Skip to Content

گەشتی د. محەمەد کەمال بەنێو بیرکردنەوە و داهێنان دا … سۆران ئازاد

گەشتی د. محەمەد کەمال بەنێو بیرکردنەوە و داهێنان دا … سۆران ئازاد

Closed
by June 2, 2020 General, Opinion, Slider

لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە، کاتێک بیرکردنەوە و زمانی کوردی باڕگاوییە بە هەیجانی شۆرش و ئایدۆلۆجیاکان، بەڵام هەژار بە ئاوەدانکردنەوەی مەودا گەورەکانی بیرکردنەوە، دەنگێک لە نیشتیمانی کوردان بەرەو خاکی پاکستان، خۆی دەکات بە پەنابەری زانین لەپێناو دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوون. ئەو دەزانێت، کە ئەگەر بۆ زانین نەبین بە پەنابەر، وەک هەستی پەنابەربوونی فەیلەسووفانی یۆنان لە دوای مەرگی (سۆکرات)، لە نیشتیمانێک، کە هێشتا بیرکردنەوە و زمان لە ئاستە کرچوکاڵییەکەی دایە، هیچ گەشەکردنێک لە سەرووی دۆگماکان گونجاو نابێت. بەعسینەبوون و نیگەرانبوون لەوەی وڵاتی پاکستان، کە لەو کاتدا پێوەندی بە وڵاتی عێراق لەژێر دەستەڵاتی بەعس لەوپەڕی باشیدا بوو، ئەو پەنابەرەی زانین ئاودیو سنوور بکاتەوە، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەی جیاواز، دەردەسەری ئابووری و ژیانی فێرخوازی، هیچ کامیان نەیانتوانی لە وزە گەورەکەی (د. محەمەد کەمال) کەم بکەنەوە. بۆیە هەر لەوێدا خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکات. لەپاڵ ئەوەدا، شارەزاییەکی بەرفراوان جگە لە زمانی ئینگلیزی، لە زمانی (ئوردو) پەیدا دەکات. هەر لەنێوان ئەو کاتەدا وەکو (یۆگیەک)ی ڕێبازی فەلسەفەی (هیندویزم) ژیانێکی گیانخوازی بۆ ماوەی ساڵێک ئەزموون دەکات، لەوانە پراکتیزەکردنی تێڕامانی ترانسیدێنتاڵ و پەیڕەوکردنی خواردنی ڕووەکی. هەموو ئەو دەستەکەوتانەی ئەو کات، پێمان دەڵێن، کە (محەمەد کەمال) ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هزری و گیانی لەگەڵ فەلسەفەی خۆرهەڵاتدا هەیە. بەڵام وەک ئەوەی ویستی پڕ هەیەجانی بۆ فەلسەفە بیەوێت سنوورەکانی دەوڵەت ببڕێت، لە ساڵی 1992 لە وڵاتی (ئەڵمانیا) دەست دەکات بە خوێندنی (پۆست-دۆکتۆرا) لە فەلسەفەی (مارتن هایدیگەر). بەو هۆیەوە، لە نزیکەوە بیرکردنەوە و نەریتی فەلسەفەی ئەڵمانی ئەزموون دەکات. پاش ئەوە، بەرەو وڵاتی (ئوستڕاڵیا) کۆچ دەکات. یەکەم لە زانکۆی (مۆناش) دەبێت بە وانەبێژ، دواتر لە زانکۆی (لاتۆرب) و لە دواین پێگەشی له ئینستیتوتی ئاسیا و ڕۆژههڵات لە زانکۆی (ماڵبۆرن)، کە هەر یەک لەو سێ زانکۆیانە لە ڕێزبەندی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان دان. گەشتی ئەو بەناو بیرکردنەوە و نەریتی جیاوازدا، وایکردووە (محەمەد کەمال) شارەزاییەکی بەرفراوان لە کۆمەڵێک زمانی گرنگی جیهانی بەدەست بهێنێت. جگە لە زمانە خۆرهەڵاتییەکان، لەوانە کوردی، عەرەبی، فارسی و ئوردو، خاوەن شارەزاییەکی بەرفراوانە لە زمانە خۆرئاواییەکان، لە پێشەنگترینیان زمانی ئینگلیزی و لاتینی، لەگەڵ ئەڵمانی.
(د. محەمەد کەمال) لە وڵاتی پاکستان خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندە. بۆ ماوەی نزیکەی حەڤدە ساڵ لە دیدار و هەوڵی کەسوکاری بێبەش دەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی لەو کاتەدا تاکە کەناڵی پەیوەندیکردن بە کەسوکار نامەگۆڕینەوە بوو، کە زۆربەی جار نامەکان تەنیا دەبوون بە کۆمەڵێک وشەی بریقەدار بە ئاسمانی بیرەوەری نووسەر بەبێ ئەوەی بگەن بە سەرزەمینی دیاریکراو بۆ دەستی ئەو کەسانەی مافی خاوەندارێتیی وشەکانیان هەبووە. ئەو مەودایە (محەمەد کەمال) لە هەموو شتێک دوور دەخاتەوە لە بیرکردنەوەی قووڵ و تێڕامانی داهێنەرانە نەبێت. لەوێ، سەرەڕای خوێندنی فەلسەفە، دەبێتە خاوەن باکگراوندێکی گەورە لە فەلسەفەی سۆفیزم و بیرکردنەوەی گیانخوازی سۆفیانە. هەر چەندە هۆشی ئەو دەوڵەمەندە بە پاشخانی فەلسەفەی خۆرئاوا، بە تایبەت بوونگەرایی، لەڕووی سۆزدارییەوە هەست دەکەیت زیاتر سۆزێکی سۆفیانەی لە ژیاندا هەیە. بە تامەزرۆییەوە خۆشەویستی خۆی بۆ هۆنراوەکانی (مەولانای ڕومی) دەردەبڕێت و سۆزدارانە گوێ لە موزیکی گیانخوازی دەگرێت. خۆشەویستی ئەو بۆ ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی قووڵە و بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی.
