Skip to Content

دەزانم کێندەرم دێشی کاتێ باسی ڕۆمان دەکەم -1-  د. گۆران سەباح

دەزانم کێندەرم دێشی کاتێ باسی ڕۆمان دەکەم -1- د. گۆران سەباح

Closed
by June 5, 2020 General, Literature


بەشی یەکەم

ڕۆمانی مۆدێرن هەردەم لە گەشەکردن دایە. ئەی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن و مێتامۆدێرن؟ هەر نایەتە باس، گەشەی ئەمانە خێراترە. گەلانی دنیا لە سەرەتای سەدەی بیست بەنداوی ڕۆمانی کلاسیکیان شکاند، کورد نەبێ خەریکە لە بەنداوەکەدا دەخنکێت. لە فەزای ئەدەبی گەلاندا، ڕۆمان لک و پۆپی دەرکرد و دەیان ژانری لێ زا. فەزاکە زۆر لەوە فروانترە بە کتێبێک و دووان و دەیان ڕووماڵ بکرێت. کوردیش تەنێ کلاسیک بە ڕۆمان دەزانێت.
بە هیچ جۆرێک کلاسیک ڕەت ناکەمەوە، چونکە کلاسیک منداڵدانە بۆ هەموو ژانرەکانی ئەدەب، بەڵام خولانەوە لە بازنەی کلاسیک واتە پێشنەکەوتن. بواری سەرەکی (مەیجەر) دکتۆراکەم لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا لە ڕۆژنامەوانی بوو، بەڵام بواری لاوەکی (ماینەر) لەسەر نوسینی (فیکشن) ڕۆمان بوو. کلاس نەبوو زگم بە ئەدەبی خۆمان نەسووتێ. وای خەفەتم لێ خواردووە. لە ناخەوە دەگریام بۆ هەژاریمان لە ڕۆمان، جۆرەکانی، ژانرەکانی، تەکنیک و گرێ و تێماکانی، زمان هەر هیچ. تەماشاکە، مەنهەجی خوێندنمان هەر کلاسیکە، سیستمی حوکمڕانیمان هەر کلاسیکە، سیستمی ئیداری و دارایی و بانکی و ڕامیاریمان هەر کلاسیکە. دەبێ ئەدەب، لە ئەدەبیش، دەبێ ڕۆمان ئەم ڕەچە بشکێنێت.
با واز لە نووزە و گلەییان بێنم، کاتی کارکردنە. گرنگ ئەم پرسیارەیە: دەتوانم چی بکەم و چیم پێ دەکرێ؟ ڕەنگە شتێک بە شتێک بکەین ئەگەر ڕۆماننوسانی کورد هەمان پرسیار لە خۆیان بکەن. هەموومان دەزانین ڕەوشی ڕۆمان چۆنە، جا لەباتی دەردەدڵ، با قۆڵ و باسکی لێ هەڵکەین.
لە زنجیرە باسێکدا، هەوڵ دەدەم باسی ڕۆمانی سەردەمی مێتامۆدێرن بکەم، نموونەشیان بۆ بهێنمەوە. لەم باسەدا، ڕۆمانی خەیاڵی زانستی دەناسێنم، بۆ کورتکردنەوە پێی دەڵێم (خەز)، ئینگلیز بەکورتی پێی دەڵێت سایفای یان ئێس ئێف. خەڵکی دەڵێن لەم سەردەمی كۆڕۆناو و بێ مووچەییەدا چیت داوە لە ڕۆمان، ئەوجە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیش. پێم وایە کەمی ڕۆمان و نەبوونی خوێنەری ڕۆمان لە نێو کورداندا، کوردی بەم ڕۆژە گەیاندووە. ڕۆمان بەرزترین فۆرمی ئەدەبە، پێوەرە بۆ پێشکەوتن و ڕۆشنبیری گەلان. دەسەڵات و ڕۆشنبیری گەندەڵی کورد بە پلان ڕۆمانی کوردیان ناشت، بۆ ئەوەی گەل پێشنەکەوێت. بەرپرسانی کورد چاویان دێتە دەرێ کاتێ گەنجێک دەبینن بە ڕۆمانەوە. ئەو دەمەی گەلی کورد ڕۆمانی دەخوێندەوە، پێشکەوتوو بوو، هەرچەندە کتێب زۆر کەم بوو. بیرتە نوسخەیەکی ڕۆمان لە گەڕەکدا ئەو دەست و دەستی دەکرد؟ کون بە کون، خوێنەر بە دوای کتێبدا دەگەڕا؟ ئا، ئەو سەردەمە تاکی کورد ئینتیمای هەبوو، ژیر بوو، تێگەیشتوو بوو. ئەدی ئێستە؟ لێگەڕێ با ناخم هەڵنەڕێژم.
خەز خەیاڵە سەبارەت بە چەمک و بیرۆکەی داهاتوو لە بواری زانست، تەکنەلۆژیا، بۆشایی ئاسمان، گەردوون، پێش و پاشی کات و ژیانی سەر هەسارەکانی تر. ناسراوە بە فیکشنی بیرۆکەکان، بە داهێنانی خەیاڵی زانستی و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی (پاولا و مۆرا، ٢٠٠٣؛ ڤان تۆرن، ٢٠٠٢).
لەبەرئەوەی خەیاڵ بێ سنوورە، پێناسەکردنی خەز ئەستەمە. بۆیە توێژەرە ئەدەبییەکان لەسەر یەک پێناسە ڕێک ناکەون. هەر ئەم توێژەرانەی سەرەوە (خەز)یان پێناسە نەکردووە، زۆرن. پروشەر (٢٠٠٧) دەڵێت خەز چێژە، ڕەخنەیە و سروشە، ڕەهەندی خەیاڵ لای مرۆڤ فراوانتر دەکات.
ئاسیمۆڤ (١٩٧٥) پرۆفیسۆری بایۆکێمستری و خەزنوسی ئەمریکی دەڵێت خەز کاردانەوەی مرۆڤە بۆ گۆڕانە زانستی و تەکنەلۆژییەکان.
ئەندازیار و خەزنوس هێنلین دەڵێت خەز تێڕامانێكی واقیعییە لەمەڕ ڕووداوگەلی ئایندە لەسەر بنچینەی مەعریفەی ئێستاو و ڕابردوو و داهاتوودا. خەزنوس دەبێ خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی باشی هەبێت بۆ زانست و تەکنەلۆژیا و میتۆدەکانیان (هێنلین و ئەوانی تر، ١٩٥٩). ئەگەر بە قسەی ئەو توێژەرانە بێت، دەبێ خەزنوس زانا بێت. نا، مەرج نییە. زۆربەی خەزنوسەکان هەڕەی لە بڕەی دەرناکەن لە میتۆدی زانستی، بەڵام دەخوێننەوە و توێژینەوە دەکەن، بۆ ڕۆمانەکانیان چەندان دیمانە دەکەن لەگەڵ زانا و پسپۆڕان. چەند خۆشە ڕۆماننوسی کورد پێش ئەوەی بنوسێ، توێژینەوە بکات لەسەر بابەتی ڕۆمانەکەی، داتا و زانیاری کۆبکاتەوە، ئەوجە بنوسێت. بۆیە گەلێ ڕۆمانی کوردی، بەوانەی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەنیشەوە، ئەگەر قسەی فەلسەفی گەورە و باق و بریق و گوتار و گلەیی و گازاندەی لێ دەربێنی، هیچیان لێ نامێنێتەوە، بۆیە خوێنەری کورد لە ڕۆمان شت فێر نابێت. لە دیمانەیەکیدا، ئۆباما دەڵێت، “من زۆر شت لە ڕۆمان فێر دەبم.” پرسیار ئەوەیە: ئێمە چی لە ڕۆمانی کوردی فێر دەبین؟

