Skip to Content

فوكۆ و ئاگامبێن: فەلسەفەی پزیشكی و ڕەخنەكردنی پزیشكیپەرستی-10- …. ئازاد حەمە

فوكۆ و ئاگامبێن: فەلسەفەی پزیشكی و ڕەخنەكردنی پزیشكیپەرستی-10- …. ئازاد حەمە

Closed
by June 6, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی دەیەم

پێشەكی: ڤایرۆس شتێكی تازە نییە بۆ فەلسەفە

ژێرخانی هزریی ئەم بەشەی نووسینەكەمان لەوێوە خۆیواڵادەكات كە، بۆچوونی فەیلەسوفەكان مانای بۆ نەشونمای تێگەیشتنی هزری پزیشكی و تەندروستی هەبووە و پزیشكی كلینیك (Clinic) ی و توێژینەوەی كلینیكیش تادەگاتە ئێتیكی پزیشكی خستۆتەژێر دیدگای چاودێری خۆیەوە. بۆیە بۆ فەلسەفە شرۆڤەكردنی دەسەڵاتی پزیشكی، سیاسەتی تەندروستی و تێگەیشتن لە ڤایرۆس شتێكی نوێ نییە. ڤایرۆس، كە بەشێكە لە مێژووی بوونمان، لەناو خانەخۆی تردا دەژیت و بەردەوامی بە هەبوونی خۆی دەدات، وەكیتریش سێستەمی ژینگەیی گەردوون بەجۆرێكە لە سەرهەڵدانی ڤایرۆس و دروستبوونی بەكتریاكان بەدەرنییە. بوونی ڤایرۆس ئاماژەیە لەسەر ژیان، جووڵەی زیندەكان و دروستبوون و كاری خانەكان. هەرچی فەلسەفەیە پێیوایە مێژووی كۆمەڵایەتی ڤایرۆسەكان دەمانباتەوە شوێنێكی تر كە هەمان شوێنی ڕاڤەكردنی فەلسەفیانەی ڤایرۆسەكان نییە. بایەخدانی زانستە سروشتییەكانیش لە پاش سەردەمی ڕۆشنگەریییەوە بە ژیاندۆستی(Vitalism)فەلسەفەی زۆرتر لە زیندەوەرناسی(Biology)نزیككردەوە. یەكێك لە لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆناش،كە بە ڤایرۆسە زیرەكەكە ناوی ڕۆشتووە، ئەوەیە كە ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكردپاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە و ئاسایشی ژیانی (Biosecurity)یش بەسیاسیبكرێت و هەرهەمووش لەوسەرەوە بە”ماسكێكی تەندروستییەوە بناسرێینەوە”. هەر لەم ڕێگایەوە دۆزێكی ئەوتۆی تەندروستی سیاسیئامێزانە هاتەپێشەوە كە “ناسنامەی ڕەوشتی و ناسنامەی تەندروستی” ڕوبەڕووی یەكدیببنەوە. بۆیە ناكرێت لە دۆخێكی وادا بكەوینە ناو بەهەڵەلێكدانەوەی پەتایەكی بەجیهانگیریكراو و خۆشمان بە بیانووی نالۆجیكییەوە سەرقاڵبكەین. جێگەی سەرسوڕمانیش نییە ئەوەی ئێستا لەژێرسایەی پەتای كۆرۆنادا دەگوزەرێت بۆ بیرمەندان”قەیرانێكی بایۆلۆژی جیهانگیرییە” و لەیەكاتیشدا مێژووی زانست و فەلسەفە پێماندەڵێت، پەتاكان بەپێی مێژووی سەرهەڵدانیان سنوری تەشەنەسەندن و كارتێكردنیان دیاریكراو نییە و جەنگیش لەگەڵ پەتاكانا بێكۆتایە و بوونەوەرەكانیش لەتەك ڤایرۆس و بەكتریاكانا دیرۆكێكی كۆنیان هەیە. ڕوونیش نییە وانە وەرگرتنی مرۆڤەكان لە نەخۆشییەكان چ جۆرە وانەیەك دەبن: ڕەوشتی یان دەروونی، بایۆلۆجی یان ئاینی؟لەسەر ئەم بنەمایە، لەم بەشەدا، بەشێك لە پرسیارە لێڵە سیاسی و وەڕسكەرەكان تایبەت بە پەتای كۆرۆنا و بابەتی تووشبوونی دەرد و تۆقانی تەندروستی لەڕێگای شیكارییە فەلسەفییەكانی فوكۆ و ئاگامبێنەوە وەڵامدەدەینەوە و دەشیانكەین بە كۆڵەكەی سەرەكی ئەو باسانەی لەم بەشە تێڕامانی لەبارەوە دەكەین. پێشمانوایە خوێنەر پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی ئایدیای نیولیبرالیزم و تارمای هزری سیاسی كارل شمیت Schmitt لە لێكدانەوەكانی فوكۆ و ئاگامبێن دا بكات.