سەرەتای زستانی 2018، لە (ئۆسڵۆ) میوانداری کرد، کە خۆیشی میوانی (تابان)ی خوشکی و (کەریم مستەفا) نووسەر و وەرگێڕ بوو. لەوێدا بوار هەبوو چوار ڕۆژی پڕنرخ لەگەڵ ئەو سێ کەسە ڕۆشنگەرە بەسەر ببەم. ماڵەکەی (کەریم مستەفا) و (تابان کەمال) لەهەر کوێیەکەوە سەیری بکەیت پڕیەتی لە پەرتووک، بە زمانەکانی کوردی، نەرویجی، دانمارکی، سویدی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی. ئەو شارەزاییە بەرفراوانە لەو زمانە جیاوازانەدا لە لایەکەوە وا دەکات شانازی بەوە بکەین، کە تاکی ئێمە لەناو خۆڵەمێشی ئاوارەیی و دەردەسەریدا هێندە مەزن لە بیرکردنەوەدا پێ دەگات، لە لایەکی ترەوە بەرپرسیارێتی زیاتر دروست دەکات بۆ گەشەکردن. (کەریم مستەفا) جگە لە نووسین و وەرگێران، چەندین کۆڕ، سیمینار و چالاکی پەروەردەیی لە سەرتاسەری کوردستان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببات. چالاکییەکانی خۆبەخشانە بووە بە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بە کۆمەڵگەیەک، کە لە دەرئەنجامی ئەزموونی شەڕ و کوشتار و لەنێوچوون، لە قۆناغە ناسک و سەرەتاییەکانی گەشەکردنیەتی. (تابان کەمال) جگە لە هەوڵەکانی لەپێشتری لە بواری نووسین و کۆرگێڕان سەبارەت بە فێمینیزم و یەکسانی ڕەگەزی، یەکەم خوێنەر و ڕەخنەگری بەرهەمەکانی (محەمەد کەمال)ە، بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەو بەرهەمەکان دەخاتە سەر کۆمپیوتەر بۆ ئەوەی بە دەستی خوێنەران بگات. بۆیە لە پشت نووسینە و وەرگێڕەکانی ئەو، چاودێر و ڕەخنەگرێک هەیە، کە دڵنیامان دەکاتەوە وشە و هزرەکان لە باشترین ئاستی پاکتاوکردن بگەن بە ئاگایی ئێمە.
رۆژی یەکەم لەگەڵ (محەمەد کەمال) بەرەو ماڵی نووسەری گەورەی نەرویجی (هێنریک ئیبسن) ڕۆیشتین، کە زۆربەی بەرهەمە گەورەکانی لەو ماڵەدا نووسیوە. کە چووینە ژوورەوە، دەبوایە بلیت ببڕین و چاوەڕێی ڕێبەرەکەمان کردبا بۆ ئەوەی مافی ئەوەمان هەبێت هەموو ناو ماڵەکە ببینن. ڕێبەرەکە ژنێکی خوێن شیرین بوو. (محەمەد کەمال) پرسیاری ئەوەی لێی کرد، کە ئاخۆ بۆمان هەیە بەبێ ئامادەیی ئەو سەیری ناو ماڵەکەی (ئیبسن) بکەین. ژنەکە گوتی، کە بە داخەوە ناتوانین. (محەمەد کەمال) بە زەردەخەنە و گاڵتەوە پێی گوت، کە ئێوە دەڵێن ئێرە [نەرویج] وڵاتێکی ئازادە و بۆچی بۆمان نییە بە ئازادی بەناو ماڵەکە بگەڕێین؛ ئێمە حەز دەکەین خاوەن تێڕامانی خۆمان بین. ژنەکە وەک ئەوەی ڕاستەوخۆ لە هەست و تێڕامانەکەی ئەو تێگەیشتبێت، بە خەندەوە پێی گوت، کە ڕاست دەکات، بەڵام لە هەموو شتێک ئازاد نین.
بە ڕێکەوت، دوو هاوڵاتی تورکی، ژن و پیاوێک، کە لە ئیستەنبولەوە هاتبوون، بلیتی بینینی ناو ماڵەکەی (ئبسین)یان بڕی. کاتێک ڕێبەرە ژنەکە ئێمەی بەناو ماڵەکەدا دەگێڕا، ژنە تورکییەکە بەردەوام دەیگوت، کە ڕوخساری (ئیبسن) لە کەسێکی ناوداری تورک دەچێت و بەڵام ناوی نازانێت. (محەمەد کەمال) پێی گوت، کە ناوی (نازم حکمەت)ە. ژنە تورکەکە بە حەپەساوییە پێی گوت، کە زۆر ڕاست دەکات. دواتر لە منی پرسی، کە ئاخۆ ئەو پیاوە کێیە، چونکە وا دەردەکەوێت، کە زۆر شت بزانێت و کەسێکی جیاواز و قووڵ بێت. منیش بە هەستێکی شانازییەوە پێم گوت، کە فەیلەسووفێکی کوردە و مامۆستای زانکۆیە لە ماڵبۆڕن. دڵی بەوە خۆش نەبوو، کە کوردێک لەو باشتر دەزانێت (نازم حیکمەت) کێیە و هێندەش قووڵ دەردەکەوێت. بەڵام هەستم دەکرد، کە زۆر بە تامەزرۆییەوە سەرنجی جووڵە و وهێمنی و تێڕامانەکانی (محەمەد کەمال) دەدا، وەک ئەوەی بزانێت ئەو هێمنییە لە قووڵایی تێڕامانی داهێنەرانە سەرچاوەی گرتووە. دواتر، کە (محەمەد کەمال) و من بە کوردی قسەمان دەکرد، هات و لێی پرسین، کە ئاخۆ ئێمە بە عەرەبی قسە دەکەین، وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت کورد زمانی نییە، (محەمەد کەمال) بە تێڕامانێک، وەک ئەوەی پێی بڵێت، کە ناکرێت ‘مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز’، کە لە ئیستەنبولەوە گەیشتووەتە ماڵی ‘ئیبسن’ هێندە لەناوەوەدا بەرانبەر بە شوناسی کەمایەتییەک فاشیست بێت، پێی گوت، کە نەخێر، زمانەکە کوردییە. لە دوای ئەو گوتنەش، بە خەندەوە و سەیرکردێنکی پڕ لە باوەڕ-بە خۆ-بوون و هێمنییەوە، بە بێ گوتنی هیچ وشەیەک، سەیری چاوەکانی کرد، وەک ئەوەی پێی ڕابگەیەنێت، کە ئێمە چەندە شانازی بەو زمانەوە دەکەین و چەندە ئەگەری گەورە لەبەردەم بیر و کراوەیی زمانی ئێمەدا هەیە.