مێژووێکی کورت

کێ یەکەم خەزی نوسیوە؟ کام ڕۆمان یەکەم خەز بووە؟ ئەمانە مایەی مشتومڕن. توێژەران کۆک نین. هەندێ پێیان وایە “ترو ستۆری”یەکەی لوسیان لە چاخی کۆن یەکەم خەز بێت (فرێدریک، ١٩٧٦؛ گەن، ١٩٨٨).
ئێروین (٢٠٠٣) پێی وایە هەندێ چیڕۆکی ناو هەزار و یەک شەوەی عەرەبی، چیڕۆکی “بڕەوەی داری بامبو” لە سەدەی دە و “الرسالە الکاملە”ی سەدەی سێزدەی ئیبن نەفیس توخمی خەزیان تێدایە.
لە سەردەمی شۆڕشی زانستی و ڕۆشنگەریدا، ئیساق و کارل “سۆمنیەم”ی جۆهانس کێپلەر (١٦٣٤) بە یەکەم خەز دادەنێن. ڕۆمانەکە باسی گەشتێک دەکات بۆ سەر مانگ، چۆن لەوێوە زەوی دەجوڵێت (ئیساق، ١٩٧٧).
دوای گەشەسەندنی ڕۆمان لە سەدەی هەژدەدا، “فڕانکستاین” و “زە لاست مان”ی مێری شێلی بە یەکەم خەز دادەنرێن (ئالدریس، ٢٠٠١). چەند چیڕۆکێکی ئێدگار ئالان پۆ توخمی خەزیان تێدایە. کارەکانی ئولێس ڤێرنێ بە خەزی ورد و تێر دادەنرێن، لەوانەش “بیست هەزار سوپا لە ژێر دەریا” (١٨٧٠). ئولێس بە دروستکەری خەز حسێب دەکرێت.
هەندێ “کێمیکەل وێدینگ”ی جۆن ڤالەنتاین ئەندریا (١٦١٦) بە یەکەم خەز دادەنێن، یان “یوتۆپیا”ی تۆماس مۆر (١٥١٦). بەڵام ئادەم رۆبێرتس، خەزنوس و مامۆستای زانکۆ، پێی وایە ئەمانە سیحر و فەنتازیا و نازانستین. توێژەران هەرچی پێش “فڕانکستاین”ی شێلی نوسراوە بە نیوچە خەز دەیانخوێننەوە. زۆریان کۆکن لەسەر “فڕانکستاین” وەک یەکەم خەز (کڕووک و ئەوانی تر، ٢٠٠٢).
زۆر لە ڕەخنەگران ئێچ جی وێڵز بە شکسپیری خەز دادەنێن. هەندێکی تر بە باوکی خەز ناوی دەهێنن. هەندێ لە کارەکانی ئەمانەن: مەکینەی کات (١٨٩٥)، دوورگەی دکتۆر مۆرۆ (١٨٩٦)، پیاوی نادیار ( ١٨٩٧) و جەنگی جیهانەکان (١٨٩٨)، باسیان لە داگیرکردنی زەوی لەلایەن خەڵکی هەسارەی تر، لە ونبوون و پێش و پاشی کات دەکرد.
ئەمانەش بە خەزی ڕژدی سەدەی بیست دادەنرێن: “جیهانی نوێ و ئازا”ی ئالدەس هیوکسلی (١٩٣٢)، یەکێکە لە گرنگترین ڕۆمانەکانی ئینگلتەڕا. هەندێ ڕۆمانی کێرت ڤاناگەت، “فەهرنایت ٤٥١ “ی ڕێی برادبێری، “کۆتایی منداڵی”ی ئارسەر سی کلارک. “کلاود ئەتلەس”ی دەیڤد میشێل، “جیهانی ڕۆیشتوو”ی نیک هارکاوی (٢٠٠٨ )، “خواوەندە بەردینەکان”ی جێنێت وینتەرسەن (٢٠٠٧). چاڵاکترین خەزنوس ئیساق ئاسیمۆڤە، لە ماوەی چل ساڵ کارکردنیدا، ٥٠٠ کتێبی نوسی و ئێدیت کرد. ئیساق بۆ یەکەم جار ڕۆبۆتی ‌هێنایە ناو دنیای خەز.
خەز لە سەرەتای سەدەی بیست پەرەی زیاتری پێ درا. گەشەی خێرای زانست و تەکنەلۆژیا (خەز)ی خێرا بردە پێشەوە. لە ١٩٢٦، هیگۆ گیرمسباک یەکەم گۆڤاری تایبەت بە چیڕۆکەیلی خەزی دانا بە ناوی ئەمەیزینگ ستۆری، ئێستە چەندان خەڵاتی شایستە هەن بۆ چیڕۆکی خەز، لەوانەش خەڵاتی هیوگۆی ئەدەبی.