فەلسەفەی پزیشكی

هزری پزیشكی بەشێكە لە مێژووی هزی زانستی. مامەڵەی فەلسەفەش لەتەك هزری زانستی یان لەتەك پرسیارە بایۆ-كیمیای و جیۆ-فیزیاییەكان بۆ سەرەتای دەركەوتنی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. لێرەوە بەوە دەگەین كە زانست كەوتنە فەلسەفەوە پیشەی فەیلەسوفەكان(بەتایبەت فەرەنسییەكان)بووە و پزیشكیش یەك لەو زانستانە بووە فەلسەفە خستوویەتەناوخۆیەوە. جگەلە پزیشكی بیركاری،فیزیاش شوێنیان لەناو فەلسەفەدا هەمیشە دیاربووە. كەوابێت، مانای فەلسەفە بۆ پزیشكی تەنیا لە پزیشكیدا قەتیسنابێت بگرە گشت زانستە سروشتیەكانیش دەگرێتەوە. دیرۆكی پێكەوەلكانی فەلسەفە و پزیشكیش وەك دوو دیسیپلینی زانستی لەگەڵ تێگەیشتنی فەلسەفییانەی هێپۆكراتێس (Hippocrates ) و گالێن (Galen) (یان جالینۆس) بۆ پزیشكی دەستپێدەكات كە تا هەنووكەش جێگای لەناو فەلسەفەی پزیشكیدا بەرچاوییە. لە فەلسەفەی پزیشكیدا لێكۆڵینەوە لە كاری پزیشكی گرنگی خۆی هەیە و پەل هاویشتنی فەلسەفەش بەرەو تێگەیشتن لە سروشتی بوونی مرۆییمان بەشێكە لەو گرنگییە. شوێنی فەلسەفە لە پزیشكیدا ئاوێتەبوونی دوو دادوەرییە ،فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەو دوو دادوەرییەش بۆگەیشتنن بە ڕاستیەكی فەلسەفی-پزیشكی، كە ئەوەش گەیشتنە بە دەستنیشانكردنی ئازار(ئێش)لە جەستەی ناساغدا. لێرە پێویستە وتن بێتەسەر پاتۆلۆجی (Pathology) كە زانستی نەخۆشیناسییە و دەبێتە دوو بەشەوە: زانستی هۆكاری نەخۆشی (Etiology) و زانستی پۆلینكردنی نەخۆشی (Nosology ) . هۆكارناسی نەخۆشییەكان پشت بە جوگرافیای جەستەی نەخۆش دەبەستێت. شوێنی نەخۆشی لە جەستە ئەو جێگایەیە نەخۆشیەكە خۆی تیامەڵاسدەدات و دیاریكردنیشی جوگرافیای جەستەی نەخۆش لەبەردەم توێكاری پزیشكی دەخاتەسەرپشت. لێرەوە پەیوەندی پزیشكی بە ئازار و نەخۆشییەوە ڕەهەندی تری تێكەوت و پاتۆجێن یان نەخۆشخەر (Pathogen) لەگەڵ زاراوەی نیشانە (Symptom ) ، نیشانەكانی نەخۆشی، پێكەوە ئیشیان لەسەر ناساغی(Illness)، نەخۆشی (Disease) و پەتا بەجۆرێكی سێستەماتیكی پزیشكییانە كرد. مێژووكردانی پزیشكیش كە زانینێكی زۆرمان لەسەر دەركەوتنی نەخۆشیە نوێکانی پاش سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی پیشەسازی دەدەنێ هێما بۆئەوە دەكەن كە لە كۆتای سەدەی نوزدە بەولاوە فەلسەفە زۆرتر لە پزیشكییەوە نزیكبووەوە تا فیزیا و ئەمەش زەمینەی بۆ گەشەی فەلسەفەی پزیشكی و فەلسەفەی زیندەوەرناسی شیاوتركرد. پردی نێوان فەلسەفە و زانستیش لەمیانەی زیندەوەرناسی و كارئەندامزانییەوە(فسیۆلۆجی) بەجۆرێك كارابوو فەلسەفەی سەرگەرمی بیركردنەوەی تركرد.