(محەمەد کەمال) بیریارێکی دژە نیشتیمان نییە. نیشتیمان جیاوازە لە کەلتوور، سیستەمی حوکمڕانی، دەوڵەت و دامودەزگاکان، بەڵام ئەو جیاوازیانە لای زۆربەی نووسەرانی ئێمە نابیندرێن؛ بە ئاسانی ئەو چوار یەکە جیاوازە تێکەڵ دەکەن و دژایەتی یان لایەنگری خۆیان دەردەبڕن، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆک و بونیادی ئەو یەکە جیاوازانە بکۆڵنەوە و خاوەن تێگەیشتنی خۆیان بن. بۆیە نەفرەتکردنیان لە نیشتیمان و بینینی گوتاری کوردبوون وەکو دەرکەوتەیەکی دواکەوتووی بیرکردنەوەی تەسک و دەمارگرژی نەتەوەیانە، وایکردووە ئەو ڕۆشنبیرانە لە جیهانێکی وەهمی، کە گوایە گەردوونییە، حوکمی ڕووکەش بەسەر بیرکردنەوەی ئێمەدا ببەخشنەوە. ئەوەی ڕۆژێک هەناسەیەکی قووڵی پڕ بیرکردنەوەی گەردوونیانە هەڵمژێت، لە هیچ تێنەگات، لەوە تێدەگات، کە گەردوون لەسەر دژە کوردبوون و نەفرەتکردن لە نیشتیمانەوە ڕانەوەستاوە. جگە لەوە، کوردبوون گوتارێک نییە لە دەرەوەی گەردوونەوە هاتبێت. هەر کەسێک بزانێت مرۆڤ خاوەن مافی گەردوونییە، لەوە تێدەگات، کە ئەوانەی ئەنفال و کیمیاباران کران، لەو مافە گەردوونییە بێ بەش کران بە تەنیا لەبەر ئەوەی، کە کوردبوون. لە ڕاستیدا، لە جیهانێکی نموونەیی و تەواودا، نەتەوەپەرستی هیی ئەوانە دەبێت، کە بیرکردنەوەیان تەسکە. بەڵام چونکە ئێمە نەک لە جیهانێکی نموونەیی ناژین، بەڵکو لەسەر خاکی خۆشمان میوانین، پاراستنی شوناسی خۆمان پێویستییەکی بنچینەییە. هیچ گرووپێکیش ناچار نییە لە تێکۆشانی بۆ مانەوە و سەربەستبوون خۆی بێ بەش بکات. ئێمە دەتوانین بڕۆین نەیارەکانمان ماچ بکەین و بە هەستی مرۆڤایەتی بەخێرهاتنیان بکەین، یان وەکو مەسیح دەڵێت لاکەی تری ڕوومەتمانیان پێ بدەین، بەڵام کاتێک عەفرینمان بۆ داگیر دەکەن، کاتێک وەکو داعش بەناو شەنگالدا تێدەپەڕن، مافی ئەوەمان نابێت فرمێسک بڕێژین. بە واتایەکی تر، دەتوانین خزمەتی نەیارەکانمان بکەین لەژێر ناوی بیرکردنەوەی گەردوونیانە، کە لە ڕاستیدا بیرکردنەوەی لاوازانایە لەو کۆنتێکستەدا، بەڵام پێویست ناکات چاوەڕێی ئەوە بکەین تاوەکو وەکو کۆیلە یان مرۆڤی نمرە چوار و پێنج مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت، لەو جیهانە ناتەواوەدا، بیرکردنەوەی گەردوونیانە هیی ئەوانەیە، کە چاویان ڕووناکیی ڕاستەقینەی دەرەوە نابینێت و ئاڵۆدەی تاریکیی ناو ئەشکەوتن.
بۆ (محەمەد کەمال) نیشتیمان ئەو سەرزەمینەیە، کە بوونی ئێمەی لێوە هاتووە و ئێمەیش سەر بەو نیشتیمانەین. هەر لەبەر ئەم مەبەستە لە تەمەنی لاویەتیدا بۆ ماوەیەک وەک پێشمەرگە لە ڕێزەکانی شۆرشی ئەیلول تێکۆشانی کردووە. بۆ ئەو خۆشویستنی نیشتیمان لە هەستکردنی تاکە بە بەرپرسیارێتی لە ئاست بوونی خۆی و ئەوانی تر. تاک دەتوانێت دژی سیستەمەکانی کەلتوور و دەستەڵات بێت، بەڵام نیشتیمان بە تەنیا پارچە خاکێک نییە، بەڵکو ماڵی شوناسە بۆ بوون. لە پەرتووکی (ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ)، ئەو دەنووسێت:

“مرۆڤی بێ دەوڵەت زۆرە، بەڵام مرۆڤی بێ نیشتیمان نییە.
