Skip to Content

لە پیوارى کولتورى دانپێداناندا … ناودار زیاد

لە پیوارى کولتورى دانپێداناندا … ناودار زیاد

Closed
by حوزه‌یران 6, 2020 General, Opinion


لەم کورتە نووسینەدا دەربارەى نائامادەیى یاخود پیوارى کولتورى دانپێدانان لە هەرێمى کوردستاندا مەبەستمان نییە قسە لەسەر پرسى دانپێدانان بە ئەویتردا بکەین کە یەکێکە لە کێشە فەلسەفییەکان و فەیلەسوفى ئەڵمانى و نەوەى سێیەمى قوتابخانەى فڕانکفۆرت (ئەکسیل هۆنیث) (١٩٤٩- ) یەکێکە لەو فەیلەسوفانەى سەرنجى زۆرى لەسەر چڕکردۆتەوە، هەرچەندە (هۆنیث) لە کتێبى (کۆمەڵگەى بوغزاندن: بەرەو تیۆرییەکى ڕەخنەیى نوێ) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دانپێدانان هەر ئەوە نییە کە بە زمان و بە قسە دان بە شتێکدا بنێین، چونکە تێگەیشتن لە ڕێگاى زمانەوە بریتییە لە کورتکردنەوە و بەخودیکردنى پرسەکە و، هاوکات هەڵەیەکى مەعریفیشە، بەڵکو دانپێدانان پێویستە فۆڕمى کارلێکى ناگوتاریى هەبێت، کە هەموو ڕەهەندە ئاماژەیى و ڕەمزیى و بەرجەستەیى و نێوانخودییەکانى کارلێککردن دەگرێتەوە.
هەروەها باس لەو پەشیمانى و دانپێدانانەش ناکەین کە لە کەلەپورى ئاییندا، بەتایبەت لە ئایینى مەسیحیدا پەیڕەو کراوە، ئەوەى کە کەسانى پەشیمان و دانپێدانەر ڕۆیشتوون بۆ لاى قەشە و کاهینانى پەرستگا و دانیانناوە بە تاوانەکانیاندا و داواى لێخۆشبوونیان لێکردوون، لە بەرامبەردا کەنیسە یاخود پیاوانى ئایینیى چەکى لێخۆشبوونیان (صکوک الغفران) پێیان فرۆشتووە تاکو لە ڕۆژیى دواییدا بەو چەکە تاوانەکانیان بکڕنەوە.
لە کۆمەڵگەى کوردیدا تاکەکان ترسیان لەوە هەیە دان بە هەڵە و کەموکوڕییەکانى خۆیاندا بنێن. لە ڕوانگەى ئایینى ئیسلامى زۆرینەوە تاوان و هەڵە و گوناحەکان باشترە لەنێوان خۆت و خوادا بمێنێتەوە و بۆ کەس باس نەکرێن. ئەمە وایکردووە تاکەکان ئەگەر تاوان و خراپەیان ئەنجامدا دانى پێدا نەنێن. لە ڕوانگەى عەقڵییەتى خێڵى زۆرینەشەوە تاکیی خێڵەکیى پەسەندکراو و خواستراو ئەو تاکەیە مکوڕ و پێداگر و کەلـلەڕەق بێت و داکۆکى لە چاک و خراپى کار و کردەوە و هەڵوێستەکانى بکات، تەنانەت بە نەنگى و لاوازى و کەموکورتى و سازشکردنى دەزانێت ئەگەر بڵێت لەو قسەیەم پەشیمانم، یاخود هەڵەمکرد ئەو کردەوەیەم ئەنجامدا. ئەم عەقڵییەتە لە سیاسەت و کارى حوکمڕانیشدا ڕەنگیداوەتەوە، بەجۆرێک دەیان نموونەى سیاسەتمدار و حوکمڕان لە هەرێمى کوردستاندا هەن سەربارى ئەوەى بەرپرسیارى یەکەم و سەرەکین کەچى خەتا و گەندەڵى و کەموکوڕییەکان دەخەنە ئەستۆى ئەوانى تر، هیچ یەکێک لە سیاسەتمەدار و حوکمڕانان خۆیان بە خەتابار نازانن و دان بە هیچ هەڵەیەکى خۆیاندا نانێن. لە کە کۆمەڵگەى ئێمەدا ڕاستییەک هەیە پێویستە ئاماژەى پێ بکەین ئەویش ئەوەیە داننان بە هەڵە و خەتا و تاواندا لەسەر هەر ئاستێکدا بێت بە بێ قوربانیدان و لێپرسینەوە و باجدان تێپەڕ نابێت، ئەمە کەمتر لێکەوتەى یاسایی هەیە کە سروشتى پابەندبوونى هەیە، بەڵکو زیاتر ڕەهەندى کەسیى و ئەخلاقیى و فەرهەنگى و هزریى و کۆمەڵایەتیى و سیاسیى هەیە.

