Skip to Content

157 Views

ئێرە هەرێمە یان چەند پارێزگایەک سەر بە عێراق … سامان عەول

ئێرە هەرێمە یان چەند پارێزگایەک سەر بە عێراق … سامان عەول

Closed
by June 6, 2020 General, Opinion

دابەشکردنی یەکە ئیدارییەکان و دروستکردنی هەرێمێکی بێ پارێزگا، باشترین هەڵبژاردەیە بۆ چاکسازی لە سیستەمی ئیداری هەرێمی کوردستان.
باسەکەمان بەم چەند خاڵە دەست پێ دەکات‪:‬

  1. لە عێراق هەرێمێک هەیە بە ناوی هەرێمی کوردستان، بەڵام عێراق پێکهاتووە لە 18 پارێزگا( هێشتا هەڵەبجە بەشێوەیەکی یاسایی نەکراوە بە پارێزگا ). باشە ئەگەر دابەشکردنی شارەکانی عێراق لە دوای ساڵی 1968تەوە بەشێوازی پارێزگایە و تا ئێستاش هەمان شێوازی ئیداریی لە دەستوری عێراقدا چەسپێنراوە‪,‬ ئەی باشە ئەم هەرێمە مانای چیی؟
  2. ئەگەر موچەی کارمەندانی ئەم هەرێمە لەلایەن بەغداوە دابەش بکرێت و بەغدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان موچەکە بنێرێت، ئەی باشە ئیتر هیچ پێویستییەکمان بەو حکومەت و پەرلەمانەی هەولێر دەبێت؟
  3. ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان تائێستاش هەر ناوی عێراق و ناوی پارێزگاکانە، ئەی کوا ئاماژەیەک بۆ ئەم هەرێمە؟
  4. لە پەرلەمانی عێراق ژمارەی کورسییەکان بەسەر ئەم 18 پارێزگایە دابەش کراوە، نەوەک 15 پارێزگا و هەرێمێک!
  5. ئایە ڕێژەی کورد لە کابینە وزارییەکانی حکومەتی عێراق بە چ پێوەرێک هەژمار کراوە؟ بە پێوەری ڕێژەی هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، یان بە پێوەری ڕێژەی سێ پارێزگا؟
  6. بەگوێرەی دەستوری عێراق (کە کورد خۆی ئەم بەندەی تێیدا چەسپاندووە) دەڵێ ئەگەر گۆڕانکاریی لە بەندەکانی دەستوری عێراق کرا، ئەوە دەبێت ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ ڕەزامەندی گەلی عێراق لەسەر ئەو گۆڕانکارییە، هەرکات سێ پارێزگا بەزۆرینەی دەنگەکان ئەم گۆڕانکارییانەیان رەتکردەوە، ئەوە یاسا تازەکە هەڵدەوەشێتەوە و کاری پێناکرێت. هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ هەرێمی کوردستان! بەڵکو ئەم هەرێمەش (بە ڕەزامەندی سەرکردەکانی کورد) وەک سێ پارێزگا حسابی بۆکرا بۆیە باس لە رەتکردنەوەی سێ پارێزگا دەکات. ئەم یاسایەش زۆر ترسناکە چونکە دەکرێت لە داهاتوودا دەستکاری دەستور بکرێت بۆ نەهێشتنی سیستەمی فیدڕاڵی و کاتێک رێفراندۆمێکی لەسەر دەکرێت، ئەگەری زۆرە کە یەکێک لەم سێ پارێزگایەی هەرێم بە زۆرینەی دەنگ رەتی نەکەنەوە و لەم کاتەدا هەرێم دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەمانەوە. بۆیە دەبوو باس لە رەتکردنەوەی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرایە لە ڕیفراندۆمەکان. واتە هەموو خاکی هەرێم بەیەک ناوچە تەماشا بکرایە، بەڵام ئەوە هەر سەرکردەکانی کورد خۆیانن کە لەهیچ بوارێکدا حسابیان بۆ هەرێم نەکردووە، بەڵکو حسابیان بۆ سێ پارێزگاکەی ناو هەرێم کردووە.