لەم دیدەوە، نیشتیمان سنوورێکی تەلبەندکراوی جوگرافی نیە، بەڵکو وڵاتێکی پان و بەرینە، ئەو خاکەیە کە “هۆڵدەرین” هۆنەری ئەڵمانیا لە هۆنراوەی “گەڕانەوە بۆ نیشتیمان”دا باسیدەکات. نیشتیمان ئەو شوێنەیە کە جۆگەی خوێنی لەشمانی پێدادەڕوات و تیاشیدا وشک دەبێت: دووریمان لەو خاکە تووشی مەکۆی خەم و نامۆیمان دەکات، نامۆییەک لە گیانکێشان سەختترە…” (لاپەڕە، 23)

بۆیە دەبینین لای ئەو، نیشتیمان واتایەکی زۆر بنەڕەتی بۆ بوونی مرۆڤ هەیە. دژبوون بە نیشتیمان دژ بوونە بە شوناسی بوونمان. هەر لەبەر ئەوەیە، کە ئەو خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ زمان و شوناسی کوردبوون هەیە. چاوەڕوانی هیچ پاداشت و پێزانینێکیش ناکات، چونکە پرۆژەکانی ئەو لە تێگەیشتنی خۆی بۆ بوونی خۆی و ئەوانی ترەوە سەرچاوە گرتووە. لە هەمان کاتدا، زمانی (د. محەمەد کەمال) زمانێکی هەڵەشەیی و گازندەکار نییە، زمانێکیش نییە ئەوانی تر ڕەت بکاتەوە و نکۆڵی لە گرنگی جیاوازی و فرە دەنگی بکات. جیاوازییەکان لە تێڕامانی ئەودا گوزارشت لە یەکێتی بوون و فرە داهێنانی تاکەکان دەکەن. بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران چونکە گرنگی پرۆژەکانیان لە پشتگیری زۆرایەتی دەبینن، بە ئاسانی نائومێد، توڕە، هەڵەشە، دڵخۆش و ئومێدار دەبن. واتە جەماوەر بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئەوان چ جۆرە هەستێکیان هەبێت، نەک ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن پرۆژە و هەستەکانیان چ ئاڕاستەیەکیان هەبێت. لەم ڕووەوە، بە زمانی (محەمەد کەمال) بێت، ئەو ڕۆشنبیرانە ڕەسەن نین و پرۆژەکانیان داوە بە دەستی ئەوانی تر و هەر ئەو بەدەستەوەدانەیشە وا دەکات کاتێک هەڵەشە دەبن، نەفرەت لە نیشتیمان و شوناسیان بکەن، یان خەڵک بەبێ ئاگا و ناهۆشیار ڕەچاو بکەن. ئەو حوکم بەخشینەوانە هیی ئەوانەن، کە ڕێگە نادەن هۆش دەستەڵاتی تێگەیشتنی خۆی بەسەر هەڵەشی و ڕووکەشیدا بسەپێنێت.
بەڵام (محەمەد کەمال) سەرەڕای ئەوەی خاوەن بەرهەمی و توێژینەوەی ئەکادیمی و دەوڵەمەندە بە زمانی ئینگلیزی، خۆشەویستییەکەی بۆ زمانی کوردی وایکردووە بناغە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە بۆ ئەو زمانە دابمەزرێنێت. بۆیە دەبینین خەرمانی زمانی کوردی بە وەرگێڕانی شاکارگەلی فەلسەفی جیهانی، وەکو (بوون و کات)ی (هایدیگەر)، (فیمینۆلۆجیی هۆش)ی (هیگڵ)، (کۆمار)ی (ئەفلاتوون)، (بوون و نەبوون)ی (سارتەر)، یان بە پەرتووکە فەلسەفییەکانی، وەکو (بوون و داهێنان)، (ئۆنتۆلۆجی بنه‌ڕه‌تی بوونی مرۆڤ)، (هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی)، (نیتشە و پاش تازەگەری)، (فەلسەفەی ئەفلاتوون)، (فەلسەفەی سارتەر)، (کێشەی بوون لە مێژووی فەلسەفەدا) و جگە لە کۆمەڵێک پەرتووکی تر و بەم دوایانەش (فەلسەفەی کانت) و (مارکس وەکو فەیلەسووف)، دەوڵەمەند و شکۆدار بووە. ئاکامی ئەو هەوڵانە دامەزراندنی زەمینەی ڕەخنەگرتن و تێکشکانی دۆگما و بەها چەقبەستووەکانە.
ئەو وەک ئەوەی هەر لە سەرەتاوە زانیبێتی، کە شکاندنی بەها چەقبەستووەکان بە زمانی پڕ هەیجانی ئایدۆلۆجی و نووسراوی هەڵەشیی و پڕ هەڵچوونی ڕۆشنبیرە ڕووکەشەکان ناکرێت، بە تەواوی خۆی لەو نەریتە زاڵەی نێوەندیی ڕۆشنبیریی کوردی بە دوور دەگرێت. لە کاتێکدا بەرهەم و ئاکامی ئەو نێوەندە، بە ڕێبەرایەتی ڕۆشنبیرانی (ڕەهەند) زۆری زۆر تا (گردی زەرگەتە) بڕی کرد و لەوێدا هەڵەشە و هەڵچوونەکان، بانگەشە و هزرەکان، زمان و بیرکردنەوەکان بوون بە کورتکراوەیەکی لاوەکی بۆ (بزوتنەوەی گۆڕان)، کە ئامانجی ئەو پڕۆژانە لە بنەڕەتدا هەر ئەوە بوو. دواجار ئەو ڕۆشنبیرانە خۆیان و خەرمانەکەیان لەژێر چەتری کاریزمایی (نەوشیروان مستەفا) بینیەوە، کە مێژوویەکی باشی لە دژایەتیکردنی هەر هەوڵێکی جیاوازی رەخنەگرانە هەبوو. ئەو خۆ-بەدەستەوەدانە لە ڕاستیدا لە ئاکامی تێنەپەڕاندنی پێویستییەتی حەشامەت بۆ دەستەڵاتی کاریزمایی لە کۆمەڵی کوردیدا دەگەڕێتەوە. ڕۆشنبیرانێک، کە شیکارییە ڕووکەشەکانیان لەسەر بنەمای ‘ئەقڵانیەتی’ خۆرئاوایە، بێئاگایانە خۆیان لە تەڵەی کاریزماخوازی خێڵەکیانەی کوردی بینییەوە.