پەیوەندییەکى بەتین لەنێوان دانپێدانان و گۆڕانکاریدا هەیە، دانپێدانان سەرەتا هەستکردن و پەیپێبردنە، دواتر هۆشداریى و زەنگ و هەڵوەستەکردن و لێپرسینەوەیە. مرۆڤ کاتێک بەرەو وەرچەرخان و گۆڕانکاریى هەنگاو دەنێت کە پێداچوونەوە بە باوەڕ و ڕوانگە و دونیابینى و کردە و هەڵوێستەکانیدا بکات، بێگومان لەمیانەیدا هەڵە و ناتەواوى و کەمتەرخەمیی لە هەندێکیاندا بەدیدەکات، هەر کەسێک پێیوابێت هەموو بۆچوون و کردە و هەڵوێستەکانى ڕاست و دروست و شیاو و چاکن ئەوا ئەو کەسە نابێت بیری کردبێتەوە و بەرکەوتنى لەگەڵ کەسى تردا هەبووبێت و نابێت هەستەکانى ئیش بکەن! لێرەدا ئەوە گرنگ نییە ئێمە لەبەرئەوەى مرۆڤین کەواتە شایانى هەڵەین، بەڵکو گرنگە پرسیار لە خۆمان بکەین چۆن بیردەکەینەوە؟ بە چ کەرەستەیەک لە دونیا دەڕوانین؟ چۆن ئەوانى تر دەبینین؟ لەسەر چ بنەمایەک هەڵوێست و باوەڕەکانمان دادەڕێژین؟ ،،،تاد. ئەم پرسیارانە کاتێک ئەنجامیان دەبێت کە گومان لەسەر وەڵامەکان دابنێین و دەبێت پێمان وابێت بەشێکى حەقیقەت لاى ئێمەیە، نەک تەواوى حەقیقەت و، حەقیقەتیش ڕێژەییە نەک ڕەها، بەڵام ئایا تا چەند زاتى ئەوەمان هەیە خۆمان بخەینە ژێر تەلسکۆبى گومانەوە؟ تا چەند تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى خۆمان هەیە؟ لێرەوەیە پەرجووى لێبووردن و کرانەوە و گۆڕانکاریى و دەرچوون لە چەقبەستوویى دەپشکوێت: ئەوەى ئەوروپا و بەشێک لە خۆرئاوا پێیدا تێپەڕیوون یاخود درێژەى پێدەدەن و، بەرهەمەکەى پڕۆژەى ڕۆشنگەریى و مۆدێرنیتە بووە، کە ئێمە و خۆرهەڵات بەگشتى هێشتا دەستمان نەداوەتێ. ئەمەیە وا دەکات فەیلەسوفى فەڕەنسى (میشێل فۆکۆ) (١٩٢٦-١٩٨٤) بڵێت: “مرۆڤى خۆرئاوایى، مرۆڤێکى دانپێدانەرە”، ئەمەش یەکێکە لە نهێنییەکانى گەشەسەندنى خێرا و بەرەوپێشچوونى بەرفراوان لە هزر و کولتورى تاک و کۆمەڵگادا.

ئەوەى وا دەکات کولتورى داننان بە هەڵە و کەمایەسى و تاواندا لاى ئێمە ئامادەیى نەبێت بریتییە لە هەستى ئەویتر بە گەورەزانین و باڵاڕوانیی، لەکاتێکدا بە بۆچوونى من مرۆڤ-پیرۆزیى و مرۆڤ-باڵایى و هیرارکییەت وێڕاى ڕەهەندى ڕەهەندى کۆمەڵایەتى و ئابورى و سیاسیى بەڵام بەتوندى بەستراوەتەوە بەوەوە کە وایدەبینین ئەو مرۆڤە تەواو و کامڵ و ڕێک و حەکیمە، قسەکانى نەستەقن و لوغز و نهێنیان تێدایە، کردەوەکانى شایانى لاساییکردنەوەن، پێویستە شوێنپێى هەڵبگرین و بەدوایدا بچین. جۆرى ئەو فۆڕمە لە مرۆڤ کە لامان گەورە و پیرۆز و بەرز و باڵان لە دەوروبەر و کۆمەڵگەکەماندا زۆرن، بە دەیان و سەدانیان ڕۆژانە بەرچاومان دەکەون، لە سیاسەتمەدار و ئاغا و هونەرمەند و سەرمایەدار و ڕاگەیاندنکار و ئەوانەى لە چاوى تاکەکانەوە یاخود بە پێوەرەکانى کۆمەڵگا کەسانى بەناوبانگ و سەرکەوتوون. ئەمانە زۆربەیان لە ڕوانگەى مافى مرۆڤ و دەستور و یاسا کارپێکراوەکانەوە لە تاوان و پێشێلکارییەوە تێوەگلاون، لە هەر دەوڵەت و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوودا بن بەبێ باج و لێپرسینەوە و نەفرەت دەرباز نابن، کەچى لێرە هەم بچوکى و مامەحەمەییان بۆ دەکرێت، هەم ئەوەندە بێشەرم و ڕووقاییمن ئامادەى دانپێدانانیش نین، تەنانەت بە شانازى و سەربەرزییەوە پاساو بۆ تاوان و کوشتن و گەندەڵى و کارە قێزەونەکانیان دەهێننەوە. وەک بڵێى مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا بۆ ئەوە دروست بووە هەمیشە و تا مردن حیکایەت و پێچ و پەنا و بەند و بالۆرە بۆ چاک و خراپ و ڕاست و هەڵەکانى خۆى بهۆنێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish