێو گۆڕەپانەکە هەندێک بە ئاگایی بوونەتە بەشێک لە ئەجیندای حزبی و هەندێک تریش بە دیفاکتۆ و نائاگایی کەوتوونەتە نێو ئەو واقیعەکەوە کە تەرەفداریی بۆ لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، ئیدی بەم حاڵەوە دەبێت خەونی گەورەی رۆشنبیرانی کورد چی بێت؟ هەرچەند دەمەوێ ئەوەش ئیزافە بکەم هیچ گشتاندنێکم پێ راست نییە و لێرەدا نامەوێ گشتاندن بکەم، بەڵکو لەسەر زۆرینە قسە دەکەم،ـ لانیکەم ئەو زۆرینەیەی مەیدانەکەیان بەدەستە.
لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە، خەونی بەشێکی بەرفرەی رۆشنبیران هێندە بچووک بۆتەوە، مۆبیلیزەی گەمژەیی دەکەن، لە رێی دنەدان و هاندان و ختوکەدانی هەستی ناوچەگەریی و شارچێتی هاووڵاتیان، یان دروستکردنی وێنەیەکی زەینی بۆ شەیتانی سیاسیی کە هەموو کەموکوڕیی و نەهامەتییەکان بخرێتە ئەستۆی ئەو ئەهریمەنە، ئەمە ئیقتباسە لە رۆشنبیریی دواکەوتووی عەرەبەکان، کە بارگاوییە بە رۆحی ئاینی و کولتووری بەداوەت، ئاخر عەرەبەکان هەموو ریفۆرمێکی سیاسیی و ئابووری و کولتوورییان بیر بردۆتەوە، هەمیشە کاردەکەن لەسەر داتاشینی دوژمنێکی وەهمی و تۆخکردنەوەی تیۆری موئامەرە، بۆ ئەم مەبەستە شەیتانێکی گەورەیان هەڵبژاردووە تا رک و کینەی خۆیانی تێدا خاڵی بکەنەوە ئەویش دەوڵەتی ئیسرائیلە و زایۆنیزمە. ئەم بیردۆزە بەشێوەیەکی تر وەک نەخۆشی کۆلێرا گواستراوەتەوە نێو کایەی رۆشنبیریی کوردیی بەتایبەت لە باشوور چوونکە ژێدەری بیرکردنەوەمان ئەو رۆشنبیرییە عەرەبییە ئیسلامییەیە هەنووکە دنیای عەرەبی کردۆتە دۆزەخی سەر زەوی، بەڵام تاکە جیاوازیی لەنێوان شەیتانی گەورەی نێو رۆشنبیریی عەرەب لەگەڵ شەیتانی گەورەی رۆشنبیریی کوردیی، لەوەدایە شەیتان لای عەرەب بێگانەیە، بەڵام شەیتانەکەی ئێمە خۆماڵییە و هەر خودی خۆمانین!!.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکە و باس لە خەونی رۆشنبیری کورد بکەین، پێویستە ئەمجارە لە چەند پرسیارێکەوە دەست پێبکەین، وەکوو: ئایا رۆشنبیری کورد رۆڵی چی بووە لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی فیکریی لە کوردستاندا؟ هەژموونی رۆشنبیران جگە لە نەوەیەکی سەرگەردان و خاڵی لە ئینتیما و بێ ئاسۆ و رەشبین و پووچگەرا چیتری بەرهەم هێناوە؟. رۆشنبیری کورد چی فۆرمۆڵە کردووە بۆ رزگارکردنی ئەقڵی کوردیی لە خڵتەی نەریتی ئاینیی وشکهەڵاتوو یان خەیاڵدانی هۆزگەرایی و خێڵەکی؟. ئەجیندای رۆشنبیری کورد چی بووە لە راستای گۆڕینی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاو و پاسیڤی تاکی کورد؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی ژیان کە تەبا و کۆک بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم؟. رۆشنبیرانی کورد چییان ئامادە کردووە وەک تیۆر بۆ فەلسەفەی حکومڕانیکردن و دەوڵەتداریی؟. تیۆرییەکانی رۆشنبیرانی ئێمە چین بۆ بەگژاچوونەوەی دیاردەی گەندەڵی ئیداریی و ئابووری؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ گۆڕینی سیستمی پەروەردە و پێشخستنی قوتابخانەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی؟. پڕۆژەی تیۆریی رۆشنبیرانی ئێمە چی بووە لە راستای هۆشیاریی جێندەریی و سێکسیی؟. پڕۆژەی رۆشنبیرانی کورد چی بووە بۆ یەکسانی رەگەزیی و گۆڕینی ئەو خەیاڵدانەی ژن وەک سەرچاوەی لەززەت بۆ پیاو سەیر دەکات؟؟.