هاوکێشەکە بۆ (د. محەمەد کەمال) جیاوازە، بەوەی کە بیرکردنەوە ئەو وا دەخوازێت ئێمە نەک هیچ نوێنەرێکمان نەبێت و کەس بە نوێنەری خۆمان نەزانین، بەڵکو ببین بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان. کەسێک بوونی خۆی نەناسێت، زۆر ئاسان پڕۆژەکانی بوونی خۆیشی بە دەستەوە دەدات، وەک خۆ بەدەستەوەدانی ڕۆشنبیران بۆ (بزوتنەوە گۆڕان) و بزوتنەوە ئیسلامییەکان. ئەوەی هەوڵ دەدات خاوەن بوونی داهێنەرانەی خۆی بێت، دۆخی نیگەرانی، کە دۆخێکی بوونگەرانەی بوونیەتی، بە بانگەشە ڕووکەشەکان و چارەسەرە کورتخایەنەکان ناڕوێنێتەوە. بەڵکو، بە هێزی ئەو نیگەرانییە، بەسەر خۆیدا بەرز دەبێتەوە و باڵاتر لەوەی بەسەریدا سەپێندراوە، هەڵدەکشێت. لەبەر ئەوەی (محەمەد کەمال) بۆ خوێنەرگەلێک نانووسێت، کە وەکو خوێنەری بۆ نموونە ئەڵمانی زمانەکەیان دەوڵەمەند بێت بە شاکاری فەلسەفی، وا پێویست دەکات سەرەتا زەمینە بۆ ئەو بەرزبوونەوە و باڵابوونە ساز و دروست بکات، وا پێویست دەکات زمان دابمەزرێنێت یان دایبهێنێت بۆ نەریتێک، کە بەرەو ئەو جۆرە بیرکردنەوە ترسناک و قووڵانە نەجوڵێندراوە. بابەتەکە ئەوە نییە، کە خوێنەری کوردی زمانەکانی تر نازانێت، بەڵکو ئامانجەکەی ئەو لەوە بەرفراوانترە. بابەتەکە گواستنەوەی ئاستی بیرکردنەوەی ئێمەیە، کە لە ناو زمان دایە، چونکە بیرکردنەوەی کوردی بە تەنیا بە بیرکردنەوە و کەرەستەی خۆی دەتوانێت بگوازرێتەوە و خۆی تێبپەڕێنێت. ئەوە هەمان ئەو خاڵەیە، کە (مارتن هایدیگەر) لە دواین گفتوگۆی، کە گۆڤاری (دێرشپیگل) لەگەڵی ئەنجام داوە، ئاماژەی پێ دەدات. بە بۆچوونی (هایدیگەر) هزر تەنیا بەو هزرە دەگوزرێتەوە، کە خاوەن هەمان سەرچاوە و پێداگرییە. یان دروستتر، لە هەمان کۆنتێکست و کەلتوورەوە هاتووە.
بۆیە چ بە وەرگێڕانەکانی بێت، چ بە پەرتووک و توێژینەوەکانی، کە تەواوکەری ئەو پڕۆژە سەرتاپاگیرەن، (محەمەد کەمال) کەمتوانایی زمان و بیرکردنەوەی ئێمە بۆ داهێنان و پڕۆژە دامەزراندن دەگوازێتەوە. ئەو نەک وەکو هاوچەرخەکانی گلەیی لە زمانی کوردی بۆ کەمتوانایی لە دەربڕیندا ناکات، بەڵکو هەر بە کەرەستەکانی ئەو زمانە، ئاستی بیرکردنەوەی چەقبەستوو هەڵدەوەشێنێتەوە و لە ئاستی بەرزی بیرکردنەوەدا زمانی ئێمە بەرەو داهێنان و پڕۆژە دامەزراندنی هزری ئاڕاستە دەکات. ئەو ئاڕاستەکردنە ئافرێنەرانەیە، چونکە وا دەکات لە خاکە وێرانەکانی بیرکردنەوەشماندا، داهێنان توانای خۆ-ڕسکاندنی هەبێت و ببێت بە دەستکەوت بۆ بوونێک، کە هەم بنەڕەتە بۆ هەموو داهێنانەکان، هەمیش لە ڕێگەی داهێنانەکانییەوە دەتوانێت خۆی بناسێت و شاراوەیی و وزەی نهێنیی خۆی بۆ خۆی دەربخات و ئاشکرا بکات.
وەک خۆی پێی گوتم، کە لە زۆر دۆخدا داوای هەڵویست وەرگرتنی لێ دەکرێت و هەندێکیش پێی دەڵێن، کە هەڵوێستی لەبارەی ڕووداوە جیاوازەکانەوە نییە. بەڵام هەر خۆیشی ئەوەی ڕوونکردنەوە و گوتی، کە ئایا ئەوەی دەیکات هەڵوێست نییە و هەڵوێست لەوە زیاتر دەتوانێت چی بێت؟ لە دوای ڕووداوەکانی (حەڤدەی شوبات) کۆڕێکی لە (ماڵی ئارام) بۆ ڕێکخرا، کە تێیدا باسی بوونی ڕەسەن و ناڕەسەنی کرد. هەر لەو کاتە داوای هەڵوێستی لێ کرا. دیارە بەشێکی زۆری ئەوانی تینووی هەڵوێست بوون، بە تەنیا یەک دیوی ڕووکەشی هەڵوێستیان دەبینی. هەڵوێستی ئەو ڕۆشنبیرانە هاوتا و هاوهەڵوێست بوو لەگەڵ هەڵوێستی بزوتنەوە ئیسلامییەکان. هەر دوای ئەو ڕووداوانە بوو، کە من (محەمەد کەمال)م بۆ یەکەم جار لە شاری ڕانیە بینی و لەوێ بوار هەبوو چەند کاتژمێرێک لە یەکێک لە چێشتخانە لاچەپەکانی شار بەسەر ببەین. لەو بارەیەوە، پێی گوتم، کە لە ڕاستیدا ئەو ئامادە نییە فوو لە هەمان ئەو مایکرۆفۆنە بکات، کە ئیسلامییەکان فووی تێ دەکەن. هەڵوێستەکەی بنەڕەتی و دوور بینانە بوو؛ ئێمە لەگەڵ ئیسلامییەکان پرۆژە دادەمەزرێنین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەی خۆمان بەناوی دیموکراسییەوە ڕادەستی داعش و ئەردۆگانەکان بکەین؟ لانی کەم ئەوە هەمان ئەو هەوڵانەیە، کە ئەو ڕۆشنبیرانە تێی ئاڵاون لەژێر ناوی نەفرەتکردن لە نیشتیمان و کوردبوون و بژی ئازادی و دیموکراسیبوون!