ژانر و تێماکانی خەز

تێماکانی خەز لە سەدەی بیست و بیست یەکدا ئەمانەن: پرسی ژینگە، کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، فراوانبوونی گەردوون، بایۆتەکنەلۆژیا، نانۆتەکنەلۆژیا، کۆمەڵگەی نوێ. ڕۆبۆت، مرۆڤی دەسکرد، کۆپیکردنی مرۆڤ، زیرەکی دەسکرد و ململانەیان لەگەڵ مرۆڤ. داهاتوو، بۆشایی ئاسمان، مرۆڤی سەیر و بێگانە، سیستمی سیاسی نوێ و جیاواز، تەلەپۆرتەیشن، خێراتر لە ڕووناکی.
خەز لەم دوو دەیەی کۆتاییدا ژانری تری لێ بووەتەوە. ستیمپەنک، باس لە تەکنەلۆژیا و هونەری دیزاین و دیکۆر دەکات. بایۆپەنک، لە سایبەرپەنکەوە هاتووە، باس لە بایۆتەکنەلۆژیا و بایۆهاکەرەکان دەکات. ژانری “مەندەین” باس لە زەوی و هەسارەکانی دەوری خۆر دەکەن، چۆن پەیوەندی دەکەن بە مرۆڤی سەر هەسارەی تر.
ژانرەکانی تر ئەمانەن: سەربازی، فێمینیستی، ژینگەیی، بۆشایی ئاسمان، ترس، سوپەرپاڵەوان، توخمی فەنتازیاشی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن. خەزی فێمینیستی باس لە پرسی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی جێندەر و نایەکسانی جێندەری دەکات. خەزی ژینگەیی باس لە گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، ئێستە گەلێ زانکۆ ئەم جۆرە ڕۆمانانە دەخوێنن.
خەزی سیاسی وەک “١٩٨٤”ی جۆرج ئۆروێل، جۆری دیستۆپیایە، لە دژی حکومەت و دەسەڵاتی تۆتالیتارە. فیلمی “ئەڤەتار”ی جەیمس کامیرۆن لە دژی ئیمپریالیزمە، دژی داگیرکاریی ئەمریکی و ئەوروپییە.
هەندێ پێیان وایە خەز کار لە ژیان و کۆمەلگە دەکات، وەک کارەکانی ئارسەر سی کلارک و ستار ترێک. دەزگەی زانستی نیشتمانیی ئەمریکی ڕاپرسییەکی کرد (٢٠٠١) لەسەر ئەوانەی خەز دەخوێننەوە. دەرکەوت خەز زیاتر هانی خوێنەر دەدات کاری زانستی بخوێننەوە. کارل ساگان دەڵێت خەز کار لە ئەستێرەناسان دەکات، بیرۆکەی باشیان پێ دەدات بۆ توێژینەوە. ئەگەر بێو زاناکان لە ساڵی ١٩٨١دا ڕۆمانی “زە دارک ئایس”ی دین کوونتزیان بە هەند وەرگرتبا، دەمێک بوو چارەسەریان بۆ ڤایرۆسی کۆڕۆنا دۆزیبووەوە. ڕۆمانەکە باس لە ڤایرۆسێک دەکات بە ناوی (یوهان-٤٠٠)، زۆر بە کۆڕۆنای خۆمان دەچێت.
لە سەردەمی زیرەکی دەسکرد و سکرین و زانستی تەکنەلۆژیدا، ناکرێ خەزت نەبێت. هەرچەندە دوو سێ هەوڵ هەبووە، بەڵام بەس نین. یەکەم ڕۆمانم بە ناوی “شاخوێنبەری سەرکردە” لە ٢٠٠٢دا نوسی، لە دوو نۆرەی چاپدا نزیکەی پێنج هەزار دانەی لێ فرۆشرا. ڕۆمانەکە فەنتازیایە، بەڵام گەلێ توخمی خەزی تێدایە. کەواتە خوێنەر تام لە خەز دەکات. ئێستە، دوای توێژینەوە و خوێندنەوەیەکی زۆری زانستی و تەکنەلۆژی و گەردوونی، ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستیم بەمزووانە ئامادە دەبێت بۆ چاپ. با بزانین چۆن پێشوازی لی دەکرێت.

د. گۆران سەباح

——————————————————————

سەرچاوەکان:

Asimov, “How Easy to See the Future”, Natural History, 1975.
Crook, Nora, Gen. Ed. Mary Shelley’s Literary Lives and Other Works. 4 vol. London: Pickering and Chatto, 2002.
Gunn, James E., The New Encyclopedia of Science Fiction, Viking, 1988,p. 249, calls it “Proto-Science Fiction.”
Fredericks, S.C.: “Lucian’s True History as SF”, Science Fiction Studies, Vol. 3, No. 1 (March 1976), pp. 49–60
Heinlein, Robert A.; Cyril Kornbluth; Alfred Bester; Robert Bloch (1959). The Science Fiction Novel: Imagination and Social Criticism. University of Chicago: Advent Publishers.
Irwin, Robert (2003). The Arabian Nights: A Companion. . pp. 209–13.
Marg Gilks; Paula Fleming & Moira Allen (2003). “Science Fiction: The Literature of Ideas”. WritingWorld.com.
Prucher, Jeff (ed.). Brave New Words. The Oxford Dictionary of Science Fiction (Oxford University Press, 2007) page 179.
Von Thorn, Alexander (August 2002). “Aurora Award acceptance speech”. Calgary, Alberta.
Wingrove, Aldriss (2001). Billion Year Spree: The History of Science Fiction (1973) Revised and expanded as Trillion Year Spree (with David Wingrove)(1986). New York: House of Stratus.

Previous
Next