من لێرە وەڵامی ئەو پرسیارانەم دەوێ نەک ئەو قسە باق و بریقانەی رۆشنبیرانی ئێمە فێری بوون و تووتی ئاسا دەیڵێنەوە؟ باسی دروشمبازیی ناکەم بەڵکو باسی پڕۆژەی فیکریی دەکەم. ئەگەر رۆشنبیرانی ئێمە دنیای کوردییان نەخوێندۆتەوە و بیریان لە کێشەکانی ناوی نەکردۆتەوە، تەنیا یەک کێشە ببینن کە کێشەی سیاسییە ئەوە دەبێت رێگە بدەن بڵێم خەونی بچووکە. گەرەکمە ئەوەش تێنەپەڕێ لەبارەی کێشەی سیاسییەوە، لای من ئەو فۆرمە لە سیاسەت کە لە دنیای کوردییدا هەیە، نەک شایانی رەخنەلێگرتنە بەڵکو دەبێت بگۆڕدرێت، بەڵام ئەم گۆڕینە تەنیا ئەو شێوازە لینینییەی گۆڕینی قووچەکی فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو لە پێشدا گۆڕینی خەیاڵدانی سیاسییە، ئەمەش کاری رۆژ و دوو رۆژ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هەمەلایەنەی درێژخایەنە و پێویستە بۆ ئەو گۆڕینە گرنگە دەست بۆ زۆر بابەتی هەستیاری تر ببەین کە ئەویش پەیوەندیی بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئاینی و خێڵەکیی ئێمەوە هەیە وەک کورد، بێ ئەم گۆڕینە لە خەیاڵدانی تاکدا و دروستکردنی تاکێکی کوردیی ساغڵەم لە رووی دنیابینییەوە، مومکین نییە ئەو گۆڕینە کودەتائامێزی قووچەکی سیاسیی هیچ بەروبوومێکی هەبێت، بەپێچەوانە بە فیڕۆدانی وزەی نەوەیەکە و تێکشکاندنی خەونی زۆرینەشە.
وتەی داخستن
وەک هەموو بوار و کایەکانی تری ژیان، کایەی رووناکبیریی کوردیی لەسەرگەردانی و تراژیدیایەکی مەزندایە، رەنگە بەشێکی زۆریش لە سەرگەردانییە سیاسیی و کولتووریی و فەرهەنگییەکانیش راستەوخۆ پەیوەندییان هەبێت بەو سەرگەردانییە رۆشنبیرییەی هەنووکە لە ئارادایە، لێرەدا دەبێت رۆشنبیر بە ئەرکی خۆی هەڵستێت و کارەکەی خۆی بەدروستی بناسێت، تاکو رۆشنبیر پانتایی کاری خۆی کە بەرهەمهێنانی مەعریفە و بیرە، جودا نەکاتەوە لە پانتایی کاری سیاسەتمەدار و رۆژنامەوانان، هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە مایەی دڵخۆشی لە بواری پێشکەوتن و گۆڕان لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر. تاکوو رۆشنبیری ئێمە سەرقاڵی گەمەکانی سیاسەت و حزبایەتی بێت، هەلومەرجەکانی کۆمەڵگە لە بری هەنگاوێک بۆ پێشەوە لینین وتەنی دوو هەنگاو بۆ دواوە دەبێت. ئەرکی رۆشنبیرە پێش هەر کارێکی تر چالاکی لە کایەی خۆیدا بکات، بەمانایەکی تر رۆشنبیر دەبێت لەوە حاڵی بێت نە گیڤارایە و نە مارتن لۆسەر کینگ، بەڵکو ئەو دەکرێت لە بواری فیکر و رەخنەی مەعریفیدا بەشداریی بکات لە پرۆسەی گۆڕانکاریی و لە پێشنۆرەشدا گۆڕینی عەقڵیەت و جیهانبینی تاک و گۆڕینی شێوەی بیرکردنەوەی کۆنسەرڤاتیڤی کۆمەڵگە و گۆڕینی فۆرمی کلاسیکی کردەی سیاسیی.