سەرباری هەموو ئەوانەی وترا، لەگەڵ دەركەوتنی كۆرۆناڤایرۆس فەلسەفە و پزیشكی، دواتر بیركردنەوەی فەلسەفی و بیركردنەوەی پزیشكی، زۆرتر لەیەك نزیكبوونەوە. دیرۆكی پەیوەندییەكەشیان بۆ ئەو دەمانە دەگەڕێتەوە کە فەیلەسوف بە حەكیم ،دانا (Sophon) ، ناوزەدكراوە. ڤیتاگۆراس (Pythagoras) یش حەكیمە پزیشكەكە بووە. حەكیم ئەو كەسە بووە دانایی و زانینی لەسەر گشت هەبووە: خوا، ئێش، كەشوهەوا، ڕەوشت، گەردوون، نەخۆشی،دادپەروەری و…هتد. ئێستاشی لەگەڵ بێت یەكلانەبوەتەوە هێپۆكراتێس فەیلەسوف بووە یان”یەكەم دامەزرێنەری قووتابخانەی پزیشكی”لە یۆنانی كۆن! لەناو دە كولتوورە كۆنەكەی مرۆڤایەتیش””میزۆپۆتامیا، هیندۆس، میسری كۆن ،مایا ،چینیەكان، یۆنانی كۆن، فارس، ڕۆما، ئازتێك (Aztec) و ئینكان (Incan) پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی لێكتردانەبڕاوبوونە. جێیگومانیش نییە، ناوی فەیلەسوف و پزیشك لەگەڵ گەشەی شارستانی كاری جیایان گرتە ئەستۆ و دەركەوتنی تێكنەلۆژیای زانیاریش ئاقاری تری بەم پەیوەندییەدا و لەناو پزیشكیشدا”دوكتۆر”نازناوێكی تر و ئەركێكی تری بۆدیاریكرا، كە هەمان ئەركە كلاسیكەكەی نییە.
پارسەنگیەكەی ناو فەلسەفە، لەدیدی ژۆرژ كۆنگیلێمی (Georges Canguilhem) مامۆستای فوكۆ، بە نزیكبوونەوە لە زانستەكان ڕێكدەخرێتەوە كە ئەمە لایەنێكی تری ئەم باسەیە پێویستە لێرە تایبەت بە فەلسەفەی پزیشكی،یان پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی، باسبكرێت. زیندەوەرناسی نەك هەر زانستی هاوبەشی نێوان فەلسەفە و پزیشكییە، بەڵكو زانستی هاوبەشی نێوان فوكۆ و ئاگامبێنیشە. قەرزاری تێۆریی ئاگامبێن بۆ فوكۆ بۆ تێمای سیاسەتی ژیانی(Biopolitics )دەگەڕێتەوە كە بەبێگومانەوە بانكی مەعریفی فوكۆ لەم بارەیەوە پڕە لە یەدەگی هزری كە دواتر ئەو لایەنە لەسەر دەستی ئاگامبێن وەبەرهێنانی تری تێداكرا. پێش فوكۆش بەشێك لەو بیرمەندانەی مەیلیان بۆ تیۆری زانین(Epistemology) و فەلسەفەی زانست هەبووە لەڕێگای زیندەوەرناسییەوە پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكییان سازاندووە. لەم ڕوەوە كۆنگیلێم، كە مامۆستا تێزی دكتۆرانامەكەی فوكۆ بووە، چاترین نموونەیە و كارە ناسراوەكەشی لەسەر نەخۆشیناسی(پاتۆلۆجی)باشترین بەڵگەیە. لێرەوە دەشێت بوترێت، لە 70 ساڵی ڕابردوودا لەناو بیریارانی فەرەنسی مێژووی پزیشكی و مێژووی زیندەوەرناسی كە بەشێكن لە مێژووی زانست لەسەر دەستی كۆنگیلێم دەرگا لە فەلسەفاندنێكی زانستی دەكاتەوە. لەوێ پرسیاری فەلسەفی دەبێت بە پرسیاری پزیشكی و بایۆلۆژی، لێ وردەكاریەكانی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانستە سروشتییەكان و كێن ئەوانەی، لە ڕوویی مێژووییەوە، هزری ئەم پەیوەندییە پێكدێنن بۆ نووسینیترمان هەڵدەگرین.