(محەمەد کەمال) ئاستێکی زۆر بنەڕەتی و باڵای هەڵوێست-وەرگرتنی هەڵبژاردووە. بۆ ئەو، هەڵوێست بریتیی نییە لەوەی ئێمە بنچینە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی حکومەت بەگوێرەی ئاوازی بزوتنەوە و گرووپی دیاریکراو بکەین. لە دوایشدا، هەموو پرۆژەکانمان بدەینە دەست ئەوانی تر، بۆ نموونە ئیسلامییەکان. بۆ ئەو هەڵوێست بریتییە لە جووڵاندنی بیرکردنەوە، لە زەمینە ڕەخساندن بۆ ئەوەی تاک بتوانێت لە دەرەوەی ئەو بەربەستەی ئەوانی تر بەسەریاندا سەپاندووە، خۆی بناسێت و خۆی بدۆزێتەوە. ئەو تاکەی خۆی لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە، دەتوانێت جیاواز بێت و ئەو جیاوازییەش تاک بەرەو داهێنان ئاڕاستە دەکات. ئەو تاکە بە ئاوازی ڕەسەن و داهێنەرانی خۆی نەبێت، بە هیچ ئاوازێکی تر سەما ناکات. لەپێناو پرۆژە داهێنەرەکانی خۆی نەبێت، لەپێناو هیچ پرۆژەیەکی تر بوونی خۆی ئاڕاستەی مردن ناکات. ئەوە واتای وانییە، کە ئەو تاکە ڕەسەنە هاوکار و هاوئاهەنگ نابێت لەگەڵ ئەوانی تر، بەڵکو واتای وایە، کە هەر لە خۆوە و هەر بە تەنیا لەبەر ئەوەی خواستی ئەوانی تر و کەلتوور وا دەخوازێت، پرۆژەکانی خۆی بە دەستەوە نادات. ئەمڕۆ لە کوردستان بانگەشەکان بۆ ئەوەن، کە تاک خۆی بە دەست پرۆژەکانی ئەوانی تر بدات بۆ ئەوەی ماف و ژیانی پارێزراو بێت. چەند بەرەکی و جەمسەری تاکیان نامۆ کردووە. بۆیە بە ئاسانی ئەو تاکانە بەرەو ئامانجی دیاریکراو ئاڕاستە دەکرێن، نەک ئەوەی خۆیان ئامانجی دیاریکراو بۆ خۆیان دابنێن. ئەو تاکەی لە بوونی تێنەگات و ڕەسەنانە نەژیێت، تاکێکە نازانێت ئاسۆی گەشەکردن و خزمەتکردن هەم بە خۆی و هەمیش بە مرۆڤایەتی لە کوێیە. ئەو تەنیا ئەوە دەکات، کە بەسەریدا سەپێندراوە و داوای لێ کراوە، نەک ئەوەی، کە بیرکردنەوەی داهێنەرانەی خۆی داوای لێ دەکات، چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نائامادەیە و بێ زەمینەیە. هەڵوێستەکانی (محەمەد کەمال) وەک ئاماژەم پێی دا، دروستکردنی ئەو زەمینەیە بۆ ئەوەی بیرکردنەوە توانای خۆ کرانەوە و ناسینی بوونی هەبێت. تەنیا لەو کاتە دایە، کە هەڵوێستی تاک هەڵوێستێکی هاکەزایی و هەڵەشیی نابێت، بەڵکو هەڵوێستێکی ناوەڕۆکدار و پڕ بەرهەم دەبێت و دەتوانێت بەسەر هەلومەرجەکاندا زاڵ بێت. بە هەمان شێوە، ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ کارە فەلسەفییەکانی ئەودا هەبێت، لەوە تێدەگات، کە ئەو بیریارە هەموو جۆرە ڕەهەندێکی دەستەڵاتخواز ڕەت دەکاتەوە، چونکە ئەو هیچ دەستەڵاتێک لەسەرووی دەستەڵات و هێزی بوون نابینێت.
بەڵام، لە خوێندنەوەی پەرتووک و توێژینەوەکانی بە زمانی ئینگلیزی، ئێمە بۆمان دەردەکەوێت، کە (محەمەد کەمال) شارەزاییەکی زۆر بەرفراوانی لە فەلسەفە و ئاینی ئیسلام و بیریارانی ئیسلامی هەیە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوە بیرە هاوبەشەکانی نەریتی بیرکردنەوە و گیانخوازی لە جیهانی ‘ئیسلامی’ لەگەڵ نەریتی بیرکردنەوەی فەلسەفیانەی خۆرئاوا دەدات. ئەوەیش دەرخستنی ئەو ئاکامایە، کە بیرکردنەوەی فەلسەفەیانە سەر بە هیچ کەلتوور و نەتەوە و کاتێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو سەر بە بوون و ئاگامەندییە. بەڵام لە زمانی کوردیدا، هەوڵەکانی ئەو زیاتر گشتگیر و بنەڕەتین. ئەویش وەک ئاماژەم پێی دا، ڕەنگدانەوەی ئەو پڕۆژە سەرتاپاگیریەیە، کە بۆ زمان و بیرکردنەوەی نێوەندی کوردی ئەنجامی داوە و دەدات.
