Skip to Content

155 Views

کتێبی (دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە) بڵاوده‌کرێتەوە کتێبێک سەبارەت بە فەلسەفەی کیەکەگۆرد

کتێبی (دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە) بڵاوده‌کرێتەوە کتێبێک سەبارەت بە فەلسەفەی کیەکەگۆرد

Closed
by June 5, 2020 Books, General

بڵاوکراوەکانی نووسیار به‌مزوانه‌ کتێبی (دەرگای بەختەوەری ڕووی لە دەرەوەیە) سەبارەت بە فەلسەفەی سۆرن کیەکەگۆرد چاپ و بڵاودەکاتەوە. ئەم کتێبە لە لایەن ئالان پەری کاری ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کراوە.

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە ئالان پەری ده‌ڵێت:
لەیەکەم ساڵانی هاتنم بۆ دانیمارک هەوڵی خوێندەوەی سۆرن کیەکەگۆردم دا بەڵام ئەو کات کەمزانینی زمانی دانیمارکی تاکە هۆکار بوو بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵبدەم فێری زمانی دانیمارکی بم تاكو لە دنیابینی و ڕوانگەی ئەم نووسەرە دەگمەنە بگەم. ئێستا لەو قسە ناودارەی خەڵکانی دانیمارک دەگەم کاتێک دەڵێن: “خەڵکانی تری گۆی زەوی بە مەبەست دێنە دانیمارک بۆ ئەوەی فێری زمانی دانیمارکی ببن تا بتوانن سۆرن كیەكەگۆرد بە دانیمارکی بخوێننەوە”. بەڵێ ئەمە ئەو پەڕی ڕاستییە، ئەگەر بوار هەبێت ئەوا کیەکەگۆرد هەر بە زمانی دانیمارکی هەستێکی فراوان و پر چێژی قوڵبوونەوە لە ژیان و مەینەتی و بوون دەدات. كیەكەگۆرد زمانێکی ئێجگار قورس و قوڵی هەیە، ڕاتدەچڵەکێنێت، وات لێدەکات بەدوایدا بگەڕێیت، وات لێ دەکات فێری زمانەکەی بیت. بۆ من کات بەسەر بردن لەگەڵ جیهان و نووسینەکانی كیەكەگۆرد ئاسوودەیی دەروونیی و چێژی تایبەتیم پێدەبەخسێت. ئەمە خەون و هەوڵێکی منە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد لەم چێژ و دونیا فراوان و دیدە قورسە بێ بەش نەکەم.
ئەم کتێبە بەرهەمی چەندین ساڵی گەڕان و خولیای كات تەرخانكردنە بۆ كارەكانی كیەكەگۆرد و وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن دەبینرێت بۆ کارکردن لە وەرگێڕانی کتێبەکانی تری. ئەم کتێبە دەروازەیەک و تیشکخستنە سەر زیاتر ناسینی فەلسەفەی کیەکەگۆردە بەگشتی. لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا باس لە چۆنێتی ژیان و ڕەوانبێژی و تێگەیشتنەکانی بۆ ئایین و ڕەوشت و کۆمەڵگە و سیاسەت دەکرێت، لە بەشی دووەمدا گرنگترین چەمکە دیارەکانی بە زمانێکی ئاسان شی کراونەتەوە و لە بەشی سێهەمدا پایەکانی دۆزینەوە لە خۆ دەگرێت و لە بەشی چوارەمدا هەڵبژاردەیەکی فراوان لە وتە دێرین و ناودارەکانی كیەكەگۆرد وەرگێڕدراون، كە دەکرێت لە ژیانی ڕۆژانە و لە کاری کارگێڕیی و بڕوا بە خۆبوون و گەشەی مرۆیی و خۆ ــ دۆزینەوە بەکار بهێنرێن. لە کۆتا بەشدا کاروانی پڕ بەرهەم و ژیانی کیەکەگۆر بە پێی ساڵ ئامادەکراوە.

پەرەگرافیک لە کتێبەکە:
”مرۆڤ کاتێک سەیری خۆی لە ئاوێنەیەکدا دەکات خۆی نابینێت، بەڵکو مرۆڤێکی تر دەبینێت. هەر بۆیە لەسەرەتای درووستبوونیەوە، مرۆڤ بەدحاڵ و نیگەرانە، چونکە لە گیاندەرکانی تر ناچێت، بەڵکو لە مرۆڤ دەچێت. تەنیا مرۆڤیش نییە، بەڵکو شتەکانی تری مرۆڤبوونیشە و دەبێت خۆی بێت. لێرەدا، ئەرکەکە بۆ مرۆڤ قوڕستر دەبێت. ”مرۆڤبوون خۆی لە خۆیدا ئەرکە، ئەو کاتەی مرۆڤ ناگاتە ئاستی ئەرکەکەی، تووشی بەدحاڵی و پەرتەوازەبوون دەبێت و لە نێو گرمۆڵەی خۆیدا چەق دەبەستێت. هەر بۆیە دەبێت بۆ بژاردەکانی تری ژیان بگەڕێتەوە.” ”

ئالان پەری: شاعیر و وەرگێڕ، لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەهەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و دانیمارکی شیعر دەنوسێ و کاری وەرگێڕانی ئەدەبی لە دانیمارکیەوە بۆ کوردی دەکات . ئەندامی کارای Danish PEN.لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردستان و دانیمارک شیعر و نوسین و کاری وەرگێڕانی خۆی بڵاودەکاتەوە. خاوەنی چوار کتێبە لە شیعر و وەرگێڕان. (سەراپام خەونە شیعر ٢٠٠٩) (شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە-نیلس هاو، وەرگێڕان٢٠١٦ ) (جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە – شیعر ٢٠١٩) (شاعیرەکان – پایک مالینۆڤسکی، شیعر، وەرگێڕان ٢٠١٩ ) ئەندامی دەستەی وەرگێڕانی پرۆژەی شیعری نوێی کوردی بە زمانی دانیمارکییە و لە ئایندەیەکی نزیکدا گەورەترین ئەنتۆلۆجیای شیعری کوردی بە زمانی دانیمارکی بڵاو دەکرێتەوە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی دانیمارکە.

Previous
Next