فوكۆ: لەدایكبوونی هزری پزیشكی و كلینیك

ئەستێرەی هزریی فوكۆ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە درەوشانەوەدا بوو و پەتای كۆرۆناش گفتوگۆكانی فوكۆیان سەبارەت بە مەرگ، دركی پزیشكی، لەدایكبوونی كلینیك و نیشانەكانی نەخۆشی وروژاندەوە. ئەمە وادەكات بێژین، لەسەر دەستی فوكۆ پزیشكی و سیاسەت ،پزیشكی و فەلسەفە پێكەوە بابەتی بایۆپۆلیتیك و بایۆئێتیك، ڕەوشتیبایۆ (Bioethics) دەوروژێنن. ئەمەش لەبەرئەوەی مێژوو و سێستەمی هزر لەسەر دەستی فوكۆ لە شوێنێكی بەرتەسكدا نەوەستاوە و پەل بەرەو دیسیپلینەكانی تریش دەهاوێت و، پەیوەندی نێوان بایۆلۆجی و فەلسەفە، نێوان پزیشكی و فەلسەفە تادەگاتە فەلسەفە و مێژووی زانستیش لێكدەئاڵێنێت. هەر لەوێندەرێش نەخۆشی و پزیشكی، ساغ و ناساغ (نۆرمال و نانۆرمال)لە چوارچێوەی مێژووی هزر ڕاڤەدەكرێن و دیدێكی فوكۆیانە بۆ واتای ساغ و ناساغ هاوكات بۆ نەخۆشیناسی سەرهەڵدەدەن. فوكۆ لە ڕێگای ناسنامەی نەخۆشییەوە توێژینەوەی فەلسەفی و زانستی پزیشكی پێكەوەگرێدەداتەوە و لەدایكبوونی كلینیكیش دەكاتە بناغە بۆ هەڵكۆڵین(ئاركیۆلۆجیای) لە دركی پزیشكی كە ئەوەش هەوڵێكە بۆ چوونە نێو بابەتە پزیشكیەكان (درم، جەستە، بیماری، ئێش و…). سەرباریئەوە، خستنەڕوو و پێشاندانی نەبینراو لە بواری پزیشكی هەوڵێكی تری فوكۆیانەیە بۆ وەستان لەسەر ژیانی ناوەوەی ئەم بوارە و ئاشكراكردنی پەیوەندیشی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، چونكە بینراو/نەبینراو لە پزیشكی سنوری تەندروست/ناتەندروست، نۆرمال/نانۆرمالیش ئاشكرادەكات. بەمجۆرە ئەو دەمەی مرۆڤی ناساغ دەبێتە بابەتی بواری توێكاری پزیشكی ئەم پرسیارەمان لادروستدەبێت: چی لەو جەستە بیمارەدا دەگوزەرێت كە توێكاری تیادەكرێت؟
بۆ فوكۆ دەركەوتنی كلینیك فۆڕمێكە لە زانین و جۆرە كاركردنێكی فوكۆیانەشە لەسەر(نەخۆشی و مەرگ). ئەمەش داوادەكات شوێنی نەخۆش لە كۆمەڵگە و بابەتی مەرگ وەك باسێك لە خراپە بخرێتەبەرباس. فوكۆ لە ئامادەبوونی مەرگ لەناو هزری پزیشكی بەو ڕاستییە دەگات كە پزیشكی”زانستی تاك”ە. واتە پزیشكی ئەو زانستەیە شیكاری لەسەر خودی تاك دەكات. سەرەڕای ئەمانە، فوكۆ ئاماژە بە گرنگی پزیشكی لە دامەزراندنی زانستە مرۆییەکانیش دەدات. لەمحاڵەتەدا پزیشكی وەك زانستێكی پۆزەتیڤ دەخرێتەڕوو كە گرنگی نەك هەر مێتۆدۆلۆجی بگرە ئۆنتۆلۆجیشی هەیە. واتە، بۆ فوكۆ پزیشكی وەك زانست كاریگەری لەسەر گشت تەلارسازی زانستە مرۆییەكان هەیە و نزیكترین زانستیشە لە ئەنترۆپۆلۆجییەوە(مرۆڤناسییەوە). لەسەر قسەی فوكۆ كەسانێكی وەك(فرۆید، جاكسۆن و بیشا Bichat ) لەناو كولتووری ئەوروپایی تەنیا فەیلەسوف نەبوونە بگرە پزیشكیش بوونە. ئەم كولتوورەش کە هزری پزیشكی بە كردەی فەلسەفییەوە گرێداوە دیدگای دانسقەی لێبەرهەمهێناوە.