کاتی ئەوەیە رۆشنبیرانی ئێمە، بەرلەوەی سیاسەت و توخمە رەنگاورەنگەکانی کولتوور بخەنە ژێر نەشتەری رەخنەکانیانەوە، هاوزەمان چاوخشاندنەوەیەکیش بکەن بەسەر شێوازی کاری خۆیان؟ پێویستە رۆشنبیران هەڵسەنگاندنێک بکەن کە خەریکە لە ماکینەی بەرهەمهێنانی هزری نوێوە دەبنە ماکینەی بەرهەمهێنانی هەجو و جنێوی نوێ؟ پێویستە ببینن دوای بیست و شەش ساڵ پاش راپەڕین گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ لە هیچ یەکێک لە بوارەکانی رامیاریی و ئابووری و کولتوورییدا رووینەداوە،! ئەمەش ئەگەر لەسەرێکەوە نیشانەی ئەوە بێت دەسەڵاتێکی فاشیلمان هەبووە بەدرێژایی دوو دەیە و نیو، لە رەهەندێکی ترەوە نیشانەی تەمبەڵی رۆشنبیران بووە لە تەرح و داهێنانی فیکریدا، چوونکە ئێمە شاهیدین لەسەر تایپێک لە رۆشنبیریی بە داتاشینی وێنایەکی دزێو و جنۆکەئاسای کارەکتەرە سیاسییەکان “نەک سیستمی سیاسیی” خۆی لەهەر چەشنە تیۆریزەیەک دزیوەتەوە، بەو مانایەی تەنیا بە شێواز و ئەدەبیاتی سیاسیی شەڕی لەگەڵ دەسەڵات یان حزبەکان کردووە، ئیدی ئاگای لە بوارەکانی تری ژێرخانی فیکریی کۆمەڵگە نەماوە، ئاگای لە گووتاری ئاینی و تۆخبوونەوەی مەیلی ئیسلامیی کۆمەڵی کوردەواریی نەماوە، ئاگای لە ئیسلامییەکان نەماوە بە هەموو رێگاکان سەرقاڵی موبیلیزەن بۆ ئیسلامیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمە هەروەک ئەو نموونەیە وایە، نەخۆشێک دەردەدار بێت بە شێرپەنچەی پێست، بەڵام پزیشکەکان لە بری کیمیۆ تێراپی نەشتەرگەریی جوانکاریی پێستی بۆ ئەنجام بدەن.