ئایە هێشتا درەنگ نییە بۆ چاکسازی؟

ئەم خاڵانەی سەرەوە ئەو نەشارەزایی و تێکەڵەییەمان نیشاندەدا، کە لەگەڵ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1991دا پارتی و یەکێتی تێیکەوتوون و ئەگەر چارەسەری نەکەن، ئەوە زۆر بەئاسانی دەبێتە مایەی نەمانی دەسەڵاتێک کە پێیدەڵێن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. چۆن؟
ئیمڕۆ ئێمە پارێزگا و شارۆچکە و شارەدێ و لادێمان هەیە. ئەوەی کە گۆڕابێت ئەوەیە کە ئەم پارێزگایانە لەجێی ئەوەی سەر بە پایتەختێک بن بەناوی بەغدا، ئێستا سەر بە هەولێرن.
ئەم نمونەیەش لەوە دەچێت کە عێراق کرابێت بە دوو بەشەوە و دوو پایتەختی هەبێت، نەوەک هەرێمێک هەبێت بەناوی هەرێمی کوردستان و سەر بە دەوڵەتێک بێت بەناوی دەوڵەتی عێراق. نابێت هەم هەرێم بیت و هەم پارێزگا!
وەک لە دەستوری عێراقدا هاتووە، عێراق پێکهاتووە لە پارێزگاکان و لە هەرێم. دەبوو لەم هەرێمەدا سیستەمی پارێزگا هەڵوەشایەتەوە و هەموو شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی و هەولێر و دهۆک و زاخۆ و کۆیە و سۆران و هەڵبجە و گەرمیان و چەمچەماڵ ……هتد، لەسەر شێوازی لامەرکەزی بکرایەن بە کۆمەڵە ناوەندێکی ئیداریی سەربەخۆ بەناوی ناوچە یان کانتۆن یان هەر ناوێکی دی . شارەدێ و لادێکانیش دابەش کرایەن بەسەر ئەم ناوچە ئیدارییانە و هەریەک لەم ناوچانە خاوەنی ئەنجومەنی شارەوانیی و سەرۆک شارەوانی خۆی بووایە کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەستنیشان بکرایەن. هەولێریش وەک پایتەختی ئەم هەرێمە پەرلەمانێکی دوو ژووی لەخۆ بگردایە( ژووری ئەندامە هەڵبژێراوەکان لەسەر ئاستی هەرێم و ژووری سەرۆک شارەوانییەکان )، لەم پەرلەمانەوە بەزۆرینەی دەنگی هەردوو ژوورەکە کەسایەتییەک بکرایە بە سەرۆکی هەرێم و ئەم کەسایەتییە حکومەتێکی بچوکی خۆجێی دامەزرانایە، واتە پێویستی بە سەرۆک وەزیران نەدەکرد.
ئەم نەشارەزاییەی دەسەڵاتی کوردی بە سیستەمی فیدڕاڵی و چۆنێتی ئیدارەدانی هەرێم گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر خۆدی دەسەڵاتی کوردی خۆی، چونکە هەرکاتێک بەغدا دەسەڵاتی پەیداکرد و وەک جۆرە ڕێکخستنێکی ئیداری ناوخۆیی دەتوانێت هێرش بکاتە سەر هەولێر و ئەم هەرێمە بتوێنێتەوە یان ئەنجومەنێکی کارتۆنی بۆ دانێت لەوەی سەردەمی بەعس. لەگەڵ توانەوەی دەسەڵاتی هەولێر هیچ پشێوییەک ڕوونادات، چونکە ئەم ناوچەیە تەنها سێ پارێزگایە و ئەم جارەیان دەگەڕێنەوە سەر بەغدا.
ئەبێ ئەوەش بزانین کە لە ڕووی یاساییەوە پایتەخت بۆی هەیە دەسەڵاتی خۆی فەرزکات بەسەر هەموو خاکی عێراقدا. نموونەی ئەم باسەمان هەڕێمی چیچان و کۆنفیدڕاڵی ڕوسیایە، لە سەردەمی بۆرس یاڵتسن لە ساڵی 1994دا ئەو کاتەی کە چەکدارە ئیسلامییەکانی چیچان هێزێکی گەورەبوون، توانیان چیچان وەک ناوچەیەکی سەربەخۆ لە ڕوسیا داماڵن تا فلادیمێر پۆتین بوو بە سەرۆکی ڕوسیا ولە 1999وە تا ساڵی 2009 سوپایەکی سی هەزار سەربازی نارد بۆ جەنگەکانی چیچان و سەرکەوت بە سەر هێزە سەربازێکانی چیچاندا و حکومەتێکی خۆجێی سەر بە ڕوسیای لە چیچان دامەزراند. ئەم هێرشانەی ڕوسیا بۆ سەر چیچان وەک جەنگێکی ناوخۆی تەماشا کرا کە لە چوارچێوەی شەڕی ڕوسیای فیدڕاڵ دژ بە تیرۆرستان هەژمارکرا و ئێستا ڕەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆکی چیچانە کە کەسایەتییەکی سەر بە کرملنە لە چیچان.
هەمان ئەم سیناریۆیە دەکرێت لە عێراقێکی خاوەن سووپایەکی بەهێز و سەرۆک وەزیرانێک کە بییەوێت دەسەڵاتەکانی بەرفراوانتر بکات، ڕووبدات، بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستای ئەم هەرێمە کە خاوەن دەسەڵاتێکی تەواو شکستخواردووە و متمانەی خەڵکی لە دەست داوە و لەڕووی ئابورییەوە بەرەو مایەپووچی دەچێت و لەدوای ڕیفراندۆمە شوومەکەوە و هەڵەکانی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و غاز و بێ پارەیی ئێستا هەولێر بەتەواوەتی لاوازە بەرامبەر بە بەغدا و ئەگەر لەڕێگای جەنگیشەوە نەبێت، ئەوە لە ڕێگای گفتوگۆوە بەغدا دەتوانێت زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی حکومەتەکەی هەولێر وەرگرێتەوە و ئەگەر ئاوها بڕوات ئەوە هەولێر وەک حکومەتێکی کارتۆنی بێ دەسەڵات بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە و لە کۆتایدا دەچێتە ژێر ڕکێڤی بەغداوە.