لە ڕێگای شیكردنەوە نەخۆشیناسییەكانی فوكۆوە لەوە حاڵیدەبین، درم بە حاڵەتێك و دوان و سیان دروستنابێت. نەك هەر ئەوە بگرە فوكۆ سەبارەت بە دروستبوونی درم باس لە ئاگایی مێژوویی و جوگرافیش دەكات. واتە ژینگە و ئاو و هەوای شوێنەکان كاریگەری خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درم دادەنێن. درمەكان بە هەمان نیشانە(سیمتۆم)لە كەسەكانا دەرناكەون. تەمەن،ڕەگەز، توانای بەرگری جەستەكان هەموو ئەمانە كاردانەوەی خۆیان لەسەر ئیشكردنی درمەكان لەسەر جەستەی مرۆڤەكان هەیە. نەك هەر ئەوانە ،بەڵكو گەرما، سەرما، شێداری، وشكیش كاردانەوەی خۆیان لەسەر بڵاوبوونەوەی درمەكان هەبووە. سەرەڕای ئەمانە فوكۆ مێژووی درم وەك بەشێك لەو گفتوگۆیانە دەخاتەڕوو كە تایبەت بە هزری پزیشكی كاریتیاكردون. ئەمە وادەكات پزیشكی لە دیدی ئەم بیرمەندە بێ لایەن نەبێت و لەناو ستاتۆس(كیان)ێكی سیاسییانەشدا جێیبكاتەوە و ئەو ئاگاییە پزیشكیەش كە لەدوای سەدەی نۆزدەوە دروستبوو واوێنابكات كە شوێنێكی تری بۆ پزیشكی ڕەخساند. ئەم شێوە ڕاڤەكردنە بەو مانایەش دێت، ناوی دەوڵەت بە نەخۆشیناسی درمەوە بلكێت، دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی درمیش ڕەهەندی سیاسی و ئابووری لێبكەوێتەوە. بۆیە درمناسی دەچێتە خانەی گرنگیپێدانی دەوڵەتیەوە. لێرەوە دەوڵەت كار لەسەر بڵاوكردنەوەی ئاگای سەبارەت بە درم دەكات، ئەڵبەتە ئەمەش لەڕێگای دامەزراوەی پزیشكییەوە مەیسەردەكرێت. گشت ئەوەی وتراش سەرچاوە لە توێژینەوەی””لەدایكبوونی كلینیك””ی فوكۆوە وەردەگرێت كە لەخۆیدا وەرچەرخاندنێكە لە تێخوێندنەوەی ئەزموونی پزیشكی ڕۆژئاوا لە پەیوەندی بە نەشونمای زانستە مرۆییەكان و پەیوەندی ئەم زانستانەش بە زیندەوەرناسییەوە. دیاریكردنی شوێنی پزیشكی لە كۆمەڵگەی مۆدێرن داوای ئەمجۆرە تێخوێندنەوەیە دەكات. بۆیە فوكۆ بەوردی پۆلینكاری نەخۆشی دەكات و ئێدیۆلۆژیای سیاسی دەوڵەتیش لە خودی سیاسەتی پزیشكی دانابڕێت. نەخۆشیش لەهەر بەرگێكدا بێت جۆری نەخۆشیەكە سروشتی نەخۆشیەكە دەستنیشاندەكات. جەستە كە دەبێتە موڵكی دامەزراوەی پزیشكی هەر لەوێ دێتەناساندن. بەمە نەخۆشخانە سەرهەڵدەدات، نەخۆشخانە ئەو شوێنەیە ناسنامەی جەستەی تیادیاریدەكرێت. واتە، جەستە لە موڵكی تاكەوە دەبێتە موڵكی دەوڵەت، موڵكی دامەزراوەی تەندروستی یان نەخۆشخانە.
گەر تەماشای دۆزی پزیشكی لە كاتی پەتای كۆرۆنا بكەین دەبینین كە شێوەی جووڵەی سێ كوچكەی(پزیشكی. زیندەوەرناسی و كارئەندامزانی) هاوشانییەكبوون، لێ ئەوەی بۆ فەلسەفە مەبەست بوو ئەوەنەبوو، بەڵكو ئەوەبوو كە سێكوچكەی(نەخۆش، نەخۆشی و نەخۆشخەر) نەبنە قوربانی پزیشكیەكی بەسیاسیكراو. بەگشتی بۆ فەیلەسوفان هزری پزیشكی بابەتی تێهزرینە نەك خودی پزیشكی. واتە، پزیشكی وەك هزر نەك وەك زانستێكی ئەبستراكت. بەها و پێوانەكانیش لە پزیشكیدا و پەیوەندی پزیشكی بە زانستی ڕەوشت و بە ڕەوشتی پزیشكییەوە هاوكێشە ناسادەكەی كاتی كۆرۆنا بوو. بۆیە كلینیك شوێنی بایەخپێدانە بە نەخۆش دواتر بە نەخۆشیەكە و ئەوەش كە نەخۆشخەرە. بەپێی بنەماكانی ڕەوشتی پزیشكییش بێت ئەوەی کە گرنگە پزیشك بایەخ بە خودی نەخۆش بدات پێش بایەخدان بە نەخۆشییەكە، لێ سێستەمی سەرمایەداری تەندروستی بەها ڕەوشتییەکانی پزیشكیی كوشتوە.
مرۆڤی نوێ چ سودێك لە پزیشكی وەردەگرێت؟ پزیشكی هۆكار نییە بۆ دوركەوتنەوەی مرۆڤ لە خورافیات؟ یاخود پزیشكی بووە بە زەبرێكی زانستی؟ لای خوارەوە دێینەسەر تێگەیشتنی ئاگامبێن سەبارەت بە پزیشكی كە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆناڤایرۆس گفتوگۆیكرد.

ئاگامبێن: پزیشكی وەك ئاین و مانای ئاسایشی ژیانی(Biosecurity)

ئاگامبێن ،لەسەر ڕەوتی فەلسەفیی فوكۆ، تێۆری بایۆپۆلیتیك لە كولتووری نوێی ڕۆژئاوا بەرباسدەخات و لە گەرمەی گفتوگۆی پەتای كۆرۆناشدا هەندێك نووسینی بڵاوكردەوە كە لێرە ئەوەیان بەسەردەكەینەوە كە لەگەڵ تێگەیشتنی فوكۆ بۆ هزری پزیشكی هاوشانە لە شارستانی هاوچەرخی ڕۆژئاوا. ئاگامبێن پێیوایە پزیشكی، ئەم زانستە، بووەتە ئاینی سەردەمەكەمان، لە ڕۆژئاوای مۆدێرنیشدا هەمیشە “سێ سێستەمی باوەڕ” ژیانیان پێكەوەبەسەربردووە: مەسیحیای، سەرمایەداری(پارەپەرستی) و زانستەكان. لە مێژووی مۆدێرن ئەم سێ ئاینە لەلایەك لە پێكدادان و دابڕاندا بوونە لەتەكیەكدا و لەلایەكیترپێكەوە ژیاون و كارلێكیان لەسەر یەكتر داناوە و تاگەیوەتە ئەو ڕادەیەی كە ئێستا پێكەوە بایەخی هاوبەش كۆیاندەكاتەوە. بۆ ئاگامبێن ڕاستییە تازەكە ئەوەیە كە لەنێوان زانست و ئەم دوو ئاینەی تر (مەسیحیای، سەرمایەداری) ململانێیەك هەبووە كە دواتر بە قازانجی زانست گەراوەتەوە. ململانێكە پەیوەندی بە تێۆری و بە پرینسیپەكانەوە نەبووە، بەڵكو بە پراكسیسی كولتوورییەوە هەبووە. شتێكی سەیریش نییە قارەمانی ئەم جەنگە ئاینیە نوێیە ئەو بەشەیە لە زانست كە پێیدەوترێت پزیشكی و ئامانجی راستەوخۆشی جەستەی زیندووی مرۆڤە. بۆ ئەو مەبەستە ئاگامبێن خەسڵەتەكانی پزیشكی دیاریدەكات كە لە سەردەمی ئێستادا خۆی وەك ئاین نمایشدەكات. یەكەم خەسڵەتیشی ئەوەیە كە پزیشكی وەك سەرمایەداری دۆگمای تایبەتی پێویست نییە، چونكە واتا سەرەكییەكانی لە بایۆلۆجییەوە وەردەگرێت. بەپێچەوانەی بایۆلۆجییەوە، پزیشكی ئەو واتایانە لە تێگەیشتنێكی عیرفانی-لاهوتی دا دادەڕێژێت كە جەمسەرێكی فرەناكۆكی دژەگەرایان تیایە. ئاگامبێن پێشیوایە لاهوتییەكان كە دەبێت ستراتیژی داكۆكیان بگۆڕن نوێنەری ڤایرۆسناسی(Virology) و زانستن و شوێنیشیان لەسەر سنوری نێوان بایۆلۆجی و پزیشكی دایە. ڕاهیبەكان كە پێشتر نوێژی بەردەوامی خۆیان دەكرد ئەمرۆ لەژێر فشاری پزیشكی، كە رۆڵی ئاین دەبینێت، دیستانس دەخەنە نێوان خۆیانەوە. عیبادەتیش بۆلەمەولا نە ئازادە و نەش بێ بەرامبەرە. عیبادەت بەو سزایانە سنورداركراوە لەسەر سێستەمی رۆحی سەپێنراون، لێ لە كات و شوێنی دیاریكراویشدا پێڕەودكرێت. كارلێكی نێوان ئاین و دەسەڵاتی سێكولار شتێكی نوێ نییە. نوێبوونەكە تەنیا لەو ڕاستیەدایە كە ئەوەی گرنگە دۆگم(عەقیدە)نییە، بەڵكو خودی جۆری عیبادەتەكەیە. ئەو جۆرە عیبادەتە ئاینییەی لە ئێستادا هەیە پزیشكییە. هەر دەسەڵاتی سێكولاریشە بەئاینیبوونەكەی پزیشكی دێنێتەسازان. بێگومان ئەم عیبادەتە ئاینییە تازەیەش، بەناوی زانستەوە، هۆكاری گشت دوركەوتنەوەكانمانە لەیەكتر، دەستبەرداربوونەكانمان لە: جوڵە، كار، خۆشەویستی، هاوڕێیەتی،پەیوەندی كۆمەڵایەتی، باوەڕە ئاینی و سیاسییەكانمانیش. بەپێی تێگەیشتنی ئاگامبێن بێت پزیشكی نەك شوێنی عیبادەتی گرتەوە، بەڵكو فشاریشە لەسەر ئاین و دەشخوازێت شوێنە ئاینیەكان(وەك ڤاتیكان)گوێڕایەڵی پزیشكی بین. بۆئەوەی پزیشكی مومارەسەی ئاینگەرایی خۆی بكات پێویستی بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سێكولارە تا ئاینی زانستخوازی كاریخۆیبكات.
ئاگامبێن سەرسامی خۆی بۆ ئەوە نیشاندەدات كە چۆن دوو ئاینەكەی تر ، ئاینی پارە و ئاینی مەسیحی، شوێنی خۆیان بە پزیشكی (و زانستەكان) بەبێ شەڕ بەخشی. ئاگامبێن وتەنی ئەی ئەوە سەرسامكەر نییە كە پاپا دەستبەرداری یەكێك لە كارە پیرۆزەكانی خۆی بووە كە ئەوەش سەردانی نەخۆشەكانە! یان سەرمایەداری لێگەڕا بەو هەموو زیانە قایلبێت كە لە بەرهەمهێنان لێیكەوت بەرامبەر بە كۆكبوونی لەگەڵ ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا (ئاینی پزیشكی)! بەپێی ئەم سەیركردنە ئاگامبێنیانە بێت ئاین و سەرمایەداری (یان كڵێسا و كارگە)بوونە نۆكەری ئاینە نوێكەی ڕۆژئاوا ( واتە پزیشكی). ئاینی پزیشكی توانی مەسیحیەت لە دیدی كۆتای جیهان(ئێسكاتۆلۆجی)یش دابڕێت. سەرمایەداری كە مۆدێلی لاهوتی دەربازبوون(Salvation)ی سێكولاركرد ئایدیای كۆتای كاتیشی لەناوبرد و بە قەیرانێكی بەردەوامیشی گۆڕی كە بێ كۆتایە. بەبۆچوونی ئاگامبێن قەیران، لە ڕیشەدا، واتایەكی پزیشكییە كە لەگەڵ هیپۆكراتێس (دۆزەرەوەی پزیشكی لە یۆنانی كۆن )دەستپێدەكات. بەمشێوەیە، ئەوە پزیشكە بڕیار لەسەر مانەوە و نەمانەوەی نەخۆش دەدات. بەپێی ئاگامبێن، گەر مرۆڤ سەرنجی ئەم دۆخە ئاوارتەیە بدات كە لە ئێستادا تیایدەژین دەبینێت ئاینی پزیشكی چ قەیرانی هەمیشەیی سەرمایەداری و چ ئایدیای مەسیحی بۆ كۆتای جیهان لەیەك سەبەتەدا كۆكردەوە. ئەم ئاینە جیهانییە كە پەلە لە”ئایدیای كۆتای جیهان”دەكات توانای ئەوەی نییە لەسەر شێوازی پزیشكی هیپۆكراتێسیانە بڕیار لەسەر مەرگ و مانەوە بدات. سەرمایەداری ،بەپێچەوانەی مەسیحیەتەوە، نە دەربازبوون و نە قووربانی بۆ ئاینی پزیشكی شیاودەكات. ئەو شیفایەی ئەم ئاینە تازەیە بەدوایدا دەگەڕێت كاتییە و ناشتوانێت ئەم خواوەندی بەدییەی ئێستا كارایە، واتە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ هەمیشە لەناوبەرێت(واتە پزیشكی توانای لەناوبردنی هەتاهەتای ڤایرۆسی نییە). هۆیەكە تەنیا ئەوەشە كە ئەم ڤایرۆسە بەردەوام دەگۆڕێت و فۆڕمی جیاش وەردەگرێت. دواتر ئاگامبێن لە نووسینەكەی دێتەسەر ئەوەی كە درم(ئێپیدێمی)هەروەك بە ڕیشەی زاراوەكەشدا دیارە(دێمۆس -لە زمانی یۆنانی واتە خەڵك وەك جەستەی سیاسی- لە هۆمێرۆس، ئێپیدێمیپۆلیمۆس- لە هۆمیرۆس- بە مانای شەڕیناوخۆ دێت)پێش هەموو شتێك بە واتای سیاسی دێت كە هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە بناغەیەكی نوێ بۆ سیاسەتی جیهان. كەوابێت، لەسەر بناغەی وتنەكانی ئاگامبێن، دەشێت ئەم درمەی هەنووكە دەیژێین بەرجەستەكردنی شەڕێكی ناوخۆی جیهانی بێت، كە بە بۆچوونی زۆرێك توێژەرەوەی سیاسی شەڕ لەگەڵ ڤایرۆس جێگرەوەی شەڕە جیهانییە نەریتییەكانە. بەواتایەکیتر، زۆربەی وڵاتان لە ئێستادا لەتەك خۆیانا لە شەڕدان. ئەو دوژمنەی شەڕەكەی لەتەكدا دەكەن والەناویانا (ڤایرۆسی كۆرۆنا دوژمنە نادیارەكەیە كە والەناومانا ئاگامبێن وتەنی). ئاگامبێن پێیوایە فەیلەسوفەكان چەندین جار لە مێژوو لەتەك ئاین، تەنانەت لەتەك زانستیش، یان ئەو بەشەی كە فۆڕمی ئاینی وەرگرتووە لە ململانێدابوونە. باشە بۆ؟ بەپێی تێگەیشتنی ئەم بیرمەندە ئیتالییە فەلسەفە ئیشی ئەوەیە بە دوای ڕاستیدا بگەڕێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئێمەش دەڵێین گەڕان بەدوای ڕاستی كارە كۆنەكەی فەیلەسوفە و قسەكردنیش لە سروشتی ڤایرۆس و بەكارهێنانی سیاسییانەی درم و پەتاكان بەشێكە لە هەڵوێستی ڕەخنەگرانەی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی نا-ڕاستی لەناو سیاسەتی تەندروستیدا. لێكئاڵانی فەلسەفە و پزیشكیش سەرچاوە لە گەڕانی فەلسەفە بەدوای ڕاستی و لە گەڕانی پزیشكی بەدوای تەندروستیەوە هەڵدەگرێت.
هەروەك پێشتریش وتمان، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا ڕەوشی تەندروستی بووە بابەتی مشتومڕ و پزیشكیش وەك زانستێكی موقەدەس خۆی نمایشكرد. ئەمەش وایكرد پاراستنی ئاسایشی گشتی لە گوزارەی ئاسایشی تەندروستیدا خۆی چڕبكاتەوە. لەو بارەیەوە ئاگامبێن دێتەسەر ئاسایشی ژیانی(Biosecurity) و سیاسەت و ڕەخنەی توانای كۆلێكتیڤی(دەستەجەمعی) خەڵكیش دەكات لە تێگەیشتنی ئەو بارە ئاوارتەیەی لە دەرەوەی ئەو كۆنتێكستە(سیاقە) راستەوخۆیە دروستبوو كە كاری تیادەكات. بەدڵنیاییەوە كەمیشن ئەوانەی لێكدانەوەیەكی سیاسییانەی ووردبین بۆ ئەم بارە دەكەن. ئاگامبێن بە پشتبەستن بە هەندێك بۆچوونی پاتریك زیلبێرمان Patrick Zylberman لە پەرتووكی””ڕەشەبای میكرۆبانە”” گوزارە لەو بۆچوونەی ناوبراو دەكات كە چەند ساڵێك بەر لەئێستا پێیوابووە ئاسایشی تەندروستی لە پەراوێزی حیساباتی سیاسیدایە كە دواتر بووە ستراتیژێكی سیاسی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی گرنگ. ئەمەش دروستكردنی تێرۆرێكی تەندروستییە وەك ئامرازێك بۆ ئامادەكردنی سێناریۆیەكی خراپ. ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش لە 2005 پێشبینی ئەوەیكرد كە 150 میلیۆنێك بەهۆی ئینفلاوانزای باڵندەوە بەڕێگاوەن بمرن. ئەو دەمە ئەم ڕێكخراوە پێشنیاری جۆرە ستراتیژێكی سیاسی كرد كە حكومەتەكان پەسەندیان نەكرد. زیلبێرمان، ئاگامبێن وتەنی، پێیوایە ئەم پێشنیارە گەلێك لایەن لەخۆ دەگرێت وەك: بونیادنانی سێناریۆیەكی وڕێناوی لەسەر بناغەی مەترسی پێشبینیكراو (ئەگەری مەترسی بەڕێوەبوون). لەم دۆخەشدا داتاكان بەجۆرێك دەخرێنەڕوو كە كارگێڕی دۆخە خراپەكەی پێبكرێت(دوور نییە داتای وڕێناوی بێنەئاراوە). هەر ئەم سێناریۆ خراپەش دەكرێتە بناغە بۆ ڕژێمێكی عەقلانی سیاسی (دەسەڵاتی سیاسی سودمەند دەبێتلێی). ئەڵبەتە ئەم لایەنەش پێویستی بەوەیە جەستەی هاوڵاتیان بەجۆرێك ڕێكبخرێت كە متمانە بۆ دامەزراوەكانی دەسەڵات بگەڕێنێتەوە و جۆرێك لە هاوڵاتیەتی باڵاش بخوڵقێنێت، لێرەوە ئیدی هاوڵاتی مافی تەندروستی، سەلامەتی تەندروستی، نابێت کەچی لەڕووی یاساییەوە مەجبووریشە تەندروستبێت (ئاسایشی بایۆلۆجی). ئاگامبێن وایدەبینێت، ئەوەی پاتریك زیلبێرمان لە 2013 باسیلێوەكردووە ئێستا هاتوەتەدی. سەرباری ئەو ڕەوشی ئاوارتەیەی(دۆخی ڕیزپەڕەی) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی دیاریكراوەوە دروستبوو ڕێیتێدەچێت لە ئایندە زەمینە بۆ ڤایرۆسی تریش خۆشبێت. ئەمە قسەكردنە لە نەشونمای جۆرە مۆدێلێكی حكومەت كە لە ئایندە دەردەكەوێت و كارایی گشت ئەو حكومەتانەش تێدەپەڕێنێت مێژووی سیاسی ڕۆژئاوا پێیئاشنابووە. لەم بارودۆخە داڕماوە ئێدیۆلۆژی و سیاسییەی ئێستا گەر هۆكارەكانی ئاسایشپارێزی ڕێگاخۆشكەر بووبێتن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دەستبەرداری ماف و ئازادیەكانیان بن، كە پێشتر ئەوەیان نەكردووە، ئەوا ئاسایشی بایۆلۆجی توانی كۆكبوونێك لەو بارەیەوە ڕێكبخات كە هاوڵاتیان واز لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیان بهێنن. ئاگامبێن ڕەخنەی سەندیكاكانیش دەكات كە لەبەر چەند بڕیارێكی وەزاری دەستبەرداری گشت چالاكیەكانیان بوون و، ئەوەش دەڵێت کە ئەوەی ئەم حكومەتە ئیتالییە لەگەڵ خەڵكدا كردی فاشیەكانیش ئەوەیان نەكردووە. ترسی ئاگامبێن لەم ڕووەوە ئەوەیە كە نەبا دەسەڵات لە ئایندە بە هاوڵاتیان فێربێت ئەم دیستانسە كۆمەڵایەتییە پەرەپێبدات و لەسەر قەدەغەی هاتووچۆش ڕایانبهێنێت و ئەم جۆرە ژیانەش بكاتە مۆدێلێكی سیاسی كە زوو زوو دوبارەکرێتەوە.

ئازاد حەمە

————————————————————-

ژێردەر: جگەلە نووسینی(نۆرماڵ و پاتۆلۆجی)كۆنگیلێم نووسینە ناسراوەكەی فوكۆش(لەدایكبوونی كلینیك) لەم بەشە كەڵكی لێوەرگیراوە. سەروتارەكەی ئاگامبێن (پزیشكی وەك ئاین)لە 02/05/2020 لە ماڵپەڕی ئیتالی (quodlibet.it)بڵاوكراوەتەوە و دواتر دەقە ڕوسییەكەی لە https://centerforpoliticsanalysis.ru/position/read/id/meditsina-kak-religija بڵاوكراوەتەوە. نووسینی (ئاسایشی ژیانی و سیاسەت)یش لە 11/05/2020 لە هەمان ماڵپەڕی ئیتالی بڵاوبۆتەوە و دەقە روسیەكەشی لە
(https://politcom.org.ua/biobezopasnost-i-politika) بڵاوكراوەتەوە.

————————————————-

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن…….

Previous
Next