کاتێک لە ماڵەکەی (ئیسبن) دەرچووین، کۆشکی ماڵی پادشای نەرویجی پێشان دام، کە دەکەوێتە بەردەم ماڵەکەی (ئیسبن). پێی گوتم، کە ئەوە ماڵی پاشایە، بەڵام پێناچێت لە ماڵ بێت. بە جۆرێک گوتی، کە هەستم کرد لە وڵاتێکی مۆدێرندا بۆ چاخەکانی پادشایەتی دێرین گەڕاومەتەوە، کە تێیدا پادشاکان دەستەڵاتی ڕەها و ژیانێکی خۆشگوزەرانیان هەبوو. بەڵام هەر خۆی بە گاڵتەوە گوتی، کە پاشا ناتوانێت وەکو ئێمە ئاوا سەربەستانە بەناو خەڵکدا بڕوات، چونکە بەردەوام خەڵک سەرنجی دەخاتە سەر. گاڵتە و قسەی خۆش و زەردەخەنەی بەردەوام بەشێکن لەو. هەر کەسێک لە نزیکەوە بیناسێت، دەزانێت، کە خاوەن ئاشتەواییەکی گەورەیە لەگەڵ بوونی خۆیدا. (محەمەد کەمال) لەو کەسانەیە، کە کەم قسە دەکات و زیاتر تێڕا دەمێنێت و گوێ دەگرێت. هەست دەکەیت هێمنییەکەی ئەو لە هیی ئۆقیانووسێک دەچێت، کە لە قووڵایدا خۆیدا سەنگین و هێمنە، بەڵام لە ڕووکاری دەرەوەیدا بەربەرەکانێ لەگەڵ بەربەست و ئەو کێشانە دەکات، کە سەربەستی لە تاک داگیر دەکەن. دوای ئەوە بۆ قاوەخانەیەک ڕۆیشتین. داوای چایەکی کرد و منیش قاوەیەک. کاتێک چایەکە گەیشت، وەک ئەوەی پێم بڵیت کە تەندروستی و باشیی جەستەی خۆی بەلاوە گرنگە و خۆپارێزی دەکات، پێی گوتم، کە ئەو هەرگیز شەکر ناکاتە ناو چا. بەڵام دواتر داوای پارچە کێکێکی چۆکلاتەی کرد و پێی گوتم کە بەیەکەوە دەیخۆین، کە ئەوەی من بیزانم ئەو شەکرەی دەکرێتە ئەو کێکە چەند ئەوەندە زیاترە لەوەی کە دەکرێتە چا. بۆیە هەستم کرد، کە بەربەست و ڕێنماییە تەندروستییەکان وا لە ئەو ناکەن دەستبەرداری سەربەستییەکەی بێت لە خواردنی ئەو کێکەی حەزی لێیەتی. هەر بەیانییەکەی خاتوو (تابان) ویستی هێلکەوڕۆن بکات. (محەمەد کەمال)، کە هێلکەکانی بینی، بە پێخۆشبوونێکی کەم ناڕازییەوە پێی گوت، “ئەوە چی ئەکەی؟ من هێلکە ناخۆم، خراپە!”. بەڵام (تابان خان) پێی گوت، کە لەناو ڕۆن سووری ناکاتەوە و خوێشی تێ ناکات. بەو پێشنیارە دڵی خۆش بوو و ئەو کەمە ناڕازییەی نەما، بۆیە دوو هێلکەکەی خوارد. لە ڕاستیدا، ڕۆن و خوێیەکە کەمێک لە زیانەکان کەم دەکەنەوە، نەک هەمووی، بەڵام وەکو ئاماژەم پێی دا، (محەمەد کەمال) سەربەستیەکەی خۆی بە دەرچەی جیاواز ڕازی دەکات. ئەوەی زۆر جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە، کە زۆر گرنگی بە ڕۆیشتن بە پێ دەدات و لە ژیانی ڕۆژانەیدا چالاک و پڕ بەرهەمە. پێ دەچێت ئەو نەریتەی لە (نیتشە)ەوە وەرگرتبێت. لەپاڵ ڕۆیشتن، زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوە و خەو ناکات. شەوانە کاتژمێر دەی شەو دەخەوێت و پێنجی بەیانی بەئاگایە. وەک خۆی پێی گوتم، کە بەشی زۆری نووسراوە فەلسەفییەکانی لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە بۆ نزیکەی کاتژمێر یانزدە و دوانزە نیوەڕۆ دەنووسێت. (کانت) و (نیتشە) هەمان ڕۆتینی رۆژانەیان هەبوو. بەهۆی ئەوەوە، منیش بۆ ماوەی چوار ڕۆژ شەوانە زوو دەخەوتم و بەیانی زوو بە ئاگا بووم. بۆ ماوەی چوار ڕۆژیش دەستبەرداری بەکارهێنانی مۆبایل بووم، چونکە نە ئەو و نە (کەریم مستەفا) مۆبایلیان نییە.