نەخێر هێشتا درەنگ نییە بۆ چاکسازییەکی بنەڕەتی و دانانی دەستورێکی هەمیشەی بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر شارە گەورەکانی هەرێم و لادانی سیستەمی پارێزگاکان. لەم حاڵەتەدا هەموو پەیوەندییەکانی بەغدا و دەرەوەی هەرێم لەگەڵ هەولێر دەبێت و هەولێریش سەرپەرشتی ئیدارە سەربەخۆکانی شار و ناوچەکان دەکات لەڕێگای پەیوەندی نێوان سەرۆک و وەزیرەکانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکان. ئەم سیستەمە تازەیە هەم ئەو لامەرکەزییە خراپەمان لەکۆڵ دەکاتەوە کە یەکێتی دەیەوێت لەسەر ئاستی دەسەڵاتی حیزبی دایمەزرێنێت و هەم ئەو مەرکەزییە خراپەمان لەکۆڵ دەکاتەوە کە پارتی دەیەوێت هەموو دەسەڵاتەکان بۆ خۆی قۆرخکا وهەموو حیزبەکانی تر بکاتە پاشکۆی خۆی. لەهەمان کاتدا بەغدا ناتوانێت وەک چەند پارێزگایەک تەماشات بکات و ناتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ پارێزگاکان بەڕاستەوخۆ ئەنجام بدات. دەبێت لە پەرلەمانی عێراق حساب بۆ هەرێم بکرێت وەک یەک ناوەندی هەڵبژاردن و لە دابەشکردنی وەزارەتەکانی کابینەی حکومەت لە بەغدا دەبێت ڕێژەیەکی تایبەت بۆ هەرێمەی کوردستان دیاری بکرێت بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ناو هەرێم و تەنانەت ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش دەبێت تەنها ناوی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەسەربێت لەگەڵ کۆدی شارەکانی هەرێم. لەم کاتەدا دەکرێت پارتەکانی ناو هەرێم ڕکابەرێتی لەسەر دەسەڵاتی ناو شارەوانییەکان بکەن.

