Skip to Content

ڕۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت) بڵاوده‌کرێتەوە

ڕۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت) بڵاوده‌کرێتەوە

Closed
by June 5, 2020 Books, General

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا به‌مزوانه‌ ڕۆمانی (زمان پایسکلێکی شکاو لێدەخوڕێت) لە نووسینی (ڕێبین خدر) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆمانە ڕێبین خدر ده‌ڵێت:
‘ڕۆمانەکەم تەواو بەو چاوە نووسیوە کە من خۆم دنیا و بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردی پێ دەبینم. بەڵام نەک بەو جۆرەی چاو و ڕوانین لە کارەکتەرانی ڕۆمانەکە وەربگرمەوە، نا، مەبەستم لە شێوازە. ڕەنگە ڕووداوەکان و وێنەکان هەڵگەڕاوە و سوریال، هەروا هەندێک جار ترسناکیش دەرکەون یا نامۆ. یەکەم جارە بەم شێوازە دەگێڕمەوە. کۆمەڵێک فێڵ و تەکنیک و هێڵ و ڕەنگم لە دنیای شیعری خۆم قەرز کردوون، چونکە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە وەک لە ناونیشانەکە دەیبینن، زمانە. واتە گەمەکردن لەگەڵ زمان یان سەرکێشیی کردن لەگەڵ زمان.
یەکەمجار بیرۆکەی ڕۆمانەکەم لە گۆڕستانی ‘جەنگاوەرانی جەنگ’ی شاری شتادێ ی ئەڵمانیا بە خەیاڵدا هات. کۆمەڵگەی کوردیی و ژیانی خۆمم لە کوردستان بە شەپۆل هاتەوە ناو سەر. ڕستەی یەکەمم لەسەر کاغەزێک نووسی و ئاوا. ئاوا جیهانێکی دیستۆپی و بەسەریەکدادراو هەڵقوڵا و کارەکتەران دەربوونەوە. ڕووداوەکان لە دوای ڕاپەڕین ڕوودەدەن و بەشی زۆری لە دوای دووهەزار تا دەگاتە ئێستا. ‘

پەرەگرافیک لە رۆمانەکە:
”دووبارە ماڵەکەمان بە سێبەر دادەپۆشرێت. تەپە تەپیش دنیا خراپ دەکات. باڵندەکان لێرە و لەوێ دەردەپەڕن. پۆلێک باڵندە دەبینم، هەرگیز لەو دەروبەرە نەمبینیون. هەندێک عەلاگەی بەتاڵیش لەگەڵ باڵندەکان بەرز دەبنەوە. خۆیان لەگەڵیان دەگونجێنن. گەر تۆزێکتریش زیندوو بن، دەتوانن لەگەڵیان بڕۆنە هێلانەکانیانەوە و ئەوەی ماوە لە ژیانیان وەک باڵندە بژین. فریشتەیەکی ڕەشی بچکۆلەش لە گۆڕی داپیرەم سەری دەرهێناوە و دەڕوانێتە ئەو سەرە زەبەلاح و ئاسمانخۆرە. سەرەکە تەواوی ئاسمانی داگرتووە و لووتی وەک باڵۆنێکی گەورە شۆڕبۆتەوە. هەوای لووتی لەوەدایە درەختەکان لە ڕەگەوە هەڵقەنێت. ئەمجارە یەکێک و دووان نین. مەندیل دەبینرێن و چاویلکە لە چاوی بۆینباخ لەملیش . هەندێکیان بچووکترن. دەنگی کچە مردووەکەیە، بانگی من دەکات :
-ئارەزوو خان!
دەمەوێت وەڵامی بدەمەوە :

  • ئارەزوومە چیتر ئارەزوو نەبم، نامەوێت ئارەزووی کەس بم! ” ڕێبین خدر ؛ شاعیر و ڕۆماننووس، لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆردوگەی پیرزین لە نزیک هەولێر لەدایکبووە. کۆلێژی زمان، بەشی کوردی تەواو کردووە. یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەی شیعرێک بووە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە گۆڤاری ئاییندە. لەو کاتەوە لە گەلێک گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی شیعر و چیرۆک، شانۆنامە و وتاری بڵاو کردوونەتەوە. هەندێک لە نووسەر و ڕەخنەگران بە دەنگێکی تازە و کاریگەری ئەو نەوەیەی دوای ڕاپەڕینیان لە قەڵەمدا. ساڵی ٢٠١٢ یەکەم کتێبی شیعریی خۆی بە ناونیشانی “بە ١٤ ڕێگادا” و ساڵی ٢٠١٣ ڕۆمانی “باڵۆنێک لە ئاسمانی سووردا” بڵاوکردۆتەوە. ژمارەیەک لە شیعرەکانی کراون بە ئینگلیزی، ئەڵمانی، فارسی. چەند چیرۆکێکی بە ئەڵمانی بڵاو کردوونەتەوە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە.
Previous
Next