(محەمەد کەمال) بە شێوەیەکی گشتی فەیلەسووفە یاخییەکانی خۆش دەوێت و بە تامەزرۆییەوە باسیان دەکات. بەڵام کاتێک باسەکە پێوەندیی بە (هایدیگەر)ەوە هەیە، تەواو هەست بەوە دەکرێت، کە خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ ئەو فەیلەسووفە هەیە. ئەو خۆشەویستییە لە لایەکەوە وایکردووە گرنگییەکی تایبەت بەو فەیلەسووفە بدات، لە لایەکی تریشەوە جیاوازییەکانی خۆیشی بخاتەڕوو. لە پەرتووکی (هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی)، لە بەشی بابەتی مردن، جگە لەوە شیکارییەکی گرنگ لەبارەی دیدی (هایدیگەر) بۆ مردن دەکات، ڕەخنەش لە بۆچوونەکەی دەگرێت و پێی وایە، کە مردن گونجاندن نییە، وەک ئەوەی (هایدیگەر) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکو پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییە. گونجاندن واتە ئەگەری ڕوودانی هەیە، لە کاتێکدا، بە دیدی ئەو، مردن حەتمییە و ڕوو دەدات. جگە لەوە، (محەمەد کەمال) پەرەی بە چەمکی (داهێنان) داوە. لای (هایدیگەر) داهێنان پێشمەرج نییە بۆ بوون، بەڵام (محەمەد کەمال) پێی وایە، کە داهێنان پێشمەرجە و لە ڕێگەی داهێنانەوە مرۆڤ ناوەڕۆک بە بوونی دەبەخشێت. ئەوە تەنیا دوو نموونەیە، کە فەلسەفە لای (محەمەد کەمال) لەو شوێنە ناوەستێت، کە فەیلەسووفان بۆچوونیان چییە، بەڵکو بۆچوونەکان دەخاتە ژێر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە، تەنانەت ڕەتدانەوەیش. لە پەرتووکی (نیتشە و پاش تازەگەری)، پێداگرییەکەی (نیتشە) لەسەر چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) ڕەت دەکاتەوە و ڕوبەڕوی رەخنەی لۆگیکی دەکاتەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ پەرەسەندنی بەردەوام ناکۆکە، تەنانەت پێی وایە، کە (نیتشە) ناپێویستانە ئەو چەمکە میتۆلۆجییەی هێناوەتە ناو فەلسەفەکەی.
(محەمەد کەمال) یەکێکە لەو فەلسەفەکارانەی، کە (نیتشە) بە (فەیلەسووفانی ئایندە) ناویان دەبات. لە دیدی (نیتشە) فەیلەسووف یان فەلسەفەکاری ئایندە هێزی شکاندنی بەهاکانی هەیە و لە سەرووی ئەوەیش، توانای داهێنانی بەهای نوێی هەیە. ئەو بەها نوێیانە ئەو فەلسەفەکارە دایان دەنێت، لەسەرووی هاوکێشەی چاکە و خراپەن.5 هەوڵە هەرە بنەڕەتەکانی (د. محەمەد کەمال) لە پاش تێکشکاندنی دۆگما و بەها چەقبەستووەکان، سەربەستبوونی تاکە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی داهێنەرانەی خۆی، پڕۆژەیەک، کە لە بیرکردنەوەی ئازادانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو بیرکردنەوەیە بە هاوکێشەی چاکە و خراپە ڕاڤە ناکرێت، چونکە لەو سەرووی چاکە و خراپە خۆیەتی، لە سەرووی هەموو ئەو دۆگمانەیەکە، کە تاک ناچار دەکەن دەستبەرداری ئازادییەکەی خۆی بێت.
بە تێكڕای هەموو ئەمانەشەوە، نەکردەیە چوارچێوە بۆ هەوڵ و بیرکردنەوەی (محەمەد کەمال) دابنێین. هەر وەکو چۆن خۆی لەپێناو زانین هیچ سنوورێکی زەمینی و ئاسمانی نەناسیوە، لەپێناو بیرکردنەوەی قووڵی فەلسەفیانە بەربەستەکانی تێکشکاندووە و لەپێناو دامەزراندنی زمانی فەلسەفەی ئێمە نرخی بۆ بیانووەکان دانەناوە، ئاواش بیرکردنەوەی ئەو سنوور-نەناس و بەربەست-نەناس و بیانوو-نەناسە. هێزی بیرکردنەوەی ئەو لە ئاتمۆسفێری بیرکردنەوەی ئێمەدا ئامادەییەکی ناوەڕۆکداری هەیە و بووەتە بنەڕەت و دامەزراوەی هزری بۆ سازکردنی زەمینە بۆ جۆرە بیرکردنەوەیەک، کە توانای تێپەڕاندنی هەیە و هێزی تێکشکاندنی دۆگما و بەها چەقبەستووەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە.
من پێزانینێکی زۆرم بۆ هەوڵەکانی (د. محەمەد کەمال) هەیە و پێم وایە، کە کارئاسانی گەورەی بۆ نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی کردووە بۆ ئەوەی توانای تێپەڕاندنی زمانی باو و بازاڕیان هەبێت و لە ئاستی باڵاتری بیرکردنەوە هەوڵی داهێنان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بدەن. هاوکات، هزرە جیاوازەکانی خزمەتێکی بێپایانن بە ئازادیی تاک و خۆ داماڵینی تاک لەو کێشە و بەربەستانەی، کە ڕێگرن لە گەشەکردن و داهێنانەکانی. خوێندنەوەی بەرهەمەکانی (محەمەد کەمال) هێزی ئەوەمان پێ دەبەخشن، کە لە لایەکەوە لە دەرەوەی وەهمەکان ڕاستەقینەی بوون و هەلومەرجەکانمان ببینین و لە لایەکەی ترەوە جەنگاوەرانە تێبکۆشین و ئاڵای نەمریی خۆمان لەسەر خاکی جیهاندا بچەقێنین.
——————————————————–

پەراوێزەکان
لەبارەی ژیاننامەی د. محەمەد کەمال سوودم لە قسەکانی خۆی ئەو بەسەرهاتانەی بۆی باس کردووم لەگەڵ ماڵپەڕی (بوونگەرایی) بینیووە.

د. محەمەد کەمال،”ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ”. لە بڵاوکراوەکانی سپیرێز. ساڵی 2007
2Interview with Martin Heidegger. (1966). Only a God Can Save Us. The Spiegel Interview
Available at: http://www.ditext.com/heidegger/interview.html [Accessed 30 Sep. 2018]
3د. محەمەد کەمال، “هایدیگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی”. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2007.. ل. 121
4د. محەمەد کەمال، “نیتشە و پاش تازەگەری. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ل. 111-114
http://www.bungeraiy.net/Kurdi/kteeb/Kteeb_PDF/Nietzsche.pdf
5 Nietzsche, Friedrich, Beyond Good and Evil. Translated by R. J. Hollingdale. Penguin Books 1990. P. 71-73

Previous
Next