ئایە ئەم سیستەمە چارەسەری قەیرانە ئابورییەکانی هەرێم دەکات؟

لە کوردستان نایەکسانییەک هەیە بەرامبەر بە چەند ناوچەیەک کە داهاتیان لە شارەکانی تر زۆرترە، بەڵام چونکە داهاتەکان دەچنەوە لای پارتی و یەکێتی، دەبینین تەنها شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێژەیەکی زۆر قازانج لە بوجەی هەرێمی کوردستان دەکەن. بۆ نموونە داهاتی گومرکی سنوری زاخۆ، یان داهاتی کارگەکانی ناوچەی بازیان، یان داهاتی نەوتی گەرمیان….هتد. ئایە ئەم ناوچانە بەقەد شاری سلێمانی و هەولێر قازانجیان لەم داهاتەی ناوچەکانی خۆیان کردووە؟ نەخێر. بۆ ئەوەی ئەم ناحەقییە نەمێنێت و جۆرە ڕوحێکی ڕکابەرێتی بخەیەنە نێوان ناوچەکانەوە بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ئابوری ناوچەکان ولە کۆتایدا ئەم ڕکابەرییە دەچێتە قازانجی کەرتی ئابوری هەرێم بەگشتییەوە، دەبێت تەنها ڕێژەیەکی کەم لەم سەرچاوە ئابورییانە وەک باج بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە خاوەنی سامانی سروشتین وەک نەوت و غاز، دەبێت رێژەیەکی کەمی وەک لە سەدا یەکی داهاتەکە بدرێتەوە بە ناوچەکە. لێرەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو سەرچاوەی دەبێت وەک داهات. یەکەم باجی ناوچەکان و دووەم بەرامبەر ڕادەستکردنی نەوت و غازی هەرێم بۆ بەغدا، بەغداش بەشی هەرێم لە بوچەی گشتی عێراق ڕەوانەی هەولێر بکات.
هەر ناوچەو دەبێت خاوەنی خەزێنەی خۆی بێت. دەبێت موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و هەموو کەرتی خزمەتگوزاری ناوچەکە لەسەر ئەم خەزێنەیە بێت لەگەڵ بوجەی پرۆژەکانی ناو شار و لادێکانی ناوچەکە. بەم جۆرە هەر کێشەیەک ڕوویدا لە دواکەوتنی موچە یان تەواونەکردنی پرۆژەکان، ئەوە ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆک شارەوانی لێی بەرپرسیارن و هەر گەندەڵییەک هەبێت ئەوە لەسەر ئاستی ناوچەیەک دەبێت و زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ ئاشکرا بکرێت، نەوەک بەم شێوازەی ئێستا کە کەس نازانێت گەندەڵییەکان کێ لێی بەرپرسیارە و خەڵکی یەخەی کێ بگرن.
ئەو داهاتەی کە حکومەتی هەرێم لە هەولێر دەستی دەکەوێت، دەتوانرێت موچەی هێزی پێشمەرگەی لێبدرێت و ئەو ناوچانەی کە داهاتە ناوخۆیەکانیان کورت دەهێنێت، لەم داهاتە پڕیکەنەوە ئەوەش لەڕێگای پێدانی بەڵگەوە کە بۆچی بوجەی ئەم ناوچەیە کورتی هێناوە. دەتوانرێت لەهەمان بوجەی حکومەتی هەرێمەوە چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی پێ ئەنجام بدرێت، وەک شەقامێکی فراوانی( Highway ) نێوان شارەکانی هەرێم. یان چەندین پرۆژەی ستراتیژی تری وەک نەخۆشخانە و کۆمەڵێ کارگەی بەسوود و پرۆژەی ژینگە و دارستان و بوارەکانی گەشتوگوزار.
بە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە فیدڕاڵییە، ڕێژەی وەزیرەکانی کابینەی هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە بۆ چەند وەزیرێکی پێویست کە کارەکانیان لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت و چەندین پلەی کارمەندی نامێنێت کە ئێستا هەیە بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەک هەبێت بۆ هەبوونیان، وەک قایمقام و پارێزگار و سەرۆک وەزیران. واتە کۆمەڵێ موچەخۆری زەبەلاح نامێنێت کە تەنها بارێکە لەسەر بوجەی گشتی هەرێمی کوردستان. ئەمەش قازانجێکی ئابوری ئەم سیستەمەیە لەئیدارەدان.

بیست و نۆ ساڵ لە حوکمڕانییەکی شکستخواردو و پڕ لە هەڵە، هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە ئاستێک کە متمانەی گەلەکەی لەدەست داوە و سەرکردەکانی لە بەغدا سازشبکەن بۆ ناردنی موچەی کارمەندانی ناو هەرێم و لە جێی گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان، کارمەندانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان داوای ئەوە بکەن کە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا. بە تۆپ بارانکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە و بە نەبوونی یەک هێزیی پێشمەرگە و بە لەدەستدانی هەموو شەرعییەتێک بۆ حوکمڕانی ئەم هەرێمە، وەک شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و شەرعییەتی هەڵبژاردن، ئەم چاکسازییە بنەڕەتییە زۆر پێویستە کە بەزووترین کات قسەی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تا کات درەنگ نەبووە بۆ مانەوەی ئەم سێ پارێزگایە وەک هەڕێمێک. دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر شار و ناوچەکاندا و دروستکردنی هەرێمێکی بێ پارێزگا، باشترین هەڵبژاردەیە بۆ مانەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا کە ناوی عێراقە.

06.2020

Previous
Next