پێش ئەوەی دوا قسەی خۆم لەم چاپتەرەدا دەکەم، ئێمەی کورد پێویستمان بە رۆشنبیرێکی جیددی وەک عەلی حەرب هەیە، کە برینێک بخاتە ئەو نەزعە ترسناک و خودسەرسامییەی رۆشنبیرانی ئێمەوە. ئەو توانی رەخنەکان پێچەوانە بکاتەوە و شەڕەکە بباتەوە نێو ماڵی خودی رۆشنبیران. کتێبە بەناوبانگەکەی “وەهمەکانی نوخبە یان رەخنە لە رۆشنبیر” توانی بەخێراییەکی بێوێنە ببێتە جێگەی مشتومڕ و ئیست لەسەر گرتن. ئەو لە پاشکۆی کۆتا چاپی کتێبەکەیدا، بەم جۆرە دەپەیڤێت “دان بەوەدا دەنێم من تەقەم لە رۆشنبیر کردووە، بە ئەندازەی ئەوەی هەنگاوم ناوە بۆ کردنەوەی مەلەفی رۆشنبیران بەرووی رەخنە و لێپێچینەوەدا. بەو مانایەی کارم بۆ لەقکردنی بڕوا رەگ داکوتراوەکان کردووە، بەئەندازەی ئەوەی هەوڵم داوە، جێ بەکێشەکە لێژ بکەم و سەرلەنوێ پرسیارەکان فۆرمۆڵە بکەمەوە و تیشک بخەمە سەر ئەو شوێنانەی کرابوونە دەرەوەی چوارچێوەی بیرکردنەوە بە ئەندازەی باسکردنی پەیوەندییە نادیموکراتییەکان و هەڵسوکەوتە تاریکبینەکانی ناو کەرتی رۆشنبیریی و نێوان دەستەبژێرەکان، ئەمەش وای لێکردم ئەولەویەتەکان ژێراوژوور بکەم و ئاڕاستەی رەخنە بگۆڕم. لە کاتێکدا ئیشی رەخنەگرتن لە رووی دەرەوە و واقیع بوو، تیرەکانی رەخنەم ئاڕاستەی ناوەوە کرد، واتە واقیعی رۆشنبیر لە رووی بیر و پراکتیک، یان گووتار و دامەزراوەوە”.
نۆبەتی ئەوەیە رۆشنبیر رووی رەخنەکانی ئاڕاستەی ناوەوە بکات و دواتر کەی ئیشکالییەتە ریشەییەکانی خۆی چارەکرد، رووی رەخنە بگۆڕێت و ئاڕاستەی دەرەوە و واقیعی بکات. ئێمە لە ئێستادا پێویستمان بە توێژێکی ئەکتیڤی رووناکبیریی هەیە، پرسیاری گەورە بکات، لە پێدراوە بچووکەکاندا بەهای گەورە بدۆزێتەوە، نەک چاوی لەسەر رووداوە گەورەکان بێت، لەو سۆنگەیەی کاری رۆشنبیریی ئیشێکی تاقیگەییە، هەروەک پیشەی پزیشکەکان وایە، دوای ناسین و دۆزینەوەی ڤایرۆسەکان، دەتوانیت دەرمانی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە بدۆزیتەوە. رۆشنبیرانی ئێمە لەسەریانە ڤایرۆسەکانی گەندەڵی و لاوازیی کەسێتی تاکی کورد و خراپی رەوشتی سیاسیی و ئیداریی بدۆزنەوە لە تاقیگەکانی هزرین و لێکدانەوەی زانستیدا، پاشتر دۆزینەوەی دەرمان و پرۆسەی دەرمانکردنەکە ئاسانتر دێت بەدەستەوە. کۆمەڵگەی کوردیی دەیان دەردی کوشندەی هەیە، تەنیا دەردیش بەدکەڵکی ئاکاری سیاسییەکان نییە لە پرۆسەی حکومڕانیدا، بەڵام ئایا رۆشنبیران بەم جۆرە دەمێننەوە تاکو سەر یان نا؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە وەڵامەکەی لە هەگبەکەی ئایندەدایە.

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە چاپتەری پێنجەمی کتێبی “گووتاری پۆپۆلیستی و خەونی بچووکی رۆشنبیرانی کورد”ه کە لە سەرەتای ساڵی 2018 بە شێوەی کتێبی کاغەز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاوکرایەوە.

Previous
Next