Skip to Content

115 Views

بنكه‌ی حزبی شیوعی له‌ به‌له‌بزان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

بنكه‌ی حزبی شیوعی له‌ به‌له‌بزان … ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by June 4, 2020 General


وانه‌كانی ژیان

له‌ 15/7/1979 گه‌یشتمه‌ بنكه‌ی حزبی شیوعی عێراق له‌ دێی به‌له‌بزان{Belebzan* } له‌ ناوچه‌ی هوڵی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی پاوه‌ی ره‌نگێن و جوان سه‌ر به‌ كرماشانه‌و له‌ سه‌ر شاخه‌وه‌ شارۆچكه‌ی جوانرۆ زۆر نزیك ده‌رئه‌كه‌وت و له‌م دێیه‌دا كۆمه‌ڵێك رووه‌كی به‌ سوودو گرینگ هه‌یه‌و داره‌وه‌ن واته‌ دار قه‌زوان یه‌كێكه‌ له‌و رووه‌كه‌ گرینگ و پڕبایه‌خانه‌ی به‌ رووبه‌رێكی به‌رفراوان له‌ ناوچه‌ی هوڵی به‌دی ئه‌كرێت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵئه‌سن به‌ برینداركردنی دره‌خته‌كان و هه‌ر دارێك له‌ چه‌ند جیگایه‌ك بریندار ئه‌كرێت و له‌ خوار هه‌ر برینێك *كوچه‌ڵه‌یه‌ك دا‌ ئه‌نێن و به‌و شێوه‌یه‌ بنێشته‌تاڵ كۆ ئه‌كه‌نه‌وه‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی باشه‌ له‌ رووی ئابووری و دابینكردنی بژێوی خه‌ڵكه‌كه‌. مانگی ته‌موزه‌و زۆر گه‌رمه‌و ژماره‌مان زۆره‌و ئاو كه‌مه‌و پێشمه‌رگه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ دابه‌شكراوه‌و هه‌ركۆمه‌ڵێك بریتییه‌ له‌ 10 ــ 20 پێشمه‌ركه‌و ژماره‌مان له‌ 150 زیاتر بوو رۆژێ سێ جار گشتمان ئه‌هاتینه‌ خواره‌وه‌و له‌ نزیك كانیاوه‌كه‌ كۆ ئه‌بووینه‌و به‌یانی نان و چاو نێوه‌رۆ چاو نان و ئێواره‌ هه‌ردووكیان خواردنی رۆژانه‌مان بوون، له‌ پاش نانخواردن سه‌رئه‌كه‌وتین هه‌ریه‌ك بۆ شوێنی خۆی له‌ بن داره‌وه‌ن و، به‌و گه‌رمایه‌ زۆر جار بنێشته‌تاڵه‌ ئه‌هاته‌ خواره‌وه‌و تكه‌ی چۆره ‌چۆره‌ی بنێشته‌كه‌ ئه‌كه‌وته‌ ناو چاوانمانه‌وه یان ئه‌كه‌وته‌ سه‌ر جله‌كانمان. ژماره‌مان زۆره‌و چه‌كمان كه‌مه‌و، ئه‌وه‌ی هه‌بوو 10 ــ 15 دانه‌ بوو زوربه‌یان له‌ حزبی دیموكراتی كوردستان به‌ دیاری ‌بۆمان هاتبوو، له‌ مێژه‌وه‌ په‌یوه‌ندی نێوانی حزبی شیوعی و حزبی دیموكرات به‌ هێز بوو ژماره‌یه‌ك له‌كادیره‌ ناوداره‌كانی دیوكرات له‌ ماڵی هاورێیانمان له‌ سلێمانی به‌ نهێنی ئه‌ژیان له‌وانه‌ : ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ سلێمان موعینی ، محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌راجی، سمایلی شه‌ریفزاده‌و مه‌لا ره‌حیمی وێردی و كه‌سانیتر. رۆژێكیان له‌ كاتی نانخواردنی نێوه‌رۆ چوومه‌ خواره‌وه‌ بینیم هاورێانی ئابووری ئازوقه‌ { ئیداره‌} دوو خرتیان كریوه‌و مقۆمقۆیانه‌و ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر سه‌ر بران كێ ئه‌زانێت و ئه‌توانێت لێیبنێت؟ هه‌ر هه‌موو بێده‌نگ بوون ومن وتم من ئاماده‌م، وتیان ئه‌زانێت تا ئێستا چێشتت لێناوه‌؟ ، وتم پرسیار مه‌كه‌ن و له‌ ژیانمدا بۆ نه‌وسنی نه‌بێت نزیكی چێشتخانه‌ ( مه‌تبه‌خ) نه‌كه‌وتووم و، په‌له‌ بكه‌ن و سه‌ریان ببرن و با دوو هاوری یارمه‌تیم بده‌ن و، شه‌ش حه‌وت هاوری هاتنه‌ پێشه‌وه‌و، بۆ یه‌كه‌مین جار فه‌رمانم ده‌ركردو به‌ دوو هاورێم وت چوارده‌‌ قتو فاسۆلیا بشۆنه‌وه‌و، گۆشتمان به‌ ته‌وراس له‌ت له‌ت كردو، دوو مه‌نجه‌ڵ ( فاسۆلیا و گۆشت) هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ر سێكوچكه‌ ( ئاگردان) دانراو ئاگری به‌هێزمان هه‌ڵكردو له‌ ماوه‌ی دوو سی كاتژمێر رامانگه‌یاند چێشت ئاماده‌یه‌، له‌به‌ر تاریكی ئه‌و ئیواره‌یه‌ زوو چێشت خوراو هه‌ر هه‌موو ده‌ستخۆشیان لێكردم و هه‌روا له‌ هاورێیانی به‌رده‌ست ( یارمه‌تیده‌ر) و، تا درنگانێكی ئه‌و ئێواره‌یه‌ ده‌ستكرا به‌ هه‌ڵپه‌ركی. ناو به‌ناو هاورێیانمان بۆ پێداوێستی و كرێنی شتومه‌ك روویان له‌ شارۆچكه‌ی پاوه‌ ئه‌كردو ، منیش دانم ئازای ئه‌دام و، داوای روخسه‌تم ( مۆڵه‌ت) كردو، له‌ گه‌ڵ هاورێیان حه‌مه‌ حه‌سه‌ن ژاڵه‌ناوی ( هاتووچۆی كرد بوو شاره‌زایی هه‌بوو) و عادل عه‌لاف كه‌وتینه‌ری و سه‌ره‌و خوار بووینه‌وه‌ له‌ سه‌ر جاده‌كه‌ی نێوان دوو ئاو هێرتاو زی ئۆتۆمبێلكمان ده‌ستكه‌وت و چووینه‌ پاوه‌ی دڵگیرو قه‌شه‌نگ و رازاوه‌و، برایانی دیموكرات له‌ویبوون و، له‌ گه‌ڵ هاوری حه‌مه‌ رویشتین بۆ خه‌سته‌خانه‌ی شارو چوومه‌ لای دوكتۆرێك و ته‌ماشای كردو وتی ئه‌بێ ئه‌و دانه‌ت پاك بكریته‌وه‌ و پر بكرێته‌وه‌و به‌لای كه‌م سێ رۆژ ئه‌خایێنێت و، وتم مۆڵه‌تم وه‌رنه‌گرتووه‌و، وتی هه‌ر كاتێك هاتیته‌وه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ سی رۆژی ئه‌وێت و، ده‌رچووین و هاوری حه‌مه‌ زوو گه‌رایه‌وه‌ بۆ به‌له‌بزان و من هاوری عادل پیاسه‌یه‌كی باشمان كردو هه‌ستمان به‌ خۆشی و سه‌ربه‌ستی و ئازادی ئه‌كردو شیعرێكی كه‌ڵه‌ شاعیر مه‌وله‌وی به‌ خه‌یاڵمدا هات: ئاماوه وه هار، وه هاری شادی بوی عه تر نه سیم غونچه ی ئازادی ده‌وروبه‌ری ئێواره‌ من و هاوری عادل ئازادانه‌ گه‌راینه‌وه‌ بۆ بنكه‌و، بۆ رۆژی دوایی چووم بۆ لای هاوری مه‌لا عه‌لی به‌رپرسی گشتی هیزه‌كان وتم چووم بۆ پاوه‌و وتیان دانه‌ت سێ رۆژی ئه‌وێت و، وتی هاوری ئاسایی كه‌ی ویستت برۆو، له‌وێ ده‌رچووم هاوری حه‌مه‌ كه‌ریم ( به‌رپرسی گروپه‌كه‌مان) به‌ره‌و رووم هات و وتی چیبوو؟ وتم مه‌لا عه‌لی وتی كه‌ی ویستت برۆ، له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی داهاتووداچوومه‌ پاوه‌و یه‌كسه‌ر بۆ لای دكتۆرو ناردمییه‌وه‌ بۆ لای هه‌مان دانساز ( س) كه‌ له‌ كاكه‌ حه‌مه‌ پرسیارگه‌لێكی زۆری له‌ باره‌ی منه‌وه‌ كردبوو، گه‌یشتمه‌ لای له‌ گه‌ڵ كورێكی گه‌نج وه‌ستا بوو زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێكردم وكچه‌كه‌ وتی ئه‌مه‌ برامه‌و، سوپاسی هه‌ستیانم كردو، كچه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌ پاككردنه‌وه‌ی دانم و، به‌ براكه‌ی وت برۆ لیوانی ئاو بێنه‌و، وتم لیوان چییه‌ و، وتی ئێستا ئه‌زانیت وئاواكه‌ی له‌ لیوانه‌كه‌ ( په‌رداخ) هێناو، سێ چوار جار به‌ ئاوه‌كه‌ غه‌رغه‌ره‌م كردو وتی برۆ به‌یانی وه‌ره‌وه‌و، پرسیاری ئوتێلم كردو خۆی و براكه‌ی وتیان ئوتێلی چی؟ میوانی خۆمانی و، زۆر هه‌وڵمدا به‌ڵام نه‌یانهێشت و ده‌وروبه‌ری كاتژمێر یه‌ك ودوو سێ قۆڵی چووین بۆ ماڵیان و، دایك و باوكی پێشوازی زۆر گه‌رمیان لێكردم و، نانی نیوه‌رومان خواردو دایكی روویكرده‌ من و وتی حه‌ز له‌ چی خواردنێك ئه‌كه‌ێت؟ وتم وه‌ك ئێوه‌ چی ئه‌خۆن منیش ئه‌یخۆم، من و( ك) ی برای دووقۆڵی چووین بۆ پیاسه‌و بازار كراسیك وفانیله‌و هه‌ندێ ورده‌واڵه‌م كری و، گه‌راینه‌وه‌و له‌ پاش نانخواردن سێ چوار جۆر چه‌ره‌سات و كۆمه‌ڵێك میوه‌یان داناو، ده‌ركه‌وت هه‌موویان سه‌ر به‌ حزبی دیموكراتن و، زۆر نیگه‌ران بوون كاتێك پیستیان ژنێك و پێنج منداڵم جێهێشتووه‌و، به‌و شێوه‌یه‌ سێ رۆژ لایان بووم و، جێی خۆشه‌ویستی رێز بوون و قه‌ت له‌ بیریان ناكه‌م و، حێی داخه‌ له‌ پاش هاتنه‌وه‌م به‌ حه‌وت هه‌شت رۆژ جنایه‌تكاره‌كانی رژێمی ئیسلامی هێرشیان كرده‌ سه‌ر پاوه‌و بیستم (س) گیراوه‌و پاشان سه‌ریان بریوه له‌ داهاتوودا باسی ئه‌كه‌م‌ ( ماویه‌تی). 3/6/2020 په‌راوێزه‌كان : Belebzan : زۆر له‌ هاورێیانی عه‌ره‌ب كه‌ له‌ شاخ پێكه‌وه‌ بووین ناتوانن وشه‌ی به‌له‌بزان وه‌ك خۆی بڵینه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ ئینگلیزی بۆیان ئاسانتره‌.
**كوچه‌ڵه‌ : قاپێكه‌ ، خۆڵی بێژراوی بۆ ئاماده‌ ئه‌كه‌ن و ئه‌یكه‌ن به‌ قورو، له‌ قوره‌كه‌ كۆمه‌ڵێك كوچه‌ڵه دروست ئه‌كه‌ن ‌ بۆ ئه‌وه‌ى بنێشته‌ كاڵه‌كه ( بنێشته‌تاڵه‌كه‌)‌ له‌ شوێنى برينه‌كانه‌وه‌ بچێته‌ ناو كوچه‌ڵه‌كان
‌ قتو : قوتوی به‌تاڵی دۆشاو ته‌ماته‌ 800 گرامه‌و، هه‌رقتوویه‌ك بۆ ده‌ كه‌س ـ 12 كه‌سه‌و، ئه‌مه‌ له‌ دووه‌مین رۆژم لای ئه‌بو ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ئیداره‌ی گشتی حزب له‌ تووژه‌ڵه‌ دانشتبووم به‌ یه‌كێكی وت قتویه‌ك بۆ 10 ـ12 كه‌سه‌.

Previous
Next